داستانی حەوتڕەنگیلەکانی کورد


برایم فەرشی


جاری جاران بە ژمارە کەم و گای ناوچاوان سپی بوون و دەناسرانەوە و تەریک دەخرانەوە. ئێستا لە هەر شوێن و هەموو شوێن دەبیندرێن و لەوانی دی جیاناکرێنەوە. چەپتر لە هەموو چەپێ، کوردتر لە هەر کوردێک، خۆ دەنوێنن، ڕادیکاڵتر لە هەر شۆڕشگێڕێک پلار لە حکوومەت دەگرن، لە ناو مێدیا، لە ناو کۆڕ و کۆمەڵ و دام و دەزگا، بە ناوی بێلایەن، خۆیان ڕادەوەشێنن. لە ناو حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن لە دەر و ژوور، لێرەو لەوێ دەبن بە لێدر، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، شاعیر، پسپۆڕ، سیاسەتمەدار، نوخبە، هۆنەرمەند و ئاکادمیسێن. ڕێک لە تەنیشت تۆ و من و کەسانی دی دادەنیشن، خەبات دەکەن و توندو تیژ و بە گوڕ و تین، خۆ دەردەخەن. گەر تۆ ترست هەبێ، ئەوان بێ ترس “سخن گویند و داد زنند” و ” گلو پارە کنند”، هەتا تۆ بیانکەی بە ڕابەر و پێشڕەوی خۆت!

داستانی حەوت ڕەنگیلەکانی کورد، درێژەی حەکایەتی پێشڕەوانی حەفتا ڕەنگی خۆرئاوایە. پاش کۆتایی شەڕی دووهەم گەلێک لە نووسەران و شاعیران، بلیمەتەکانی ئەدەب و هونەر و بیرو هزر بە تایبەت لە ئاڵمان و فەڕانسە و نمازە دوو شاری کۆڵن و پاریس دەنگی بڵیندی دێمۆکراسی و ئازادی بوون و بونیادێکی ناحکوومەتی ئامریکا، کە درووشمی دێمۆکراسی و ئازادی بەرز کردبووە، یارمەتی ڕۆشنبیرانی ئووروپا و دوو ناوەندی سەرەکی لە دوو شارەی دەدا. هاوکات ئەمریکایەکان یەکێک لە لقەکانی سازمان ئەمنیەتی گشتاپۆیان ڕاگرت کە کاری سەرەکیان نەمامی و جاسووسی لە بلۆکی ڕۆژهەڵاتی ئورووپا بە تایبەت سۆڤیەت بوو. ئەم لقە دوای هەڵەوەشانەوەی دەزگای ئەمنیەتی نازییەکان، هەر بۆ ئەو مەبەستە پارێزرا.

ئەوانەی پارەیان لەو بونیادەی ئامریکا وەردەگرت، مافی دژایەتی کردنی ئامریکایان لە گوتن و نووسین و دەربڕیندا هەبوو، دواتر دەرکەوت ئەو بونیادە تەنیا لە سەر کاغەز بوونی هەیە و دەزگای ئەمنیەتی ئامریکا بوودجەکەی دابین دەکا. ئەوە سەرشۆڕی زۆری بۆ کۆمەڵێک لە باشترین نووسەران و پێشڕەوان و بیرمەندانی ئەو دوو وڵاتەی ئووروپا بە دیاری هێنا، کە خۆیان ئاگاداری ئەو فێڵە نەبوون.

ئەم چیرۆکە ڕێک دام و دەزگای هاوشێوەی ڕووسەکانیش دەگرێتەوە کە لە ژێر ناوی حزبی چەپ و کۆمۆنیست و ناوەندی فەرهەنگی هەمان کاریان دەکرد. حەکایەتی زۆرینەی جەریانە ئیسلامییە تووندڕەوەکانی ئافریقا و ئاسیا و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە سەت ساڵی ڕابووردوو و ئێستا لە هەمان چەشنە.

چیرۆکی سەفەری قەیسەری ئاڵمان بۆ سەر گۆڕی سەلاحەددینی ئەیوبی و داستانی موسڵمانبوونی و ڕاگەیاندنی جیهادی ئیسلامی دژی ڕووس و ئینگلیس و فەڕانسە لە لایەن سوڵتانی عوسمانی لە سەروبەندی شەڕی یەکەمی جیهانی، هەمان سیاسەت و ڕێگا و فێڵ بوو. مەلاکانی شیعە و شێخەکانی سوونی هەر لەو دەمەوە کلکیان گرێدراوی ئەم دەزگا و ئەو دەزگای ڕۆژئاوا بووە، ئەوە لە گەلێک بەڵگەنامەی نووسراوی ئاشکراو و نهێنییدا بەرچاو دەکەوێ.

هەر چوار حکوومەتی تورک و عەڕەب و پارس بە سەتان و هەزاران مێشک و سەر و دەست و چاو و گوێ و قاچی کوردیان هەیە کە بە نڕخی جیاواز دەیانكڕن و کڕیویانن. ئەوانە بەرگی جیاواز و پۆست و بەرپرسیاریی جیاوازیان هەیە و ڕێک لە من و لە تۆ دەچن و هێندە نزیکن کە ڕەنگە یەک نۆنوبانمان هەبێ و دەیان ساڵ تێپەڕێ و هیچمان نەزانیین، ئەوی تەنیشتمان کێ بووە. بۆ ئەوەش گەلێک نموونەی جیهانی و ناوچەیی و خۆماڵی هەیە.

هەتا ئەم ماڵەی ئێمە کە ماڵی کوردە، هەتا ئەو دەزگایەی ئێمە کە دەزگای کوردە، هەتا ئەو حزبەی ئێمە کە حزبی کوردە، هەتا ئەو شوێنەی ئێمە، کە شوێنی کوردە، هەتا ئەو نیشتمانەی ئێمە کە نیشتمانی کوردە، پڕ لە ئەسپی ترۆوا و حەوڕەنگیلەکان بێ، کورد لە بازنەی کۆیلەتی، کە لە مێشکییەوە دەست پێدەکات، ڕزگاری نابێ.

برایم فەڕشی
مانگی گوڵان

+ posts