موسلم ئەحمەدی
ئەو دیمەنانەی ئەم دواییە لە تاران بینیومە بیری ئەو وتەیەی خومەینیم دەخاتەوە کە وتبووی “شەڕ بۆ ئێمە نیعمەتە”. لایەنگرانی جمهووریی ئیسلامی پێچەوانەی ئەوەی ڕەنگە زۆرێک بیر بکەنەوە لە هەمیشە خۆشحاڵترن. ڕاستە ڕێبەرەکەیان و زۆرێ سەرکردەیان کوژراوە بەڵام ئەمە تەنیا فەرهەنگی شەهیدپەروەرییانی تۆختر کردۆتەوە و دیارە شیعە وەک ئیدئۆلۆژییەکی تێکەڵ پێکەڵ لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی و دین بە خوێنی ئەو کوژراوانە زۆرتر گەشەی سەندووە. تابلۆ و پۆستێر و وێنە و نووسراوە سەبارەت بە “ئێرانی باستان” و ئیمامانی شیعە شەقامەکانیان تەنیوە. لە هەموو شوێنێک ئاڵای ئێران دەبینی، لەسەر بیناکان، بە دەستی خەڵکەوە، بەسەر ماشێن و مۆتۆرەوە. لەپەنای شەقامەکاندا ئاڵای ئێران و سوپا و وێنەی کوژراوەکان دەفرۆشن. لەبەر دەروازەی زانکۆی تاراندا فەرشیان ڕاخستووە و بەجەماعەت نوێژ دەکەن. سەدان خێوەت و مەوکەبیان داناوە و چێشت لێ دەنێن و تەنانەت نان دەکەن. بە چەک و ڕەخت و تیر بار و ماشێنی شەڕ لەسەر شەقامەکانن. لە هەموو سووچ و قوژبنێکەوە دەنگی دروشم و نەوحە و هۆتافکێشان و سروودیان دێ. ئەوانەی پێش ئەم شەڕە لە ڕوویان نەدەهات بڵێن سەر بە حکوومەتن ئێستا بەئاشکرا هەموو هێمایەکی دەوڵەتییان لەخۆیان هەڵواسیوە و بە شەقامەکانا ئەگەڕێن. پێم وا ڕەنگە زۆربەیان نیگەران بوون بە هێرشی ئەمریکا و کوژرانی خامنەیی دەوڵەت و دەسەڵات بڕووخێ و نەڕووخانی شاگەشکەیانی کردووە. ئەوەی نەیانیکوشتووە بەهێزتریانی کردووە.
ئەوانەی سەر بە جمهووریی ئیسلامی نەبوون و نین دەنگ و ڕەنگیان نەماوە و مەگەر لەبەر خۆیانەوە هەر پرتەوبۆڵەیان بێ. ئیتر باسی گرانی و گەندەڵی و نەبوونی ئازادی و هەموو کێشە و گرفتەکانی تر کەوتوونەتە پەراوێزەوە. ئەو سیمایەی من لە تاران دەیبینم زۆرتر لە هەمیشە بیری شیعرەکەی شێرکۆ بێکەسم دەخاتەوە:
“تاران بەدەم کەسەوە پێ ناکەنێ بەدەم مەرگەوە نەبێ
ئەو خۆشیی لە هیچ نابینێ، لە مەرگ نەبێ
ژنی ئەو، کوڕی ئەو، کچی ئەو
هەموویان ناویان هەر مەرگە و
ئەوەی لەوێ لەدایک نابێ ژیانە”
چەپی ئێرانی، چ ئەوەی پێی دەڵێن میحوەر مقاومەتی و چ ئەوانەی تریان، بەناوی دژایەتیی ئەمپریالیزم، هەمیشە خزیونەتە پشت ئایدیای نەتەوەی ئێرانی و دژایەتیی ئەمپریالیزم ڕەوایی بە ناسیۆنالیزمەکەیان بەخشیوە. بینیم هەر لەو ڕۆژانی سەرەتاییی شەڕەکەدا بە دانی مافی بەرگریی ڕەوا بە جمهووری ئیسلامی ڕەواییشیان بە حکوومەت دا چ بگا بە نەتەوە و کۆی پێکهاتەی دەوڵەت نەتەوەکە.
بۆیەش پێم وا دۆخی ڕۆژهەڵات هیچ باشتر نەبووە خراپتریش بووە. ئەم دەرکەوتنانەی دواییی سیاسییەکان و حیزبییەکان کە هەواڵەکانیان تاک و تەرا پێمان گەیشتووە زۆر هیوابەخش نین. هەڵبەت وەک خۆم چاوەڕوانیی زۆریشم نەبووە. کاتێک تۆ هیچ نەکەی و پرۆژەت نەبێ و چاوەڕوانی دەستی دەرەکی و مەرحەمەتی ئۆپۆزیسیۆنی فارس بی لەوە باشتریشت بەنسیب نابێ. کاتێک تۆ خۆت لەدژایەتیی جمهووریی ئیسلامیدا پێناسە بکەی و نەک کۆی ئەو دەوڵەت نەتەوە و ئەو بنەماگەلەی لەسەری دامەزراوە دەبیە ڕەفیقە گچکەی شەهریاری ئاهی.
لێ هێشتا زیندووین و وا دیارە ئەوەش خۆی زۆرە!
- چه کسی جاده خواهد ساخت؟ - 04/15/2026
- محاصره دریایی و قبرستان جادەای اتومبیل در ایران - 04/15/2026
- گەمارۆی دەریایی و گۆڕستانی جادەیی ئۆتۆمبێل لە ئێران - 04/15/2026
