بەیت لە ئەدەبی فولکلۆری کوردی دا

نووسەر د. حسێن مکائیلی

وەرگێڕانی سپێدە ساڵحی

“پوختە”

لە نێو وتەزا جۆراوجۆرەکانی ئەدەبی فولکلۆری کوردیدا؛ بەیت جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە و سەرنجی زۆری ڕۆژهەڵاتناس و لێکۆڵەرەکانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە. بەیت، مەنزوومەیەکی( پەخشانە شیعر) گێڕانەوەییە بە ناوەرۆکێکی حەماسەیی و لیریکه‌وه‌ کە گێڕانەوە تێیدا لە چاوه‌ی نموونەکانی هاوشێوەی لە ئەدەبی کوردیدا زەقترە و هەروەها جیاوازیگەلێکی لە گەڵ بەرهەمەکانی دیکەی ئه‌م شێوازه‌ ئه‌ده‌بییه‌ لە ناو نەتەوەکانی دیکەدا هەیە. وەک؛ حیکایەتبێژی و سترانبێژی لە ئەدەبی فارسی، عاشقانه‌بێژی لە نێو تورکەکان، بالاد لە ئینگلیزیدا، وەیسەی دانیمارکی، ڕۆمانسی ئیسپانی و بیلنای ڕووسی. “بەیت” بەڵگەی شووناسی ڕابردوو و ئەڵقەی پێوەندی کوردەکانه‌ بە ڕابردوویانەوه‌. لە نێو توخم و چەمکەکانیدا مانایەک هەیە کە زیاتر لەوەی کە مادی بێت، مەعنەوییە و ئەگەر دروست و میتۆدیک شیکاری و لێکۆڵینەوە بکرێن بایه‌خ و به‌هاگەلێکی حاشاهەڵنەگر و نکووڵیلێنه‌کراومان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌ست. بەیت ڕەهەندی زۆر جۆراوجۆر و بەربڵاوی هەیە وەکوو؛ فراوانی خەزێنەی وشەی کۆن و ڕەسەن، ڕیتم و مۆسیقا، هەڵبەست و کێش، چیرۆک و گێڕانەوە، دابونەریت و ڕەهەندە مێژوویی، جوگرافی و کۆمەڵایەتییەکان و…… لێکدانه‌وه‌ی هەر یەک لەمانە پێویستی بە دانانی کات و تێچووی زۆر هه‌یە و هەر بەشێکی دەتوانێت ببێتە کتێبێکی سەربەخۆ بەڵام تا ئێستە بۆ ئه‌م جیهانه‌ بەرفراوانه‌ ئیشێک نه‌کراوە.

کلیل وشه‌کان؛ ئه‌ده‌بی کوردی، فولکلۆر، به‌یت، ئه‌ده‌بی زاره‌کی، چه‌شنه‌کانی ئه‌ده‌بی فولکلۆر

به‌ داوێنی به‌ردادا ده‌ڕۆیمه‌ خوارێ

ده‌مڕوانی تاقێ سیپانێ وێران بوو

خۆ من نه‌مده‌زانی کاکۆڵی کاکه‌ سه‌یده‌وانییه‌

ده‌گه‌ڵ گوڵی کوێستانێ، پشوێکه‌ بای شه‌ماڵ

لێی ده‌دا به‌ یه‌کیان ده‌داته‌وه‌ گه‌ره‌

ئه‌من تفه‌نگی خۆم داوێشته‌ سه‌ر به‌ردی و جاسووسم لێده‌گرت

بۆ که‌س نه‌بوو بڵێ چاوی جاسووست کوێر بێ

ته‌قه‌م له‌ تفه‌نگی ده‌هات

له‌وێ سه‌یده‌وانم وه‌سه‌ر یه‌ک ده‌گه‌ڕا.

-کەلتووری فولکلۆر.

له‌ سه‌رده‌می ئێستادا “فولکلۆر” پانتایەکی فراوان لە کەلتوور لەخۆدەگرێت. لە پاشماوەکانی جلوبەرگی نەتەوەیی کەونارا و ئێستاکه‌وه‌ تاکوو شێوەی چێشتلێنان و دەفر و دۆڵە و تەنانەت نەقش و نیگارەکان و زۆر شتی دیکه‌ کە نیشان و مۆرکێکیان لە تایبەتمەندییە کۆنه‌کانی نەتەوەیەک لە ئامرازێکی دەستکرد یان هۆنراوەیەکی هزریدا هه‌یه‌، بەڵام به‌ گشتی ئەدەبناسەکانی جیهان بە هۆنراوە زارەکییەکانی نەتەوەیەک دەڵێن ئەدەبی فولکلۆر. ئەم هۆنراوانە کە پشتاوپشت و وەچەبەوەچە دەگوێزرێنەوە و ئه‌زبه‌ر ده‌کرێن، ئاکامی هەوڵ یان داهێنانی کەسێکی تایبەت نییە بەڵکوو وەک به‌رهه‌مێکی داهێنراو یان خوڵقێنراو له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌وه‌ ده‌ناسرێت و سیما و ڕوخساری سادەی (چ لە زمان چ لە شێوەی ده‌ربڕین) مۆرک و نیشانی ئەو نەتەوە یان زمان و قۆناغه‌ مێژووییه‌ی خۆی هەیە.

(کەلتووری گشتی) وەرگێڕاوی وشەی (folklore) ە کە وەک بابەتێکی توێژینەوەیی و زانستێکی نوێ لە سەدەی نۆزدەهەمی زایینی دەرکەوت و ئەوە کاتێک بوو کە ئاسه‌وارناسەکانی ئینگلیز و زمانناسەکانی ئەڵمانییا دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە لە سه‌ر دابونەریتی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ بیرمەندان بەرەو لای ئەم بابەتانە هان دران، کۆکردنه‌وه‌، چاپ و بڵاوکردنەوەی ( ئەفسانە گشتییەکان) و شیکاری و لێکدانه‌وه‌ی ئوستوورەکان لە لایەن دوو برای ئاڵمانییەوە بە نێوه‌کانی (ژاکووب و ویلهلێم گریم) لە ساڵی ١٨١٢ زایینی بوو. ناوێک کە ئه‌وان بۆ بابەتی لێکۆڵینەکەی خۆیان بە کاریان هێنا (VoLskunde) بوو کە بە مانای زانست و هونەری ڕەمەکیی و گشتییە. ساڵانی دواتر ویلیام جان تامز؛ دێرینەناسی ئینگلیزی، لە نامەیەکدا کە لە ڕێکكەوتی ٢٢ مانگی ئووتی ١٨٤٦ زایینی بە واژۆی خوازراوی (ئامبروز مێرتوون) بۆ بڵاڤۆکی کۆڕی ئەدەبیی لەندەن (ئاتنائۆم) نووسی، پێشنیاری کرد کە لەمەولا باشتر وایه‌ لەباتی دەستەواژەی لێکۆڵینەوەی ڕەمەکی یان گشتی وشەی (فولکلۆر) بەکاربهێنرێت. وەرگێڕەکان، لە به‌رامبه‌ر دەستەواژەکانی؛ کەلتووری خەڵک، کەلتووری جەماوەر، زانستی گشتی، حیکمەتی گشتی، فەلسەفەی گشتی، مەعریفەی گشتی، زانیارییە گشتییه‌کان، کەلتووری گشتی، کەلتووری ئیتنیکی، دابونەریت و بڕوا گشتییه‌کان، ئەخلاقی جه‌ماوه‌ری، جەماوەرناسی و دەربڕینگەلێکی لەم چه‌شنانه‌یان هێناوە. لەبارەی پانتای فولکلۆرەوە هەروەها وەک وەرگێڕانی وشه‌که‌ی، هاوکۆکییەک نییە و هەر دەستەیەک لە توێژەرانی کەلتووری گشتی لە هەمبەر ئەم بابەتەدا هەڵوێستێکی تایبەتییان هەیە.

بۆ دابەشکاری ئەم بوارە پان و بەرینە ئەبێت چی بکرێت؟ کام ڕوانگە درووستتره‌؟ دیارە دەبێت دابەشکاریگەلێکی جۆرواجۆری بۆ بکرێت کە هەریەک لە تەوەرە سەرەکییەکانیشی بریتی بێت لە سەدان بابەتی لاوەکی. بۆ وەرگرتنی زەمینە و پانتایی کەلتووری گشتی ڕەوایە ئاماژەیەکمان هەبێت بە تیۆره‌ی سی. ئێس. بێرن؛ ئەو بڕوای وایە ئەو بابەتانەی کە بە نێوی فولکلۆرەوە توێژینەوەیان لە سەر دەکرێت لە ژێرەوەی سێ سەروشه‌ دادەنرێن؛ ئه‌لف: بڕوا و خوو و خده‌کان ب؛ دابوونەریتەکان. ج؛ چیرۆک، ستران و پەندەکان. تەوەرەی سەرەکیی باسەکەمان لەم نووسراەویه‌دا لە سەر بنەمای بەشی سێهەم یانی هەمان بواری ئەدەبی گشتی یا فولکلۆرە. “فولکلۆر” کانگا و سەرچاوەی داهێنانەکانی شاعیر و نووسەرانە. ئەگەر سه‌رچاوه‌ی هەموو جۆر و ڕەوتە ئەدەبییەکان بە شێوه‌یه‌ک له‌ شیوه‌کان بە ئەدەبی “فولکلۆر” بزانین هەڵەمان نەکردووە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر به‌و جۆره‌ که‌ پراپ دەڵێت (تەواوی بەرهەمە جوانەکانی نەتەوەکان لە فولکلۆرەوە سەرچاوەیان گرتووە.) ئەو شتەی کە ئەمڕۆ وەک شاکارێکی ئەدەبی و هونەری لە بەردەستمانە ڕۆژگارێک بە شێوەی پەرتەوازە لە سەر زاری باوباپیرانمان بووە و هەبووە؛ به‌ بێ ئەوەی خۆیانیش بزانن ئەوانەی کە ئەم بەرهەمانەیان داڕشتووە کێ بوون.

کەلتووری گشتیی خەڵکی کوردستان سه‌ره‌ڕای ئەوەی که‌ دەوڵەمەند، به‌شکۆ و پڕبایه‌خ بووە، بەداخەوە کەمتر توێژینەوەی لە سەر کراوە. ئەو کەسانەش کە بایەخیان پێداوە زۆرتر بە شێوەیەکی بابەتییانە کۆیان کردۆتەوە و لە سەر خاڵه‌ لاواز و به‌هێزەکانی توێژینەوەیان نەکردووە. بۆ کۆکردنەوەی فولکلۆر و توێژینەوە لە سەری، بواری شەقڵنەشکاو و دەستلێنەدراوی زۆرمان هەیە. ئەرکی توێژەرەکانمان ئەوەیە کە بە خوێندنەوە و توێژینەوەی بەردەوام، سووچە تاریک و نەناسراوەکانی ڕوون کەنەوە، بیناسن و بیناسێنن و بەم جۆرە ڕەنگاوڕەنگی، فرەچەشنی، شکۆ و دەوڵەمەندی ئەم کەلتوورە ئاشکرا کەن.

2-هۆنراوە فولکلۆرییە کوردییه‌کان.

لە تێڕوانینێکی گشتیدا دەتوانین هۆنراوە زارەکییەکانی کوردی بە سه‌ر دوو بەشی چیرۆکانە و ناچیرۆکانە دابەش کەین. هۆنراوە چیرۆکانەکان کە ژمارەیان زۆرترە لە ناچیرۆکانەکان، بەپێی ڕووداوە مێژووییەکانی ناوچەکه‌، خەباتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، ڕوودانی شەڕ و کوشتوبڕه‌ خۆماڵییه‌کان، له‌ ڕێگه‌ی تێکه‌ڵاوییه‌ک له‌ گه‌ڵ خه‌یاڵ، دووبارە داڕژاوەتەوە و هەروەها سەربوردەی عەشقە ناکامەکان و دڵدارییە پڕهەست و سۆزەکانی خۆی و خەڵکی ترە، کە نێوی گشتی (بەیت) یان لەخۆگرتووە.

هۆنراوە ناچیرۆکانەکان کە قاڵبی چیرۆکیان نییە بریتین لە چامه‌ درێژە ئەویندارانەکان، ئاوازە نەتەوەیی و ئایینیەکان، وەسفی جوانییەکانی سرووشت، نیشتمان و دڵداری جوان بووە و ناوگەلێکی جۆرواجۆر وەک حەیران، ئازیزە، پاییزە، بالۆرە، قەتار و شەو و نیوەشەویان …هەیە. هەرکام لەمانە قاڵب و فۆرمی تایبەتی خۆیان هەیە و لە ئاستی چه‌شن و ژانێری لیریک و، هەروەها ڕۆمانتیک لە قەڵەم ئەدرێن. بەمانە دەڵێین قاڵب بۆ ئەوەی هەرکام بێجگە لە هەبوونی ڕیتم و کێشی تایبەت، ناوەرۆکێکی جودا و جیاوازیشیان هەیە (بابەت لە ناوەرۆک یان کاکڵ گشتیترە؛ بابەتەکان بەرتەسکن بەڵام ناوەرۆکەکان زۆرن بۆ نموونە دەکرێ بابەتی عەشق بە ناوەرۆکگەلی جۆرواجۆر دەرببڕین.) ئەم قاڵب و فۆرمانە هەڵگری بابه‌تگه‌لی “لیریکن” بەڵام ناوەرۆکگەلی جۆرواجۆر دەردەبڕن. لە کاتی خوێندنەوە و چڕین، ڕستەگەلێک لە سەرەتا و کۆتایی هەر بەندێکیاندا دووپات دەکرێنەوە و زۆرجار ناویان هەر لە ئەو ڕستانەی دەگیرێت کە لە سەرەتا و کۆتاییدا هاتووە، بۆ نموونە ئازیزە بە (وەرە ئازیز) دەست پێدەکات و لە سەرەتای هەر بەندێک دووپات دەبێتەوە. تازە هەمووی ئەم قاڵب و فۆرمانە ڕەهەندی باسکارانه‌ و وەسفییان هەیە و لەبارەی دەرخستنی سۆزی عاشقانە و هیجران و غوربەت و ناکامی و…..هتد. و بە شێوەی بەیت ڕەهەندی گێڕانەوەییان نییە. جیاوازیی دیکەیان لەگەڵ بەیت کورت و پوخت بوونیانە، بە پێچەوانەی بەیت کە ڕەنگە گێڕانەوەی چەندین کاتژمێر ببات. هەروەها ئەم قاڵب و فۆرمانە لە کاتی خوێندنەوە و چڕین لەلایەن ده‌نگبێژ و دەنگخۆشەکانەوە مۆسیقایان لەگەڵدا نییە.

-بەیت.

وشەی (بەیت) لە هیچ کام لەو وشەدانانە فارسی بە فارسیانه‌ی کە لێکۆڵینەوەیان لە سەرکراوە بەو مانایه‌ی به‌رمه‌به‌ستی ئێمە نەهاتووە. لە وشه‌دانی (کوردی-فارسی) مامۆستا هەژار( هەنبانە بۆرینە) لە به‌رده‌م ئەم سەروشه‌یە دوو مانای( چیرۆکی پەخشانە شیعر) و ( ئاهەنگ، ڕیتم) هاتووە. وادیارە سەردێڕه‌ سەرەکییەکەی بەند بووە و بەرەبەرە بوووە بە بەیت، بەڵام ئێستاکە بەند بە شێوەی باو، پارچەیەکە کە بۆ دەربڕینی تاکەمەبەستێک لە درێژەی پارچەکانی دیکە وتراوە و هه‌ڵبه‌ستراوه‌ جا چ سه‌رواکانی پێکه‌وه‌ هاوته‌ریب بن یان دەتوانین وەک بەرامبەرێک بۆ بەند لە به‌ندی دووباره‌(ترجیع بند) و لێکدانه‌به‌ند(ترکیب بند) بیناسین.

“پێناسه‌ی بەیت و تایبەتمەندییەکانی”

بەیتەکان مەنزوومە زارەکییەکان (فۆلکلۆرییه‌کان)ن بەناوەرۆکگەلێکی ئوستوورەیی، حەماسەیی، لیریک، مێژوویی، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، عیرفانی و یان تێکەڵێک لە دوو یان چەند ناوەرۆکن کە بە شێوەی هەڵبەستە یا هەڵبەست و پەخشان ده‌گوورێت. توخم و ماکی گێڕانەوە لە نێویاندا زەقترە و لە دەستەی شیعرە گێڕانەوەییەکان لە قەڵەم دەدرێن. بڕێک لە کۆپلە شیعرەکان کێشی بڕگەیییان هەیە و بڕێکی دیکەش كێشێکی ناسراویان نییە، بەڵام شێوەیەک لە “دووسەروا”(سجع) و مۆسیقای دەروونی تێدایه‌. کورتی و درێژی نیوبه‌یته‌کان و هاوسانیی بڕگه‌کان پێوه‌ر و بنه‌ما نییه‌. سەروا ڕۆڵێکی گرینگی تێدا هەیە. پێکهاتە فۆرمی و ده‌ربڕینه‌که‌ی لە حاڵەتی نووسراوی(لە سەر کاغەز) بە شێوەی بڕگە بڕگەیە و ڕستە یا نیوبه‌یت یان خشتەگەلێک لە سەرەتا یا کۆتایی هەر بڕگەیەک دووپات دەبێتەوە و شێوازێک لە دووبه‌ند دروست دەکات.

هەرکام لە بەیتەکان ڕیتم و بە دەربڕینێکی تر حاڵ و هەوای تایبەتی خۆیان هەیە و زۆرتر به‌ بێ ساز و مۆسیقا و لە لایەن بەیتبێژ یا دەنگبێژه‌کان لە کۆڕ و دانیشتنە گشتییەکاندا دەچڕدرێن. زۆرجار لە هەر بەیتێک گێڕانەوەگەلێکی جۆرواجۆر لە ناوچەیەک یا ناوچە جۆرواجۆرەکانی کوردستان لە سەر زارانە، بەڵام ناوەرۆکی زۆربەی گێڕانەوەکان یەکێکە و تا ڕادەیەکی زۆر هەر وەک ڕابردوو ماوەتەوە. کاریگەری ئەدەب و توخمە ئایینییە جۆرواجۆرەکان (ئیسلام، مەسیحییەت و جوولەکە و …) لە بەیتەکاندا دیارە. بەیتە کوردییەکان پارێزەر و زیندووکه‌ره‌وه‌ی دابوونەریت، بڕواکان و پیشانده‌ری بارودۆخە مێژوویی، کۆمەڵایەتی، فیکری، کەلتووری و سیاسییه‌کانی کوردەکانن. به‌یته‌کان به‌ (ئاوێنەی تەواو نوێن)ی ژیانی کۆمەڵایەتی کورد دانراون کە لێوانلێون لە ئەزموونە بەهادارەکانی ژیانی ئاڵۆز و پڕپێچ وپڵووچی ڕابردووی خەڵکی کوردستان کە هەم لە ژیانی زەینی و هەم لە ژیانی کردەوەییدا بزوێنەر و هاندەرن. توخمه‌کانی بەربەرەکانێ دژی ستەم و دادخوازی و هەوڵ بۆ بە دەستهێنانی ژیانی باشتر لە ناو به‌یته‌کاندا بەهێز‌ و چالاکە و پاڵەوانە جەماوەرییەکانی، بەردەوام وه‌کوو سەرمەشق و نموونه‌ی بزووتنەوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان چاویان لێکراوه‌. لە بەیتدا، ڕووی ڕاستەقینەی ژیان دەردەکەوێت و دابوونەریتی ژیان بە هەموو ڕەهەندە باش و خراپەکانییەوە پیشان دەدرێت و بۆ ئەوانەی وا کورد بە باشی ناناسن زۆر بە کەڵکە.

هەر ڕووداوێکی گرینگی سیاسی و مێژوویی، هەر به‌سەرهاتێکی کۆمەڵایەتیی دیار، هەر چیرۆکێکی تاڵ و شیرینی لیریکی و هەر جەژن و چەمەرەیەکی گەورە کە لە ناوچەیەک لە کوردستان ڕووی داوە، دەنگخۆشە کەسنەناس و نەخوێندەوارەکان بە کێشە بڕگەیی یا نابڕگەییه‌ خۆماڵییه‌کان بە زمانێکی سادە بەڵام به‌ بێ کەمووکووڕی و به‌ شیوه‌ی ڕەسەن و پاڕاو هه‌ڵیان به‌ستووه‌ و ڕیتمێکی تایبەتیان بۆ لەبەرچاو گرتووە و (بەیت) یان (بەند) یان پێ وتووه‌. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پاراوتر و دەوڵەمەندتر بووه‌ و پشتاوپشت بە ئێمەیان سپاردووە و لە ته‌پوتۆزی فه‌رامۆشی پارێزراوە. تێگەیشتن لە ژمارەی ڕێکی به‌یته‌کان ئەگەر ئەستەم نەبێت ئه‌وا کارێکی ئاسانیش نییە. لە هەر بەیتێکیش کە تا ئێستە ناسراوە و لە فەوتان و فه‌رامۆشی پارێزراوە، گێڕانەوەگەلێکی جۆڕواجۆر هەیە کە دەقی چاپکراوه‌ یان چڕیاوو و وتراوه‌ یان ناوەکانیان لە نێو کتێبەکان، گۆڤارە کوردییەکان، شریتی کاسێت و سی دییەکان لەبەردەستن. لە ناو بەیتە بەناوبانگەکاندا دەتوانین ئاماژە به‌مانه‌ بکەین؛ دمدم، مەم و زین، زه‌نبیل فرۆش، خه‌ج و سیامەند، لاس و خه‌زاڵ، سه‌یدوان، ناسو ماڵمان، برایمۆک، کاکە میرۆ و کاکە شێخ، شێخ مه‌ند و شێخ ڕەش، له‌شکری، شوور مەحموود و مه‌رزینگان، سەعید و میر سەیفه‌دین، شێخی سەنعان، شێر و کەل، مه‌حمه‌ل و ئیبراهیمی دەشتییان، خۆرشید و خاوەر، میهر و وەفا، شیرین و فەرهاد، جولەندی، ئه‌حمه‌د شەنگ، بەهرام و گوڵەندام، شێخ فەرەح و خاتوو ئەستی.

سه‌رچاوه‌؛

3- چەند نموونە لە جوانییەکانی بەیت.

لە نێو بەیتەکاندا هەندێکیان بەناوبانگترن و زۆربەی ده‌نگخۆش و دەنگبێژەکان لەبەریانە یان لەبەریان بووە؛ بەڵام نابێت لەم وتەیه‌ وا تێبگەین کە بایه‌خی ئەدەبی، مێژوویی و…. بەیتە بەناوبانگەکان زۆرتر لە بەیتەکانی دیکەیە چون تەنیا پاش کۆکردنەوە و چاپ و لێکدانەوەی هەموو بەیتەکانه‌ که‌ دەتوانین ئەم بگه‌ین به‌م ئه‌نجامه‌. پێویست بە وتن ناکات بۆ ناسینی بەیت و هێما و ڕه‌مزه‌ شیعرییەکان و جوانیی به‌یته‌کان له‌ ده‌ربڕیندا دەبێت لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و زیندوودا لە زمانی بەیتبێژه‌وه‌ بیبیستین یان لانیکەم دەقە نووسراوەکەی بخوێنینەوە بەڵام جگە لە کێشەی وەرگێڕان، بەهۆی بەرتەسکبوونی بارستایی و قه‌واره‌ی ئه‌م نووسینه‌ وەها کارێک ناتوانین بکەین، ده‌بێ بزانین که‌ دەقی یەکێک لە بەیتەکان خۆی به‌ ته‌نها ئەبێتە کتێبێکی تەواو و بەداخەوە مەجالی ئەوە نییە لە نووسراوەیەکی کورتی وەهادا تەنانەت کورتەیه‌کی یەکێک لەم شاکارانە بگوترێتەوە و باسی له‌سه‌ر بکرێت.

وێناکردنی ئەم وێنە کاریکی دژوار نییە (بەیتبێژ پیرەپیاوێکی ڕوومەتجوان و خەڵکی گوند، مێزەرەکەی تا خوار برۆی هێناوە، دەستێکی ناوە بە گوێیەوە و لە دەستی دیکەشیدا تەزبێحی سەد ده‌نکیی وه‌رده‌سووڕێنێت. دەنگ هەڵدێنێت و وەک کەوی کۆساران پڕ بە گەروو دەقاسپێنێت و بەردەوام دەخوێنێت. زۆر شارەزایانە وشەکان وەکوو ملوانکەیەک بۆ گەردنی یار پێکەوە هەڵدەبەستێت. لافاوی فرمێسک بەسەر کوڵمەکانییەوە بەخوڕ دێتە خوارێ و بە جۆش و خرۆشێکی تایبەت و شارەزاییەکی بێ وێنەوه‌، زۆڵم و ستەم، هێرش و تاڵان، بوێری دلێرەکان، ئه‌فسوونی دیمەن جوانەکان، لەخۆبوردوویی لەخۆبوردووان، سه‌ربه‌رزبوونی ئازادیخوازان، درەوشانەوەی زێڕوزیوه‌ر، وەفاداری لە عەشق، هەوڵ و ئیرادە لە ئیش، دەستی خوێناوی زاڵم، هەناوە بریندارەکان و تەنانەت گەرمی فرمێسک و سۆزی دەروون وەک وێنەیەکی ڕوون و دیار بۆ گوێگر وێنا دەکات. سواری باڵی خەیاڵی دەکات و بۆ چرکەساتێک دەیباتەوە بۆ ڕابردوو و ژیانی کوردەکانی بۆ وێنا دەکاته‌وه‌. لە ئاوات و هیواکان ئەڵێت؛ ڕووداوە خوێناوی و دڵتەزێنەکان زیندوو دەکاتەوە و ژیان و بەسەرهاتی باوکان دەکاتە سەرچاوەی هەرمانی مێژوو.(١٣)

محەمەدی قازی لە بەشێک لە “بیرەوەرییەکانی وەرگێڕێک” دا نووسیویه‌تی (ئەو ڕۆژە، چیرۆکی خه‌لیقه‌تی لاس لە سەر پشتی شێر کە بە بێ زێدەڕۆیی یەکێک لە شاکارە حه‌ماسییەکانی ئەدەبی جیهانە چریکاند، دوایی چەند کۆپلەشیعری لە وتووێژی دڵدارانەی لاس وخه‌زاڵ هەر بەو ئاهەنگ و چریکه‌یەوە خوێندەوە. دەنگخۆشیی دەنگبێژ و جوانی شیعرەکان لەو دۆخ و فه‌زا خۆش و ئاسوودەیه‌ و پاکی که‌ش و هەوا و دڵنشینیی دیمەنی شەخەڵ و مێرگ و ڕووبار ئەوەندە لەسه‌ر پیاوە ڕۆژئاواییه‌ی ئاشنا بە ڕۆحی کورد (ئۆسکارمان)کاریگەری هه‌بوو کە له‌خۆڕا و له‌پڕ ڕاپەڕی و دەستی کرد بە هەڵپەڕکێ و چەپڵەلێدان و سوێندی خوارد کە لەم حه‌ماسە عەشقییە جوانتری لە بەرهەمی هیچ کام لە گەورەنووسەرانی ئەدەبی ئه‌ورووپا هەر لە دانتەوه‌ تا شیکسپییه‌ر و گۆتە نەبینیوە.) خاڵی سرنجڕاکێشی دیکە ئەوەیە پاڵه‌وان و قارەمانی بەیتەکان زۆرجار کەسانێکی نائاسایی نین و هێزێکی سەرسووڕهێنەریان نییە؛ کێوێک بە شوێنی خۆیاندا ناکێشن و نایده‌ن به‌ شانا، ناچنه‌ ناو قوڕگی ئەژدیهای حەوت سەرەوە، بە تەپوتۆز به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵناچن، ڕۆحیان لە ناو بوتڵدا نییە و لە هەمبەری دێوەکاندا ناوەستنەوە، سیحر و جادوو پووچەڵ ناکەنەوە بەڵکوو ئینسانگەلێکی ئاسایین کە لە بەراورد لەگەڵ دەورووبەرییەکانی خۆیاندا، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆیان نییە؛ وێنە نایابە شیعرییەکانیش لە بەیتەکاندا زۆرە. لە بڕێکیشدا وەک(شێخ مەند و شێخ ڕەش) توخمە ئوستوورەیی و عیرفانییەکان بە ڕوونی دیارە.

لە به‌یتی “سوارۆ” کچێک ئەبینین کە پەشیمانە لە ناز و خۆهەڵکێشان له‌ هه‌مبه‌ر خۆشەویسته‌که‌ی، بەم شێوە لەبەرخۆیەوە دەیوتەوە:

ئه‌وڕۆکه‌ ئه‌وه‌ کیژ ده‌ڵێ سواره‌که‌م برینداره

‌ به‌ تیران، به‌ ڕمبی، وه‌ی با بمرم ده‌یبینم به‌ برینی ده‌خه‌نجه‌رێ

تۆخوا که‌ی بڵێنه‌وه‌ به‌ حه‌کیمان، به‌ عه‌تاران

ئه‌گه‌ر زه‌فه‌رێکی پێ نابه‌ن چتاقیان، ده‌ستی نه‌که‌نێ

بۆ خۆم ئه‌وڕۆ ده‌رمانێکی بۆ ده‌گرمه‌وه‌ له‌ ‌هێلێ، له‌ دارچینێ، له‌ قه‌نه‌فڵێ،له‌ ژه‌نگی ده‌گوارێ،

به‌ ده‌ستی به‌ده‌سنوێژ، به‌ بیسمیللای بیسمیللایی له‌ ده‌ستاڕی ده‌ده‌مه‌وه‌ به‌ ئاره‌قی قوڵکی به‌ر گه‌رده‌نێ ده‌یهاوێمه‌وه‌ سه‌ر برینی سواری

نه‌بادا له‌ ڕۆژی جه‌نگێدا له‌ من ماڵوێران دێنێته‌وه‌ ته‌شه‌نێ…

بەیتبێژ بە زەوق و تەبعێکی ناسکەوە، ناسکخەیاڵیی گەیاندۆتە ترۆپکی خۆی؛

((هه‌ی سواره‌، ئه‌وڕۆ یاڕه‌بی به‌ دوور بی له‌ شه‌ڕی ده‌هه‌وه‌ڵێ و

ناوه‌ڵا له‌ شه‌ڕی له‌ ئه‌سپی ئه‌جه‌لێ، له‌ برینی ده‌قه‌ره‌ بینایه‌

ئه‌وڕۆ ئه‌گه‌ر به‌ خێری، وه‌ره‌ سواره‌

بابم ئه‌گه‌ر ئه‌تۆ نازانی له‌ به‌ر قرچه‌ی ده‌روونم ماسی و نه‌هه‌نگان سه‌ریان ده‌ردێنن

له‌ گۆمی له‌یل و پەڕێ

ده‌چنه‌وه‌ شیده‌تی ده‌گه‌رمایه‌

ئه‌گه‌ر به‌ خێر بێیه‌وه‌ له‌وێ سه‌فه‌رێ،

ئه‌من سینگی خۆمت بۆ ده‌که‌مه‌وه‌ به‌ گه‌رمێنی گه‌رمه‌سێری،

به‌ باغی ده‌سه‌فایه‌، به‌ حوجره‌که‌ی خاسه‌ڕان وه‌ک مه‌لای دوازده‌ عیلم له‌وێدا بکه‌وه‌ موتاڵایه‌،

هه‌ی سوار، وه‌ره‌ سوار له‌ من به‌ته‌نێ…)

سەرەڕای ئەمانەش، وێناسازیگه‌ل و تەوسیفگەلێکی زۆر جوان و سرنجڕاکێش لە ناو بەیتەکاندا هەیە و گوێگر یان خوێنەر دەچێتە ناو دونیایەکی ڕەنگاڵەیی خه‌یاڵئامێزه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ دەتوانین ئەم خاڵە بە مانا و پێناسه‌ی بەیت زیاد بکەین کە بەیت گێڕانەوەیەکی تێکەڵ بە وێنە شاز و دانسقە شیعرییەکانە.

  • سەرچاوە، پێشینە و بواری مێژوویی بەیت.

سەردەمی گوتنی بڕێک لە بەیتە لەبەردەستەکان زۆر کۆن نییە؛ هەر چەند هێندێکیان وەک “شێخ مەند و شێخ ڕەش” و “شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی” ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ئێرانی که‌ونارا و سەردەمە ئوستوورەییەکان یان لە هێندێکیان توخمگەلێک لە ئایینەکانی جوولەکە، مەسیحییەت، بوودایی و ئیسلام و…. ئەبینرێت بەڵام ڕیشەی زۆربەیان لە ژێر کاریگەری ڕووداوە مێژووییەکانی کوردستان تێراو کراوه‌ و پەلوپۆی پێدراوە. له‌ پاش سەردەمی سەفەوی و عوسمانی، واتە سەردەمی گەشەسەندنی بەیت. بەیتگەلێکی زۆر بەجێ ماوە بەڵام دوور نییە کە پێش ئەوەش بەیتبێژی و بەیتخوێنی هەبووە و سەردەمی خۆی باو بووە. یەکێک لە شێوەکانی ڕوونکردنەوەی کۆن و دێرینبوونی بەیتەکان لێکدانەوەی ئوستوورەیی و کۆمەڵایەتی بەیتەکانە ئەگینا تەنانەت سه‌رنج و تێبینی لە گۆڕانکاری وشە و دەستەواژە و ناوە تایبەتەکانیش کەمتر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ یارمه‌تیده‌ره‌.

بەداخەوە دەمارگرژیی ناسیۆنالیستی هەندێک لە توێژەر، مێژووناس و کەسە ناوشیاره‌کان، بووە بە هۆی ئەوەی لەباتی قووڵبوونەوە لە بابەتە زانستییەکان بۆ ئه‌وه‌ی هەوڵ بدەن مێژوو و ئەدەبێکی پڕ لە شانازی بۆ کوردەکان دروست بکەن و بیخەنە بەرچاو، بەڵگە مێژووییەکانیان خستۆته‌ پشتگوێ، بێگومان به‌ هۆی تێگه‌یشتنی ڕادیاکاڵ و خۆخوازانه‌یان قبووڵ ناکەن کە پێشینەی کوردستان پڕە لە خاڵە تاریکە مێژووییەکان و ڕووداو و خه‌زێنه‌ نهێنی و تۆزلێنیشتوو و شاردراوه‌کان؛ لە نێوان زمان و کەلتووری ئەمڕۆی کوردی، بۆ نموونە زمان و کەلتووری مادی و ئەوستایی، ناتوانین بە ئاسانی پەیوەندییه‌ک بدۆزینه‌وه‌ و تەنانەت ئەنجامگیری مێژوونووسە گەورەکانی وەک “دیاکۆنۆف” نابێ وک بڕیارێکی ئەزەلی بێ سێودوو بزانین، هەر بەو جۆرەی کە ڕەتکردنەوەی لایەنگرانەی بیردۆزەکانی ئەوان دوورە لە درووستی و ئینساف؛ هەموو کات ئەبێت لەبەرچاومان بێت کە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە کراوه‌یه‌. لەبارەی بەیتەکانیشەوە ئایا وا باشتر نییە هەوڵ بدەین بە لێکدانەوەی فۆرم وپێکهات و وشە و دەیان لایەنی دیکەی بەیت، پیشان بدەین کە چ سەرمایەیەک لەبەر دەستمانە؟

  • ڕەسەنایەتی، وەرچەرخان و جیاوازیی گێڕانەوەکان،.

بەیتەکان لە هەر ناوچەیەک لە کوردستان بەپێی بارودۆخی شوێن و کات و هەروەها زاراوە جۆراوجۆرەکان گۆڕانکاریگەلێکیان بەسەرهاتووە. بنه‌مای ڕووداوەکان ڕەنگە ئاسایی بووبن، بەڵام بەسەرنجدان بە زەینییەتی بەیتبێژەکان یان بەپێی بارودۆخ، گێڕانەوەگەلێکی جۆراوجۆر لە یەک بەیت دروست بووە. ئەم گۆڕانکاری و جیاوازییانە لە گێڕانەوەی بەیتەکاندا لە بوارگەلێکی جۆرواجۆر ده‌رکه‌وتووه‌ وەک گۆڕانکاری وشە و دەستەواژەکان، دووپاتبوونەوەکان، تێکەڵکردن و لێکدانی بەشە بەیتییەکان لە گەڵ بەیتێکی تر و تەنانەت گۆڕانی ئاواز و نه‌وا. هێندێ جار جیاوازییەکان تا ڕادەیەکەن کە لە زۆربەی بۆنەکاندا دووبارە ناسینەوەی دەقی بەیتێک لە ناوچەیەک بە هەمان دەقەوە لە ناوچەیەکی دیکەدا دژوارە؛ بۆ نموونە بەیتی (مەم و زین) لە ئێراق لە گەڵ ئەو مەم و زینەی کە لە ئێران ئەگێڕدرێتەوە و مەم و زین داڕێژراوه‌ی “ئەحمەدی خانی”، جیاوازیگەلێکی لە قەوارە، وشەکان، ژمارەکان، دەستەواژەکان، وێنە و شێوەی دەستپێکردن و تەواوکردندا هەیە بەڵام بە گشتی یەک ناوەرۆکیان هەیە.

دیارە هیچ بەیتێک بەو شێوەیه‌ی کە لە سەرەتاوە هەبووە نەگەیشتووە بە دەستی ئێمە. وادیارە گرنگترین هۆکاری ئه‌مه‌ش، سەرەڕای ئەوەی تایبەتمەندی ئەدەبی زارەکی هەر ئەمەیە “زەینییەت، حەز و هۆگری بەیتبێژەکان ڕادەی کارامەیی و شارەزاییە لە ڕێکوپێککردنی گێڕانەوە و توانایی لەبەرکردنی بەیتەکانە”. وا نەبووە کە ده‌نگبێژی دەنگخۆش ئەو شتەی کە بیستوویەتەوە بە تەواوی لەبەری کات و بێ کەم و زیاد بۆ بەیتبێژی دواتر بیڵێتەوە، بەڵکوو زۆرتر ناوەرۆکەکەی لەبەر کردووە و ئەگەر شارەزاییەکی لە ته‌کنیک و فەنی شیعردا هەبووبێ، تەنانەت سەرواکانیشی گۆڕیوە و هێندێ جار ڕاڤە و شرۆڤەی خۆیشی بە سەریا سەپاندووە و زیادی کردووە، بەشگەلێکی لێ سڕیوەتەوە و بەشێکی بە هەڵبەست و بەشێکی بە پەخشان گوتووەتەوە. خووخده‌ و ئاستی تێگەیشتن و ڕادەی شارەزایی و زانیاری بەیتبێژەکان بە تەواوی لە بەیتەکاندا دەرکەوتووە.

بێ خەبەری هێندێ لە بەیتبێژەکان لە مێژوو، جوگرافیا و شوێنە جوگرافییه‌کان و ناوەکان و بابەتەکانی دیکەی ناو بەیتەکان، بووە بە هۆی ئەوەی هێندێ جار لە گێڕانەوەیان تووشی هەڵە ببن. هەر چەند ئەم هەڵەگەلە لە گێڕاوەکانیاندا به‌ ئاسانی شوێنپیی ده‌گیرێت بۆ نموونە ڕەحمان بەکر (گێڕەرەوەی بەیتەکان بۆ ئۆسکارمانی ئەڵمانی) لە بەیتی “دمدم”، شا عەباسی سەفەوی لە گەڵ فەتحعەلی شای قاجار بەهەڵە گرتووە و تێکه‌ڵی کردوون. هێندێ جار تەنانەت لە بەیتە کۆنەکاندا ناوی ئامێر و ئامرازە نوێکان بەدیدەکرێت، بۆ نموونە بەیتبێژ لە خه‌ج و سیامەند، وشەی دووربین(کامێرا) بە کاردێنێت هەرچەند بە سرنجدان بە کاتی ڕوودانی چیرۆک، ناکرێت شتی ئاوه‌ها مۆدێڕن هه‌بووبێت و له‌ ڕووی لۆژیکی گێڕانه‌وه‌وه‌ گونجاو و پۆڕدراو نییه‌. هەروەها لە بڕێک لە بەیتەکاندا کە ڕەنگ و بۆنی ئایینەکانی پێش ئیسلامیان هەیە، بەیتبێژی موسڵمان بە داواکاریی گوێگر-کە ئەویش موسڵمانە- بڕێک لە توخمە ئیسلامییەکان دەخاتە نێو بەیت و بۆ کوردە موسڵمانەکان دەیڕازێنێتەوە.

هه‌ڵچوونی هه‌سته‌کان و جۆشوخرۆش و بە شوێن پاساوداگەڕانی بەیتبێژ بۆ ڕووداوێکی تایبەت و واقیعی لە ناو بەیتدا، هۆکارێکی دیکەی هه‌یە؛ لە بەیتی دمدمدا ئەو کاتەی کە خان و شۆڕەسوارەکانی خەریکی خەبات و شه‌ڕ و شۆڕن و قه‌ڵا دەکەوێتە دەست گەمارۆکاران (سه‌فه‌وییه‌کان)، بەیتبێژ ئاگاداری ژن و منداڵەکانی ناو قه‌ڵا ئەبێتەوە و ئەو کاتەی ژن و منداڵەکان ئەبینێت خۆیان یەک لە دوای یەکدا لە قه‌ڵاکه‌ دەخەنە خوارەوە، ئاره‌زوو و خواستی خۆی و گوێگرەکانی لەم ڕووداوە مێژوویی و واقیعییەدا بەشدار دەکات و تێکەڵی ئەفسانەی دەکات. په‌لوپۆیان پێ ده‌دات، دەیان کاتە پەری تا بەرەو ناوچەیەکی دیکە بفڕن بە هیوای ئەوەی (خانۆی لەپ زێڕین) ێکی دیکە دیسانەوە قەڵاو و پاردێیەکی پتەوتریان بۆ دروست بکات؛ یان مە مەم و زین ئەو کاتەی (خاتوو زین) لە پێناو ( مەم) بە خاک دەسپێدرا، قەبرەکە شەق دەبات و عاشقە و ماشقە لە ناوقەد بەرەو ژوور بە یەک دەگەن و هەروەها پێکگەیشتن لە ناوقەد بەرەو ژوور لە بەیتی(( شێخ فەرخ و خاتوون ئەستێ))ش دا هاتووە. ئەم ڕووداوە بە خواستی گوێگران و نیشانەی بڕوایان بە عەشقی پاک و واقیعییە. ئەم خواستە دەتوانێت سەرچاوەکەی ترس لە شکستی لێبڕاوانە بێت و بەم گۆڕانکارییه‌ ویستوویانە مەشخەڵی هیوا لە دڵیاندا ڕۆشن بهێڵنەوە تا لە ڕۆژ و ڕۆژگارێکی تردا، لە دەرفەتێکی گونجاو لە سەرزەمینێکی به‌پیت و پاراوتردا بگیرسێنه‌وه‌. جگە لەم خاڵەش، هونەر و ئەدەب، گۆڕەپانی هەڵاتن لە تاڵی و تراژیدییه‌ ڕاستییەکانی ژیانن و جێگەی تەڕاتێنی خەیاڵ و فانتازیایه‌. کەواتە لە ڕاستیدا ئەگەر جارجارێک لە ناو بەیتەکاندا وەها شتێکمان بینی، نابێت ئانوسات مۆرکی ئەفسانەی لێ بدەین و بڵێین خەیاڵییه‌ و دووره‌ لە ڕاستی.

سه‌رچاوه‌؛

*میکائیلی، دکتر حسین، (بیت) در ادب فولکلور کردی، پژوهشنامه‌ی ادبیات کردی، سال اول، شماره‌ی 1، پائیز 1394 ص 57 تا 82