خوسرهو جاف
ڕۆژ ڕۆژی ئەسپ و ماینی ڕەسەن بوو، لە هەرچوار لای دێوە حیلەی ئەسپ و ماینی ڕەسەن دەبیسرا. لە جەژنەكاندا سەدان سواری تفەنگ بە شان لە بەردەم ماڵە بەگزادەكاندا كۆدەبوونەوە و خۆیان دەكردە دیوەخانا بۆ جەژنە پیرۆزە. ئەسپەكان بە مێخكەوە بەسرابوونەوە توورەكە بە قەپووزەوە، بە زین و بەرگەوە ئارام ئارام ئالیكیان دەخوارد و لەشی عارەقكردووی ڕێگای دووریان وشك دەكردەوە، سوارەكان لەو هەردەی بناری جافەوە شۆڕبووبوونەوە خوارێ و خۆیان گەیاندبووە كەلاری پایتەختی زستانەهەواری پایتەختی بەگزادەی جاف، هەمووی سێ ساڵی بەسەر نەچووبوو ماڵی فەتتاح بەگی كوڕی حەمەپاشای جاف لە قەڵای شێروانەوە دابەزیبوون و لە كەلاردا نیشتەجێ بووبوون، ئاخر كوڕەكانی فەتتاح بەگ گەورە بووبوون و كاتی خێزاندارییان هاتبوو، كەریم بەگی براگەورەیان لەگەڵ پێنج براكەیدا لە كەلاردا گیرسابوونەوە، تا چەند ساڵێك لەمەو بەر بەگزادەكان هاوڕای خێڵەكانی جاف لە گەرمیان و كوێستاندا بوون، ئیتر لە گیاگەنانەوە خۆیان جموجۆر دەكردەوە و ڕێچكەیان دەبەست و بەرەو كوێستان دەكەوتنە ڕێ، هەوارگە بە هەوارگە ئاژەڵ بەدوای یەكدا هەزاران مەڕ و بزن، كاوڕ و كار و گا و گوێرەك و ئەسپسوار و پیادە، سەرەوژوور بە ڕێگەوە بوون، هەوارگەكان ناسراوبوون، هەر خێڵێك هەوارگەی تایبەتی خۆی هەبوو. لەم دوادوایەیدا شەڕی جیهانی یەكەم تەواو بووبوو بەگزادەكان دەستبەرداری ژیانی كۆچەری بووبوون.
كەریم بەگی فەتتاح بەگی حەمەپاشای جاف بە سەرۆكی قەبیلەی جاف هەڵبژێردرابوو… دەوڵەتی عێراق چاوساغی دەوڵەتی بەریتانیای تازە دامەزراو بوو، دامەزراوەكانی دەوڵەتداری بڕێكیان دامەزرابوون” مەجلیسی نواب” پێك هێنرابوو، چەند مانگێكی نەبرد هەڵبژاردن بۆ خولی دووهەم هاتە پێشەوە. لە دوای كەریم بەگ ڕەزا بەگ بوو، لە دوای ڕەزا بەگ حەمە بەگ بوو، كە دەكاتە كوڕی سێیەمی فەتتاح بەگ… خەڵكەكە و براكانی ئومێدێكی زۆریان بە حەمە بەگ هەبوو، هۆشیار و دەمڕاست، ئەهلی قەڵەم و پەیوەندی دوور و نزیك… سەرەنجام حەمەبەگ بوویە نوێنەری جاف لە خولی دووهەمی پەرلەمانی عێراقی تازە پێگرتوو لە قۆڵی سەرەوە “هەڵەبجە” ئەحمەد موختار جاف، ئەویش بە نوێنەری هەڵەبجە و جافی شارەزوور بوو بە نائیب لە مەجلیسی نوابی عێراقدا، ئەم دوو ئامۆزایە حەمەبەگ و ئەحمەد موختار بەگ، لە زۆر لاوە هاوبیروڕا بوون، بە گوێرەی هەلومەرجی دەوروبەریان دوورئەندازی میللەتەكەیان لە خولیادا بووە، هەردووكیان بە نووسینەوە سەرقاڵ بوون… حەمەبەگ داستانی دەنووسی، ئەحمەدبەگ شاعیر بوو، لە دواییشدا داستانی نووسی… هەردووكیان بەتەمای شۆڕشێكی چەكدارانە بوون، مەرگ مەودای حەمەبەگی نەدا بە “جەڵتەی مێشك” لە تەمەنی 32ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە، ئاواتەكانی لەگەڵ خۆیدا بردنە ژێر خاك، ئەحمەد موختار جافیش لە ڕێگەی وڵاتدا شەهید كرا.
حەمەسەعید جاف كوڕی حەمەبەگی جوانەمەرگە، دەیگێڕاوە دەیوت لە بیرمە كاتێك باوكم نائیبی پەرلەمان بوو، ماڵمان لە بەغدا بوو لە گەڕەكێك نزیك بە وەزارەتی بەرگری سەر دیجلە… ئەو دەم لە بەغدایش تاكوتەراك ئۆتۆمبێل دەبینرا، باوكم ئۆتۆمبێلی سەند و هەر بەو ئۆتۆمبێلەوە گەڕاینەوە شێروانە و كەلار… مردنی لەناكاوی حەمەبەگ براكانی و عەشیرەتی گەلێك دڵگران و غەمگین كرد، بە درێژایی دووساڵ تازیە و ماتەمباری بووە. كە وەفاتی كردووە موڵك و داراییەكەی زۆری بۆ منداڵەكانی بەجێهێڵاوە…
حەمەبەگ سێ كچ و كوڕێكی هەبووە، كوڕەكەی حەمەسەعی ناوبووە، سەرجەم ئەو منداڵانە دەكەونە ژێر چاودێری مامەكانیانەوە، بەهۆی باوك و مردنی حەمەسەعیدی مێردمنداڵەوە بەردەوامی بە خوێندنی قوتابخانە نادات و لە تەمەنی حەڤدە هەژدە ساڵیدا مامەگەورەكەی كەریم بەگی جاف كچەكەی خۆی “زیباخانم”ی لێ مارە دەكات.
هەر لەو تەمەنەیدا حەمەسەعید جاف بە خوێندنەوەی خەریك دەبێت و خو و خەیاڵی بەربڵاو دەداتە خوێندنەوە و سەرەنجام دەبێتە خاوەنی كتاوخانەیەكی مەزنی تایبەتی لە “لیوا”ی كەركووك دا هەر لە ڕێگەی خوێندنەوە زمانی عەرەبی و فارسی فێر دەبێت، دەبێتە ئابوونەدەری ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكان، ئەو دەم كەلار لە دەوڵەت و دامەزراوەكانی بەدوور بووە، پۆستخانە و دەزگای دەوڵەتی تیادا نەبووە، بە ناونیشانی حەمەڕەشیدی خەیات كە نیشتەجێی شاری كفرییە ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی پێ دەگات.
هەفتەی جارێك سوارێكی بۆ قەسری شیرین دەنارد لە ئێران، ئەوی ڕۆژنامە و گۆڤاری مانگانە و هەفتانە هەبووە بۆیان هێناوە، وەك: گۆڤاری تەهران مسەوەڕ، تەرەقی، فیردەوسی، ئومێدی ئێران و بڕێكی تر، بەندە هەر هەموو ئەوانەم بەرگكردوون و پاراستوونم… ئەو بەوەیش ڕازی نەبووە تەواوی بڵاوكراوەكانی حزبی توودەی ئێرانی پێ دەگەیشت “حزبی تودە- حزبی شیوعی” كوردیەكی پاك و ڕەوانیش فێربووە، تەنها بە خوێندنەوە ڕازی نەبووە و دەستی بە وەرگێڕانی فارسی و عەرەبی بۆ كوردی كردووە و خۆیشی لە مەیدانی داستان تاقیكردووەتەوە” لە گەلاوێژ، شەفەق، هەتاو و ژین” بەرهەمی بڵاوبووەتەوە، بەردەوامی لە خوێندنەوەدا وای لێ كردووە بیروبۆچوونی “ماركسیەت”ی كەوتە خولیاوە، وەك لایەنگیر نەك ئەندام، هاوكاری حزبی شیوعی عێراقی كردووە.
حەمەسەعید جاف جگە لە خوێندنەوە، عاشقی ڕاوكردن بووە، ئەسپێكی هەبووە بەناوی ئەسپە كوێت لە دەڤەرەكاندا ناو و باوی خۆی هەبووە، سواری ئەسپەكوێت دەبوو، پڕتاو بەرەو ناو گەلی ئاسك دەڕۆیشت، ئەو گەلی ئاسك لە دەوروبەری كەلار، سەید خەلیل و هەردەی شاكەڵ و بەردەسۆر، هەروەها لە سەر جۆگەی كەلار سەدان ئاسك پێكەوە دەلەوەڕان. حەمەسەعید جاف كە بە ئەسپەكوێت دەگەیشتە نزیكی گەلەئاسك هەر بەسەر ئەسپە كوێتەوە تەقەی دەكرد و ئاسكی دەپێكا…هەرگیز لە دوو ئاسك زۆرتری نەكوشتووە، دەكۆشا لە كەڵەهەرزا ڕاو نەكات لە كاتی زاووزێدا ڕاوی نەدەكرد…
ڕاوچی كە ئاسكی دەكوشت دەبوا بە ژێر سكی ئەسپەكەیدا هەڵ واسێت، دەبوا قولەقاپەی لە دوو لاوە كون بكرایە، بە بەن بە دووی لای كەلپووز و زینەكەی شەتەك درابا، كەریم بەگی مامی ڕاوكردنەكەی حەمەسەعیدی برازای بەدڵ نەبووە، پەیوەستە پێی وتووە: ” سەعە، سەعەكەم، قولەقاپەی ئاسك كون بكە، دوایی خوا تۆڵەت لێ دەكاتەوە و قولەقاپەت كون دەكات.” دوای شانزە ساڵ لە وڵات دووربوون گەڕایەوە وڵات، دووجار بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل هەردوو لاق و كڵۆكی شكا، لە بیمارستاندا كەوتبوو، لە چەندان لاوە قولەقاپە و ڕان و لاقی كون كرابوو، شیش و بورغی داریان تێ ئاڵاندبوو، كە دەڕۆیشتن بۆلای دەیوت ئەمە بۆ پێشبینی مامەكەریم بەگمە، پەنجا ساڵ لەمەوبەر ئەم وەزعەی كە هەمە پێی ڕاگەیاندبووم كە وام لێ دێت.
لە بیرمە منداڵ بووم چەند كەسێك بە تۆمەتی شیوعەتییەوە ئەمری گرتنیان دەرچووبوو، ڕایان كردبوو لە كەلار لە ماڵی ئێمەدا بوون، سێ كەس بوون” بەگی حسەین بەگ” كەلاری پەنجاكان وەك قەڵای لێقەوماوان وابوو، زۆر لێقەوماوی تیادا بوو، زۆریان تۆمەتی بكوژیان یەدەك ڕادەكێشا كورد و عارەب و توركمان لەوێ پەنابەر بوون، دەوڵەتی عێراقی دەستی بۆ نەدەبردن، هەتاوەكوو لێقەوماوانی ئێرانیش لە كەلاردا دەبینران، بۆ نموونە “قەدەمخێر” ژنە شۆڕگێڕەكەی لوڕستان لە ناچاری ئێرانی بە جێهێڵا، پەنای هێنایە بەر بەگزادەكانی جاف. نزیكەی دوو ساڵ لە ماڵی عەبدوڵڵابەگی كەیخوسرەو بەگدا لە شاری قزرابات “سەعدیە”دا ماوەتەوە، ئاخر نیوەی ڕاستی ئەو شارە وەك موڵك هی ئێمەیە، مزگەوتی مەحموودپاشا لەوێیە، گۆڕی باوكم حەمەسەعید جاف لەو مزگەوتەدایە، بۆیە كورد حەمرین بە هی كورد دەزانێ چونكە موڵكی ئێمەی كوردی جافە.
- خەڵاتی قەڵەمی “ھەژار” گوللەیەک بۆ ناسنامەی کوردی - 06/02/2025
- باوەگوڕگوڕ - 05/31/2025
- عەشیرەتی بێسەری وچۆنیەتی دروست كردنی شاری سلێمانی - 05/30/2025