جیاوازیی نێوان میللەتان و چۆنییەتی داڕشتنی سیاسەت


حوسەین کوردنەژاد

جیاوازیی نێوان میللەتان و چۆنییەتی داڕشتنی سیاسەت

کاتێک دەگوترێت میللەتانی جۆراوجۆر لە یەکتر جیاوازن ڕەنگە لە ڕەواڵەتدا وەک قسەیەکی ئاسایی زۆر جێی سەرنج نەبێت، بەڵام ناوەرۆک و هێزی ئەم گوتەیە لە بیرکردنەوە و داڕشتنی سیاسەت و ستراتێژیی ئیدارەدانی ژیانی سیاسی و ئابوورییدا پێگەیەکی گرینگی هەیە. بەو ڕوانگەیەوە، پرسیاری ئەم بابەتە ئەوەیە کە میللەتان لە چیدا جیاوازن و خاڵە جیاوازەکانیان چۆن دابڕێژینەوە و دەستنیشانیان بکەین؟
خاڵی یەکەم: میرات
خاڵی یەکەمی جیاوازیی نێوان میللەتان لە میراتی مێژووییاندایە کە بە زمانی ئینگلیزی پێی دەگوترێ ئیندۆمێنت (Endowment). لەم بوارەدا جۆگرافیای فیزیکی خاڵێکی سەرەکییە. بۆ نموونە وڵات هەیە لە سەر دەریایە، وڵاتیش هەیە لە وشکانی دایە، وڵات هەیە بە دەریا دەور دراوە، وڵاتیش هەیە خاکەکەی بە خاکی چەندین وڵاتەوە دەور دراوە، وڵات هەیە خاوەن زەویی کشتوکاڵییە، وڵاتیش هەیە لەم پیت و هاتەدا بێ بەهرەیە، وڵات هەیە ڕووباری گەورەی تێدا ڕەوانە کە بۆ کەشتیڕانی گونجاوە، وڵاتیش هەیە ڕووبارەکانی بە کاری کەشتی نایەن، وڵات هەیە هەرچەندە لە کەناری دەریادایە، بەڵام بەندەری لێ ساز ناکرێت، وڵاتیش هەیە بۆ سازکردنی بەندەری تیجاریی گەورە شیاوە، وڵات هەیە زستانی پڕ بەفری هەیە و خاوەن شاخی بەرزە کە بۆ وەرزشی زستانی لەبارە، وڵاتیش هەیە بە ساڵان تەنکە بەفرێک بەخۆیەوە نابینێ، وڵات هەیە هەوای ئەوەندە ساردە کە چالاکی و کۆبوونەوە لە دەرەوەی شوێنە داپۆشراوەکانیدا ناکرێت، وڵاتیش هەیە بۆ ئەوە دەبێت هەر لە دەرێ بی و چالاکی و بیناسازی و زۆر بواری دیکەی ژیانی تێدا ڕێک بخرێتەوە، وڵات هەیە خاوەن سەرچاوەی سروشتییە، وڵاتیش هەیە لە زۆر سەرچاوەی سروشتیدا بێ بەشە.
هەمووی ئەمانە و زۆر شتی تری وەک چۆن خانوومان ساز کردووە، چۆن بە درێژایی مێژوو خۆما ئاومان ئیدارەدا، خۆمان لە سەرما و گەرما پاراستووە، چۆن خوێندوومانە، چۆن خانەوادەمان پێک هێناوە و زۆر بابەتی دیکەی گرێدراو بە مێژووی ژیانمان ڕێک خستووە، بە گشتی لە مانای فراوانی فەرهەنگی میللەتاندا کارتێکەرییان لە داڕشتنی سیاسەتی پێشخستن و گەشەپێدانی ژیانی میللەتاندا دەبێت. بەشی زۆریشیان لە ئاکامی تەدبیر و کاری ئێمە نییه و دەستمان تێیاندا نەبووە بەڵکوو بە میرات بۆمان ماونەتەوە. ئەوەیە کە ئیندۆمێنتی جۆراوجۆر میللەتان لەیەکتر جیا دەکاتەوە و دواجار سیاسەتی میللەتانیش لەیەکتر جیا دەکاتەوە. کەواتە بەو تێڕوانینە، پێویستە هەر میللەتێک سیاسەتی سایزی خۆی بۆ خۆی بدۆزێتەوە و دایبڕێژێت.
سیاسەتی میللی – ناوەندی و سەرانسەریی وڵاتان
سیاسەتی ماکڕۆ ئێکۆنۆمی (Micro Economics) و کوالێتە و جۆری سیاسەت (سیاسەتی هەمەلایەنە (Inclusive) و تایبەتکراو (Extractive) لە ژیانی سیاسی و ئابووریدا)، لە سەر پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆیی و پەرەپێدانی سەرمایەی فیزیکی ورد دەبێتەوە. وڵاتان وەک دوورگەی جیا لە یەکتر نین و لە دنیا لاتەریک نیین، بەڵکوو پەیوەندیی وڵاتان لەگەڵ دەور و پشت و جیهان لە دیاریکردنی پێگەی ژیۆپۆلیتیک (جۆگرافیای سیاسی) و ژیۆئێکۆنۆمیکیاندا (جوگرافیای ئابووری) و لە کۆتاییدا لە مان و نەمانیاندا فاکتۆری گرینگن.
سیاسەتی ناوچەیی: كامە سیاسەت لە دەڤەری جیاوازدا پیادە دەکرێت
مەیدانی سەرەکیی سیاسەتی ناوچەیی (Regional) گەشەپێدان، گرینگیی دینامیکی ئابووریی خۆجێی، بەرهەمهێنەربوونی ئابووریی خۆجێیی، کوالێتی یاسا و ڕێکارەکان، کوالێتی ستراکچرالی ئاکتۆرەکان بە تاک و بە گرووپ، ئازادیی بەشداری و کوالێتی حکومڕانییە. سیاسەتی وڵات وەک دروست کردنی خانووە کە لە خوارەوەڕا بۆ سەرێ ساز دەکرێت. بەڵام بە کەیفی خۆشمان نابێت، بەڵکوو لە سەر پرەنسیپی هاوتەریبی دەسەڵاتدان (Delegation) و چاودێری (Supervision) واتە بە شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و چاودێریی سەرەوە بینا دەنرێت.
لەو دیدگەیەوە، داهاتووی سەرکەوتن و نەبوونی سیاسەتی گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستان بە هێزی بورووکراسیی حکوومەتەوە بەندە. لەم ئاستە لە دەڤەری جیاوازدا بە شێوەیەکی گشتی گەشەی کۆمپانیاکانی خۆجێی و دینامیکی ئابووریی لۆکال کاری گرینگن.
مەرجی سەرکەوتن لەو کارانەدا فێربوونی چەندین بابەتە. بۆ نموونە: دابەشکردنی بەشەکان بۆ سێ ئاستی دراسەی ئیندۆمێنت، سیاسەتی ناوەندی و سیاسەتی گەشەپێدانی ناوچەیی. (ئەمە لە مایکل پۆرتێر، بەرپرسی بیزنێس سکولی هاروارد، فێر بوومە)؛ دابەشکردنی کوالێتیی سیاسەت بە هەمەلایەنە و تایبەتکراو. (ئەمە لە ڕۆبینسۆن و عەجەم ئۆغلوو، نووسەرانی کتێبی: “بۆ میللەتان سەرناکەون”، فێر بوومە)؛ پیادەکردنی سیاسەتی واقێعی لە وڵاتاندا لە ئەنجامی بە یەکتر گەیشتنی ئاکتۆرە کاریگەرەکان. (لە دەنی روودریک، پسپۆری ئابووریی گەشەپێدان لە زانستگەی هاروارد، فێر بوومە).
بەو وانە فێربوونە دەگەینە ئەوەی کە دەرفەتی فێربوون بۆ هەموو کەس هەیە. ئەو فێربوونە وەک کارێکی ناچاری پێویستییەکی سەرەکیی داڕشتنی سیاسەتە. بارزترین نموونەی پێویستیی ناچاری بۆ فێربوون و سەرکەوتن سەرۆکی ئارژانتین بوو. خاویێر مایلێی (Javier Milei) سەرۆک کۆماری ئارژانتین بۆ ئەوە بتوانێ بێتەوە ناو مەیدانی سیاسەت و ببێتە سەرۆک کۆمار و سیاسەت پێشنیار بکات، بۆ ماوەی چەندین ساڵ ڕووی کردە خوێندنی ئەدەبیاتی ئابووریی قوتابخانەی ئۆتریشی (Austrian School)، بە تایبەتی لە نووسینەکانی مێسیس ورد بۆوە.
لێرەدا دەگەینە ئەو وانەیەی کە ئەگەر پێمان وابێ بە بێ خوێندن و بەبێ فێربوون دەتوانین ژیانی ئابووری و سیاسیی خۆمان بەڕێوە بەرین لە هەڵەیەکی کوشندەدا دەژین. ئەوانەی بەو ڕێیەدا ڕۆیشتن نموونەیان زۆرە کە هەم خۆیان و هەم میللەتەکانیان ماڵ وێران کرد.
گەلی کورد لەم قۆناغە مێژووییەدا بۆتە میللەتێکی ئۆربان و شارنیشین. دنیاش خەریکە لەوە تێبگات کە میللەتێکی ٤٠ -٥٠ میلیۆنی شاری لەناو ناچێت. کەواتە پێویستە چارەنووسین بە سەروەری میللەتەوە کۆتایی بیت. ڕاستە ئێستا ئەمە شانسێکە بۆ کورد، بەڵام بەبێ خوێندن و فێربوون و پیادەکردنی سیاسەتێک کە پشت بە فاکت و زانست ببەستێت، شانسی لەمە گەورەتریش لە دەست دەچێت. کەواتە پێویستە بورووکراسی پشت بە فاکت و زانست ببەستێت. لەم سەردەمەدا بەم جۆرە دەتوانین قۆڵ بۆ ڕزگاری و ئازادی هەڵماڵین.
گرینگە ئەوە بزانین کە پێش مەرجی هەر پڕۆسەیەکی زانستی ئەوەیە کە نازانین، بۆیە کار دەکەین و پڕۆسەیەک دەستپێدەکەین تاکوو فێر بین، تێبگەین و بزانین. ئەگەر لە دەستپێکدا بڵێین دەزانین ئەو کات چی تر پێویستیمان بە پڕۆسەی زانستی و تۆێژینەوە و فێربوون و دۆزینەوە نابێت. ئەم خاڵە لە بنیادنانی دەزگا و ناوەندی زانستیشدا گرینگە. ئەوانەی پێیان وایە دەزانن دروست نیە لەم شوێنانەدا جێیان هەبێ، بەڵکوو ئەوانەی دەیانەوێ فێربن، تێبگەن و بدۆزنەوە، بۆ بەشداری لە پڕۆسەی داڕشتنی سیاست لە سەر بنەمای فاکت، کەسانی گونجاون.
گرینگە ئەزموونی سەرکەوتنی میللەتان لە ڕێگەی خوێندن، فێربوون، گەڕان، دیتن، هاوکاری و هاوبیری بێت. بەڵام بۆ دۆزینەوەی سیاسەتی تایبەت بە کوردستان پێویستە بە دەستی خۆمان و لە ناوەندەکانی خۆماڵیدا، کە لەگەڵ دنیادا هاوکارن، کار بکرێت. پێویستە ئەوانەی کە لەم پڕۆسەیەدا بەشدار دەبن بۆچوونی ڕوونیان لە سەر پێگەی خۆیان لە ناو سیستەمی ئیدارەی وڵاتدا هەبێ کە ئەوەش دەوری ڕاوێژکارییە نەک ئیدارەی سیاسەت. چونکە ئیدارەی سیاسەت لە لایەن هەڵبژێردراوان و سەرکردەکان و نوێنەرانی خەڵک دەکرێت.
لە کۆتاییدا گرینگە ئەوەش بخەینە بەرچاو کە کاتی بەردەست بۆ چارەی کێشەکان سەرچاوەیەکی بێ سنوور نییە. لە هەرێمی کوردستان، لە ئێستاوە تا ساڵی ٢٠٤١، لە هەر پێنج ساڵدا نزیکەی چوارسەد هەزار کەسی تر دێنە ناو بازاڕی کار کە ئەمەش بارقورسییەکی گەورەیە بۆ داڕشتنی سیاسەتی ئابووری.

سەرچاوە

گوڵان میدیا