بۆ حوكمڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایه؟

ڕەنج نەوزاد

سوريا نموونەیەکی باشە بۆ تێگەيشتن لە مودێلی حوکمڕانی لە ناوچەکە. زیاد لە شەش مانگە، ئەبو مەحەمەدی جۆلانی هەموو دبلۆماسيەتی حکومەتەکەی بۆ ئەوە تەرخان کردووە کە ڕەزامەندی دەرەکی، بە تايبەت ئەمريکا و ئيسرائيل ئەوروپا و کەنداو بەدەست بهێنێت. زۆرترين سازشی بۆ ئيسرائيل و ئەمريکا کردووە، ئامادەیە زیاتريش بکات. ئەگەر بە وردی و قووڵی بەدوای ئەوە بگەڕێيت ئایا بۆچی حکومەتی نوێی سوريا بەردەوام ئەو هەموو سازشە دەکات و هەميشە لە هەوڵی ڕازی کردنی دەرەوەیە، و هيچ بایەخیک بەناوخۆ نادات؟ بۆت دەردەکەوێت ئامانجی یەکەم و سەرەکی جۆلانی و باندەکەی بريتييە لەوەی جيهان ڕێگەی بدەن و ئازادی بکەن کە بە ئارەزووی خۆی سورييەکان بکووژێت و سووريا کاول بکات. بە کورتی، ئامانجی سەرەکی جۆلانی ئەوەیە جيهان ڕێگەی  بدەن وەک ئەسەد خەريکی کووشتار و کاولکاری بێت لەناوخۆی وڵاتەکەی.
بۆ نموونە جۆلانی و لایەنگرانی دەيانەوێت درووزەکان جينۆسايد بکەن بە پاساوی ئەوەی پەيوەندیان لەگەڵ ئيسرائيلدا هەیە. لە کاتێکدا جۆلانی خۆی بە هۆی ئيسرائيلەوە دەسەڵاتی گرتە دەست و ئەسەدی بۆ لابرد. هەفتانە وەفدەکەی جۆلانی لەگەڵ وەفدی ئيسرائيل کۆبوونەوەیان هەیە، تەواوی باشووری سوريا دراوە بە ئيسرائيل، فرۆکەکانی ئيسرائيل لە تەواوی ئاسمانی سوريا ئازادن، کۆشکی سەرۆکایەتی و دەستەی ئەرکانی سوريا لە ديمەشق بۆردومان دەکەن… لەگەڵ ئەوەشدا هەر بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئيسرائيل. کەچی کاتێک درووزەکان بۆ خۆپاراستن لە جينۆسايد پەنا دەبەنە بەر ئيسرائيل، لە لایەن جۆلانی و لایەنگرانييەوە بە زايۆنی تۆمەتبار دەکرێن. لە ڕاستيدا جۆلانی دەيەوێت ئيسرائيل و درووزەکان لە یەکتر دووربکاتەوە، بۆ ئەوەی تەنيا خۆی پەيوەندی لەگەڵ ئيسرائيلدا هەبێت و ڕێگەی بدات ئازادانە درووز بکووژێت و ناوچەکانيان وێران بکات.
لایەنگرانی جۆلانی هەسەدە بەوە تۆمەتبار دەکەن گوایە پڕۆکسييەکی ئەمريکایە، بۆیە دەبێت کورد جينۆسايد بکرێت. لە کاتێکدا جۆلانی و لایەنگرانی وەک خودا تەماشای ئەمريکا و تڕەمپ دەکەن، وێنەی تڕەمپ لەناو ديمەشق هەڵدەواسن، کۆبوونەوەی تڕەمپ و جۆلانی وەک گەورەترين دەستکەوت و شانازی جۆلانی باس دەکرا. لە ڕاستيدا لایەنگرانی جۆلانی کاتێک دەڵێن سوريای حوکمی سوننەکان سەرکەوتوو و بەردەوام دەبێت، زۆربەی کات هۆکارەکەی بۆ پشتگيری ئەمريکا و تڕەمپ دەگەرێننەوە، پاشان دەڵێن بە پشتيوانی خوا. لای جۆلانی و باندەکەی تڕەمپ یەکەمە و خودا دووەم (بە وردی گوێيان لێ بگرن دەرک بەم هەقيقەتە دەکەن). کەچی دەيانەوێت کورد کۆمەڵکوژ بکەن چونکە پەيوەندی لەگەڵ ئەمريکادا هەیە!
ئەسەد بە ستەمکاری و پشتگيری ڕووسيا و ئێران و حيزبوڵا حوکمی سوريای دەکرد، جۆلانی دەيەوێت بە ستەمکاری و پشتگيری ئەمريکا و ئيسرائيل و تورکيا و کەنداو هەمان حوکمڕانی دووبارە بکاتەوە. درووشمەکانی جۆلانی هەر هی ئەسەدە: “سوریایەکی یەکگرتوو و مەرکەزی، دەبێت یەک حکومەت و یەک سوپا و یەک ئيدارە… هەموو سوريا حوکم بکات… دەستی دەرەکی دەيەوێت سوريا دابەش بکات…” ئەوەی دژی ئەسەد بوو، خاين و دەستی دەرەکی لە پشت بوو، ئەوەی جۆلانی بە دڵ نييە هەمان پێگەی هەیە. لە کاتیکدا ئەوەی یەکەم سەگێکی ڕووسيا و ئێران بوو، دووەم سەگێکی ئەمريکا و ئيسرائيل و تورکيایە. چەمکی سەروەری لای جۆلانی و ئەسەد تەنيا ئاڕاستەی کەمينە و ئۆپۆزسيۆنی ناوخۆیە، واتە سەروەری ئەوەیە لەناوخۆ هەمووان بێ دەنگ و سەرکوت بکرێن، بەڵام ئاساییە سەربازگەی ئەمريکا و ڕووسيا و تورکيا و ئێران و ئيسرائيل… لەسەر خاکی وڵاتەکە هەبێت! سەروەری لای جۆلانی ئەوە نييە کە ئاسمانی سوريا و باشووری سوريا لەژێر کۆنتڕۆڵی ئيسرائيل نەبێت، بەڵکو ئەوەیە کورد و درووز حوکمی خۆجەیی خۆیان نەبێت. فيدرالی لێدانە لە سەروەری، بەڵام داگيرکردنی باشووری سوريا لە لایەن ئيسرائيلەوە دبلۆماسیەتە.
حکومەتەکانی هەموو دەوڵەتانی ناوچەکە (جگە لە ئيسرائيل) بۆ بەڕێوبردن و کۆنتڕۆڵکردنی ناوخۆ، پشت بە ستەمکاری و پشتگيری و هاوکاری دەرەکی دەبەستن، یەکێکيان یان هەردووکی بە یەکەوە. ئەگەرنا، فەوزا و دابەشبوون و شەڕی ناوخۆ درووست دەبێت. بۆ نموونە ئێران و سعوودييە و ميسر و کەنداو بە گشتی، ستەمکاری و پشتگيری دەرەکی فاکتەری سەرەکييە لە مانەوەی دەوڵەت و حکومەتەکانيان. تورکيا کە تا ڕادەیەک جياوازترە، بەڵام ئەويش دوو لە سەرەکيترين پایەکانی مانەوە و سەقامگيرييەکەی بريتييە لە داپڵۆسينی زیاد لە ٢٠ مليۆن کورد و ئەندامبوونی لە ناتۆ. دەوڵەتانی وەک ليبيا و سوريا و لوبنان و یەمەن… لە فەوزا و دابەشبوون و نا سەقامگيرين، چونکە جارێ دوو فاکتەرە سەرەکييەکە، لایەنی کەم یەکێکيان، لەو وڵاتانە بوونی نييە: توانا و هێزی مومارەسەکردنی ستەمکاری؛ پشتگيری دەرەکی بۆ داپڵۆسينی ناوخۆ. جگە لە ئيسرائيل، هيچ حکومەتێکی ناوچەکە بە بێ ستەمکاری، و پشتگيری دەرەکی بۆ ئەو ستەمکارييە، ناتوانێت بەردەوام بێت و بمێنێتەوە.
حکومەتەکەی ئەبو مەحەمەدی جۆلانی لە ئێستادا تەنيا هەوڵی بەدەست هێنانی ئەو دوو فاکتەرە دەدات، پشتگيرييەکی دەرەکی بەدەست بهێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئارەزوی خۆی داپلۆسين و ستەمکاری ئەنجامبدات لەناوخۆی سوريا.
بایەخ نەدان بە ناوخۆ، هاوکات بایەخدان بە دەرەوە، ئيتر پشتگيری نێودەوڵەتی بێت، یان کۆمەڵێک زلهێز، یان کۆمەڵێک ميليشيا، بۆ بەردەوامیدان بە حوکمڕانی، خاڵی لاوازی هەموو دەوڵەتانی ناوچەکەیە بەرانبەر بە ئيسرائيل. هاوکات ئيسرائيل وەک تاکە دەوڵەتی ديموکراتی ناوچەکە، خاڵی بەهێزی بەرانبەر بە دەوڵەتانی تری ناوچەکە، بە پلەی یەک ئەوەیە کە بایەخی سەرەکی بە ناوخۆ و هاووڵاتيانی خۆی دەدات. بۆ نموونە، ئيسرائيل ئامادەیە حيساب بۆ ئەمريکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و جيهان نەکات لە پێناو هاووڵاتييەکانی خۆی. سوریای جۆلانی، ئامادەیە هەموو سازشێک بۆ ئەمريکا و جيهان بکات، تەنيا بۆ ئەوەی ڕێگەی بدەن بە ئارەزووی خۆی هاووڵاتيانی سوريا بکووژێت.
هەموو جيهان بە ئيسرائيل دەڵێت شەڕەکەی غەززە ڕابگرە، هەر ڕايناگرێت، چونکە تا ئەمڕۆش زۆرينەی هاووڵاتيانی ئيسرائيل لەگەڵ شەڕەکەن. هەر کاتێک زۆرينەی هاووڵاتيانی ئيسرائيلی بيانەوێت ئەو جەنگە بوەستێت، ئەوا ئيسرائيل دەوستێت، ئەگەر هەموو جيهانيش پێی بڵێن بەردەوام بە.
نەتەوەی کورد بە گشتی و حوكمڕانی کوردی لە هەردوو پارچەکە، باشوور و ڕۆژئاوا، ئەگەر بيانەوێت بەهێز بن و بمێننەوە، خاوەن کەرامەت و خۆشگوزەرانی بن… پێويستە تەنيا مودێلی ئيسرائيل بۆ حوکمڕانی بکەنە نموونە. نەک چەتەگەرایەتی و قەسابخانە و جاشایەتی و ستەمکارييەکەی تورک و عەرەب و فارس، بەڵام بەداخەوە کورد زیاتر مودێلی حوکمڕانی برا مسوڵمانەکانی کردووە بە نموونەی سياسەت و بەڕێوبردن.