عەشیرەتی بێسەری وچۆنیەتی دروست كردنی شاری سلێمانی

دكتۆر بكر شاه محمد

بەبۆچونی مامۆستا جەمال بابان كەلە پەرتوكی: بابان لەمێژوودا و گەورەپیاوانی بابان كەساڵی 2018 لەسلێمانی چاپ كراوە لاپەرەی 236 – 237 دا هاتووە و دەردەكەوێ كە ئیبراهیم پاشای بابان شاری سلێمانی دروست كردوە لەبەر خۆشەویستی ژنێكی بێسەری كەناوی مەلكە بووە و كچی سەرۆكێك بووە لەتیرەكانی بێسەری بەناوی سۆفی بارام و لەدێی مڵكەنی نیشتە جێ بوون و ژیاون پێش ئەوەی سلێمانی دروست بكرێ و ببێ بەشار وا دیارە دێی مەڵكەنی بەناوی مەڵكەوە ناونراوە. بێسەری كێن ؟ مێژوی بێسەری بەكورتی بەم شێوەیە ، هەندێ لە نوسەران دەڵێن بێسەری غەوارەن و پەیوەندیان نیە بەجافەوە و هەندیك دەڵێن نەخێر بێسەری جافن و لەناوچەی جوانرۆو كرماشان و سەقزو بانە …..هتد ژیاون و بۆچونێكی تریش دەڵێ بێسەری بابانن و زۆر لە كۆنەوە لە ناوچەی جزیرەوە لە كوردستانی باكورەوە هاتوون بەرەو كوردستانی رۆژهەڵات وباشور . باوكی بەندە هەمیشە دەی فەرموو كەباپیرە گەورەی ئێمە كەسێوكی گەورە بووە و سەرۆكی عەشیرەتی بێسەری بووە ، بەشەڕو پێكدادانەوە دژی شاه عباسی سەفەوی عەشیرەتی هێناوە لە كرماشانەوە بەرەو سلێمانی لەكاتی حكومڕانی شاعەباسی سەفەوی دا كەدەكاتە ساڵانی 1598 – 1626 ( شاعەباس باناوبانگ بووە بە شاه عباسی خوێناوی چونكە زۆر خوین ڕێژ بووە و دووهەم حملەی جینوسایدی گەلی كورد دەستی پێ كرد لە ئێران لەكاتی شاه ئیسماعیلی سەفەوی كە كورد بوو بە ڕەچەڵەك دەستی پێ كرد و شاه ئیسماعیل درێژەپێ دا . كە ویستویەتی بە كوشت نو بڕین بیان كا بەشیعە و ئەوانیش ڕازی نەبوون ماڵ ومڵكو زەوی وزاری زۆریان بەجێهێشت وە و هاتوون بۆ باشوری كوردستان وەك زۆرلە هۆزە كوردەكانی تر كە لەك و هەمەوەند و دزەیی زۆر هۆزی تر بوون ، لەپەرتوكی هۆزو تیرەو تایەفەی كورد لە ئیماراتی ئەردەڵان كەمیرزا شوكروالله سەنەندەجی (فحرالكتاب ) لەنێوان ساڵی 1882 – 1885 زاینی دا لەلاپەرەی 14 دا دەڵێ : – هۆزی بێسەری لەئیمارەی ئەردەڵان ژیاون و دەوری ئەكتیفیان هەبووە لە ناوچەی جوانڕۆدا و وەك بەشێك لەعەشیرەتی جاف ودەچنەوە سەر هۆزی رەحمان بەگی . لەپەرتوكی سیسیل ئەندمۆندزی ئینگلیزی دا (كورد وعەرەب و تورك ) هاتوە دەڵێ بێسەری دەگەرێنەوە بۆ جافی مورادی پاشان دەڵێ :- هۆزی بێسەری 50 ساڵ پێش هاتنی زاهیر بەگی جاف (لەئیمارەی ئەردەڵانەوە بۆ ئیمارەی بابان ) هاتوون بۆ شاری سلێمانی ، لەگەڵ چەند هۆزێكی جافی تر وەك قەویلی و چوچانی و گەڵاڵی و لە ناوچەی تیماری سلێمانی دا نیشتە جێ بوون ، مێژووی هاتنی زاهیر بەگی جاف بەشێوەی جیاواز دراوە لە قەڵام ،مێژوو ناسی كوردی بەناوبانگ مامۆستا محمد ئەمین زەكی بەگ / هاتنی زاهیر بەگی جاف لەساڵی 1737 دا بەدروست زانیوە، سیسیل ئەدمۆنز دەڵێ ساڵی 1773 زاهیر بەگ هاتووە وە ژمارەیەك نوسەر كەخەریكی لێكۆڵینەوەن دەربارەی عەشیرەتی جاف ، دەڵێن زاهیربەگ لەكاتی حكوم ڕانی سوڵتان مڕادی چوارەم دا هاتۆتە ناوچەی سلێمانی واتە ساڵانی 1623 – 1640 جائەگەر زاهیر بەگ ساڵی 1623 هاتبێ و بێسەری پێش ئەو بە50 ساڵ لەناوچەی سلێمانی بووبن ئەوا مێژوو نیشتەجێ بوونی عەشیرەتی بێسەری لە ناوچەی سلێمانی دەگەرێتەوە بۆساڵانی :-

1-​ 1623 – 50 = 1573 زاینی واتە پێش 447ساڵ لەمەو بەر .

2- خۆئەگەروەك مامۆستا ئەمین زەكی بەگ دەفەرموێ زاهیر بەگ ساڵی 1737 هاتبێ بێ ئەوە:-

1737 – 50 = 1687 زاینی دەگەێنێ واتەپێش 337ساڵ لەمەوبەرهاتوونەتە ناوچەی سلێمانی .

3- خۆئەگەر وەك سیسیل ئەندمۆندز دەڵێ ساڵی 1773 زاهیر بەگ هاتبێ بۆ سلێمانی ئەو هۆزی بێسەری هاتوون بۆ ناوچەی سلێمانی لە ساڵی 1773 – 50 = 1723واتە پێشی 303 ساڵ. بەهەمووشێوەیەك عەشیرەتی بێسەری پێش دامەزراندنی شاری سلێمانی و دروست كردنی لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە بەلایەنی كەمەوە بە 50 ساڵ نیشتەجێ شاری سلێمانی و ناچەكانی بوون خۆ ئەگەر بەبۆ چونی نووسەرانی جاف بێ ئەوە هۆزی بێسەری لە ساڵی 1627 هاتونەتە ناوچەی شاری سلێمانی (واتە لە ساڵی : 2020 – 447 =1627 ) واتە هۆزی بێسەری لە ئەوەڵی سەدەی حەفدەدا هاتوون بۆ ناوچەی سلێمانی لەگەڵ قەویلەی و جوجانی و گەڵاڵەی دا . دەگەرێنەوە سەر باسەكەی مێژوو ناس مامۆستا جەمال بابان لە لاپەرەی 236 -237 پەرتوكی بابان لەمێژوودا وگەورەپیاوانی بابان دا باسی كردوە و دەفەرمووێ كەئەوزانیاریانەی لەنوسینی خوالێ خۆشبوو عمر عبدالرحیم لە گۆڤاری كاروان ژمارە 295 ساڵی 1985 وەرگرتوە و بەكورتی دەڵێ :- ڕۆژێكی زستان ئیبراهیم پاشاو پیاوەكانی چوون بۆ ڕاوو ، تولەو تانجیو سەگ و ئەسپ ئامادەكرانوو بەرەو شاخی گۆیژە كەوتنە رێ و لەچاڵە بەفرەكانی گۆیژەدا سورە كەروێشكی زۆر جوانی سوری تیسك درێژی گەورەیان هەڵسان و بەسواری دوایی كەوتن كەروێشكە خۆی نەدا بەدەستەوە تا دێی مەڵكەنی (ئەو دەڵێ بەناودێی دا نەك دێ مەڵكەنی ) لەوێ خۆیی كرد بەماڵ سۆفی بارامی بێسەری دا ، كەسەرۆكی تیرەیەكی بێسەری بووە (بێسەری حەوت تیرەمان هەیە )كەروێشكە سورەی گوێ قوت لە هیلاكی وتوێنیەتی دا زۆر ماندو دەبێ لەماڵە بێسەری دا خپ دەبێ، كچی خاوەن ماڵەكە كە ناوی مەلكە بووە فەرمان دەدا كە كارمەندەكانیان سەبەتەیەك بكەن بەسەر كەروێشك دا بیشارنەوە وادیارە خێزانێكی خاوەن ماڵ ومڵك و دەوڵەمەند بوون و خەریكی كشتوكاڵ مەڕوماڵەت بەخێوكردن بوون ئەوەندەی پێناجێ سوارەكانی پاشایی بابان دەرژێنە ناودێ وە بەدوایی كەروێشك دا مەڵكە خان ئیبراهیم پاشا دەبینێ بەتاج و تەرتیباتەوە ، ئەچێ بەپیر پاشاوە بەدوو چاوی پڕلەشەرمەوە، بەدەم گفتێكی شیرین و گەرمەوە خۆش هاتنی پاشا ئەكات وو ئەڵێت ، پاشام خاترجەم بە ، كەروێشكەكە لە ژێرئەو سەبەتە دایە زرپ و زینوە ، فەرموو دابەزن بالە خزمەتاندا قاوەڵتی بكەین و وڵاخەكانیشتان لە ناوئەم مێرگانە دا تۆزێك بەلەوەرێن ، بەڵام چاوی پەری و یەژن وباڵاو سڵسڵەو پڵپڵەی دەوری مانگی ڕوو مێخەك بەندی هەژدە گورزەیی سەرباخی سینەو جوت هەناری ژێر دگمەو دۆڵاب و كەمەرەو هەیاسەی لە قەد ئاڵاوی مەڵكەخان پاشایی وەك كەوی هەڵۆ لێدراو بەسەر ئەسپەكەوە وڕكردبوو ، هیچ وڵامی نەبوو لەم ماوەیەدا یەكێك لەپیاوەكانی (پاشا ) ویستوویەتی كەروێشكەكە لەژێر سەبەتەكە دەربهێنێ و بیكا بەدیاری دەستی خۆی بۆ پاشا بەڵام كەروێشكی حەساوەش لە ژێر سەبەتەكەوە ڕووەو سەرچاوەی كانی یەكان دەرپەڕیوە ، سوارەكانی نیشتونەتە سەری بۆ یە مەڵكەخان ئەلێت پاشا كەروێشكەكە بەر بووە (وادیارە خۆیی بەئاقڵەنە بەردی داوە نەیهێشتوە كەس پێیی بزانێ وەك رێزێك بۆ ئیبراهیم پاشای بابان) ها سوارەكانت لە كوێی تۆز دەكەن ، پاشا بەدەم وپلێكی بێ هەستانەوە وڵامی ئەداتەوە ئەڵێت ، بائەو كەروێشكە بۆ ئەوان بێ من لێرە كەروێشكی شۆخ ترم دیاری كردووە بەم زووانە لەكۆشك وتەلاری شا دا لەنجەولاربكات (واتە پاشا داوایی دەستی مەلكە دەكات و زۆر دەچێ بەدڵی دا بگرە ئەشقی مەڵكە دەبێ) مەڵكە خانیش وەك ئافرەتێكی كوردی بێسەری زمان پاراو سەربەست دێتە وەڵام و ئەڵێت پاشام بیم وسیاقەت ئەو كەروێشكەی تۆبەهیوایی هەیت لێرە دا بیگریت كێوییەو لەگەڵ خودای خۆییدا مەرجی كردوە بەكوشتن نەوی نایگریت ، لێرەدا پاشا وەك شولێك بەسەری لووتی دا بماڵێت ڕادەچەنێت بەدەست خودا حافیزی لەمەڵكە خان ئەكات (واتە لە شۆك دا هیچی پێناوترێ تەنها دەست بەرز دەكاتەوە )ئاوزنگێكی ناوقای لاقەبرگەی ئەسپەنۆرەئەكا باڵی لێ پەیدا ئەبێت و ئەگاتە سوارەكانی كەروێشكیش بەسەر بەردەبازەكانی سەرچاوەی كانیەكاندا ئەپەڕێتەوە ڕووەو چەمی گەورە تێی ئەتەقێنێ ، پاشاو سوارەكانیشی ئەنیشنە سەری و خۆیان و ئەسپیان لەئارەق دا شڵپەیاندێت و ئەسپەكانشیان وەك قەترانی ڕەش ، ڕەش هەڵگەراون ، كەروێشك خۆیی ئەگێنێتە سەر چەمی گەورە و بە نیوە پڕووكاوی و هاوژینەوە وەك پەڕۆشل ئەبێت و دەكەوێتە ناو ئاوەكەوە ، پاشاش هەربەسواریەوە دا ئەنەوێتەوە و بەدەستی راستی هەردوو گوێچكەی كەروێشكەكە ئەگرێت و بەرزی ئەكاتەوە لەم كاتەدا تانجەكەی سەری بەرئەبێتەوە ناو ئاوەكەو ئاو ڕاپێچی ئەكا سوارگەل كەچاویان لەمەئەبێت هەموو هەوار ئەكەن تانج ڕۆ – تارنج ڕۆ واتە تاجەكەی پاشاڕۆ . لەم بەسەر هاتەوە ولەو رۆژەوە ئەڵێن گوایە چەمی گەورە ناوی گۆڕاوە بەتانجەڕۆ ئەگینا (تانجەڕۆ) لەوەو پێش ناوی هەرچەمی گەورەبووە . وپاشان سوارەكان تاجەكە دەردەكەن لەناو ئاوەكەدا ، لەكاتی گەڕانەوەیاندا بەلای گردی سەیواندا دەگەڕێنەوە ودەڵێن ئەوسا گردی سەیوان هەموو باخ و ڕەز بووە بەشێوەیەكی ئەندازیارانە لەكانی شەكراوی لای هۆمەرەكوێرەوە ئاویان بۆ ڕاكێشاوە وادیارە ئەم باخەش ئەبێت هەرهیی ماڵی بابی مەلكەخان بووبێت ، كابرایەكی ڕەكاری ریش ماش وبرنج باخەوانی بووە ، باخەوان كەپاشا ئیبراهیمی بابان دەبینێ ، بێڵەكەی سەرشانی لەناو باخەكەدا ئەچەقێنێت و ئەچێت بەپیری پاشاوە وە خۆشهاتێكی گەرمی خۆیی و سوارەكانی ئەكات پاشا لێی ئەپرسێت ، سۆفی ناوت چیە ؟ قوربان سۆفی بارام و تەمەنت چەندە؟ قوربان ئەوساڵەی كەسلیم پاشایی بابان حەسەن علی خانی والی سنەی گرت و بەكۆت و زنجیرەوە هێنایان بۆ قەڵاچۆلان من تازە خەتم دابوو، باشە سۆفی من ئەمەوێ قەڵا چۆلان بەجێ بێڵم و لەنزیك ئەو دێیەیی ئێوەوە شارێك دروست بكەم .تۆئەڵی چی ؟ وەڵا قوربان فەرمایشتەكەت زۆر بەجێیە ، ئەم شوێنە كانی و ئاوی زۆرە و خاكەكەی هەتا بفەرمووی بەپێز (وادیارە بەپیت بووە ) و پڕفەڕو بیرە پاشان پاشا خودا حافیزی لە سۆفی بارام ئەكات بەدەم نەرمە غارو قەتارو ئەڵڵا ویسی وتنەوە ڕووەو قەڵا چۆلان ئەگەڕێنەوە . دوایی ئەم بەسەرهاتە ، حەفتەیەك نا خایەنێ ، جگە لەو بەناو خانوسازانەی لەقڵمڕەی پاشا دابوون ، پاشا ئەنێرێت لەسنەو سابڵاغ سەقزەوە چەند بەننا باشیەكی (واتە وەستا بینای باش ) بۆ دێت و دەست ئەكەن بە رەنگرشتنی سەراو كۆشكی شاهیی و حەرام سەراو میوان سەراو مزگەوتی گەورەو حەمامی فاتمەخان، شێخان و كاربەدەستان و گەورەپیاوان و بۆرەپیاوانیشی زەویان بەسەر دابەش ئەكرێت دەست ئەكرێ بە خانوو دروست كردن (واتە شار دروست كردن ) وساڵی پێ ناجێ شاری سلێمانی دروست دەكەن و سلێمانی دەبێ بە پایتەخت . مامۆستا جەمال بابان دەفەرمووێ پاشان لە سەر بۆ چوونی مامۆستا عمر عبدالرحیم و نووسینەكەی دەڵێ كەئیبراهیم پاشا لە خۆشەویستی خاتوو مەلكەی بێسەری دا .بڕیاری داوە سلێمانی بكات بە پایتەخت و دەڵێ كەئەو لەگەڵ بۆ چوونی مامۆستا عمر دانیە، لەهەمان كاتدا پێشمەرگەی دێرین و مامۆستا حمەی حاجی محمود بۆ بەندەی باس كرد كاتێك ئیبراهیم پاشا هاتۆتەمەڵكەنی ژمارەیەكی زۆری لەئەسپ و ئێستری مام سۆفی دییوە كەباریان لە سوریاوە هێناوە بۆ كوردستان باشور لەوێوە بردویانە بۆ كرماشان و لەوێشەوە باریان هێناوەتەوە و بازرگانیان كردوەو كەپاشا ئەوبارو دۆخەی دییوە بەدەورو پشتەكەی ووتووە ئێرە باشە بۆ پایتەخت و ودیارە بوونی ئاوو ئەرزێكی پان و فراوان بەپیت كەزۆر كەمی كراوەبەكشتوكاڵ لەكاتێكدا زەویەكەی زۆر بەپیت بووە وەك مام سۆفی فەرموویەتی دەوری سەرەكی هەبووە لەو بڕیارەدا جگەلەوە دوورنیە مەلكەی بێسەریشی دەوری هەبووبێت لەوبڕیارەدا ، بەهەرحاڵ بێسەری سلێمانیان ئاوەدان كردۆتەوە لەڕاستی دا خاوەنی سلێمانین لەبەر ئەوەی ئەو ڕووداوە بەسالێك پێشی دروست كردنی شاری سلێمانی ڕوویداوە واتە پێش ساڵی 1784 زاینی پتر لە دووسەدوسی ساڵ لەمەوبەر .

سەرچاوەكان :

1-خولاصیە كی تاریخی كورد و كوردستان (محمد امین زەكی بەگ)

2-مێژوی هۆزی جاف و ژیانی تیرەكانی (ئامادەكردنی محمود عەزیز حەسەن)

3-كورد تورك عەرەب (سیسل جۆن ئیدمۆندس /وەرگێران حامید گەوهەری)

4-مێژوی هۆزی جاف (خوسرە و جاف)

5- جمال بابان – بابان لەمێژوو دا و گەورە پیاوانی بابان .سلێمانی ساڵی 2018

شاری مۆسكۆ