کۆنگرەی ناوداران و پێویستی بەخۆداچوونەوەی هەموو لایەنەکان

حامد فرازی

 

بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی کونگرەی ناودارانی کورد لە شاری سنە، بە هاوکاریی زانستگه‌ی کوردستان، ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامی و پارێزگاری پارێزگای کوردستان لە حەوتووی دووهەمی مانگی پووشپەردا، هەندێ ناکۆکی و چەند بەرەکیی جددی لێکەوتەوە.
کاکڵی قسەی دژبەران ئەوەبوو کە بەڕێوەبەرانی کۆنگرە شایانی ئەوە نین بژارده‌ و ناودارانی ڕاستەقینەی کورد، دیاری بكه‌ن! به‌ گشتیش زۆربه‌یان پێیان وابوو پیلانێک لە پشتی بەرێوەچوونی ئەو کۆنگرە -لە لایەن حکومەتەوە- لە ئارادایە و تەنانەت تا ئەو شوێنە ڕۆیشتنە پێش کە بەرێوەبەران بە خەیانەت و جاشایەتی تۆمەتبار بکەن.

یەکێ لە هۆکارەکانی تووڕەیی دژبەران ئەوەبوو کە بۆچی ئەو کۆنگرەیه‌ ڕاست لە مانگی پووشپەڕ، لە سیهەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتۆر قاسملوودا، بەڕێوە ده‌چێ؟ گومانه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ ڕەنگە ئەوجۆرە ڕێوڕەسمانە هەوڵدانێک بن بۆ کەمڕەنگکردنەوەی کاردانەوەی ئەو میتینگ و کۆبوونەوانەی بۆمەحکوومکردنی تێرۆر و بەرزڕاگرتنی یادی قاسملوو، دەبوو بەڕێوە بچن. بەڵام مه‌رج نه‌بوو ئه‌و دوو بۆنەیە لە بنەمادا دژایەتییەکیان پێکەوە هه‌بێ.
له‌ڕاستیدا بەرێوەچوونی باش و به‌جێی هه‌ر دوو ڕێورەسمەکە، هەرکام لە ڕوانگەیەکەوە، ده‌كرا له‌ جێی خۆیاندا بن. لە پلەی یەکەمدا ئەوە کەمتەرخەمی و بێ پڕەنیسیپیی هەندێ لە دژبەرانی کۆنگرە لە دەرەوەی وڵات دەگەیێنێ كه‌ نه‌توانن لە فەزای ئازادی ئەورووپادا، هەزاران کەس له‌ كوردانی هه‌نده‌ران و دۆستانی كورد، بۆ خۆپێشاندان و مه‌حكوومكردنی تاوانی توند وتیژی و تێرۆر كۆبكه‌نه‌وه‌ و هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌؛ ‌سەرنجی بیروڕای گشتیی کوردستانیش، لە کۆنگرەی ناودارانەوە بەرەو میتینگی پووشپەڕ ڕابکێشن. ئه‌و لایەنانە كۆنگره‌ی ناودارانیان قۆسته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌نه‌ پاساوێ بۆ لاوازی و ناکارامەیی خۆیان.
بەشێکی تر لە نیگەرانییەکان بێ گومان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمەڵگه‌ی ئێمە کۆمەلگه‌یێکی بێ ستراتیژ و پارچە پارچەیە، هیچ مەرجەعێک لەم کاتانەدا و بۆ ئەم جۆرە بۆنانە لە ئاڕادا نییە کە بتوانێ سەرنجی ڕای گشتی بۆ لای خۆی رابکێشێ و پەیمانە و پێوەر دیاری بکا بۆ پێناسە کردنی ناوداری کورد، بە جۆرێک کە بژارده‌ و جەماوەرهەموو قەناعەتی پێ بهێنێ. بۆیە لەوانەیە لەم کاتانەدا هەر کەس لە حاستی خۆیەوە، خۆی بە بژارده‌ و ناوداری کورد بزانێ و دڵگران بێ لەوەی کە بۆچی لەویان نەگێراوەتەوە و بانگهێشت نه‌كراوه‌ بۆ کۆنگرە، تا وەک گەورە و ناوداری کورد رێز له‌ویش بگیردرێ. ئەوەش لە پلەی یەکەمدا لە دەردی بێ دەوڵەتی ولە غیابی ئاکادێمیایەکی فەرمیی نەتەوەییەوە سەرچاوە دەگرێت. باقی شتەکانی وه‌ك ئه‌وه‌ی کە دەگوترێ؛ دوژمن توانیویه‌تی کەلێن بخاتە نێو مالی کورد، رێژیم مۆڵەت بە هیچ چالاکییێک نادا لە بەرژەوەندیی خۆیدا نەبێت، یا چۆنیەتی بەڕێوەبردنی رێورەسمەکە و هتد، ئه‌مانه‌ دەکەونه‌ پلەی دووهەمی گرنگییه‌وه‌.
بەڵام بە دیوه‌كه‌ی تریدا، لایەنگرانی کونگرە و به‌ڕێوه‌به‌رانیشی، جێگه‌ی ڕەخنە و ڕەدکردنەوەی زیاترن. وێدەچێ ئەوان لە ڕادەبەدەر بە کاردانەوەی ئەو جۆرە کۆنگرانە گەشبین بن و رۆڵی خۆیان لەڕادەبەدەر گەورە وگرنگ ببینن، ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا خۆشیان نەیانتوانیوە لە غیابی چالاکیی حیزب و ڕێكخستنه‌ سیاسییه‌كاندا وەکوو مەرجەعێك لەکۆمەڵگه‌دا خۆیان بسه‌لمێنن. ئەگینا نه‌ده‌بوو شتێک کە ئەوان دانی پێدابنێن و تەئیدی بکەن، ئەو هەموو ناڕەزایی و کێشەیه‌ی لە دەرەوە و ناوخۆی وڵات لێ بكه‌وتایه‌ته‌وه‌‌.
ئەوانە کە وەک شاعیر و نووسەر و کادێری زانستگایی پێیان وایە باری گرانی کوردایەتیی خوێندەوارانە لە سەرشانی ئەوان دەگەڕێ و ڕەساڵەتی ڕۆشنبیری بۆ خۆیان دیاری دەکەن، بەشێک لەوانە – بەقەولێک – جگە لە هەندێ بوروکراتی پیشەیی(شاغل) لە دامودەزگا ئیدارییەکاندا شتێک نین و خوێندنەوەیێکی ڕێکوپێکیشیان لە کارکردی بورووکراتیكی خۆیان نییە. ئەوانە بەشێک لە چینێکی نوێی مامناوەندیی كۆنه‌وارن (کۆنسێرڤاتیڤ) کە لە باری ئابوورییەوە بەتوندی وابەستە و گرێدراوی حکومەتن، بۆیە قەت ناتوانن هەڵگری داخوازێکی تۆکمە و، خوازیاری ئاڵوگۆرێکی جددی لەکۆمەڵگه‌دا بن!
بەشێکیش لە لایەنگرانی ڕێفۆرمخوازی ئەم ڕێورەسمانە، پێیانوایە هەر جۆرە ڕەخنە و دژکردەوەیێک لە بەرامبەر ئەو جۆرە کۆبوونەوە نیوەحکوومیانە سه‌رچاوه‌ی له‌ ناواقعبینییه‌وه‌یه‌ و ئاماژه‌ به‌ داخوازیێکی دورەدەسته‌ کە لەگەل بڕستی فکری و توانای ڕاستەقینەی کۆمەڵگه‌ی کوردی یەک ناگرێتەوە. ئەوانە هەر ئەو کەسانەن کە به‌رده‌وام نیگایێکی لە خوارەوە بۆ سەرەوەیان بۆ بژارده‌ فکرییەکانی کۆمەڵگه‌ی فارسی هەیە و پێیانوایە هەر گوتارێک باس لە کوردایەتییێکی کەمێک ڕادیکال بکا، دەکەوێتە خانەی ئایدیۆلۆژیا و ده‌بێ بەخێرایی ڕەد بکرێتەوە.
خاڵێكی دیكه‌ش ئه‌وه‌ی كه‌؛ کۆمەڵگه‌ی ئێمە کۆمەڵگەیەکی قارەمانپەروەرە. ئه‌مه‌ ڕاستییه‌كه‌ ئەگینا چاوه‌ڕوانیی هه‌ڵوێست یان رۆڵگێڕانێكی ئه‌وتۆی لە هونەرمەندێکی دەنگخۆش نەدەکرد کە ئەو خۆی بۆ خۆیی دیاری نەکردووە. تووڕەبوونیش له‌و هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ر له‌ سۆنگه‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ قاره‌مانپه‌روه‌رانه‌وه‌یه‌. هه‌ڵبه‌ت هه‌مان کەمایەسی، له‌ ئاكاری لایەنگران و بەڕێوەبەرانی ئەو جورە کۆنگرانەشدا به‌دی ده‌كرێ: دەڵێی ئەوانیش نیازیان بەو جۆرە قارەمانسازییە هەیە ئەگینا ئه‌ركێكی ئاوایان نه‌ده‌خسته‌ سه‌رشانی هونه‌رمه‌ندێكی گۆرانیبێژ.
ئه‌م جۆره‌ لێکدانەوە وکردەوەیە به‌تایبه‌تی لە هەڵوێست و بۆچوونەکانی هەندێک كه‌سی ڕێفۆرمخوازدا، زۆر زه‌قتر خۆی نیشان داوه‌. ئەوە هەرئەو شێوه‌ تێفكرینه‌یه‌ کە داخوازە کوردییەکان توندڕەوانە دەبینێ و بە دابەزاندنی ئاستی داخوازە سیاسییەکان، بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ، دەیهەوێ چالاکییە فەرهەنگییەکان وەک بەدیل و جێگرەوە بۆحیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بنرخێنێ.
هه‌ڵبه‌ت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێفۆرمخوازانی نێزیک لە حاکمیەت لەم کاتانەدا هەردەم ئامادەن و مەودای زیاتریان بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی خۆیان و حاکمیەت پێدەدرێ، به‌ڵام مه‌رج نیه ئامانجی لانیکەم بەشێک لە بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی ناوداران له‌م جۆره‌ چالاكی و بۆنه‌یه،‌ ئه‌وه‌ بووبێ كه‌ بكرێ به‌ به‌دیلێك بۆ چالاكی و كرده‌وه‌ی سیاسیی كۆنكرێت.
بێگومان، ئه‌وه‌ ئاساییه‌ كه‌ مه‌به‌ستی ڕه‌قیب له‌ سازدانی ئه‌و جۆره‌ بۆنانە تەنیا رێزگرتن لە ناودارانی کورد نەبێ، بەڵکو بیەوێ جۆرێکی تایبەت لە ناودارانی کوردمان پێ بناسێنێ. بەڵام دژبەران و ڕەخنەگرانی ئەو جۆرە کۆنگرانەش دەبێ بزانن كه‌ ئەمە مەیدانێکە، هەر کەس دێ، بۆ بردنەوە و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیییەکانی خۆی دێ. بێگومان دەستی ئێمەش لەوبوارانەدا بۆ بەرهەڵستبوونەوە و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکان، نەبەستراوە.

له‌ كۆتاییشدا، وه‌ك ڕه‌خنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ بەرێوەبەران و لایەنگرانیش، دەکرێ بڵێین: ئاساییە هەرکەس بیەوێ بەشێوەی خۆی کارێک بۆ دڵی خۆی یا بۆ نیشتمانەکەی بکا، بەڵام دووره‌په‌رێزیكردن له‌ سیاسه‌ت نابێته‌ پاساو بۆ ئه‌وه‌ی بژارده‌ی ئەدیب و هونەرمەندی كوردستان، وردبینانه‌تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج نه‌كه‌ن و هه‌ستیاریی بیروڕای گشتی سه‌باره‌ت سیمبوڵه‌كان و ڕه‌هه‌ندی سیاسیی بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌به‌رچاو نه‌گرن.

Website | + posts