گەلی سۆمەر

گەلی سۆمەر (Sumerian)

د. ئاسۆس محه‌مەد مەلا قادر

بنچینە و بنەڕەتی ئاوەڵناوی سۆمەری “کەسی سۆمەری، گەلی سۆمەر

بابەتی بنچینە و بنەڕەتی سۆمەر و گەلی سۆمەری بابەتێکە هەر لە ساڵی ١٨٧٤ەوە وروژێندراوە و هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەتواندراوە ئەم بابەتە لەسەر بنەمایەکی زانستی یەکلایی بکرێتەوە. کەوابوو لێرەدا ئەم بابەتە بۆ توێژەرانی ئەم بوارە بە جێدەهێڵین  و هەوڵدەدەین لە چوارچێوەی ئەم کورتە بابەتەدا ئاوەڵناوی کەسی سۆمەری لە ژێر تیشکی نووسینە مێخییەکان، کە بە هەریەکە لە زمانی سۆمەری و ئەکەدی نووسراون، بخەینە بەر دیدەی خوێنەران. خوێنەران و توێژەران دەتوانن بۆ توێژینەوەی وردرتر لەباەرەی هەریەکە لەم چەمک و زاراوانەی ئاماژەیان پێدراوە بگەڕێنەوە سەر ئەو سەرچاوانەی لە پەراوێزدا ئاماژەیان پێدراوە. هەر لەم سۆنگەیەشەوە چاوێک بە هەرە کۆنترین سەرچاوە نووسراوەکان لەم بارەیەوە دەخشێنین و لە خشتە نووسراوێکی سەردەمی ئەکەدی کۆنەوە ( ٢٣٤٠-٢٢٠٠ ب.ز.) دەست پیدەکەین. ئەم نووسینە  جیاوازی لە نێوان کابرای ئەکەدی و زمانی سۆمەریدا دەکات (١. لو٢ ئا-ئوری-مێ ٣. ..ئێمێ-گی٧ lu2 a-uri?-me 3. .. eme-gi7)[1]. کەواتە لە ڕوانگەی بنەچەک و ڕەگەزەوە جیاوازی لە نێوان تۆوی سۆمەری و ئەکەدیدا هەبووە. هەروەها ئیبی-سینی پاشای بنەماڵەی ئوری سێهەم (٢٠٢٨-٢٠٢٤ ب. ز.) لە نامەیەکدا ئیشبی-ئیڕای دوژمنی وا ناو دەبات کە لە تۆوی سۆمەری نیە، بەڵکو کابرایەکە خەڵکی شاری مارییە[2]. شولگی دووەمین پاشای بنەماڵەی ئوری سێهەم )٢٠٩٣-٢٠٤٦ ب. ز.) دانیشتوانی وڵاتی بابل دەکات بە دوو بەشەوە. بەشێکیان بە زاراوەی ئوری (uri) (ئەکەدی) و بە شەکەی دیکەشیان بە کوڕانی  سۆمەری (dumu ki-en-gi-ra) ناوزەند دەکات[3]. هەروەها شولگی چاوەڕاو و بانگەشەی ئەوە دەکات، کە هەر لە ڕەچەڵەکەوە کوڕی سۆمەرە و سۆمەری زادەیە (وشەیی لە بنەتۆوە وە کوڕی سەمەرە/ هەر تۆوەکەی تۆوێکی سۆمەریە)[4] و لەوەتەی بۆتە کەسێکی دانا و هۆشیار و زیرەک زمانی مارتو و زمانی سۆمەری دەزانێت ( [eme] [mar]-tu niĝ2 eme-gi-ra-gin7 ḫe2-[en-ga-zu-am3])[5].

جگە لەو زاراوەیەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، زاراوەی سەرڕەش ( 𒊕 𒈪 ساگ-گیگ٢ saĝ-gíg) کە بە زمانی ئەکەدی بەرامبەری زاراوەی صالمات قاقادی (salmat qaqqadi) یە[6] وەک ئاوەڵناوێک بۆ ئاماژەدان بە گەلی سۆمەری بە کار دەهێندرا[7]. ئەوەتا دەبینین  شولگی لە سرودێکی شاهانەدا خۆی بە شوانی گەلی سەرڕەش ناو دەبات[8].  پەیکەری گودیای میری شاری لەگەش  (٢١٢٢-٢١٠٢ ب. ز) ڕەنگە ڕەنگدانەوەی ئاوەڵناوی زاراوەی  سەر ڕەش بێت/ ساگ-گیگ٢ ( بڕوانە وێنەی ژمارە ١ و ژمارە٢).

هەروەها هەمان زاراوە لە داڕشتنە وێژییەکاندا وەک زارەوەیەکی وێژەیی لە زمانی هۆنراوە و هەڵبەستدا بۆ ئاماژەدان بە مرۆڤ بە کاردەهێندرا[9].  هەروەک حاموڕابی پاشای بنەماڵەی بابلی کۆن لە پێشەکی یاساکەیدا وەک دەربڕینێکی پڕاو پڕ لە هۆنەربە زمانێکی وێژەیی ڕەنگین دەڵێت: “هەروەک خوداوەندی هەتاو / شەمەش بۆ مرۆڤایەتی (سەر ڕەش) هەڵهات و وڵاتی ڕوناک کردەوە> 40) ki-ma dŠamaš 41) a-na ṣalmat qaqqadim (SAG-GI6) 42) wa-ṣe-e-em-ma 43) ma-tim 44) nu-wu-ri-im )[10].

خۆری گەلی سۆمەری لە سەروبەندی ساڵی ١٩٠٠ ب.ز. دا بەرەو ئاوابوون دەچێت و ئەم گەلە بەرەو تەفروتونا بوون دەچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زمانەکەیان وەک زمانی زانست و ئاین و گەردونناسی هەتا وەکوو کۆتایی لەناوچوونی نوسسینی مێخی لەناو زمانەکانی دیکەدا خۆی ڕاگرت.[11].

[1] Ignance J. Gelb, MAD 4, 161: 1-3.

[2] J. S. Cooper, Sumer, RlA 13 (2011–2013) 293

[3] J. S. Cooper, Sumer, RlA 13 (2011–2013) 293

[4]J. S. Cooper, Sumer, RlA 13 (2011–2013) 293

[5] EPSD

[6] CAD, Vol. 16 S [Tsade] 75.

[7] Foxvog, Daniel A. Elementary Sumerian Glossary, 2016, 52

[8] Mario Liverani, The Ancient Near East, History, Society and Economy, English Version 2014, 167. Text 9.5.

[9] CAD, Vol. 16 S [Tsade] 75; EPSD,; AHw, III, 1077.

[10] Riekele Borger, Babylonisch-Assyrische Lesestücke, III 1963, I: 40-44.

[11]

Website | + posts