ستەمی ئینگلیز بەرامبەر بەکورد

ستار ئەحمەد

مێژووی ڕامیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەدەی ڕابردوودا، پڕە لە چیرۆکی خەمناک و دابەشکاریی ناڕەوا کە تێیدا نەتەوەی کورد وەک گەورەترین قوربانیی دەستی هێزە داگیرکەرەکان دەردەکەوێت. لە نێوان هەموو ئەو هێزە دەرەکییانەی کە دەستیان لە تێکدانی چارەنووسی ئەم گەلەدا هەبووە، دەسەڵاتی بەریتانیا (ئینگلیز) ڕۆڵێکی سەرەکی و نەرێنی گێڕاوە. ئەم ڕقە ئەستوور و بێبەزەیییەی ئینگلیز بەرامبەر بە کورد، تەنیا هەڵوێستێکی کاتی نەبووە، بەڵکوو بووەتە ڕێچکەیەکی هەمیشەیی لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان، بە جۆرێک کە هەمیشە مافە ڕەواکانی کوردیان لەسەر مێزی بازرگانیی ڕامیاری کردووەتە قوربانی. بۆ تێگەیشتن لە کرۆکیی ئەم ڕقە مێژووییە، نابێت تەنیا تەماشای ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم بکەین، بەڵکو دەبێت زۆر دوورتر بڕۆینە ناو مێژووەوە و لایەنە نەژادی و کلتوری و ئایینییەکانی ئەم کێشەیە هەڵبدەینەوە.

ڕەگی ئەم دوژمنایەتییە توندەی ڕۆژاوا و بە تایبەت ئینگلیز بەرامبەر بە کورد، بۆ کاتێکی زۆر کۆنتر دەگەڕێتەوە؛ بۆ ئەو سەردەمەی کە خاکی فەلەستین و قودس لەژێر دەستی هێزەکانی ئەوروپادا بوو. مێژوو گەواهی ئەوە دەدات کە خاکی فەلەستین سێ جاران لە لایەن پاڵەوان و جەنگاوەرانی کوردەوە ڕزگار کراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ باوەشی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە. گەورەترین و کاریگەرترین گورز کە بەر لووتبەرزیی هێزەکانی ئەوروپا کەوت، لەسەر دەستی سەرکردەی مەزنی کورد، سەلاحەدینی ئەیوبی بوو.

سەلاحەدین نەک هەر قودسی ڕزگار کرد، بەڵکو بە ڕەوشتبەرزی و دادپەروەریی خۆی لە کاتی جەنگدا، ناوی خۆی لە مێژووی جیهاندا تۆمار کرد. ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی کورد، بووە برینێکی کۆن و قووڵ لە دڵی شاهان و سەرکردە سەربازییەکانی ئینگلیزدا. ئەوان کاتێک لە دەستی شۆڕشگێڕێکی کورد تووشی ئەو شکستە مێژووییە بوون، کینە و ڕقێکی ئەستووریان لە ناخیاندا بەرامبەر بە تەواوی ئەم نەتەوەیە چاند. ئەم کینە کۆنە، نەوە دوای نەوە گوازرایەوە تا گەیشتە سەردەمی نوێ و وەک تۆڵەسەندنەوەیەکی مێژوویی لە ڕەفتارە ڕامیارییەکانی ئینگلیزدا ڕەنگیدایەوە.

بۆیە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و کاتی داڕووخانی دەسەڵاتی عوسمانی، ئینگلیزەکان پێگەی خۆیان لە ناوچەکەدا چەسپاند، هەموو ئەو پەیمان و بەڵێنانەی بە کوردیان دابوو پێشێل کرد. کاتێک گەلان بەدوای سەربەخۆیی خۆیاندا دەگەڕان، بەڵێنە فەرمییەکان بە کورد دران کە خاوەنی خاکی خۆیانبن، بەڵام ئینگلیزەکان لێرەدا نەک هەر ڕێگەیان نەدا کورد ببێتە خاوەن قەوارەیەکی سەربەخۆ، بەڵکو بە زۆرەملێ و بێخواستی گەلەکە، خاکی کوردستان و گەلی کوردیان دابەش کرد و بەشێکی گەورەیان لکاند بەو پێکهاتە نوێیانەی کە بۆ بەرژەوەندیی نەوتی و ستراتیژیی خۆیان دروستیان کردبوون. ئەم هەنگاوە تەنیا پلانێکی سادە نەبوو، بەڵکو داڕشتنێکی زیرەکانە بوو بۆ ئەوەی نەتەوەیەک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پشتی ئەوانی لەخاک دابوو، بۆ هەمیشە بە ژێردەستەیی و پەرتەوازیی بمێنێتەوە و سەر هەڵنەداتەوە.
ڕقی ئینگلیز بەرامبەر بە کورد تەنیا لە پشت مێزە نوێنەرایەتییەکاندا نەمایەوە، بەڵکو وەرگێڕدرا بۆ سەر زەوی و بەکارهێنانی توندوتیژیی بێشەرمانه. کاتێک شێخ مەحمودی حەفید وەک ڕابەرێکی نەتەوەیی دژی داگیرکاریی و بێبەڵێنییەکانی ئینگلیز ڕاپەڕی و داوای مافی ڕەوای گەلەکەی کرد، وەڵامی ئینگلیزەکان زۆر دڕندانە بوو. ئەوان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا هێزی ئاسمانی و بۆمبی وێرانکەریان دژی شار و گوندەکانی کوردستان بەکارهێنا. شاری سلێمانی و دەوروبەری بوونە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان، وێرانکاریی گەورەکرا و خەڵکی بێتاوان دەربەدەر و بێدەرەتان کران. ئەم ڕەفتارە نیشانەی ئەوە بوو کە داگیرکەری ئینگلیز هیچ بەهایەکی مرۆیی بۆ ژیانی کورد دانەدەنا و تەنیا دەیویست بە ئاگر و ئاسن هەر دەنگێکی ئازادیخواز کپبکاتەوە، چونکە دەیانویست تۆڵەی شکستە کۆنەکانی خۆیانیان لێبکەنەوە.
ئەم دوژمنایەتییە تەنیا لە لایەنی سەربازییەوە کورت نەبووەوە، بەڵکو لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتیشەوە زیانی گەورەی گەیاند. کاتێک لە ناوچەکانی کوردستان، بەتایبەت لە کەرکوک، نەوت دۆزرایەوە، چاوچنۆکیی ئینگلیز بۆ بردنی ئەم سامانە سروشتییە وایکرد، کە ڕێچکەیەکی توندتر دژی کورد پەیڕەو بکەن. ئەوان پێیان وابوو هۆشیاریی نەتەوەیی کورد و داواکردنی مافەکانیان، دەبێتە ڕێگر لەبەردەم تاڵانکردنی نەوتی ناوچەکە. بۆیە هەمیشە هەوڵیاندەدا پێگەی کورد لاواز بکەن، دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە بچەوسێننەوە و پاڵپشتیی ئەو دەسەڵاتە ناوەندییانە بکەن کە دژی کورد بوون، تەنیا بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی کە داهاتی نەوتەکە بۆ کۆمپانیاکانی خۆیان دەڕوات و کورد لە هیچ بەشێکی ئەو سامانە سوودمەند نەبێت.
سیاسەتی تێکدەرانەی ئینگلیز هەمیشە لەسەر بنەمای کەرتکە و زاڵبە و فەرمانڕەوایی بکە داڕێژرابوو. ئەوان لە ناوچەکەدا ناکۆکییان لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا دەچاند و هەمیشە لایەنی بەهێزتریان دژی کورد بەکاردەهێنا. لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا، کاتێک باسی مافی مرۆڤ و چارەی خۆ نووسینی گەلان دەکرا، نوێنەرانی ئینگلیز بە توندی دژی هەر پێشنیارێک دەوەستانەوە کە خزمەت بە دۆزی کورد بکات. ئەوان کوردستانیان وەک بارمتەیەکی ڕامیاری دەبینی کە دەکرێت لە هەر کاتێکدا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی تری ناوچەکە سازشی لەسەر بکرێت. ئەم بێباکییە بەرامبەر بە چارەنووسی ملیۆنان مرۆڤ، نیشانی دەدات کە چۆن ئەو ڕقە مێژووییە کۆنە بووەتە بزوێنەری سەرەکیی بڕیارە ڕامیارییەکانیان.
تەنانەت لە ڕووی ڕۆشنبیری و مێژووییشەوە، هەوڵێکی بەردەوام هەبوو بۆ شێواندنی ناسنامەی کورد. نووسەران و نێردراوە ڕامیارییەکانی ئینگلیز لە ناوچەکەدا، لە نووسینەکانیاندا هەمیشە کوردیان وەک گەلێکی سەرکەش، توندوتیژ و دوور لە شارستانیەت نیشان دەدا، تەنیا بۆ ئەوەی پاساو بۆ سەرکوتکاری و داگیرکارییەکانی خۆیان بهێننەوە و بڵێن ئەم گەلە شایستەی ئەوە نییە خاوەنی دەوڵەت و قەوارەی خۆی بێت. ئەوان بە مەبەست دەیانویست مێژووی پڕ لە سەرکەوتن و دادپەروەریی کورد لە بیر جیهان بەرنەوە و نەیانەویست کەس بزانێت کورد خاوەنی کلتور، زمان و مێژوویەکی دەوڵەمەندە. ئەم شێواندنە بەئەنقەست بوو بۆ ئەوەی دۆزی ڕەوای ئەم گەلە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە کەنارخراوی بمێنێتەوە.
ئەو بێدەنگی و پشتگوێخستنەی کە ئینگلیز لە کاتە هەستیارەکاندا بەرامبەر بە کورد… نیشانی دەدات، کەمتر نەبوو لە پەلکێشانی سەربازی. هەمیشە کاتێک کورد پێویستی بە پاڵپشتی بووە یان ڕووبەڕووی مەترسیی گەورەی لەناوچوون بووەتەوە، ئەوان پشتیان تێکردووە و سەیری دۆخەکەیان کردووە. ئەم ڕەفتارە دووبارەیە دەیسەلمێنێت کە لای ئەوان مرۆڤی کورد هیچ گرنگییەکی نەبووە، بەڵکو تەنیا وەک ئامرازێک بۆ گوشاری ڕامیاری بەکاریان هێناوە و کاتێک کاریان پێی نەماوە، بە تەنیا لەبەردەم داگیرکاراندا جێیان هێشتووە، کە ئەمەش درێژکراوەی هەمان ئەو ژەهری مارەیە، کە لە دڵیاندا پەپکەی خواردووە.
ئاشکرایە، مێژووی پەیوەندیی ئینگلیز لەگەڵ کورد، تۆمارێکی پڕ لە ستەم، بێبەڵێنی و چەوساندنەوەیە، کەڕیشەکەی دەچێتەوە سەر برینە کۆنەکانی شەڕی قودس و فەلەستین. ئەو نەهامەتییانەی کە ئەمڕۆ گەلی کورد بەدەستیانەوە دەناڵێنێت، چ دابەشبوونی خاکەکەی و چ بێبەشبوونی لە مافە سەرەتاییەکانی، بەشێکی گەورەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نەخشە شووم و ڕقە ئەستوورەی کە ئینگلیز لە ڕابردوودا کێشای بۆ ئەوەی تۆڵەی مێژوویی خۆی لەم گەلە پاڵەوانە بکاتەوە. ئەم مێژووە دەبێت هەمیشە لە یادەوەریی نەتەوەییماندا بە زیندوویی بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو ڕاستییەکان وەک خۆی بزانن و درک بەوە بکەن، کە کێ بوو ڕێگەی لە گەیشتن بە ئاواتە ڕەواکانیان گرت و خاکی ئەوانی کردە قوربانیی کینە کۆنەکانی خۆی.