ئیتڵاعات و کاولکاری سایکۆلۆژیای کۆمەڵگەی باشووری کوردستان

هارۆن کوردی

بەپێی (DSM-5) کۆمەڵەی دەروونزانانی ئەمریکی و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، شڵەژانی کەسایەتیی چەوساوە، بە حەوت نیشانە لە رەفتاری مرۆڤەكاندا دەستنیشان دەکرێت.

یەکێک لەو نیشانانە بریتییە لەوەی، کەسی شڵەژاو پێیوایە، ئەوانی تر لە دژی وی خەریکی پیلانگێڕی و شەڕخوازیین، دەیانەوێت ناشیرینی بکەن و لەناوی بەرن، کەسی نەخۆشیش بۆ ئەم تێڕوانینە نەخۆشئاسایەی خۆی، بە شێوەی رەفتار و وتار، وەڵامدانەوەی بۆ هەستە شڵەژاوەکانی دەبێت، بۆیە دەست دەکات بە چەوساندنەوەی ئەوی تر، وەک تۆڵەکردنەوە، ئەمە بەبێ ئەوەی کەسی بەرامبەر هیچ نییەتێکی خراپی بەرامبەر کەسی شڵەژاو هەبووبێت، كەچی لە ئازاردانی کەسی بەرامبەر چێژ وەردەگرێت، (ئەمە لە کۆمێنت و لایڤەکان دەردەکەوێت).

خۆی ئەم جۆری شڵەژانی کەسایەتییە لە پۆلێنی دەروونناسی تاوانکارییە، مەترسیدارتر دەبێت ئەگەر نیشانەکانی (سیندرۆمی ستۆکهۆڵم) لە کەسی شڵەژاو دەستنیشان بکرێت، قۆناغی داڕمان و تەواو ترسناک ئەوەیە، تاک و کۆمەڵی تووشبوو تراژیدیای خۆیان بە کۆمیدیا ببینن.

بڕوانن، لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستان ئەم شڵەژانە و هی دیكەیش بەسەر کۆمەڵدا پیادە بووە، دیارە کە روون و ئاشکرایە ئەمە بێ هۆکار نییە، دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی نەیار بە كورد و كوردستان، دەستیان لە شۆرینەوەی مێشکی تاکەکانی هاووڵاتییانی باشووری کوردستاندا هەیە، بەتایبەتییش ئێران.

لە هەناوی هەر کۆمەڵ و تاکێکی تووشبوو بە شڵەژانی کەسایەتیی چەوساوەدا (هیتلەرێک و ئیمامێك) هەیە، لە هەناوی هەر مرۆڤێکی شڵەژاوی کەسایەتیی چەوساوەدا (جەنگیزخانێک و ئیمامێكی تر) هەیە، كەسایەتیەكی ئازاردەر و جەللاد و سووتێنەر و وێرانکەر هەیە، ئەم کەسایەتییە هەست بە خۆی ناکات کە ئاوایە، هۆشیاری و ئاگایی بە رەوشە ترسناکەکەی دەروونی خۆی نییە، بە تێڕوانینی تایبەتی خۆم وەک دەروونناسێک، تایبەتمەندییەکانی ئەم شڵەژانە زیاتر لە نەخۆشییە ئەقڵییەکان نزیکە، وەک لەوەی نەخۆشییەکی دەروونی بێت.

ئێران بە سوودوەرگرتن لە ئیسلام و بەکارهێنانەوەی لە ئیتڵاعاتدا، بە پرۆگرامێکی هەستپێنەکراو، یاری بە مێشکی زۆر لە بانگخواز و مەلا و مزگەوت و پارت و لایەنە ئیسلامییەکانیش دەکات، بە جۆرێک، لە ڕێگەی هیپنۆتیزمی دینییەوە هەژموونی خۆی بەسەر ئەقڵ و هۆشی تاک بە تاکی کوردی باشووردا سەپاندووە، کە هیچ لۆژیکێکی تێدا نییە، جگە لە هاوسۆزییەکی زۆر توند، تا ئاستی شێتبوون و لەدەستدانی ئەقڵ.

کاتێ هاووڵاتییانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ سادەترین مافی خۆیان دەڕژێنە سەر شەقام، وەکوو مافی باشترکردنی رەوشی گوزەران و پۆشینی جلوبەرگ، هاووڵاتییانی باشوور توندتر لە کۆماری ئیسلامیی ئێران رووبەڕووی بەرخودانی هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبنەوە.

ئیتڵاعات و کلک و گوێ و سێبەرەکانی لە باشووری کوردستان، نەوەیەکیان پەروەردە کردووە، بەهۆی دەرکەوتنی تاڵێ قژی کچێک لە خۆرهەڵات، توندتر لە پاسدار و پۆلیسی ئەخلاقی! ئێران رووبەڕووی ئەو کچۆڵەیە دەبنەوە، ئەمە بە پاساوی بەزاندنی شەریعەتی خودا و پێغەمبەر! بەڵام هەرگیز بڵاوکردنەوە و ئالوودەکردنی ڕۆڵەکانمان لە رۆژهەڵات بە هێرۆیین و تلیاک و حەشیش و کریستاڵ و جۆرەکانی دیكەی هۆشبەرەكان، ناچێتە چوارچێوەی حەرام و حەڵاڵی ئەو ئیسلامەی كە بە سیاسەتی ئیتلاعات دروست کراوە و ئەقڵی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانی پێ دەشۆردرێتەوە.

ئەم هەوڵ و رەفتارەی ئێران، ئاشکرایە بۆ پرۆژەی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامییە بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جڵەوکردنیانە، تا خزمەت بە ئەجێندای سەفەوییەتی پێ بکەن، کە پێی دەڵێن (هیلالی شیعی)، بەڵام لە بنەڕەتدا بەهێزکردنی پێگە و دامەزراوەکانی ئێران و هەناردەکردنی شۆڕشی هۆشبەركانە بۆ وڵاتانی دەوروبەر، کە لە هەناوی ئیسلامێكی دروستکراوی خۆیان شاردوویانەتەوە.

ئێران و چۆنیەتی کاولکردنی سایکۆلۆژیای باشووری کوردستان

مەلا کرێکار دەڵێت: ”تاکە بەربەستێک لەبەردەم تەواوبوونی پڕۆژە لەبارچووەکەی کۆماری پەت و سێدارە مابێتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە هەر رۆژە ئاژاوەیەکی نوێ لەبەردەم ماڵی پارتی دروست دەکات و دەیەوێ شەڕێکی پێ بفرۆشێت، چونکە پارتی حوکمی ئەو ناوچانەی بەدەستە، کە دەكەوێتە سەر هێڵی هیلالی شیعی.“

لەوەیە رەهەندە سیاسییەکەی هەر پەیوەست نەبێت بە هیلالی شیعی، بەڵکوو زۆر قووڵتر و پەنهانتر و شاراوەتریش بێت، کە ئێمە درکمان پێی نەکردووە، بەئامانجگرتنی شێخ باز و پێشڕەو دزەیی، بەئامانجگرتنی کەرتی نەوت و غاز و ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، کە ئێران پێیوایە زیانی بەو گەیاندووە…هتد، بەڵام ئەوەی گرنگە لەم نووسینەدا زیاتر تیشکمان خستووەتە سەر، لایەنی سایکۆلۆژییە، کە چۆن ئەقڵی پێ دەشۆردرێتەوە و کۆمەڵگەی باشووری بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆی وەردەچەرخێنێت.

بژارەی یەکەمی ئێران بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، لاوازکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان بوو، بڕینی بودجە و نەدانی مووچە و ڕادەستکردنی سەرچاوەکانی داهاتی کوردستان بە عێراق، لە پڕۆژە دۆزەخییەکانی ئێرانن بەرامبەر بە کوردستان، بەرلەمەش، پێگەیاندنی کۆمەڵێ منداڵ و هەرزەکاری خوێنگەرم و جنێوفرۆش بوو لە 2009 بەولاوە.

لەپاڵ ئەم پیلانەیاندا، بەشێكی زۆر لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانیانی كوردستانیشیان خستووەتە گەڕ، بۆ شۆردنەوەی مێشکی هاووڵاتییانی کوردستان لە بەرژەوەندیی ئێران، لە دژی کوردستان، کە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرچاوەکانی داهات ڕادەست بکات، ئەوا بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت و گوزەرانی خەڵک باش دەبێتەوە!

لەدوای کەرتی ئابووری، دەستبردن بوو بۆ کەرتی پەروەردە، بیرمە لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی، مامۆستایەک دەیگوت: ”حاشا من کورد نیم و عێراقیم، حەیدەر عبادی مووچەکەم بەرێ!“. داوایان دەکرد حکوومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی خۆی رادەستی عێراق بکات تا مووچە بدرێت، بەڵام ئەوە رادەستیش کرا و مووچەش هەر نەدرا. یان لەم رۆژانەدا گرووپێك كە ناویان لە خۆیان ناوە (دەستەی داكۆكی لە مامۆستایانی ناڕازی) بەئاشكرا كوردایەتی بە (زەلكاو و حەماقەت) ناو دەبەن.
ئەوەتا خۆپیشاندەرانی هەرێمی كوردستان لەبری ئەوەی لە دژی عێراق خۆپیشاندان بکەن، کە سەرباری رێکكەوتن و رادەستکردنی مووچە و بودجەیان نادات، کە هیچ بیانوویەکیان بۆ نەماوەتەوە، کەچی هاووڵاتییانمان لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، کە زیاتر لەژێر پرۆژەی شۆرینەوەی مێشکدان لەلایەن دەزگا سیخوڕییەکان، بەردەوامن لە خۆپیشاندان دژی هەرێمی کوردستان!

دەستبەسەرداگرتنی کەرتی ئابووری و بودجەی هەرێم، ژیان و گوزەرانی گەلەکەمانی زۆر سەخت کردووە، لەپاڵ ئەمەدا، پرۆسەی مێشک شۆرینەوە بەردەوامە، بۆیە دەبینی کۆمەڵگەی باشووری كوردستان زیاتر لەلایەن ئێران داگیر کراوە وەک لە رۆژهەڵاتی كوردستان.

لەژێر هەژموونی ئەو دۆخەی ئێران دروستی کردووە، تاکەکانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان تووشی (سیندرۆمی ستۆکهۆڵم) بوون، ئەم نەخۆشییە وا لە تاک و کۆمەڵگەی تووشبوو دەکات، کە پێیوابێت دوژمنەکەی رزگارکەریەتی! جەللادەکەی هاوسۆزیەتی! بۆیە دژی خەڵک و خاک و وڵاتی خۆی رەفتار دەکات، وەک (من عێراقیم، کورد هیچی نییە، کورد بۆ دەسەڵات و حکوومەت ناشێ، زمانی کوردی زمانێکی لاوازی تێکەڵەی فارسی و عەرەبی و تورکییە، کورد مێژووی نییە، ئاڵای کوردستان پارچە پەڕۆیەکە، ئاڵای عێراقیشی خستووەتە سەر پرۆفایلەکەی، منداڵەکانی دەنێرێتە خوێندنگە عەرەبییەکان…)

یاخود هەر سەرکردەیەکی نوێ لە عێراق هەڵدەبژێردرێت، ئەو رێکلامەی ئەو دەروون نەخۆشخراوانەی دەستی ئیتڵاعات، وەها رێکلامێکی بۆ دەکەن، عەرەبەکان خۆیان ئەمەی بۆ ناکەن. کاتێ مستەفا کازمی بووە سەرۆک وەزیران، ئەو نەخۆش و قوربانییانەی دەستی ئیتڵاعات، هێندە بە شان و باڵیان هەڵدەدا، شتی وایان بۆ هەڵدەبەستا کە لە مێژووی هیچ سەرۆک وەزیرانێکدا نەبووە.

لای ئەو نەخۆشخراوانەی ئیتیلاعات تەنانەت سەددام حوسێن لایان بووەتە هێمای ئازایەتی و جوامێری و نەبەردی و دادوەری و سەرۆکێکی نموونەیی! بەداخەوە ساڵانێكە كوردی باشوور لەناو گەمەی دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهاندا، لە تاریکاییەکی بێسنووردا بەرەو مەرگی خۆیان ئاراستە دەکرێن.
من پرسیارم لە زۆر کەسی مێشک شۆردراو کردووە، بۆچی حاشا لە کوردبوونی خۆت دەکەیت و کوردبوونی خۆت بە سووک دێتە بەرچاو؟ بۆچی بوویتە داردەستی دوژمن؟ لە وەڵامدا گوتوویەتی: ”چونکە پارتی و یەکێتی جاشن!“ بەڵام ئەگەر ئەوان جاش بن، پەرچەکرداری پێچەوانەی تۆ دەبێ نەتەوەییبوون بێت، نەک لەوان جاشتر بیت، ئێستا جیاوازیی تۆ و ئەوان چییە؟ كە تۆ بە (جاش)یان دەزانیت؟

هەندێک لەوان کەوتوونەتە رامانی قووڵ و بیریان لێ کردووەتەوە، کە بەڕاستی ئەگەر پارتی و یەکێتی جاش! بن، خۆ ئەویش بە هەمان لۆژیک هەمان کاری پارتی و یەکێتی دەکات، لەم هاوکێشەیە دەبێ دۆستی پارتی و یەکێتی بێت نەک دژیان بێت، بەڵام چونکە مێشکی بە پڕوپاگەندەی راگەیاندنی دوژمن شۆراوەتەوە، هەرگیز هەڵوەستەیەکی لەسەر ئەو بیرۆکانەی دەزگا سیخووڕییەکان نەکردووە، کە لەودا چێنراون.

لەژێر باری دروستکردنی ئەم سایکۆلۆژییەتە تێکوپێکشکاوەی ئێران کە بۆ گەلی باشووری کوردستانی دروست کردووە، تراژیدیای جینۆسایدکردن و کیمیابارانکردن بووەتە کۆمیدیا! چونكە کاتێ فیلمێك یان دیمەنێكی جینۆسایدی كوردان لە سۆشیال میدیا دادەنرێت، خەڵکی عەرەب و بیانی دەگرین، بەڵام كوردە مێشكشۆراوە قوربانییەكانی دەستی دەزگا سیخووڕییەکان لە کۆمێنتەکان پێدەکەنن و تانە و توانج و گاڵتە و پێکەنین دادەنێن!

ئێران، لە ڕێگەی شەڕی دەروونی و شۆردنەوەی مێشک، کۆمەڵگایەکی فراوانی لە تاکی ناهۆشیار و نەزان و نەخوێندەوار و کورتبین و سۆزدار و بێئیرادە و بێهەڵوێست و بێکەڵکی لە باشووری کوردستان دروست کردووە، ئەم کۆمەڵگا زماندرێژ و داڕووخاوە بەرامبەر مووچەیەک، کە ئێران لێی بڕیون، دژی هەرێمی كوردستان لەسەر شەقامن، بەڵام بۆ مووشەکبارانکردنی هەولێر مێش میوانیان نییە!

ئێران تا راددەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە لەوەی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان لێک داببڕێت و دوژمنایەتییان لەنێواندا بچێنێت، سەرکەوتوو بووە لە رێگەی پڕوپاگەندەکانی چەواشەمان بکات، سەرکەوتوو بووە ڕۆژهەڵات و باشوور بکات بە دوژمنی یەکتر، سەرکەوتوو بووە باشوور بکاتە بازاڕی ساخکردنەوەی هۆشبەرەکانی، سەرکەوتوو بووە باشوور بکاتە هێزی دەمەوەری خۆی، دژی بەرخودانی رۆژهەڵاتییەکان، بەشێك لە كوردی باشوور لە پاسدار توندتر رووبەڕووی داوای ماف و ئازادییەکانی خەڵكی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبنەوە.

کاتێک هەرێمی کوردستان کەرتی ئابووری و سەربازیی بەهێزی نییە، چەک و پێداویستیی سەربازیی پێشکەوتووی نییە، ناتوانێت بچێتە جەنگێکەوە کە بەئاشکرا دەیانەوێ پەلکێشی بکەن، بەئاشکرا دەستدرێژی دەکرێتە سەر سەروەریی خاک و وڵاتمان، ئەوکات نەبوونی هێزی سەربازی لە هێزی دیپلۆماسی قەرەبوو دەبێتەوە.

کوردستان ناوچەی بەرژەوەندیی زلهێزە دژ بەیەکەکانە، ناوچەی بەرژەوەندیی ئێران و خۆرئاوایە، ئێران بە هەموو گرووپە چەکدارەکانیەوە. جا ئێمە بۆ راگرتنی هاوسەنگیی نێوان ئەم جەمسەرە دژ بەیەکانە، پێویستمان بە هێزی دیبلۆماسی هەیە، پێویستە لە دیبلۆماسییەت بەهێز بین، بۆ ئەوەی پشکی بەروەژەندیی خۆشمان لە سەقامگیربوون و بەهێزبوونی خۆمان لە ناوچەکە دەست بکەوێت، شەڕی دیبلۆماسییەت لە شەڕی سەربازی و جەنگ هەستیارترە… بەڵام دەستکەوتەکەی زیاتر و گەرەنتیکراوتریشە.

کاتێ پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی راگرتنی باڵانس و هاوسەنگیی نێوان ئەم جەمسەرە دژ بەیەکانە دەدات، کۆمەڵگەی بەئیتلاعاتبوو، بە ”جاش“ ناوی پارتی دەبەن و لە دژی دەوەستنەوە، پرسەکەش لە بنەڕەتەوە پەیوەست نییە بە پارتی، هەر حزبێکی دیكە جگە لە پارتی دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت و هۆشیاریی پارتی هەبێت، هەمان کار دەکات، کورد نەبێت و کوردستان نەبێت لە هەر وڵاتێکی دیكە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە مامەڵەیەکی وا لەگەڵ ڕەوشەکە دەکەن.

ئیتلاعات بە سوودوەرگرتن لە بڵاوکردنەوەی ئیسلامیی ئێرانی، شەڕی کوفر و ئیمان لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، وای لە کۆمەڵگای باشوور گەیاندووە، کە هەرێمی کوردستان پڕە لە کافر و جووی مەلعوون! خەڵكی باشووری وا چەواشە کردووە، کە ئیسرائیلی خاوەن ئەتۆمی بەهۆی پاڵپشتییەکانی هەرێمی کوردستانی چوار مانگ مووچەبڕاو، لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە!
ئیسڕائیلی کردووەتە بیانوو بۆ لەناوبردنمان، ئەوەتا شەو و رۆژ ئیسرائیل لە سووریا بنکە و بارەگاکانی ئێران بۆردومان دەکات، تا ئێستا ئێران نەیوێراوە فیشەکێکی پێوە بنێت، بێ گومان ئەگەر جوگرافیای هەرێمی کوردستان لە ئیسڕائیل دەبوو، هی ئیسڕائیلیش لە هەرێمی کوردستان، مووشەک و درۆنەکانی ئێران بەسەر خاکی ئیسڕائیلدا تێپەڕ دەبوون و لە کوردستانیان دەدا، بە پاساوی ئەوەی بنکەی ئیسڕائیل لەو ناوچانەدا هەیە!

ئەمە بەشێکە لەو شەڕی راگەیاندنەی ئێران بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی دەیکات، ئێران لەمێژە ئامادەکاریی کردووە، لەمێژە کار لەسەر شۆرینەوەی ئەقڵی کۆمەڵگەی باشوور دەکات، باشوورییەکانی لەمێژە وەک سەرباز بۆ شەڕی خۆی دژی حکوومەتی هەرێم ئامادە کردووە، ناهۆشیاریی تاکی کورد لە باشووری کوردستان، ژینگەیەکی لەبارە بۆ گەشەکردنی ئەجێندای فارس.

تەنانەت بەشێكی بەرچاو لە مەلا و بانگخوازانیش نائاگایانە کەوتوونەتە ژێر هەمان پڕوپاگەندەی چەواشەکاری، ئایینی ئیسلامیی ئێرانی وەکوو ئێران هیچ شتێکی قبووڵ نییە، بەهۆی چەپاندنی سێکسییەوە دەرکەوتنی تاڵێ قژ هەراسانیان دەکات، باسی چاکسازیی ئایینی بکەیت بە کافر و بێباوەڕ و دژەدین تاوانبارت دەکەن.

لە کاتێکدا ئیسلامی ناو قورئان زۆر کراوەترە و تەنانەت دەرگای ڕەخنەی بۆ بێئایینەکانیش کردووەتەوە، خۆی داوایان لێ دەکات بەڵگەی ناڕاستبوونی ئیسلام بخەنە روو، ئەم بوێری و کرانەوەیە جگە لە قورئان لە هیچ پەرتووکێکی ئایینیدا نییە، ئەوەتا دەفەرمووێت: (وَإِن كُنتُمْ فِي رَيْبٍ مِّمَّا نَزَّلْنَا عَلَىٰ عَبْدِنَا فَأْتُوا بِسُورَةٍ مِّن مِّثْلِهِ وَادْعُوا شُهَدَاءَكُم مِّن دُونِ اللَّهِ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ… سورة البقرة/ الآية 23).

تاکی کوردی باشوور لەناو تاریکایی چەواشەی دەزگا سیخووڕ و هەواڵگرییەکان، بەرەو خۆکوژیی خۆی ئاراستە دەکرێت، کۆمەڵگایەکن کەمتر لە تێکڕایی، لەژێر باری هیپنۆتیزمدان و هیچ بیرکردنەوە و هەڵوێستێک بەدەست خۆیان نییە، بەڵکوو لە نائاگاییاندا دەچێنرێت و دواتر هۆشیاریی مرۆڤەکە کۆنتڕۆڵ دەکات و دەیخاتە ژێر باری ئەجێندای خۆی، دەزگای لۆژیکی ئەو مرۆڤانە پەک خراوە.

بۆیە ئەرکی دەروونزان و کۆمەڵناس و دەرچووانی زانستە مرۆییەکانی كوردستانی باشوورە، ئیتر ڕۆڵی پێشمەرگەیی خۆیان لە بەرپەرچدانەوەی ئەم مێشک شۆرینەوەیە بگێڕن، کاتێ ئەمەتان بۆ دەنووسم، خۆم دوو جار داواکراوم ببمە سیخووڕ دژی وڵاتی خۆم، بەڵام ئەوە من بووم دوودڵیم خستووەتە دەروونی نوێنەرەکەیان، کە دەستبەرداری ئەم کارە ناساز و ناشیرینەی بێت، ئەوە من بووم خەریک بوو لەژێر باری خەواندنی دەستکرد بە خەبەری بهێنمەوە، بەڵام بەداخەوە جارێکی دیكە نەگەڕایەوە و نەمدیتەوە.

ئاخۆ چەندین ڕۆڵەی نیشتمان کەوتوونەتە داوی ئەو ڕاوچییانە و بە ناچاری دژی رەنگ و رەگەز و رەچەڵەک و خوێن و خاکی خۆیان پشتیوانی دەکرێن و بیست و چوار سەعات لە پەیج و لاپەڕەی بێ ئەسڵ و فەسڵ، خەریکی پڕوپاگەندەن بۆ ئێران، کە چەندین بارەگای ئیسڕائیلی لە کوردستان کردووەتە ئامانج! ئەگەر چاوی خیانەتی خۆمان نەبێت، ئێران لە کوێ ماڵی شێخ باز و پێشڕەو دزەیی و لیوا حەمەڕێگر پێدەزانێت، تا مووشەکبارانیان بکات؟

ئینجا لەدوای کردەوە تیرۆستییەکان، چەندین هەواڵ لە سۆشیال میدیا دەبینیت بە ناوی (ئێران چۆن بنکەی ئیسڕائیلی لە سەیداوە و تەیراوە کردە ئامانج، نهێنییەکانی پشت مووشەکبارانکردنی هەولێر چیین؟) دەیان ڕاپۆرتی بێسەروبەر و بێسانسۆر و بێ لێپێچینەوە، یاری بە ئەقڵی ئەم گەلە خێرلەخۆنەدیوە دەکەن.
ئەمەش هەر بەشێکە لە پڕۆژەی مێشک شۆرینەوەی دەزگای هەواڵگریی ئێران و وڵاتانی دیکەش لە کوردستان.

ئازیزانم، ئێران دژی ئیسرائیل نییە، دژی پارتی نییە، دژی هیچ ناوێک و دامەزراوەیەکی دیكە نییە، ئەم بیانووانە پاساوی بێبنەمان، ئێران مەبەستی سڕینەوەی تۆیی كوردە لەسەر نەخشە، کاتێ ئەوان باڵادەست دەبن، ناڵێن ئەمە پارتییە و ئەمە یەکێتییە، ناڵێن ئەمە ئیسلامییە و ئەمە عەلمانییە، بەڵکوو دەڵێن ئەمە کوردە و بیکوژن، ئەوەتا ئیسڕائیل بە ئێران دەورە دراوە، کوا دەتوانن فیشەکێکی پێوە بنێن؟ ئامانجی ئێران زۆر ترسناکتر و خوێناویترە، ئێستا دەزگا هەواڵگرییەکان خەریکن زەمینەسازی بۆ بەرپاکردنی شەڕێکی خوێناوی لە گۆڕەپانی عێراق و کوردستان دەڕەخسێنن، پێوستە بەرامبەر هەر جووڵەیەکی دوژمن زۆر هۆشیار بین.

جەنگی دەروونی، جەنگی راگەیاندن و مێشک شۆرینەوە، زۆر لە شەڕ و پێکدادانی سەربازی ترسناکترە، ئێمە لە مەیدانی شەڕ دژ بە داعش، بە قوربانیدانێکی زۆر سەرکەوتوو بووین، لێ بەداخەوە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو شەڕی دەروونی و مێشک شۆرینەوەیەی داگیركەرانمان دژ بە ئێمە دەیكەن، سەرکەوتوو نەبووین، داعش/ ئێران بە فیزیکیی لە کۆمەڵگەی کوردیدا نییە، بەڵام تێکڕای هزر و هۆشی باشووری كوردستان بیرکردنەوەیەکی ئێرانی و داعشیان لەسەر پرۆگرام کراوە!

هەموو وڵاتێک کێشەی هەیە، هیچ حکوومەتێک پێرفێکت نییە، حکوومەتی خۆمان، کە سێبەری خۆتانە و بە دەنگی ئێوە دروست بووە، بە خوێنی ئێوە دروست بووە، کەموکوڕیی زۆرە، بەڵام چارەسەری ئەم کێشانە بریتی نیین لە ڕەتکردنەوەی کێشەکان، بریتی نیین لە رەتکردنەوەی خۆت… مرۆڤی هۆشیار حکوومەتی هۆشیار دروست دەکات و مرۆڤی ناهۆشیاریش حکوومەتی ناهۆشیار دروست دەکات.

ماوەیەکی زۆرە سەرنجی وردی خۆم وەکوو دەروونناسێک، لەسەر تاک و کۆمەڵگەی کوردی باشوور چڕ کردووەتەوە، ئەوەی تێبینیم کردووە، کۆمەڵگەی کوردی باشوور بە شێوەی کۆمەڵ تووشی (شڵەژانی کەسایەتیی چەوساوە) هاتوون، زۆربەی جار ئەم شڵەژانە لەسەر ئاستی تاک دەستنیشان دەکرێت و هەر بەسەر تاکیشدا پەیڕەو دەبێت. بەڵام تۆڕە کۆمەڵایەتییەكانی ئەنتەرنێت، فەزایەکی بێسانسۆری بۆ تاکەکان تەرخان کردووە، کە تا ڕاددەیەک بێ ماسک (پێرسۆنا) بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و لەڕووی سایكۆلۆژییەوە بخوێندرێنەوە.

سەرەتا هۆشیاری و ئاگایی لە خۆتاندا بەدی بهێنن، ئینجا لەژێر ڕۆشنایی ئەم ئاگاییە، کەسانی ئاگامەند و لێهاتوو بۆ نوێنەرایەتیکردنتان لە حکوومەت هەڵبژێرن.

سەرچاوه

https://www.basnews.com/so/babat/836677

Website | + posts