سێ گۆشەی شوومی ئێران، تورکیە و عەرەبستان

حاتەم مینبەری (Hatam Manbari)

میژووی رۆژهەڵاتی ناوین  هیچی تر نیە جگە لە دەسەڵاتی داپڵۆسێنەر و دەسەڵاتداری مرۆڤکوژ. لە دەوڵەتی مادەکانەوە ( کە گوایا ریشە و نەسەبی کوردیشن)  تا دەسەڵاتدارانی فارس (پارس) تێکڕا قاتڵ و شای جینایەتکاری بەرهەم هێناوە. ئەوەی پێچەوانەی ئەمە ئیدەعا بکات، لای من هیچ شتێکی راستەقینەی لە سەر میژووی ئەم دەڤەرە نەخوێندوەتە و خۆی و خەڵکیش، بە چیرۆکی درۆزنانە و هەڵبەستراوی”کوورەشانە” ی فارسەکان ئەخەڵەتێنێ.

شوومترین شێوەی دەسەڵاتداری لەم ناوچەیە دا، ئەوەی ئێستایە کە بە شێوەی ٣ کوچکەیەکی لێکچوو( ئێرانی شێعە، تورکیەی فاشیست- ئیسلامیست و سعوودیەی وەهابی) خۆی نیشان ئەدات و بە شێوەیەکی کومێدی- تراژیک  دژبەری یەکتریشن.

کێشەی ئێران و سعوودیە هی سەردەمی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ”ئالی سعوود” نیە. ئەم ناسازگارییە  هی سەردەمی دەرکەوتنی سەفەوی و عوسمانیش نیە. بەم شێوەیە خوێندنەوەی میژووی ئەم دوو نەتەوەیە هەڵەیە. هەڵەیەکی هێندە گەورە کە گشت راستییەکانی تر ون دەکات.

بۆ دیتنەوەی ریشەی ئەم کێشەیە ئەبێت مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ دوور.  بۆ هەزار و چەند سەد ساڵ دواتر تا ریشەی راستەقینەکانی ئەم کۆنەقینە بدۆزێتەوە. بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە فارسەکان خاوەنی دەسەڵاتێکی رەهای خوێنڕێژ بوون. دەسەڵاتێک کە نەک هەر  میسر و بابولیان یەخسیر کردبوو بەڵکوو  خەریک بوون ”شارەدەوڵەتەکان” ی یۆنایش، لە ناو دەستگای ستەمکار و داپڵۆسێنەرانەی خویاندا بخنکێنێن. بۆ سەردەمی تێکشکانی پارسەکان بە دەستی سپارتا – ئاتێن.
شکانی خەشایەر شا لەم شەڕەدا و سەرکەوتنی سپای سپارتا بە سەر سپای پارسدا و دواتر بەشداری سپای ئاتێنیش لەم شەڕەدا، پێشی ئەم کارەساتە میژوویەی گرت و ئەورووپای لە چنگی تەوەحشی  سپای دڕەندەی پارس نەجات دا.
ئەسکەندەری مەقدوونی ٢٠٠ ساڵ دواتر ئاخرین بزماری لە تابووتی دەسەڵاتی پارس دا و بە تێکشکان، راونان و دواتر کوشتنی داریووش شای فارسان (داریووش دوای هەڵاتن لە لایەن ئەفسەرەکانی خویەوە بە سەختی بریندار کرا و لە کالیسکەی ئەسپەکەیدا کەوتە دەست ئەسکەندەر) هەڵهاتنی داریووش  لە دەشتی هەولێر و شەڕی ”گاوگامەلا”دا شکانێکی وای تووشی ئیمپراتۆرییەکەی کرد کە سەدان ساڵی برد تا جارێکی تر پارس وەک وڵات و سپاکەیان هەستێتەوە سەر پێ و لە بەرانبەر هێزێکی داگیرکەردا بەرگرییەکی شیاو بکات.
ئەسکەندەر زۆربەی نزیک بە تەواوی جێۆگرافیای ئەمپراتۆریای پارسی خستە ژێر فەرمانی و مەجالی هەستانەوە و سەرهەڵدانی هەر چەشنە دەسەڵاتێکی خۆجێی و ناکۆک لەگەڵ خۆی لە ناوچەکەدا نەهێشت.

میراتگرانی ئەسکەندەر، کە زیاتر هەڤاڵی نزیک و ئەفسەری پایەپەرزی سپاکەی بوون ئەمپراتۆیەکەیان دابەش کرد و هەر کامەیان بوونە حاکمی گۆشەیەکی. کەم- کەم و سەرەنجام تێکڕای ئەم دەسەڵاتە بچووکانە بوونە بەشێک لە ئەمپراتۆری تازە پێ گرتووی رۆم و لە ناویدا توانەوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوە و بە هێزبوونی رۆم ناوچەی ژێر کۆنترۆڵیشیان بەرفراوان بوون و وەک پیویست نەیانئەتوانی سەرکوتی سەربزێوییەکانی گۆشە و کەناری دەسەڵاتەکەیان بکەن.
لەم قۆناخەدا بوو کە چەندین خێڵ و تایفە جیاواز هەوڵی هەستاندنەوەی ئەمپراتۆری پارسیان، بە شێوە و ناوی جیاوازەوە دا. لە ناو ئەم خێڵ و تایفانەدا هەوڵی ساسانییەکان لە هەموان گەورە و بەرفراوانتر بوو. ئەم هۆزە ( ساسانی) کە کۆمەڵێک سەرچاوەی موعتەبەر ریشەکەیان ئەبەنەوە سەر مێدیاکان، نەک هەر توانییان ناوچەیەکی گەورەی دەسەڵاتکانی پێشتر بخەنە ژێر رکیفی خویانەوە و لە بەرانبەر هێرش و پەلامارەکانی رۆم دا بوەستنەوە بەڵکوو توانییان بە لاساییکردنەوەی رۆم، بەرگی دینێکی تاکپەرەستانەش ( یەک خودایی) بە بەر دەسەڵاتەکەیاندا بکەن و بە هاسانی خەڵکێکی بڕوادار بە ئاینی زەردەشت، لە بەرانبەر کلیسای مەسێحی کە رۆمەکان دوای کوشتنی عیسا خویان کردبووە خاوەنی پەروەردە بکەن.
دوای چەندین هێرش و شەڕی گەورەی بێ ئاکام لە نێوان ”رۆم و عەجەم” دا سەرەنجام رۆمەکان رێگای دانووساندن و ئاشتییەکی تاکتیکی و نێوەچڵیان لەگەڵ ساسانییەکاندا گرتەبەر و هۆی ئەم وەرچەرخانەشیان زیاتربوونی دووبەرەکی گەورە لە نێوان خویاندا بوو کە هێزەکەی ماندوو لاواز کردبوون.
  کلیسای رۆم لە نێوان بەرەی رۆژاوا و رۆژهەڵاتدا دابەش بوو و ئەم دابەشبوونەش بوو بە هۆی ئەوە دژمنانی رۆم و مەسێحیەت بتوانن خویان دەرخەن کە نموونەی هەرە بەرچاوی ئەو شوێنە بوو کە ئەوان پێشتر بە مێدیا – پەرسیا دەیانناسی.
ساسانییەکان ببوونە هیوای سەرخێڵ و ئەلیتی سیاسی ”ئێران”. چاوەڕوان بوون رۆم لاواز بێت و ئەوان بگەڕێنەوە شوێنە کۆنەکانی خویان. بگەڕێنەوە بابیلۆن، میسر، قوستەنتەنیە و …
لە پڕ شتێکی تازە هاتە ئاراوە. شتێک کە هیچ کام، نە رۆم و نە عەجەم حیسابیان بۆ نەکردبوو. لە شێوە دوڕگەی عەرەب، لە ناو تەپ و تۆزی دەشتێکی کاکی بە کاکیدا بزووتنەوەیەک سەری هەڵدا و بە کەمترین کات بوو بە هێزێکی گەورە. بزووتنەوەیەک کە هەم سپای شمشێر بەدەستی بێ بەزەیی و هەم فکر و ئیدۆلۆژییەک کە ئەیتوانی خەڵکی پێ بنێرێ بۆ مەیدانی مەرگ. دینی تازە لە دایک بووی ئیسلام کە رێبەر و ئەفسەر و تێکڕای سەرکردەکانی لەو خێڵ و هۆزانە بوون کە کەس حیسابێکی وردی بۆ نەکردبوون. هۆزە دەشتەکیەکانی شێوە دوڕگەی عەرەب.
دەسەڵاتدارانی ساسانی سەرەتا بە سەرسووڕمانەوە ئەیانڕوانیە دەرکەوتن و پێشڕەویەکانی ئەم سپا و هێزە تازەیە، بەڵام کە دیتیان رووی هێرشەکانی لەو ناوچانەیە کە بە گرنگ و ستراتێژیک بۆ وڵاتی رۆم دێنە ئەژمار، خوشحاڵ و هاوکات  چاوەڕوان بوون تا سپای رۆم بە تەواوی تووش و دەرگیری سپای عەرەب ببن و ئەودەم ئەوانیش لە پشتەوە خنجەری سەدان ساڵ لە کالاندا خەوتووی خویان  هەڵکێشن و بێ ترس لە پشتی  ئەم دژمنە سەدانساڵەیەی خویان بدەن و بگەڕێنەوە دۆخی جاری جاران.
کاتێک عەرەب توانییان شاری ئەسکەندەر ( ئالکساندەریا)، پێتەختی فێرعەون و کلۆپاترا ( قاهێرە) داگیر بکەن و دوای ئەوێش  روو لە شوێنی لە دایکبوون، دەرکەوتن و لە خاچدرانی عیسایش بڕۆنە پێش، ئیتر گومانێکیان لە بەدیهاتنی ئەم خەوە خوشەیان نەما.
بەڵام فرەی نەبرد سپای عەرەب ملی ئەسپە سەرمەستەکانی وەرسووڕاند و لە بەرەبەیانێکی سارددا گەییشتە پشت دەروازەی ئەمپراتۆرییە بەرین و گەورەکەی ئەوان.
لە ماوەیەکی کورت، یەکجار کورتی زەمانیدا، سپای دڕ و بێ رەحمی عەرەب، دەروازەکانی ساسانیی شکاندن، سپاکەیانی تار و مارکردن و دەسەڵاتەکەیانی سەر و بن کرد. ئەمپراتۆرییەک، کە بەرهەمی سەدان ساڵ بیرکردنەوەی بژاردە و ژێنراڵەکانیان دوای شکانە گەورەکەی سەردەمی ئەسکەندەر، میراتگری دوو لە گەورەترین ( پارس و میدیا) دەسەڵاتەکانی میژووی بەشەر  و خاوەن دووهەم ئەرتەشی دنیای بچووکی ئەو دەورانە  بوو، زۆر بە هاسانی و بێ بەرگرییەکی شیاو، بوو بە بەفری پار و لە ژێر سمی ئەسپی شێت و، بریقەی شمشێری خوێنینی سپای ئیسلام دا توایەوە و بۆ هەتایە تەواو بوو.
ئەم شکانە تاڵە، نەک هەر تەواوی خەون و خەیاڵی سەرۆک هۆز، بژاردە و دەسەڵاتداری ”عەجەمی” بۆ گەییشتنەوە بە دۆخی پێش هێرشی ئەسکەندەر  پووچەڵ کردەوە، بەڵکوو بۆ هەتایە ( هەتا رۆژگاری ئەمڕۆش) پێشی بە سەردەستبوونەوەیان لە گرنگترین و ستراتێژیکترین شوێنی دنیادا گرت و ١٤٠٠ ساڵی دوای ئەوەش، هێشتا گرێیە دەروونییەکانی ئەو شکانە،  بە بەشێک لە نوخبە و نووسەری دیاری فارسەوە ( سادێق هەدایەت، فەریدوون فەرۆخزاد، ئیبراهیم موشیری، سەعید ئەنساری و…) دیارە و کاتێک بە تووڕەییەوە ئێژن ”عەرەب”، حەتمە بۆن و جاری واشە بۆگەنی ئەو دژمنایەتییەی لێوەدێت.
دوولەتبوونی بەرەی ئیسلام، بە سەر ئامۆزاکانی محەمد، پەیامبەر و دامەزرێنەری دینەکەدا ( عەلی ئامۆزا، هاوڕێ و زاواشی بوو، لەگەڵ کچ و کچەزاکانیدا لە بەرەیەک و مەعاویە قورەیشی، خزمی نزیکی، ئایشە هاوژینی و تاقە ژنی ناو ژنەکانیشی کە خوی و خەڵکیش حیسابیان بۆ ئەکرد لە بەرەکەی دیکەدا) فرسەتێکی بۆ ئێلیت و بژاردەی عەجەم پێکهێنا تا ئاگری ئەم ناکۆکییە گەشتر بکەن و لە بەرژەوەندی خویان کەڵکی پیویستی لێ ورگرن.
کوژرانی عەلی، دەرمانخواردکردنی کوڕەگەورەکەی (حەسەن)  و سەرەنجام سەربڕینی حوسەین، کوڕ و برازاکانی و نزیکترین هەڤاڵانی لە دەشتی کەربەلا لە لایان یەزیدی کوڕی مەعاویەوە،  کێشەکەی گەیاندە ئەو ئاستە کە تا رۆژگاری ئەمڕۆش زامەکەی ناسۆر و قووڵاییەکەی بۆ هیچ ناوبژیوانێکی نێوان ئەم بنەماڵەیە پڕ نەکراوەتەوە. بەڵام  ئەم زامە قووڵە هەردەم بیانوو بەهانەیەک بووە  تا ”بیرمەندی”  بەرەی ناکۆک لەگەڵ حاکمی عەرەب لە شام، لە بەغدا و دواتریش لە مەکە،  کەڵکی لێ وەرگرێ و لە فرسەتێکی گونجاویش  گەڕاوە بۆ سازکردنی دەسەڵاتێک لە دژی.
سەدان ساڵی کارەساتبار تێپەڕین، بەڵام هەروا ”عەجەم”  لە ژێر چەپۆکی عەرەبدا ژیانی کۆڵەمەرگی و ملکەچییان دەبردە سەر. بەشێک لە ئێلیت و بژاردەکانیان چووبوونە بەغدا و خزمەتی حوکمی عەباسییان ئەکرد. لە پیلان و دەستەبازییەکانیاندا رۆڵی تێکدەرانەیان دەگێڕا تا مەجالێک بۆ کز و لاوازکردنی دەسەڵاتەکەیان پێک بهێنن بەڵام ناکام مابوونەوە. لە پڕ بەڵایەکی کاولکار لە دوورەوە، لە بنار و پێدەشتەکانی مەغولستانە هات. وەک کولە، وێرانی بە دوای خۆیدا کێش دەکرد و سەرەنجام کاتێک کەییشتە پێتەختی عەرەب، هێرش و پەلاماری دەست پێ کرد.  دوای ماوەیەکی کەم دەسەڵاتی عەباسییانی لە بەغدا تێکەوە پێچا و  وڵات و گشت ناوچەکەی بە وێرانی لە دوای خوی بە جێ هێشت.
لە ناو زک و ژێر سووتمانەکانی ئەم وێرانکارییەی مەغولدا دوو دەسەڵاتی رەش، خوێنڕێژ و قین لە دڵ لە دایک بوون لە دایکبوونێک کە لەتبوون و ماڵوێرانی بۆ ئێمەی کورد بە دیاری هێنا و هەتا ئێستاش لەتبوونی دیکە و ماڵوێرانی تری لێ شین ئەبێتەوە.


رووخانی خەلافەتی عەباسی بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵاتی لە شوێنی خۆی بە جێ هێشت. ناوچەیەکی بەرین و گرنگ، بێ سەرچاوەیەکی دەسەڵات مایەوە کە هەموان پێڕەوی و حیسابی لە سەر بکەن. لەو لاشەوە ئەمپراتۆری هەزار ساڵەی بیزانس لە ناو کێشە و ناکۆکییەکانی خویدا دەتلایەوە و رۆژ لە دوای رۆژ لە پەل و پۆ دەکەوت.
پاشەکشەی دەسەڵاتی قوستەنتەنیە گەییشتە جێگایەک کە خێڵێکی رەوەندی نەناسراوی تورک  ( عوسمانیەکان)، کە لە قۆناخی جیاوازدا  لەگەڵ سپای مەغول هاتبوونە ناوچە و، خێڵیکی دیکەی تورک (سەلجووقییەکان) بۆ پارێزگاریی سنوورە رۆژاواییەکانیان لە سنووری ئانادۆڵ بە جێ کردبوون، تەماحیان کەوتە بەر و لەگەڵ پاشەکشەی بیزانس، ”تەرێتووریا” و جێئۆگرافیای خویان بەرین و فراوانتر کرد و سەرەنجام هێندە چوونە پێش تا پێتەختی بیزانس، شاری یەکەم پاشای رۆمی شەرقی( کۆنستانتین- یان) داگیر کرد و کلیسای گەورەی شاریان(ئایا سۆفیا) کردە  گەورەترین مزگەوتی تا ئەوکاتی دنیای ئیسلام.

لات، مەنا، عوزا

دوای ئەوەش بناغەی ئەمپراتۆرییەکی خوێنڕێژی سەدانساڵەیان داڕشت بە ناوی ئەمپراتۆری، یان خەلافەتی عوسمانی. خەلافەتێک کە دەیان خەڵیفە و سولتانی تاوانباری گەیاندە چڵەپۆپەی دەسەڵات.
دەسەڵاتێک کە بە کوێرکردنی هەردووک چاوی برا، خنکاندن و کوشتنی باب، یان  ”پێستکەندن” ی وەزیر و وەکیلە نافەرمانکانیان دەپارێزرا.
هاوشان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە تاریکە، لە وڵاتی عەجەم و لەو شوێنەی ئێستا ئێرانی پێ ئێژن، خێڵێکی دیکەی بێ ناوونیشان( سەفەوویە) سەریان هەڵدا و بوونە دەسەڵاتداری بەشێکی زۆری ئەو سنوورانەی سەردەمی ساسانییەکان.
دەوڵەتی سەفەوی بە کردەوە هەنگاوی بۆ ئەو ئامانجە هەڵگرت کە ٩٠٠ ساڵ دوای هێرشی عەرەب لە مێشک و دەروونی بژاردەی ”عەجەم”دا خۆی مات دابوو. واتا جیاکردنەوەی خویان لەو دەسەڵاتەی کە لە وڵات و پێتەختێکی عەرەبییەوە سەرچاوەی دەگرت. ئەوان لەم نۆسەد ساڵەدا بە کردەوە ببوونە بەشێک لە دین، کولتوور و سیستەمی ئیسلام بەڵام هێشتا جیاوازییەکان زەق و بۆ ئەوە دەبوون ببنە بنەمای دەسەڵاتێکی جیاواز لەوەی لە مەکە، شام، بەغدا، قاهێرە و لەم ئاخرانەش دا  لە ”قوستەنتەنیە”ی عوسمانیدا دامەزرابوون.
سەفەوی، شێعەگەری وەک مەسهەبی رەسمی وڵاتەکەیان راگەیاند و بە شێوەیەکی توندیش هێرشیان دەکردە سەر ٣ خەلیفەی هەوەڵی موسڵمانان( ئەبوو بەکر، عومەر و عوسمان) و هاوژینی موحەمەد ئایشە.
خۆی لە خۆیدا دەرکەوتنی دەوڵەتی سەفەوی بە روانگە و مەسهەبێکی دیکەوە عوسمانییەکانی قوستەنتەنیەی تووڕە و بێزار کردبوو، بەڵام کاتێک هەواڵی دژایەتی و جنێوپێدان بە رێبەر و دامەزرێنەرانی ئیسلامیان لە لایەن دەوڵەتێکی مودەعی ئیسلامەوە دەبیست، حەجمێنیان لی دەبڕا و لە رێگەچارەیەک دەگەڕان تا پێشی پێشکەوتنیان بگرن.
لە سەردەمی بە دەسەڵاتگەییشتنی سەلیم سوڵتاندا، چەندین نامەی ”ئامۆژگاری” و دواتر هەڕەشەیان بۆ شای سەفەوی نارد بەڵام وەڵامێکی دڵخوازیان وەرنەگرتەوە. بۆیە سوڵاتان سەلیم بە پێچەوانەی باب و باپیرانی رووی هێرشەکانی لە ئورووپا وەرگێڕا و دوای دەرکردنی دەیان هەزار خەڵکی شێعە، یان بە قسەی ئەودەمی خۆیان ”رافزی” لە ژێر دەسەڵاتی خۆی، هێرشێکی گەورەی کردە سەر شای سەفەوی و لە ماوەیەکی کەمدا تەورێز، پێتەختی شا سمائیلی داگیر کرد. ئەم شەڕە کە بە شەڕی چالدران بە ناوبانگە، سەرەتای رووبەڕووبوونەوەی دوو فێرقەی دینی ئیسلام و دوو دانە لە هێزە باندەستەکانی ناوچەی ئێمە بوو. لەم رووداوە شوومەدا کوردستان بۆ یەکەم جار وبە شێوەیەکی رەسمی لە نێوان ئەم دوو هێزە رەشەدا  دابەش کرا، هێڵی سنووری ئەم دوو جەمسەرە خوێنینە بە سەر دڵ و ناو دەروونی نەتەوەی کورددا کێشران. هەڵبەت  ئەوان چەندین جەنگ و هەزاران کێشەی دیکەیان لە ماوەی دەسەڵاتیاندا بۆ هاتە پێش، بەڵام قەت لە بیریان نەکرد کە:
ئەگەر دژمنی خوێنی یەکتریش بن کە هەبوون، ژێرچەپۆکی و توانەوەی کورد وەک نەتەوە،  بەشێک لە پلان و بەرژەوەندی هاوبەشی هەردووکیانە. بۆ ئەم مەبەستە هاوشان و هێندێک جاریش جیاواز کاریان بۆ ئەم مەبەستەیان کرد بەڵام ئەوەی ئەو کات و هەتا ئەم رۆژگارە سەیر و سەمەرەیەی ئیستاشمان  لەم راستییە تاڵە حاڵی نەبووە، کورد و سیاسەتکارەکانیەتی. جا سیاسەتکاری خێڵەکی و گەمژەی سەردەمی ”سارۆبیرە”، یان کەراوات لە ملی نەوتفرۆشی لە مێشکا عەشایەری ئەم سەردەمەمان. 

Primordial Landscape

ئەوەی بە ناوی حکوومەتی سەفەوی لە میژووی ئێراندا ناو دەبرێ، بناغەکەی کوڕە خێڵەکێیەکی تورک و بە وتەی هێندێک سەرچاوە کورد، لە ساڵی  ١٥٠١  دانرا. لە یەکەم رووبەڕوو بوونەوەیدا لەگەڵ سپای عوسمانی بە سەختی تێکشکا و پێتەختەکەشی کەوتە دەست دژمن، بەڵام خۆی گرتەوە، هەستایەوە سەرپێ و زیاتر لە دوو سەد ساڵێش حکوومەتی بە سەر ئەو جێئوگرافیایەدا کرد کە ئێستە ئێرانی پێ ئەوترێ. حکوومەتێک کە بە کردەوە دەستی دەرەکی و بە تایبەتی نوێنەرانی خەڵیفەی ئیسلام ( جا لە شام و بەغدا بێت یان ئیستانبووڵ) لە کار و باری وڵاتی ”عەجەم”دا کورت کردەوە.
سوڵتان سەلیم دوای تێکشکاندنی سەفەویان لە چالدران گەڕایەوە ئیستانبووڵ و ئینجا مەسیری پەلامارەکانی کردە ناوچە عەرەبیەکان. لە شامەوە تا بەغدا و لە بەغداوە تا فەلەستینی تێکڕا خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی. دوای ئەم کارە جگە لە سوڵتان، لەقەبی خەلیفەشی بۆ خۆی زیاد کرد.ناردی کلیلی هەردووک شوێنی پیرۆزی موسوڵمانانیان بۆ هێنا و خوی وەک ”خادەمی حەرەمەینی شەریفەین” راگەیاند…
ئەم وەزعە لە قازانجی سپا و دەوڵەتی سەفەوی بوو چوونکە لە لایەک بە کردەوە عەرەب وەک دژمنی سەرسەختی ئەوان لە پەل و پۆ خرابوون و بە هیچ شێوەیەک لە توانایاندا نەبوو مەترسییەک بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتی عەجەم دروست بکەن. دەسەڵاتێک  کە ئێستە بە کردەوە خۆیان بە ئیسلامی راستەقینە پێناسە دەکرد و حیسابێکێشیان بۆ حاکمانی مەکە و خەلیفەی ئیستانبووڵیش نەدەرکرد. دیارە ئەم هەنگاوەی سەفەویان دیسان ئەو خەونەی لای بژاردەی عەجەم زیندوو کردەوە کە ئەوان بۆ خۆیان خاوەن بڕیاری وڵاتی خۆیانن و  ” تازی”، کە ئەوان ئێستەش بۆ عەرەب بە کاری دێنن توانای حکوومەتکردنی بە سەریاندا نەماوە.
بەڵام لە سەرەتای سەدەی سێهەمی دەسەڵاتی سەفەویدا، دیسان ئەم خیاڵە سەوزە بۆ ئێلیت و نۆخبەی ”ئێران”، بوو بە کابووسێکی تاڵتر لەوانەی پێشوو. جارێکی دیکە ”شێرە بەفرینە” ی دەسەڵاتیان لە بەر پەلامارێکی بچووکی دەرەکیدا لاوازی و هیچبوونی خۆی بۆ هەموان دەرکەوت. سپایەکی چەند هەزار سواری سەرۆکخێڵێکی ئەفغانی ( مەحموودی ئەفغان)  گەییشتە  بەر دەروازە بەرزەکانی  ” نیسفی جەهان”  و کە دڵنیا بوو کەس نیە بێت و پێشی پێ بگرێ، بێ هیچ بەرگرییەکی شیاوی باسکردن، شار و کۆشک و پێتەختی شای خستە ژێر پێ ئەسپەکانی، کەنیشک و کەنیزی شای بە تاڵان بردن و بە هاسانی بوو بە  خاوەن تاج و تەختی ئئیمپراتۆریای سەفەوی و پایتەختەکەی کردە شوێنی مانەوەی خۆی!
هەموو دەورانی نادر و ”کەریمە کوردە” سەرەتایەکی خوێنین بوو بۆ هاتنەوەی خێڵێکی دیکەی تورکی شێعە، تا جارێکیتر دەسەڵاتێکی خۆجێ – یی و دوور لە دەستێوەردانی خەلیفەی عەرەب، عەجەم حاکمی ماڵی خۆیان بن.
شەڕی یەکەمی جیهانی، بە تێکڕای نەگبەتییەکانیەوە قازانجێکی جیهانی گەورەشی هەبوو. قازانجی تێکەوەپێچانی ئەمپراتۆرییە خوێنڕێژ و تاوانبارەکان. هەر لە نەوعی ئورووپاییەکەی لە ئوتریش – مەجارستانەوە کە سەبەب و هەڵخڕێنەری ئەم شەڕە ماڵوێرانەکەرە بوو، تا ئاڵمانی و رووسیەکەی کە ئەو سەنگەرەکەی وێرانکارییەکان بوو. لە دەسەڵاتی داپڵۆسێنەرانە و سەدانساڵەی سوڵتانی عوسمانیەوە، تا سەرەنجام دەستگا و دەرباری تا بنملان گەندەڵ و فاسدی بنەماڵەی قاجار. تێکڕا و سەرجەمیان پێچرانەوە و لە زبڵدانی میژوو هاوێژران، بەڵام مخابن دیسان لە ژێر داروو پەردووەکانیانەوە چەند دیکتاتۆر و هەیوولای دیکەی وەک هێتلەر، ئەتا تورک و رەزا خانی میرپەنج لە دایک بوون و دنیا و ناوچەشیان تووشی قۆناخێکی دیکەی خوێنڕشتن، ئەم جار بە ناوێکی دیکەوە کردەوە…

دوای نشتنەوەی کەف و کوڵی شۆڕشی گەورەی فەرانسە، کە بە کردەوە فیۆداڵیزمی ئورووپای هەڵتەکاند و رێگای بۆ شۆڕشی پیشەسازی، لە پانتاییەکی گەورەتردا کردەوە، وڵاتانی گەورەی رۆژاوا و لە پێشیانەوە بریتانیا دەستیان کرد بە بنکۆڵکردنی ئێمپراتۆری عوسمانی.زۆر بە حەوسەڵە و لە سەرەخۆ، چاڵیان بۆ کەند، پاڵیان پێوەنا و بە کردەوە لە پەل و پۆیان خست.  سەرەتا لە بالکان، دواتر لە باشووری ئورووپا و سەرەنجام لە میسر وەدەریان نا.

ئامرازی ئەم پاشەکشەیەی دەسەڵاتی سوڵتان، لە بنەڕەتدا  ناڕەزایەتی خەڵکی دەڤەرەکە لە سیستەمی تاڵانچی و تاوانباری بنەماڵەی عوسمانی بوو. بەڵام ئورووپاییەکانیش ژیرانە باوەشێنی رق وقینی خەڵکیان کرد، گەشاندیانەوە و سەرەنجام  ڕقی خەڵکی ناڕازی بوو ئاگر و لە جەستەی ئەم دەسەڵاتە رزیو و داتەپیوە بەربوو. ئاگری هەڵگیرساوی رقی خەڵک هاوکات و  لە چەند لاوە، سپا و دەسەڵاتە سەدانساڵەکەی  لاواز و هەنگاو بە هەنگاو پاشەکشەی پێ کرد و سەرەنجام کاتێک لافاوێکی گەورە، فرە بەهێزتر لە چاوەڕوانی ژنراڵەکانی خەلیفە هاتە بەر دەرگا، ئیدی بەرگەی بەرگری نەگرت و دوای هێندێک ملەجێڕێ بێ ئاکام، دەست و لاقی راکێشا و مرد…

موستەفا کەماڵ میراتگری ئەم دەسەڵاتە کۆن، گەورە و زاڵمانەیە بوو. جگە لەوەش میراتگری دوو ژنراڵی لە خۆی گەورەتر بوو. گەورە هەم لە باری تەمەن و هەمیش لە باری پلە و پایەی سەربازییەوە.
تەلعەت و ئەنوەر پاشا،  کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە لە پیری و نەخوشیی سوڵتان عەبدول حەمید کەڵکیان وەرگرت و بە کردەوە تەواوی دەسەڵاتەکانی ئەو و سپاکەیان خستە دەست خویان. ئەم دوو ژێنراڵە، کە بە کردەوە ببوونە بڕیاردەری ئێمپراتۆرییەکی گەورە، لە کۆڕانکارییەکانی دنیادا بە لای دەسەڵاتی ئاڵماندا کەوتن و هێندە لەو وڵاتە نزیکبوونەوە کە مەجالێک بۆ مانۆڕ و بێ لایەن مانەوەیان نەما و کاتێک جریقیەی یەکەمی شەڕی جیهانی یەکەم لێدرا، ئەوانیش بە کردەوە کەوتنە ناو ئاگرەکەی.

لە گەرمەی ئەم شەڕەدا کە سپای عوسمانی لە هەموو بەرەکاندا روو لە شکان و پاشيکشە بوو، تەلعەت و ئەنوەر پاشا بەشێک لە گورگە هارەکانیان، لە بەرەی شەڕ گێڕایەوە و بە پلانێکی چەپەڵ و دڕەندانە  بەریاندانە گیانی  ناڕازیانی ناوخۆی ئەمپراتۆرییەکەیان و ئەوەی میژوو وەک ژێنوسایدی ئەرمەنییەکان، بە دەست سپای عوسمانی تۆماری کردوە لەم قۆناخە و بە دەستووری راستەوخۆی ئەم دوو تاوانبارە ئەنجام درا.
موستەفا کەماڵ جۆرێک ”فرانکسیسکۆ فرانکۆی”ی تورکیاش بوو. ئەویش وەک فرانکۆ  لە ماوەی شەڕ و ئەم گێژاوە گەورەیەدا کە  تووشی وڵاتەکەی ببوو بە کردەوە لە ناوقورنگەی ئاگر و لەو ژێنراڵانەی سپای عوسمانیش بوو کە گیانبازی گەورەی لە خوی نیشاندا. بەڵام دوای تێکشکانی جەرگبڕی سپاکەی، بە کردەوە میراتی ئەم شکانەشی بۆ مایەوە و رێگایەک جگە لە هەوڵدان بۆ هەستانەوە، یان هەڵاتن و لە شوێنێکدا بێ ناو و نیشان مردن ( وەک تەلعەت و ئەنوەر کردیان) نەما بوویەوە، کە ئەو بێ دوودڵی ئەوەی  یەکەمیانی هەڵبژارد بەڵام فەرقی ئەو لەگەڵ فرانکۆ ئەوەیە کە  فرانکۆ هەموو دێموکرات، سێکۆلەر، کۆماریخواز و چەپی وڵاتەکەی سەرکوت و نابوود کردن و دوای دەیانساڵ دەسەڵاتی توتالیتەرانەی سەربازی، گەنجێکی کردەوە شا و تاجی لە دوورەوە فڕێدراوی پادشا کۆنەکانی سپانیای کردەوە سەری. بەڵام ئاتا تورک سوڵتانێکی نەخوش و لاوازی لە دەسەڵات خست، یاسا و رێسایەکی سێکۆلار و لە هێندێک بواریشدا دژەدینی دامەرزراند و خوی بوو بە ”سەرۆک کۆمارێکی داییمول عومر”.
دەوڵەتی تازەی تورک، دوای ئەنجامدانی هەزاران تاوانی گەورە کە یەکیان کوشتاری بێ روحمانەی ئەزمیر و یەکێکی دیکەیان قڕکردنی خەڵکی دێرسیم و شوڕشی شێخ رەزایە  ( من لە دوو بابەتی درێژی دیکەدا بە ناوی ”چۆن مەستەفا کەماڵ بوو بە باوکی تورکان” و ”کاتێک تورکان سێمیرنایان سووتاند”، بە وردی باسی ئەم تاوانانەم کردووە) دەسەڵاتی بە سەر سەراسەری ئەناتۆلیدا گرت و، لەو ڕۆژگارەشەوە تا ئەم رۆژانەی ئەمڕۆ، جێگرەوەکانی موستەفا کەماڵ لە کوردستان خوێنی ژن، مناڵ، پیر و گەنجی ئێمە دەڕێژن و هەر جارە و ناوێکیشمان لە سەر دادەنێن، جارێک  شێخ سەعیدی پیران و شێخڕەزا بە ”دیندار و کۆنەپەرەست” جارێکیش پ.ک.کە و بزووتنەوەیەکی مودێڕن و مەدەنی بەرفراوان بە ”بێدین و زەردەشتی” تاوانبار دەکەن.
لەگەڵ تێکەوە پێچرانی عوسمانی، دەسەڵاتی فاسد و ستەمکاری فیوداڵەکانی قاجاریش لە ئێران گزک درایە ناو زبڵدانی میژوو. وڵات پشێوەی تێکەوت و لە هەر گۆشەیەکیەوە خان و دەرەبەگێک بوو بە دەسەڵاتدار. سمکۆی شکاک پلان و بەرنامەی سەرهەڵدانێکی گەورەی خستەکار و بە هۆی هاوکاتبوونییەوە لەگەڵ شۆڕشی شێح مەحموود لە باشووردا، خوی گرێدانێکی گرنگیشی لەگەڵ دوو پارچەی کوردستان پێکهێنا.
ژمارەیەک لە بژاردە و ئێلیتی رووناکبیری فارس پێش دەستپێکردنی شەڕ روویشتبوونە ئەورووپا و لەوێ گیرسابوونەوە و بە هۆی خوێندنەوە تێکەڵی بیر و فکرە تازەکانی ئەو قاڕەیەی دنیا ببوون.
ژمارەی زۆری ئەم کەسانە لە سەر بیرە کۆنە خنکاوە هەزارانساڵەکەیان، ئەوەی کە ئێران ”تەمەدونی گەورە” ئارایی ”رەگەزی بانتر” و عەرەب ”تازی و مارموولەکخور” خویان پێ گەیاندبوو و سەرچاوەی بیر و بینخواردنەوەی هەمووشیان ئەو نازیسمە نەخوشە بوو کە دواتر ئادۆلف هیتلەر کردیە کتێب، کردار و کاولکارییەکی میژوویی لێ شین بوویەوە.
گەڕانەوەی ئەم گرووپە ”رۆشنفکرە” بۆ ئێران و بە سەر پاشاگەردانییەکی مەترسیدارکەوتنیان لە وڵاتەکەیاندا، تێکڕایانی خستە سەر ئەو تەگبیرە کە بە دوای کەسێکدا بگەڕێن( ڕاست وەک ئەو کومێدیایەی ئێستا بۆ ڕەزا پەهلەوی دەیکەن) بیکەنە شا، خویان بچنە ژێرباڵی و هێندە پەلوپۆی لێ زیاد کەن تا ئێران بکاتەوە وڵاتێکی بە هێز و خاوەن دەسەڵات.
ئاکامی ئەم هەوڵ و هەرایەی ئەلیتی باندەستخوازی ئێڕان، بوو بە هۆی دەرکەوتنی کەسێکی ”گومنام” و نادیار بە ناوی رەزا خانی میرپەنج. کەسێک  کە لە رەوتی رووداوەکاندا بوو بە شا، دواتر شاهەنشا و لە کۆتاییشدا بە لاساییکردنەوە و چاولێکردنی هیتلەر، گەرەکی بوو تەواوی ئەو گەل و نەتەوانەی لە ژێر دەستیدان بتوێنێتەوە و نەتەوەیەکی ”خالێسیان”  لێ دروست بکات بە ناوی ”ملت ایران” کە هەتا ئەم سەردەمەش پڕۆژەکەی لە لایەن میراتگرانیەوە بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام، بەڵام بێ ئاکام درێژەی پێ ئەدرێ…
زۆر پێشتر لەوەی شەڕی جیهانی یەکەم رووبدات، هەردووک زلهێزی ئەودەمی  ئورووپا، واتا بریتانیا و فەرانسە تێکڕای کێشە کۆن و گەورەکانی نێوانیان وەلا نابوون و بە پلان و بەرنامەیەکی ورد کەوتبوونە بیری ئەوە کە  نفووز و دەسەڵاتی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوین و ناوچە عەرەبییەکانی ئەو گۆشەیەی دنیادا فراوان بکەن. هاوشان، بەڵام هەرکام بۆ مەبەستی تایبەتی وڵاتی خۆی، کەس و جاسووسی کارزانیان بۆ ناوچەکە بەڕێ دەکردن و لە ژێرەوە خەریکی رێکخستن و چەکدارکردنی خێڵ و عەشایەرە عەرەبەکانی حیجاز، شام، بەغدا، بەسرە، لۆبنان و شوێنەکانی دیکە بوون تا ئەگەر رۆژی خۆی گەییشت، ئەوان لە بەرەی خۆیاندا بخەنەگەڕ و زەمینەی وەدەرنانی سپای بێزراوی عوسمانی لە وڵاتەکانی خۆیاندا ئامادە بکەن.
حکوومەتی بریتانیا لە بەرەبەیانی سەدەی بیستەمەوە، دوو کەسی زۆر گرنگی دەستگای سێخوڕی خۆی، واتا ”گێتروود  مارگارێت بێڵ” و  ”تۆماس ئێدڤارد لۆرانس”، کە بە لۆرانسی عەرەبستانیش بە ناوبانگە ناردە ناوچە، ئەختیار و ئیمکاناتی تەواوی لە بەردەست خستن تا پلانەکانیان بە باشی جێ بە جێ بکەن. ئەم دوو کەسە و دەیان ئەفسەر و کاربەدەستی تری بریتانیا، بە ناو و شکڵی جیاواز، بەڵام بۆ هەمان مەبەست تا کۆتایی شەڕ و دابەشکردنی وڵاتی عەرەبان بە بیست و چەند دەوڵەت لە ناوچەدا مانەوە.
پێش ئەم پلانەی فەرانسە – بریتانیا،  تێکڕای وڵاتانی عەرەبی تەنیا مەیدانێکی باجدان و بارکێشانی سپا و خەڵیفەی عوسمانی بوون و تەنانەت مەکە و مەدینەش کە گرنگترین شوێنی پیرۆزی موسوڵمانانی دنیایە، بچووکترین رۆڵیان لە چارەنووسی ناوچەدا نەبوو. ژمارەیەکی کەم و زیاتر لە دەسترۆیشتوانی شوێنە دەوڵەمەندەکانی دنیای ئیسلام بە ئیزن و ئاگاداری پیاوانی خەلیفە بۆ حەج و زیارەت سەردانی ئەو دوو جێگایەیان دەکرد و ئەو ژمارەیەش بە زەحمەت  لە تەواوی ساڵیکدا دەگەییشتە چەند هەزار کەس. بەڵام دوای وەرسووڕانی جەرخ و دامەزراندنی دەوڵەتی خێڵەکی ملکەچی رۆژاوا، مەکە و مەدینە بوونەوە ناوەندی بڕیار و جێ سەرنجی هەموو موسوڵمانان کە بە پێ تێپەڕینی کات ژمارەی حاجی و زیارەتکەرانی سەدان هەزار و دواتریش چەندین میلیۆنی  لە ساڵێکدا تێپەڕاند.
بەغدا و شامیش، لە سەر سنوور و  بن هەنگڵی دەسەڵاتی تورکدا بوونەوە خاوەن دەسەڵاتی خۆیان و لە بری ئیتاعەت و گوێگرتن لە ئیستانبووڵ، بوونە پەیڕەوی لەندەن و پاریس. دیارە ئەوەی لەم نێوانەدا دیسان هەموو شتێکی لە دەست دا کوردەکان بوون کە هۆی سەرەکیشی بێ خاوەنی، نەبوونی رێبەرێیەکی شیاو و هۆشیارییەکی نەتەوەیی گشتی ناو کۆمەڵگاکەمان بوو.
سازبوونی چەند دەوڵەتی عەرەبی و پشتیوانی بێ درێغی بریتانیا لەم دەسەڵتانە، دیسان  باڵانسی هێزی لە زیانی دەوڵەتی تازە پێگرتووی عەجەم گۆڕی. بەڵام بریتانیا ئەم جارە هەردووک بەرەکەی کردە هاوپەیمانی خۆی بۆ دروستکردنی بەربەستێک لە بەرانبەر تەشەنەکردن و پێشڕەوی بولشەڤیزم، بە هانای سپای رەزا شای ئێرانەوە چوو و فڕۆکەی بریتانیایی سپای هێزەکانی جەنگەڵ، کە دژمنی دەوڵەتی تاران بوون بۆمباران کرد و لە شکستپێهێنانی ئەو شۆڕشەدا رۆڵی گرنگیان گێڕا.
دوای ئەم قۆناخە ئێتر سێ گۆشەیەکی نوێ(فارسی- تورکی- عەرەبی، لە شێوە شۆڤینیستییە هەرە تۆخەکەی) لە سێ قۆژبنی ناوچەی ئێمەدا لە دایک بوو. سێ گۆشەیەک کە من لەم بابەتەدا ناوی سێ گۆشەی شوومی ئێران، تورکیە و عەرەبستانم لێ ناوە. سێ گۆشەیەک کە وڵاتی ئێمە، کوردستانی لە ناو چنگە خوێنینەکانیدا قەتیس و گرفتار کرد. رێگای دەریا و دنیای لێ بەربەست کرد و دینی بۆ بەرژەوەندی و لە دژی ژیان و مانەوەی ئێمە بە کار هێنا.
هەر کامیان لە سەر سازێک، بە هەوای مەسهەبێک، بە پێوانەی سیستەمێک و لە کاناڵێکی تایبەتی خۆیەوە، لە دژی یەک و هاوپەیمانی یەکتر گرنگ نەبووە.  بەڵام  باندەستخوازی نەتەوە و گەلی خویان ستراتێژی هەر سێکیان و، لەم رێگایەشدا ئەوەی لە دەستیان هاتووە کردوویانە و بێ ئەوە سڵ لە هیچ شتێک بکەنەوە. ئینکار، کوشتار، کۆچدان،ئەنفال و تەنانەت شیمایی بارانیش..
ئەم قۆناخە کە لە رەهەندە جیهانییەکەیدا بە قۆناخی دوای ئئێمپراتۆرییەکان و لە بوارە ناوچەیەکەیدا بە قۆناخی دوای ساکس – پیکۆ ناسراوە، جیاوازییەکی دڕەندانەی زەقی بە نیسبەت کوردەوە تێدا بوو:
ئێمپراتۆری عوسمانی بە درێژایی تەمەنی خۆی دەسەڵاتێکی زاڵمانەی بە سەر گشت شوێنێکی ژێردەستیدا حاکم کردبوو. تورکەکان و کەسی سەربە بنەماڵی عوسمانی لەم سیستەمەدا بە تەواوی نەتەوەی باندەست بوون و ئەوانی تر ئەبوا ملکەچیان بن. بەڵام خەڵکی سەربە نەتەوەکانی تریش مەجال و فرسەتی خۆدەرخستنیان هەبوو. بە وتەیەکی روونتر، عوسمانی سیستەمێکی زاڵم و چەوسێنەر بوو بەڵام، نیازی تواندنەوە و سڕینەوەی هیچ گەل و نەتەوەیەکی نەبوو. لە هیچ شوێنێکدا تەنیا بە هۆی کوردبوون، یان عەرەببوون گوندێکیان نەسووتاند و ئەوەش کە لە دژی ئەرمەنییەکان کرا لە راستیدا ئەو سەردەمە بوو کە سوڵتان دەسەڵاتی نەما، رێژیمەکە روو لە هەڵوەشان بوو و ژنراڵەکانی لە ژێر کاریگەری ئەو وەزعەدا دەستیان کرد بە قڕکردنی ئەرمەنییەکان کە یەکیێک لە گەورەترین تاوانەکانی میژووی مرۆڤایەتییە.
بەڵام لە ژێر سووتمانەکانی ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرەست و داڕزیوەدا، دەوڵەتێکی نوێ تورک هاتە دەر کە زاڵم، فاشیست و تا سەر ئێسقان ناسیونالیستی تورک بوو. لە یاساوە تا کردەوەی رۆژانەی سەربازێکی سادەی، بە پلان و بەرنامە خەریکی سڕینەوەی ناسنامەی ئەوانیدیکە ( ئەوەی خوی بە تورک نەدەزانی) بوو و لەم رێگایەشدا لە کوشتار و تاوان نە دەسڵەمینەوە و نە تێریشیان دەخوارد.
بە دەستوور و سەرپەرەستی راستەوخۆی موستەفا کەماڵ و، بەرچاوی سپای چوار وڵاتی رۆژاواییشەوە زیاتر لە سەد هەزار مەسێحی شاری ئێزمیریان قەتڵیعام کردن. دواتر بەربوونە گیانی خەڵکی کورد و دوای تێکشکان، شێخ سەعید و هەڤاڵانیان ئێعدام کردن. دواتر دێرسیم و شێخ رەزایان کۆمەڵکوژ کردن و سەرەنجام بە پلان و بەرنامە دەستیان کرد بە تاوانی توانەوەی نەتەوەیەکی چەندین میلیونی کە هەزاران ساڵ پێش ئەوان لەو شوێنە ئەژیان. – کوردەکان-.
عەینی ئەم کارانەی موستەفا کەماڵ، بوونە سەرمەشق بۆ نەوەی نوێ فێرە فاشیزمی ئێرانیش. رەزا خان لە ژێر باڵی کۆمەڵێک ”رووناکبیری” ئورووپا دیتووی فارسدا پاشناوی خوی گۆڕی بۆ ”پەهلەوی” . دواتر بوو بە شای ئێران و دەستی کرد بە لاسایی کردنەوەی ئەتا تورک. لەم سەری وڵاتەوە تێکەوت و لەوسەریەوە دەنگی تاوانی سپاکەی دەبیسرا. کورد لەم بەرە و بەشەشدا کەوتە بەر نووکی حەمڵەی دەسەڵات لە تاران و سەدان تاوانی گەورەی دەرحەق کرا کە کوژرانی سمکۆ و تێکشکاندنی شۆڕشەکەی تەنیا یەکێکیان بوو.
لە بەرەی عەرەبی تازە لە خەو هەستاویشدا، ئەم فکرە بوو بە فکری زاڵ کە ”ئومەی” عەرەبی ئەشی بکرێتەوە یەک و دەوڵەتێکی واحێدی بۆ ساز بکرێ. هەڵبەت ئەم کارەش ئەبێت بە توانەوەی ”ئەوانی دیکە” و پێش هەمووشیان کورد کە کەمینەیەکی گەورەن دەست پێ بکات. بە لێکگرێدانی دوو وڵاتی میسر و سوورییە، قەدەخە و دابڕاندنی کورد لە دەسەڵات دەستی پێ کرد و بە دروستبوونی دوو لقی حیزبێکی فاشیست – ناسیۆنالیستی عەرەبی بە ناوی حیزبی بەعس، لە هەردووک وڵاتی ئێراق و سوورییە گەییشتە لووتکە.
ئیتر، دوای ئەم ناوە نەگریسەیە ( بەعس) کوشتاری بەربڵاوی کورد لەم دوو وڵاتە تازە درووستکراوەدا دەست پێ دەکات و لەم رێرەوەدایە کە ئەنفال، کۆچ، شیمیایی و سەرەنجام، وشەگەلی مرۆڤ هەژێنی وەک  ”ئەنفال” ”تەعریب”، ”تەرحیل” و …  دێنە ناو گوێچکە و زمانی بێ خاوەنی کوردییەوە و ئەبنە مڵکمان. ئەبنە مڵكمان لە جێ وڵات، لە جێ شاخ، لە جێ گوڵ و گوڵاڵە سوورەکانی چیا سەر سەوزەکانمان. کوردستان ئەبێتە دەشتێکی گەرمی بێ گوڵ و گیا. شاخ هەڵدێن و لە بری گۆڵ مین، بۆمب، مین، بۆمب مین…
ئاکامی ئەم باسە درێژە بە کورتی
١ موستەفا کەماڵ لە تورکیە بوو بە دیکتاتۆرێکی زاڵ و هیچ کەس، تەنانەت ئەو کەسانەش کە وەک دەستی چەپ و راستی دەناسران نەیاندەوێرا قسەیەکی لە روودا بکەن. تا مرد سەرۆک کۆماری تورکیەی تازە – داتاشراوی خوی مایەوە. دوای مردنیشی بوو بە باوکی نەتەوەیەکی نەخۆش، کە بە چاوی سووک و زۆر بێ حورمەتانە ئەڕوانێتە ئەوانی دیکە و ئەم میراتەش فەرهەنگ و شێوەی دەسەڵاتداری تا ئێستای تورکیایە. کورد کە گەورەترین بەشی لە ژێر چەکمەی ئەم دەسەڵاتە فاشیستییە دایە، تاوان نەماوە لە سەری تاقی نەکرێتەوە و هێشتاش خوێن لە سەر و لە شی برینداری رۆژانە، سەعات و دەقێقەکانی رۆژیش ئەڕوا، بێ ئەوە برینپێچێک، لە دنیای وەحشیانەی ئێمەدا پەیدا بێت و بە هاوارییەوە بێت.
ئەم ڕۆژانە کە سەرۆک کۆماری فاشیست- ئیسلامیستی ئەو وڵاتە، تا بنی هەنگڵی دەستەکانی تێکەڵاوی خوێنی زاڕۆک و ژن و پیری بێ دیفاعی کوردن، سەد هێندەی سەردەمی شۆڕشی شێخ سەعید و شێخ رەزا و، سەدان بەرانبەری دەورانی موستەفای خوێنخۆری باوکیان، کوردی خاین و نیشتمانفرۆشی لە چەشنی قانعی فەردی لە باکوور و باشووریشدا لە دەورە ، تاوانەکانی بۆ پاساو ئەدەن و دوای هەر کوشتار و خوێنڕشتنێکیش دێن و بێ شەرمانە دەستە خوێناوییەکانی بۆ پاک ئەکەنەوە. ..
٢ رەزا خان بە هاوکاری خوێندەوارانی ئەو سەردەمی فارس و، پشتیوانی بێدریغی بریتانیا، بوو بە شای ئێران. کۆمەڵێک هەنگاوی گەورەی بۆ ئاوەدانی ئێران و بە تایبەتی ناوچەی فارسنشین هەڵگرتن. پڕۆسەی توانەوەی نەتەوەکانی تری کردە سەرلۆحەی کارەکانی و لەم رێگایەوە هەزاران تاوانی دڕەندانەی ئەنجام دان. زوانی لاواز و پرژ و بڵاوی فارسی کۆکردەوە و بە زۆر و شەق کردەیە زمانی رەسمی  هەموو دانشتوانی وڵات.هەموو جۆرە وشە و پەیڤێکی نافارسی قەدەغە کرد و سزای قورسی سەرپێچیکەرانی ئەدا.
رەزا شا لەم قۆناخەدا لە گەلێک بارەوە موستەفا کەماڵی وەک مامۆستا و رێنوێنی کارەکانی حیساب دەکرد، بەڵام بە هۆی جیاوازی کاراکتەری هەردووک دیکتاتۆر و جیاوازی وڵاتی بەر دەستیان، ئەو هەمیشە چەندین فرسەغ لە دوای کەماڵ پاشاوە ئەڕۆیشت.
دەرکەوتنی نازیسم لە ئاڵمان و هیتلەر وەک رێبەری، کەڵکەڵەی نژادپەرەستانەی ”نەتەوەی ئاریایی” لە ئێرانی رەزاخانی دا خستە مێشکی دەسەڵاتدارانەوە. لە جەرەیانی شەڕی دووهەمدا دەسەڵاتدارانی ئێران و رەزا خان بە تایبەتی سەمپاتی خۆیان، بە ئاشکرا بۆ ئاڵمان و هیتلەر نیشان دا و ئەمەش خوی بوو بە هۆی ئەوە کە بریتانیا ئارام و بێ دەردیسەر گوێچکەی ”شاهەنشا” بگرێ و بینێرێ بۆ دۆڕگەیەکی دووری ئافریقا. بە هاودەنگی لەکەڵ ئامریکا و رەزایەتی سۆڤیەت، حەمە رازا شایان لە جێگای باوکی دانا و تا هاتنی کۆماری ئیسلامی دیکتاتۆریی و دەسەڵاتیی رەهای ئێرانیان پێ سپارد.
ئێرانی پەهلەویەکان بە مانای دیسان هەستانەوە و زیندوو بوونەوەی ئەو خەونە چەندین جار مردووەی ئێلیتی فارس بوو کە جارێکی تر ئەوانی کردەوە نەتەوەی باندەست. باندەست نەک هەر لە چوارچێوەی وڵاتی ئێراندا، بەڵکوو جۆرێک ”ژاندارمی” ئەو ناوچەیەش کە ئیتر لە بە هەڵەش بێت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبانگی دەرکردبوو.
کۆماری ئیسلامی تێکڕای تایبەتمەندییە خرابەکانی رێژیمی شای بە میرات وەرگرتن و هێندێکێشی لێ زیاد کردن. دەسەڵاتێکی رەشی فاشیستی مەسهەبی شێعەی دامەزراند و لە بەرانبەر قوتبی سونی حیجازدا قوت بوویە کە هەم نەتەوەی فارسی وەک باندەستی دەسەڵات هێشتەوە و هەم پرۆسەی سڕینەوەی ئەوانی دیکەی کە بە رووخانی دەسەڵاتی شا نیوەکار مابوو درێژە پێدا. کورد لەیرەشدا قوربانی یەکەم و مەیدانی تاقیکاری تاوانەکانی گۆشەی شوومی تاران مایەوە و ٤٦ ساڵ دوای تەمەنی دەوڵەتی شێعە – فارس لە ئێراندا هێشتاش کوشتار و سڕینەوەی بەردەوامە.
٣ عەرەبەکان لە عەرەبستانی سعوودی، خەونەکانی موحەمەدی بن عەبدول وەهابیان هێنایەدی. ئەو خەونانەی کە ئەو سەد ساڵ پێشتر بۆ وڵاتی عەرەبانی دەدیتن و، ئاواتی بوو نەتەوەی عەرەب بگەڕینەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی پەیامبەر موحەمەد. بە پێچەوانەی سەدان ساڵ دەسەڵاتی عوسمانی کە رەنگ و بۆنێکی بە مەکە و مەدینەوە نەهێشتبوو، ئالی سعوود بە هاوکاری رۆژاوا و بە تایبەتی بریتانیا گشت شێوەکانی دەسەڵاتیان گێڕایەوە بۆ سەردەمی قورەیش. حیجاب لە حیجاز بوو بە ئیجبار و شەریعەت بوو بە قانوون. عەربستانی ئیستە کە مەبەست تەنیا وڵاتی سعوودییە، بوو بە سەرچاوەیەکی گرنگ لە دەسەڵات. پارەی نەوت و حەجی موسوڵمانان بوو بە خێرێک و رژایە گیرفانە گەورە و هیچکات پڕنەبووەکانی دەسەڵاتدارانەوە. شوێن و شێوەی ی هەڵکەوتن و، جیئۆپۆلیتیکێکی گەورە و گرنگیش ئەم دەسەڵاتبوونەی بۆ خێڵێکی عەرەب بە تەواوی مسەوگەر کرد کە دوایین دەسەڵاتداری ئەو بنەماڵەیە خەریکە گۆڕانێکی گەورەی سەنعەتی و کولتووریش بباتە پێش.
لە سەردەمی پەهلەویەکاندا، گەرچێ رەگەزپەرەستانەترین وشە و تاریف ( مارموولەکخور – تازی و…) بۆ عەرەب بە کار دەهات و ئەم بیرەش بە پلان کرابووە بیری زاڵی کۆمەڵگا، بەڵام لە دیپلۆماسی دوو وڵاتدا هیچ رەنگێکی نەدابوویەوە و بە پێچەوانەوە نێوانی تاران و حیجاز خوش و گەرمیش بوو. بەڵام کۆماری ئیسلامی هات و ئەم باڵانسەی تێکدا. تێکدانێک کە بە هاسانی بە هیچ کەس و لایەنێکی ناوبژیوان وەک خوی لێ ناکرێتەوە.
٤ ئێراق و سووریە لە دامەزرانەوە تا رۆژگاری فەللاکەتباری ئەمڕۆیان، دەسەڵاتدار و بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگاکەشیان بە فەرهەنگی دژی کورد پەروەردە کراون. ئەگەر لە دەستیان بێت و بوێرن، تێکڕای دەسەڵاتدارانیان هەر ئەو قسەیە دەکەن کە موستەفا کەماڵ سەردەمانێک کردی. کورد بە تورکی کێوی، عەرەبی کێوی ناو دەبەن و ئەنفالکردن و کوشتنی ئەخەنە ئەستۆی خۆی. چاو لە ناو چاومان ئەکەن و ئێژن:
خەتای خۆتانە سەدام، خومەینی و موستەفا کەماڵ کوشتتانیان. ئەی بۆ ناتوێنە و ببنە ”خەڵکێکی موتەمەدێن؟”
وتە و قسەی کۆتاییم لەم بارەوە ئەوەیەکە ئەم سێ گۆشەیە، ٣ گۆشەیەکی نەگریس و شوومە. هیچکامیان لەوی دیکەیان، بە تۆسقاڵیش، باشتر یان خراوتر نیە. هەرسێک شێوەی دەسەڵات فاشیستی، ناسیۆنالیستی داپڵۆسێنەر و، ئەوەی ئاخرینی هەر سێکیشیان ئیسلامیزمیشی لێ زیاد بووە کە ماف نا، ژیانێکی شەرافەتمەندانەش بۆ کەس، تەنانەت خەڵکی خوشیان بە رەوا نازانن.
هەر کەسێک لە ناو رێبەر و پێشەنگانی بزووتنەوەی رەوا، پێشکەوتوانە و ئینسانی کورددا بیهەوێ بە هاوکاری یەکێک لەم گۆشە شوومانە، ماف، هاوکاری، یان دەوڵەت بۆ کورد دابین بکات، درۆزنێکی سیاسی گەورە، یان گەمژە و نەزانێکی ئەم بوارەیە.

نووسراوەی پێشتر و پێداچوونەوە ساڵی ٢٠٢٦.