هێمای زەردەشتیەکان یان ئێزدیەکان؟

سۆران حەمەڕەش

کام هێما نوێنەرایەتی فەرهەنگی کوردی دەکات، هێمای زەردەشتیەکان یان ئێزدیەکان؟

ڕۆژێکیان لە شاری لەندەن، لاوێکی کوردم بینی کە هێمایەکی زەردەشتی لە ملدا بوو، لێم پرسی “ئایا زەردەشتیت؟” وەڵامی دایەوە “من ئێزدیم، بنەچەی ئێزدی زەردەشتی بووە”. بەو وەڵامە زۆر دڵ گران بووم، بەڵام پێم باش نەبوو کە بکەومە گفتووگۆی زیاتر. هۆکاری دڵگرانیەکەم ئەوە بوو کە ئاینی ئێزدی زۆر لە ئاینی زەردەشتی دێرینترە و بە هیچ شێوەیەکیش نە بەشێک لەو ئاینەیە نە تەواوکەری ئەو ئاینەیە. باشە ئەولاوە بۆ مەلەک تاوسی لە ملدا نەبوو کە بە تەواوی نوێنەرایەتی ئاینی ئێزدی دەکات؟ ئایا دانانی ئەم هێمایە بە کوردی و زەردەشتی لە کوێوە هاتووە و بەڕاست ئەو هێمایە لە بنەچەدا زەردەشتیە؟

هێمای زەردەشتی بە فەروهەر ناسراوە و پێکهاتووە لە پیاوێکی ڕیشن کە لە ناو دووباڵی گەورەدا وەستاوە و ئەڵقەیەکی بە دەستەوەیە. ئەو شوێنەی کە تێیدا وەستاوە سەرچاوەکان دەڵێن ڕۆژە (بڕوانە وێنەکەی دەستی ڕاست). ئەگەر ئەمڕۆ بچیتە سەر هەندێک لە کتێبە ئاینییە زەردەشتیەکان، ئەوا زۆرینەیان ئەو هێمایە بە بنەچە زەردەشتی لە قەڵەم دەدەن و تەنانەت ڕوونکردنەوەی زەردەشتیانەش بۆ بەشەکانی دادەنێن. لە یەکێک لە ڕوونکردنەوەکاندا زەردەشتیەکان دەڵێن ” سێ چین پەڕی سەر باڵەکە نوێنەرایەتی وتەی چاک، بیری چاک و کرداری چاک دەکات لە کاتێکدا کە سێ چین پەرەکەی سەر کلکی پێچەوانەی هەر یەک لەوانەن”. هەندێک سەرچاوەی تری زەردەشتی، زانیاری زۆر ووردتر دەدەن لەسەر شێوەی وەستانی پیاوە ڕیشنەکە کە لە ناو دووباڵەکەدا وەستاوە و هەروەها بەشەکانی تری هێماکەش شیدەکەنەوە. بەڵام ڕوونکردنەوەی هەر شتێکی مێژووییی، بێ پەنابردن بۆ سەرچاوە، زۆرجار دەمانباتە ناو خەیاڵ و فەنتازیاوە و لێکدانەوەکان دەشێت لایەنگرانە بن و بۆ مەبەستی پاڵپشتی لە بۆچوونی ئایدۆلۆجی خۆمان بەکاریبهێنین. لەوە دەچێت ڕوونکردنەوەی زەردەشتیەکانیش هەر لە ناو هەمان بازنەدا بێت.

ئەگەر سەیری بەڵگە مێژووییەکان بکەین، ئەوا شتێکی زۆر ڕوونترمان بۆ دەردەکەوێت. دوو باڵ و ڕۆژ، لە سەرەتای شارستانیەتی مێسۆپۆتامیاوە دەرکەوتووە بەڵام مێژووەکەی زۆر لەوەش دێرینترە. لە شوێنەواری زاوی چەمی شانیدار کە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە، زۆر ئاسەواری دێرین دۆزراوەتەوە. لەو شتانەی کە دۆزراونەتەوە پاشماوەی دەیان ئێسکی باڵی باڵندەی هەمەجۆری وەک داڵەکەر خۆرە، هەڵو، باز، شاباز… دەبینرێت. لە ڕاستیدا لە کۆی هەموو ئەو ئێسکانەی کە دۆزراونەتەوە، لە سەدا٩٠ ی پارچە ئێسکی باڵن. لێکۆڵەران کاریان لەسەر ئەو ئێسکانە کردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو ئێسکانە شوێنی لەتکردن بۆ مەبەستی خواردنی پێوە نیە. ئەمڕۆ بە سەدان بابەت لەسەر ئەو شوێنەوارە نووسراوە و زۆرینە کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەو باڵانە زیاتر لە دوانزە هەزار ساڵ لەمەوبەر بۆ مەبەستی ئاینی و ڕۆحی بەکارهاتوون و باڵ ڕۆڵێکی تایبەتی هەبووە بۆ مرۆڤە دێرینەکانی ئەو ناوچەیە.

بەڵام زاوی چەمی بە تەنها نیە، بەڵکو دوو شوێنەواری گرنگی تر هەن کە یەکێکیان دەکەوێتە تەواوکەری وڵاتی کوردانی ئەمڕۆ و لە نزیک کۆنیەی نزیک باکوری کوردستانی ئەمڕۆ بە ناوی چەتەڵ هەیوک و نزیکی نۆ هەزار ساڵ تەمەنیەتی و ئەوی تریان تەمەنی نزیکەی دوانزە هەزار ساڵە و بە گرێ ناڤوکێ (گوپێکلی تەپە) ناسراوە و دەکەوێتە نزیک شاری ئورفەی باکوری کوردستان. لەو دوو شوێنەوارەدا ڕۆڵی ئاینیی باڵندە دەردەکەوێتەوە، بەتایبەت لە چەتەڵ هەیوکدا بە ڕوونی دەکەوێتە ڕوو و لە ناو شوێنەوارەکانیدا بە وێنە گوزارش لەو ڕۆڵە گرنگەی باڵندە کراوە.

ئەم ڕۆڵەی باڵندە لە بیروباوەڕی ئاینیی، لە چیاکانی زاگرۆسدا بەردەوام بووە و دەیان وێنەی هەڵکەندراو گوزارش لەوە دەکەن. دایانا ستاین لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت و زۆر ووردی لەسەر دووباڵ و ڕۆژی هوریەکان لە نوزی/کەرکوکدا کردووە و بنەچەکەی گەڕاندۆتەوە بۆ چیاکانی زاگرۆس کە لە ناو هوریەکاندا بەشێوەیەکی فراوان بەکارهاتووە و لە نەخشە هوریەکاندا دووباڵ و ڕۆژەکە لەسەر “درەختی پیرۆز” جێگیر کراوە (بڕوانە وێنەکەی ناوەڕاست). واتە دووباڵ و ڕۆژی جێگیرکراو لەسەر درەختی پیرۆز لای هوریەکان ڕوویداوە و لای ئەوان ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە. ئەم دووباڵ و ڕۆژە دواتر چووتە وڵاتی میسری دێرینەوە و لەوێش لەسەر نەخشە میسریەکان دەبینرێت. بەڵام لای هوریەکان ڕۆڵێکی گرنگی پێدراوە و لەسەر درەختی پیرۆز جێگیرکراوە. بۆیە ئەمڕۆ ئەو کتێبانەی لەسەر هوریەکان دەردەکرێن زۆرجار بەرگی کتێبەکە ئەو هێما هوریەی لەسەرە (بروانە وێنەکەی ناوەڕاست).

ئاشوریەکان، بەپێی تێکستەکانی خۆیان، بیابان نشین بوون. ووردە ووردە ناوچەی هوریەکانیان داگیرکرد و هاتنە ناو ناوچەیەکی فەرهەنگ دەوڵەمەندەوە. بۆیە دابوونەریتی هوریەکان کاریگەری زۆری لەسەر ئەوان دانا و پێشتریش لەسەر هیتیەکان ئەو کاریگەریە بەدی دەکرا. ئاشوریەکان لە ناو رۆژی نێوان دووباڵە هوریەکدا، خودای ئاشوری خۆیان جێگیر کردوو و لە سەر درەختە پیرۆزەکە دایان نا، بەڵام درەختەکەیان جوداکردەوە لە دووباڵەکە (بڕوانە وێنەکەی دەستی چەپ). دواتر سەدان ساڵ دوای ئەوە، کە عەجەم لە ڕۆژهەڵاتەوە ڕووی کردۆتە ناوچەکە، ئەو هێما ئاشوریەیان بێ دەستکاری وەرگرتووە. واتە ئەو هێمایەی ئەمڕۆ سەرچاوە زەردەشتیەکان بە زەردەشتی لە قەڵەم دەدەن، هیچ پەیوەندی بە ئاینی زەردەشتیەوە نیە و هێماکە لەلایەن ئاشوریەکانەوە دروستکراوە و بیروبۆچوونی ئاشوری لە پشتەوەیە و عەجەم/زەردەشتی لەوانی وەرگرتووە. ئەمڕۆ زەردەشیەکان بەبێ بەڵگە بە زەردەشتیی لە قەڵەمی دەدەن و هەوڵ دەدەن مانای ئاینیی زەردەشتیی بە بەشەکانی ئەو هێمایە بدەن. ئەم بابەتە یەکلابووەتەوە و هیچ جێی گومان نیە، لەبەر ئەوەی کە بەردی هوریەکان لەوانەی ئاشوریەکان دێرینترە و ئەوەی ئاشوریەکان لەوەی زەردەشتیەکان دێرینترە. بۆیە هیچ گومانێک لەوادا نیە کە زەردەشتیەکان ئەو هێمایەیان لە ئاشوری وەرگرتووە. (وێنەکەی لای ڕاست زەردەشتیە و ئەوەی لای چەپ ئاشوریە، دەبینرێت جیاوازیان نیە).

پاشماوەی ئەو دووباڵە بە شێوەی جیاواز لە ناو فەهەنگی کوردیدا ماوە. ئەوەی مایەی سەرنجە ئەو داڵەی ئەمڕۆ لە سەر ئاڵای میسر و سوریا و ئاڵای کۆنی عێراق دانراوە، لە بنەچەدا بە (هەڵۆی سەلاحەدین) ناسراوە و عەرەبی ناسیوناڵیست لە سەلاحەدینی ئەیوبی کوردەوە وەریان گرتووە. واتە باز، هێمایەکی گرنگ بووە لای سەلاحەدین و لای ئەوانیش بەکارهاتووە و گرنگ بووە.

لە ناو ئاینە کوردیەکانیشدا ڕۆڵی گرنگی باڵندە دەردەکەوێت. مەلەک تاوس بووە بە بەشێکی گرنگی ئاینی ئێزیدی و لەو ئاینەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت. بەڵام ئەوەی کە مایەی سەرنجە ئیزدیەکان کاتێک باسی سەرەتای دروستبوونی ژیان دەکەن دەڵێن “خودا لە جەوهەری خۆی مرواریەکی سپی دروست کرد و خستیە سەر پشتی باڵندەیەک بە ناوی “ئەنفار” ەوە و بۆ ماوەی چل هەزار ساڵ لەسەر پشتی مایەوە. مرۆڤ دەکەوێتە پرسیار، تۆ بڵێی ئێزدیەکان ئاماژە بە دووباڵ و ڕۆژەکەی هوریەکان نەکەن و بەشێوەک لە شێوەکان لە ناو تێسکتی ئاینیاندا مابێتەوە؟ هیچ بە دوور نازانرێت کە ئاماژە بە هەمان دووباڵ و ڕۆژ بێت و لە بنەچەدا ئەو هێمایە لای هوریەکان ڕۆژ نەبووبێت و هەر شتێکی پرشنگدار بوبێت و بە شێوەیەک لە ناو ئاینی ئیزدیدا مابێتەوە. لەبەر ئەوەی لە هێمای هوریەکاندا بەڕوونی دیار نیە کە ئایا ئەو شتەی نێوان دوو باڵەکە ڕۆژ بێت یان شتێکی پرشنگدار بێت (بڕوانە وێنەکەی ناوەڕاست) و لێکدانەوەی لێکۆڵەرانەکە کردوویە بە ڕۆژ. لێرەدا بە مەبەستی کوردتکردنەوەی بابەتەکە هەر هێندە دەتوانرێت بگووترێت. بەڵام بە دوور نازانرێت کە بەشێک لە چیرۆکی هوریەکان لە ناو بیروباوەڕی ئێزدیدا مابێتەوە.

من خۆم ساڵی نەوەد و شەش لە گەڕانەوەمدا بۆ کوردستان، پارچە بەردێکی دێرینی بچووکم لە دووکانێک کڕی، کە دیوێکی تاوس بوو و دیوەکەی تری ڕۆژ، پارچە بەردەکە کونی تێدا بوو و ملوانکە بوو. لەوە دەچێت ملوانکەیەکی ئاینی بووبێت و باوباپیرانمان لە ڕابردوودا لە ملیان کردبێت. بەداخەوە لای هاوڕێیەک ئەو بەردە فەوتا و ناتوانم لەگەڵ ئەم بابەتەدا بیخەمەوە ڕوو.

ئەوەی کە ڕوونە ئەو هێمایەی کە ئەمڕۆ هەندێک لاوی کورد بە زەردەشتی لە قەڵەم دەدەن، لە بنەچەدا ئاشوری بووە و عەجەم لە ئاشوری وەرگرتووە و لە ئاینی زەردەشتی خۆیاندا بەکاریان هێناوە. ئەویش بنەچەی دێرینی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێشتر کە لە شاخەکانی زاگرۆسدا لەگەڵ بیروبڕوای ئاینی ئەو سەردەمەدا سەری هەڵداوە و زاگرۆس شوێنی لەدایکبوونیەتی. لەم بابەتەدا جارێکی تر ڕۆڵی ئاینە کوردیەکان لە پاراستنی فەرهەنگی دێرینی کوردیدا دەردەکەوێتە و لە ناو ئێزدیەکاندا ئەو ڕۆڵە بەشێوەیەکی سەرنج ڕاکێش زیندووە. جا ئەو هێمایەی کە بە تەواوی بنەچەکەی شاخەکانی زاگرۆس و نوێنەرایەتی فەرهەنگی کوردی دەکات، ئەوە هێمای هوریەکانە کە لەم بابەتەدا باسکرا و بە شێوەیک لە ناو ئاینی ئێزیدا ماوەتەوە. مرۆڤ دەتوانێت ئەو هێمایە دابنێت بە هێمایەکی کوردی دێرین کە وەک ڕوونکرایەوە لە ئاینە کوردیەکان و تەنانەت لای سەلاحەدینی ئەیوبیش بە شێوەیەک لە شێوەکان دەرکەوتۆتەوە.

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی:

  • بابەتی ئاینی زەردەشتی و پەیوەندی بە کوردەوە لە دوو وتاردا پێشتر باسکراوە. https://www.facebook.com/photo.php?fbid=900697636632571&set=a.172935546075454.31040.100000770292893&type=3&theater https://www.facebook.com/photo.php?fbid=900697636632571&set=a.172935546075454.31040.100000770292893&type=3&theater
Website | + posts