مەترسی ئێنترۆپی ناسیۆنالیسم و سەربەخۆییخوازی

مانی رەحیمی
Mani Rahimi
لە کۆمەڵگای دیفۆرمەی (Deformed) کوردستان بەهۆی نەبوونی ئینفراستراکچر (Infrastructure) و ژێرساختی نەتەوەیی وەک ڕێکخستنی دامەزراوەییەکان و ڕێکخراوەکان لە فۆرمی سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا (Social Capital)، لێوانڕێژی ئاڵۆزی و شپرزەییە و ئەتۆمیزە (Atomism) کراوە. لەم ناوە کەسانێک یان گرووپگەلێک کە چ بەهۆی هەستی بەرپرسیارەتی یان چ بەمەبەوتی بەرژەوەندی خۆکەسی لەناو ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگای ئێمەدا هەوڵ بۆ کردنەوەی داڵانگەلێک دەدەن کە ئەوان بگەیەنێتە لۆتکەی هێزی کۆمەڵایەتی کوردستان. ئەمە ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات چۆن زۆربەی جار تایبەتمەندی ئەم جوڵانە سێکتاریسمێکە کە لە نەبوونی مەعریفە و زانستی گوتاری دەناڵێنێت کە بە سازکردنی هەرا و هاوار لە لایەک و لە لایەکی دیکە بە سازکردنی سیالەشکەر دەیانەوێت هێژمونی بەسەر ڕەوتی ناسیۆنالیست و سەربەخۆییخوازیی کۆمەڵگادا ساز بکەن.
ئەمە بۆ من کە سەردەمێک پێم وابوو سەربەخۆییخوازی دەبێت بە مۆدێلی ڕێکخراوەی و حیزبی خۆی ساز و پۆشتە بکات و لە ساڵانی ٢٠١٣ هەتا ٢٠١٦ـ بەو قۆناغەدا تێپەڕیوم ئاشنایە. چەکەرەکانی بیری نەتەوەیی لە مندا لە ٢٠٠٨ـەوە زۆر بە کرچ و کاڵی سەریان هەڵدایەوە و لە ٢٠١٠ خەونەکانم ساز بوون و لە ٢٠١٣ ڕا تێکەڵ بە کاری ڕێکخراوەیی بووم. لەگەڵ ئەوەدا ڕووم کردە کاری هزری و تیۆری بۆ سەربەخۆییخوازی هەڵبەت لە ستێریۆتایپی ڕێکخراوەییدا، بەڵام هێشتا زۆر کرچ و کاڵ بووم کە هەستم پێ نەدەکرد و کەسانی پێش خۆمم کە جیهانێک لە ناسیۆنالیسمیان دۆزیبۆوە وەک د. جەمال نەبەز نەک هەر ئاگاداریان نەبووم، بەڵکو پێم وا بوو هەر بوونیشیان نەبووە.
تایبەتمەندی حیزبە میکرۆسکۆپییەکان ئەوەیە کە ئێمەمانان کە لەناکاو دەبووین بە سەربەخۆییخواز وامان دەزانی کە جیهانێکمان کەشف کردووە کە هەتا ئێستا کەسی دیکە نەیدۆزیوەتەوە. ئەو جیهانە بچووکەی خۆمان بە ڕێکخراوەیەکی بچووک لە چەند هاوبیری هاوشێوە پڕ دەکردەوە کە ئەوانیش تێیدا تازە بوون.
عەرەبەکانی حیجاز کە پێش ئیسلام بتپەرەست بوون، ڕێک دوای ئەوە کە فێری خواپەرەستی بوون باوەڕیان وا بوو لە جیهاندا مێژووی خواپەرستی لەوان ڕا دەستی پێکردووە، و شەمشێریان گرتە دەستە و هەڵیانکوتایە سەر نەتەوەکانی ناوچە کە هەزاران ساڵ بوو خاوەن مەعریفەی خواپەرەستی بوون یەکێک لەوان کورد، تاکو فێری خواپەرەستی خۆیانیان بکەن. ئێمەی تازەسەربەخۆییخوازیش وەها بووین. ئەم ڕەوتە هێشتاش درێژەی هەیە هەر جارە کەسانی نوێ دێنە ناو مەیدانەوە.
هەرڕۆژە کەس یان کەسانێک بە هۆی هزری نەتەوەییانەوە لە حیزبەکانیان دادەبڕێن و بە هەمان هزری حیزبی خۆیانەوە دەست بۆ سازکردنی حیزب یان ڕێکخراوەی میکرۆسکۆپی دەبەن و بە شێوازگەلێکی دەمارگرژانە خۆیان بە پێشەنگانی سەربەخۆیی دەناسێنن بە چەشنێک کە گوایە مێژووی سەربەخۆییخوازی لەوان ڕا دەست پێدەکات و ئەمەش بە ئاشکرا دەدرکێین وەک لە بەرنامەی دوێشەوی کوردستان ئانلایندا لە کلابهاوس بەدی دەکرا.
ئەوەی لەواندا سەرنجڕاکێشە ئاستی نزمی زانیاری و تێگەیشتنی ئەوانە لەسەر بنەما مەعریفییەکانی هزری سەربەخۆیی و نائاشنایی ئەوان لەگەڵ بنەماییترین چەمکەکانی ناسیۆنالیسم و ميتۆدۆلۆژی زانستی لە بەرهەمهێنانی هزری نەتەوەییە. بەو هۆیە ڕێتۆریکێکی بێڕادە لاواز و ساکاریان هەیە و ئارگومێنتەکانیان لەسەر بنەمای هەڵەوێژی (Fallacy) و سەرلەبەری ئاکار و کرداریان نەک هەڵقوڵاوی هزر و مەعریفە، بەڵکو لێوانلێو پرچەکردارییە کە خۆیان لە برامبەر بە حیزبەکانی پێشوویاندا پێناسە دەکەن و بە چەشنێک ئۆپۆزیسیۆنی ئەوانن.
نائاشناییان لەگەڵ چەمکگەلێکی وەک بزوتنەوە یان هاوپەیمانی سەرسوڕهێنەرە. بزوتنەوە لای ئەوان لە فۆرم و ناوەڕۆکدا هەر هەمان ڕێکخراوێکە کە لەناو کورددا بە حیزب بەناو بانگە، ئەوان تەنیا ناویان ناوە بزوتنەوە. هاوپەیمانی کە لە ڕاستیدا چەشنێک کۆنفێدراسیۆنە، لای ئەوان لە فۆرم و ناوەڕۆکدا هەر هەمان فۆرمی ڕیکخراوەییە کە حیزبی پێ دەوترێت تەنیا بە جیاوازی زۆر مارژیناڵ کە هیچ لە ڕاستییەکە ناگۆڕێت. ئەوان کاتێک کە هاوپەیمانی ساز دەکەن، هەر هەمان حیزب ساز دەکەنەوە بەڵام خۆیان وەک ڕێکخراو دەبن بە فراکسیۆنەکانی ناو ئەو ڕێکخراوە کە لەگەڵ کارکردنی فراکسیۆنیش ئاشنا نیین و هاوپەیمانییەکەیان هیچ فۆرمێکی کۆنفێدراتیڤی نییە. لەڕاستیدا تێگەیشتنیان لە فۆڕمی ڕێکخراوەیی خۆشیان بێڕادە ئاماتۆڕە و وێناچێت هیچ چوارچێوەیەکی سیستەمییان بۆ کارە ڕێکخراوەیەکانیان هەبێت.
بۆ ئەو چەمکانەی کە بەکاری دێنن، پێناسەیان نییە، و چەمکەکان لای ئەوان بناغەی مەعریفیان نییە، بەڵکو لە هەورێک لە هەڵەوێژی (Fallacy) و سەفسەتە دەپێچرێنەوە و فڕێ دەدرێنە ناو گوێچکەی بیسەرانەوە. ئەمە وا دەکات ئەم چەمکانی لەناو خەڵکدا بسوێن و لە باری گرانی واتایی خۆیان بەتاڵ ببن و ئیتر لای خەڵکی کۆمەڵگا نە هەست و نە نەست ناجوڵێنێت و دواتر ڕەنگە ببێت بە ستیگما (Stigmata).
لە کوێدا ئەمە ئێنترۆپی ساز دەکات؟
ناسیۆنالیسم لە کۆمەڵگای کوردستاندا لەدوای پاسۆک فۆرمی ڕێکخراوەی سیاسی تیدەپەڕێنێت و ڕووی کردۆتە بناغە هزری، زانستی، فەلسەفی و مەعریفییەکان بە پێشەنگایەتی هزرمەندانی ئاکادێمیک کە توانای بەرهەمهێنانی هزر و دەق و گوتاریان هەیە. تەنانەت توانای کارکردنی سینەبەسینە لەگەڵ دینامیسمی کۆمەڵگایان هەیە و دەزانن کام دینامیک کۆمەڵگای کوردستان بە ئاراستەی درووستی نەتەوەیدا دەجوڵێنێت. ئەم ڕەۆتە لە خەریکە ڕێچکەکانی خۆی ساز دەکات تاکو هزری نەتەوەیی ببێت بە گوتارێکی گشتگیری نەتەوەیی. بۆ ئەم مەبەستەش هەزاران کەس بەبێ ئەوەی ڕێکخراویان هەبێت یان یەکتر بناسن یان لە یەک ڕایەڵەدا بن، لە بواری خۆیاندا دەق و زانست و ئارتیکڵی زانستی بەرهەم دێنن کە بنیادە مەعریفییەکانی ناسیۆنالیسمی کوردی فۆرم پێ دەدەن. ڕەوتی ڕاستەقینەی سەربەخۆییخوازی ئەمەیە کە ترسی خستۆتە دڵی داگیرکەر چۆن بە بەرهەمهێنان زانست و مەعریفە بناغە پتەوەکانی هزری سەربەخۆییخوازی بەرهەم دێنێت. لەمە ئەولاتر بناغەی مەعریفییەکانی هزری داگیرکەران دەلەرزێنێت.
کاری حیزبە میکرۆسکۆپییەکان سازکردنی هەرا و هاوارە تاکو سەرنجی بەکۆمەڵی کۆمەڵگای کوردستان لە کارە بنەڕەتییەکان بترازێنن و لە چاوی خەڵک بیشارنەوە و خۆیان وەک شۆڕەسواری ڕزگاریدەری نەتەوەیی وەدەرخەن کە کەفوکوڵێکی کاتییە و خێرا دادەمرکێتەوە و تەنیا ئاڵۆزی و ئێنترۆپی بەجێ دێڵێ و ئاوەزیی گشتی سەبارەت بە سەربەخۆییخوازان ئاڵۆزتر دەکات. دەکات تاکو
ئایا سەربەخۆییخوازان دەکرێت حیزب و ڕێکخراویان هەبێت؟
سەربەخۆییخوازانی پێش کۆماری کوردستان لە مەهاباد هەر لە سەرەتاوە بۆ ڕێکخستنی خۆیان کەڵکیان لە «کۆمەڵە» وەرگرتووە. کۆنترین کۆمەڵەی ناسراو «کۆمەڵەی عەشیرەکانی کورد (یەکێتی کوردان)» لە ساڵی ١٨٨٠ـی زایینی بە ڕێبەرایەتی شێخ عەبەیدوڵا نەهری بووە کە ویستوویەتی هەموو خێڵ و هۆزە کوردەکان بە مەبەستی بنیادنانی دەوڵەتی نەتەوەیی لەدەوری یەکتر کۆ بکاتەوە.
دواتر کورد لە ئیستانبوڵ کۆمەڵەی عەزمی قەوی کورد ساز دەکەن. لە ١٩٠٨ هەر لە ئیستانبوڵ کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد ساز دەکەن. لە ١٩١٠ کۆمەڵەی هێڤی و لە ١٩١٧ کۆمەڵەی تەعالی کورد دامەزران. لە ساڵی ١٩١٨ لەلایەن شێخ عەبدولقادر نەهری کۆمەڵەی سەربەخۆیی کوردستان دامەزرا کە بە وردی کاریان بۆ سەربەخۆیی دەکرد. ئامینە خانمی هاوسەری ژێنراڵ شەریف پاشای خەندان لە ساڵی ١٩١٩ ڕێکخراوێکی پێشکەوتووی یەکسانیخوازی بەناوی «کۆمەڵەی تەعالی ژنانی کورد» دامەزراند.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سمکۆی مەزن «کۆمەڵەی جیهاندانی» لە ١٩١٢ لە شاری خۆی و لە ١٩١٣ «کۆمەڵەی ئیستخلاسی کوردستان» لە شاری ورمێ دامەزراند. لە ١٩٢٢ لە سلێمانی «کۆمەڵەی کوردستان» لە لایەن مستەفا پاشای یامولکی و دواتر لە ساڵی ١٩٣٧ کۆمەڵەی دارکەران دامەزرا کە دواتر بە هاتنی ڕەفیق حیلمی لەتامەزرۆی کۆمەڵەی هێڤی ناوی گۆڕی بۆ کۆمەڵەی هیوا. لە ١٩٤٢ لە مەهاباد کۆمەڵەی ژێکاف دامەزرا. لە ١٩٥٩ لە باشوری کوردستان کاژیک دامەزرا کە دواتر لە ساڵی ١٩٧٥ پاسۆکی لەسەر پاشماوەکانی کاژیک دامەزرا وەک یەکەم حیزبی سەربەخۆیخوازی کوردستان. پاسۆک هەرچەند ناوی حیزب بوو، بەڵام هێشتا مۆدێلی کۆمەڵەی هەبوو و زیاتر بزاوت بوو هەتا حیزب.
یەکەم ڕێکخراوە بە ناوی حیزب لە ساڵی ١٩٣٩ بە ڕێبەرایەتی دوکتۆر عەزیزی زەندی بەناوی حیزبی ئازادیخوازی کوردستان دامەزرا کە هزری ئازادیخوازانەی لە بەرامبەر بە دیکتاتۆری دەوڵەتی ڕەزا میرپێنج لەناو کورد و تورک و ئاشوری و ئەرمەنی بڵاو دەکردەوە.
دوایین کۆمەڵەی سەربەخۆیخواز لە ساڵی ١٩٧٩ بەناوی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان دامەزرا کە زوو کەوتە بەر شاڵاوی حیزبی دێموکرات. لە ساڵی ١٩٩٠ پارتی سەربەخۆیی کوردستان و لە ساڵی ١٩٩١ یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان (ئیستا؛ پارتی ئازادی کوردستان) دامەزران. لە دوای ئەوە هەرچی ڕێکخراوی سەربەخۆییخواز دامەزراوە حیزبی میکرۆسکۆپی بووە کە ماوەیەک دەنگیان بووە و ماوەیەک ون بوون.
بەم پێشەکییە دەردەکەوێت کە سەربەخۆییخوازانی کوردستان هەر لە سەردەمی نەهری ڕا کۆمەڵەیان ساز کردووە کە هێشتا حیزبایەتی بە مۆدێلی چەپی ئێستا ڕێگای کوردستانی نەدۆزیوەتەوە. مۆدێلی ستالینیستی ناسراو بە سانترالیزمی دێموکراتیک هەتا سەردەمی کۆمار بۆ کورد نائاشنا بووە. لەڕاستیدا هەتا ئەو سەردەمە کوردان هەموویان سەربەخۆییخواز بوون و تەنیا فۆرمی خۆڕێکخستنیان کۆمەڵە وەک چەشنێک لە بزاوت بووە. ئەوەی ڕاستی بووە ئەوە بووە کە هەموو کۆمەڵەکان یان لەلایەن ڕێبەرە ناسیۆنالیستەکانی کورد یان وەک دارکەران لە ناو قوڵایی توێژەکانی خەڵکدا ساز بوون.
لە پارتی سەربەخۆیی کوردستان ڕا سەربەخۆییخوازان بەچەوتی نەتەوەسازییان تەنیا وەک ڕەوتی سیاسی دیتووە و بەلاسایی لە چەپەکان پێیان وا بووە کە دەبێ بۆ پرسی سەربەخۆیی حیزب ساز بکەن. ئەوان بەتەواوی لەگەڵ مۆدێلی کۆمەڵە و بزاوت نامۆ بوون، و توانای بەرهەمهێنانی هزر و مەعریفەشیان نەبووە و بۆیە نەیانتوانیوە لە ئاستی کۆمەڵگادا گوتارسازی بکەن. ئەمە وایکردووە لەو کاتەوە هەرچی حیزبی سەربەخۆییخواز ساز بوون حیزبی میکرۆسکۆپی و بێ باندۆر بوون و لە سەرەتاوە دەسپێکی خۆیان بە قەیرانی قووڵی مەعریفی دەست پێکردووە.
لە بەرامبەردا سەربەخۆییخوازانی کۆتایی سەدەی نۆزدە کە بەدەرخانەکانن و پاشماوەی میری بۆتانن کە قەیرانی مەعریفی کوردستان تێگەیشتوون و ڕەوتی نەتەوەیی لە ١٨٩٨ بە گۆڤاری کوردستان دەست پێ دەکەن لە ئاستی زانین و مەعریفە بەرز بکەنەوە تاکو ڕەوتی ناسیۆنالیستی کوردستان بگاتە بە خوێندەواری. ئەم تێگەیشتنە لە ناسیۆنالیسم و ڕەوتی نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازییە هەر درێژەی هەیە و بە بەرز بوونەوەی خوێندەواری لە کوردستان گەیشتۆتە قۆناغێکێ جیاواز.
سەربەخۆییخوازی ئەمڕۆ وەک ڕەوتێکی مەعریفی لە ڕاستیدا ڕایەڵەیەک لە هزر، فەلسەفە، زانست و مەعریفەی نەتەوەییە کە هەرکەس لە بواری پسپۆڕی خۆیدا دەق و ناوەڕۆکێک دەخاتە سەری کە لە کۆی گشتی خۆیدا گوتاری سەربەخۆیی بەرهەم دێنێت. بەپێچەوانە زۆران سەربەخۆییخوازی ڕەوتێکی سیاسی- حیزبی نییە و ناتوانێت ببێت. سەربەخۆییخوازی کاتێک دەبێتە سیاسی کە کۆمەڵگای کوردستان لە ئاستێکی بەرفراوان هاوتەریب لەگەڵ گوتاری نەتەوەیی سیاسی بێتەوە. سیاسی بوونەوەی ڕەوتی سەربەخۆییخوازی بەستراوە بە بەشداری بەرفراوانی کۆمەڵگا لە سازکردنی ئینفراستراکچری سیاسی خۆی و فۆڕم بەخشین بە گرینگترین فاکتۆرەکانی هێز بتوانێت ئەم کۆمەڵگایە بکات بە هێزی گوتاری لە بەرامبەر بە گوتاری داگیرکاردا.
بەپێچەوانە حیزبە میکرۆسکۆپییەکان نە زانست و مەعریفە و نە مێتۆد و شێواز و نە کەرەسەکانی ئەو کارەیان لەبەر دەست نییە و لێشی بەئاگا نیین و نازانن ئەمە وەها گەرەکمەندییەکی لە ژێرخانی خۆیدا پێویستە. ئەوەی کە هەر چەند کەسێک کە لە حیزبە فێدرالیخوازەکان و چەپەکان دادەبڕێن و کەمێک خۆیان دەدۆزنە و لەم هەگبە مەزنەی سەربەخۆییخوازی مێژوویی نائاگان، وا دەزانن کلیلی سەربەخۆیی کوردستان کەوتۆتە دەستی ئەوان و یەکسەر دەبێت حیزبێک دامەزرێنن. ئەمە بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانی سەبارەت بە سەربەخۆیی تووشی ئێنترۆپی و چەشنێک لە ئەتۆمیزم دەکات کە ئەمانە خۆیان لێی ئاگا نیین، بەڵام توێژی نوخبە و ئاکادێمیک لێی بەئاگان و هەر بۆیە هزرمەندان و بیرمەندان و ئەوانەی کە بەرهەمهێنەری دەق و ناوەڕۆک و مەعریفەی نەتەوەیین لەو حیزبە میکرۆسکۆپییانە بەشدار نابن. هەر بۆیەش بەپێی خوێندنەوە و ئەزموونی خۆم ئەم حیزبانە سەرەتای کاری خۆیان بە قەیرانی مەعریفی دەست پێدەکەن کە دواتر ناکۆکی و دووبەرەکی و ڕکابەری ناوخۆیان و بەرژەوەندیخوازی وەهمی دایاندەڕزێنێت.
لە ئەنجامدا ئاشکرایە کە ئەم ڕێکخراوانە پەیوەندییان بە ڕەوتی سەربەخۆییخوازی کۆمەڵگای کوردستانەوە نییە و بەرهەم ئێنترۆپی نەتەوەیین و بە شێوەی ماوەیی سەرهەڵدەدەن و پاش ماوەیەک کاڵ دەبنەوە. بەڵام ڕەوتی سەربەخۆیخوازی وەک ڕەوتێکی مەعریفی و گوتاری لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە و ئێستا تەکنۆلۆژیا زۆر هەلی ڕەخساندووە کە گەشەی زیاتر بەخۆی بدات. لە بەرامبەریشدا ئەرکێکی گەورەتر دەکەوێتە سەر ڕەوتی سەربەخۆیی ئەویش تاودانی ئەرکە نەەتەوەییەکانە بۆ فۆرمبەخشین بە ژێرخانی هزری نەتەوەییە کە بتوانێت پێش بەو ئێنترۆپی و ئەتۆمیزم و هەرا و هاوارە بگرێت.

Website | + posts