بەراورد ڕۆمانی گۆنا

ڕەشاد- مستەفا سوڵتانی
(٢٤ی ڤیبرواری ٢٠٢٣)

بەراورد و تێڕوانین
گۆنا ناوی ڕۆمانێکە کە جەناب پڕۆفیسۆر دوکتور نەبی فەتاحی نوسیویەتی. لە ٣٢ کاپیتاڵ پێک هاتوە و سەرجەم ٢٧١ لاپەڕەو ساڵی ٢٠٢٢ چاپی یەکەمی دەرهاتوە. بە دیالکتی سۆرانی نوسراوە و پەخشانێکی دڵگیر ،ڕەوان و لە سەردڵانە . لایەنی پۆزیتیڤی فرە و فراوان وبوارە ئەدبیەکان و شێوەی داڕشتنی ڕۆمانەکە و ناوەرۆکی باسەکان پێگەی بەرز و دڵڕفێنیان هەیە. نەیاران ناتوانن ڕۆمانی گۆنا حاشا و ئینکارکەن و  یارانیش ناتوانن ڕێزی لێ نەگرن. ئیستانووسەر لە زۆر بواردا هەڵدەسوڕێت و خزمەتەکانی گرانبەها و بەنرخن. نووسەر لە دیاسپۆڕا گیرساوەتەوە ولە پرۆسەی ئەنتیگراسیون و هاو گونجی فرە ڕەنجی کێشاوە و بوارەکانی زانستی و عیلمی و زانستگایی بە خێرایی بڕیوە و فەتح کردووە و وەک مرۆڤێکی سەرکەوتوو ناسراوە. خۆزگە ڕۆمانەکە بە شێوەی پێ-  دێ-  ئیف دەر دەهات و لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەبوەوە . خوێندنەوەی ڕۆمانی گۆنا کە ڕووح و دڵ ،دەگەشێنێ و گوڵاوپژین دەکات ،بە هەموو خوازیارانی ئەدەبیاتی کوردی دەسپێرم و سفارش دەکەم .
١- ڕوانگەی ئەدەبی:
  ڕۆمانی گۆنا تان و پۆی واقیعی نێو کۆمەڵگای کوردەواری باس دەکات و ئاوێنە و پژواکی ژیانی رەنجدەرانە. پەخشانێکی ناسک و ڕەوان وپڕ ناوەڕۆک و وەک ئاسن ڕفێن خوینەر لەگەڵ خۆیدا کێش دەکات و بەرۆکی بەر نادات. پێ دەچێت ماوەیەکی دوور و درێژی خایاندبێت تاڕۆمانەکە نوسرابێت و بۆیە،چەند قۆناغی جیاواز هەست دەکرێت . وادیارە بەرهەمی چەندین ساڵی لێک جیاوازە. ئەم کاتە بەرفراوانە یارمەتی شەن و کەو کردنی دیالۆگەکانی داوە وچوارچێوەی داڕشتنەکانی خەمڵاندووە وهەموار کردووە.
٢-زمانی ڕۆمانەکە :
بە شێوەیەکی لێزانانە و پسپۆڕانە ئەدەبیات و زمانی کوردی بەکارهێناوە. بێگومان ئەم پڕۆسەیە خزمەتی ڕەوتی” نەتەویی” دەکات. وپەخشانیکی دڵگیر، ڕەوان و لەسەر دڵانە . بەستێنی دیالۆگەکان بە زمانی ساکاری ڕەنجدەرانی دێهات پۆلبەندی و کلاسە کراون. لە بواری زمانەوانی و ڕێزمانی کەم و کوڕی بەرچاو ناکەوێت و بێگومان بە ئاستانەی زمانی ستانداردی کوردی گەیشتوە .
٣-ستەمی نەتەوایەتی :
باس لە کرێکارانی وەرزی دەکات کە بارودۆخی ژیان، ناچاریان دەکات کوردستان بە جێ بێڵن و بەرەو ناوچەکانی تری ئیران کۆچ کەن . ڕەنجی نە پێوراوی کرێکارانی وەرزی و کۆچەری کە بەرەو دەڤەرەکانی تری ئێران سەفەر دەکەن و، لە گەڵ دیاردەی هەڵاواردن ، سوکایەتی و تەحقیری نەتەوایەتی ڕوو بە روو دەبنەوە ، شا دەماری ڕۆمانەکەیە. هەستەکان تێراوی هەستی ڕئالیستین . بەئاشکرا ستەمی نەتەوایەتی لە هەڵسوکەوتی رۆژانەی کرێکارانی غەیرە کورد بەڵام لە  سیما وهێمای ئاین و ئاین زاکان ، زمان و شێوەی جل و بەرگ خۆی دەنوێنێت . کرێکارانی کورد بۆ ئەوەی  دوور لە کوردستان سوکایەتی و ئەهانەتیان پێ نەکرێت و تووشی هەڵاواردن نە بن ،ناچارن جل و بەرگی کوردی لە بەر نەکەن.
٤-پێگە کۆمەڵایەتی کەنیشکەکان و ژنەکان :
زۆربەی دیالۆگەکان سەبارەت بە پێگەی کۆمەڵایەتی و باری نالەباری چارەنووسی کچان و ژنانی کورد تەرخان کراوە و ،دەمانباتە ناو داڵانە تاریکەکانی مێژوو . یەکێک لە خاڵە هەرە چاک و پۆزیتیڤەکانی ئەم کتێبە ئەم دیالۆگانەیە . کە بە ئاشکرا ژیانی سەخت و دژواری نێوەی کۆمەلگا لێک دەداتەوە و لە فورمی ئاخاوتنی بێ پەردە ، هەڵویستی کچان و ژنان لە کاتی وتووێژەکان دەر دەخات . وبە گشتی ژنان و کچان هەموویان نەرم ئاژۆن و لایەنگری ئاشتی و ڕێز گرتنی دوو لایەنە و نەمانی دیاردەی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و توند ئاژۆیین  .
٥- کولتوری پیاوسالاری :
لە پڕوسەی داستانەکە و بە دەیان شێوە هەڵویستی  ناڕەوای پیاوان بە نیسبەت ژنانەوە  دووپات دەکاتەوە . شارەزایی و داڕشتەنەکان و دیالۆگی پیاوان سەرنج ڕاکێش و سیحرئاوییە . لەو بارودۆخەدا کۆد شکێنی و ڕەمز شکێنی دەسەڵاتی پیاوان کارێکی ئاسان نیە . لە نێو چوار چێوەی سیستەمی فیئودالی و لێکەوتەکانی ژیانی دێهات و هەڵویستی کۆن و کات بەسەرچوو، زۆر داب و نەریت و کولتوری کۆنی کۆمەڵایەتی باس دەکریت . دیاردەی ( ژن بەژن- یا ژن لە بری خوێن ) و تاڵانی سەروەت و سامان و هێزی کاری هەرزەکاران و کوڕانی گەنج ، لە پڕۆسەی دەزگیرانی لە گەڵ کچێک ،سامناکە. لە چۆڕاوەی باسەکان و بەزەقی  ژن و کەنیشک وەک “کالا” چاو لیدەکرێن . پێوەری هەڵسەنگاندنەکان و بڕیار دەری هەموو کۆمەڵگا هەر  یاسا کۆنەکان وپیاوانن ، و ژنان ئەگەر شانس یاریان بێت لە پلەی دووهەمی پلەکانی تێکچنراوی کۆمەڵایەتی جێگایان هەیە و هەڵدەکەون . لەم ڕۆمانەداچارەنووسی ژنان و کچان لە لایەن دەسەڵاتی نەبیراو، کە تێکەڵیک لە یاسای شپرزە. ئاین،تەم و مژەکانی توند وتیژی  پیاوانەوە دیاری دەکرێت.
٦- ئێرۆنی و ساتیر:
دیالۆگەکان بە ساتیر و ئێرۆنی بەرفراوان و بەربڵاو ڕازاونەتەوە . لە قسەی نەستەق ، پەند و ئامۆژگاری لێوالێوە و ئەم گەنجینەیە خاڵێکی گرینگی ڕۆمانەکەیە . کاتی هات و چوی ڕەنجدەران بۆ شوێنەکانی تری ئێران ، دەکەونە بەر تانە و لۆمەی شاگرد شوفێر و لێخوڕی سەیارەکان و لەم بوارەدا توێژی بێ ئاگا وتێنەگەیشتووی شاری، سوکایەتی و گاڵتە بە ڕەنجدەران دەکەن . ئەم  بێ حورمەتی و سوکایەتیانە ، ئازاری ڕێبواران وسەرنشینەکانی ماشینەکان دەکات .
٧-پێگەی بەرهەم هێنەران :
لە ڕۆمانەکە پیاوان وەک بەرهەمهێنەرانی سەرەکی دەس نیشان دەکرین .  هەموو سەروەت و سامان هی ئەوانە . بە پێوانەی سیستەمەکە و پێش بڕیار ،رەنج و زەحمەتی ژنان و کەنیشکەکان، کە بەرهەمیان نادیار و تەقریبەن شاراوەیە ، بە هێچ شێوەیەک حیساب ناکرێت و وەک دارێکی زڕ و بێ بەر چاویان لێدەکەن . هەر بۆیە کوڕ ستاتوس وپێگەیەکی بەرزی لە کۆمەلگا داخراوەکان هەیە .  لە ڕۆمانی گۆنا تەحقیری ژنانێک کە تەنیا کچیان دەبێت ، ئاستێکی بەرزی هەیە و چارەنووس و ژیانی زۆربەی ئەوژنانە لە بار و دۆخی وەستاو پەیوەندی بە منداڵی کوڕەوە هەیە.  برەو ، کارتێکەری  دراو و پارە و وەزعیەتی ئابوری خولقینەری مافی یەک لایەی پیاوانەو لە  ئاستێکی بەرزدایە .
٨- دیسکورس و پەیام:
دیسکورس و پەیانی ئەم رۆمانە ، ئاماژە بە چونیەتی و فورمی چەوسانەوەی نێوەی کۆمەلگایە کە لە ژنان و کچان پێک هاتوە . هەروەها قەوارەی ژیانی ڕەنجدەران کە ئازار و مەینەت ، ژیانیانی لە تاڵ ،تاڵ تر کردووە .  ڕۆمانەکە زەرفیەت و پوتانسیلی چاکی بۆ تۆمار کردنی فیلمێکی خۆمالی هەیە و تەنانەت بۆ نەخوێندەواران لە شێوازی تیاتر دەتوانی بچێتە سەر شانۆ  . داستانەکە بە تراژیدێکی سەرسوڕ هێنەر تەواو دەبێت .دەورانی ئەڤینداری  ” گۆنا و گۆران” لە هەوراز و نشیوی زۆر سەختی کۆمەڵایەتی تێپەڕ دەبێت . یاساو سیستەمی کۆن چوار مێخەی گۆنا و گۆڕانیان کێشاوە . فاکتورگەلێکی بینراو و نە بینراوە بۆ  تێکدانی ژیانی هاوبەشی گۆران و گۆنا بڕیار دەدەن . ئەوان دەکەونە بارودۆخیکی ناهۆمێدی و سەرگەردانی، وناو گێژاوی گەردەلوولێکی سەیر و کەم وێنە . پاشان خۆشەویستی و ئەڤینیان بەخشکەیی بەرەو یانەی قاڵبە دوگمەکان  باردەکات و قەد بەیەک ناگەن و ژیانی هاوبەشیان بەرەو کۆشکی تراویلکە باڵ دەگریتەوە . لێک دابڕانەکەیان خەماوی ومرۆڤی بە ویجدان وڕ و کاس دەکات . تەمێکی تاریکی خەفەت و خەم ، دەواری بەسەر دڵێ  ناسک و دلۆڤانی گۆنا و گۆران هەڵدەدا.
۹_هەڵکەوتەی جیوگرافیایی :
کودی هزر و بیرکردنەوە بە گشتی لە شوێنی لە دایک بوون گەڵاڵە دەبێت و هەڵدەسوڕێت . ئەم ڕەوتە گشتگیر وئاوارتە نیە  . گەنجینەی زمانی دایکی هی ئەو دەڤەرەیە کە نووسەر تێدا گەورە بووە و پردی پەیوەندیە . لە ڕۆمانی گۆنا ، تاڕادەیەک  داب و نەریت و کولتوری دەڤەری هەورامان  پژواکی هەیە و ڕەوتی ڕووداوەکان هی ئەم ناوچەیە. بەڵام شوێنی لەدایک بوون نەیتوانیوە لە فڕینی بیر و هزری نووسەرپێشگیری بکات و  کۆسپ و گرفتێک لە بواری گەڵالە کردنی دیالۆگەکان بخولقێنێت.