حەسەن بیلدیرجی
دیموکراسی لە بیابانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
لەم ڕۆژانەدا هۆزە عەرەبەکان لە دێرەزوور (ڕۆژئاوای کوردستان) لەگەڵ یەکتر جەنگان. ئەوان خانوو و بیرە نەوتەکانی یەکتریان ئاگر تێبەردا. پێکدادانەکان تا شەو بەردەوام بوو. نازانم ئێستا چی دەکەن. دێرەزوور ماوەیەکی زۆرە (زیاتر لە ١٠ ساڵە لەژێر بەڕێوەبەرایەتی کوردەکاندایە) کە لەژێر ئیدارەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDG) دایە، و ئەمەش بەو مانایەیە کە هۆزە عەرەبەکان دیموکراتیزە نەکراون و ناون.
ئەوان بەهەر حاڵ ناتوانن ببنە دیموکرات. ئەو ئیدیعایەی کە دیموکراسی باشترین ڕژێمە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شتێک نییە جگە لە قسەی پڕوپووچی بەتاڵ. بەرگریکردن لە دیموکراسی عەقڵییەتێکی ئیفلیج دەخاتە سەر ئەوانەی کە نازانن دیموکراسی بە چه مانایەکە. شەمەندەفەری دیموکراسی پێشتر لە ڕۆژئاوا بەڕێکەوتووە و هیچ ڕێگەیەک بۆ کۆمەڵگە شەرق و ڕۆژهەڵاتییەکان نییە کە پێی بگەنەوە.
نەریتی دیموکراسی، کە ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر بە شێوازی بەڕێوەبردنی شارە بچووکەکان لە یۆنان دەستی پێکرد، خاوەنی قوڵاییەکی کولتووری و فەلسەفییە. ئیمپراتۆریەتی ڕۆم ئەم شێوازەی لە شێوەی ئەنجومەنی پیران (سەنات) وەرگرت، و دەستبەجێ دوای ئەوە، ئیمپراتۆرەکانی ڕۆم لەسەر دەستی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران گیانیان لەدەستدا، جا بە خەنجەری ئەنجومەنی پیران بێت یان بە ژەهر. سزاری بەناوبانگیش لەلایەن چەندین سیناتۆری ئەنجومەنی پیرانەوە دوای پیلانگێڕی، بەرەو مەرگ ڕاکێشرا. سزار کە بە خەنجەری ئەنجومەنی پیران لێیدرا بوو، ڕووی کردە خاوەنی ئەو خەنجەرەی کە لە جەستەیدا چەقیبوو و وتی:
«تۆش، بروتوس!»
بروتوس سیناتۆرێکی گەنج بوو، کوڕی خۆشەویستەکەی سزار بوو.
لەبەر ئەوەی ئەوانەی وا باسی دیموکراسی دەکەین، ئەمڕۆ لە تورکیا هەر جۆرە دەنگدانێک ئەنجام بدرێت، کوردەکان دۆڕاو دەبن. ئەگەر پێتان خۆشە، با نموونە بێنم (شی بکەینەوە).
«ئایا زمانی کوردی زمانی پەروەردە بێت یاخود نا، ئەگەر بخرێتە دەنگدانەوە، لانی کەم ٧٠٪ی کۆمەڵگای تورکیا دەڵێن: ‘زمانی کوردی نابێت زمانی پەروەردە بێت!’»
ئەگەر ئازادکردنی ئەندامانی پەکەکە (P.K.K) بخرێتە دەنگدانەوە، لانی کەم ٧٥٪ی کۆمەڵگە دەڵێن کە ئەندامانی پەکەکە نابێت ئازاد بکرێن.
ئەگەر لە خەڵک بپرسرێت ئایا ئۆجالان دەبێت لە «مافی هیوا» سوودمەند بێت، ٧٥٪یان دەڵێن کە ئۆجالان نابێت لێی سوودمەند بێت.
لە کاتێکدا دیمەنەکە تا ئەم ڕادەیە ڕوونە، کوردەکان بە کام ئامرازی دیموکراتیک دەتوانن مافەکانیان بەدەست بهێنن؟ لە ڕاستیدا، کوردەکانیش چاوەڕوانی چارەسەری پرسی کوردن لە ڕێگەی مێتۆدە نادیموکراتیکەکانەوە. شێوازی سەپاندن هەر ئەوەیە. دەوڵەت ئەوەی دەیکات بە ناوی یاساوە بەسەر کۆمەڵگەدا دەیسەپێنێت.
بە خەڵک دەڵێت: «ئەم یاسایە قبوڵ بکەن».
دیموکراسی ناوی ڕژێمێکە کە تێیدا مافی کەمینەکان دەپارێزرێت، بەڵام ئەم چەمکەش دروستکراوێکە. زۆرینە و بەهێزەکان هەمیشە لە دیموکراسی سوودمەند دەبن. دیموکراسی بەهەشتێکە بۆ بەهێزەکان و دۆزەخێکە بۆ لاوازەکان و کەمینە. ڕێگە بدەن ئەم بابەتە بە نموونەیەک بۆتان ڕوون بکەمەوە:
جێفری ئێپستین ئەمریکییەکی زۆر دەوڵەمەند بوو. ئەو سامانەکەی بە فێڵکردن و قۆستنەوەی کەلێنەکانی دیموکراسی بەدەست هێنا. بۆ ماوەی چەندین دەیە لەگەڵ هەزاران کچی ئەمریکی نووست (سەرجێیی کرد). دۆسیەی ئێپستین نوێ نییە. ئەو لەم ماجەرایەدا چەندین جار لە دادگا ئامادە بوو و بە سوودوەرگرتن لە نیعمەتەکانی دیموکراسی، هەر جارێک ئازاد دەکرا. من بەم دواییانە دۆکیۆمێنتارییەکم دەربارەی دادگاییەکانی ساڵی ٢٠٠٦ی ئەوان تماشا کرد.
ئێپستین بەیانیان کچێکی جیاواز و پاشنیوەڕوان کچێکی جیاوازی هەبوو. تەمەنیان لە زۆرترین حاڵەتدا ١٣، ١٤ یان ١٥ ساڵ بوو. ڕێکخراوێکی گەورەی ژنان دروست کردبوو کە کچەکانیان بۆ ڕێکدەخست. ئێپستین هەمیشە هەمان کاری دەکرد. لە جێگەی خەوتن چاوەڕێی کچەکەی دەکرد. لەو کچەی کە دەهات داوای دەکرد جلەکانی لەلایەن منداڵەکەوە دابکرێنرێن. لە کاتێکدا کچەکە دەستی بە جەستەی خۆیدا دەهێنا، ئەو دەستی بە جەستەی کچە تازە پێگەیشتووەکەدا دەهێنا. لەگەڵ هەندێکیان پەیوەندی سێکسی ئەنجام دەدا. لە هەر کچێک کە لەگەڵی بوو داوای دەکرد لە بەرامبەر ٢٠٠ دۆلاردا، کچێکی تر بێنێت. ئەم تۆڕە نزیکەی هەموو ئەمریکای دەگرتەوە. هەزاران، دەیان هەزار کچ.
مەودای تەمەنی ١٣ بۆ ١٤ ساڵ، دوودڵترین و بێبڕیارترین قۆناغە بۆ کچان. زۆربەیان دەترسان ئەزموونەکەیان بگێڕنەوە. ئیگۆ (هەست)ی منداڵانەیان سەرەوژێر دەبوو. ئەوان دەستیان دەکرد بە ڕق لێبوونەوە لە جەستەیان کە پێشتر بە شێوەیەکی تر سەیریان دەکرد.
بەهەرحاڵ، ئەفسەرێکی پۆلیسی بەشەرەف و ڕاستگۆی شارۆچکەیک، بەپێی شایەتی پێنج کچ، ڕاپۆرتێکی دژی ئێپستین ئامادە کرد و داوای لێپێچینەوەی یاسایی کرد. ئەو کۆمیسەرەی کە دۆسیەکەی ئامادە کردبوو، دڵنیا بوو کە ئێپستین سزای زیندانی هەتاهەتایی وەردەگرێت.
جێفری ئێپستین ملیاردێر بوو. ئەو بۆ ئەم داوا یاساییە ٨ کەس لە بەناوبانگترین پارێزەرانی ئەمریکای بەکرێ گرت. مافێکی زۆر دیموکراتیک بە پارەیەکی زۆرەوە. پێنج کچ بە شێوەی تاکەکەسی بانگهێشتی دادگا کران بۆ شایەتیدان. کچەکان دەیانگێڕایەوە و هەشت پارێزەرە بەناوبانگەکە لێپرسینەوەی دژ (لێکۆڵینەوەی چڕ)یان لەو پێنج کچە دەکرد کە پێشوەختە لە دادگا هەستیان بە نائارامی و بێمتمانەیی دەکرد. کچە تێکشکاوەکان لە میانەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا توانای وەڵامدانەوەی هیچ پرسیارێکیان نەبوو و نەیانتوانی بەرگری لە خۆیان بکەن. لە دیموکراسییەکاندا، پارێزەران مافیان هەیە، وەک مافی لێپرسینەوە.
لە کۆتاییدا، ئێپستین ئازاد کرا و کچەکان بە «قەحبە بچووکەکان» ناوزەد کران.
نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر، بابەتی کوشتنی گورگەکان لە ناوچەیەک لە سویسرا لەسەر داوای جوتیاران خرایە ڕاپرسییەوە. هەروەها، لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٤ ڕاپرسی بۆ سنووردارکردنی مافی کۆچبەران ئەنجام دراوە. مافی کۆچبەران بە شێوەیەکی زۆر دیموکراتیک (دەنگی زۆرینە) سنووردار کرا. هەندێک لە کۆچبەران دەرکران (دیپۆرت کران).
دیموکراتترین وڵاتانی جیهان، فەڕەنسا، ئینگلتەرا و ئەمریکا، گەورەترین سوپا، پێشکەوتووترین چەک و کوشندەترین چەکەکانی جیهانیان هەیە.
هەروەک چۆن بەبێ دەوڵەت دیموکراسی بوونی نابێت، هیچ نموونەیەکی دیموکراسیش بوونی نییە کە بتوانێت ڕێگری لە سەرکەوتنی زیاتری بەهێزەکان بکات.
دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێی نابێتەوە. هەروەها، دیموکراسی ڕۆژئاواییش لە باشترین پۆلێنکردنی ڕژێمەکان بۆ ژیانکردن نییە.
دیموکراسی لە لایەک و ماف و ئازادیی کوردەکان لە لایەکی تر، نابێت تێکەڵ بە یەک بکرێن. مافە سروشتییەکانی کورد کە لە کوردبوونیانەوە سەرچاوە دەگرێت، نابێت لە مشتومڕی هیچ ڕژێم یان سیستەمێکی بیروباوەڕدا بەکاربهێنرێت. [ئازادی له پێش دیموکراسیه] ڕژێم دەکرێت ئیسلامی، فاشیست، یان دیموکراتیک بێت. کورد نەتەوەیەکە و مافەکانیان دەبێت لە هەر ڕژێمێکدا یەکسان بێت. دیموکراسی دەتوانێت لە دۆخی یەکسانی و هاوتاییدا کار بکات. دیموکراسی بە تەنها ناتوانێت کێشەی کورد چارەسەر بکات. ڕاستی ئەوەیە نەتەوەکان پێش ئەوە دیموکراسی بوونی بێت، بوونیان هەبووە.
- ملتها پیش از دموکراسی وجود داشتند - 02/09/2026
- نەتەوەکان بوونیان هەبووە پێش دیموکراسی - 02/09/2026
- پادشاهیخواهان و ترمیدور فاشیسم ازلی اومبرتو اکو - 02/05/2026
