چەمکی کۆمەڵکوژی و تێگەیشتنی ئێمەی کورد

جەلال حاجیزادە

?بۆ تێگەیشتن لە ئەنفال و کۆمەڵکوژی دەبێ لە زێهنی رۆژهەڵاتی و دوو کەرتی عەقڵانییەتی مۆدێڕنی سیاسی و یەزدان ناسی سیاسی(تئولوژی) ئەو زێهنە تێبگەین. ناسینی ڕەگ و ڕێشەی بەعسیزم بە لێکدانەوەیەکی شاعیرانە و دەروونناسانە بۆ تێگەیشتن، نە تەنیا تەواو نییە بەڵکوو بە باری زۆریەوە لاواز و نەزۆکە، لە بەر ئەوەیکە بەعسیزم لە خۆیدا تەنیا رووێکی هاوچەرخی زێهنی سیاسی رۆژهەڵاتییە. دیاردەی هزریی و سیاسی بەعسیزم بە بێ تێگەیشتن لەو زێهنە تەنانەت ژێستێکی روناکبیرانەی ئەدەبییە کە هیچی لێ شین نابێتەوە. بەشێک لە زێهنی رۆژهەڵاتی تێنەگەیشتنی مرۆڤی کورد لەو دیارەدەیە کە پێوەندی بە لاوازی هزری و ئاوزگەرێتی زێهنی کوردی و نەبوونی هیچ بنەمایەکی ئەندیشەیی هەیە. کورد هێشتا لە ئەنفال و کۆمەڵکوژی و نەریتی پاکتاوکردن تێنەگەیشتووە و قوڵایی ئەو بابەتە تڕاژیکەی دەرک و فام نەکردووە. زێهنی رۆژهەڵاتی بۆ خۆ وەدیارخستن و بووژانەوە و گەشە کردنی، پێویستی بەو کردەوە مێژوییانە هەیە و لەو پێناوەش دا مومکینە لە حەرەکەتی سروشتی ئەو زێهن و روحە لە پانتایی بوونێکی مێژوومەند دا کومەڵە مرۆڤێک وەکوو کورد تووشی خەسار و فەوتان بن. زێهنی کوردی بە جیددی تووشی خۆقوتاردان و وەدواخستنی خۆیەتی و لە قامچی ئەوانی دیکەی نەیار، هەنگاو هەڵدێنێتەوە. بە حەماسە کردن و قوربانی نواندنەوەی ئەو کارەساتە بەردەوامانە دۆخێکی کۆمیک و دراماتیک دەخولقێت کە بە داخەوە لە ناخی بوونەوە تڕاژیکە. پێوەندی ئەمری تڕاژیک و کۆمیک بە ئاگایی و وشیاری زێهنیی و پڕاکسیس، خاڵێکی گرینگ لە رەوتی ناسین و تێگەشتن دایە. دیالێکتیکی بەراوەژووی نێوان کورد و ئەوەی دیکەی بیرمەند و ئەندیشە ساز دۆخێکی تراژیک و لە هەمان حاڵدا کۆمیکی پێکهێناوە کە ئەویش ونبوونی رەگ و ریشی ئاگایی لە فۆرمولە کردنی پرسی مەعریفەتی کوردە. دۆخی کۆمیکی وابەستەگی کورد و حوکمڕانی ئەوانی دیکە بە زمانی هێگێل پێویستی بە جۆریێک ئاگایی هەیە کە ئەویش رێک دەگەرێتەوە سەر زێهنی کوردی کە دوای دەرباز بوونی لە وابەستەگی چۆن دەتوانێت لە جەهان ژینێکی سەربەخۆ دا زیندوو بمێنێتەوە و خۆی بەڕێوە ببات. ئەوەی راستی بێت دیاردەی ئەنفال و قڕکردن و پاکتاو کردن بەشێک لە قەیرانی پرسی زێهنی کوردییە. کارنەواڵی قوربانی گەرایی و هەڵوێست و کردەوەی بەرتەسکی سیاسی و روناکبیرانەی ئەدەبی و هونەری بە بێ ئەو ئاگاییە کاریگەریەکی ئەوتۆی نابێت.
@biruhezr

Website | + posts