ئێزدیەکان خەڵکی زاگرۆس

سۆران حەمە ڕەش

بۆ ئێزدیەکان وەک خەڵکی زاگرۆس و مێسۆپۆتامیای دێرین، مانگی چوار مانگێکی زۆر پیرۆز و گرنگە. جگە لە هێلکە ڕەنگکردن و هەڵواسینی گوڵالە سورە بە ماڵانەوە، چەندین ڕێورەسمی تر لەو مانگەدا بەڕێوە دەچێت. ئێزدیەکان مانگی چوار بە بوکی ساڵ دادەنێن بۆیە لەو مانگەدا هاوسەرگیری نابێت بەڕێوە بچێت و بە گوناه سەیری دەکەن. هەروەها نابێت جووت بکرێت و زەوی بکێڵرێت. لەو مانگەدا جلی نوێ دەکەن و خۆیان پاک دەکەنەوە و قوربانی دەکەن. هەر لەو مانگەدا ئێزدیەکان هەتاوەکو چوارشەممە سوری (١٩ ی مانگ)، سەفەری ماست دەکەن. هەر ڕۆژێک خەڵکی گوندێک بە جلی ڕەنگاوڕەنگەوە خۆیان دەگۆڕن و ماست لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ لالش ولەوێ بە نانەوە دەیخۆن. ئەوەی کە لێشیان ئەمێنێتەوە بۆ ئەو خەڵکەی بەجێدەهێڵن کە هاتوون بۆ سەردانی لالش. جگە لەوانە چەندین ڕێوڕەسم و ئاهەنگێڕانی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت و گرنگترینیان لە چوارشەممە سوریدا دەکرێت.
لە ڕووی زمانەوانیشەوە ئەگەر سەیری “جەژنا سەر ساڵ” و “چوارشەممە سور” بکەین. دەبینین وشەی “جەژن” سۆمەریە، “سەر” لای هیتی، هوری و میدی بەکارهاتووە، “ساڵ” بنەچەکەی هورییە. هەروەها “سور” میدەکان بەکاریان هێناوە. وەک فەرهەنگیش “چوارشەممە” ڕۆژی ئاینیی کوردیی ڕابردووە. بۆیە هەتاوەکو ئەم دواییەش خەڵکی کورد لە چوارشەمماندا دەچووە سەر گۆڕی مردوان و پیاوچاکان و تەنانەت زۆر کەس لەو ڕۆژەدا خۆی نەدەشت وزۆر چالاکی ئاسایی ژیانیان دەوەستاند.
وەک ڕوون بووەوە، ئیزدیەکان هەمان جەژنی دێرینی سەری ساڵی سەرەتای مێسۆپۆتامیا بە بیروباوەڕوەکانی ئەو سەردەمەوە دەکەن و وەک مۆزەخانەیەکی دێرین ئەو فەرهەنگ و بیروباوەڕە دێرینەیان بە گۆڕانێکی کەمەوە پاراستووە. هەروەها بە بەڵگەوە دەردەکەوێت کە ئەو جەژنە نزیکەی پێنج هەزار ساڵە بەڕێوەدەچێت و دەشێت دەیان هەزار ساڵ بێت بەڕێوە چووبێت. لە هەمان کاتدا ئەو دابوونەریتە چووەتە ناو یۆنانی و ڕۆمەکانەوە و لەوانەوە لەگەڵ بە ڕەسمیکردنی ئاینی کریستیاندا، ئەو دابوونەریتە دێرینە ئاوێتەی ئاینی کریستاینی کراوە و جەژنی زینووبوونەوەی عیشتار کراوەتە جەژنی زیندووبوونەوەی عیسا. ئەوەش حاڵەتێکی نائاسایی نیە، ئاینی ئیسلامیش مانگ و ئەستێرەی پیرۆزی سەردەمی سۆمەری وەک خۆی گواستۆتەوە بۆ سەر مزگەوتەکان و ئەمڕۆ وەک سیمبوڵێکی پیرۆزی ئیسلامی مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
بە کورتی هێلکە ڕەنگکردن و جەژنی سەری ساڵ و بیروباوەڕە پەیوەستەکان بەو جەژنەوە لەناو ئێزدیەکاندا، بنەچەی دیڕینی مێسۆپۆتامیا و زاگرۆسی هەیە و دوای هەزاران ساڵ بە گۆڕانێکی کەمەوە لە ناویاندا ماوە. لە هەمان کاتدا زۆر درەنگتر ئەو ڕووداوە بە گۆڕانێکی زۆرەوە چووەتە ناو ئاینی کریستیانەوە. بە هەمان شێوە ئاگرکردنەوە لە سەری ساڵدا زۆر لە ناوی فارس و دەرکەوتنی فارس لە مێژوودا دێرینترە کە ئەمڕۆ هەندێک خەڵک بە هەڵە جەژنی نەورۆز دەبەستنەوە بە فارسەوە.
دەبا ئاگاداری ئەو مۆزەخانە فەرهەنگییە زیندووانەمان بین کە ئەمڕۆ لە ژێر ناوەکانی ئێزدی و یارسانیدا بەبێ ناز و بێ قەدرگرتن فەرهەنگەکەمان دەوڵەمەند دەکەن و تێگەیشتنمان لە خۆمان بۆ ئاسان دەکەن و باشتر پێمان دەڵێن کێین و نایەڵن لە پیرە درەختی فەرهەنگی کوریی داببڕێین. با هەموومان بەوپەڕی ڕێزەوە لە ١٩ ی ئەم مانگەدا پیرۆزبایی جەژنی چوارشەممە سوری لە ئێزدیەکان و خۆمان بکەین بۆ ئەو جەژنە ئیزدییە کوردییە دێرینە پیرۆزەی کە ئەوان هەزاران قوربانیان بۆ پاراستنی داوە.
نووسینی سۆران حەمەڕەش
تێبینی:

  • سوپاسی زۆری خوێنەری پەیجەکەم Jundi S Jundi دەکەم کە کەسێکی ئێزدیە و بە هەندێک زانیاری هاوکاری کردم.
    -وێنەکەی لای چەپ هێلکەی ڕەنگکراو و گوڵاڵە سورەیە کە بەشێکن لە ڕێوڕەسمی جەژنەکە. وێنەکەی ناوەڕاست وێنەی شێخ ناسر-ە کە سەرکردەی ئاینیی ئێزدیەکان بووە و لە ساڵی ١٨٤٢ دا وێنەکەی کێشراوە. وێنەکەی لای ڕاست دەرگای لالشی پیرۆزە کە لە ساڵی ١٨٤٢ وێنەکەی کێشراوە.
    سەرچاوەکان
    Attwell, L. (2007) Jesus Christ the Counterfeit Christian Messiah – Incorporating “What Really Happened in the Garden of Eden” and God, Genes and Evil, Shalom International Publishers, UK.
    Brunel, P. (2015) Companion to Literary Myths, Heroes and Archetypes, Routledge, UK.
    Merrick, R. (2012) The Venus Blueprint: Uncovering the Ancient Science of Sacred Spaces, Evolver Edition, USA.
    Zuersher, B. (2014) Seeing Through Christianity: A Critique of Beliefs and Evidence, Bill Zuersher, UK
Website | + posts