زێری کوردستان دەچێتە دەرەوە

hawlati.co

دیمەن ئیسماعیل

شەیما مەحموود، تەمەن (٣٥) ساڵ، لەدوکانێکى زێڕەنگەردا سەرجەم زێڕەکانی لەجانتاکەیدا دەرھێناو خستیە بەردەم زێڕەنگەرەکە. شەیما ساڵانیک ئەو زێڕانەی بەخۆیدا هەڵدەواسی، بەڵام ئێستا دەیانفرۆشێت بەهۆی بەرزی نرخی زێڕەوە.

شەیما وتی «بیرم کردەوە زێڕەکانم بفرۆشم قازانجێکى باش دەکەم، دواتر کەنرخەکەى دابەزى دیسان دەیکڕمەوە»

هەڵکشانی نرخی زێڕ دەرفەتێکە بۆ ئەوانەی کە تووشی بێ پارەیی بوون بەھۆی قەیرانی داراییەوە، زێڕەکانیان بکەن بەپارە، ئەمە وایکردووە ئێستا بازاڕی زێڕەنگەران گەرم بێت

شەیما کەدانیشتووى کەلارە، (50) مسقاڵ زێڕی خستەبەردەم زێڕەنگەرەکەو لەبەرامبەردا چەند دەفتەرێک پارەی لەزێڕەنگەرەکە وەرگرت.

شەیما وتی «لەگەڵ هاوسەرەکەم هاتم بۆ ئەوەى قازانج بکەم، هەموویم فرۆشت، لەکاتێکدا ئەگەر زێڕ دابەزییەوە دەیکڕمەوە»

بەوتەی زێڕنگەرانی بازاڕەکانی زێڕ لەهەولێرو سلێمانی دهۆک، لەم مانگەدا بەڕێژەی 85-95% مامەڵەکانیان تەنها کڕینەوەی زێری هاوڵاتیان بووە. هەروەها 10-15% زێڕیان فرۆشتۆتەوە.

ئەم دۆخە بازاڕی هاوردەکردنی زێڕی پێچەوانە کردووەتەوە، چونکە ئەوەی لەهاوڵاتییانی دەکڕن دەینێرنەوە دەرەوەی وڵات کەجاران ئاڕاستەی مامەڵەکە پێچەوانە بوو.

بەوتەى یاریدەدەرى زێڕەنگەرانى سلێمانى ٨٥%ى هاوڵاتیان زێڕەکانیان فرۆشتووە.

ئاراس فوئاد، یاریدەدەرى زێڕەنگەرانى سلێمانى بۆ هاوڵاتى وتى «ئەم هەفتەیە نرخى زێڕ بەرزبووەوە، لەماوەى ئەم هەفتەیەدا بڕى (١٠) کیلۆم کڕیوە، تەنیا لەیەک فرۆشیار بایى پێنج دەفتەرو سىو پێنج وەرەقەم کڕیوە، کە (١٦٠) مسقاڵ زێڕى عەیارە (٢١) بوو»

ئەو بەرزبوونەوەیە لەم هەفتەیەدا بەم شێوەیە بوو، نرخى زێڕ عەیارە ٢٤ (٤٢٠) هەزار، عەیارە ٢١ (٣٧٠) هەزار، عەیارە ١٨ (٣٢٢)هەزارە.

بەڵام لەئێستادا نرخەکەى دابەزیوە عەیارە ٢٤ (٣٨٠) هەزار، عەیار ٢١ (٣٣٠) هەزار، عەیار ١٨ (٢٨٢) هەزارە.

ساڵانە لەهەرێم (١١٢) تەن زێڕ لە تورکیاو ئێران هاوردەى هەرێم کراوە.

بەپێى ئامارى سەندیکاى زێڕەنگەران لەپارێزگاى هەولێر (٦٧٠) دوکانى زێڕەنگەرو لەدهۆک (٦٠٠) دوکانى زێڕەنگەر، لەسلێمانى (٣٠٠) دوکانى زێڕەنگەر هەیە.

هەندرێن وەرتێ، لەسەندیکاى زێڕەنگەرانى هەولێر بۆ هاوڵاتى وتى  «ئەو زێڕانەى فرۆشراون نەک تەنیا لەسلێمانى و دەوروبەرى، بەڵکو لەناوەڕاست و خوارووى عێراقیشەوە بووە».

وتیشى «زێڕەکان دەتوێنرێتەوە لەفڕۆکەخانەى هەولێرو سلێمانییەوە نێردراوە بۆ دوبەى و تورکیاو ئێران».

بەپێى بەدواداچوونەکانى هاوڵاتى لەماوەى هەفتەی رابروودا لەهەولێر (١٨٠) کیلۆ زێڕ، لەدهۆک (١) تەن زێڕ، لەسلێمانى (٢٠٠)کیلۆ زێڕ لەلایەن هاوڵاتیان فرۆشراوە.

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەجیهاندا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، چونکە گەشتی فڕۆکەخانەکانی راگرتووە، بەمەش هەموو شتێک راوەستاوە لەدنیادا کۆمپانیا گەورەکانی بوارەکانی نەوت، ئۆتۆمبیل، مۆبایل، تەکنەلۆجیا ئەو کۆمپانیایانەی کە سەرمایەکەیان بەملیارەها دۆلارە کاری خۆیان وەستاندووەو لەبۆرسەکاندا دەستیانکردووە بەکڕینی زێڕ، چونکە زێڕ دڵنیایی زیاتری تێدایەو هێزە بۆ بەهادان بەهەموو پارەیەک و بەو مامەڵەیە سەرمایەکانیان دەپارێزن.

نەبەرد کەریم، شارەزاى بوارى ئابوورى بۆ هاوڵاتى وتى  «ئەو هۆکارانەى بووەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى زێڕ، پشێوى سیاسیى و کۆرۆنا، جەنگى وڵاتان و دابەزینى نرخى نەوت کاریگەرى لەسەر بۆرسەى جیهانى هەبووەو بووەهۆى بەرزبوونەوەى نرخەکەى»

وتیشى «هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان یان بۆ قازانج یان پێویستى بەپارە بووە زێڕەکانییان فرۆشتووە، بەڵام بەشێکى زۆرى بۆ قازانج فرۆشتوویەتى، فرۆشتنى زێڕیش کاریگەرى ئابوورى لەسەر وڵاتان دەبێت، دواتر بەنرخێکى گرانتر زێڕەکان دەخرێنە بازاڕەوەو هاوڵاتیانیش بەناچارى پێویستە بیکڕنەوە».

هەندێک لەخەڵک بەقەبارەی ئەو پارەیەی لەگیرفانیەتی زێڕ دەکڕێت بەئامانجی قازانجکردن، بەڵام بەشێک لەسەرمایەداران بەو هۆیەی کارەکانی دیکەیان وەستاوە بەپارەی گەورە زێڕ دەکڕن.

ئەو کاتانەی بازاڕ ئاسایی بوو مانگانە دوو تەن تا سێ تەن زێڕ دەهێنرایە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا بازاڕەکە پێچەوانە بووەتەوە و مانگانە دوو تاوەکو سێ تەن و نیو دەنێرینە دەرەوەی کوردستان و لەبۆرسەی تورکیا دەیفرۆشین و هاوردەکردن بووەتە سفر.

Website | + posts