حشمەت مستەفا سوڵتانی
لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا کاک عەبدوڵڵا موهتەدی نووسراوەیەکی بە ناوی”حەقیقەتە سادەکان کامەن؟” بڵاو کردووەتەوە. ئەگەر لەوە بگەڕێین کە نووسەر کێیە، چ مەبەستێکی هەیە و دەور و جێگا و پێگای خۆی لەو ڕووداوانەدا چ بوون، ئەم نووسراوەیە بابەتگەلێکی جێگای سەرنج و لێکۆلینەوە دەخاتە بەردەستی خوێنەر و نووسراوەیەکی ڕەخنەگرانە و بە نرخە.نووسەر بە دروستیی ئاماژە بە تێکەڵیی و بێ بنەما بوونی باسەکانی کاک برایمی عەلیزادە لە کۆنگرەی هەژدەی کۆمەڵە ئەکات. منیش لەو باوەڕە دام کە هیچ کام لە تاقمە ڕەنگاو ڕەنگەکانی تەریقەتی مەنسوور حیکمەت، بە کۆ و بە تاک، بە ئەندازەی کاک برایمی عەلیزادە بە بیرو باوەڕەکانی مەنسوور حیکمەت وفادار نەبوون و نیین و کاک برایمی عەلیزادە ئێستاش هەر پارێزەری باوەڕە هاوبەشەکانی “باورهای مشترک” خۆی و “کومونیستی کرێکاریە”.کاک برایمی عەلیزادە باس لە “عیلمێک” دەکات کە زیاتر لە ١٥٠ ساڵە بەڕۆژ نەکراوەتەوە. بەڕاستی نازانم کە ئایا کاک برایم چەواشەکاریی ئەکات یان هەر بەڕاست ئەوەندەی لێ تێ دەگات. هەرکامێکیان بێت جێگای نیگەرانیە، چونکە ئەم بۆچوون و ڕووانینانە بۆ خۆی خەسارەتگەلێکی زۆر گەورەن لە ڕەوتی کۆمەڵە و جووڵانەوەی چەوساوەکان و ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات.”بێگانەیەکی نەناسیاو”!کاک عەبدوڵڵا لە نووسراوە ڕەخنەگەرانەکەی و بە پێچەوانەی ئیدیعاکەی خۆی، ڕێک وەک “بێگانەیەکی نەناسیاو” هەموو ڕابوردوو و ئێستای ڕەوتی کۆمەڵە هەڵ دەسەنگێنێت. مرۆڤ بە بێگومانییەوە دەپرسێت ئایا ئەوە کاک عەبدوڵڵا خۆی نەبوو کە لە هەڵسان و بەداخەوە لە زۆربەی هەرە زۆری کەوتنەکانی کۆمەڵە دا دەوری سەرەکیی و تەنانەت یەکەمی گێڕاوە؟کاک عەبدوڵا خۆی لە هەموو “حەقیقەتە سادەکان” ئەبوێرێت و گێل ئەکات. دەستکەمگرتنی شعوور و بیر و هۆشی هاوڕێکانی پێشووی، هەڵسووڕاوانی چەپ لە کوردستان و هەموو خەمخۆرانی ڕەوتی کۆمەڵە بە گشتیی، بۆچوونێکی زیانبارە و شتێک بۆ کۆمەڵگا و بۆ خوێنەر روون ناکاتەوە و کەڵکێک بە بزووتنەوەکەیش ناگەیەنێت. ئەم جۆرە هەڵسووکەوتانە نە تەنیا یارمەتی بە خەسارناسییەکی بوێرانە، دڵسۆزانە و لێبڕاوانە ناکات، بەڵکو ناشتوانێت نیشاندەری ڕێگا چارەیەکی دروست و جێگای متمانە بێت. لەم کورتە نووسراوەدا چاو بە چەند خاڵی گرینگی باسەکانی کاک عەبدوڵڵادا دەخشێنم و داوا لە هەموو دڵسۆزانی ڕەوتی کۆمەڵە ئەکەم کە بێن و بەشداری دیالۆگێکی ساغ و ڕێنیشاندر بن. مەبەستم لە “ڕەوتی کۆمەڵە” تەنیا ئەو حیزب و ڕێکخراوانە نیین کە بە ناوی کۆمەڵەوە کار دەکەن، بەڵکوو هەموو ئەوانەیش وا غەمخۆری چارەنووس و داهاتووی چەپ، چەوساوەکان لە کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردن. کۆنگرەی ٦ یان کۆنگرەی ٢؟کاک عەبدوڵڵا کۆنگرەی شەشەمی کۆمەڵە ئەکات بە بناغەی ڕەوتگۆڕینی کۆمەڵە. دیارە کە بە ئەنقەست هیچ ناوێک لە کۆنگرەی ٢ی کۆمەڵە نابات. کاک عەبدوڵڵا بە خوێنەر ناڵێت کە ئەی کۆمەڵە لە نێوان کۆنگرەی ٢ تا کۆنگرەی ٦ چۆن هەڵ ئەسەنگێنێت! ئایا لەو ماوە گرینگ و پڕ رووداوانەدا هیچ نەقەوما و هیچ ئاڵوگۆڕێک بە سەر کۆمەڵەدا نەهات؟لە ڕاستییدا ئەوە ڕێک کۆنگرەی ٢ی کۆمەڵە بوو کە هەموو ڕەوت، بنەمای فکری و ڕەوشت و ڕێبازەکانی کۆمەڵەی گۆڕی. هەر ئەو کۆنگرەیە بوو کە بنەماکانی حیزبی کومونیستی ئێرانی دا نا.ئەکتەری ئەسڵیی ئەم گۆڕانکارییانە خودی کاک عەبدوڵڵا موهتەدی بوو. هەر بۆیە خۆی لەو باسانە نادات. ئەم خۆگێل کردنە چەواشەکارییەکی ئاشکرا و بە ئەنقەستە. نە تەنیا “شتێک بۆ کۆمەڵگا و بۆ خوێنەر روون ناکاتەوە و خێرێک بە بزووتنەوەکە ناگەیەنێت” بەڵکو برینەکان قووڵتر ئەکاتەوە. ئەم ناسادقییە لە خەسارناسیی، ئەوندەی تر بێ متمانەیی بە نووسەر قووڵتر ئەکاتەوە.کۆنگرەی ٢ی کۆمەڵە ئەو بڕیارنامەیەی پەسەند کرد کە چیدی مەسەلەی نەتەوایەتیی کێشەی سەرەکیی کۆمەڵە نابێت، بەڵکو لەوە بە دوا ڕێکخستنی کرێکاران لە ئێران ئەولەوییەتی سەرەکی کۆمەڵە دەبێت. ئەو کۆنگرەیە ئەرکی بەرپرسایەتیی کۆمەڵەی “وەکوو حیزبی بەرپرس و وەڵامدەرەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات” لە سەرشان لا برد و بە “پاراستنی سەربەخۆیی سیاسیی و ڕێکخراوەیی” کۆمەڵە سەودای کرد. سەودایەک کە زوو دەرکەوت یەک لایەنە و بێ دەسکەوت بوو بۆ کۆمەڵە و بەو شێوەیە دۆڕاو بوو.کۆنگرەی ٢ی کۆمەڵە ئەو بڕیارە گەورە پڕ کاریگەرییەی دا کە چیدی نوێنەری ویست و ئیرادەی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان و زمانحاڵی گەلەکەی نەبێت! بەڵێ، لە کۆنگرەی ٢ بە باڵای “اتحاد مبارزان کمونیست”تان هەڵگوت و خۆتان بە قەرزدارباری ئەوان زانی کە ئێوەیان بە “مارکسیسمی شۆڕشگێڕ ئاشنا کرد”. هەربۆیە لە سەرئەنجامی ئەوەدا کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی بە توانا و تێکۆشەری کۆمەڵەیان ڕەوانەی دەرەوی کوردستان کرد، بۆ شار گەلێکی ئێران زۆر دوور لە کوردستان. ئەو هاوڕێیانە هەموویان کورد بوون. ئەو شارانە شوێنی کار و ژیانیان نەبوو. خەڵکی ئەو شارانە، هاوسێ و بەرهاوسێ، کرێکارانی کارگا و کارخانەکان و زەحمەتکیشە بێکارەکانی ئەو شارانەیان نەدەناسی. بە کولتوری خەڵکەکە ئاشنا نەبوون. هەر بۆیە هەموو ئەو هاوڕێ تێکۆشەرانە دوای ماوەیەکی کورت دەستگیر کران و دووچاری ئەشکەنجە دان بوون و بە داخی زۆرەوە ژمارەیەکی زۆریان ئیعدام کران.کاک عەبدوڵڵا لە جیاتی بەئەستۆگرتنی ئەم سیاسەتە چەوتە کە کۆمەڵێکی زۆر لە هاوڕێیانمانی بە دەم گورگەوە دا. سەرباری ئەوەیش بە نووسراوە مێژووییەکەی لە ژێر ناوی “زوزە توابان، خروش انقلاب است” پشتی تێ کردن و بە پێشقەزاواتی نەیارئاسا و بێ ئاگا لە دۆخی ئەوان تیرۆری شەخسیەتی کردن. لە هەمان کاتدا بە ئیمکاناتی ماددیی و ئینسانیی کۆمەڵە، ڕزگارکردنی “شەریکە کز و بێتوانا”کەیانیان لە ئەولەوییەتی خۆی دانا. ئەوان کە خەڵکی ئەو شارانە بوون و دەست و پێوەند و ئاشنا و خزمیان هەبوو، خەڵکیان لە شوێنی کار و ژیانی خۆیان دەناسی، هاوردە کوردستان.ئەوجا لە ژێر سایەی پێشمەرگە فیداکار و گیان لەسەردەستەکانی کۆمەڵەدا ئەمنیەت و ئیسراحەتیشیان بۆ دابین کرا. دواتریش لە پێش پێشمەرگە بریندار و نەخۆشەکان ڕەوانەی وڵاتە ئورووپاییەکان و کانادا کران. لەوەش قەباحتتر ئەوە بوو کە هەموویان بۆ هەر نووسراوەیەک کە دەیان نووسی لە حیزبەکە، لە ڕاستیدا هەر لە کۆمەڵە، پارەیان وەردەگرت.
پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانکاک عەبدوڵڵا دەنووسێت: “من بیست و چەند ساڵە ڕووانگە و لێکدانەوەی خۆم لەم بارەیەوە باس کردووە و نووسیومە و بەشداریی کۆمەڵەم لە پڕۆژەیەک بە ناوی حیزبی کومونیستی ئێران پێ هەڵەیەکی گەورە و کاریگەر بووە”. کاک عەبدوڵڵا زۆر ژیرانە و خودئاگا کارەکەی خۆی ئاسان کردووە، و ئەو زەحمەتەی نەداوەتە بەر خۆی کە تاکە یەک لاپەڕەیش سەبارەت بە دەور و نەقشی ڕووخێنەر و ماڵوێرانکەری خۆی لە بیست ساڵ تەمەنی ئەم پڕۆژەیەدا ڕەش بکاتەوە!کاک عەبدوڵڵا ناڵێت کە ئەوە منی “شێرکۆ” (ناوی ڕێکخراوەیی ئەو لەو کاتەدا) گەلێک نامیلکەم نووسی و کادرەکان و ڕێبەری کۆمەڵەم هان دەدا کە دەبێت بە پەلە بین. ناڵێت کە خۆم لە مەنسوور حیکمەت بە پەلەتر بووم.بەڵێ، حیزبێکتان لە “کادر”ەکان دروست کرد و نەشتاندەزانی کە ئەم “کادرانە”ی لایەنە “کز و بێتوانا”کە ناویان چییە؟ لە کوێوە هاتوون؟ پێشینەی سیاسیی و ڕێکخراوەییان چییە؟ کام بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی نوێنەرایەتیی ئەکەن؟ لەگەڵ کام کرێکار و زەحمەتکێش ئاشنان؟ هتد هتد.لە کۆنگرەی دامەزرێنەری حیزبی کومونیستی ئێران، کاتێک کە داوا دەکرێت بەشداران بیوگرافییەکی کورتی شەخسیی و سیاسیی خۆیان بە بەشداربووانی کۆنگرە پێشکەش بکەن، هەموو کۆمەڵەییەکان بە شانازی و ڕووسوورییەوە پێشینەی خۆیانان خستبووە بەردەست بەشداربووان. مەنسوور حیکمەت بڕیارنامەیەک بە پەسەندی کۆنگرەکە ئەگەینێت کە پێویست ناکات ئەمان خۆیان بناسێنن. ئەوان، پێشتر نەدیو و نەناسراو و ئەو کاتەیش هەر نە ناسراو، لە گەرمەی ئەو هەمووە نزیکییەدا، لە ناو کۆنگرەی دامەزرێنەردا، متمانەیان بە كۆمەڵەییەکان نەکرد کە ئەو تێکۆشانە گەورەیان بە رێ خستبوو.تۆ کە تەنانەت نەزانی ناوی کابرا چییە کە دەیهەوێت ڕێکخراوەیەکت لەگەڵ ساز بکات! چ سووکایەتییەک! چ شەرمەزارییەک!کاک “شێرکۆ” لەوێ و لە زۆر جێگای تر لە بەرانبەر ئەم شەریکە کز و بێتوانا و بێ ناسنامەیەدا نەک هەر “شێر” نەبوو، بەلکو زۆر زوویش “کۆ” و کوردستانی بۆ ماوەی ١٧ ساڵ بەجێ هێشت.خۆ پێش کۆنگرەی ٢ باسی تێکەڵبوون و یەکگرتن لە گەڵ هێزە چەپەکانی تر لە ئێراندا پێشهات بوو. ئەوە شتێکی نوێ و دۆزینەوەیەکی نوێ نەبوو.کۆمەڵە ئەو کات سیاسەتێکی زۆر ڕوونی بوو و سیاسەتەکەش لە کۆبوونەوەکەی ٢١ی پووشپەڕی ١٣٥٨ی هەتاویی لە جەمعییەتی شاری مەهاباد باسکرا بوو. ئەوکات کاک فوئاد بە نوێنەرایەتیی هەموو هاوڕێکانی وتی:”ئەوە گشتمان ئەزانین کە ١٢ سازمان و گورووپ بە ناوی “کنفرانس وحدت” لە تاران دانیشتوون و کۆبوونەتەوە. ئەو چەشنە وەحدەتە لە نەزەر ئێمەوە وەحدەتێکی ئوسوولی ناتوانێ ببێت. ئەو وەحدەتە لە سەر بیروڕایە نەک لە سەر کردەوە. هەڵبەت بەداخەوە تا ئەو جێگا من بیستبێتم، ئەو کۆنفرانسی وەحدەتیشە بڕێکی زۆری فرەتر سەبارەت بە خارج لە ئێرانە. لە حاڵێکدا مەسەلەی وەحدەت بە عەقیدەی من ئەساسەن ئەبێ لە سەرمەسایلی موشەخەسی شۆڕش لە ئێران بێت.لە یەک کەلامدا ئەو وەحدەتە بەو نەوعە کە لە بانەوەیە (لە سەر سەری جووڵانەوەکان) بە عەقیدەی من ناتوانێت پایدار بێ، ناتوانێ ئوسوولی بێ. وەحدەتێکیش ئەوەیە کە لە پایەوە لە خوارەوە، واتە هەر دوو لایەن لە جەرگەی خەڵکدا فەعالییەت ئەکەن و لە ڕێگای ئەو فەعالییەتەوە بە یەک دەگەن. لەوێدا هەر دوو لایەن کاری یەکتر ئەبینن، کردەوەی یەک ئەبینن و ئەتوانن بە یەکەوە هاوکاری بکەن و لە ڕێگەی ئەوانەوە ئەکرێ بە عەقیدەی من وردە وردە زەمینەی وەحدەت فەراهەم بکرێت. زۆرتر بەو چەشنە وەحدەتە عەقیدەمان هەیە نەک ئەوە کە ڕەهبەرانی دوو لایەن و یان نوێنەری ئەوان دانیشن موزاکەراتێك بکەن و تەوافوقنامە ئیمزا کەن و بێژن تێئوری سێ جیهانمان قبووڵ نییە و سۆسیال ئەمپریالیسم دروست نییە و تەبەقەی کارگەر لە ئێران و حیزبی کومونیست و فڵان و بەهمان. ئەوە فرەتر وەحدەتێکی قسەیە و بەعەقیدەی ئێمە ئەو وەحدەتە ئەبێ ئاوا بڕواتە پێشەوە کە لە پایەوە، لە دەروونی خەباتی خەڵکییەوە ئەو سازمان و ڕێکخراوانە یەک بگرن کە تەبعەن مەسەلەیەک نییە زوو ئەنجام بدرێت.”کۆنگرەی ٢ی کۆمەڵە بە سەرکردایەتی کاک عەبدوڵڵا، پشتی لە هەموو بڕیارە پێشووەکان کرد و هیچ ئەرزشی بۆ دا نەنان. ئا ئەم وەرچەرخانە بوو کە سەربەخۆیی فکریی، سیاسیی و ڕێکخراوەیی لە کۆمەڵە ستاند.”بێخەم نەبوون لە کۆنە هاوڕێیان”!کاک عەبدوڵڵا ئیدیعا دەکات کە “من ئێستاش لەو کۆنە هاوڕێیانەی خۆم بێخەم نیم”. ڕەنگە بارودۆخی ئێستا و بە تەریک کەوتنەوەیی، کاک عەبدوڵڵای خستبێتە بیری هاوڕێیانی دێرینی، بەڵام بەداخەوە کەم کەس بە ئەندازەی کاک عەبدوڵڵا بەرانبەر بە هاوڕێیانی دێرینی بێ وەفا بوو بێت.کاک عەبدوڵڵا لە کاک برایمی عەلیزادە گلەیی دەکات کە ئەوانیان “لەسەر ئەوەی بەردمان بە گونبەزی ئەو شەخسە – واتە حیزبی کومونیستی ئێراندا- دا بوو، بایکۆت کردووە”.کاک عەبدوڵڵا دیسان خۆی لە گێلیی دەدات و شەڵتاخبازیی دەکات کە ئەوە ئەو نەبوو دەستووری دابوو کە بە مقەڕی ئەم کۆنە هاوڕێیانەی نەک بەرد، بەڵکو ئار.پی.جی یان پێوە بنێن. ئەوە ئەو نەبوو کە بڕیارنامەی بە پلۆنۆمی خۆیان دا کە دەبێت بە هەر شێوەی مومکین، کۆمەڵەکانی تر نەمێنن و دەبێت لە “کوردستاندا یەک کۆمەڵە هەبێت” ئەویش کۆمەڵەکەی خۆی.ڕاستە کە کاک برایم عەلیزادە ڕقئەستوور و دڵڕەقە، بەڵام ئایا بەڕاستیی هەقی خۆیان نەبوو کە ئێوە بایکۆت بکەن؟ خۆ کاک عەبدوڵڵا هیچ وەخت “پێداچوونەوەیەکی بوێرانە”ی لەم کردەوە قیزەونانەی خۆیان نەکردووە. جا چۆن ئەکرێت و بە چ متمانەیەک ئەوان و یان هەرکەسێکیتر ئەتوانێ “دەستی هاوکارییەکی چڕوپڕ”یان بۆ درێژ بکات؟هەر چاوێک بە حیزبەکەی کاک عەبدوڵڵا لە دوای “ساغ کردنەوە” بخشێنین، شایەدی گەلێک “هەڵوەرین، قەیران، دابڕان و قین و قینکاریی” دەبین. خۆ ئیتر ئەمانە ناتوانن بە قۆرتەکانی بڕیارە هەڵەکەی پڕۆژەی حیزبی کومونیستی ئێران پاساو بکرێت. ئەی ئەم قۆرتانە لە کوێوە هاتوون؟ ئایا نێوانی خۆی و ئەم کۆنە هاوڕێیانەی لە دوای پڕۆژەی “ساغ کردنەوە” چۆن هەڵ ئەسەنگێنێت؟خۆ پێش کۆنگرەی ٢ی کۆمەڵە، کادرەکانی کۆمەڵە ڕا و بۆچوونی جیاوازیان هەر هەبوو. بەڵام هەر لە ناو زیندانەکانی حەمەڕەزا شاوە، کۆڵیان لە دروستکردنی تەبایی و هاودڵیی نەدا. لە کۆنگرەی یەکیشدا بە ڕەخنەگرتن لە خۆیان و کەمووکوڕییەکان، پەیمانیان نوێ کردەوە و بە مانای واقعی کەلیمە خۆیان ساغ کردەوە. خۆیان بۆ گەلێک ئاڵوگۆڕی گەورە لە کوردستان تەیار کرد، چاویان لە بەدەسگرتنی دەسەڵاتی سیاسیی لە کوردستان بڕی بوو. لە ماوەیەکی یەکجار کورتدا زۆریک لە پلانەکانی خۆیانیان بە ئەنجام گەیاند و یا بناغەگەلێکی پتەویان بۆ داڕشت.ئایا بۆچی ئەوکات توانییان ئەو کارانە بکەن؟بەردی بناغەی فکری ڕێبەرە کارامەکانی کۆمەڵە لەو سەردەمەدا، ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ داخوازییە ڕەواکانیان بوون. مەرجی سەرکەوتنی ئەم ئەرکە، تەبایی و هاودڵیی نە تەنیا کادرەکان، بەڵکوو هەموو ڕەوتی کۆمەڵە بوو. سازان و دۆستایەتیی لەگەڵ هەموو باڵی چەپ و هەموو هێزە پێشکەوتووخوازەکان لە کورستاندا بوو. ئەو دەم یەک دڵیی و هاوپەیمانیی، جێگایەکی بۆ دابڕان نەهێشت بوو. ئەودەم فیداکاری، لە خۆبوردوویی، سەداقەت و سەمیمییەت جێگای بۆ قین و قینکاری نەهێشتبووە. ئەو دەم بایەخەکان و پێوانەکان، شتگەلێکیتر بوون. ئەودەم بەرژەوەندیی باڵای گەل و ڕێکخراوە، لە سەر بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانی تاک بوو. ئەو دەم کادرەکانی کۆمەڵە متمانە و شاییان بە خۆیان بوو و بە ژەهری کومونیسمی کرێکاری ژەهراوی نەبووبوون و بێ باوەڕیی بە خۆ لە ئارادا نەبوو. ئەو دەم “تفاوتهای ما” نە تەنیا جێگای نەبوو، بەڵکوو کۆکردنەوەی بچووکترین وەزە و هێز و توانا هاوبەشەکان، سەرچاوەی هەموو هەنگاوەکان بوون. ڕەخنەو ڕەخنەلەخۆگرتن، جێگای بە هەڵسووکەوتی خۆبەزلزانیی تەنگ کردبوو.ئێستا بێگومان باس لە تەقدیسی “ئەودەم” نییە، بەڵکو باس لەسەر ئەوەیە کە ئەکرا لە گەلێک دەسکەوتی مەزن، لە فەرهەنگ و بایەخە بەنرخەکانمان ئیستفادە بکرابا و ئەوندە ڕەنج بەخەسار نەبووایەین.ململانێی شەخسییکاک عەبدوڵڵا ئیدیعا دەکات کە هەنگاوەکانی ئەو لە پێناو ململانێی شەخسی نەبوون. بەداخەوە ئەم ئیدیعایە زۆر دوورە لە ڕاستیی. بەرژەوەندیی شەخسیی خۆی دەوری سەرەکیی لە دروست کردنی ململانێکان دا هەبوو. کاتی خۆی لە هەموو کەس توندتر و هەڵسووڕاوتر بوو کە وەک ئەندامی “فراکسیونی کومونیستی کرێکاری” وەر بگیرێت. بۆ ئەم کارەش لە هەموو کەرەستەکان و بە هەموو جۆرێکی مومکن، کەڵکی وەرگرت تا بە مەنسوور حیکمەت بسەلمێنێت کە ئەو “کومونیستێکی کرێکاری” ڕاستەقینەیە و شیاوی ئەندامبوونی لە فراکسیونەکەدا هەیە.پاشان ڕۆیشتەوە بۆ کوردستان بۆ شکەستدانی ئەو هاوڕێیانە کە دیفاعیان لە سەربەخۆیی و بایەخە گرینگەکانی کۆمەڵە ئەکرد. مەنسوور حیکمەت بە خراپترین شێوەی مومکن کاک عەبدوڵڵای بۆ شکاندنی چەپ لە کوردستان بە گشتیی و کۆمەڵەش بە تایبەتیی، بەکار هێنا.لەگەڵ هەموو ئەو پێشخزمەتیەشدا کاک عەبدوڵڵا هەر بە ئەندامەتی “فراکسیون” وەر نەگیرا. لەوەش خراپتر لە ئەوەڵین پلۆنۆمی دوای کونگرەی ٣ی حیزبی کومونیستی ئێران، بۆ ئەندامەتی دەفتەری سیاسیی، تەنیا یەک دەنگی هێنا کە ئەویش هی خۆی بوو.بەڵێ، تەنیا لە دوای ئەم ڕووداوانەوە بوو کە کاک عەبە پشتی لە مەنسوور حیکمەت و کومونیستی کرێکاری کرد. کاک عەبدوڵڵا پڕۆژەی “ساغ کردنەوەی” کۆمەڵەی ئەو دەم دەست پێ کرد کە لە کۆنگرەی هەشتی حیزبی کومونیستی ئێراندا جێی پێ نە درا و نەکرا بە ئەندامی کومیتەی ناوەندیی.وەزعییەتی ئەو دەمی کوردستانی باشوور و هاتنە سەرکاری ئیسلاحخوازەکان لە ئێران، کاک عەبدوڵڵای زیاتر هاندا کە مەجالێک بە قسەوباس و لێکۆڵینەوە لەسەر مانەوە و یان نەمانەوەی حیزبی کومونیستی ئێران نەدات. کاک عەبدوڵڵا هیچ سازانێکی قبووڵ نەکرد. بەداخەوە دوای کڵاوی لار کەوت بوو و پێی وابوو ئیسلاحخوازەکان لەگەڵی ئەکەونە گفتوگۆ و سازان، یان نەخێر هێزەکانی ڕۆژاوا و ئەمریکا لە ئێران ئاڵوگۆڕێک پێک دێنن و دەرفەتێک بۆ ئەویش ئەکرێتەوە. کاک عەبدوڵڵا بە تەما بوو کە ئەویش وەک سەرکردەکانی باشوور بە پایە و مەقامێک بگات و فەرشی سووری لە تاران بۆ ڕا بخەن. دیسانەوە بەرژەوەندە شەخسییەکانی، سەرچاوەی ململانێکانی ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئیران بوون.هەر لە دوای پڕۆژەی “ساغ بوونەوە”، حیزبەکەی کاک عەبدوڵڵا تووشی چەند هەڵوەرینی گەورە بوو کە لە نەوعی خۆیدا بێ وێنە بوون. هێزەکانی ئاسایش ناچار مان بکەونە بەینیان تا ئەم کۆنە هاوڕێیانە یەکتری گوللەباران نەکەن.دواتریش کاک عەبدوڵڵا یەک لە دوای یەک چەند دەستەیتری لە کادرەکانی خۆیانی دەرکرد کە گەلێک ساڵ بوو هاوڕێی دێرین و کۆنی یەکتر بوون. بۆ هەمووان دەرکەوت کە ئەساسی کێشەکان ڕێک لە سەر “ململانێی شەخسیی” کاک عەبدوڵڵا و نەیارانی بوو. پێش ئەو رووداوانە هیچ “شریت”ێک نەبیسراوە و هیچ سەنەدێک نەبینراوە کە کاک عەبدوڵڵا لە پێش ململانێ شەخسییەکانی و لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵە ململانێی سیاسیی و فکریی دەست پێ کردبێت. بەڵام سەنەدگەلێکی زۆری لە دیفاع لە مەنسوور حیکمەت، کومونیستی کرێکاریی و حیزبی کومونیستی ئێران نووسیوە و خستووەتە بەردەست. لەوانە وتارەکەی لە دەسپێکی پلۆنۆمی ١٦، نووسراوەی “تغییر ریل” لە کومونیست- ئۆڕگانی ڕەسمی حیزبی کومونیستی ئێران- هەروەها شریتەکانی ناو ئوردووگاکانی کۆمەڵە لە کاتی جیابوونەوەکان و هەڵاتنی کومونیستی کرێکاریی لە کوردستان، “یادگارگەلێکی” مێژوویین کە دیارە کاک عەبدوڵڵا هەموو هەوڵێک بۆ سڕینەوە و پەنهان کردنی دەدات.ئەزموونی ئورووپا و دنیای ڕۆژاواکاک عەبدوڵڵا، کەشفێکی گەورە ئەکات و باس لەوە ئەکات کە هەمووان دەبێت لە دەسکەوتەکانی بەشەر لە ئورووپا و دنیای ڕۆژاوا ئەزموون وەر بگرن، کە دیارە داهێنانێکی نوێ نییە بەڵام هەر دروستە. وەلێ پرسیار ئەوەیە ئایا کاک عەبە خۆی چەندە ئەزموونی وەرگرتوە؟ ئەگەریش وەری گرتبێت چەندەی بەکار هێناوە؟چەند ساڵ لەمەوپێش حیزبی سوسیالدێموکراتی سوئێد لە هەڵبژاردندا بۆ بەدەستەوە گرتنی دەوڵەت، متمانەی خەڵکیان بەدەسنەهێنا و شکەستی خوارد. “یۆران پەرشون”، ڕێبەری حیزب ئەو کاتە وتی: “هاوڕێیان، سەرکەوتنەکان هی هەموومانە، بەڵام من بە تەنیا ئەم شکستە بە ئەستۆ دەگرم”.ئایا تا ئێستا کاک عەبدوڵڵا و هەموو کۆنە بەرپرسەکانی کۆمەڵە، تەنانەت بۆ یەک تاقە جار، بەرپرسایەتیی کردەوەکانیان و ئەو شکەستانەی کە بە سەر کۆمەڵە، باڵی چەپ لە کوردستان و هەموو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردیان هێناوە، بەئەستۆ گرتووە؟بەخۆدا چوونەوە، لە کۆنە دابڕین و پەل بۆ ڕێگە چارەی نوێ کوتان، بیر لە گۆڕانکاریی، بیر لە سیاسەت و ڕێبازی نوێ، کار و بیری تێکوشەرێکی ئەمڕۆییە و دەبێت وابێت. کاک عەبدوڵڵاش وەک زۆر کەسیتر لەم دنیایەدا ئاڵوگۆڕی فکری بەسەردا هاتووە و زۆریش ئاساییە. لە هیچ کوێیەک نەبینراوە و نەبیستراوە کە کاک عەبدوڵڵا بۆ خۆی “پێداچوونەوەیەکی بوێرانە و تەسفیەحسابێکی فرەلایەنەی فکریی و سیاسیی” لە کردەوەکانی خۆی و بەرپرسایەتی لە مەڕ ئەم هەموو شکەستانەی وا بەسەر کۆمەڵەیان هێنا، کرد بێت!ئاشکرا و ڕوونە کە چەند سەرمایەی ئەساسیی بۆ دروستکردنی هەر ڕێکخراوەیەک پێویستە. یەکەمیان و گرینگتریان سەرمایەی متمانەیە. فەرق ناکات ئەو ڕێکخراوەیە سیاسیی، حیزبیی، کولتووریی و یان بازرگانیی بێت. کاک عەبدوڵڵا بە خۆگێل کردن لەم ڕاستیانە و ئەم حەقیقەتە سادانەدا، هەرگیز ناتوانێت متمانەی شکاوی هاوڕێیانی دێرینی خۆی بەدەست بهێنێتەوە و ساغ کاتەوە.حاشاهەڵنەگرە کە باڵی چەپ لە کوردستان بە گشتیی و ڕەوتی کۆمەڵە بە تایبەتیی، لە ئێستادا لە هەموو کاتێک پەرشوبڵاو و بێ ئاسۆترە و کە گەلی کورد ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکخستنی هێزی نەتەوەیی خۆی و پێشەنگەکانییەتی. بەڵام کۆکردنەوەی ئەم هێزانە لە گرەوی ڕاستگۆیی، سەداقەت و بەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتیی هەموو ئەو ئەکتەرانە بە دی دێت کە لەم ڕەوتەدا بوون و دەوریان گێڕاوە.
٢ی مارسی ٢٠٢٢
- بانگ آزادی - 12/08/2024
- دەنگی ئازادی - 12/08/2024
- دوبارەنەکردنەوەی هەڵەی باشور - 12/08/2024