ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٦ جارداگیرکراوە

شاهین کەریمی

ڕۆژهەڵاتی ٦ جار داگیرکراوە.

بەگشتی وڵات و خاکی ئێمە داگیرکراوە. داگیرکەری سەرەکی فارس، عەرەب و تورکن، بەڵام هاوکات بە شێوەی ناوەکی و پلە بە پلە، دووبارە و چەندبارە هەر پارچەیەکی تر لە کوردستان داگیرکراوەتەوە. لەم وتارەدا، ئاماژە بەو داگیرکارییانە دەدەم کە لە ڕۆژهەڵات، زێدی من، کراوە و بەردەوامە.

یەک: فارس-عەجەم

فارس/عەجەم یەکێکە لە داگیرکەرە سەرەکییەکانی خاکی ئێمە. داگیرکاری فارس بەشێوەی سەربازی، مەیدانی، ئاسایش، کولتووری، زمانەوانی، سیاسی، ئیداری، ئابووری، مرۆیی و سایکۆلۆژی کراوە و بەردەوامە. مێژووی ئێمە لە ڕۆژهەڵات بریتییە لە ڕزگاری لە چنگ عەجەم/فارس.

دوو: دینی-عەرەبی

نەتەوەی ئێمە لە ڕؤژهەڵات، وەک پارچەکانی تر، لەلایەن دین، زمان، چاند و هزری عەرەبییەوە داگیرکراوە. کەمتر کەسێک دەبینی کە ناوەکەی یان بەشێک لە ناوەکەی عەرەبی نەبێت، کە سۆز و خۆشەویستی و پلەبانی(تقدم) دینی قەومی عەرەب نەخاتە پێش سۆز و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و نەتەوە. توانا، کات، سەرچاوە و داهاتی خۆی دەخاتە خزمەت دینی عەرەبییەوە و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بێبەش دەکات لە خۆی و توانا و داهاتی خۆی.

سێ: چینایەتی-کۆمۆنیستی

جووڵانەوەی کۆمۆنیستی و چەپ، لە کوردستان لە باقی شوێنەکانی تری ئێران بەهێزترە. بەشێکی بەرچاو لە هێزی مرۆیی و کادر و پێشمەرگە و تێۆریسنییەکانی چەپی ئێرانی کوردن. بیری چەپ و خزمەت بە مارکسیزم ڕەهەندی زاڵ بووە لە ناو حیزبە کوردییەکان و لە سەر گیرفان و هێزی ڕزگاریخوازی کوردستان، هەوڵ دراوە حکوومەتی شوورایی و دەوڵەتی بێ چین لە ئێران دابمەرزێت. هێڵی چەپ، سەرەڕای ئەوەی لە کوردستان ژیاوە و لە جووڵانەوەی کورد خواردنی وەرگرتووە(تغذیە شدە)، بەڵام زۆر جار بە دژی وەستاوەتەوە. بڕواننە ئەو هەموو ئەدەبیاتە ناشیرینەی چەپ بە زمانی فارسی، بەدژی کورد و جووڵانەوەی کورد نووسراوە، لە کاتێکدا یان خۆیان کوردن، یان لە خزمەتی کورد بێبەش نەبوون.

چوار: برایەتی گەلان و کۆنفیدرالی دیموکراتیک

فەلسەفە و ئامانجی مەکتەبی برایەتی گەلان، کە لەلایەن کاک عەبدوڵا ئۆجالانەوە کۆپی کراوە، لە سەر ڕزگاری نەتەوەیی و بەفەرمی ناسینی نەتەوە نییە کە هیچ، بەڵکوو دەوڵەت و پێکهاتەی نەتەوەیی، بەداکۆکی لە کورد، بە دوژمنی خۆی دەزانێت. ئامانجی ئەم ڕەهەندە، سەرەتا دیموکراتیک کردنی چوار دەوڵەتی ئێران، عێراق، تورکیە و سوریە و دەستکاری نەکردنی سنوورەکان، پێکەوە ژیانی گەلانی ئەم وڵاتانەیە و پاشان هەناردە و چەسپاندنی ئەم فۆڕمە لە دەوڵەتداری بۆ هەموو جیهان. برایەتی گەلانیش، وەک چەپ لەسەر زگ و گیرفانی جووڵانەوەی کورد دەژیت، بەڵام خزمەتی پێ ناکات هیچ، بەلاڕێدا دەبات.

پێنج: پارچەکانی‌تری کوردستان تایبەت باشوور

دیارە هەر پارچەیەک لە کوردستان خەبات و تاکتیکی تایبەت بەخۆی هەیە و هەوڵ دەدات هاوسەنگی و خەباتی خۆی لەو پارچە بباتە پێشەوە. ئەمە درووستە و کێشەی نییە، بەڵام کاتێک ئەمە دەبێتە خەسار کە ئەم خەباتە لەسەر گیرفانی پارچەکانی تر بێت. لە ٦٠-٧٠ ساڵی کۆتاییدا، چەندین نموونەی بەرچاو هەیە کە جووڵانەوەی ئێمە لە ڕۆژهەڵات هەندێ جار لەلایەن جووڵانەوەی باشوورەوە زەبری لێ کەوتووە و لە هەندێ بواردا لە خۆی بووراوە بۆ باشوور(کە درووستە و لەئاستی نەتەوەییدا خزمەت بە خەباتی نەتەوەییمان دەکات)، بەڵام بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانی ئێمە لە ڕۆژهەڵات خەڵک و جووڵانەوە و گوشاری سەر خۆیی لەبیر کردووە و خەریکی شەڕە حیزبی و شەڕە دەنووکێی حیزبەکانی باشوورە.

شەش: فیدرالیستەکان

وێڕای ڕێز بۆ خەباتیان وە ئەگەرچی گران و ناڕەوایە حیزبە فیدرالیستەکان بخرێنە ئەم ڕیزبەندییە، بەڵام لە کۆتاییدا پلاتفۆڕم و سیاسەتی ڕۆژ(ئێستە)ی حیزبە فیدرالیستەکان ئەگەر ڕێگر نەبێت لەبەر دەم ڕزگاری کوردستاندا، داگیرکاری بەشێوەی کۆتایی(ultimate) ناڕەوێنێتەوە. لە ڕوانگەی حیزبە فیدرالیستەکانەوە، خەباتی سەد ساڵەی نەتەوەی ئێمە لە ڕۆژهەڵات، لە سمکۆی قارەمانەوە بگرە هەتا سەرۆک کۆماری شەهید و فوئاد مستەفا سوڵتانی ڕابەر و قاسملووی نەمر و ٣٠ هەزار شەهیدی کورد لە ڕۆژهەڵات، بۆ درووستکردنی ئێرانی فیدرال و دیموکراسی تەوافقی بووە(کە وا نییە، بەڵکوو مانەوە بووە بەرانبەر بە داگیرکاری).

لە سیاسەتی فیدرالیستەکاندا، سەروەری بزڕە، ڕەوایەتی و پێشەوایی بە زمانی فارسی دەدرێت، خاکی کوردستان و ژینگەی کوردستان کراوەیە بۆ کۆچی عەجەم، هەندێک دەسەڵاتی لۆکاڵی خۆخەریک‌کەر سنوور و ئاسۆی کۆتایی فیدرالیزمە و چارەنووسی پێشمەرگە نادیار و خۆڵەمێشییە(ئەگەر نەتوێتەوە). بەکورتی درێژە، فورموولەکردن و ئاساییکردنەوەی دەسەڵاتی عەجەم لە سەر خاکی کورد.

Website | + posts