د. پژواک کوکەبیان
ئەگەر چەند قرژاڵەیەک بخەیتە ناو سەتڵێکەوە و یەکێکیان هەوڵ بدات بچێتە دەرەوە، ئەوانی تر ڕایدەکێشنە خوارەوە. هیچیان ڕزگاریان نابێت چونکە بەردەوام ڕێگری لە یەکتر دەکەن. ئەگەر تەنها یەک قرژاڵە هەبوایە، دەیتوانی بە ئاسانی لە سەتڵەکە بێتە دەرەوە و گەشە بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک ژمارەیەکی زۆر قرژاڵە هەن، شتێکی سەیر ڕوودەدات. هەر جارێک قرژاڵەیەک هەوڵ دەدات بەرەو ئازادی و بەرزبوونەوە هەڵگەڕێت، قرژاڵەکانی تر قاچەکانی دەگرن و ڕایدەکێشنەوە خوارەوە. لە کۆتاییدا، کەسیان ڕزگاریان نابێت و هەموویان لە هەمان سەتڵدا دەمرن.
“نەخۆشیی قرژاڵەیی” بریتییە لەم هەڵوێستە: “ئەگەر من نەتوانم هەمبێت، تۆش نابێت هەتبێت.”
ئەم هەڵوێستە وەسفی ئەو کەسانە دەکات کە لە جیاتی ئاهەنگگێڕان بۆ سەرکەوتنی هاوڕێ، ئەندامێکی خێزان، یان هاوکارێک، هەوڵ دەدەن لەبەر ئیرەیی یان ترس لە دواکەوتن، تێکیان بشکێنن یان بچووکیان بکەنەوە.
چەمکی ئیرەیی (حەسودیی وێرانکەر) بەزۆری هاواتایە لەگەڵ “چاوی پیس/چاوی زار”. عەقڵییەتی قرژاڵەیی لە بنەڕەتدا بریتییە لە ئیرەیی لە کرداردا. ئەوەیە کاتێک کەسێک دەبینێت دراوسێکەی خانووەکەی نوێ دەکاتەوە، ئۆتۆمبێلێکی باشتر دەکڕێت، ئامۆزاکەی پلەی وەزیفی بەرز دەبێتەوە، یان هاوڕێکەی بازرگانییەک دەستپێدەکات، و لە جیاتی ئەوەی بڵێت “ماشاءالله” (خوا ویستوویەتی) و دڵخۆش بێت بۆیان، لەبری ئەوە دەبێتە هۆی شکستپێهێنانی ئەو کەسە، غەیبەتی دەکات، ڕەخنەی لێ دەگرێت، یان ساردی دەکاتەوە.
وێنەی قرژاڵەکان لەناو سەتڵێکدا، کە تێیدا هەر قرژاڵەیەک ئەوانەی تر ڕادەکێشێتە دواوە کە هەوڵ دەدەن بۆ شوێنێکی بەرزتر جوڵە بکەن، ڕێگەیەکی بەسوودە بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتارە خۆ-وێرانکەرەکانی ناو گرووپەکان لە کۆمەڵگەکاندا، لەوانەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم نەخشەیە، کە پێی دەوترێت “نەخۆشی قرژاڵەیی”، وەسفی ئەوە دەکات کە چۆن تاکەکان لەناو گرووپێکدا سەرکەوتنی یەکتر لاواز دەکەن یان تێکدەدەن، تەنانەت کاتێک ئەو سەرکەوتنە دەکرێت لە بەرژەوەندیی هەموواندا بێت. هەرچەندە عەقڵییەتی قرژاڵەیی لە زۆرێک لە کولتوورەکاندا بوونی هەیە، بەڵام بوونی لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر بەرچاوە. هۆکارە مێژوویی، دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتییەکان بەشدارییان کردووە لە ڕیشەداکوتانی قوڵی ئەم داینامیکییە لە ناوچەکەدا.
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی سەرنجڕاکێش دەبێتەوە: ناوچەکە خاوەنی بەهرەی مرۆیی بەرچاو، سەرچاوەی سروشتی و مێژوویەکی کولتووریی دەوڵەمەندە، کەچی زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی دەست و پەنجە لەگەڵ ئاڵنگارییە قوڵە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا نەرم دەکەن. ڕاپۆرتەکانی گەشەپێدانی مرۆیی عەرەبی لەلایەن بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٢ـەوە دەستیپێکرد، ئاماژەیان بە کەلێنە گەورەکان لە مەعریفە، ئازادی و بەهێزکردنی ژنان کرد وەک بەربەستە سەرەکییەکان.¹ لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکاندا، ئەوە سەلمێنراوە کە نەبوونی گەشەپێدانی ژنان لە وڵاتانی ئیسلامیدا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ڕانتی نەوت و ئابووریی ڕانتییەوە هەیە، نەک بە حیجابەوە (مەبەست ئێسلامه). لە کاتێکدا ئەم ڕاپۆرتانە تەرکیزیان لەسەر پرسە دامەزراوە و ڕێکخراوەییەکان بوو، ئەم نووسەرە پێشنیاری ئەوە دەکات کە عەقڵییەتی قرژاڵەیی—لە ئاستە تاکەکەسی، ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتییەکاندا—هەروەها هۆکارێکی سەرەکی بەڵام پشتگوێخراوە لە کێشە گەشەسەندنەکانی ئەم ناوچەیەدا.
ئەم نووسینە سێ بەشی سەرەکیی ڕەفتاری و یەک هۆکاری پێکهاتەیی دەخاتە ڕوو سەبارەت بەوەی چۆن نەخۆشی قرژاڵەیی لە کۆمەڵگە کوردی، عەرەبی و ئێرانییەکاندا دەردەکەوێت.
بەشی یەکەم: زۆرجار، بیرکردنەوەی براوە-براوە (win-win) بوونی نییە و ئەنجامە دۆڕاو-دۆڕاوەکان (lose-lose) باون.
بەشی دووەم: کێبڕکێ بەزۆری لە جۆری “براوە هەموو شتێک دەبات” (winner-takes-all)، کە ڕێگری لە هاوکاری ئەوانی تر دەکات.
بەشی سێیەم: نەبوونی “عەقڵییەتی هاوبەشی، خاوەنداری و پشکداری” (stakeholder mindset) و سوودی هاوبەشن؛ بۆیە سەرکەوتنی بە کۆمەڵ بە سوودبەخش بۆ هەمووان نازانن.
بەشی چوارەم: شێوە و پێکهاتەی دەوڵەتداری لەم کۆمەڵگانەدا یەکگرتوو (unitary) و قۆرخکارە.
ئەم توێژینەوەیە نیشانی دەدات کە چۆن عەقڵییەتی قرژاڵەیی لەگەڵ دامەزراوەکان، کولتوور و مێژوو تێکەڵ دەبێت بۆ دروستکردنی سوڕی بەردەوامی داڕمان و کەوتن.
بەشی یەکەم: نەبوونی عەقڵییەتی براوە-براوە
نیشانەیەکی سەرەکیی عەقڵییەتی قرژاڵەیی لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بریتییە لە ڕەتکردنەوەی بەردەوامی ئەو ڕێککەوتنانەی کە دەکرێت لە بەرژەوەندیی گشتی و هەموواندا بێت، و پەسەندکردنی ئەنجامەکانی “کۆ-جەمعی سفر” (zero-sum) یان تەنانەت “کۆ-جەمعی ژێرسفر”. ئەم نەخشەیە لە سیاسەت، ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەدۆزرێتەوە، و دۆخگەلێک دروست دەکات کە تێیدا سەرکەوتنی کەسی وەک هەڕەشەیەک دەبینرێت نەک وەک دەرفەتێک.
کۆسپی سیاسی و نەبوونی ئاڵوگۆڕی له نێودەسەلات
لە سەرتاسەری جیهانی کوردی، عەرەبی و ئێراندا، سیستەمە سیاسییەکان بە سوڕانەوەی بەردەوامی هەمان بنەماڵە فەرمانڕەواکان، حزبەکان و تۆڕەکانی دەستەبژێر (نوخبە) دەناسرێنەوە، سەرەڕای شکستە بەبەڵگە کراوەکان. لە ئێران، سەرەڕای بەڵێنی شۆڕشی ١٩٧٩ بۆ دروستکردنی ئەگەری سیاسیی نوێ، دەسەڵات لەنێوان بازنەیەکی بەرتەسکی دەستەبژێری پیاوانی ئایینی و سوپای پاسداران چڕبووەتەوە، کە بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکردایەتیی بەدیل سەرکوت دەکەن.² لە شانشین و کۆمارە عەرەبییەکانیشدا بە هەمان شێوە، بنەماڵە و حزبە فەرمانڕەواکان دەسەڵاتیان بۆ دەیان ساڵ پاراستووە، و ئەو چاکسازانەیان سەرکوت کردووە کە ڕەنگە ڕێکاری حوکمڕانیی داهێنەرانە پێشکەش بکەن. ئەم دیاردەیە بۆ بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکانیش درێژ دەبێتەوە؛ گرووپە ناڕازییەکان، لە جیاتی پەرەپێدانی دیدگای بەدیلی بنیاتنەر، مێژوویییانە تەرکیزیان خستووەتە سەر لابردنی شەرعییەت لە ڕکابەرەکانیان لەبری دروستکردنی هاوپەیمانیی گشتگیر. (“دیموکراسی لە جیهانی عەرەبی” ٢٠٢٤، ٤٥-٦٧)
لە هەندێک کۆمەڵگەدا کە ئازادیی پارتە سیاسییەکان بوونی هەیە (وەک میسر یان کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان)، ئەوەندە کۆپیی یەکتر و بەرنامەی یەکتر دەکەن کە چەمکی پارتی سیاسی دەبێتە شتێکی بێمانا و پووچ.
لاسایی کردنی ئابووری، دزینی بیرۆکە و کوشتنی داهێنان و نوێخوازی
لە ئابووریدا، کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرجار لە جیاتی دروستکردنی مۆدێلی نوێ، مۆدێلی بازرگانی کۆپی دەکەن. هەرێم دەیەوێت ببێتە دۆبەی. کاتێک بازرگانییەک سەرکەوتوو دەبێت، ئەوانی تر بە خێرایی لاسایی دەکەنەوە، کە دەبێتە هۆی تێربوونی بازاڕ و کەمبوونەوەی قازانج بۆ هەمووان.³ خراپتر لە کۆپیکردن بریتییە لە ڕێگریکردنی چالاکانە لە داهێنان. خاوەنکاران بە بیرۆکەی نوێوە زۆرجار ڕووبەڕووی ڕێساکان، فشاری کۆمەڵایەتی یان تەنانەت تێکدانی ڕاستەوخۆ دەبنەوە لەلایەن ئەوانەی کە ئێستا لە دەسەڵاتدان. بازرگانییە خێزانییەکان، کە لە ناوچەکەدا باون، بەزۆری بەرەنگاری هاتنە ناوەوەی بەهرەمەندانی دەرەوەی بنەماڵە و خێزان دەبنەوە کە ڕەنگە کۆنترۆڵەکەیان بخەنە ژێر پرسیارەوە، و ئەدای ئاشنا بەڵام مامناوەند بە باشتر دەزانن لە بیرۆکەی نوێ و باشتر.
ئیرەیی ئەکادیمی و پیشەیی
زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENA) زۆرجار بە پلەبەندیی ڕەق و ئیرەیی پیشەیی دەناسرێنەوە. ئەکادیمیستە باڵاکان زۆرجار ڕێگری لە پێشکەوتنی توێژەرە گەنجەکان دەکەن، خۆیان لە هاوکاری دەدزنەوە و هەندێک جار شانازیی کاری کەسانی تر بە ناوی خۆیانەوە تۆمار دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی کۆچی مێشکەکان (brain drain)، بەرهەمی توێژینەوەی کەم و بەشدارییەکی کەم لە مەعریفەی جیهانیدا. هەرچەندە ئێران و وڵاتانی عەرەبی نزیکەی ٦٪ی دانیشتوانی جیهان پێکھدەهێنن، بەڵام کەمتر لە ١٪ی بڵاوکراوە ئەکادیمییەکان کە “پێداچوونەوەی هاوتا” (peer review)یان بۆ کراوە لەسەر ئاستی جیهان بەرهەم دەهێنن.⁴
بەشی دووەم: براوە هەموو شتێک قۆرخ دەکات
سیستەمە سیاسی و ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەزۆری لە ژێر لۆژیکی “براوە هەموو شتێک دەبات” کاردەکەن، کە تێیدا دەسەڵات و سەرچاوەکان لە جیاتی بەشکردن، قۆرخ دەکرێن. ئەم پارادایمە ململانێی بەردەوام لەنێوان سەرمایەی گەورە (سیاسییه خۆسەپێنراوەکان) و سەرمایەی بچووک دروست دەکات، ڕێگری لە گەشەپێدانی دامەزراوەیی بەردەوام دەکات و گرەنتی ئەوە دەکات کە کێبڕکێ لە جیاتی ئەوەی بنیاتنەر بێت، وێرانکەر بمێنێتەوە. زۆربەی ئەم وڵاتانە (ئاگادارم لە مەغریب، ئێران، عێراق، سوریا، قەتەر، بەحرەین) بەهۆی هۆز و بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە، لە سەرمایەدارترین و وڵاتە پێشەنگەکانی سەرمایەداری جیهان خراپتر کار دەکەن. لە ئەمریکای سەرمایەداریدا یاسای دژە-قۆرخکاری ڕێگە نادات کۆمپانیایەک زیاتر لە ٧٠٪ی بازاڕ و مارکێتێک قۆرخ بکات و بەپێی یاسای کۆنگرێس بۆ چەند کۆمپانیایەکی بچووکتر دابەش دەکرێت. لە ئەورووپا ٥٠٪ هێڵی سوورە.
قۆرخکاریی سیاسی
لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENA)، دەسەڵاتی سیاسی وەک بابەتێکی دابەشنەکراو چاو دەکرێت. گرووپە فەرمانڕەواکان، بە شانشینەکان، سیستەمە تاک حزبییەکان و دامەزراوە سەربازییەکانەوە، هەر جۆرە دابەشکردنێکی دەسەڵات وەک هەڕەشەیەکی و وجودی (ئەنتۆلۆجی) دەبینن نەک وەک لایەنێکی ئاسایی له حوکمڕانی. وەڵامی ڕژێمی ئەسەد بۆ ناڕەزایەتییەکانی سوریا کە لە ساڵی ٢٠١١ دەستیپێکرد، ئەم لۆژیکە نیشان دەدات: ڕژێم لە جیاتی دانوستان بۆ چاکسازی، شەڕی ناوخۆیی هەڵبژارد کە بووە هۆی وێرانبوونی وڵات.⁵ دابەشبوونە ئەتنیکی، نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، داینامیکی “براوە هەموو شتێک دەبات” توندتر دەکەنەوە. لە ئێران، عێراق، لوبنان و بەحرەین، کێبڕکێی سیاسی لەگەڵ ناسنامەکانی تردا یەکدەگرێتەوە، و حوکمڕانی لە جیاتی دانوستان لەنێوان بەرژەوەندییەکان، دەگۆڕێت بۆ ململانێیەکی وجودی لەنێوان نەتەوە و پێکهاتەکاندا.
لە بنەڕەتدا پێکهاتەی سیاسیی فیدراڵی (جگە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بە شێوەیەکی نیوەچڵ لە پاکستان) کە دەیتوانی قۆرخکاری بگۆڕێت بۆ کێبڕکێی تەندروست، بوونی نییە. پێکهاتەی فیدراڵی لە عێراق لە هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە بەڵام لە عێراقی شیعە بەهۆی بوونی ١٢٧ حزبی گەندەڵ و یاخیی شیعە و دەستێوەردانەکانی ئێران شکستی هێناوە، و عێراقی سوننەش کە لەلایەن شیعەکانەوە و بە بیانووی بەعسی بوون و هاوکاریکردنی داعش لە دەسەڵات داماڵراون.
دەسەڵات و قورئان
لە سیستەمە سیاسییە ئەم ١٠٠ ساڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسەڵات و قورئان وەک هاوتای یەکتر دادەنرێن، وەک ئەوەی هەردووکیان دابەشنەکراو بن، لە ڕاستیدا دەسەڵاتی سیاسی شەرعییەتی خۆی لە باوەڕی ئایینی (کتێبی قورئان) وەردەگرێت و لەبەرئەوەی باوەڕی ئایینی لەسەر بنەمای کتێبێکی واحدە، بۆیە دەسەڵاتیش وەک هەمان کتێبی قورئان شایانی دابەشبوون نییە. بە دەربڕینێکی تر تەمەنی سەرکردە سیاسییەکان هەروەک تەمەنی سەرکردە ئایینییەکان بێ بەسەرچوون و دابەشنەکراوە. لەکاتێکدا لە تەواوی مێژووی ئەم ناوچەیە لە بەنی ئومییە، بەنی عەباس تا بەتایبەتی ئەیوبییەکان و مەمالیکەکان، سەردەمی گەشەسەندن و زێڕینیان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە حوکمڕانیی فیدراتیڤ و نامەرکەزییەوە هەیە. لە کاتێکدا به مێژوو چاوی لێبکەین، خەلیفە هەرگیز دەستێوەردانی لە ئابووری و کاروباری جێبەجێکردندا نەدەکرد، وەکوو هێمایک بوو و بەرزترین پلەداری هەر شارێک قازیی القوزاتی ئەو شارە بووە. دەوڵەتی مۆدێرنی یونیتەر/قۆرخکار بەرهەمێکی هاوردەکراو و ئافەتێکی سیاسی بووە بۆ کۆمەڵگە فرەجۆری ئەم ناوچەیە.
ڕانتخوزایی ئابووری
کێبڕکێی ئابووری لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ تەرکیزی لەسەر بەدەستهێنانی ڕانت لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە نەک دروستکردنی بەها. باڵادەستیی داهاتە نەوتییەکان لە زۆرێک لە ئابوورییەکاندا شتێکی دروست کردووە کە ئابووریناسان پێی دەڵێن “نەفرەتی سەرچاوەکان”، کە تێیدا دەستگەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی زیاتر لە چالاکیی بەرھەمھێنانی، دیاریکەری سوودی ئابوورییە.⁶ سەرکەوتنی بازرگانی زیاتر پشت بە پەیوەندییە حکومییەکان (واستە/نێوەندگیری) دەبەستێت تا داهێنان یان کارایی. تەنانەت لە ئابوورییە بێ-نەوتییەکاندا، ڕانتخوازی هەر باوە، چونکە دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوە چاودێرییەکان ڕێگە بە کۆمپانیا جێگیربووەکان دەدات بەربەست لەبەردەم ڕکابەرەکاندا دروست بکەن. هەر ئەم ڕانتەش ئەنجامی پێکهاتەی سیاسیی ناوەندگرایە. پێش ڕووخانی ١٩٧٩ لە ئێران، پێکهاتەی “هەزار فامیل”ی پەیوەندیدار بە بنەماڵەی پەهلەوی و دەربار خاوەنی زیاتر لە ٧٠٪ی کارگەکانیان بەدەستەوە بوو. دوای ئەوەش پێکهاتەی سەربازیی سوپای پاسداران ڕۆڵی هەمان قۆرخکاریی ڕانتییان وەرگرت.
پێکھاتەی فیدراتیڤ و دەسەڵاتی بڕیاردان لە ئاستی ناوچەیی ڕکابەری لە باشترین بڕیاردان ممکن دەکات و لە کردەوەدا یەکە سیاسییەکان بە نیزامێکی ڕکابەری کە لەخوارەوە بۆ سەرەوە دروستکراوە ناچار دەبن بە چاککردنەوە و چاکسازی بە زۆرەملێ لە خوارەوە بۆ سەرەوە (فشار لە خوارەوە، ئیجبار لە سەرەوە) دەبن. دۆخەکە خراپتر دەبێت کاتێک لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا کە چەندین نەتەوە و ئەتنیکی جیاوازیان تێدایە، ئەم سیستەمە سیاسی و ئابوورییە بە تەواوی گۆڕاوە بۆ داگیرکاری و کۆلۆنیالیزمێکی ناوخۆیی کە قەومێک، ئەتنیکێک بەسەر ئەوانی تردا بە ڕێگەی داگیرکارانه حوکم دەکەن (نموونەی ئێران، سوریا، تورکیا و پاکستان بە تەواوی بەرچاوه).
سەرکوتکردنی تێکشکاندنی دروستکەرانە (Creative Destruction)
جۆزێف شومپیتەر “تێکشکاندنی دروستکەرانە”ی وەک ڕێگەیەک وەسف کرد کە تێیدا بیرۆکە نوێیەکان جێگەی بەرهەم، کۆمپانیا و پیشەسازییە کۆنەکان دەگرنەوە، کە کلیلە بۆ گەشەی ئابووری.⁷ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عەقڵییەتی “براوە هەموو شتێک دەکاتە موڵکی خۆی”، زۆرجار ئەم پرۆسەیە دەوەستێنێت (بۆ نموونە کاتێک دیجی کاڵا له ئێران، سەرکەوتوو دەبێت، کوڕی ڕەیبەر دەستبەسەریدا دەگرێت و ڕێگە بە کۆمپانیایەکی هاوشێوە/ڕکابەر نادات بێتە ناوەوە). خاوەنانی دەسەڵات لە پەیوەندییەکانیان بۆ بلۆککردنی بیرۆکە نوێ و گۆڕانکاریخوڵقێنەکان، قازانجەکانیان دەپارێزن بەڵام ڕێگری لە پێشکەوتن بۆ هەمووان دەکەن. بۆ نموونە، لە پەیوەندییەکاندا، کۆمپانیا حکومییەکان و ئۆپەراتۆرە جێگیربووەکان زۆرجار خزمەتگوزارییە نوێیەکانی مۆبایل، ئینتەرنێت و دیجیتاڵیان (ئتساڵات، کۆڕەک) دواخستووە یان بلۆکیان کردووە کە دەیانتوانی کۆنترۆڵەکەیان بخەنە ژێر پرسیارەوە.
بەشی سێیەم: نەبوونی عەقڵییەتی پشکداری و خاوەنداری
یەکێک لە جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوان کۆمەڵگە پێشکەوتوو و کەمتر گەشەسەندووەکان ئەوەیە کە ئایا خەڵک خاوەنی “عەقڵییەتی پشکداری و خۆبەخاوەندار” (stakeholder mindset)ن یان نا—ئەمە ئەو بیرۆکەیەیە کە هەمووان لە سەرکەوتنی هاوبەش سوودمەند دەبن. لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، خەڵک خۆیان بە بەشێک لە تیمێک دەبینن. کاتێک کەسێک لە ڕێگەی بیرۆکەی نوێ، لێهاتوویی یان سەرکردایەتییەوە سەرکەوتوو دەبێت، هەمووان لە ڕێگەی دەرفەتی زیاتر، داهاتی باجی بەرزتر، ناوبانگی نیشتمانیی باشتر و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بەهێزەکانەوە سوودمەند دەبن. ئاهەنگ بۆ سەرکەوتن دەگێڕدرێت چونکە لە بەرژەوەندیی هەموواندایە.
کۆمەڵگا وەک مەیدانێکی کۆی گشتی سفر (zero-sum game)
لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە تووشی نەخۆشی قرژاڵەیی بوون، ئەم بیرکردنەوەیە پێچەوانەیە. خەڵک زۆرجار دەوڵەت وەک شتێک دەبینن بۆ ئەوەی لێی ببەن، نەک وەک پرۆژەیەکی هاوبەش. بە گشتی مامەڵە لەگەڵ دەوڵەت وەک مانگایەکی قەڵەو دەکرێت کە دەبێت پارچەیەکی لێ بکرێتەوە. دەوڵەت هەمان “بەیتولماڵ”ە و بەیتولماڵ بەو مانایەیە کە دەستبڕین لێی حەڵاڵە. لەبەر ئەوەی هاووڵاتیان بەزۆری له دەسەڵاتی سیاسیی ڕاستەقینە بێبەشن، مافی خاوەندارێتی و سەروەریی یاسا، سەرکەوتنی ئەوانی تر بە باش بۆ هەمووان نازانن. لەبری ئەوە، ڕەنگە هەست بە گومان یان ئیرەیی (حەسودی) بکەن، و بیربکەنەوە کە هەر کەسێک گەشە بکات، دواتر خراپ بەکاری دەهێنێت. ئەمەش وا دەکات خەڵک ڕێگری لە بەهرە نوێیەکان بکەن. بیرمەندان، چاکسازان و ڕۆشنبیران زۆرجار دەخرێنە پەراوێزەوە یان ناچار دەکرێن وڵات بەجێبهێڵن، بۆئەوەی هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی دۆخەکە وەک هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتەکان دەبینرێت.
کۆچی بیرمەندان وەک دژەوەبەرهێنان (Disinvestment)
دوایین دەرکەوتەی نەبوونی بیری خاوەنداری گشتی، کۆچی بەرفراوانی بیرمەندانه. نیشانەی ئاشکرای نەبوونی عەقڵییەتی پشکداری، ژمارەی زۆری ئەو کەسە لێهاتووانەیە کە ناوچەکە بەجێدەهێڵن. ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕاپۆرت دەدات کە نزیکەی یەک لەسەر سێی دەرچووانی زانکۆ عەرەبییەکان بۆ دەرەوەی وڵات کۆچ دەکەن، و ئەم ڕێژەیە لەنێوان بەهرەمەندترینەکاندا تەنانەت بەرزتریشە.⁸ ئێران لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩وە، کۆچ و ڕۆیشتنی کەسانی خوێندەوار زۆر بەرز بووە.⁹ ئەم کەسانە وەک “قرژاڵانێکن” کە توانیویانە لە سەتڵەکە بێنە دەرەوە و زۆرجار لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە عەقڵییەتی پشکداری تێیاندا باوە، بە شێوەی تاکەکەسی، باش کار دەکەن. سەرکەوتنی ئەوان نیشانی دەدات کە کێشەکە لە کەسەکاندا نییە، بەڵکو لە سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانە کە لە نیشتمان ئەوانیان لە دواوە هێشتووەتەوە. بۆ تێگەیشتن لەم نەخشانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە سوود لە تیۆرە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵناسی، ئابووری و زانستە سیاسییەکان وەربگیرێت.
قەیرانی متمانەی کۆمەڵایەتی
شیکاریی فرانسیس فوکویاما لە کتێبی “متمانە: تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی خۆشگوزەرانی”، دیدگایەکی ڕەخنەگرانە بۆ تێگەیشتن لە نەبوونی عەقڵییەتی پشکداری پێشکەش دەکات. فوکویاما جیاوازی دەکات لەنێوان کۆمەڵگە “متمانە بەرزەکان” و “متمانە نزمەکان”.¹⁰ لە کۆمەڵگە متمانە نزمەکاندا، کە تایبەتمەندی بەشێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، متمانە بە خێزان، شانشینەکان یان هۆزی نزیکه. لە بەرامبەردا، کۆمەڵگە متمانە بەرزەکان، “کۆمەڵایەتیبوونی خۆبەخۆ” (spontaneous sociability) نیشان دەدەن، یان توانای نامۆکان بۆ خۆڕێکخستن بۆ ئامانجە هاوبەشەکان بەبێ زۆرەملێی دەوڵەت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عەقڵییەتی قرژاڵەیی لە نەبوونی ئەم جۆرە کۆمەڵایەتیبوونەدا گەشە دەکات. لەبەر ئەوەی تاکەکان متمانەیان بەوانە نییە کە لە دەرەوەی تۆڕی ئاسۆییی خوێن، خزمایەتیی خۆیاندان، دەرکەوتنی “نامۆیەک” وەک هەڕەشەیەکی چاو دەکرێت نەک وەک هاوبەشێکی ئەگەری.¹¹ نزیکبوونەوە و متمانەی ئەستوونی ئەستەمە (لە باشووری کوردستان به هاتنی کوردانی ڕۆژهەلات و ڕۆژئاوا زۆر به شکاندنی پەیوەندییە ئاسۆییەکان و عەشیرەتییەکان خزمەتی کردووه).
هاوکاریی ئەستوونی لە بەرامبەر پەیوەندیی ئاسۆیی
بیرۆکەی فێردیناند تۆنیس دەربارەی “گێمەینشافت” (کۆمەڵ/Gemeinschaft) و “گێزڵشافت” (کۆمەڵگا (society) /Gesellschaft) یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی ئاڵنگارییەکانی مۆدێرنیزاسیۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.¹² گێمەینشافت پەیوەندی بە پەیوەستبوونی ئاسۆیی مێژووی هاوبەش، پەیوەندییە خێزانییەکان و سۆزەوە هەیە، لە کاتێکدا گێزڵشافت پەیوەندی بە پەیوەستبوونی ستوونیی کەسەکان، گرێبەستەکان و یاساکانەوە هەیە کە بنەمای بازرگانی، کۆمەڵگەی مۆدێرن و دەوڵەتی مۆدێرنن. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئەم دوو شێوازەی ڕێکخستنی کۆمەڵگەدا سەری لێشێواوە. عەقڵییەتی قرژاڵەیی زۆرجار لە مانەوەی بەها کۆنەکانی کۆمەڵ (community) لەناو دامەزراوە مۆدێرنەکانەوە (society) سەرچاوە دەگرێت. کاتێک سیستەمی گەشەپێدان هەوڵ دەدات بابەتگەلێکی وەک دامەزراندنی دادپەروەرانە یان یاسای شەفاف بهێنێتە کایەوە، تەحەدای ئەو پەیوەندییە نزیکانە/ئاسۆییە دەکات کە لە ڕابردوودا ئاسایشی دەروونی مرۆڤ دابین دەکرد. زۆرێک لە خەڵک بەرەنگاری ئەم گۆڕانکارییانە دەبنەوە و وەک لەدەستدانی پەیوەندییە کەسییەکان دەیبینن کە یارمەتیی داون بۆ مانەوە.
تێکشکاندنی دروستکەرانە و بەرگری ڕانتیەر
بیرۆکەی شومپیتەر دەربارەی تێکشکاندنی دروستکەرانە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن ئابووری بەردەوام دەگۆڕدرێت بەهۆی داهێنانە نوێیەکان کە ڕێگە کۆنەکان بە ڕێگەی نوێ دەگۆڕنەوە.¹³ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیستەمەکە زۆرجار بە شێوەیەک ڕێکخراوە کە ئەم جۆرە گۆڕانکارییە بوەستێنێت. لەم چوارچێوەیەدا، عەقڵییەتی قرژاڵەیی بەو مانایەیە کە خاوەن دەسەڵاتەکان بەرەنگاری جێگرتنەوە دەبنەوە. داهێنان وەک هەڕەشە دەبینرێت. بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک تەکنەلۆژیایەکی بانکی/دارایی نوێ دروست بکات کە جێگەی پارەدانی ئەلکترۆنیکی بانکە حکومییەکان بگرێت، یان ئەگەر کۆمپانیایەکی وزەی خۆر تەحەدای کارەبای حکومییەکان بکات، ئەم کەسانە وەک قرژاڵەگەلێکن کە هەوڵ دەدەن لە سەتڵەکە ڕزگاریان بێت. دەوڵەت زۆرجار بۆ بلۆککردنی ئەم هەوڵانە لە ڕێگەی یاساکان، دەستبەسەرداگرتنی بازرگانی یان هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانەوە دەستێوەردان دەکات.¹⁴
دامەزراوە تاڵانکەرەکان (Extractive Institutions)
کتێبی “بۆچی نەتەوەکان شکست دەهێنن” لە نووسینی دارۆن ئەجەمئۆغڵو و جەیمس ڕۆبینسۆن ڕۆۆن دەکات کە دامەزراوەکان دەبێت “گشتگیر” (inclusive) بن، بەو مانایەی دەسەڵات و سامان لەنێوان هەموو چینەکانی کۆمەڵ (ئاسۆیی) و کۆمەڵگا (ستوونی)دا دابەش بکەن و پشتگیری لە داهێنان بکەن، ئەگەرنا “تاڵانکەر/ئیستیغلالکەر” (extractive) دەبن، کە دەسەڵات و سامان لە دەستی ژمارەیەکی سنوورداردا دەهێڵنەوە و ڕێگری لە بیرۆکەی نوێ دەکەن.¹⁵ ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموویان تاڵانکەرن. پارەی نەوت (یان یارمەتییە دەرەکییەکانی بۆ میسر و پاکستان) ڕێگە بە حکومەتەکان دەدات بەبێ دروستکردنی ئابووریی ڕاستەقینە، ڕانت دابەش بکەن و ئەم سیستەمانە یارمەتیی دەستەبژێری (ئەلیتی) فەرمانڕەوا دەدات تا لە کۆنترۆڵدا بمێننەوە و خۆیان لە گۆڕانکاری بەدوور بگرن.¹⁶ نەخۆشی قرژاڵەیی لایەنی کولتووریی ئەم سیستەمە قۆرخکاره و تاڵانکەرەیە. کاتێک دامەزراوەکان لە جیاتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، تاڵانی دەکەن، خەڵک فێر دەبن کە سەرکەوتن لە ڕێگەی پەیوەندییەکان و تاڵانییەوە بەدەست دێت، نەک لە ڕێگەی خوڵقاندن یان داهێنانەوە.
وەک نموونە لە بەلووچستانی ژێر کۆنترۆڵی ئێران، پۆستە ئیدارییەکان لە دەستی سیستانییە شیعەکاندایە؛ لە شارەکانی ورمێ، نەغەدە و میاندواو (دەسەڵاتی فەرمانبەران تیایاندا لەلایەن تورکەکانەوە قۆرخ کراوە بەهۆی سیاسەتەکانی تارانەوە) کوردەکان بە تەواوی لە پۆستە ئیدارییەکان دوورخراونەتەوە؛ یان لە شارە سوننییەکانی سیریک، میناب، ئەهواز یان بەندەر عەباس، زۆرینەی سوننە یان عەرەب بە هیچ شێوەیەک پۆستی فەرمانبەر بۆیان نییە. ئەجەمئۆغڵو و ڕۆبینسۆن ئاماژە بەوە دەکەن کە دامەزراوە جیاکاری و تاڵانکەرەکان خۆیان گەورە دەکەن: خاوەن دەسەڵاتەکان ئەوەی دەستکەوتیان دەبێت بۆ مانەوە لە دەسەڵات بەکاری دەهێنن، و هەبوونی دەسەڵات ڕێگەیان پێ دەدات کە بەردەوام بن لە تاڵانکردن (کۆمپانیاکانی ژێر کۆنترۆڵی پاشا لە مەغریب بە تەواوی بەم شێوەیەن).¹⁷
عەسەبییەت و چەرخی شارستانییەکان
ئیبن خەلدون، مێژوونووسی عەرەبی سەدەکانی ناوەڕاست، ئامرازگەلی شیکاری پێشکەش دەکات کە بەتایبەتی بۆ تێگەیشتن لە نەخۆشی قرژاڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیوەندیدارن. لە سەدەی چواردەهەمدا، ئیبن خەلدون تیۆرێکی دەربارەی هەڵکشان و داکشانی شارستانییەکان پەرەپێدا کە تەرکیزی لەسەر چەمکی “عەسەبییەت” یان هاوپشتیی گرووپی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بوو.¹⁸ ئەو عەسەبییەتەی ئیبن خەلدون وەسفی دەکات تایبەتگەرایە (particularistic) و جەخت لەسەر دڵسۆزی بۆ هۆز، خێڵ یان گرووپی خزمایەتی (پەیوەندیی ئاسۆیی) دەکاتەوە لە جیاتی کۆمەڵگای گشتگیر (پەیوەندیی ستوونی). ئەم نەخشەیە لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نۆرمێکە، کە تێیدا هاوپشتیی بەهێزی ناو-گرووپ لەگەڵ بێمتمانەیی بە بیگانەکان پێکەوە دەژین. بیرکردنەوەی قرژاڵ لە سنووری نێوان گروپی خۆیی و گروپی بێگانەدا سەردەکەوێت کە بە ڕکابەری تووند بۆ شوێن لە ناو گروپەکانی سەرچاوە و نەویستنی بینینی سەرکەوتنی ئەندامانی دەرەوەی گروپ پێناسە دەکرێت.
لێکجیابوونەوەی درێژخایەن (The Long Divergence)
تیمور کوران، ئابووریناس، لە کتێبی “لێکجیابوونەوەی درێژخایەن”دا (The Long Divergence) پاشخانێکی مێژوویی بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندە دامەزراوەییەکانی ئاڵنگارییە گەشەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابین دەکات.¹⁹ کوران تایبەتمەندییە دامەزراوەییە دیاریکراوەکان دەستنیشان دەکات کە هەرچەندە لە چوارچێوەی ئەسڵیی خۆیاندا کاریگەر بوون، بەڵام لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی داراییدا بوون بە بەربەست. شەراکەتە ئیسلامییە نەریتییەکان لەسەر بنەمای پەیوەندیی خوێنی بە مردنی هەر یەکێک لە خاوەنەکانیان هەڵدەوەشایەوە و ڕێگریی لە بەردەوامیی فرەنەوەیی دەکرد. یاسای میراتی ئیسلامی دابەشکردنی موڵک و ماڵی لەنێوان میراتگرە فرەژمارەکاندا بە پێویست دەزانی، کە بووە هۆی پارچەپارچەبوونی سەرمایەی کۆکراو. ئەم یاسایانە، لەگەڵ نەبوونی فۆرمی کۆمپانیایی کە دان بە ڕێکخراوەکاندا بنێت وەک کەسایەتیی یاسایی، پێوەر و مانەوەی ڕێکخراوەیی سنووردار کرد. بوون وەکوو قرژاڵ، وەک خۆ گونجاندنێکی ڕەفتاری لەگەڵ فۆرمی داسەپاو دەبێت، که پێشکەوتنی ئەوانی تر و متمانه سزا دەدا.
بەشی چوارەم: نەبوونی فیدراڵیزم
فیدراڵیزم لە وشەی لاتینیی foedusـەوە هاتووە کە بە واتای پەیمان و بەڵێن و قەول و قەرار دێت کە تێیدا لایەنەکانی پەیمانەکە شەراکەتێکی پابەندکەر لە نێوان خۆیاندا دەبەستن. لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فیدراڵیزم بوونی نییه. هۆکاری ئەم نەبوونه دوو هۆکارە، یەکێکیان عەقڵییەتی خۆبەزلزانینی (خۆبەبەرز زانین) قەوم و گرووپێکی فەرمانڕەوایە کە بە گشتی لەلایەن وڵاتێکی دەرەکییەوە بوونەتە خاوەن چەک و دەسەڵاتی چاپکردنی پارە، یان هەژاریی جوگرافی کە گرووپی فەرمانڕەوا لە جوگرافیای پڕ سامان دایە کە ڕێگەیان پێ دەدات دەستدرێژی بکەنە سەر سەرچاوەی ئەوانی تر. لە وڵاتی ئێراندا هەردوو هۆکارەکە بوونی هەیە.
نەبوونی حاکمان و بەڕێوەبەرانی کە ھی خودی جوگرافیای ئەو سەرچاوانەن ببنەوە ھۆکاری ئەوە بووە کە حاکمانی دوور لە پایتەختەکان، بە تەماع خستنەبەر و پیلانگێڕی (نموونەی کۆمپانیای نەوتی ئێران و ئینگلیس، سۆمۆی عێراق) لەگەڵ کۆلۆنیالیستە دەرەکییەکان لەژێر گرێبەستی نهێنی و تاڵانچیدا، لە بەرامبەر مانەوە لە دەسەڵاتی سیاسیدا بە کردەیی ڕێگری لە گەشەسەندنی ئەم وڵاتانە بکەن.
نامەرکەزییەت لەم وڵاتانەدا دەتوانێت قرژاڵەی هەڵاتوو و ئەزموونێکی سیاسیی سەرکەوتوو بەرهەم بهێنێت کە لە پایتەخت بەرهەم نایەت و ئەمەش بۆ دەسەڵاتی مەرکەزی واتە ئابڕووچوونی سیاسی و بڕیاردان. بۆ نموونە هەرێمی کوردستان لە عێراق توانیویەتی لە عێراق چ ئەمنی، چ سیاسی و چ ئابووری نموونەیەکی باشتر (نەک ئایدیاڵ) بێت و ئەمە بۆ بەغدای ژێر کۆنترۆڵی ئێران بە هیچ شێوەیەک خۆش نییە (تێبینی). فیدراڵیزم ڕێگە بە یەکەیەکی بچووکتر دەدات لە سەتڵە گەندەڵە گەورەکە هەڵ بێت و قرژاڵە گەورەکە ڕێگا نادات.
لە توێژینەوەیەکدا، شاری سنە ناوەندی پارێزگای کوردستان، وەک شارێک کە نزمترین ئاماری دزیی ماڵەکان لە وڵاتی ئێراندا هەیە دەردەکەوێت، لە کاتێکدا ئەم پارێزگایە بێبەشترین، هەژارترین و دواخراوترین یەکەی سیاسیی ئێرانە و بەپێی دەبوایە ڕێژەی دزین زۆرتر بواتایت. ئەگەر دەسەڵاتی ئابووری، سیاسی، و ئەمنی لە دەستی خودی خەڵکەکەدا بێت، گەندەڵی و ناکاراییی مەرکەزییەکان خێراتر ئاشکرا دەبێت.
لەم وڵاتانەدا هەڵبژاردن بێمانا و دیموکراسیی هەڕەمەکی (تودەیی) له فیدراڵیزم باشتر دەبینرێت. وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پڕن لە هەڵبژاردن بە زۆرینەی ٩٠٪ی دەنگەکان و مەزهەلەکانی سندوقی دەنگدان.
بەڵام لە ڕاستییدا فیدراڵیزم لەپێش دیموکراسی دێت و ڕێز له ئازادی لەپێش کۆیلایەتیی بەکۆمەڵە دەبێت بگیڕێت.
دەرەنجام: مەترسی ڕووخان وپێویستیی به گۆڕانکاری
ئەم نووسینە ئاماژە بە کارەساتێکی جددی دەکەن: نەخۆشی قرژاڵەیی، لەگەڵ دامەزراوە تاڵانکەرەکان و متمانەی نزم، هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ مانەوەی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە سەدەی بیست و یەکەمدا، ئەو کۆمەڵگانەی کە هاوتەریب لەگەڵ جیهان پێش نەکەون، ناتوانن لە دەرئەنجامەکانی خۆیان بشارنەوە. گۆڕانکارییە خێرا تەکنەلۆژییەکان، کێبڕکێی جیهانی و فشارە ئابوورییەکان بەو مانایەیە کە تەنها ئەوانەی خۆیان دەگونجێنن، داهێنان دەکەن و دامەزراوەی بەهێز دروست دەکەن، دەمێننەوە.
ئەو کۆمەڵگانەی کە نەتوانن پێکەوە کار بکەن، نەک تەنها لە مەترسیی دواکەوتندان، بەڵکو لە مەترسیی داڕمانی تەواوەتیدان.
هەروەک چۆن وڵاتە پێشکەوتووەکان بەرەو پێش دەچن، کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مەترسیی بەجێماون. کۆچی بیرمەندان بە ڕۆیشتنی کەسانی بەهرەمەندی زیاتر خراپتر دەبێت و دەبێتە هۆی قەیرانێکی دیمۆگرافی بە زیرەکیی نزمەوە. دامەزراوەکان لاواز دەبن چونکە کارە حکومییەکان بەدەست ئاستنزمەکان دەکەوێت، سیستەمە یاساییەکان بۆ سزادان بەکاردەهێنرێن و قوتابخانەکان بڕوانامە بەبێ فێربوونی ڕاستەقینە دەبەخشن.²⁰
ئەم شیکارییە بە مەبەستی دروستکردنی بێهیوایی نییە، بەڵکو بۆ هاندانی کردار و گۆڕانکارییە. نەخۆشی قرژاڵ دەکرێت تێبگەیەنرێت و وەک کێشەیەک بۆ کۆمەڵگە چارەسەر بکرێت. گۆڕانکاری بە ناسینی نەخۆشیی قرژاڵ وەک شتێکی زیانبەخش دەستپێدەکات، نەک وەک شتێکی سروشتی. دامەزراوەکان دەبێت پاداشتی کاری بەکۆمەڵ بدەنەوە و سزای تێکدان بدەن. یاساکان دەبێت پارێزگاری لەو کەسانە بکەن کە بیرۆکەی نوێ دەهێنن. قوتابخانەکان دەبێت بەهای بەهرەی ڕاستەقینە بزانن و پاداشتی بدەنەوە. سیاسەت دەبێت ڕێگە بە کێبڕکێی ڕاستەقینە و ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییە ئاشتییانەکان لە دەسەڵاتدا بدات. کولتووریش پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە و دەبێت فێری خەڵک بکات کە سەرکەوتن به کۆمەڵ و هاوبەش بە باش بۆ هەمووان ببینن. لە کۆتاییدا، گرنگە کە دیاسپۆرا (کۆچبەران) بەشداری پێ بکرێن و بە ئاسانکردنی گەڕانەوەی کەسانی بەهرەمەند بۆ نیشتمان، کۆچی بیرمەندان و مێشکەکان بگۆڕدرێت بۆ گەڕانەوەی بیرمەندان (brain gain).
ئیبن خەلدون هەڵکشان و داکشانی شارستانییەکانی وەک ڕووداوی سروشتی و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی مرۆڤ دەبینی. بەڵام زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ نیشانی دەدەن کە دامەزراوەکان و کولتوور، دەکرێت لەلایەن خەڵکەوە کە پێکەوە کاردەکەن بگۆڕدرێن. کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا لە خاڵێکی وەرچەرخاندان. کێشە باس کراوەکان لەم وتارەدا—عەقڵییەتی قرژاڵەیی، بیرکردنەوەی کۆی گشتی سفر، سیستەمە تاڵانکەرەکان و نەبوونی متمانە—نەگۆڕ نین، بەڵکو وەڵامگەلێکن بۆ بارودۆخەکانی ڕابردوو کە دەکرێت چاکسازییان تێدا بکرێت. جوڵە بەرەو پێشەوە پێویستی بە هۆشیاری، پێداگری و کاری بەکۆمەڵ هەیە.
بەبێ گۆڕانکاریی ڕاستەقینە، ئەم کۆمەڵگانە بەرەو دواکەوتن، هەڵوەشانەوە و داڕمان دەڕۆن.
لە کۆتاییدا، قرژاڵەکانی ناو سەتڵەکە تەنها گیر ناکەن—ئەوان لەلایەن ئەوانەوە کە فێر دەبن پێکەوە کار بکەن، بهجێبمێنن.
تێبینی
دەوڵەتی ئێران، بۆ بێهیواییکردنی توانای حوکمڕانیی کورد، بە ئەنقەست خراپترین و گەندەڵترین بەڕێوەبەرانی کوردی جاش لە شارە کوردییەکاندا دادەمەزرێنێت و بە ئەنقەست چاو لە ئاست گەندەڵیی ئەم بەڕێوەبەرانه دەپۆشێت تا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بە خەڵک بڵێت کە بەڕێوەبەرانی هاوزمانی خۆتان خراپترینن (بە هاوتەریبی لە کەنالەکانی تێلێگرامدا هەمیشە تۆوی بێهیوایی و کینە لە دژی هەمان کارمەندانی خۆی دەچێنێت)، لە کاتێکدا کەسانی بەناوبانگ و دەستپاکانی کورد هەمیشە بۆ پارێزگاکانی تر دووردەخاتەوە تا ئەوێ ئاوەدان بکەنەوە.
- نەخۆشی قرژاڵەیی-هۆکاری دواکەوتوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست - 02/16/2026
- دموکراسی: خدایی که شکست خورد - 02/14/2026
- دوکتور شوان ڕاستەقینه کێ بوو؟ - 02/11/2026
