سیاسەتی چاوەڕوانی بۆ دەستپێشخەری بۆ ڕۆژهەڵات

عەتا جەماڵی

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زەروورەتی تێپەڕین لە سیاسەتی چاوەڕوانی بەرەو دەستپێشخەریی نەتەوەیی

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا لە قووڵایی قەیرانێکدا پەنگ دەخواتەوە کە چاوەڕوان دەکرێت تێیدا تەنها دەوڵەتەکان جێگۆڕکێ نەکەن و تەنها هاوپەیمانییەکان نەگۆڕێن؛ بەڵکوو خودی لۆژیکی سیستەمی ناوچەییسەرلەنوێ پێناسە بکرێتەوە. ئاگربەستە لەرزۆکەکان، هەڕەشە دەریاییەکان، کێبڕکێی پرۆکسییەکان، قەیرانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، و نیگەرانیی دەوڵەتە عەرەبییەکانی کەنداو، هەموویان ڕووکاری دەرەوەی قەیرانێکی قووڵترن: قەیرانی هەژموونی ئێران و قەیرانی ئەو سیستەمەی کە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە نەتەوە بێدەوڵەتەکان و چەسپاندنی سنوورە سەپێنراوەکان بونیاد نراوە.
لە وەها ساتەوەختگەلێکدا، نەتەوە بێدەوڵەتەکان ڕەنگە زیاتر لە دوو بژاردەیان لەبەردەم نەبێت. یان جارێکی تر خۆیان وەک قوربانیی مێژوو ببیننەوە و چاوەڕێ بکەن تا زلهێزەکان بڕیار لەسەر داهاتوویان بدەن؛ یان خۆیان وەک کارەکتەرێکی سیاسی و جیۆپۆلیتیکی پێناسە بکەنەوە و هەوڵ بدەن بچنە ناو لۆژیکی دروستکردنی بڕیار لەسەر داهاتووەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم هەڵبژاردنێکی لەم شێوەیەدایە.
پرسە سەرەکییەکە ئەوە نییە کۆماری ئیسلامیی ئێران تا چەند لاواز دەبێت، یان ئایا ئەمریکا و ئێران دووبارە دەگەنەوە بە جۆرێک لە ڕێککەوتنی کاتی یان نا. پرسە سەرەکییەکە بۆ ئێمە ئەوەیە کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم قەیرانە چۆن دەخوێنێتەوە: وەک قەیرانێک لە دەرەوەی خۆی، یان وەک دەرفەتێکی مێژوویی بۆ هێنانەگۆڕێی دووبارەی پرسی سەروەری، جیابوونەوە لە ئێران و چوونە ناو قۆناغێکی نوێی سیاسەتی نەتەوەییەوە؟
هەڵەی گەورە ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا لە چوارچێوەی “داهاتووی ئێران” یان “ئێرانی داهاتوو”دا پێناسە بکرێت. وەها چوارچێوەیەک، تەنانەت ئەگەر بە زمانی دیموکراسی، فیدراڵیزم، مافی کولتووری یان نەناوەندێتیدەرببڕدرێت، لە کۆتاییدا خۆی لە کێشە سەرەکییەکە دەدزێتەوە. پرسی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پرسی پشک وەرگرتن نییە لە ئێرانی داهاتوودا؛ پرسی کۆتاییهێنانە بە سەروەریی ئێران بەسەر بەشێک لە خاکی کوردستاندا. ئەگەر پرسەکە پرسی سەروەری بێت، هیچ مۆدێلێک لە چاکسازیی ناوخۆی ئێران، تەنانەت ئەگەر نەرمتر، مۆدێرنتر و دیموکراتیکتریش بێت لە کۆماری ئیسلامی، ناتوانێت وەڵامی کۆتایی ئەو پرسە بێت.
ئەم قسەیە بە واتای پشتگوێخستنی دیموکراسی، مافی مرۆڤ یان ئازادییە سیاسییەکان لە ئێراندا نییە. بەپێچەوانەوە، هەر پاشەکشەیەک لە ستەمکاری لە ئێراندا دەتوانێت زەمینەیەکی نوێی هەناسەدان بۆ نەتەوە ژێردەستەکان بڕەخسێنێت. بەڵام نابێت زەمینەی هەناسەدان و ئامانجی کۆتایی تێکەڵ بکرێن. دیموکراتیزەبوونی ئێران، ئەگەر هاوڕێ نەبێت لەگەڵ بەفەرمیناسینی مافی سەروەریی کوردستان، تەنها فۆڕمێکی نوێ دەبێت لە هەمان مەرکەزییەتی مێژوویی؛ مەرکەزییەتێک کە ڕەنگە زمانەکەی بگۆڕێت، بەڵام لۆژیکەکەی هێشتا هەمان نکۆڵیکردن لە مافی خۆبڕیاردەریی نەتەوەی کورد بێت.

لێرەوە دەبێت ڕەخنە لە خووێکی سیاسیی دێرین بگیرێت: چاوەڕوانی لە واشنتۆن..
کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوشێوەی بەشەکانی تری کوردستان، خەریکە خوو دەداتە چاوەڕوانی لە زلهێزەکان. ئەم چاوەڕوانییە هەمیشە بێهۆ نەبووە. ئەمریکا هێشتا وەک هێزێکی یەکلاکەرەوە لە سیستەمی جیهانی و ناوچەییدا ماوەتەوە. هیچ سیاسەتێکی جددی لە کوردستان ناتوانێت واشنتۆن پشتگوێ بخات. بەڵام کێشەکە لەوێدایە کە لە زۆرێک لە ساتەوەختەکاندا، پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا لەبری ئەوەی بەشێک بێت لە ستراتیژیی نەتەوەیی کورد، جێگەی خودی ستراتیژییەکەی گرتووەتەوە.
کێشەکە ئەوە نییە کە ئەمریکا دوژمنی کوردە. کێشەکە ئەوەیە کە ئەمریکا دەوڵەتە و دەوڵەتێکی زلهێزی جیهانیشە؛ و دەوڵەتەکانیش نەک لەسەر بنەمای ئاواتەکانی نەتەوە بێدەوڵەتەکان، بەڵکوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان بڕیار دەدەن. لەوانەیە واشنتۆن لە قۆناغێکدا گوشار بخاتە سەر ئێران، لە قۆناغێکی تردا بەدوای ڕێککەوتندا بگەڕێت لەگەڵ تاران، لە قۆناغێکدا هێزەکانی کوردستان بەکار بهێنێت، و لە قۆناغێکی تریشدا بەشداریکردنیان لە هاوکێشەیەکی هەستیاردا سنووردار بکات. ئەمە لۆژیکی دەسەڵاتە. ناڕەزایەتیی ئەخلاقی بەرامبەر بەمە، ئەگەر نەبێتە هۆی داڕشتنەوەی ستراتیژیی ناوخۆیی، تەنها فۆڕمێکە لە ناڕەزایەتییەکی بێبەرهەم.
کەواتە پرسی سەرەکی، دوژمنایەتی نییە لەگەڵ ئەمریکا؛ بەڵکوو ڕزگاربوونە لە تاقانەبوونی ئەمریکا لە خەیاڵدانی سیاسیی کورددا. کورد ناتوانێت چارەنووسی خۆی گرێ بدات بە ئیرادەی واشنتۆنەوە. دەبێت ئەمریکا یەکێک لە دەرگاکانی دیپلۆماسیی کورد بێت، نەوەک تاکە دەرگای مێژوو.
ئەم خاڵە بەتایبەتی لە قەیرانی ئێستای ئێراندا گرنگییەکی زیاتر پەیدا دەکات. ئەگەر وای دابنێین کە ئەگەری ڕێککەوتنی بەردەوام لە نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر سنووردارە، و ئەگەر ئەگەری گەڕانەوەی ململانێ هێشتا جددی بێت، ئەوا کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابێت تەنها چاوەڕێ بکات کە واشنتۆن لە ساتەوەختێکی گونجاودا بڕیار بدات بیخاتە ناو هاوکێشەکەوە. لەوانەیە ئەو ساتەوەختە هەرگیز نەیەت. تەنانەت خراپتریش، لەوانەیە لەو ساتەدا کە تاران و واشنتۆن پێویستیان بە ئاگربەست یان ڕێککەوتنێکی کاتی هەیە، پرسی کوردستان جارێکی تر ببێتە قوربانیی “سەقامگیری”یەکی کورتخایەن.
کەواتە دەبێت پرسیارەکە بگۆڕدرێت. لەبری ئەوەی بپرسین “ئایا ئەمریکا ڕێگە بە کورد دەدات ڕۆڵ بگێڕێت؟” دەبێت بپرسین: کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەتوانێت خۆی وەک کارەکتەرێکی جیۆپۆلیتیکی و نەتەوەیی وا پێناسە بکات کە سڕینەوەی لە هەر هاوکێشەیەکی داهاتوو تێچوویەکی زۆری هەبێت؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەبێت سەرەتا پێگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرلەنوێ بخوێنینەوە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها ناوچەیەکی [کوردنشین] لە ڕۆژاوا و باکووری ڕۆژاوای ئێران نییە. ئەم ناوچەیە بەشێکە لە قووڵایی ڕۆژاوای ئێران؛ بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، کە بەستراوەتەوە بە سنوورەکانی عێراق و تورکیاوە، لکاوە بە باشوور و باکووری کوردستانەوە، و کەوتووەتە خاڵێکەوە کە تێیدا ناوخۆی ئێران و گۆڕەپانەکانی نفووزی ناوچەیی ئێران بەیەکەوە دەبەسترێنەوە. تاران بۆ پاراستنی یەکپارچەیی ناوخۆیی، کۆنتڕۆڵکردنی نەتەوە غەیرە فارسەکان، ئاسایشی سنوورەکانی ڕۆژاوا و بەردەوامیی نفووزی خۆی لە عێراق و شام، پێویستی بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قووڵاییە هەیە.
گرنگیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ڕووەوە دەست پێدەکات. ئەم ناوچەیە پەراوێزی ئێران نییە؛ بەشێکە لە میکانیزمی ئاسایشی و هەژموونیی ئێران. دەوڵەتی ئێران، چ لە فۆڕمی پاشایەتی و چ لە فۆڕمی کۆماری ئیسلامیدا، هەمیشە پرسی کوردستانی نەک وەک پرسێکی سیاسی و نەتەوەیی، بەڵکوو وەک هەڕەشەیەکی ئاسایشی بینیوە. ئەم تێڕوانینە بەهەڵکەوت نییە. هەر دەوڵەتێک کە حوکمی ئێران بکات، تا ئەو کاتەی خۆی بە خاوەنی سەروەری بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بزانێت، لە ڕێکخستنی سیاسیی کورد دەترسێت. چونکە پرسی کوردستان، ئەگەر بگاتە ئاستی سەروەری، تەنها داواکارییەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو پرسیارێکە دەربارەی پێکهاتەی خودی دەوڵەتی ئێران.
هەژموونی ئێران تەنها لە ڕێگەی مووشەک، درۆن، بەرنامەی ئەتۆمی یان تۆڕە پرۆکسییەکانیەوە دروست نەکراوە. ئەم هەژموونە لەسەر بنەمای پێکهاتەیەکی ناوخۆییش دامەزراوە: مەرکەزییەتی تاران، نکۆڵیکردن لە سەروەریی نەتەوە غەیرە فارسەکان، کۆنتڕۆڵی توندی پەراوێزەکان، و گۆڕینی جوگرافیای ناوخۆیی بۆ پاڵپشتیی نفووزی دەرەکی. ئێران دەتوانێت لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن ڕۆڵ بگێڕێت، چونکە پێشتر توانیویەتی لە ناوخۆی سنوورەکانی خۆیدا، نەتەوە پەراوێزخراوەکان لەژێر کۆنتڕۆڵدا بهێڵێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، پرسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها پرسێکی کوردی-کوردستانی نییە، بەڵکوو خاڵێکە کە تێیدا قەیرانی ناوخۆیی ئێران و هەژموونی ناوچەیی ئێران بەیەک دەگەن.

ئەگەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پرسی سەروەری و جیابوونەوە لە ئێران بهێنرێتە ئاراوە، قەیرانی ئێران لە ئاستی ڕەفتاری دەرەکییەوە بۆ ئاستی پێکهاتەی دەوڵەت دەگوازرێتەوە. ئەم جیاکارییە بنەڕەتییە. دەتوانرێت بنکەی مووشەکیی ئێران بکرێتە ئامانج، دەتوانرێت فەرماندەیەکی سوپا بسڕدرێتەوە، دەتوانرێت سزاکان توندتر بکرێن، دەتوانرێت یەکێک لە پرۆکسییەکانی لاواز بکرێت؛ بەڵام تا ئەو کاتەی پێکهاتەی ناوخۆیی بەرهەمهێنەری هەژموونی ئێران وەک خۆی بمێنێتەوە، تاران دەتوانێت دوای هەر قەیرانێک خۆی بونیاد بنێتەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەگەر بە شێوەیەکی سیاسی و ڕێکخراو بێتە ناو هاوکێشەکەوە، یەکێکە لەو خاڵانەی کە دەتوانێت ئەم توانای خۆبونیادنانەوەیە سنووردار بکات.
لێرەدایە کە پرسی پەیوەندیی هاوکات لەگەڵ ئیسرائیل، ئیمارات و عەرەبستانی سعوودی مانا پەیدا دەکات. نابێت ئەم پەیوەندییە لە ڕوانگەی پاشکۆیەتی یان تاکتیکی کاتییەوە بخوێنینەوە. هەروەها نابێت لە دەربڕینی ساکاری “دوژمنی دوژمنەکەم، دۆستمە”دا کورت بکرێتەوە. سیاسەتی نەتەوەیی کورد ئەگەر بیەوێت جددی بێت، دەبێت ئەم ئاستە تێپەڕێنێت. بابەت ئەوە نییە کە ئایا ئەم دەوڵەتانە دڵسۆزییان بۆ کورد هەیە یان نا؛ بەڵکوو بابەت ئەوەیە کە ئایا بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانیان لە سنووردارکردنی هەژموونی ئێران، لەگەڵ ئامانجی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا یەکدەگرێتەوە یان نا.
سەبارەت بە ئیسرائیل، وەڵامەکە ڕوونترە. ئیسرائیل، ئێران وەک هەڕەشەیەکی وجودیی ڕاستەوخۆ و فرەڕەهەند دەبینێت: بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەک، درۆن، حزبوڵڵا، گرووپە عێراقییەکان، نفووز لە سووریا و ئایدۆلۆژیای دژەئیسرائیلیی کۆماری ئیسلامی. بەڵام ئەگەر ئیسرائیل کێشەی ئێران تەنها لە ژێرخانی سەربازی و ئەتۆمیدا کورت بکاتەوە، ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبێتەوە کە پاش هەر لێدانێک، ئێران دەتوانێت خۆی دروست بکاتەوە. قووڵایی ڕاستەقینەی هەڕەشەی ئێران لەو پێکهاتەیەیدایە کە دەرفەتی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم هەڕەشەیە دەڕەخسێنێت.
لەم ڕوانگەیەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئیسرائیل تەنها [ناوچەیەکی کوردنشین] نییە؛ خاڵێکی شاراوەیە بۆ گوشارخستنە سەر قووڵایی ئێران. بەڵام نابێت کورد خۆی وەک هێزی یارمەتیدەری ئیسرائیل لە جەنگی دژ بە تاراندا بناسێنێت. ئەم هەڵەیە هەم لە ڕووی ئەخلاقی و هەم لە ڕووی سیاسییەوە مەترسیدارە. پەیامە دروستەکە ئەمەیە: جیابوونەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێران، لە ڕوانگەی نەتەوەییەوە بۆ کورد زەروورەتێکی مێژووییە، و لە ڕوانگەی ناوچەییشەوە دەتوانێت لەگەڵ سنووردارکردنی هەژموونی ئێران و تێکشکاندنی قووڵایی ستراتیژیی تاراندا یەکبگرێتەوە. ئەم یەکگرتنەوەیە دەتوانێت ببێتە بنەمای پەیوەندی، بەڵام نابێت ببێتە هۆی بەپڕۆکسیبوون.
پەیوەندی لەگەڵ ئیمارات وردبینی زیاتری دەوێت. ئیمارات دەوڵەتێکی دەریایی، بازرگانی، دارایی و جێۆئابوورییە. نیگەرانیی سەرەکیی ئەبوزەبی و دوبەی لە ئێران، لە پلەی یەکەمدا نەک لە گۆشەنیگای کوردستانەوە، بەڵکوو لە گۆشەنیگای ئاسایشی کەنداو، گەرووی هورمز، بازرگانیی دەریایی، وەبەرهێنان، بیمە، وزە و سەقامگیریی ژینگەی ئابوورییەوەیە. هەڵبەت دیارە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نە دەتوانێ جێگرەوەی ڕێڕەوی دەریایی بێت و نە لەو بوارەدا دەتوانێت کاریگەر بێت لەسەر کەمکردنەوەی مەترسییە ڕاستەوخۆکانی ئێران بۆ سەر ئاسایشی ئیمارات. بەڵام ئەمە بە واتای بێبایەخ بوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە بۆ ئیمارات. گرنگیی ئەم ناوچەیە بۆ ئیمارات ناڕاستەوخۆیە بەڵام ستراتیژییە. ئیمارات لە ئێران دەترسێت چونکە تاران توانای قەیرانخوڵقێنبوونی هەیە: لە هورمز، لە کەنداو، لە عێراق، لە یەمەن، لە بازاڕی وزە و وەبەرهێناندا. ئەگەر ئێران لە قووڵایی ڕۆژاوای خۆیدا ڕووبەڕووی کێشەیەکی جددی و بەردەوام بە ناوی سەروەریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتەوە، تێچووی قەیران‌دروستکردنی دەرەکی بۆ تاران بەرز دەبێتەوە. ئەو دەوڵەتەی ناچارە بەشێک لە توانای ئاسایشی و سیاسیی خۆی تەرخان بکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی سەروەری لە ناوخۆی سنوورەکانی ڕۆژاوایدا، دەستێکی کراوەتری نابێت بۆ هەڕەشەکردن لە ژینگەی دەریایی و ئابووریی کەنداو.
بۆیە پەیامی کورد بۆ ئیمارات نابێت پەیامی جەنگ بێت. ئیمارات سوود لە ناسەقامگیریی بێ‌کۆتایی نابینێت. پەیامە دروستەکە دەبێت ئەمە بێت: ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت بەشێک بێت لەو هاوکێشەیەی کە توانای ئێرانی بۆ هەناردەکردنی قەیران سنووردار دەکات؛ نەک لە ڕێگەی ئاژاوەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی گۆڕینی پرسی کوردستان بۆ پرسێکی سیاسی، ڕەوا و جیۆپۆلیتیکی لە بەرامبەر هەژموونی تاراندا. بۆ ئیمارات، کورد کاتێک دەبێتە کارەکتەرێکی جددی کە خۆی وەک هۆکاری سەقامگیریی دژە-هەژموون بناسێنێت، نەک وەک هێزێک بۆ کردنەوەی بەرەیەکی بێ‌کۆتایی.

سەبارەت بە عەرەبستانی سعوودی، لۆژیکی پەیوەندییەکە کەمێک جیاوازە. عەرەبستان کێبڕکێیەکی درێژخایەنی لەگەڵ ئێراندا هەیە لەسەر هەژموون، ئاسایشی کەنداو، عێراق، سووریا، لوبنان، یەمەن و جیهانی عەرەبی. ڕیاز ئێران تەنها وەک هەڕەشەیەکی سەربازی نابینێت؛ بەڵکوو وەک ڕکابەرێکی ژیاری، ئایینی، ئاسایشی و جیۆپۆلیتیکی دەیبینێت. لەگەڵ ئەوەشدا، عەرەبستان مەرج نییە خوازیاری داڕمانی بێ‌کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بێت. ڕیاز دەیەوێت نفووزی ئێران سنووردار بکرێت، بەڵام نایەوێت باجی جەنگێکی گشتگیر و کۆنتڕۆڵنەکراو بدات.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت بۆ عەرەبستان وەک هۆکارێکی زەمینیی دژە-هەژموون مانا پەیدا بکات. واتە گوشارێک کە نەک تەنها ئێران لە کەنداو یان یەمەنەوە پاشەکشە پێ دەکات، بەڵکوو لە ناو پێکهاتەی خاکی و [نەتەوەیی] خۆیشیەوە ڕووبەڕووی کێشەی دەکاتەوە. ئەمە بۆ ڕیاز گرنگە، چونکە هەژموونی ئێران تەنها لە دەرەوەی سنوورەکانی دروست نەکراوە؛ لە ناوخۆی ئێران و لەسەر بنەمای کۆنتڕۆڵکردنی نەتەوە غەیرە فارسەکانیش دروست کراوە. ئەگەر پرسی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگاتە ئاستی سیاسەتی ناوچەیی، عەرەبستان ڕووبەڕووی کارەکتەرێک دەبێتەوە کە دەتوانێت بەشێک لە گوشاری جیۆپۆلیتیکی بۆ سەر تاران، لە ناو قووڵایی ڕۆژاوای ئێرانەوە ڕێکبخات.

بەڵام لێرەشدا دیسانەوە مەترسیی بەپڕۆکسیبوون جددییە. نابێت کورد خۆی وەک هێزێک لە خزمەتی ئەجێندای عەرەبستاندا بناسێنێت. هەر پەیوەندییەکی لەگەڵ ڕیاز دەبێت لە پێگەی نەتەوەیەکەوە بێت کە خاوەنی پرس و ئامانجە. ئامانجی کورد، جەنگی بە وەکالەت لەگەڵ ئێران لە قازانجی وڵاتانی تر نییە؛ ئامانجی کورد کۆتاییهێنانە بە سەروەریی ئێران بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەگەر ئەم ئامانجە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی عەرەبستان لە سنووردارکردنی هەژموونی ئێران یەکدەگرێتەوە، ئەوا ئەم یەکگرتنەوەیە دەتوانێت ببێتە پەیوەندییەکی سیاسی. بەڵام پەیوەندییەکی سیاسی تەنها کاتێک بەردەوام دەبێت کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئامانجی نەتەوەیی کورد دامەزرابێت، نەک لەسەر بەکارهێنانی کاتیی کورد وەک ئامرازێکی گوشار.

لەم نێوەندەدا، مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە کورد جارێکی تر لە نێوان دوو هەڵەی مێژووییدا گیر بخوات: لە لایەکەوە چاوەڕوانیی دەستەوەستانانە لە ئەمریکا؛ لە لایەکی تریشەوە بوون بە کارتی تاکتیکیی دەوڵەتانی ناوچەکە. ڕێگای سێیەم، و تەنها ڕێگای جددی، ئەوەیە کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی وەک کارەکتەرێکی سیاسیی سەربەخۆ پێناسە بکات؛ کارەکتەرێک کە هەم مافی هەیە، هەم خاکی هەیە، هەم یادەوەریی مێژوویی هەیە، هەم توانای جیۆپۆلیتیکی هەیە، و هەم ئامانجێکی ڕوونیشی هەیە: جیابوونەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێران و کردنەوەی ڕێڕەوی سەروەریی نەتەوەیی.
بۆ گەیشتن بە وەها پێگەیەک، تەنها هەبوونی ئازاری مێژوویی بەس نییە. ئازار ڕەوایی دەهێنێت، بەڵام ستراتیژی دروست ناکات. نەتەوەکان تەنها بەهۆی ستەملێکراو بوونیانەوە ناچنە سەر نەخشەی داهاتوو؛ کاتێک دەچنە سەر نەخشەی داهاتوو کە بتوانن بیسەلمێنن ئامادەبوونیان هاوکێشەکە دەگۆڕێت. دەبێت کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زمانی قوربانی‌تەوەر تێپەڕێت و بگاتە زمانی ئەیجنسی و بکەربوون. دەبێت بڵێت: ئێمە تەنها نەتەوەیەک نین کە ستەممان لێ کراوە؛ ئێمە فاکتەرێکین کە دەتوانێت لە دووبارە پێناسەکردنەوەی سیستەمی ناوچەییدا ڕۆڵمان هەبێت.
ئەم گۆڕینی زمانە، بە واتای وەلانانی ئەخلاق و ڕەوایی نییە. بەپێچەوانەوە، دەبێت ڕەوایی نەتەوەیی کورد بە بەڵگەی جیۆپۆلیتیکی بەهێز بکرێت. ئەگەر کورد تەنها باسی ماف بکات، لەوانەیە لە جیهانی سەختی بەرژەوەندییەکاندا پشتگوێ بخرێت. ئەگەر تەنها باسی بەرژەوەندیی ئەوانی تر بکات، لەوانەیە جارێکی تر ببێتەوە بە ئامراز. هونەری سیاسەتی نەتەوەیی ئەوەیە کە ماف و بەرژەوەندی لە یەک چوارچێوەدا دابنێت: جیابوونەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێران، هەم وەڵامێکە بۆ زەروورەتێکی مێژوویی نەتەوەی کورد، و هەم دەتوانێت بەشێکیش بێت لە پرۆژەی پاشەکشەپێکردنی هەژموونی ئێران و بونیادنانەوەی هاوسەنگیی ناوچەیی.
کەواتە پرسیاری کۆتایی ئەوە نییە کە ئێران چی لێ بەسەردێت. پرسیارەکە ئەوەیە کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی دەکات.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم وەها ساتەوەختێکدایە. ئەم ساتەوەختە نە بێ‌مەترسییە و نە مسۆگەر. بەڵام بەدڵنیایی بێبایەخ نییە. ڕەنگە ئەمە تاکە دەرفەتی مێژوو نەبێت، بەڵام بێ‌گومان یەکێکە لە گرنگترین دەرفەتەکانی سەد ساڵی ڕابردوو. ئەگەر ئەم دەرفەتە بە ناوی وریایی لەڕادە بەدەر، چاوەڕوانی لە واشنتۆن، ترس لە بڕیاردان، یان بێتوانایی لە دەربڕینی ئامانجی نەتەوەیی لەدەست بچێت، سبەی سەختە تەنها بیخەینە ئەستۆی خیانەتی ئەوانی تر.

Atta Jamali