سیاسەتی دووڕوویی ئێران بەرامبەر بە کورد

محەمەدساڵح قادری

له مەهاباد بۆ بارزان: سیاسەتی دووڕوویی ئێران بەرامبەر بە کورد
“بەشی سێیەم”
ئامادەکردن:

ئەم بەڵگەنامە پڕبایەخ و مێژووییە، لە ١٦ لاپەڕەی قەبارەی A4 پێکهاتووە و لە سێ بەشدا بڵاو دەکرێتەوە.
بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
نامەی ئاسمانی (AIRGRAM)
بۆ: وەزارەتی دەرەوە
لە: باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران
ڕێکەوت: ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٦٥
بابەت: پەرەسەندنی سیاسەتی ئێران بەرامبەر بە کورد:
ڕاپۆرتێکی مێژوویی قۆناغی دووەم (حوزەیرانی ١٩٦٣ – شوباتی ١٩٦٤)

لە دۆسیەکاندا بەڵگەی کەم دەبینرێن کە ئاماژە بەوە بکەن لە نێوان شوباتی ١٩٦٣، کاتێک قاسم لە دەسەڵات لادرا، تا حوزەیرانی دواتر کە ڕژێمی بەعس پەلاماری لەناکاوی دەست پێ کرد، گۆڕانکاریی گرنگ لە هەڵوێستی ئێران و لایەنەکانی تردا ڕووی دابێت. لە نیساندا، ئێمە جەختمان لەسەر هەڵوێستە بەهێزەکەی خۆمان سەبارەت بە سیاسەتی دروستی ئێران بۆ خۆبەدوورگرتن لە ململانێکان، لای دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە کردەوە؛ بەڵام هەر کاریگەرییەکیشی هەبووبێت، ئەگەری زۆرە بەهۆی تێکچوونی هاوکات و دواتری پەیوەندییەکانی تاران و بەغداوە، پووچەڵ بووبێتەوە.»
لە ٨ی حوزەیراندا، بەعسییەکان پەلامارێکی نوێ و زۆر توندیان دژی کورد دەست پێ کرد. لەو کاتەوە هەڵوێستی ئێران لەو سستییەی پێشووی دەرچوو، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر تەمومژاوی بوو. گومانم هەیە کە یەکێک لە دەرەنجامەکانی هەوڵەکانی پێشوومان بۆ پەشیمانکردنەوەی ئێرانییەکان لە هەر جۆرە دەستێوەردانێک، ئەوە بووبێت کە ئەوانی ناچار کردبێت هەوڵەکانیان چەند قات بکەن بۆ ئەوەی هەر پلانێکیان هەبێت بۆ ئەو کارە لێمان بشارنەوە. ئەمەش بە دڵنیاییەوە گرفتەکانی ئێمەی زیاتر کرد بۆ تێگەیشتن لەوەی بە تەمای چی بوون. هەروەها گومانم وایە هۆکارێکی گرنگی تەمومژاویی هەڵوێستی ئێران لە چەند هەفتەی یەکەمی خولی دووەمدا ئەوە بووبێت کە ئێرانییەکان بۆ ماوەیەک دڵنیا نەبوون لە ئەنجامەکەی.
لە تەممووز و ئابدا، بیروبۆچوونی باوی سوپای ئێران ئەوە بوو کە ڕەنگە سوپای عێراق پێش هاتنی زستان کوردەکان لەناو ببات. ئەمە بوو بە هۆی بووژانەوەی هەندێک بیرکردنەوە و سیاسەتی کۆن کە پێشتر بەهۆی سەرکەوتنی بارزانی لە خولی یەکەمدا کپ ببوون. بۆ چەند هەفتەیەک، شتێک لەو جۆرەی سیاسەتی کۆنی “تەوقکردن” (Containment) خرایە کار، لانیکەم لە بەشی باکووری سنوورەکە، کە یەکە سەربازییەکانی ئێران لەسەر لووتکەی شاخەکان جێگیر کران و چاوەڕێ بوون بارزانیی شکاو بەرەو تەڵەی ئەوان ڕابکات.²/ (وەک دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ١٩٤٦ و ١٩٦١). پاشان، لە ئەیلوولدا وردە وردە دەرکەوت کە بارزانی بەو ئاسانییە تێکناشکێت؛ بە پێچەوانەوە، زۆر بە باشی خۆی ڕاگرتبوو. بۆیە ئێرانیش سیاسەتی خۆی بەرەو ئەو دەستێوەردانە چالاکانەیە گۆڕی کە چەند ساڵێک لەمەوبەر دەستی پێ کردبوو.
لە تاران، کاربەدەستە باڵاکانی دەوڵەتی ئێران دڵنیاییان دەداینێ کە سنوورەکان توندوتۆڵ دەکەن و سیاسەتی دەستوەرنەدانیان بە توندی پەیڕەو دەکەن.²/ بەڵام ڕەنگە جێگای سەرنج بێت کە لەگەڵ ئەو دڵنیاییانەدا، وەزیری دەرەوە تەوەرێکی دیکەشی دەخستە ڕوو: ئێرانییەکان بە شێوەیەکی نەریتی سۆزیان بۆ کورد هەبووە و نایانەوێت ببینن لە عێراقدا لەناو دەبرێن.⁴/
لە بەغدا کوردەکان بە ئێمەیان دەگوت کە چاوەڕێی هاوکاریی ئێرانن.⁵/ لە کۆتایی تەممووزدا، کاتێک شەڕەکە بە تەواوی دەستی پێ کردبوو، بەرپرسێکی باڵای پارتی بە ئێمەی گوت: کوردەکان بیستیویانە کە ئێرانییەکان بەڵێنی هاریکارییان بە عێراقییەکان دژی کورد داوە، بەڵام خۆشبەختانە کورد هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر ئەوە نەبینیوە و هیواخوازن ئێران بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتی بێلایەنیی دڵسۆزانە بەرامبەریان.⁶/
وەها دەردەکەوت کە ئێرانییەکان هەوڵ دەدەن لە یەک کاتدا چەند هەڵوێستێکی جیاواز بگرنە بەر. بەڵام لەو کاتەدا، ڕەنگە بۆ ئێمە ئاسانتر بووایە تێبگەین کە ئەگەر لەو کاتەدا زیاتر وردبووینایەتەوە لە دابەشبوونی سەرکردایەتیی کوردیی عێراق بەسەر دوو جەمسەری بارزانی و توخمە هۆزەکییەکان لەلایەک، و  مەکتەبی سیاسیی پارتی و شوێنکەوتووانی نا-هۆزەکییان لەلایەکی تر، ئەوا بە ڕوونی دەمانزانی چی ڕوو دەدات.
بەتایبەت ئەگەر ئەم دابەشبوونەمان لەگەڵ ڕاستییە جوگرافییەکان و بەڵگە دەستکەوتووەکانی تردا بەراورد کردبایە، تێبینیی ئەوەمان دەکرد کە ئەوانەی بە دڵنیاییەوە دەیانوت کورد پشتیوانی یان بەلایەنی کەمەوە بێلایەنیی دڵسۆزانەی ئێرانییەکان بەدەست دەهێنێت، هەمیشە نوێنەرانی پارتی بوون، نەک پیاوانی بارزانی.
کاتێکیش بارزانی پەیوەندیی بە ئێمەوە دەکرد، جەختکردنەوەی لەسەر دامەزراندنی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ بوو لە نێوان کورد و ئەمریکادا. بارزانی لە باکوور بوو، پارتیش بەشێکی باشووری بەرەی شەڕی بە دەستەوە بوو، کە دەکەوتە نزیک ناوچەی “لارێڤان-سانە”[نەناسراوە]، لە سنووری ئێران. ئەو زانیارییە سنووردار و یەکلاکەرەوەنەبووانەی لەو کاتەدا لە تەورێزەوە بە دەستم گەیشتن، ئاماژەیان بەوە دەکرد کە کۆنترۆڵی سنووریی ئێران لە باکوور، واتە لە ناوچەی “خانێ” کە بەرامبەر بە بارزانە، لە هەموو شوێنێکی تر توندترە؛ بەڵام لە باشوور هێشتا بڕێکی باش قاچاخچێتی بەردەوام بوو. لە ڕاستیدا، باکوور ئەو ناوچەیە بوو کە یەکە سەربازییەکانی سوپای ئێران بۆ ماوەیەک لەسەر گردەکان جێگیر ببوون و بە تاسەوە چاوەڕێی ئەوە بوون بارزانی دەست بە هێرش بکات.
ئەگەر چاوێک بە ڕابردوودا بخشێنینەوە، ئایا سووکایەتیی ١٩٤٦ و ئەو بڕوایەی دواتر کە بارزانی کۆمۆنیستە، نەبووبوونە هۆی ئەوەی لە چاوی ئەو ئێرانیانەی بەرپرس بوون لە سیاسەتی کوردی، بارزانی وەک دوژمنێکی سەرەکی ببینرێت؟ سیاسەتی هاوسەنگیی هۆزەکان لە سەردەمی قاسمدا، لە هەموو شتێک زیاتر بۆ ئەوە بوو ڕێگری بکرێت لەوەی بارزانی زۆر بەهێز بێت. ئایا سەرکەوتنە سەربازییەکانی ئەم دواییەی بارزانی ئەو سیاسەتەیان بە تەواوی سڕیوەتەوە، یان پاشماوەکەی هێشتا ماوە و کاریگەریی لەسەر داڕشتنی سیاسەتی ئێستا هەیە؟ چی چاوەڕوان دەکرێت لە ئێرانییەکان کە ڕاهاتوون بەوەی پشتیوانیی دوژمنە هۆزەکییەکانی بارزانی بکەن، دوای ئەوەی ئەو دوژمنانە لە چالاکی خراون؟ بۆچی پشتیوانی لەو توخمە کوردییەی عێراق نەکەن کە لە ناوچەکەدا ماوەتەوە و دەتوانێت لانیکەم وەک هاوسەنگکەرێک بەرامبەر بە هەژموونی بارزانی بەکار بهێنرێت؟ هەندێک سیاسەتی کۆن، وەک هەندێک سەربازی کۆن، کاتێکی زۆریان پێویستە تا کاڵ دەبنەوە.
لە ڕاستیدا، لیوا فەرەیدوون جەم، کە ئەوکات پلەبەرزترین ئەفسەری سوپای ئێران بوو لە ناوچە کوردییەکان، لەو گفتوگۆیانەی لە مانگەکانی ئەیلول، تشرینی یەکەم و کانوونی یەکەمی ١٩٦٣ لەگەڵیم هەبوون، بە کردەوە دەستی ئێرانیانی بۆ ڕوون کردمەوە، بەڵام نە ئەزموون و نە زیرەکیی ئەوەم هەبوو تا زۆر دواتر ئەنجامی دروستی لێ دەربهێنم. هەرچەندە جەم لەو گفتوگۆیانەدا بە ئاشکرا دەیویست بزانێت تا چەند ئاگادارم، بەڵام ئەم خاڵانە بە بەردەوامی لە قسەکانیدا دەردەکەوتن:
أ) بایەخدان بە دابەشبوونی نێوان بارزانی و پارتی، بەو مەرجەی پارتی بە “خەڵکی باش” وەسف بکرێن؛
ب) باوەڕبوون بەوەی بارزانی سیخوڕی سۆڤیەتە، کە دواتر لە کۆتایی ساڵدا بوو بە گومان؛
ج) گومان لەوەی کوردەکان بتوانن بەرامبەر بە سوپای عێراق ڕابگرن، کە لە کۆتایی ساڵدا گۆڕا بۆ باوەڕ بەوەی کوردەکان سەر دەکەون؛
د) گەشەسەندنی هەست بە شانازی بە خوشک و برایەتیی نەتەوەیی لە نێوان کورد و فارس و ئەو باوەڕەی کە “هەموو کوردەکان ئێرانیین.”
لە قۆناغێکدا، لەوانەیە هەر لەو ماوەیەدا، جەم بە ڕوحییەتەوە خۆی بە دۆزی کوردی عێراقەوە بەستەوە، هەرچەندە گومانی لە خودی بارزانی هەر مابوو. لەم ڕێگەیەشەوە تێڕوانینێکی تەندروستتری بەرامبەر بە کوردەکانی ناو ئێرانی خۆیشی گەشە پێ دا، بەراورد بەو کەسانەی پێش خۆی. جێگرەکەی، لیوا ئەفخەمی، هەمان پەرۆشیی ڕوحیی نیشان داوە، بەڵام بێ ئەو زیرەکییەی جەم.
گومانیان لە بارزانی هەبوو. (کانوونی یەکەمی ڕابردوو لە ئەفخەمیم پرسی ئایا پێی وایە بارزانی کۆمۆنیست بێت؟ برۆی چەپی بەرز بووەوە و بە تووڕەییەوە گوتی: “بێگومان نەخێر!”) ئەفخەمییش، وەک جەم، سۆزێکی زۆری بۆ گەشەپێدانی خێرای ناوچە کوردنشینەکانی ئێران نیشان داوە.
پێشتر ئاماژە بەوە کراوە¹/ کە سوپای هەواڵگریی ئێران لە ژێر ڕێنوێنیی ڕاستەوخۆی شادا، ڕۆڵێکی گەورە لە داڕشتنی سیاسەتی کوردیی ئێراندا دەگێڕێت. ئەفسەرە  باڵاکانی سەربازی لە مەهاباد بەگشتی،  (جەنەڕاڵ) وەرەهرام بێت، یان جەم، یان ئەفخەمی، بەگشتی وەک “کەسی متمانەپێکراو”ـی شا لە کاروباری کورددا سەیر دەکرێن.
بێگومان ناتوانم بە بەڵگە بیسەلمێنم،²/ بەڵام پێم وایە کاتێک هێرشی بەعسییەکان دەستی پێ کرد، شا تووشی هەمان ئەو جۆرە جۆش و خرۆشییە بوو بۆ یاخیبووانی کورد لە عێراق کە جەم و ئەفخەمی لە کاتی قسەکردنم لەگەڵیاندا نیشانیان دەدا. ڕەنگە  جەم و ئەفسەرە باڵاکانی تری هاوفکری ئەو لە سوپادا، هۆکاری ڕاستەوخۆی ئەم گۆڕانکارییەی شا بووبێتن. هەرچۆنێک بێت، گریمانەی گۆڕانی هەڵوێستی سۆزداریی شا بە شێوەیەکی زۆر ڕێک لەگەڵ بڕیارەکەی کۆتایی ساڵی ١٩٦٣ی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پشتیوانی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لە عێراق دەگونجێت و یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لێی). هەروەها وەک لە ڕاپۆرتی A-17ـی خۆم لە ٧ی کانوونی دووەمی ١٩٦٥ ئاماژەم پێ کردووە، هاوکات لەگەڵ ئەوەدا، جووڵەیەکی ڕاستەقینە لە بەرنامەی گەشەپێدان لەم دیوی سنوورەکەدا دەستی پێ کرد).
ئێستا سەلماندنی ئەم بڕیارە بۆ پەرەپێدانی پشتیوانییەکان ئاسانترە لەوەی ساڵێک لەمەوبەر بوو، چونکە ڕاپۆرتە نوێیەکانی تاران و بەغدا ئەو زانیارییە کەم و پەرژوبڵاوانەی پێشوو تەواو دەکەن. ئێستا لیستێک لە سەرەکیترین بەڵگەکان بەپێی ڕیزبەندی کاتی و بەپێی ئەوەی کە گەیشتوونەتە دەستمان، دەنووسم:
١. ڕاپۆرتی نیکۆسیا A-129، ٢٥ی ئەیلوولی ١٩٦٣: پەیامنێرێکی ئاژانسی “ئەی پی” کە لە مانگەکانی تەممووز و ئاب لە کوردستانی عێراق بووە، دەڵێت لەو کاتەدا کوردەکان لە هیچ لایەکەوە هاوکارییان نەدەگەیشتێ، تەنها هەندێک هاوکاری سنووردار نەبێت لە کوردەکانی ئێرانەوە.
٢. ڕاپۆرتی بەغدا T-437، ١٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٣: سەرچاوە کوردییەکان لە بەغدا ڕایان گەیاندووە (ا) دۆخی داراییان زۆر لاوازە؛ (ب) بڕیارە چارەنووسسازەکان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی شەڕەکە لە ژێر تاوتوێکردندان.
تێبینی: سەبارەت بە خاڵی یەکەم، ئەوە بزانن کە بەپێی ڕاپۆرتی NIT 6599ـی تاران لە ٤ی کانوونی دووەمی ١٩٦٥، بەریتانییەکان بە ڕوونی لە قۆناغی دووەمی شەڕەکەدا پشتیوانی داراییان نەکردوون، وەک ئەوەی لە قۆناغی یەکەمدا کردبوویان. سەبارەت بە خاڵی (ب)، ئەو دەستەواژەیەی باڵیۆزخانەی بەغدا لەو کاتەدا و لە خاڵی ٣ی خوارەوەدا لێکی داوەتەوە، ئەوە بوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان بیر لە قبوڵکردنی یارمەتیی سۆڤیەت دەکاتەوە. بە پێداچوونەوە و چاوخشاندنەوە، ئەگەرێکی بەهێزتر ئەوەیە کە ئەوان بیر لەوە دەکردەوە چارەنووسی خۆیان ببەستنەوە بە شا. باڵیۆزخانەی بەغدا ڕەنگە بتوانێت ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەم پرسیارە بدات.
¹/ واتە ڕاپۆرتی تاران A-66، ٢٥ی ئەیلوولی ١٩٦١
²/ سەلماندنی هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی هەڵوێست وەک ئەمە زۆر دژوارە. بەڵام تێبینی بکەن کە لە سەرەتای ئابی ١٩٦٣دا، شا بە سەختی لەوە پەشیمان کرایەوە کە لێدوانێکی گشتی بدات و تێیدا ئێران بە پشتیوانی کوردەکان بناسێنێت؛ ئەمە لە چوارچێوەی تۆمەتبارکردنی ئێران بوو لەلایەن سۆڤیەتەوە بە دەستێوەردان لە کاروباری عێراق (ڕاپۆرتی تاران T-120، ٣ی ئابی ١٩٦٣). پێشتریش ئاماژە بەوە کراوە کە عەباس عەرەم، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەمان کاتدا سۆزی بۆ کوردەکان دەربڕیوە.
٣. بەغدا، ژمارە A-339، ١٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٣:
أ) سەرچاوە کوردییەکان ئاماژەی زیاتر دەدەن بەوەی کە قەیرانێکی قوڵی دارایی لە ئارادایە (ل ٢).
ب) هەمان سەرچاوەکان پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە سیاسەتی ئێستای ئێران ئەوەیە چاوپۆشی لە دۆخی سنوورەکان دەکات و ئاماژە بەوەش دەدەن کە هاوکارییەکی «بەرچاو» لەلایەن کوردانی ئێرانەوە دەگاتە دەستیان.
ج) کوردانی بەغدا سەرسامن بە گەڕانەوەی لەناکاوی تاڵەبانی بۆ کوردستان و پێیان وایە بڕیاری سیاسیی چارەنووسساز لەوێ دەدرێت.
٤. بەیاننامەی خولی ٩٢٧ی وەزارەت لە ٢١ی تشرینی دووەم و پەیامەکانی تر:
رژێمی بەعس لە دەسەڵات خراوە و پێدەچێت ڕژێمە تازەکەی عارف زیاتر لایەنگری «کۆمەڵەی یەکگرتووی عەرەبی» (UAR) بێت، هەرچەندە گوماناوییە کە عارف ڕێگە بدات کاریگەریی ئەو کۆمەڵەیە لە عێراقدا گەشە بکات. (تێبینی: ڕەنگە ئێرانییەکان ئەم بۆچوونەی کۆتاییان نەبووبێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هاوینی ڕابردوو عارف هەوڵیدا وڵاتەکەی بداتە دەست ناصر، ڕەنگە کاردانەوەی سەرەتایی شای ئێران لە هی ئێمە ڕاستتر بووبێت).
٥. تاران، ژمارە T-553، ٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٣، و یاداشتنامە پشتگیرەکان:
ڕۆژنامەوانێکی بەریتانی و وێنەگرێکی ئەمریکی تازە لە کوردستانی عێراق گەڕابوونەوە، لەوێ سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان بینیبوو، بەڵام بارزانییان نەدیبوو. دەزگای ساواک ڕێکخەری ئەو گەشتە بوو. گرووپەکەی تاڵەبانی بە بارزانییان دەوت «کۆنەپەرست». پەیامنێرەکە «بڕێکی زۆر تفەنگی چیک»ی بینیبوو کە کوردەکان دانیان بەوەدا نابوو لەلایەن ئێرانییەکانەوە پێیان دراوە. دواتر ئەو پەیامنێرە شای بینیبوو، شا «دانی بەوەدا نابوو کە ئێران لە ڕابردوودا هەندێک هاوکاریی سنوورداری پێشکەش بە کوردەکان کردووە»، بەڵام جەختی کردبووەوە کە ئێستا پێویست بە چارەسەرێکی دانوستاندنی هەیە.
٦. بەغدا، ژمارە T-632، ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٣:
سەرچاوەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە حکوومەتی ئێران لە عێراقییەکانی پرسیوە ئایا دەیانەوێت پەیڕەوی سیاسەتەکانی ناصر بکەن، بەڵام عێراقییەکان وەڵامیان نەدابووەوە؛ سەرچاوەکە ئەمەی بە دەرەنجامێکی باش بۆ کورد لێک دایەوە.
٧. تاران، ژمارە NIT 6367، ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٦٣ (هەڵسەنگاندنی ٢):
سەرکردە کوردەکان پێیان وایە کە دیگۆڵ لە کاتی سەردانەکەی بۆ ئێران لە مانگی تشرینی یەکەم، هانی شای داوە کە بەردەوام بێت لە هاوکارییە نهێنییەکانی بۆ یاخیبووانی عێراق. باوەڕی ئەوان بەشێکی پشت بە زانیارییە دزەپێکراوەکانی ناو تاران و بەشێکیشی بۆ گفتوگۆکانی پێشووی تالەبانی لەگەڵ فەرەنسییەکان لە پاریس دەگەڕێتەوە.
٨. تاران، ژمارە NIT 6448، ٣٠ی نیسانی ١٩٦٤ (هەڵسەنگاندنی ٣):
بەرپرسانی ئێران کە بە نهێنی پاڵپشتی لە یاخیبووانی عێراق دەکەن، نزیکەی ٢٠ی نیسان بارێکی گەورەی سندووقی چەکیان بۆ بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی ماوەت نارد.
٩. تاران، ژمارە NIT 6480، ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٦٤ (سەرچاوەیەکی تاقیکراوەی کوردیی ئێران، هەڵسەنگاندنی ٢):
«هاوکارییەکی زۆر لە ڕووی پارە، کەلوپەل و چەکەوە لە ئێرانەوە چووەتە عێراق، هەم لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانی حکوومەت و هەم لە ڕێگەی کەناڵە سەربەخۆکانی کوردییەوە.»
١٠. بەغدا، ژمارە A-86، ٣٠ی تەممووزی ١٩٦٤:
(داڕشتنەوە و شیکارییەکی وردی ناکۆکییەکانی نێوان بارزانی و پارتی): مەلا مستەفا جەخت دەکاتەوە کە «پەنابردنی باڵی مەکتەبی سیاسی بۆ ئێران، تەنها نیشانەی کۆتایی ئەوە بوو کە ئەوان بوونەتە دەستوپێوەندی ئێران». کەمێک پاش ئەوەی ئەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسی کە دەرکرابوون گەیشتنە ئێران، وێستگەیەکی ڕادیۆییی نهێنیی کوردی دەستی بە پەخش کرد و تێیدا پەلاماری مەلا مستەفای دەدا و ستایشی هەڵوێستی مەکتەبی سیاسیی دەکرد. مەلا بە حکوومەتی ئێرانی ڕاگەیاند کە ئەگەر ئەم پەخشانە ڕانەگیرێن، هێز ڕەوانەی ناو خاکی ئێران دەکات بۆ لەناوبردنی وێستگەکە. دوای سێ ڕۆژ پەخشەکە ڕاگیرا.»
١١. تەلەگرامی ژمارە ٦٥٠٨ـی تاران (NIT)، ڕێکەوتی ٣ـی ئابی ١٩٦٤ (هەڵسەنگاندنی ٢): لە بەیاننامەی کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، کە بارزانی کۆنتڕۆڵی کردبوو و بووە هۆی دەرکردنی تاقمی “تاڵەبانی-ئیبراهیم ئەحمەد”، ئەو سەرکردە دەرکراوانەی پارتی بەوە تۆمەتبار کراون کە مانگانە ٥٠ هەزار دیناریان لە «دوژمنانی نەتەوەی کورد» (کە سەرچاوەکە، کوردێکی ئێرانە، مەبەستی حکوومەتی ئێرانە) وەرگرتووە.
١٢. تەلەگرامی ژمارە ٤٦٨٣ـی بەغدا (NB)، ڕێکەوتی ٥ـی ئابی ١٩٦٤ (هەڵسەنگاندنی ٣): ئەو کوردە عێراقییانەی بەمدواییە بۆ ئێران دەرکران، بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنییان لەگەڵ خۆیان برد، لەوانە: بازۆکا، مەترالیۆز (چەکی قورس)، نارنجۆک و وێستگەیەکی ڕادیۆیی. (تێبینی: ئەمە بە شێوەیەکی بەرچاو پشتڕاست کراوەتەوە، پێموایە ئێستا وردەکاریی زیاترمان لەسەر ئەو چەکانە هەیە، هەرچەندە لە دۆسیەکانمدا بەردەست نین.)
١٣. تەلەگرامی ژمارە T-3ـی تەورێز، ڕێکەوتی ١٦/٨/٦٤ و تەلەگرامی ژمارە T-185ـی تاران، ڕێکەوتی ١٥/٨/٦٤. دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگەیان بە تاقمەکەی پارتی دا بە چەکەکانیانەوە بگەڕێنەوە ناو خاکی عێراق. تێبینی: ئەمە بۆ حکوومەتێک کە سیاسەتی دەستتێوەرنەدانی گرتبووە بەر، مامەڵەیەکی زۆر نەرم و لەسەرەخۆ دەردەکەوێت.
١٤. تەلەگرامی ژمارە ٦٥٢٩ـی تاران (NIT)، ڕێکەوتی ١ـی ئەیلوولی ١٩٦٤ (هەڵسەنگاندنی ٢): زۆربەی ئەندامانی ئەو تاقمەی پارتی لە ٢٩ـی ئاب گەڕانەوە ئێران، چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەتی ئێران کرد و بوون بە پەنابەری سیاسی. حکوومەتی ئێران خوازیارە ئەم تاقمە وەک هێزێکی چەکداری بچووک بەڵام کارا بە یەکگرتوویی بهێڵێتەوە. (ئەم خاڵە لە تەلەگرامی ٦٥٣٩ـی NITـدا دووپات کراوەتەوە).
تێبینی: لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولدا، تاقمەکە لە کەمپەکەی نزیک سنوورەوە گواسترانەوە بۆ شوێنێک لە نزیک هەمەدان. جەنەڕاڵ ئەفخەمی لە مانگی کانوونی یەکەمدا پێی گوتم کە تاڵەبانی هەندێک جار لەگەڵیانە؛ هەروەها بەردەوامیش سەردانی تاران دەکات.
١٥. تەلەگرامی ژمارە ٦٥٣٩ـی تاران (NIT)، ڕێکەوتی ٢٢ـی ئەیلوولی ١٩٦٤ (هەڵسەنگاندنی ٣): حکوومەتی ئێران هەوڵ دەدات کێشە و دابەشبوونی نێو بزووتنەوەی کوردی چارەسەر بکات. بارزانی جارێکی دیکە داوای هاوکاریی لە ئێران کردووەتەوە.
١٦. تەلەگرامی ژمارە ٦٥٦٢ـی تاران (NIT)، ڕێکەوتی ٣ـی تشرینی دووەمی ١٩٦٤ (هەڵسەنگاندنی ٣): بارزانی و هاوڕێکانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە «ئێران تەنیا هاوکاریی ئەو بەشەی بزووتنەوەی کوردیی عێراقی کردووە کە بەرپرس بوون لە سەرکردایەتیی پێشووی پارتی دیموکرات، ئەوانەی کە بەردەوام دژایەتیی ڕێبەرایەتیی بارزانییان دەکرد.»
١٧. تەلەگرامی ژمارە ٦٥٩٩ (NIT)، ڕێکەوتی ٤ـی کانوونی دووەمی ١٩٦٥ (هەڵسەنگاندنی ٢): تا مانگی تشرینی دووەمی ١٩٦٤، بارزانی کەمبوونی چەکی قورس و پارەی هەبوو. لە قۆناغەکانی کۆتایی شۆڕشدا، بارزانی باوەڕی بەو زانیارییانە هێنابوو کە دەگەیشتنە بنکەکەی، گوایە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕاستەوخۆ هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردەکەی، ئیبراهیم ئەحمەد، دەکات. باس لەوە دەکرا کە ئەم هاوکارییانە یان ڕاستەوخۆ بوون، یان بە ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئێرانییەکانەوە دەگەیشتنە دەست پارتی. لە پاشاندا، ئەو گەیشتە ئەو باوەڕەی کە «تەنها ئێرانییەکان لە پشتی ئەم هاوکارییەوەن و شا بەردەوامە لە ڕێگەدان بە گەیشتنی هاوکاریی پچڕپچڕ بۆ بارزانی، بەڵام لە هەمان کاتدا پشتیوانی لەو توخمە کوردییانەش دەکات کە بە کردەوە دژایەتیی ڕێبەرایەتیی بارزانی دەکەن.»
ئێستا وێنەکە بە تەواوی ڕوون بووەتەوە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان تاوەکو مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٦٣ لەوپەڕی دەستکورتی و بێسەروبەریدا بوو، پاشان تاڵەبانی بە پەلە لە ئەوروپاوە، پێدەچێت لە ڕێگەی ئێرانەوە گەڕایەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا بکات. ئیتر لەو کاتەوە تا هاوینی داهاتوو، هیچ هەواڵێکمان لەسەر بارودۆخی دارایی مەکتەبی سیاسی نەبیست، هەتا ئەو دەمەی بارزانی تۆمەتباریانی کرد بەوەی کە بڕە پارەیەکی مانگانەی زەبەلاحیان لە ئێرانییەکان وەرگرتووە. لە مانگی کانوونی یەکەمدا، تفەنگی زیادەی «IIA» لە بارەگای پارتی دەرکەوتن و دواتریش چەکی قورستر گەیشتن. بێگومان، لەگەڵ قوڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان پارتی و بارزانی لە ساڵی ١٩٦٤دا، سروشتی پەیوەندیی نێوان مەکتەبی سیاسیی کۆن و حکوومەتی ئێران زیاتر ڕوون بووەوە، ئەوەش بۆ هەردوولا مایەی شەرمەزاری بوو.
بەشی شەشەم: سەردەمی ئێستا (نێوان دوو جەنگ؟) و ئایندە
نامەوێت چیتر ئەم ڕاپۆرتە درێژە بە شیکردنەوەی وردی ئەو ڕووداوانە پڕ بکەم کە لە دوای ئاگربەستی شوباتی ١٩٦٤ەوە ڕوویان داوە. خاڵە گرنگەکان پێشتر باس کراون و هەرچۆنێک بێت، پێدەچێت هێشتا لە زەینی خوێنەردا زیندوو بن: جیابوونەوەی پارتی [باڵی مەکتەبی سیاسی] لە بارزانی، ئاوارەبوونی پارتییەکان بۆ ئێران، هەوڵە بێئەنجامەکانی ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، و ئارەزووی ئێستای ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ. بۆ شیکردنەوەی زیاتری دۆخی ئێستا، بڕواننە ڕاپۆرتی «A-20»ی کۆنسوڵگەری.
بە بۆچوونی من، گرنگترین خاڵ کە دەبێت چاودێری بکرێت، پەیوەندیی نێوان بارزانی و شای ئێرانە. ساڵێک و کەمێک زیاتر لەمەوبەر، ئێرانییەکان سەرکەوتوو بوون لە کڕینی پارتییە کۆنەکە [ باڵی مەکتەبی سیاسی]، بەڵام دەرکەوت کە ئەوان «دۆڕاو»ێکیان کڕیوە. ئێستا بە ئاشکرا دەیانەوێت بارزانی بکڕن، ئەو پیاوەی کە دەرکەوتووە “براوەیەکی” زۆر بەهێزترە لەوەی پێشبینی دەکرا. بەڵام بارزانی، کە مێژوونووسان ڕەنگە وەک یەکێک لە گەورەپیاوانی ئەم سەدەیە ناوی ببەن، زۆر گەورەتر لەوە دەردەکەوێت کە بە پارە بکرێت. ئەو تێکۆشەرێکی دێرین و سەرسەختە، خاوەنی یادەوەرییەکی دوور و درێژە و گومانی ئەو لە ئێرانییەکان، مێژوویەکی زۆر قووڵ و بەڵگەی سەلمێنەری هەیە.
ئەگەر هەڵوێستی شا بەرامبەر بە کورد بە ڕاستی گۆڕابێت، و ئەگەر ئەم گۆڕانکارییە بە ڕاستی ڕەنگ بداتەوە و هەستی برایەتییەکی نوێ بەرامبەر بە کورد لە ناخی ئێرانییەکانی دیکەشدا دروست بکات، و ئەگەر بەرنامەی گەشەپێدان لە ناوچە کوردییەکانی ئێران بەو خێراییە بەڕێوە بچێت کە ئێستا من پێشبینی دەکەم (بڕوانە A-17، ڕێکەوتی ٧ی کانوونی دووەم)، ئەوا هەڵوێستی کوردیش بەرامبەر بە ئێرانییەکان بە تێپەڕبوونی کات گەرمتر دەبێت. بێگومان، هێشتا ئەمە ڕووی نەداوە؛ بەڵام توێی بەستەڵەکی چەندین ساڵەی سووکایەتی و پشتگوێخستن، بە یەک بەیانیی بەهاریی نەرم، ناچێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەنگە بارزانی لە ئایندەدا بۆی دەربکەوێت کە چارەنووسی لەگەڵ ئێرانییەکانە. ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، باشترە عەرەبەکان لە ئێستاوە بیر لە کەمکردنەوەی زیانەکانیان بکەنەوە.
ئەگەر بکرایە کێشەی کورد بە سەربەخۆیی و بە دوور لە پرسەکانی وەک خووزستان و ناسر و ئەوانی دیکە مامەڵەی لەگەڵ بکرایە، و ئەگەر عەرەبەکان بەهۆی ئەزموونی ئیسرائیلەوە تووشی شێتی و بێئاگا نەبووبان، ڕەنگ بوو لایەنە ناکۆکەکان لە دەوری مێزێک دانیشتنایە و چارەسەرێکی گونجاویان بۆ دابنایە. بەڵام ئەم ناوچەیەی جیهان بەتایبەت ژیر و بەهۆش نییە، بۆیە گومانم وایە کێشەی کورد تا ماوەیەکی درێژ هەر دەمێنێتەوە. وەک لە بەڵگەنامەی (A-20)ـدا ئاماژەم پێ کرد، پێم وایە باشترین کار بۆ ئێمە ئەوەیە کە لە پەراوێزدا بمێنینەوە، تەنها چاودێری بکەین و خۆمان لە تێوەگلان بەدوور بگرین، لانیکەم بۆ ئەم قۆناغە.
کارڵتۆن ئێس. کوونی بچووک
کونسوڵی ئەمریکا