نووسینی: ویلیام ئێڵ. ئەندەرسۆن
دۆکترین و بیرۆکەکانی سۆشیالیزم زیاتر لە ١٥٠ ساڵە لەگەڵماندان، بەڵام هیچ کەسێک بە ڕاستی و بە شێوەیەکی گشتگیر تاقی نەکردەوە هەتا سەرهەڵدانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵانی ١٩٢٠کانەوە بۆ سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠. لەو ماوەیەدا، ژمارەیەک شۆڕشی کۆمۆنیستی/سۆشیالیستی لە ئاسیا، کوبا و ئەفریقا ڕوویاندا، کە هەموویان وەک “تاقیگەیەک” بوون بۆ چاودێریکردنی ئەوەی کە ئایا ئەم ئابوورییە سۆشیالیستیانە چۆن کار دەکەن.
ئابوورییە سۆشیالیستییەکان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و گەورە تووشی شکست بوون، هەروەک چۆن لودڤیگ ڤۆن میزس (Ludwig von Mises) پێشبینی کردبوو. بەرهەمەکانی ئەو لەسەر سۆشیالیزم کە لە ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٢٣دا بڵاوکرانەوە، ئەوەیان دەرخست کە وەک سیستمێکی ئابووری، سۆشیالیزم پێش ئەوەی جێبەجێ بکرێت مەحکوم بوو بە لەناوچوون، چونکە خاوەنی هیچ سیستەمێکی کردەیی نەبوو بۆ “هەژمارکردنی ئابووری” (Economic Calculation). سەرەڕای ئەو پڕوپاگەندانەی کە لەلایەن هەردوو حکومەتە سۆشیالیستییەکان و میدیاکانی ڕۆژئاواوە بە گوێی خەڵکدا دەدرا کە گوایە ئابوورییە سۆشیالیستییەکان خەریکن ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە هەژاری رزگار دەکەن، بەڵام واقیعی سۆشیالیزم هەر ئەوە بوو کە میزس پێشبینی کردبوو.
تا ساڵی ١٩٨٩، تەنانەت سۆشیالیستە سەرسەختەکانی وەک ڕۆبەرت هێیلبرۆنەر ناچار بوون دان بەوەدا بنێن کە سۆشیالیزم شکستێکی گەورە بووە. لە ڕاستیدا، تا ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٩٠کان، تەنها وڵاتانێک کە هەوڵیان دەدا درێژە بە تاقیکردنەوەی سۆشیالیستی بدەن بریتی بوون لە کوبا و کۆریای باکوور، کە ئابووری هیچ کامیان جێگەی ئیرەیی پێبردن نەبوو. هێیلبرۆنەر لە گۆڤاری زە نیویۆرکەر (The New Yorker) نووسیویەتی:
> “یەکێتی سۆڤیەت، چین و ئەوروپای ڕۆژهەڵات ڕوونترین بەڵگەی ممکینیان پێداوین کە سەرمایەداری (Capitalism) کاروباری ماددی مرۆڤایەتی زۆر باشتر ڕێکدەخات وەک لە سۆشیالیزم: بازاڕ هەرچەندە کاڵاکان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە یان نابەرپرسانە دابەش بکات، هێشتا باشتر ئەم کارە دەکات وەک لەو ڕیزە درێژانەی لە ئابوورییەکدا دەبینرێن کە حکومەت پلانی بۆ داناوە… ئێستا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە کە گۆڕینی سۆشیالیزم بۆ سەرمایەداری چەندە خێرا دەبێت، نەک بە پێچەوانەوە، وەک ئەوەی نیو سەدە لەمەوبەر دەردەکەوت.”
لەگەڵ ئەوەشدا، هێیلبرۆنەر—بە دووپاتکردنەوەی بڕواکەی جۆزێف شومپیتەر کە پێی وابوو سەرمایەداری لە سەردەمی مۆدێرندا ناتوانێت بەردەوام بێت—قەناعەتی بەوە نەبوو کە ئابوورییەکی سەرمایەداری بتوانێت لە ژێر ئەو هێرشە کولتووری و سیاسیانەدا باش کار بکات کە لەلایەن دەستەبژێرە ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی و حکومییەکانەوە دەکرێتە سەری؛ ئەوانەی کە هەمیشە زیاتریان لێ دەوێت وەک لەوەی کە دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت. هێیلبرۆنەر دانی بەوەدا نا کە میزس ڕاست بوو و ئابووریی سۆشیالیستی ئەو “هەژمارکردنە ئابوورییە” پێویستەی تێدا نییە بۆ ئەوەی گەشە بکات، بەڵام هەرگیز نەیتوانی خۆی قەناعەت پێ بکات کە پشتیوانی لە سیستەمی سەرمایەداری خۆی بکات.
ئەمڕۆ، کاتێک هەژاری، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان، کەمیی یەکەی نیشتەجێبوون لە شاری نیویۆرک، یان نرخی بەرزی خۆراک دەبینین، گومانلێکراوە هەمیشەییەکان سەرمایەداری تاوانبار دەکەن، و ئەو شتە تاوانبار دەکەن کە بووەتە سیمبۆلی زاڵی سەرمایەداری، واتە “ملیاردێر”. گرنگ نییە کە کێشەکانی نیشتەجێبوون بەهۆی کۆنترۆڵی کرێ و دەستێوەردانەکانی تری حکومەتەوە دروست بوون کە ڕێگری لە خستنەڕوو دەکەن، یان ئەوەی کە هەڵئاوسان دیاردەیەکە هۆکارەکەی حکومەتە، و سیاسەتەکانی یەدەگی فیدراڵی بۆ دروستکردنی “بڵقی دارایی” بوونەتە هۆی دروستبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ملیاردێری “سەر کاغەز”؛ چونکە ڕەخنەگران لە هەموو حاڵەتێکدا بازاڕە ئازادەکان تاوانبار دەکەن. پێویست ناکات ئارگیومێنتەکانیان یەکگرتوو یان لۆژیکی بێت بۆ ئەوەی کاریگەرییان هەبێت. وەک چۆن ئەم دواییە نووسیم، زۆرێک لەو کەسانەی کە لەڕووی ئابوورییەوە نەخوێندەوارترینن لە ناوەندەکەماندا، بەهۆی لێدوانە گشتییەکانیان لەسەر ئابووری دەوڵەمەند بوون. لە سەردەمی مۆدێرنی میدیای ئێمەدا، تەنانەت نەزانترین کەسیش وەک “شارەزا” سەیر دەکرێت ئەگەر خاوەنی سیاسەتی “دروست و پەسەندکراو” بێت.
بەڵام سەرەڕای شکستە زۆرەکانی سۆشیالیزم وەک سیستەمێکی ئابووری، وەک سیستەمێکی سیاسی لە هەموو کات زیاتر جەماوەرییە. بڵاوکراوەی سۆشیالیستی جاکۆبین (Jacobin) ڕایدەگەیەنێت:
> “بۆ سۆشیالیستەکان، دروستکردنی متمانەی جەماوەری بە شیاوێتی و جێبەجێبوونی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی ئێستا بووەتە تەحەدایەکی بوونگەرایی (existential). بەبێ باوەڕێکی نوێکراوە و بنەمادار بە ئەگەری گەیشتن بە ئامانجەکە، نزیکە لە مەحاڵەوە بتوانین وێنەی زیندووکردنەوە و بەردەوامبوونی پڕۆژەکە بکێشین. پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئەمە پەیوەندی بە سەلماندنی ئەوەوە نییە کە سۆشیالیزم مومکینە (چونکە داهاتوو نابێت بەڵگە بۆی بهێنرێتەوە) و پەیوەندی بە دانانی نەخشەیەکی تەواویشەوە نییە (هەروەک چۆن پێش هاتنی سەرمایەداری نەدەتوانرا وردەکارییەکانی پێشبینی بکرێن)، بەڵکو پەیوەندی بە خستنەڕووی چوارچێوەیەکە کە یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی پاساو بۆ ئەوەی کە سۆشیالیزم شتێکی ‘مەعقوڵ و شیاوە’.” (تەئکیدکردنەوەکە هی خۆیانە)
بە واتایەکی تر، سۆشیالیستەکان پێویست ناکات لە بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری و دڵنیابوون لەوەی خەڵک دەستیان پێیان دەگات، سەرکەوتوو بن. لەجیاتی ئەوە، هەموو ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە بەڵێنی ئەو شتانە بدەن، تەنانەت ئەگەر نەشتاونن بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن، و پاشان لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەون. بڵاوکراوەی سۆشیالیستی زە نەیشن (The Nation) پێنج ساڵ لەمەوبەر جەختی لەوە کردەوە کە تاکە سەرکەوتنێک کە پێویست بێت، تەنها سەرکەوتنە لە سندوقەکانی دەنگداندا:
> “گرنگترین شت بۆ سۆشیالیستە دیموکراتەکانی ئەمریکا (DSA)، ئەوەیە کە دیموکراتەکان ناتوانن وەک جاران کۆنترۆڵی لیستەکانی دەنگدانیان بکەن. هیچ میکانیزمێک نییە بۆ ڕێگریکردن لە بەربژێرەکانی DSA بۆ خۆپاڵاوتن؛ ڕێگریکردن لە بەربژێرێک لەوەی بچێتە سەر لیستی دەنگدان زۆر قورسترە لەوەی کە جاران هەبوو. پارتی دیموکراتی ئەمڕۆ وەک توێکڵێک وایە کە چاوەڕێیە لەلایەن هەر کەسێکەوە پڕبکرێتەوە کە خەڵاتی پۆستە هەڵبژێردراوەکان دەباتەوە.
>
> ئەگەر بێرنی ساندەرز، کە سۆشیالیستێکی دیموکراتە، وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەڵبژێردرێت، پارتی دیموکرات بە هێواشی دەبێتە پارتی ئەو. وە ئەگەر بدۆڕێت، بە هاندانی ژمارەیەکی زیاتر لە ئەندامانی نوێی DSA و سووتەمەنی بەخشین بە سەرکەوتنەکانی خوارەوەی لیستەکە، سۆشیالیستەکان دەتوانن بەردەوام بن لە بردنەوەی کورسییەکانی ئەنجومەن، یاسادانان و تەنانەت کۆنگرێسیش لەسەر هێڵەکانی دیموکراتەکان، بەمەش دەسەڵاتێکی بەرجەستە بەدەست دەهێنن.
>
> لە نیویۆرک، یەک سۆشیالیست لە دەسەڵاتی یاسادانانی ویلایەتەکەدا هەیە: ئەندامی DSA جولیا سالازار. ئەو یارمەتی سەرکردایەتیکردنی کەمپەینەکانی داوە بۆ کۆنترۆڵی گشتی بەسەر کۆمپانیاکانی کارەبا و مافی گشتگیر بۆ نیشتەجێبوون. پێنج بەربژێری تر کە لەلایەن DSAـەوە پشتیوانی دەکرێن لەم مانگی حوزەیرانەدا هەوڵی بەدەستهێنانی کورسییەکانی یاسادانان دەدەن، و تەحەدای ئەو دیموکراتانە دەکان کە لەلایەن دامەزراوە حزبییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن. ئەگەر هەموویان سەربکەون، دەست دەکەن بە وەرگرتنەوەی ئەو تەوژمەی ساڵانی ١٩٢٠ هەیانبوو.
>
> ئەمجارە، هیچ سەرکردەیەکی یاسادانانی کۆنەپەرست نابێت بۆ ئەوەی سۆشیالیستە نوێیەکان لەسەر کورسی لاببەن، هیچ ‘ترسێک لە سوورەکان’ (Red Scare) نابێت بۆ ئەوەی جەماوەر دژی بۆچوونە دژە-سەرمایەدارییەکانیان هان بدات. سالازار ئەندامی زۆرینەی دیموکراتەکانە، هاوپەیمانی کوتلەی پێشکەوتنخوازەکانە، و بەدوور دەزانرێت بەمزووانە لە هەڵبژاردنێکدا بدۆڕێت. ئەو ئەندامانەی DSA کە دەیانەوێت پەیوەندی پێوە بکەن ئازاد دەبن لەوەی بانگەشە بۆ گۆڕانکاری ڕادیکاڵ بکەن. ئەمە داهاتوویەکە کە چینی ساڵی ١٩٢٠ تووشی سەرسوڕمان دەکرد چونکە سۆشیالیستەکان هەرگیز دەستیان بەسەر نیویۆرکدا نەگرت، چ بگات بە ئەمریکا. بەڵام سۆشیالیستەکانی ئەمڕۆ بەبێ ئەو بەربەستە ترسناکانەی سەدەیەک لەمەوبەر، بەرەو ساڵانی ٢٠٢٠ هەنگاو دەنێن. ئەوان چیتر پێویستیان بە پارتی تایبەت بە خۆیان نییە. دەتوانن تەنها هی کەسێکی تر داگیر بکەن.”
ئەمڕۆ، سۆشیالیستەکان نەک تەنها نووسینگەی سەرۆکی شارەوانی شاری نیویۆرکیان گرتووە، بەڵکو سیاتڵیشیان گرتووە، کە تێیدا یەکێکی تر لەوانەی پێیان دەوترێت سۆشیالستی دیموکرات سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە ڕێگەی لاساییکردنەوەی کەمپەینی “توانای کڕین”ی زۆهران مەمدانی لە نیویۆرک، و بزووتنەوەکە چاوی لەوەیە دەست بەسەر پارتی دیموکراتدا بگرێت. تێبگەن کە نە مەمدانی و نە کەیت ویڵسۆن لە سیاتڵ ناتوانن بە سەرکەوتوویی تەنانەت بەشێکی بچووک لە بەڵێنەکانی کەمپەینەکەیان جێبەجێ بکەن، و هەر شتێک بیسەپێنن ژیان هێندەی تر سەختتر دەکات بۆ ئەو خەڵکەی دەنگیان پێداون بۆ ئەوەی بچنە ئۆفیسەکان، بەڵام شکستەکانیان نەک هەر گرنگ نابێت، بەڵکو وەک سەرکەوتن لێکدانەوەی بۆ دەکرێتەوە.
پۆڵ شلیسینگەر جونیۆر، لە پێداچوونەوەکەیدا بۆ کتێبی “زیارەتکارانی سیاسی” (Political Pilgrims)ی پۆڵ هۆڵاندەر، کە تێیدا هۆڵاندەر باسی لەوە کردبوو چۆن دەستەبژێرەکانی ڕۆژئاوا وێنەیەکی ئایدیالییان لە کۆمۆنیزم دروستکردبوو، دەنووسێت:
> “لە گێڕانەوەی بۆ میکانیزمەکانی خۆ-هەڵخەڵەتاندن، پرۆفیسۆر هۆڵاندەر بە شێوەیەکی کاریگەر چەمکی ‘پێناسەکردنەوەی سیاقی’ (contextual redefinition) بەکاردەهێنێت. مەبەستی لەمە ئەو ڕێگایەیە کە چالاکییەکان بەهۆی سیاقەکەیانەوە دەگۆڕدرێن، بە جۆرێک ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکدا جێگەی نەفرەتە، لە کۆمەڵگەیەکی تردا دەبێتە مایەی شانازی. بەم شێوەیە، ڕۆشنبیری چەپڕەو هەست دەکات هەر کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی دەوڵەت دامەزرابێت، هەرچەندە کەموکوڕی ڕووکەشیشی هەبێت، لە بنەڕەتدا باشە؛ و هەر کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەت دامەزرابێت، هەرچەندە ڕووکەشێکی سەرنجڕاکێشیشی هەبێت، لە بنەڕەتدا گەندەڵە. هەژاری لە سەرمایەداریدا شکستێکی شەرمهێنەرە؛ بەڵام کاتێک پەیوەست دەکرێت بە یەکسانیخوازی و ملکەچکردنی پێداویستییە ماددییەکان بۆ پێداویستییە ڕۆحییەکان، دەبێتە گوزارشت لە شێوازێکی ژیانی ساده و پاک. کاری دەستی لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا سووکایەتییە، بەڵام لە ژێر سایەی کۆمۆنیزمدا بەرزکردنەوەی شکۆیە. کارکردنی منداڵان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان قێزەونە، بەڵام لە کوبا دیمەنی منداڵان کە هەفتەی ١٥ کاتژمێر لە کێڵگەکاندا کار دەکەن سیمبۆلێکە بۆ ئامانجێکی بەرز و یەکگرتوو. وەک ئەنجێلا دەیڤیس جارێک وتی: ‘کاری بڕینی قامیش لە دوای شۆڕشەوە لە ڕووی چۆنایەتییەوە گۆڕاوە.’ پرۆفیسۆر هۆڵاندەر دەنووسێت، پێناسەکردنەوەی سیاقی هەروەها دەبێتە هۆی ‘وەڵامدانەوەیەکی پڕ لە جۆش و خرۆش بۆ تەنەکان، دیمەنەکان، یان دامەزراوەکان کە لە خۆیاندا ئاسایین و لە کۆمەڵگەکانی خودی سەردانیکەرانیشدا دەبینرێن.’ واڵدۆ فرانک نووسیویەتی: ‘شتێک هەیە لە شەمەندەفەرێکی ڕووسیدا کاتێک لە وێستگەیەک دەوەستێت کە مرۆڤ دەخاتە جۆش و خرۆشەوە. لۆکۆمۆتیڤە بچووکەکە مرۆییە… عەرەبانە پیسەکان مرۆیین.'”
جگە لەوەش، سۆشیالیستەکان (و بەتایبەتی سۆشیالیستەکانی ناو خوێندنی باڵا) دەتوانن وشەکان بەکاربهێنن بۆ دروستکردنی دۆزەخێکی سەرمایەداریی خەیاڵی کە گوایە ئێمە تێیدا دەژین. جۆن فیا—پرۆفیسۆری مێژوو لە کۆلێژی کریستیانیی زانکۆی مەسایا (Messiah University)—لە ماڵپەڕی ئێستا-داخراوی “Current” ئەم نووسینە توندەی خوارەوەی بڵاوکردەوە:
> “وەک سەرمایەدار، ئێمە متمانەیەکی قووڵ و نەگۆڕمان بە بازاڕە داراییەکان هەیە. ئێمە بڕوامان وایە کە ئابووری، بە هەموو ئەو بەرخۆرییە بەرچاوەی کە سووتەمەنی بۆ دابین دەکات، دەبێتە هۆی ڕزگاربوونمان. ئێمە سەیری خوارەوەی شاشەکانمان دەکەین کاتێک هێمای نرخەکان تێدەپەڕن، بە گەرموگوڕی نزای ئەوە دەکەین کە ئەمڕۆ ئەو ڕۆژە بێت کە خوداوەندەکانی ‘داو’ (Dow) سیحرەکەیان ئەنجام بدەن و بەرەکەت بەسەرماندا ببارێنن.
>
> بەڵام پێغەمبەر ئادەم سمیس تەنها نزای کەمێکیانی بیستووە. ‘دەستە نەبینراوەکە’ کارێکی کەمی کردووە بۆ ڕێگریکردن لە نایەکسانی، ناسەقامگیری و تێکچوونی ژینگە. وەک مێژوونووس یوجین مکاراهێر لە کتێبی ‘سیحرەکانی مامۆن: چۆن سەرمایەداری بوو بە ئایینی مۆدێرنیتە’ دەنووسێت، ئێمە لە بەردەم تەختی ‘بوونیاتی گۆڕانی جەوهەریی پارەیی سەرمایەداری، مەعریفەناسیی باڵادەستی تەکنەلۆژی، و ئەخلاقی قازانج و بەرهەمهێنان’دا دەپەرستین. ئەم خوداوەندانە وەڵامی کەمیان پێیە کاتێک پەتایەک دێت، یان کاتێک پیاوان و ژنانی ڕەشپێست لە شەقامەکاندا دەکوژرێن، یان کاتێک منداڵانێک دەهێنینە دنیاوە کە لە جیهانێکدا دەژین کە ساڵ بە ساڵ زیاتر بەرەو ئەوە دەچێت کە شیاوی ژیان نەبێت.”
ئەوەی کە فیا وەسفی جیهانێکی خەیاڵی دەکات، لە پاوانی ئەو و پاوانی دەستەبژێری ئەکادیمی و میدیاییدا گرنگ نییە. بۆ فیا و هاوپیشەکانی لە زانکۆی مەسایا و لە زۆربەی کۆلێژ و زانکۆکاندا، ئابووری ئەمریکا دۆزەخێکی زیندووە کە تێیدا زۆربەی خەڵک لە پیسی و نەبوونی دەژین (جگە لە ملیاردێرەکان)، تەنها چەند کەسێک سوودمەندن لە بیمەی تەندروستی، سەرمایەدارەکان بە تەواوی ژینگەیان پیس کردووە، و قازانجەکان لە جەستەی شکاوی کرێکارانی ئەمریکییەوە دەردەهێنرێن. ڕێگە بە هیچ شتێک نادرێت کە دژی ئەم باوەڕە بێت. وەک تۆماس سۆوێڵ دەربارەی کەسانی وەک فیا نووسیویەتی:
> “بەگشتی بێسوودە هەوڵ بدەیت بە ڕاستی و شیکاری لەگەڵ کەسانێکدا قسە بکەیت کە چێژ لە هەستکردن بە باڵادەستی ئەخلاقی لەناو نەزانییەکەیاندا دەبینن.”
فیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە سۆشیالیزم “لەسەر بنەمای باوەڕی بنەڕەتی بە بەهاداربوون و پیرۆزی مرۆڤ دامەزراوە،” و تاکە شێوەی ئەخلاقیی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییە. فیا هەروەها دەڵێت کە سۆشیالیزمی دیموکرات هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمۆنیزم و ئەو دیکتاتۆریانەوە نییە کە یاوەری ئەو ئایدۆلۆژیایە بوون. کەچی، زۆرێک لە پۆستەکانی بلۆگەکەی هاوپەیمانی لەگەڵ چەپڕەوە توندڕەوەکان نیشان دەدەن کە پشتیوانییان لەو دیکتاتۆرە کۆمۆنیستانە دەکرد.
تێبگەن کە فیا کارەکتەرێکی پەراوێزخراو نییە لە خوێندنی باڵای کریستیانیدا. ئەو بە بەردەوامی بۆ گۆڤاری “Christianity Today” دەنووسێت و قسەکەری داواکراوە لە کۆلێژە کریستیانەکاندا.
کەسێکی وەک فیا نایەوێت خۆی بە پرسەکانی “هەژمارکردنی ئابووری”یەوە سەرقاڵ بکات—و بەو پێیەی هەژمارکردنی ئابووری پشت بە شتگەلێکی وەک نرخی بازاڕ و قازانج دەبەستێت، کە هەموویان بە بڕوای فیا نائەخلاقین، هەر ئارگیومێنتێک کە لەسەر بنەمای هەژمارکردنی ئابووری بێت، لە دیدی ئەودا لە تاقیکردنەوەی ئەخلاق دەرناچێت. ئەوەی گرنگە نیەتە و تەنها نیەت. ئەو دەڵێت سۆشیالیزم لەسەر بەرزترین ئایدیاڵەکانی دامەزراندنی ویلایەتە یەکگرتووەکان بنیاد نراوە، بۆیە دژایەتیکردنی واتە دژایەتیکردنی ڕاستی و ڕەوشتبەرزی خۆی.
فیا باس لەو ئارگیومێنتە دەکات کە پێی دەوترێت ئارگیومێنتى “سرشتی مرۆڤ” دژی سۆشیالیزم، و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەمە بە ئاسانی پووچەڵ دەکرێتەوە، چونکە حکومەتێکی باش لە ڕێگەی دیموکراسییەوە هەر خۆپەرستییەکی زگماکی لە مرۆڤەکاندا قەرەبوو دەکاتەوە. ئەو وتەیەکی بێن بورگیس لە بڵاوکراوەی سۆشیالیستی ڕادیکاڵی جاکۆبین دەهێنێتەوە:
> “ناوەڕۆکی سۆشیالیزم دیموکراسیی ئابوورییە. جا باس لە بڕیاردان بێت لە شوێنکارێکی تاکەکەسی یان بڕیارە گەورەکان کە کاریگەری بەرفراوانیان لەسەر ڕەوتی کۆمەڵگە هەیە، سۆشیالیستەکان پێیان وایە هەر کەسێک کاریگەری لەسەر بێت دەبێت مافی قسەی هەبێت.
>
> یەکێک لە هۆکارەکانی گرنگی ئەمە ئەوەیە کە پێدانی دەسەڵاتی زۆر بە هەر کەسێک بەسەر هاوڕێ مرۆڤەکانیدا مەترسی ئەوە دروست دەکات کە دەسەڵاتەکەیان خراپ بەکاربهێنرێت. بێگومان هیچ سیستمێک تەواو نییە، بەڵام باشترین ڕێچکە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری خراپ بەکارهێنان تا ئەو جێگایەی بکرێت، ئەوەیە کە دەسەڵات — چ سیاسی و چ ئابووری — تا بکرێت دابەش بکرێت.”
ئەو بیرۆکەیەی کە پڕۆسەی سیاسی جێگرەوەیەکی ئەخلاقی باڵاترە بۆ پڕۆسە ئابوورییەکان، جێگەی سەرسوڕمان نییە کاتێک لە پرۆفیسۆرێکی کۆلێژەوە دێت کە هەرگیز بازاڕی ئازاد قبوڵ ناکات. بەڵام فیا و هاوپەیمانەکانی پێیان وایە تا ئەو کاتەی خەڵک بتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بدەن، ئەوا دەتوانین خاوەنی “دیموکراسیی ئابووری” بین، کە ئەمەش شتێک نییە جگە لە چەمکێکی ئەبستراکت (موجەڕەد) و هەرگیز لەگەڵ واقیعدا یەکی نەگرتووەتەوە.
تێبینی بکەن کە لە هیچ کام لە نووسینە سۆشیالیستییەکانی ئێستادا، هیچ کەسێک بە کردەیی هەوڵی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسیارە ئابوورییە ڕاستەقینەکان نادات. لە جیاتی ئەوە، وەک جێف دەیست نووسیویەتی، سۆشیالیستەکان پەیڕەوی شتێک دەکەن کە ئەو پێی دەڵێت “دژە-ئابووری” (antieconomics):
> “دژە-ئابووری… بە زۆری و بۆری دەست پێ دەکات و بە پێچەوانەوە کار دەکات. جەخت لەسەر دابەشکردنەوە دەکاتەوە، نەک بەرهەمهێنان، وەک چەقی سەرنجی خۆی. لە دڵی هەر دژە-ئابوورییەکدا جیهانبینێکی پۆزەتیڤیستی (positivist) هەیە، ئەو گریمانەیەی کە تاکەکان و ئابوورییەکان دەکرێت بە فەرمانی یاسایی بەڕێوەببرێن. بازاڕەکان، کە بەبێ ڕێکخستنی ناوەندی ڕوودەدەن، جێگە بۆ پلاندانان چۆڵ دەکەن بە هەمان شێوەی کە یاسای باو (common law) جێگە بۆ یاسای دانراو (statutory law) چۆڵ دەکات. ئەم بۆچوونە بەتایبەتی لە نێو ڕۆشنبیرانی چەپدا باوە، کە سەیری ئابووری دەکەن نەک وەک زانستێک، بەڵکو وەک مەشقێکی نیمچە-ڕۆشنبیری بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سەرمایە و بەرژەوەندییە بازرگانییە دەوڵەمەندەکان.”
لەکاتێکدا سۆشیالیستەکانی وەک فیا پەنا دەبەنە بەر “دیموکراسیی ئابووری”، لە واقیعدا، تاکە لایەنێک کە بتوانێت ئەو جۆرە ڕێکخستنە ئابوورییە ئەنجام بدات کە سۆشیالیستەکان داوای دەکەن، حکومەتە. دیارە، مرۆڤ هەرگیز جگە لە بیرکردنەوەی ئەبستراکت هیچ شتێکی تر لە سۆشیالیستەکان ناخوێنێتەوە، چونکە ئابوورییەکی سۆشیالیستی سەرکەوتوو تەنها لە بۆشایی خەیاڵیدا کار دەکات. لە کۆتاییدا، فیا و ڕۆژنامەنووسە سۆشیالیستەکانی زە نەیشن و جاکۆبین پێویست ناکات خۆیان بەوەوە ماندوو بکەن کە هەرگیز ناچار بن بڕیاری ئابووریی گەورە بدەن، بەڵکو دەتوانن خاڵ تۆمار بکەن تەنها بە شەرمەزارکردنی سەرمایەداری و داواکردنی ئابوورییەکی “دادپەروەر” بەبێ ئەوەی بچووکترین زانیارییان هەبێت لەسەر ئەوەی ئابووری خۆی چۆن کار دەکات. مەرج نییە ئەوان ڕاست بن؛ هەموو ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە لەلایەن هاوەڵەکانیانەوە بە خاوەن ئەخلاق سەیر بکرێن.
لە کۆتاییدا، سۆشیالیستەکان زۆر باشن لە گفتوگۆکردن لەسەر ستراتیژییەکانی هەڵبژاردن، نەک ئابووری. ئەوان باس لە بەربژێرە سەرنجڕاکێشەکانیان و ئاسۆی هەڵبژاردنی سۆشیالیستە نوێیەکان بۆ پۆستەکان دەکەن. ئەوەی ناتوانن بیکەن بریتییە لە خستنەڕووی دیدێکی یەکگرتوو لەسەر ئابووری، و کاتێک هەڵدەبژێردرێن، هیچ سەرکەوتنێکی زیاتریان نابێت لە کۆمیسەر و پلاندانەرە ئابوورییەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، ئەوانەی کە لانی کەم لە ساڵی ١٩٩١دا ئەو ژیرییەیان هەبوو کە دوکانەکە دابخەن و چرایەکان بکوژێننەوە.
- سۆشیالیزم دۆکترینێکی سیاسییە، نەک ئابووری - 11/26/2025
- هجده کشاورز سرنوشتساز: چگونه چین از فقر سوسیالیستی رها شد؟ - 11/23/2025
- بخشش احمد شرع از آثار تمدن کورد - 11/21/2025
