هەولێر (رووداو)
دەقی دیدارەکە کە لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدرا، لەلایەن “لیژنەی هابەشیی نیشتمانی، دیموکراسی و برایەتی” کە لە پارتەکانی نێو پەرلەمان پێکهاتووە، دوای دوو مانگ بڵاوکرایەوە.
پڕۆتۆکۆڵی تەواوی دیدارەکەی ئەندامانی لیژنەی پەرلەمان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دورگەی ئیمراڵی لە بەرواری ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دوای دوو مانگ لە دیدارەکە، لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی گەورەی تورکیا (TBMM) بۆ رای گشتی بڵاوکرایەوە.
دەقی نووسراوی دیدارەکە بەناوی لیژنەی هاوبەشیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پەرلەمان، لەژێر ناونیشانی “پڕۆتۆکۆڵی دیداری زیندانی ئاسایشی باڵای ئیمراڵی” لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی تورکیا جێگیر کرا.
حسێن یایمان جێگری سەرۆکی ئاکپارتی، گوڵستان کڵچ کۆچیگیت بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و فەتی یڵدز جێگری سەرۆکی مەهەپە، لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە دورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیداریان ئەنجام دابوو.
پوختەی پڕۆتۆکۆڵی دیدارەکە لە کۆبوونەوەی لیژنەی پەرلەمان لە ٤ی کانونی یەکەم خوێندرابووەوە. هەموو پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بەتایبەت دەم پارتی، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو بەرامبەر بە خستنەڕووی پڕۆتۆکۆڵەکە بەشێوەی پوختە؛ سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، نومان قورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان هەڵوێستی خۆی نەگۆڕیبوو.
نومان قورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان، لەو کاتەدا هیچ هەنگاوێکی بۆ بڵاوکردنەوەی تەواوی پڕۆتۆکۆڵەکە نەنابوو. دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو مانگ، پەرلەمانی تورکیا بڕیاری بڵاوکردنەوەی دەقی تەواوی دیدارەکەی دا.
لە پڕۆتۆکۆڵە بڵاوکراوەکەدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پرسی کوردی وەک کێشەیەکی هەزار ساڵە وەسف کرد و رایگەیاند کە ئەم پرسە لە سێ قۆناغ پێکهاتووە. ئۆجەلان جەختی کردەوە کە لە هەڵسەنگاندنی پڕۆسەکەدا دەبێت ڕەچاوی پێشهاتە هەنووکەییەکان بکرێت. هەروەها لە پڕۆتۆکۆڵەکەدا دەستەواژەگەلێک هەن کە تێیدا ئۆجەلان دەڵێت یەکەم هەنگاوی سیاسی خۆی لە “ئوجاغی ئولکو” (Ülkü Ocağı – کۆمەڵەی ئایدیاخوازان) هەڵێناوە.
دۆخی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (HSD/DSG)
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند کە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سوریا جووڵە دەکەن، گەیشتوونەتە هێزێکی چەکداری ١٠٠ هەزار کەسی، بەڵام فەرهاد عەبدی شاهین کە لە سەری ئەم پێکهاتەیەیە، بەو (ئۆجەلان) وابەستەیە. ئەو وتی کە ئیسرائیل بۆ هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا بەدوای “دەوڵەتگەرایی کوردی”ـیەوەیە، بەڵام خۆی دژایەتی ئەوە دەکات و لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی سوریادا، “دیموکراسیی خۆجێیی” و سیستەمی “کۆمۆن”ی پەسەند کردووە.
ئەو جەختی کردەوە کە دەبێت لەگەڵ ڕژێمی سوریا و ئەحمەد ئەلشەرع دیالۆگ بکرێت و چارەسەر لە دەوڵەتێکی جوداخوازدا نییە، بەڵکو لە یەکگرتنی دیموکراسیانەی سوریادایە. ئەگەر دەرفەتی پێ بدرێت، بابەتی HSD “بەشێوەیەکی وەستایانە و برایانە” چارەسەر دەکات، دەتوانێت مۆدێلێکی دابەشکاری بۆ سەرچاوە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان پەرەپێبدات و سوریا بۆ ئاڕاستەی ئیسرائیل جێناهێڵێت.
“ئەحمەد ئەلشەرع رەنگە سبەینێ ببێتە دیکتاتۆرێک”
لە پڕۆتۆکۆڵی دیدارەکەدا، ئۆجەلان باسی لەوە کرد کە بۆ سوریا و رۆژئاوا “دەبێت لە چوارچێوەی ئاسایشدا هێزی بەرگری هەبێت”. ئۆجەلان وتی: “ئەگەر مەرجە دیموکراسییەکان دەستەبەر نەکرێن، ئەحمەد ئەلشەرعیش رەنگە سبەینێ ببێتە دیکتاتۆرێک. ئەگەر سوریا بەبێ کۆمەڵگەی مەدەنی یان دیموکراسیی خۆجێیی بەجێ بهێڵین، ئەسەدی نوێ سەرهەڵدەدەن.”
“ئەگەر سەرکەوتوو نەبین، میکانیزمی کودەتا کارا دەبێت”
ئۆجەلان بانگەشەی ئەوەی کرد کە “لە ئەگەری سەرنەکەوتنیاندا، میکانیزمی کودەتا دەتوانێت لە دژی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی و بەڕێز سەرکۆمار کار بکات”. ئۆجەلان بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە باخچەلیش لە وتارەکانیدا ئاماژەی بەمە کردووە، وتی کە ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٩٣ لە سەردەمی تورگوت ئۆزال و ئەو پڕۆسەیەی بە مردنی ئۆزال کۆتایی هات، بەرهەمی هەمان میکانیزم بوون.
“هەڵوێستەکەی باخچەلی ئازایەتییەکی دەگمەنە لە مێژووی کۆماردا”
عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵوێستەکەی دەوڵەت باخچەلی وەک “ئازایەتییەکی دەگمەن لە مێژووی کۆماردا” وەسف کرد و سوپاسی کرد. ئۆجەلان وتی: “من مەهەپە زۆر باش دەناسم، ئەگەر ئەندامانی مەهەپە هەقیان بە باخچەلی نەدایە، لە پشتیدا نەدەوەستان.”
“بەبێ مافی هیوا ناتوانم کار بکەم”
ئۆجەلان وتی کە چەمکی “مافی هیوا” کە دەوڵەت باخچەلی خستوویەتییە ڕۆژەڤەوە گرنگییەکی مێژوویی هەیە و ئەم دەستەواژەیە بەخۆڕایی بەکارنەهێنراوە. ئۆجەلان کە رایگەیاند لە هەلومەرجی ئێستای گۆشەگیریدا ناتوانێت کار بکات، وتی لە ئەگەری فەراهەمکردنی دەرفەتی تیۆری و پراکتیکی و داننان بە مافی هیوا، ئامادەیە خزمەت بە دەوڵەت بکات. ئەو جەختی کردەوە کە ئەم مافە دەبێت لە چوارچێوەی “بنەمای هیوا” نەک لێبووردنی گشتی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و ئەگەر ئەم دەرفەتانە بدرێت و سەرکەوتوو نەبێت، قبوڵی دەکات دادگایی بکرێت. ئۆجەلان زیادیشی کرد کە ئەم هەنگاوە، کلیلی کردنەوەی دەرگای “سەدەی بێ تیرۆر و بێ توندوتیژی” دەبێت.
دۆخی پەکەکە
ئۆجەلان وتی کە قەندیل لە دەرەنجامی بانگەوازەکانی ئەو پابەندی بەیاننامەی ٢٧ی شوبات بووە، پەکەکە بە کردەیی “خۆی هەڵوەشاندووەتەوە” و چالاکی سووتاندنی چەک بە ڕێبەرایەتی هولیا ئۆران ئەنجامدراوە. ئەو وتی کە ئەندامانی ڕێکخراو لە تورکیا بە ڕێبەرایەتی سەبری ئۆک کشاونەتەوە، پڕۆسەکە بە ڕێژەی ٧٠٪ تەواو بووە و ڕوونەدانی پێکدادان لە ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتنێکی گەورەیە.
ئۆجەلان چالاکییەکانی وەک هێرش بۆ سەر کۆمپانیای توساش (TUSAŞ)ی وەک دەرەنجامی “دەنگە جیاوازەکان” لە قەندیل بینی، بەڵام وتی لەم بابەتە نیگەرانە. ئۆجەلان بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە تورکەکانیش لە ناو ڕێکخراودان و دۆران کاڵکانی وەک نموونە هێنایەو، وتی تەنها دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە بەس نییە، دەبێت لە ڕووی زهنییەوەش چەک دابنێن و کۆتایی بە دوژمنایەتی بهێنن و ئەو هێزی ئەوەی هەیە ئەم گۆڕانکارییە ئەنجام بدات.
ئێران و پژاک
عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئێران لانی کەم بە ئەندازەی ئیسرائیل کاریگەری لەسەر پەکەکە هەیە، وتی تا ئەو کاتەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بەردەوام بن، پژاک چەک دانانێت.
ئۆجەلان کە رایگەیاند مەودای هەیە لەگەڵ “پڕۆژەی شیعە”ی ئێران، وتی لە بری شەڕی هەمەلایەنە دەبێت پڕۆسەی دیالۆگ و ئاگربەست دەستپێبکات و مۆدێلێکی یەکگرتنی دیموکراسی کە مافی کورد و ئازەرییەکان دەستەبەر بکات، بەسەر ئێراندا بسەپێندرێت.
“دەوڵەتی جیا یان فیدراسیۆنمان ناوێت”
ئۆجەلان دیدگای چارەسەری خۆی نە وەک “دەوڵەتێکی جیا” و نە “فیدراسیۆن”، بەڵکو وەک یەکگرتن لەگەڵ کۆماری تورکیا بەم وشانه روونکردەوە:
“ئەو دەوڵەتەی ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین، کۆماری تورکیایە. ئەو مۆدێلەی پێشنیاری دەکەم، کۆماری دیموکراسی و دیموکراسیی خۆجێییە. کورد بێ تورک، تورک بێ کورد نابێت. ئازاری بنەماڵەی شەهیدان دەزانم، هەر سەربازێک کە گیان لەدەست دەدات بۆ من تراژیدیایەکە.”
چاوەڕوانی “هەنگاوی بەرجەستە” لە ئەندامانی لیژنەکە
ئەندامانی لیژنەکە کە لە دیدارەکەدا قسەیان کرد، جەختیان لەوە کردەوە کە بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە، دەبێت پەکەکە چەک دابنێت و هەنگاوی بەرجەستە بنێت. فەتی یڵدز جێگری سەرۆکی مەهەپە بە ئاماژەدان بەوەی کە خەڵک گرنگی بە بانگەوازی ٢٧ی شوبات دەدەن بەڵام چاوەڕێی هەنگاوی پراکتیکین، وتی پرسیاری “ئایا چەکەکان تەنها لە دەست نا، لە زهنیشدا دادەنرێن؟” چاوەڕێی وەڵامە.
حسێن یایمانی ئاکپارتیش بە سەرنجڕاکێشان بۆ چاوەڕوانییەکانی دایکانی دیاربەکر وتی: “گواستنەوەی ناوەندی ڕێکخراو لە قەندیلەوە بۆ گۆڕەپانی سوریا کێشەکە چارەسەر ناکات، ئۆجەلان دەبێت فەرمانی یەکلاکەرەوە بدات.”
دەقی تەواوی پڕۆتۆکۆڵە بڵاوکراوەکە لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمان بەم شێوەیەیە:
“بابەت: لێدوانەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ئەندامانی لیژنەکە لە بەرواری ٢٤/١١/٢٠٢٥.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛
سەرەتا ئەوەی کە پرسی کورد کێشەیەکی هەزار ساڵەیە، ئەم کێشەیە خاوەنی ٣ قۆناغە، لەم چوارچێوەیەدا دەبێت ڕەچاوی پڕۆسە هەنووکەییەکە بکرێت،
ویستم هەڵە مێژووییە گەورەکە بە لەبەرچاوگرتنی ئایدۆلۆژیای بەڕێز فەتی (یڵدز)یش روونبکەمەوە،
یەکەم شوێنێک لە ئەنقەرە چوومە ناوی ‘ئوجاغی ئولکو’ بوو، سیاسەتم لەوێوە دەستپێکرد،
پرسی کورد لە ئاستی دەوڵەتەوە بۆ ئاستی سیاسی گواستراوەتەوە، ئێستا ئەم کێشە جدییە لەگەڵ سیاسەتمەداراندا تاوتوێ دەکەم و ئەمە بە زۆر گرنگ دەزانم،
سەرەتا دەمویست سوپاسی بەڕێز سەرکۆمار و بەڕێز دەوڵەت باخچەلی بکەم، بەتایبەت بەڕێز دەوڵەت باخچەلی ئازایەتییەکی دەگمەنی لە مێژووی کۆماردا نیشاندا، لەم چوارچێوەیەدا منەتدارم بەرامبەری،
لە پشت هەموو قسەکانمم، ئەگەر هەلومەرج ڕێگە بدات، امکاناتی تیۆری و پراکتیکیم بۆ جێبەجێکردنی ئەمە گونجاوە،
بەڕێز باخچەلی بە قسەکانی، هاوکارییەکی گەورەی پێشکەش بە سیستەمی پەیوەندی سەد ساڵەی تورک-کورد کرد،
ئێمە (عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە) لە سەردەمی تورگوت ئۆزالەوە واتە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە بە ریزبەندی لە سەردەمی ئەردال ئینۆنو و سلیمان دەمیرەل لەگەڵ دەوڵەت پەیوەندی و دیالۆگمان دانا،
دەستێک لەناو دەوڵەتدا نەیدەویست پرسی کورد لەگەڵ ئێمە (عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە) چارەسەر ببێت، هەر جارێک میکانیزمی کودەتا کارا دەبوو،
(دوای ئەوەی حسێن یایمان وتی کە بە هەستیاریی بنەماڵەی شەهیدانەوە هاتوون) لەدەستدانی هەر سەربازێک بۆ من تراژیدیایە، هەرگیز پێی دڵخۆش نەبووم، پێویست نییە ئەم گەنجانە بەم شێوەیە بمرن،
ئەگەر لە تورکیا و ناوچەکەدا بە دڵنیاییەوە بگەنە چارەسەر و بتوانن دەرگاکە لە شوێنی راستەوە بکەنەوە، دەرگایەکی گەوری بەخت دەکرێتەوە و ناوچەکەش دووبارە دیزاین دەکاتەوە،
ئەگەر سەرکەوتوو نەبن، میکانیزمی کودەتا بەتایبەت لەسەر بەڕێز دەوڵەت باخچەلی و بەڕێز سەرکۆمار کارا دەبێت، بەڕێز باخچەلیش لە وتارەکانیدا ئاماژەی بەمە کردووە،
محەمەد عەلی بیراند لە ساڵی ١٩٨٨ بەبێ مۆڵەت چاوپێکەوتنی لەگەڵ من (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) کرد، (تورگوت) ئۆزال تەلەفۆنی بۆ کرد و وتی ‘چیت کرد محەمەد عەلی، منت سوتاند’، ئەو (ئۆزال) دەگەڕایەوە ئەنقەرە و بە هەموو هێزییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم مەسەلەیەی دەدا، بەڵام ٤ ڕۆژ دوای بڵاوبوونەوەی ئەم چاوپێکەوتنە لە ڕۆژنامەی میللیەت تیرۆر کرا، لەکاتێکدا بڕیاربوو ١٧ی نیسان لەگەڵ بەڕێوەبەری نوسینگەی تایبەتی ئۆزال، کایا تۆپەری دیدارێک ئەنجام بدەم، ئۆزال لەناکاو مرد و ئەم تیرۆرە پەردەپۆش کرا، من گومانم لە مردنەکەی هەیە، ئەگەر سەرکەوتوو نەبن، نەک تەنها بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، بەڵکو هەموو مەهەپە تاوانبار دەکەن، دەزانم چۆن ئەردۆغان (بەڕێز سەرکۆمار)یان تاوانبار کرد،
لایەنەکانی بەرامبەرم دەزانن کە من (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) چۆن کراومەتە قوربانی، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر من، هێرشن بۆ سەر ئاشتی و یاسای برایەتی، هەندێک کەس سیخوڕی کاریگەرن و ئەمانە بە ئاگاییەوە دەکەن،
بەڕێز دەوڵەت باخچەلی وتی ‘ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەبێت، نە لە ئەنادۆڵ و نە لە تورکبوون هیچ شتێک نامێنێتەوە’،
مستەفا کەمال (ئەتاتورک) لە چاناقکەلعە شەڕێکی گەورەی کرد، بە ئەنزاکەکانی وت ‘شەهیدانی ئێوە شەهیدی ئێمەشن’، دەمەوێت بنەماڵەی شەهیدان منیش (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بەم شێوەیە پێناسە بکەن، منیش (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بە ڕێزەوە سەیری بنەماڵەی شەهیدان دەکەم و دەزانم ئازارەکەیان چەند گەورەیە،
لە قۆناغی ڕابردوودا بە سەرۆکی ژیتەمم وت ‘ئێوە ئەم کێشەیەتان گەیاندە ئەم دۆخە و خستتانە باوەشی من، هەموو گوناحەکە هی من نییە’، ٤ فەرماندەی هێزەکان وتیان ئەگەر ئەنجامی ئەرێنی دەرنەچێت سزای لەسێدارەدانم پەسەند دەکرێت، من (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) وتم ‘بۆ من جگە لە چارەسەری دیموکراسی هیچ چارەسەرێکی تر مومکین نییە’،
بە سیستەمی ڕێککەوتنە نوێیەکانی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ دەوترێت ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم، پڕۆژەیەکی وا لە ئارادایە، ئێران پڕۆژەی شیعەی هەیە، ئێستا کەمێک پاشەکشەی کردووە بەڵام بانگەشەکانی بەردەوامە،
پڕۆسەی چارەسەری هەرچەندە گرژیش بێت یان ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی گەورە بێتەوە، لانی کەم لەو خاڵەی پێی گەیشتوون، نەک تەنها لە ڕووی نیازپاکیەوە، بەڵکو دەرگایەک دەکەنەوە کە ١٠٠٠ ساڵی داهاتوو شێوەڕێژ دەکات نەک ١٠٠ ساڵ، دەرگای برایەتی/چارەسەری بۆ ١٠٠٠ ساڵ، ١٠٠ ساڵ و ساتەوەخت دەکەنەوە،
سەرەڕای ئەو وتە بڕوا پێنەکراوانەی لە میدیادا هەن، تورکیا کێشەیەکی وای هەیە و لە دۆخێکدایە کە دوا ناخرێت، ئەوانیش چارەسەری یەکلاکەرەوەیان دەوێت،
بۆ ئەو دەستەی بەڕێز (دەوڵەت) باخچەلی درێژی کردووە، بەڕێز سەرکۆماریش لە مەلازگرد وتارێکی هەبوو سەبارەت بە بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی، لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێز (دەوڵەت) باخچەلی وەک هاوکارییەک وتی ‘دەست درێژ دەکەم’، بەڵام ڕێکخراو لە قەندیل دەنگی جیاوازی دەرکرد، تەنانەت چالاکیشی ئەنجامدا، زۆر دڵگران بووم بە چالاکییەکەی توساش،
بەڕێز (دەوڵەت) باخچەلی ئەو قسەیەی منی وەبیرهێنایەوە کە ‘ئەگەر دەرفەت بدرێت من ئامادەم خزمەت بە دەوڵەت بکەم’ و وتی ‘فەرموو’، تەنانەت ئەوەی ویستی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکەم کە ئەگەر پێویست بکات مافی هیواش لەخۆ دەگرێت، مێژووییە،
لە پشت قسەکانمم، ئەگەر هەلومەرج ڕێگە بدات، امکاناتی تیۆری و پراکتیکیم بۆ جێبەجێکردنی ئەمە گونجاوە،
لە ڕێکخراودا تورکەکانیش هەن، سەرکردایەتییەکەی ئەندامێکی تورکی ڕێکخراو بە ناوی دۆران کاڵکان دەیکات، لەناو ڕێکخراودا هەمیشە گرووپێکی بەڕەچەڵەک تورکی وا هەبووە، لە سەرەتاوە نەریتێکی وا هەبووە، کاتێک بیرکردنەوەکەم گەیشتە قەندیل، ئاگربەستی یەکلایەنەیان کرد و پێوەی پابەند بوون،
ڕووی کردە بەیاننامەی ٢٧ی شوبات، دەبێت ئەمە وەبیر بهێنێتەوە، بەتایبەت دەیەوێت ئاماژەی پێ بدات، هەر ڕستەیەک تایبەتمەندییەکی بەرنامەیی هەیە، هەر ڕستەیەک بەرنامەیەکە، (لەسەر ئەمە فەتی یڵدز وەڵامی دایەوە: “ئاگادارین”.)
لەو بانگەوازەدا کە کردوویەتی باسی لەوە کردووە چۆن پرسی کورد دەکرێت چارەسەر بکرێت، قەندیل پیت بە پیتی ئەم بەیاننامەیەی جێبەجێ کردووە و (پەکەکە) خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، بەدوای ئەوەشدا بە ڕێبەرایەتی بەسێ (هولیا ئۆران) چالاکی سووتاندنی چەک ئەنجامدراوە، لەم چوارچێوەیەدا ناوبراو بەرپرسیارێتی نیشانداوە، بە ئەنجامدانی ئەمە بەلای ئەوەوە (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) ٧٠٪ی ئەوەی پێویست بوو کراوە، دوای ئەم پێشهاتە بە ڕێبەرایەتی سەبری (ئۆک) ئەندامانی ڕێکخراو لە تورکیاوە کشاونەتەوە،
ئەو ساڵەی لە پڕۆسەکەدا تێپەڕی بە سەرکەوتوو دەبینێت، لەم ماوەیەدا هیچ شەهیدێک نەدراوە و پێکدادان ڕووی نەداوە، هەروەها بەم شێوەیە کرانەوەیەکی سیاسی گەورە فەراهەم بووە، لەم چوارچێوەیەدا ئەو پشتیوانییەی لەلای رای گشتی هەیە زیادی کردووە، پێیوایە لە پڕۆسەی داهاتوودا هەندێک پرسیار کە لە زهنی رای گشتیدا هەیە دەڕەوێنەوە،
وەک ئەوەی باخچەلی (بەڕێز دەوڵەت باخچەلی)یش وتی دەبێت بۆ ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) کەناڵەکانی پەیوەندی بکرێنەوە،
لە ڕابردوودا س. دەمیرەل لە ماردین وتی ‘دان بە واقعی کورددا دەنێم’، هەروەها لەم قۆناغەدا ئەحمەد تورک و سڕی ساکک-ی ناردە لای ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بۆ حەلەب، پێی وتن ‘با ئێمە دان بە ناسنامەی کوردیدا بنێین، ئێوەش چەک دابنێن’، ئەو کاتە ئەم دەرفەتەی لەدەستدا بەڵام س. دەمیرەل زۆر کاریکرد بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە،
لە ١٩٩٧ (نەجمەدین) ئەربەکانیش هەوڵێکی هەبوو، حافز ئەسەد و عەبدولحەلیم خەدام بانگیان کرد (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و ٣ نامەیان پیشاندا، بەدوایدا ٢٨ی شوبات ڕوویدا، نامەکان پوختەیەک بوون لە لێخۆشبوونی ٥ ساڵە، بێبەشبوون لە مافە سیاسییەکان و بابەتگەلی هاوشێوە بەڵام دەرفەت نەدرا،
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی پەیوەندی بە سەبری (ئۆک) و ئەوانەوە کرد و لە ١٩٩٧ ناوی لێنرا ‘پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگە’ بەڵام دواتر بنبەست بوو و پێیوایە دەستێوەردانێکی دەرەکی هەبووە،
لە کیلیس فەرماندەی هێزە وشکانییەکان ئاتیلا ئاتێش لێدوانیدا “ئەگەر دەرنەچێت لەماوەی ٢ ڕۆژدا سوریا داگیر دەکەین”، دەزانێت پەیوەندییەکی چڕ هەبووە کە لە ڕێگەی مۆسادەوە بووە، وەک ئەو ڕێگایەی عەرەفاتیان کێشایە ناوی، وتیان ‘یان ستۆکهۆڵم یان باکووری عێراق، بەدەر لەوە لەم جیهانەدا جێگەی پێ لێدان بۆ تۆ کۆتایی هات’، بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەمە کاتێک لە باکووری عێراق چاوەڕێی دەکرد بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە ئەسینا دەرچوو، لەوێ بەرپرسی گشتیی هەواڵگری یۆنان بەناوی ستاڤراکیس وتی ‘جگە لە ئۆسلۆ ناتوانیت لە ئێرە دەرچیت، ڕێگە بە چوون بۆ هیچ شوێنێک تەنانەت وڵاتی خۆشت نادەین’، ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) تووشی سەرسوڕمان بوو، بە شێوەیەک کە لە هیچ پلانێکدا نەبوو چووە مۆسکۆ، جوولەکەیەک بەناوی ژیرینۆڤسکی (ڤلادیمێر) پێشوازی لێکرد، وتیان ‘دەتوانین لە ماڵێکدا بتشارینەوە جگە لەمە هیچ ئیمکانێک نییە’، ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)یش وتی ‘ئەمانە پارتی ڕەسمین چۆن لە مۆسکۆ دەمشارنەوە’ و ئەقڵی نەیگرت، دواتر چیرۆکەکە بەم شێوەیە پەیامی پێدرا ‘لە سەر ڕووی زەوی جگە لە مۆساد شوێنێکت نییە پەنای بۆ بەریت’،
تا دوشەنبە (پایتەختی تاجیکستان) برا و لە کەشوهەوای سارددا ٣-٤ کاتژمێر ڕاگیرا، ئەوەی مۆسکۆی سۆسیالیست-کۆمۆنیست چۆن گەیشتە ئەم دۆخە ئەقڵ نایبڕێت، دواتر چووە ڕۆما، ئەمجارەش وتیان ‘CIA و مۆساد ڕێگە بە فڕینی باڵندەش نادەن’، جارێکی تر ئەسینایان تاقیکردەوە و ئەمجارە لە فڕۆکەخانەی مینسک وتیان ‘دەتوانیت وەک بێ وڵات بمێنیتەوە’، ئایا دەکرێت جووڵەیەکی هێندە نزم بکرێت، دواتر بۆ نایرۆبی برا و لەوێ چیرۆکەکە بەتەواوی لە کۆنترۆڵی ئەوان دەرچوو، ئەو باڵیۆزەی کە پێیوابوو سیخوڕی ئینگلیزە دەمانچەیەکی پێدا، وتی تەنها پاسەوانی ئەو دەبێت و پێیانوت دەبێت لەلای بێت، دواتر ژیتەم بەوی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) وت ‘ئەگەر ئەو چەکەت بەکاربهێنایە بە دڵنیاییەوە لەوێ دەمانکوشتیت’، ئەمانەی بۆیە گێڕایەوە چونکە لە نزیکەوە پەیوەندی بە باخچەلی (بەڕێز دەوڵەت باخچەلی)یەوە هەیە،
ئەگەر ئەو بەشدار نەبێت، جەنگی ١٠٠ ساڵەی تورک و کورد حەتمی دەبێت و ئەمە زۆر گرنگە،
‘کورد بێ تورک، تورک بێ کورد’ نابێت، بەڕێز (دەوڵەت) باخچەلی زۆر پابەندە بەمەوە، ئەمە ئایدۆلۆژیای کۆمارە، پەیوەستە بە پۆزەتیڤیزمەوە، پاکتاوکردنی کوردی دەوێت، ئەمە تورکمانەکانیشی تێدایە، ئەوانیش تواندراونەتەوە، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی ‘برینەکان چۆن پەرەی سەند، چی بووە هۆی شۆڕش’ ئەمانەی گێڕایەوە،
بۆیە ئەم ئایدۆلۆژیایە لە تورکیا کەمێک کاریگەرە، ئەمە (لایەنەکانی بەرامبەر) زۆر باش دەزانن، هۆکاری هەموو جۆرە شۆڕشێکیش هەر ئەمەیە،
کاتێک دەگەینە شۆڕشی شێخ سەعید، ئایدۆلۆژیای جەنگی رزگاری بە تێگەیشتنی ئوممەتی ئیسلامی دابین کرابوو، دواتر کاتێک لەم تێگەیشتنە جیابووەوە ئەمە کاردانەوەی لێکەوتەوە، ئەو کاردانەوەیەش بووە هۆی شۆڕش، (فەتی یڵدز وتی ‘بە هەموویان وترا شۆڕش بەڵام شۆڕش نەبوون،’ ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەیان جووڵەی تیرۆریستی بوون.)
ناوی شۆڕشە کوردییەکان، شۆڕشی کوردییە، هی ئەویش لە ڕاستیدا شۆڕشێکە، هەرچەندە وتبێتیان ‘جەنگی رزگاری مۆدێرن، گەریلا’ بەڵام نەیتوانی لە شۆڕشی کوردی زیاتر تێپەڕێت و ئەمە تێنەپەڕێندرا، دۆخێکی تراژیدی وەرگرت، لە ١٩٩٣ ویستی کۆتایی پێ بهێنێت، ئۆزال لە ڕێگەی تاڵەبانییەوە پەیامی بۆ ناردن،
ئۆزال پێی وتن ‘هەموو ئەوەی کردووتە هەڵە نییە، لە ناساندنی ناسنامەی کوردیدا ڕۆڵت بینی، ئەگەر بەردەوام بیت لە خەباتی چەکداری هەموو هەوڵەکانت بەفیڕۆ دەچێت، ئەو بیری کردەوە بەڵام دواکەوت، ئەوان هەقیان بوو، ئەو کاتە ئەو خاو (ناشارەزا) بوو، لە ساتەوەختێکی مێژووییدا ئۆزال کۆچی دوایی کرد،
شایەدی ئەوان (ئەندامانی لیژنەکە) بە گرنگ دەزانێت، شایەدی زانستین، دەبێت بڵێن ‘زانستی دەرەوە ئەمە دەڵێت’، شێواندنەکان زۆر ترسناکن،
لە نامەیەکدا کە لە زیندانەوە هاتووە نووسراوە ‘پڕۆسەی ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هاوکات بووە لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشە کوردییەکان’، عەبدولحەمید ڕێوشوێنی گرتەبەر و قوتابخانەکانی حەمیدیەی دامەزراند، ئەم ڕێوشوێنە زۆر جدی بوو، عەبدولحەمید درکی بەوە کرد کە شۆڕشە کوردییەکان بوونەتە هۆی ڕووخانی عوسمانی،
سوڵتان عەبدولمەجید هەوڵیدا لەگەڵ میرنشینە کوردییەکان چارەسەرێکی دۆستانە پەرەپێبدات، لەو سەردەمەدا قەیسەریەتی ڕووسیا و فەرەنسا بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سریانی لە سوریا و دەوڵەتێکی ئەرمەنی لە باکوور (ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ) کاریان دەکرد،
هەڵوێستەکانی بەڕێز باخچەلی (بەڕێز دەوڵەت باخچەلی) سەبارەت بە قودس و سەلاحەدینی ئەیوبی بە زۆر گرنگ دەبینێت، پێیوایە دابینکردنی یەکێتی تورک و کورد لەلایەن سەلاحەدینی ئەیوبییەوە لە فەتحکردنی قودسدا زۆر کاریگەر بووە،
نەنکی بەڕەچەڵەک تورکمان بووە، سوڵتان سەنجەری سەلجوقی شاری هەمەدان کە پایتەختی کۆنی دەوڵەتی ماد بوو وەک پایتەخت بۆ خۆی هەڵبژارد، لەم جوگرافیایەدا تێگەیشت کە ‘کورد بێ تورک، تورک بێ کورد ناژین’،
سەرکەوتنی سوڵتان ئەلپئەرسلان لە مەلازگرد بە ڕێککەوتن بوو لەگەڵ میرنشینی مەروانی لە سیلڤان و میرنشینی کوردی لە ئەخڵات و وەرگرتنی پشتیوانی لێیان، ئەمەشی لە کتێبەکەی عوسمان توران خوێندووەتەوە،
مەلازگرد سەرکەوتنێکە کە کوردەکانیش بە فراوانی تێیدا جەنگاون، دەوترێت دەرگای ئەنادۆڵ بەڕووی تورکەکاندا کرایەوە، بەڵام تا فورات، شانلی ئورفا و مەڵاتیە فراوان بوو و ئەمە بووە هۆی ئەوەی کوردەکان هەناسە بدەن،
ئەتاتورک بە بەگی عەشیرەتی بەیازیت-ی وت ‘ئەگەر لەم جەنگەدا لەگەڵ یەکتر بجەنگین نە کوردستان دەمێنێت نە تورکیا، هەردووکیان دەدۆڕێنن’، جگە لە یەکێتی هیچ ڕێگەیەکی رزگاری نییە، دواتر جەنگەکە برایەوە و نابێت بەشداری کورد فەرامۆش بکرێت،
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە هەولێر کۆنگرەیەک و لە ئەڵمانیا کۆنگرەی جوولەکە-کورد ئەنجامدرا، ئەمانە زۆر گرنگن، ئایا لایەنەکانی بەرامبەر ئاگاداری ئەمەن، (ف. یڵدز وتی دەزانێت.)
بۆ ئەوەی لە هێزی مۆساد تێبگەن باسی کرد، لە ڕابردوودا ئەو فڕۆکەیەی تێیدا بوو وتیان لە هیچ شارێکی ئەوروپای ناتۆ نانیشێتەوە، کۆنترۆڵێکی بڕواپێنەکراو هەبوو، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بە دەستی تورکێک لێی درابێت (دەستگیرکرابێت)، بەم شێوەیە ڕێکخراو دەکەوێتە ژێر فەرمانی ئەوان، تیرۆر و کوشتنی بڕواپێنەکراو وەک ئەوەی غەززە دەستپێدەکات، لەو سەردەمەدا کەسانێک خۆیان سوتاند، قیامەت هەستا، ئەمڕۆش دەبێت لایەنەکانی بەرامبەر ئەمە باس بکەن، ئەمڕۆش هێشتا گرنگی خۆی ماوە، مێژوو بەم شێوەیە گەشەی کرد، ئەو جووڵەی بێ دوودڵی ئەنجامدا،
بۆ شرۆڤەکردنی ئەمڕۆ دەبێت ئەم زانیارییانە بزانرێن بۆیە روونیکردەوە،
(لایەنەکانی بەرامبەر) چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن، تۆپەکە هەڵدەداتە گۆڕەپانی ئەوان،
هۆکاری شۆڕشی پەکەکەی باس کرد، بۆچی کۆتایی پێهێنا و دەخوازێت میکانیزمی مەترسییە گەورەکە ڕوونبکاتەوە، رەنگە هەموو شتێک وەک ئەوە نەبێت کە دەیزانن، با بە هەڵە لێی تێنەگەن،
(بەڕێز دەوڵەت) باخچەلی لانی کەم بە ئەندازەی ئەو دەوڵەت دەناسێت، ڕەنگە ئەویش (ئۆجەلان) زیادەڕەوی بکات بەڵام دەبێت هەموو ئەگەرێک لەبەرچاو بگیرێت، ئەزموونەکەی زۆر گەورەیە،
(هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکرێت کە ئەو پیلانگێڕانەی مەبەستیەتی کە دەیانەوێت پڕۆسەکە تێک بدەن زۆر بەهێزن.)
ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) مەهەپە زۆر باش دەناسێت، ئەگەر مەهەپەییەکان باخچەلی (بەڕێز دەوڵەت باخچەلی)یان بە هەق نەزانیایە لە پشتیدا نەدەوەستان و پشتیوانییان نەدەکرد،
دوایین بڕیاری جەهەپە (لە لیژنەی پەرلەمان) زۆر جێگەی سەرنجە بەڵام ئەمەی بۆ پەراوێزخستنی جەهەپە نەوت،
لە سوریا ئێستا شتێک دەگوزرێت، ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) سوریا زۆر باش دەناسێت چونکە ٢٠ ساڵ لەوێ ژیاوە،
ئەندامانی لیژنەی پەرلەمان لە هەندێک بابەتدا لەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لە پێشترن بەڵام لە هەندێک بابەتدا ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لەوان لەپێشترە،
باس لە هەنگاوی گرنگتر بۆ کۆمەڵگە دەکات، بە شێوەیەکی ئاسایی پێیوایە دەبوو پەکەکە لە ١٩٩٣ هەڵبوەشایەتەوە، پەیوەندی تورک-کورد پەیوەندییەکی سیمبیۆتیک (پێکەوەژیان)ە، لەم چوارچێوەیەدا نموونەی زیا گۆکاڵپ نموونەیەکی بێ هۆکار نییە،
تورکبوونی ئەنادۆڵ پەیوەستە بە کوردبوونەوە، کوردبوونی میزۆپۆتامیاش پەیوەستە بە ئەنادۆڵەوە،
پەکەکە نەک تەنها چەک دابنێت، بەڵکو دەبێت لە ڕووی زهنییەوە (دوژمنایەتیش) کۆتایی پێبێت، لەنێوان دوو نەتەوەدا پەیوەندی برایەتی هەیە، لەنێوانیاندا شۆڕش، جەنگ و پێکدادان ڕوویداوە، (لەسەر ئەمە ف. یڵدز وتی: ‘تەنانەت لەو سەردەمەی هەواڵی شەهید دەهات، هیچ کەسێک نەچوو جامی دراوسێ کوردەکەی بشکێنێت، سەرەڕای ئەم هەموو ڕووداوە لە ناوەندەکەدا دوژمنایەتی کورد و تورک هیچ کات دروست نەبووە’.)
(تورک و کورد) هەزار ساڵە تێکەڵاوبوون و پێکەوە ژیاون، تورکمانەکانی قەرەکەچیلی لە ئورفا لەو کوردترن، گەرمیان ئۆغوڵڵاری لە بنەڕەتدا کورد بوون بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بوون بە تورک، نابێت ئەم ڕاستییە مێژووییە فەرامۆش بکرێت، دەبێت هەردوو ناسنامەکە ڕێز لە یەکتر بگرن، هەوڵدان بۆ لەناوبردنی یەکتر تەڵەیە،
بیرۆکەی سۆسیالیزمی ڕیەڵ (واقیعی) لە ١٩٩٥ەوە بەجێهێشتووە، گۆڕانی زهنی پڕۆسەیەکی بەئازارە، ئەو پڕۆسەیە بەجێهێڵراوە و دەبێت لە ڕووی زهنییەوە چەک دابنرێت، لە پراکتیکدا کات دەخایەنێت، دەبێت ئەندامانی ڕێکخراو ئامادە بکات، دۆران کاڵکان زیاتر لەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) وتوویەتی ‘هەرگیز چەک بەکارناهێنین’،
مەسەلەی سوریا بە ئەندازەی تورکیا گرنگە، پەیوەندی زۆریان لەگەڵ بنەماڵەی ئەسەد هەبووە، هەرخۆی بە پاراستن و پشتیوانی نزیکی ئەوان ژیاوە،
هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDG) بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل خاوەنی لانی کەم ١٠٠ هەزار هێزی چەکدارن و زیاتر لەوەی وا دەزانرێت بڵاوبوونەتەوە، دەکرێت ناوچەکانی تریش بەمە زیاد بکرێن، بەڵگەنامەکانی کۆنگرەکە بەدەستی نەگەیشتووە بەڵام واتای کۆنگرەکەی ئەوروپا (کۆنگرەی کورد-جوولەکە) و ئەوەی هەولێر (شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) ئەوەیە ‘ئێمە لێرە (ئیمراڵی) بەرەو چارەسەر دەچین ئەوانیش لەوێ بەرەو چارەسەر دەچن’،
فەرهاد عەبدی شاهین یەکێکە لە نزیکترین کەسەکان لەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و پێوەی پابەندە،
کۆبوونەوەکەی هەولێر و کۆنگرەکەی ئەوروپا لەژێر چاودێری ئەڵمانەکان ئەنجامدرا، وتیان ‘کاتێک کوردەکان تەواو گەیشتوونەتە قۆناغی دەوڵەت دروستکردن گەورەترین بەربەست لە ئێستادا ئاپۆیە’، ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) وەک میتۆد کۆمەڵگەی دیموکراسی پێشنیار دەکات،
ئەو لەسەر کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئەوان لەسەر دەوڵەتگەرایی کوردی پێکەوە ناکۆکن،
بۆ ئیسرائیل کوردەکان زۆر پێویستن چونکە تێکچوونی هاوسەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستراوەتەوە بە جیۆپۆلیتیکی کوردییەوە، بەبێ جیۆپۆلیتیکی کوردی ئیسرائیل ناتوانێت هەژموونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستبهێنێت،
ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) کۆماری تورکیا وەک پرۆتۆ-ئیسرائل، و دەوڵەتگەرایی کوردیش وەک دەوڵەتگەرایی پۆست-ئیسرائیل دەبینێت، پێشتر بۆ دروستکردنی ئیسرائیل کۆمار چەندە پێویست بووبێت ئێستاش بۆ هەژموون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەتگەرایی کوردی بۆ ئیسرائیل پێویستە، بە شێوەیەکی تر ناتوانێت بمێنێتەوە و هەژموون دروست بکات،
بەپێی دواین زانیارییەکان کە وەریگرتووە، ‘پروپاگەندەیەکی بەرفراوان هەیە، دەوترێت چانسی دەوڵەت بوونتان لەلایەن ئاپۆوە تێکدەدرێت’، ئەمە دەستنیشانکردنێکی زۆر گرنگە،
بۆ ئەوەی سەرکەوتوو نەبن هەموو شتێک دەکەن، بەڵام ئەوان ئەڤانتێکیان هەیە، ئەو لەناو بزووتنەوەی کوردیدا سەنگێکی هەیە، سەنگی بەڕێز (دەوڵەت) باخچەلی لەناو نەتەوەییەکاندا چییە هی ئەویش لەناو بزووتنەوەی کوردیدا بەو شێوەیەیە، بۆ ئێران، عێراق و سوریاش هەر وایە،
نە ڕێککەوتنی ئیبراهیم کە ئیسرائیل پێشنیاری دەکات و نە ڕاگەیاندنی پڕۆژەی شیعە کە ئێران پێشنیاری دەکات بۆ بەرژەوەندی وڵاتمان بۆ جێبەجێکردن گونجاو نین، لەبری ئەوە یەکگرتنی دیموکراسی گرنگە،
دەبێت سەرنج بخرێتە سەر پێکهاتەی دیموکراسیی کوردی، نەیوتووە دەوڵەت، لایەنی بەرامبەری چەندە نەتەوەگەرایی دیموکراسی بێت هی ئەویش هێندە کۆمەڵگەگەریی دیموکراسییە،
باسی پارچەیەکی پەیوەست بە دەوڵەتی نەکردووە، بەڕێز (دەوڵەت) باخچەلی ئەمە زۆر باش دەزانێت (لەسەر ئەمە فەتی یڵدز وتی ‘روونیکردەوە کە بەدەوڵەتبوون نییە، پێکهاتەی فیدراڵی نییە، خۆبەڕێوەبەری نییە’، عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش پشتڕاستی کردەوە.)
لە ئەنجامدا ئەو دەوڵەتەی بەدوایدا دەگەڕێن کۆماری تورکیایە، بە ڕوونی وتی، کوردەکان بەم دەوڵەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگە دەگرن، خۆیان بە شێوەی دیموکراسی ڕێکدەخەن، پەیوەندی بە خۆبەڕێوەبەری فیدراڵییەوە نییە، ئەمە داهێنانی ئەو نییە سۆسیالیزمی راستە، بە چەپەکانیش بەم شێوەیە وتووە، ئەوەی سۆسیالیزمی ٢٠٠ ساڵەی ڕوخاند تێگەیشتنی ئەوان بوو بۆ سۆسیالیزم،
لە ئەنجامدا دەبێت کۆمەڵگەی دیموکراسی لەگەڵ کۆمار یەکبگرن (ئینتێگرە بن)،
ڕەگی کۆمۆن کوردییە، بە واتای کۆمەڵگە، کۆبوونەوە دێت، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا شارەوانی بووە، بەشارەوانیبوونی گەل، بەکۆمپانیا بوون، دیموکراسیی خۆجێیی بووە، بۆ تورکیاش ئەمە پێشنیار دەکات،
ئەوەی بۆ تورکیا دەیخوازێت بۆ سوریاش دەیخوازێت، ئەمە دیموکراسیی خۆجێیی و کۆمۆن (شارەوانیی دیموکراسی)ـە، هەموو ڕۆژێک بیر لەم بابەتە دەکاتەوە، لەم چوارچێوەیەدا دەتوانێت لەگەڵ ئەوان (SDG) دیالۆگ دروست بکات، پێیوایە ئەوان گوێی لێ دەگرن (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بەڵام بەم واتایە یەکلایەنە جووڵە ناکەن، ئەحمەد ئەلشەرعیش دەبێت وەک SDG بۆ سوریای دیموکراسی هەنگاوی ئەرێنی بنێت،
ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بەخۆڕایی مێژوو ناگێڕێتەوە، لە سوریا نەتەوەگەراییەکی عەرەبی زۆر چڕ هەیە، لەوێ تورکمانەکانیش هەن، ئەوان (SDG) هەروەک کوردەکان مافی ئەوانیش لەبەرچاو دەگرن،
بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتەوە سەرەخۆشی کرد، دەیەوێت ئەو کارەی ئەوان (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) دەیکەن بە یادی ئەوانە بکەن کە لەم بوومەلەرزەیەدا گیانیان لەدەستداوە،
سەبارەت بە سوریا (ف. یڵدز؛ SDG لە ١٠ی ئازار ڕێککەوتنێکی کردووە) ئەو ڕێککەوتنە ٨ ماددەیە، ئەوانەیان کردووە بە بنەما، (حسێن یایمان؛ ئاماژەی بەوەدا کە ئەو [عەبدوڵڵا ئۆجەلان] ڕێبەری ئەو ڕێکخراوەیە (SDG)، هەمووان لە لیژنەی پەرلەمان و رای گشتی باس لە بابەتی سوریا دەکەن، گەلی تورکیا یەکەمجار دەیەوێت هەنگاوی بەرجەستە لە ڕووی دانانی چەک لە سوریا و ڕادەستکردنەوەی ڕۆڵەی دایکانی دیاربەکر بە خێزانەکانیان ببینێت.)
(بۆ گەڕانەوەی منداڵانی دایکانی دیاربەکر بۆ خێزانەکانیان) لیژنەیەک دامەزرێندراوە، (حسێن یایمان؛ وتی ئەو برایەتییە مێژووییەی لە سەرەتادا باسی کرد زۆر گرنگە، هیچ کەسێک دژایەتی ئەمەی نییە، ئیتر دەتوانن میکانیزمی کودەتا بشکێنن، بەڕێز سەرکۆمار و بەڕێز دەوڵەت باخچەلی لەم بابەتەدا پێداگرن، ئەمجارە دەتوانن سەرکەوتوو بن.) دەبێت سەبارەت بە میکانیزمی کودەتاش وریا بن، ئەگینا ئەم میکانیزمە دەتوانێت وەک شۆفەڵ بەسەر پڕۆسەکەدا تێپەڕێت،
پێشنیاری ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) سەبارەت بە سوریا دیموکراسیی خۆجێییە، بنەمای دامەزراندنی (ئاکپارتی) شارەوانی بوو، یاساکە لایەنی کەموکورتی هەیە و دەیەوێت ئەم یاسایە بەسەر هەموو شارەکاندا بڵاوبکاتەوە، دیموکراسیی خۆجێیی لە دیموکراسیی ئەسینادا لە هەر ناوچەیەک نوێنەرێک هەڵدەبژێردرا و ئەوان نوێنەرایەتی ئەو ناوچەیەیان دەکرد ئەمە خۆجێیی بوون و دیموکراسییە، پێیوایە بۆ سوریا نە لەسەر بنەمای مەزهەب نە ئەتنی، بەڵکو دیموکراسییەکی بەهێزکراو لە چوارچێوەی خۆجێییدا پێویستە، کێشەی سەرەکی ئەوەیە ناوەڕۆکی ئەم چەمکە چۆن پڕدەکرێتەوە و چۆن دەخرێتە ناو دەستوورەوە،
بۆ دەوڵەتێک بە ئەندازەی هێزە ناوەندییە یەکگرتووەکان دیموکراسیی خۆجێیی ناوچەییش پێویستە، بەبێ یەکێکیان ئەوی تر نابێت، (ف. یڵدز لەسەر ئەمە پرسی؛ ئایا دیموکراسییە خۆجێییەکان لە سوریا هێزێکی بەرگرییان دەبێت.) لە چوارچێوەی ئاسایشدا هێز دەبێت، لە سوریا دەبێت دوو هێز تێکەڵ بکرێن، لە سوریا نەتەوەگەرایی عەرەبی بەهێزە، ئەوەی بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا کردیان دیارە، ئەگەر مەرجە دیموکراسییەکان دەستەبەر نەکرێن ئەحمەد ئەلشەرعیش دەکرێت سبەینێ ببێتە دیکتاتۆرێک،
تورکمانەکان لە کوردەکان دۆخیان خراپترە، کۆمەڵەیەک بۆ دەربڕینی خۆیان، کۆمۆنی تورکمانی نییە، ئایا لایەنەکانی بەرامبەر لە کۆمۆن تێدەگەن،
کۆمۆن بە واتای کۆمەڵگە، کۆمەڵگەی مەدەنی دێت و دەبێت هەبێت،
دەکرێت یەک دوو خێزان دەرکەون و هەموو داهاتی حەلەب بۆ خۆیان ببەن و دەبێت ڕێوشوێنی ئەوە بگیرێتەبەر، ئەمە بۆ هەموو گەلان ڕاستە، تورکمانەکان لەوێ هەزار ساڵە هەوڵی گەورەیان هەیە، بوونیان بە کۆمەڵگەی مەدەنی سروشتی کارەکەیە، چەرکەس و ئەرمەنییەکانیش هەن، ئەوانیش دەبێت خۆیان بکەنە کۆمەڵگەی مەدەنی مۆدێرن،
ئەگەر سوریا بەبێ کۆمەڵگەی مەدەنی یان دیموکراسیی خۆجێیی بەجێ بهێڵن حافز ئەسەدێکی نوێ دەردەکەوێت، بۆ ڕێگریکردن لەمە ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) هێزی خۆی بەکاردەهێنێت، لە پراکتیکیشدا هەرچی لەدەستی بێت دەیکات،
ئیسرائیل سوریایەکی لە کولتووری خۆی دەوێت، ناتوانن سوریا بەتەواوی بۆ ئاراستەی ئیسرائیل جێبهێڵن، ئەمە مەترسیدارە، نەیوتووە ‘لەگەڵ ئیسرائیل بجەنگین’ بەڵام بەڵێنی داوە کە SDGـیش بەشدار بێت بەشێوەیەکی وەستایانە، برایانە و هێواش (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) چارەسەری دەکات، بە بانگەوازێک نابێت، پەیوەندی چڕ پێویستە و بەبێ دیالۆگ چۆن دەیکات،
مەهەپە وەک نەتەوەگەرای دیموکراسی هەڵدەسەنگێنێت و بۆ تورکیا زۆر پێویستە، ئەم کەڵەکەبوونە بە دڵنیاییەوە دەبێت بە ڕۆحی هاوپەیمانی بەش بکرێت و دەبێت تێڕوانینی کۆنی دوژمنکارانە تێپەڕێندرێت، ناچارن هاوپەیمانی دروست بکەن نەک پێکدادان، عەقڵێک هەیە کە هەموو پارتەکان تێدەپەڕێنێت،
تێڕوانینی ‘دەبێت ئەولەویەتی دەوڵەت لە پێش پارتی خۆمەوە ببینم’ بۆ پارتەکانی تریش پێویستە،
ئەوەی ئەوانی لێرە کۆکردەوە و لێکی نزیک کردنەوە عەقڵی دەوڵەتە، ئەگەر جەهەپەش (لە دیدارەکەی لیژنەدا) بوایە باش دەبوو،
ئەگەر یەکگرتنی ناوەند-تورکیا لەگەڵ سوریا، عێراق و ئەگەر پێکەوە کار بکەن ئێرانیش بە ناچاری تێوەدەگلێت، لەوێ ئازەرییەکان هەن و لانی کەم بە ئەندازەی کوردەکان گرنگن، بە بەشداربوونی ئەوانیش لە یەکگرتنی دیموکراسی ئەمە دەبێتە یەکێتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە یەکگرتنی دیموکراسی ئەمە پێکەوە دەبێت،
لە تورکیا کۆماری دیموکراسی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراسی دەبێت،
دەبێت بەبێ پەلەکردن پێکەوە کار بکەن، هیچ قسەیەکی لەسەر دەوڵەتی یەکگرتوو (Unitary state) لە سوریا نییە بەڵام هەرگیز نابێت بێ دیموکراسیی خۆجێیی و کۆمەڵگەی مەدەنی بێت، نابێت بکرێتە قوربانی دیکتاتۆرییەتێکی نوێ،
(لەسەر پرسیاری حسێن یایمان؛ ‘سەرچاوە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان چییان لێ دێت’) دەکرێت مۆدێلێکی دابەشکاری پەرەپێبدرێت، ئەوەی بۆ سوریا پێشنیاری کردووە بۆ ئێرانیش تاوتوێی دەکەن،
ئەوان (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) تورکیایەکی گەورە و کێشە چارەسەرکراویان دەوێت، نەک تەنها وازهێنان لە چەک بەڵکو شوێنەوارەکانی ناو مێشکیش دەسڕنەوە و گرنگترینیشیان لە نزیکترین کاتدا لە ناوچەکەدا مۆدێلێکی هاوبەشی بۆ هەموو ئایینەکان، گەلان، کولتوورەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیار دەکەن،
پێش ئەمە چەندە گوتاری نەرێنی هەبووبێت لەمەودوا دەبێت گوتارەکان بە ئاراستەی ئەرێنی پەرەبسێنن، بۆ ئەمەش لیژنەکە دەرگایەکی مێژوویی دەکاتەوە، ڕاپۆرت ئامادە دەکەن، پێشکەشی پەرلەمانی دەکەن باسی لایەنی یاساییان نەکردووە لە بەرپرسیارێتی خۆیاندایە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەوەی لایەنەکانی بەرامبەر وتیان بیخەنە بواری جێبەجێکردن و پراکتیکەوە دەبێت سەرەتا ئازادی پەیوەندی هەبێت،
دوای هەنگاوەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، پاککردنەوە لە چەک، دووبارە هەنگاوی ئەرێنی دەنێت، لەبەرئەوە ئەو یاسایەی لیژنەکە دەریدەکات دەبێت یاسایەکی تایبەت بە بابەتەکە بێت،
دۆخی یاسایی هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە لە سەرەوە تا خوارەوە دەبێت ڕوونبکرێتەوە، پێشنیاری ‘بنەمای هیوا’ی بەڕێز (دەوڵەت) باخچەلی دەبێت بیر لێ بکرێتەوە، بەم شێوەیە لە لێبووردنی گشتی ڕزگار دەبن، لێبووردنی گشتی بۆ تورکیا گونجاو نییە،
ڕێز و سڵاوی خۆی بۆ لیژنەکە نارد، ‘بڕیار لە دەسەڵاتی ئەواندایە، بۆیە دەبێت بابەتەکە ببرێتە پەرلەمان’،
ئێران لانی کەم بە ئەندازەی ئیسرائیل کاریگەری لەسەر پەکەکە هەیە، ئەو بەشدار نییە لە ئایدۆلۆژیای ئێران،
لەگەڵ ئیسرائیل لە پەیوەندی دەوڵەتیدا پێی دەڵێن ‘دەوڵەتمان ڕادەگەیاند، ئاپۆ ڕێگری کرد’، ڕێگری دەکات، وەک ئەندامێکی کۆماری تورکیا هەڵسوکەوت دەکات و دەڵێت کۆمەڵگەی دیموکراسی ئایدیاڵترین شێوازی چارەسەرە بۆ کوردەکان،
ترکیا ئیتر وەک دەوڵەتی خۆی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) دەبینێت، ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) دەیەوێت تورکیا ببێتە کۆمارێکی دیموکراسی،
سەبارەت بە بونیادنانی کۆماری دیموکراسی ئاکپارتی هەنگاوی جدی ناوە،
ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) دەیەوێت کولتووری کوردی تێکەڵ بە کۆمار بکات، ئەمە دەوڵەمەندییە، نایەوێت ئەمە بە جۆرێکی تر شرۆڤە بکرێت،
بەڕێز باخچەلی (بەڕێز دەوڵەت باخچەلی) دەستەواژەی مافی هیوای بەخۆڕایی بەکارنەهێناوە، بەبێ ئەمە ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) ناتوانێت کار بکات، دوای ئەوەی ئەمە کرا ئەگەر لە بابەتی سوریادا سەرکەوتوو نەبێت دادگایی کردن و ڕەخنە قبوڵ دەکات، بە دۆخی ئێستای ناتوانێت دژایەتی ئیسرائیل بکات، زۆر ڕوونە کە لە ڕابردوودا کاتێک لەلای ئەسەد بوو ئیسرائیل ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ی گەیاندە چه دۆخێک،
ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بەڵێنی داوە،
بۆ دەم پارتیش وەک شاند (بۆ ئیمراڵی) هاتوون، گوڵستان (کڵچ کۆچیگیت)یش دەکرێت بەشدار بێت،
(لەسەر ئەوەی حسێن یایمان وتی؛ ‘هەندێک سیاسەتمەدار، کەسایەتی بە لێدوانەکانیان پڕۆسەکە ژەهراوی دەکەن) لە پەکەکەش هەندێک کەس ئەمە دەکەن، لە ناو پڕۆسەکەدا (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) ئەگەر دەرفەتی کارکردنی زیاد بێت هەمووی دەکرێت چارەسەر بکرێت بەڵام کاتی دەوێت، ئیمکان و هەلومەرجەکانی بۆ ئەمە گونجاو نین، تا ئەو لەژیاندا بێت ئەم هەنگاوە و سەدەکە بە سەرکەوتوویی تێدەپەڕێت، لایەنەکانی بەرامبەر بەمە دەڵێن ‘سەدەی بێ تیرۆر’ ئەو دەڵێت ‘سەدەی بێ توندوتیژی’، لانی کەم بە ئەندازەی لایەنەکانی بەرامبەر هێزی ئەوەی هەیە هاوکاری بکات،
دەبێت بە هاوپەیمانی بڕۆن، ئەو زۆر بەهیوا بووە لە هاتنی ئەندامانی لیژنەکە بۆ ئێرە (ئیمراڵی) و قۆناغێکی مێژوویی دەستیپێکردووە، هیوادارە لایەنەکانی بەرامبەریش ببنە ناوە کلیلییەکان کە ئەمە بگەیەننە سەرکەوتن، ئەو (سەبارەت بە پڕۆسەکە) گەشبینە،
فەتحی یڵدز؛
وەک ئەندامانی لیژنەی نیشتمانیی یەکێتی، هابەشی و برایەتی بەو هەڵبژاردنەی لەنێوان خۆیاندا کردیان، ئەو بە نوێنەرایەتی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، بەڕێز حسێن (یایمان) بە نوێنەرایەتی ئاکپارتی، خانم گوڵستان (کۆچیگیت) بە نوێنەرایەتی دەم پارتی هاتوون بۆ وەرگرتنی وتەکانی ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)،
لیژنەکە تا ئێستا ١٨ کۆبوونەوەی کردووە، گوێی لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیکاکانی پارێزەران، لە بنەماڵەی شەهیدانەوە تا دایکانی شەممە هەموو چینێکی کۆمەڵگە گرتووە، گوێگرتنێکی دەوڵەمەند بووە،
لە کۆتاییدا بەو ڕاپۆرتەی دەینووسن ئەمە دەبەستنەوە بە ئەسڵێکەوە، ڕێگەکانی چارەسەر نیشان دەدەن، هێشتا لیژنەکە تەواو نەبووە، لە قۆناغی ڕاپۆرت نووسیندان، هۆکاری هاتنیان ئەمەیە، ئەم دیدارە دەبێت وەک ١٩هەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت،
ناتوانن دوور و درێژ باسی ڕابردووی سیاسی تورکیا بکەن، ژیانی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) وەک دامەزرێنەری ڕێکخراو و ئەو قۆناغە سیاسییانەی تێیپەڕاندووە دەزانن، دواجار لەو چەمکانەی کاری لەسەر کردووە وەک شارەوانیگەریی کۆمۆناڵ و لیبراڵ تێگەیشتوون، قسەکردن لەسەر مێژووی ڕێکخراو لە ئێستادا پێویست نییە،
(عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لە میتۆدی چەکدارییەوە گواستوویەتیەوە بۆ میتۆدی سیاسی، دەزانن کە چڕبووەتەوە لەسەر هاوڵاتیبوونی یەکسان، هەنگاوە کولتوورییەکان و کۆمۆناڵیتە،
لەو بانگەوازەی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لە شوباتی ٢٠٢٥دا کردی تێگەیشتووە کە دەبێت هەموو پێکهاتەکان خەباتی چەکداری وازلێبهێنن و بوونی ڕێکخراوەیی خۆیان بڵاوە پێبکەن، ئەمە کۆمەڵگەی زۆر ئاسوودە کردووە، خەڵک بەدواداچوون بۆ ئەم پێشهاتە دەکات، کاتێک ئەوان (مەهەپە) دەڵێن چەک دابنێن گرنگە کە پێکهاتەکانی سوریا، عێراق و ئێرانیش بگرێتەوە،
کێشەکان دەکرێت لە چوارچێوەی دیموکراسیدا چارەسەر بکرێن، ئەمە تەنها بە کۆتاییهێنان بە تیرۆر لە تورکیای بێ تیرۆردا مومکینە،
لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٩ لە هۆڵی دادگایی کردن ئەویش (ف. یڵدز) وەک پارێزەری شەهیدان بەشدار بووە،
لە ساڵانی ١٩٧٠ بزووتنەوەی کوردی چونکە لەناو چەپدا بوو هەستی پێ نەدەکرا، ئێستا بە پێچەوانەوە چەپ لەناو بزووتنەوەی کوردیدایە،
کاتێک ئەوان لێرە بەرەو چارەسەر دەڕۆن ئەندامێکی ڕێکخراو بە ئاشکرا دەڵێت ‘چ چارەسەرێک، چ چەک داماڵینێک’، تێبینی ئەوە دەدەن کە ‘بڕیارەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەنها پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە’، خەڵک دەزانێت ئەو کەسەی لە سەری SDGـیە (فەرهاد عەبدی شاهین) کەسێکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێیگەیاندووە،
هاوڕێیانی حزبی یان ئەوانەی لە سیاسەتی تورکیادان نابێت زمانی پێش لۆزان و دەستووری ١٩٢٤ بەکاربهێنن، ئەمە پڕۆسەکە ژەهراوی دەکات،
کاتێک سەبری ئۆک لە تورکیا دەکشایەوە ئەو ئەندامانەی ڕێکخراو کە لەگەڵیدا بوون چەکیان بەدەستەوە بووە ئەمە لە رای گشتی تورکیا ناڕەزایەتی دروست کرد، لەم خاڵەدا دەبینرێت کە بەتەواوی پابەندی ئەو بانگەوازە نەبوون کە ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) کردی،
پابەندبوون بە ڕێککەوتنی یەکگرتنی ١٠ی ئازاری SDG لە سوریا زەروورە،
سەبارەت بە سوریا پێویستە ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لێدوانێکی نوێ بدات،
ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی هەموومانە، (چەپ) ئاگادار نییە کە شێوەی کار گۆڕاوە،
لە یەکەم لێدوانیدا کاتێک وتی ‘چەک دابنێن’ دەزانن کە بە هەموو پێکهاتەکانی پەکەکەی وتووە، (لەسەر ئەمە عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ لە ئێران هەموو ڕۆژێک لەسێدارەدان ڕوودەدات، ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لە ئێران داوا دەکات ‘مافی دیموکراسی بۆ ئازەرییەکان و کوردەکان بدات و لەسێدارەدانەکان کۆتایی پێ بهێنێت’، بۆ ئەمە دەبێت دەستپێشخەری بەکاربهێنن، بێگومان ئەمە بە واتای جەنگ نایەت بەڵام تا لەسێدارەدانەکان بەردەوام بێت (پژاک) چەک دانانێن، ئێستا دەبێت بچنە پڕۆسەی دیالۆگ و ئاگربەست لەگەڵ ئێران، دەکرێت کارێکی یەکگرتن (ئینتێگرەیشن) بەسەر ئێراندا بسەپێندرێت،)
تێبینی هەیە کە پەکەکە ئەو هێزانەی لە عێراق کشانەوە ناردوویەتی بۆ سوریا، ئەم دۆخە ناکۆکی دروست دەکات لەگەڵ لێدوانی پێشوو،
حسێن یایمان؛
بە ناوی لیژنەکەوە لێرەن، پرسیارەکانی میللەت لەو دەپرسێت، گوێی هەموو تورکیا لێرەیە، کەشوهەوای ئێرە کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت، ئەمە بۆ تورکیا و ناوچەکە مێژووییە،
وەک هاوپەیمانی جمهور بەڕێز سەرکۆمارمان و بەڕێز دەوڵەت باخچەلی بۆ چارەسەری ئەم مەسەلەیە ڕیسکێکی زۆر گەورەیان کردووە، بۆیە میللەت چاوەڕێی هەنگاوی خێراتر دەکات بۆ چارەسەری مەسەلەکە،
لە ئەنجامدا بە ناوی لیژنە و تورکیاوە ناچارن سەرکەوتوو بن، ئەگینا کەشوهەوا و دۆخی شەقام دەکرێت بگۆڕێت بۆ دۆخێکی تەواو جیاواز،
میللەت بانگەوازی ٢٧ی شوباتی ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بە گرنگ دەزانێت، بەڵام داواکاری هەیە بۆ هەنگاوی پراکتیکی زیاتر، بە هەستیاریی هەموو بنەماڵەی شەهیدانەوە هاتوون،
لە دەستەی کەسانی ژیر (عەقڵمەند)دا بووە، ڕووبەڕووی کاردانەوەی زۆر جدی بووەتەوە، ناچارن سەرکەوتوو بن، لە خاڵی هەنگاوە پراکتیکییەکاندا ئەو ئەنجامەی لێرەوە دەردەچێت یان دەبێتە هۆی بەردەوامی پڕۆسەکە یان ئەنجامێکی تر،
لەناو ئەم مێژوویی بوونەدا هەم لیژنەی پەرلەمان هەم ئەم دیدارە واتای مێژوویی زیاتری پەیدا کرد، هەموو ئەوانەی بەدواداچوون بۆ دیدارەکانی دەوڵەت-ڕێکخراو دەکەن دەزانن، لە ساڵانی ١٩٩٣-١٩٩٥-١٩٩٩-٢٠٠٩-٢٠١٤ دەرفەتی گۆڕینی هەموو ئەم مێژووە هات، بەیاننامەی ٢٧ی شوبات و بەستراوە بەوەوە دەبێت هەنگاوە پراکتیکییەکان خێرا بکرێن، چاوەڕوانی لە لیژنەکە زۆر بەرزە و نابێت بکەونە هەڵەکانی ڕابردووەوە، دەستێکی نەبینراو و میکانیزمێکی کودەتا هەیە، ڕێگای دەرچوون لەمە ئەوەیە کە ڕێکخراو لە سوریا و تورکیا و هەموو شوێنێک پابەندی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێت،
یادەوەری مێژوویی برایەتی ١٠٠٠ ساڵەی تورک و کورد پێکەوە دابین دەکەن یان وێرانی/قەیرانی جەنگێکی زۆر گەورەتر لەوەی ئەمڕۆ دەژین، (لەسەر ئەمە فەتی یڵدز وتی ‘بانگەشەکردن بۆ شتێک کە بۆ تورکیا هەرگیز ڕوونادات دەبێتە تێکدانی پڕۆسەکە، دەبێت ئاگاداری ئەمە بن’.)
مەترسی کودەتا هەیە، دەبێت ئەمە ڕوونبکرێتەوە،
مەسەلەی بنەڕەتی ئەوەیە وەک شاندێک کە ئاگاداری هەموو یادەوەری و ڕاستییە مێژووییەکەیە ئەگەر تورکیای بێ تیرۆر بێتە دی، تورکیا چاوەڕێی هەنگاوی پراکتیکی دەکات، (لەسەر ئەمە عەبدوڵڵا ئۆجەلان وتی ‘بەدوای جووڵەی پۆزەتیڤەوەیە’.)
هەموو ئەوانەی هاتوونەتە لیژنەکە وتوویانە دەبێت هەنگاوی پراکتیکی بنرێت، دەبێت زۆر خێرا جووڵە بکرێت،
بەرگرییەک هەیە، چونکە گواستنەوەی ناوەندی ڕێکخراو لە قەندیلەوە بۆ گۆڕەپانی سوریا کێشەکە چارەسەر ناکات، ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) وەک ڕێبەری ڕێکخراو دەبێت فەرمانی یەکلاکەرەوە بدات، هەموو رای گشتی و تورکیا چاوەڕێی ئەمەن، کاتێک ئەمە جێبەجێ بکات کەشوهەوایەکی تر دروست دەبێت،
هەموو ئەو چینانەی لە لیژنەکەدا گوێیان لێ گیراوە وتوویانە ئەگەر توندوتیژی کۆتایی پێبێت تورکیا زۆر دەچێتە پێشەوە، بۆیە پێویستی بە هەنگاوی بەرجەستە هەیە، لە بیریان دەبێت کە میکانیزمی کودەتا دەکرێت کارا ببێت،
نەهێشتنی هەموو ناکۆکییە مێژووییەکە و دۆزینەوەی ڕێگایەکی نوێ ئەرکی لیژنەکەیە،
خۆی بەڕەچەڵەک تورکمان و ئایدیاخوازە و لەپێناو برایەتیدا دەستپێشخەری کردووە،
دامەزراندنی لیژنەکە مێژووییە، بە زۆرینەی پێویست (nitelikli çoğunluk) هاتوونەتە ئێرە، میللەت چاوەڕێی وەڵامە بۆ پرسیارەکانی ‘ئەنجام چییە ئایا لە سوریا چەک دادەنرێت؟ ئایا دایکانی دیاربەکر کە منداڵەکانیان دەوێت بە منداڵەکانیان دەگەن؟ ئایا چەکەکان تەنها لە دەست نا لە زهنیشدا دادەنرێن’،
کاتێک لێرە دەچنە دەرەوە ڕۆژنامەنووسان پرسیار دەکەن، لێدوانێک دەدەن، مەسەلەی بنەڕەتی لێرەدا وەک ئەوەی بەڕێز سەرۆکی تەشکیلات وتی (کێشەی) پێداڵ لێدانە، رای گشتیش دەزانێت کێشەکان بە ڕۆژێک چارەسەر نابن، دیاریکردنی نەخشەڕێگا، دانی پەیامی پۆزەتیڤ، بەرزکردنەوەی چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییەکان زۆر گرنگە، لە تورکیا سایکۆلۆژیایەکی سیاسی وا هەیە، هەموومان پێکەوە ناچارین ئەمە سەرکەوتوو بکەین،
دەبێت ئەم هەنگاوە مێژووییە بە ئەنجامێکی مێژوویی بەرەوپێش ببەن ئەگینا بەرەوپێش ناچێت،
بە پارێزەوە گەشبینە، ڕابردووی هەرگیز لەبیرنەکردووە و رایگەیاند کە دەبێت بۆ بەدیهاتنی تورکیای بێ تیرۆر کار بکات،
گوڵستان کڵچ کۆچیگیت؛
زۆر باش و تەندروست دیارە، تەندروستیشی زۆر باش دیارە، گوێیان لە زۆر چین گرتووە، بە ناوی لیژنەکەوە لێرەن، دەیانەوێت گوێی لێ بگرن، دەیانەوێت بیرکردنەوەکانی ئەویش (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لەگەڵ رای گشتی بەش بکەن،
ئەوەی کوردەکان بە ڕێکخستنی خۆیان تێکەڵ بە کۆمار ببن، کۆماریش کارەکتەرێکی دەبێت، چۆن کۆمارێک دەبێت، بەلایەوە جێگەی پرسیارە،
بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە، بۆ بەهێزبوونی دەستی ئەو (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بۆ ئەوەی هەموو وتەکانی بچنە بواری پراکتیکەوە لیژنەکە چی لە ئەستۆیە دەیانەوێت بیرۆکەی ئەو بزانن،
سبەینێ ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، سڵاوی ژنانیان گەیاند.
