بنچینە و بنەڕەتی وشەی سۆمەر (Sumer)

بنچینە و بنەڕەتی وشەی سۆمەر

د. ئاسۆس محەمەد مەلا قادر

ئامانجی ئەم بابەتە بریتیە لە خسنەڕووی بنچینە و بنەڕەتی زاراوەی سۆمەر (شومێر) لە ڕوانگەی واتا و چوارچێوەی جوگرافیەوە. هەر لەم سۆنگەیەشەوە هەوڵدەدەین سەرە داوێک لەبارەی پانتایی و سنووری سۆمەر بە گوێرەی سەرچاوە سۆمەری و ئەکەدییەکان هەڵبکڕێنین. سەرچاوە یۆنانی و ڕۆمانیەکانی نووسەرانی کلاسیکی ئاماژە بەم ناوە نادەن و هیچ شوێنەوارێکی ئەم ناوەیان لە دوای خۆیان بە جێ نەهێشتووە. بەڵام  تەوڕات ئاماژە بەم چەمکە جوگرافیە دەدات. هەروەها لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا خۆمان لەو پرسانە بە دور دەگرین، کە لەبارەی سۆمەرەوە پڕن لە گرێ و گۆڵە و جێگەی مشت و مڕی زانایانی ئەم بوارە. توێژەران دەتوانن بۆ بەدواداچوونی زیاتر بگەڕێنەوە سەر ئەو سەرچاوانەی لە پەراوێزدا ئاماژەیان پێدراوە. بە تایبەتی ئەو بابەتەی لە “RlA” لە بارەی سۆمەر بڵاوکراوەتەوە، کە تیاییدا هەموو سەرچاوە گرنگەکان لەمەڕ هەر خاڵیكی بایەخداری سۆمەر ئاماژەیان پیدراوە.

زاراوەی سۆمەر[1] لە وشەی ئەکەدی شومێرو umeruš وەرگیراوە[2]. لە سەرچاوە مێخییە سۆمەرییەکاندا سۆمەر بە کی-ئێن-گی(ر) (ki-en-gi(r)) ” (𒆠𒂗𒄀[3] ناو دەبرا. ئەکەدییەکان لە جیاتی وشەی کی-ئێن-گی (ر) زاراوەی شومێرو، مات شومێر (وڵاتی سۆمەر) یان بەکاردەهێنا[4]. زاراوەی جوگرافی سۆمەر و ئەکەد لەسەردەمی پاشایانی بنەماڵەی ئوری سێهەمدا بۆ دیاردیدان بە بابل بووە واتا هەم باکور و هەم باشووری شاری نیپور. ئەم چەمکە جوگرافیاییە لە هەزارەی سێهەمدا  ڕێک لەگەڵ سنوور و چوارچێوەی بەکارهێنانی زمانی سۆمەریدا دێتەوە. چونکە زمانی سۆمەری لە ناوچەکانی باشووردا قسەی پێ دەکرا و زمانی ئەکەدیش لە ناوچەکانی باکوری بابلدا زمانی ئاخاوتن بوو. لەسەدەی هەژدەهەمدا سەمسو-ئیلونای پاشای وڵاتی بابل بە ڕوون و ڕاشکاوی ریمسینی یاخی و هەڵگەڕاوەی شاری لارسا  بە پاشای وڵاتی سۆمەر (لوگال کی-ئێن-گی 𒆠𒂗𒄀 ) ناو دەبات و ناوی جوگرافی ئەکەدی لێ دادەماڵێت[5].  ئەم چەمکە لە سەردەمی گودیای پاشای لەگەشدا زیاتر بۆ ناوچەکانی باشوری بابل بەکارهێندراوە. ئوتوحیگال ئەم چەمکە بۆ باشوری بابل بەکار دەهێنێت بەبێ ئەوەی سنوورکانی باکوری ئەم ناوچەیە دیاری بکات[6]، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە نووسێنێکدا وشەی نیشتیمان (کالام ) بۆ باکور و  وشەی کی-ئێن-گی(ر)) بۆ باشوور بە کار دەهێنێت[7].  ئوتوحیگال لە چوارچێوەی بانگەشە و چاوەڕاوەکانیدا وا خۆی پێشان دەدات، گوایە پاشایەتی وڵاتی سۆمەری هێناوەتەوە جێگەی خۆی و گوتیەکانی تێک شکاندووە، بەڵام چوارچێوەی دەستەڵاتی پاشای گۆرین لە دەوروبەری شارەکانی ئور و ئورک و لەگەش تێنەپەڕیووە. لە ڕاستیدا ئورنەمۆی پاشای بنەماڵەی ئوری سێهەم بوو، کە گوتیەکانی بەیەکجاری لەوێ دەرپەڕاند[8].

زاراوەی سۆمەر و ئەکەد بە گوێرەی سرودێکی سۆمەری بەشی باشور و بەشی باکوری شاری نیپور دەگرێتەوە. زاراوە جوگرافییەکە بەشێوەی کی-ئێن-گی کی-ئوری “سۆمەر و ئەکەد” بە کارهێندراوە[9].  هەمان زاراوە لەلایەن پاشایانی بنەماڵەی ئوری سێهەمی سۆمەریشەوە بە کارهێندراوە و نازاناوی (لوگال  کی-ئێن-گی کی-ئوری: پاشای ولاتی سۆمەر و ئەکەد) یان لە خۆیان ناوە  و وەک ناوونیشانی شاهانە لە پاڵ ناوەکانی خۆیاندا دایان ناوە. نەریتی بەکارهێنانی ئەم  ناوونیشانە شاهانەیە لە ئورنەمۆوە دەست پێدەکات[10]. ڕیمۆش، کە پاشایەکی ئئمپراتۆری ئەکەدییە لە نووسینەکانیدا ئاماژە بە سێ شاڵاوی کەمەرشکێن بۆسەر وڵاتی سۆمەر (شومێرو) دەدات[11]. هەروەها شاڕ-کالی-شاڕی نووسیوویەتی، کە چۆتە کی-گی:ئێن (سۆمەر).

لەسەروبەندی کۆتای چەرخی بەرەبەیانی بنەماڵەکاندا، لوگالزاکیزی هەریەکە لەچەمکی جوگرافیایی وڵاتانی خۆیی و وڵاتانی بیانی لە یەکتری جیا دەکاتەوە. ئەوەتا لە نووسینێکیدا بانگەشە دەکات، کە  هەموو فەرمانڕانەکانی (ئێنسی٢  )  وڵاتانی بیانی و ناوخۆ لە شاری ئوروکدا ستایشی دەکەن[12] و خؤشی بە پاشای شاری ئوروک و پاشای نیشتیمان (کالام ) ناوزەند دەکات[13]. ئینجا کەوابوو چەمکی جوگرافی کی-ئێن-گی(ر) (ki-en-gi(r)) ” (𒆠𒂗𒄀 بەو ناوچانە گووتراوە، کە فەرمانرانەکان لە باشووری بابلدا خستوویانەتە ژیر ڕکێفی خۆیانەوە و جگە لە پاشاکانی سەردەمی بنەماڵەی ئوری سێهەم هیچ فەرمانرانێکی پیش ئەو سەردەمە ئاماژەی بە پانتای سنوور و چوارچێوەی جوگرافیایی سۆمەر (کی-ئێن-گی(ر))  نەداوە. پاشاکانی سەردەمی بنەماڵەی سارگۆنی ئەکەدی ئەم چەمکە بۆ باشوور بە کار دەهێنن. نووسینە سۆمەرییەکان چەمکی کی-ئێن-گی وەک هاووبەرامبەری چەمکی نیشتیمان ( کالام ) و چەمکی کور-کور( kur-kur )  وەک دژە واتای نیشتیمان واتا وڵاتانی بیانی بەکار دەهێنن. چەمکی شومێر یەک جار بە شێوەی شوماروم (šúm-ar-rú[m])[14] لەسەردەمی پێش سارگۆنی ئەکەدیدا لە نووسینەکانی ئێبلادا ئاماژەی پێدراوە. دەقە وێژەییەکانی سەردەمی بابلی کۆن چەمکی جوگرافیایی کی-ئێن-گی بەشێوەیەک بەکار دەهێنن، کە بەڕوون و ڕاشکاوی سەرلەبەری ناوچە لیتەییەکانی وڵاتی بابل دەگرێتەوە[15]. دەقە سۆمەرییەکانی دیکە یا ئەوەتا چەمکی کی-ئێن-گی (ر) بۆ ناوچەی دیاری نەکراوی باشوور و ناوەڕاستی وڵاتی بابل بەکاردەهینن یانیش مەبەستیان لەم سەرتاپای وڵاتی بابلە.  جێگەی سەرنجە، کە هەرگیزاو هەرگیز دەقە سۆمەرییەکان چەمکی کور-کور (وڵاتانی بیانی) یان بە تەنها بە کار نەهێناوە، بەڵکو هەمیشە وەک پێچەوانەی چەمکی وڵاتی سۆمەر (کی-ئێن-گی (ر)) نووسیوویانە. ئەم زاراوەیە لە نووسینەکانی هەزارەی یەکەمدا وەک ڕێنووسێکی بەندوباو بەکاردەهێندرێت.  ئینجا جگەلەوەی بەمەبەستی ئاماژەپێدان بە وڵاتی سۆمەر (شومێرو) دەنووسرا، وەک وشەیەکی سۆمەری بۆ ئاماژەدان بە وڵات (ئەکەدی: ماتو)ش بەکاردەهێندرا[16].

پاشا ئاشورییەکانی بنەماڵەی سارگۆنی ئاشوری بە شێوەیەکی ناوازە لە جیاتی وڵاتی شومێری (مات شومێری) ڕێنووسی سۆمەری کور ئێمێ.گی٧ کی) بەکار دەهێنن[17].  جگە لە سەرچاوە مێخییەکان ناوی سۆمەر لە پەڕاوی پێرۆزی کۆنیشدا بە شێوەی شینعار دەردەکەوێت[18]. بە گوێرەی پەڕاوی کۆن (تەوڕات) خاکی شینعار بابل و ئورک ئەکەد دەگرێتەوە و بەمەش بە ڕوونی وڵاتی بابل دەگەیەنێت. ئەم جۆرە ئاماژەپیدانەی تەوڕات ئاماژەپێدانەکەی ئێبلای سەردەمی بەرەبەیانی بنەماڵەکانمان بەبیردەخاتەوە (بروابە پیشووتر)[19]. چەمکی سۆمەر لەسەرچاوە کلاسیکیە یۆنانی و ڕۆمانیەکاندا ئاماژەی پێ نەدراوە.

Abbildung 1 Sumer:  Luc Bachelot /, Francis Joannès Dictionnaire de la civilisation mésopotamienne, 792-798.


[1]  لەبارەی سۆمەر و وڵاتی سۆمەرەوە بڕوانە: طە باقر، مقدمە فی تاریخ الحضارات القدیمە، بغداد ١٩٧٣، ٨-١١؛ Dietz Otto Edzard, Geschichte Mesopotamiens, von den Sumern bis zu Alexander dem Großen, München 2. Aufl. 2009; George Roux, La Mésopotamie, 1995; Gebhard J. Selz, Sumerer und Akkader, München 2005.

[2] Otto Edzard, Sumerian Grammar, Brill 2003, 1

[3]  بەراوردی بکە بە: فوزی رشید، قواعد اللغە السومریە، بغداد، ص ٢٧.

[4] J. S. Cooper, Sumer, RlA 13 (2011–2013) 290–297

[7] RIME 2.13.41-45; 29, 129.

[8] بۆ زانیاری زیاتر بروانە: Sollberger, UR III Zeit Annäherungen 3, 1999, 121 ff.

[9] TCS, 3, 18:28.

[10] بۆ سەرچاوەی زیاتر لەبارەی بەکارهێنانی ئەم ناوونیشانە هەر لە ئورنەمۆوە هەتا دەگاتە سەردەمی کۆڕشی ئەخمینی بڕوانە: J. S. Cooper, Sumer, RlA 13 (2011–2013) 291

[11] RIME 2.1.2.4

[12] RIME 1.14.20.1

[13]  بۆ سەرچاوە و زانیاری زیاتر بڕوانە: J. S. Cooper, RlA 13 (211-2013 ) 219

[15] J. S. Cooper, Sumer, RlA 13 (2011–2013) 292.

[16] CAD, Vol. 10, M 1 ; AHW, Bd. 2, mātu.

[17] Ran Zadok, TAVOB 7/8 (=RGTC 7/8); Ariel M. Bagg, TAVOB 7/2/1 (=RGTC 7/2/1); Ariel Bagg, TAVOB 7/3/1 (RGTC 7/3/1) .

[18] کتاب المقدس، عهد القدیم، سفر التکوین، اصحاح ١٠: ١٠.

[19] لەبارەی مشت و مڕی پەیوەندی شینعار بە سۆمەرەوە بڕوانە J. S. Cooper, Sumer, RlA 13 (2011–2013) 293

Website | + posts