زمانی دایکی، زمانی دڵ

بڕوا شێخ ئەحمەد


بە وتەی دەروونناسەکان زمانی دایک، ئەو زمانەیە کە دایک کاتێک دووگیانە قسەی پێ دەکات و منداڵەکەش لەناو زگی دایکیدا هەستی پێ دەکات.
بە گوێڕەی ڕاپۆرتی دامودەزگاکانی تایبەت بە پەروەردی منداڵان، نزیکەی لەسەدا ٥٠ی منداڵان وم ێرمنداڵانی ٦ تا ١٨ ساڵ لە جیهان لە خوێندن یان تەواوکردنی پۆلەکانی قوتابخانە بێبەشن.
لە کاتێکدا یاساکانی تایبەت بە پەروەردە لە هەموو وڵاتان و ڕێکخراوی یونسکۆش پەروردەی شایستە بە مافێکی ڕەوا و مرۆیی دەزانن و پەروەردە بە زمانی زگماکیش بە شایستەترین شێوازی پەروەردە و بارهێنانی زارۆک دیاری کراوە، پەروەردە بە زمانێک جیاواز لە زمانی زگماکی، بە مانای زوەتکردنی مافی بنەڕەتیی مناڵ لە پەروەردە و پیشاندەری نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیە.
 منداڵێک کە زمانی زگماکی خۆی فارسییە و پەروەردەی بە زمانی فارسی بۆی ڕەخساوە، لە بەرانبەر ئەو منداڵەی کورد، ئازەری یان بەلووچە دەرفەتێکی زۆرتری بۆ فێربوون و گەشەی زانستی لەبەردەستدایە.
ئەوسیستەمە پەروەردەی بە زمانی دایک خوێندن فێر منداڵ ناکات، لە ڕاستیدا ئەو منداڵانە دەخاتە بەر مەتەرسیی دەیان خەساری کۆمەلایەتی _ دەروونی و چەوسانەوەی زانستی، لەلایەکی دیکەوە ئەو دەوڵەت و دەسەڵاتەی مافی خوێندن بە زمانی زگماکی لە بەشێک لە کۆمەڵگە زەوت دەکات، خۆی بە ئاشکرا پەرە پێدەری نابەرانبەری زانستی و کۆمەلایەتی و لێکترازانی نەتەوەکانە.
کاتێک ماوەی ١٢ ساڵ منداڵ لە بیرکردنەوە و ئەزموون و فێربوون بە زمانی دایکی بێبەش دەکرێت؛ زمانی هەست و دڵ و سۆزی لەناو دەبرێت، ئەو کاتەی خوێندنی باڵا و زانکۆی تەواو کرد لە ژیانی کۆمەڵایەتی خەسارەکانی بێبەشی لە ڕاهێنان و خوێندن بە زمانی دایک لەسەر ژیان و کەسایەتی و ڕوانگەی بە پرسە کۆمەلایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەکان خۆی پیشان دەدا.
هەر زمانێک نوێنەر و دەنگی گەل و کولتوورێکی جیاوازە، زمان شوناسی نەتەوەییە، زمان یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی دروستبوونی دەوڵەتنەتەوە و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی وڵاتانە، هەر بۆیە پێداگری لەسەر زمانی دایک و زگماکی واتای سۆز بۆ وڵات و نەتەوەی خۆتە، زۆر وڵات لەسەر بنەما و فاکتەری زمانی هاوبەشی دایک دروست بوون.
زمانی زگماکی پەنجەرەیەکە بۆ ڕوانین بەرەو دونیای دەرەوە و دۆزینەوەی دەلاقەی نوێ بۆ پەروردە و خوێندن بە زمانەکانی تر، هەر سەبارەت بە گرنگی ئەو خاڵانەی ئاماژەم پێ کرد، نیلسۆن ماندێلا دەڵێ: “ئەگەر لەگەڵ کەسێک بە زمانێک بدوێین کە لێی تێ دەگات مێشکی بەروەلای خۆت دێنی، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ئەو بە زمانی دایکی خۆی قسە بکەی، قسەی دڵی ئەو دەکەی دڵی بەدەست دێنی”.
زمانی دایک، زمانی هەست و سۆزی مرۆڤە، کاتێک هەست و سۆز لە کەسێک زەوت بکرێت، تووشی نەخۆشیی دەروونی و ڕووخانی کەسایەتی دەبێت، ئەوەیە کە ئەمڕۆ زۆربەی منداڵانێک کە بە زمانی دایکی پەروەردە و خوێندن تەواو ناکەن، لە دەربڕینی هەست و سۆز و ئەرک و بەرپرسیارییەتیی خۆیان لاواز دەردەکەون و کەسایەتیی خۆیان لە خەڵکانی تردا دەبیننەوە.
زمانی دایک، زمانی عەشق و شیعر و ئاوازی ڕەسەنە، هەموو گەلان بە دەیان ئاواز و هەڵبەست و چیرۆکی عەشق و خۆشەویستی فۆلکلۆریان هەیە کە تەنیا بە زمانی دایکی دەتوانن بینووسن و بیگێڕنەوە، شیعری مەولانا، هەڵبەستەکانی شەهریار و هۆنراوەکانی وەفایی و هێمن بە زمانی زگماکی چێژ و تایبەتمەندی تریان هەیە بۆ خوێنەران.
کەسێک نەتوانێت بە زمانی دایکی داهێنانی ئەدەبی و زانستی بکات، ئەگەر بە دەیان داهێنان بە زمانی بێگانە بکات هێشتا کامڵ نەبووە لە خوێندن و زانست و خوێندنەوە و داهێنان، کەوابوو زمانی دایکیمان بپارێزین کە پاراستنی کەسایەتی و شکۆی خۆمانە.

Website | + posts