دارا مۆستەوفی
(چۆن سەربەخۆییخوازیی؟)
نووسراوەی لەبەردەست بە مەبەستی ئاشکراکردنی گۆڕانێکی بنەمایی لە نێو بزاوتی کۆمەڵایەتی کوردستان، تەنیا هەوڵی پێشاندانی چەند خاڵێکی پەیوەندیدار بەم ڕاگوێستنە ئەدات.
شکستێکی گەورە
بەگژداچوونی کۆمەڵگای کوردستان لە قەوارەی ڕێکخراوەیی لەگەڵ دەسەڵاتداریی ئێران بوو بە یەکەم هەوێنی وێنای سیاسی کورد سەبارەت بە جۆرەکانی بەڕێوەبەری ناوخۆیی. ئەم وێنا سیاسییە ئێستا دەکرێ وەک پەیمانشکێنی و هەڵەیەکی مێژوویی ببینرێتەوە، بەڵام بە وردبوونەوەیەک لە بەرامبەر بە هۆکارەکانی ئەم جموجۆڵە سیاسییەی کۆمەڵگای کوردستان دەکڕێ تا ڕادەیەک لە تێگەیشتن سەبارەت بە میکانیزمە بنەماییەکەی بەگژداچوونی کۆمەڵایەتی نزیک ببینەوە.
پرۆپاگاندای بەرفراوانی لایەنە سیاسییەکان لە ئێران توانیبووی لەگەڵ ژێرخانە پێشنەکەوتووەکانی کۆمەڵی خەڵک هاوپلە بێت؛ ئەم پرۆپاگاندای سیاسییە بۆ یەکەم جار کۆبوونەوەی خەڵکیی ساز کرد و بە هۆی پێشنەکەوتوویی و ناڕێکی بنەمایی لە پرۆسێسی خەڵکداریی، کۆبوونەوەی خەڵکیی وەک کۆمەڵایەتیبوونی خەڵک پێشاندا. جیاوازیی کۆبوونەوەی خەڵکیی و کۆمەڵایەتیبوونی بزاوتێک لەوەدایە کە کۆبوونەوە جۆرە لالێدانەوە و پەرچەکردارێکە کە بە هۆی هەرا و گرمەگرمێکی سیاسی بەردەوام بەرفراوان دەبێت. واتە ئەو هەرا سیاسییەی کە ڕێبەرانی فارس نابوویانەوە، بانگهێشتێکی بەجۆش بوو بۆ کۆبوونەوە و خەیاڵکردنی ئەوەیکە کۆبوونەوەی خەڵکیی هەنگاویی سەرەکی دروستکردنی کۆمەڵگای ئێرانییە. ناوەڕۆکی بیرۆکەیی ناسنامەی فارسی-شیعی پەیوەندییەکی قووڵ و هارموونیکی لەگەڵ پێشنەکەوتوویی واقیعی گرتبوو، ئەمە لە کاتێکدایە کە بزاوتێکی کۆمەڵایەتی لە هەنگاوی سەرەکی خۆیدا هەوڵی پێداچوونەوەی نێوەکی لەسەر کەموکوڕیی مێژوویەکی کۆمەڵایەتی و هەروەها فۆرمولەکردنی خواستەکانی دەدا. بە پێچەوانە، بێجگە لە نەبوونی هیچ پرۆسێسێکی کۆمەڵایەتی، پرۆپاگاندای سیاسی کە دەرهێنەری ئەم کۆبوونەوە خەڵکییە بوو بە شاردنەوەی پرۆژەی ناسنامەیی ئێران توانیبووی هاوکات ڕەسەنایەتی خەڵک بە خەڵکی خۆی پێشکەش کاتەوە و ئەم پرۆژەی ناسنامەییە وەک میکانیزمی داهاتووخوازانەی خوڵقاندنی کۆمەڵگای ئێرانی و هاوکات لەناوبردنی کۆمەڵگای کوردستان بکارێنێت. بەڵام دوای تێپەڕینی پێنج دەیە و پرۆژە دەوڵەتییەکان هێشتا ئەو مەبەستە لە کۆمەڵگای ئێرانی کە لە ئەساسدا پڕۆژەیەکی ئیمپریاڵی فارسە لەبەر بەهێزی تایبەتمەندییەکانی ناسنامەی فارسی-شیعی و هەروەها بەپێزتربوونی سنوورەکانی ناسنامەی کوردی نەخولقاوە.
بە هەر شێوە، لەو سەردەمەدا بێبەشیی پێکهاتەی کولتووری ئێرانی و پێشنەکەوتوویی ژێرخانە بەناو کۆمەڵایەتییەکان ئەم لالێدانەوە و سەرنجی خەڵکییەی بە هەرا سیاسیەکە زۆرتر کردبوو تا ڕادەیەک هەستبزوێنی کە تایبەتمەندی کۆبوونەوەی خەڵکییە ببوو بە پێشاندەریی ڕێگای ئازادی کە خودی ئەم چەمک و مانایانە بەبێ پاشخان و تەقەلایەکی مێژوویی هەر لەنێو هەرای سیاسی ناو نرا و بۆ یەکەم جار پێشکەش کرا. دروشمە سەرەتایییەکانی ڕێبەرانی فارس بەبێ کۆنتێکستێک کە نوێنەرایەتی پەیکەرەیەکی کۆمەڵایەتی بکات جارناجار لەگەڵ بایەخەکانی شارومەندێکی ڕۆژاوایی هاوتایی دەکرد. ئەم دروشمانە نەبوون کە خەڵکیان بەسیج دەکرد ئەگەرچی وێنای چارەنووسێکی هاوبەش کە پێویستییەکی ناسنامەیی بوو هاندەری ئەم خۆ بە بەشێک لە کۆمەڵ زانینە بوو.
بەڵام پێش ئەم پێناسە ئێرانییەی چارەنووسی هاوبەش و خولقاندنی سوبژەی سیاسی-کۆمەڵایەتی، خەڵکی کوردستان هاوبەشییەکی زۆرتری لەنێو جۆرەکانی بەڕێوەبەرایەتی ژیان و گوزەراندنی ڕۆژگار دەدیت. ئەم هاوبەشییە نەک ئاگادارییەکی بەرهەست وەک تێگەیشتن لە زێد وەک وڵاتێکی داگیرکراو، بەڵکوو ئاشنایەتییەکی سەرەتایی لەگەڵ ناسنامەی کوردستانی بوو. ئاشنایەتییەک کە بەبێ فۆرمولی سیاسی و لە پێش دەستپێکردنی پرۆژەی دەوڵەتانی دەستکرد لەنێو نەریت و کولتووری کوردی بەردەوام ئێلمنتی چارەنووسی هاوبەشی لە خۆ گرتبوو و هەروەها ئەم نەتەوەیەی لە گۆڕانکاری و هێرشەکانی چەند سەدەی ڕابردوو پاراستبوو. ئەمە بە واتای ئەوە نییە ئێمەی کوردستانی لەبەر تێپەڕکردنی پرۆسێسێکی ناهاوشێوەی کۆمەڵایەتی لە نێو پێکهاتەیەکی جیاواز دەژیاین (بابەتێک کە بۆ نموونە د.قاسملوو پێی وابوو ناهاوسەنگی لە گەشەی پیشەسازیی و ئابووری، کوردستانی لەگەڵ ئێران ناهاوشێوە کردووە. ئەو ئەم ناهاوسەنگییە وەک دەرەنجامی فەرمانبەریی سیاسی ئێران، بەهێزتر لە ڕۆڵی ناسنامەی کوردستانی دەدیت. بێجگە لەوەیکە ئەم ڕوانینە ئێستا وەک هەڵەیەکی شیکارانە و سیاسی دەخوێنرێتەوە، پێشمەرجی خودی ڕوانینەکەش بە گریمانە وەرگرتنی ناسنامەی کوردی و هەبوونی شتێک بەناو کۆمەڵگای کوردستانە[1]) سەرەڕای ئەوەش ئەم خاڵە دوایینە ئاماژە بە ناکاریگەری پرۆپاگاندا گشتییەکە لەسەر کوردستان و تاقمی ڕووناکبیری کورد ناکات. ژیانی کوردانە و چارەنووسی هاوبەش تا ئاو ڕادەیە وەک بنەمای کۆمەڵگای کوردستان ئاسایی بوو کە کەسایەتییە سیاسییەکان دەستبەجێ پێشوازیی خەڵکیان وەک ئەساسی پرۆژەی سیاسی-کۆمەڵایەتی وەرگرت نەک وەک هەوێنێک بۆ ئامادەکردنی پرسێکی نەتەوەیی کە وڵات وەک داگیرکراو بناسێنێت. ئەم وەرگرتنە لە ئەساسی خۆیدا نەک نیشانەی هەڵەیەکی تیۆریک لە خوێندنەوەی دۆخی کۆمەڵگای کوردستان بەڵکوو هێمای ئاسایی بوونی ناسنامەی کوردی بۆ کوردستانیان و پەنابردنی کەسایەتی سیاسی بۆ ئایدیالۆژی بوو. تەنانەت دەکرێت توانای ئۆرگانیزەکردنی بەرچاویی کۆمەڵگا لەم تێگەیشتنە ناڕاستەوخۆیە لە ناسنامەی کوردستانی و چارەنووسی هاوبەش لەنێو پەیوەندییەکی مانادار ڕەچاو بکرێت. کۆمەڵگای کوردستان و بە تایبەت ڕووناکبیران پێویستییەکیان بە فۆرمولەکردنی ناسنامەی کوردستانی و پرۆبلمایز کردنی ئەوە لەنێو بزاوتێکی نەتەوەیی نەدەدیت. ئەگەرچی لەژێر مەترسی بوونی وڵات، زۆرداری دامەزراوە دەوڵەتییەکانی ئێران کۆمەڵگای کوردستانی بۆ هەرا گشتییەکە ڕاکێشابوو، و هەروەها کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد کە لەنێو حەزێکی سیاسی ئێرانی پەروەردە کرابوون بۆ خۆیان فاکتەرێکی گرنگ بوون بەڵام ئەو بابەتەی کە وەک لەژێر مەترسی دەبینرا نەک ناسنامەی کوردستانی بەڵکوو ناهاوسەنگی کۆمەڵگا لەگەڵ پێکهاتەیەکی دیکە بوو. ویستی خەڵکی کوردستان ویستێک بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕی کۆمەڵایەتی و هەروەها پێشخستنی پرۆسەی کۆمەڵایەتی بوو. دەکرێت ئەم ویستە وەک پەڕانەوەیەک لەسەر پرسی کوردستان یان ناسنامەی کوردستانی بخوێنرێتەوە بەڵام سەرەڕای ئەم گۆشە نیگا ڕەخنەگرانە کە دەتوانێت خۆی دووپاتکەرەوەی ڕوانینێکی پێکهاتەخوازانەی کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە بێت، ئەو بابەتەی کە وەک پێویستی دەبینرا هاوشێوەکردنی خواستەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ پرۆسێسە سەرانسەرییەکان و تەنانەت ناوچەییەکان بوو؛ هەرچەن خودی بەداگیرکراو نەزانینی وڵات دەبێت وەک بەرهەمێکی ساغکراوی پارادایمی ڕووناکبیریی کوردی ببینرێت بەڵام بنەمای بەگژداچوونی کورد و تێکهەڵچوونی لەگەڵ دەسەڵاتداریی ئێرانی لانیکەم وەرگیراوێک بوو لە توانای ناڕاستەوخۆی کۆمەڵگا لە بە بیانی زانینی هێرشکەران. کێشەی سەرەکی پارادایمی ڕووناکبیرانە سیاسی نەبوو، بەڵکوو لەپێشدا هەڵە لە چۆنیەتی پرۆبلمایزکردنی پرسی کوردستان بوو. واتە بنچینە سەرەکییەکانی مژاری کوردستان وەک پرس چی بوون کە وەک لایەنی هاوبەشی هەموو چالاکییەکی سیاسی دەمایەوە و هەر جۆرە ڕوانینێک خۆی پێ هەڵدەساوی؟ ڕێکخراوەی سیاسی بە پێچەوانەی پرۆژەی ڕێبەرانی نەتەوەی باڵادەست خۆی وەفادار بە سنووردارکردنی ناسنامەی کوردی نەدەدیت، هەر بەم هۆیە ڕێکخراوەی سیاسی هەردەم لە هەوڵی هاوشێوە کردنی پرسی کوردستان وەک چییەتییەکی ناڕوون لەگەڵ کێشەیەکی سەرانسەری بوو. بۆیە لە بەرامبەر بزاوتی نەتەوەیی بزاوتێکی سیاسی دژ بە حکومەتی سیاسی پەرەی سەند. لە حاڵێکدا گەورەترین مەترسی لەسەر دەوڵەت و دەستەبژێرانی نەتەوەی باڵادەست خودی ناسنامەی کوردستانی و جیهانی کوردی بوو بەڵام کەسایەتی سیاسی کورد بە هۆی لاوازیی مەعریفەیی هۆکاری بە دوژمنبوونی کۆمەڵگای خۆی بۆ بیانی لێ ون ببوو.
لەم ڕوانینەوە هەست بە پێویستییەک نەدەکرا کە بە ناسنامەخوازییەوە ڕزگاری بەدیبهێنێت. سەرەڕای بەهێزی هەوڵەکان بۆ تواندنەوەی کولتوری، ئاگایی ناسنامەی کوردی، داگیرکراویی وڵاتی وەک ڕووداو و هەڵکەوتێک کە تێگەیشتنی نێوخۆیی ئەم دوایی بەسەریدا دێتەوە دەزانی.
شکستی ئێمە لەم جۆرە خوێندنەوەدا ئەمە بوو: کوردستان وەک پێکهاتەیەکی نایەکدەست بەڵام وەک کۆمەڵگا لەبەرامبەر کۆبوونەوەی خەڵکیی بەراورد کراو و ژیانی کوردانە لەم بەراوردە لەگەڵ کۆبوونەوەی خەڵکیی کە خاوەن ناسنامەیەکی نادیار و ماوەرایی بوو و هەروەها ڕواڵەتێک لە پێشکەوتنی پێشاندەدا، بە نزم نرخا. هۆکاری نەدیتنی ژیانی کوردی و تایبەتمەندییەکانی وەکوو خاڵی جیاکەرەوەی نەتەوەی کورد لە نەتەوەی باڵادەست بە ئاسایی وەرگرتنی تەجربەی کوردی و وردنەبوونەوەیەکی ئەندێشەیی سەبارەت بەم جیهانە تەجربییە بوو؛ جیهانێکی تەجربی کە وەک ژێرزەمینێک وابوو نەک وەک ڕووی فۆرماڵی ناسنامەیەک بۆ خۆناسیی کە بەردەوام هزری کوردستانی بەرهەم بهێنێت و بتوانێت هاوکێشەکانی وەک هاوکێشەی خۆی سەیر بکات نەک وەک کەمووسکەیەکی چەقبەستوو لەنێو هاوکێشە باڵاکانی داگیرکەرانی خۆی. ئەمە وەک قەیرانێکی ئەندێشەیی تا ئاستی ئاڵۆزاندنی مێنتاڵیتی سیاسی کورد گەشەی سەند و تا ئێستا خۆگچکەبینی سیاسی و کولتووری فەرماندەریی جۆری تێگەیشتنی ڕێکخراوەکان لە کۆمەڵگای کوردستانە و ئەم جۆرە لە سەقەتیی و دەربڕاندن بە وشەگەلێک وەک ڕیالیسم یان دێمۆکراسیخوازی ناودێر کراوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمڕۆ بۆ ساکارترین ئەندامێکی کۆمەڵگای ئێمە ئەم پووکانەوەی ناوخۆیی کەسایەتی سیاسی نەشارێتەوە.
قەیرانی ئەندێشەیی، نەدیتنی تایبەتمەندی جیهانبینانەی ناسنامەی کوردستانی لەگەڵ بە فورمول کردنی سیاسی و ڕێکخراوەیی پرسی کوردستان بوو بە هۆکارێک کە ئەم چارەنووسە هاوبەشە کە تایبەتمەندییەکی ناسنامەیی-تەجربی و هەروەها هۆکاری بەگژداچوونی کۆمەڵایەتی بوو، بگۆڕدرێت بە هاوبەشی و ناهاوبەشی لە ڕوانینی سیاسیدا کە خودی ئەمە دووپاتکەرەوەی کولتوورێکی ناشایستەیی قسەوباس، چەن ڕوویی و زەمکردنی یەکترین بوو. بەرە لەدوای بەرە بۆ تێگەیشتن لەم ناهاوبەشییە ڕێگەی سیاسەت و چالاکی سیاسییان لەبەرگرت و فۆرمی ئەم کولتوورە نزمە گواسترابوویەوە بۆ نێو چالاکی سیاسی کە ناوی خەباتی نەتەوەیی لێنرابوو. چەند دەیە خەبات، بە ناو خەباتی سیاسی کە لانیکەم نەکوشتنی هاووڵاتیانمانی بۆ گەرەنتی نەکرا.
وەرچەرخانێکی مێژوویی
ئێستا دوای چەند دەیە و لەنێو قۆناخە جۆراوجۆر و پێشکەوتووەکانی پرۆژەی سازکردنی کۆمەڵگای ئێرانی خودی ناسنامەی کوردی وەک قوربانییەکی قەیرانی ئەندێشەیی ڕێبەرانی سیاسیی، بۆ یەکەم جار توانای پێناسەی پرسی کوردستانی پەیدا کردووە و هێمای ئەم توانستە شەپۆلێکی بەهێزی سەربەخۆییخوازیی بەرەی نوێی کوردستانە کە لە نێو شکستێکی گەورەی فکری و پەیمانشکێنی ڕێکخراوە سیاسییەکان سەری هەڵداوە. ئەم بەرز بوونەوەی ئاگاییە لەسەر بنەمای هەڵسوکەوتی خودموختارانەی وەرگیراو لە ڕوانینی پەیوەندیدار بە نەریتی کوردییەوەیە. بەپێچەوانەی بێباوەڕیی کەسایەتی سیاسی بە کۆمەڵگای کوردستان، ناسنامە و زمانی کوردی هاوکات لەگەڵ هێرشی داگیرکەران لەسەری توانای پێشکەشکردنی فۆرمێکی نوێی بە کۆمەڵگای خۆی هەیە. ئەم جۆرە لە فۆرمی کوردانە بۆ ژیان و ڕاڤەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هاوشێوە لەگەڵ نەریتخوازی نییە بەڵکوو خۆی بەرهەمهێنەریی نەریتە بۆ خواستەکانی داهاتوو.
ناڕێکی و قەیرانەکانی ڕێکخراوە و پارادایمی ڕووناکبیرانە ئەمڕۆ زۆرتر لە پێش تاکی کوردی ئاگادارتر لە دەستپێک و دەرەنجامی پرۆژە داگیرکارییەکەی نەتەوەی باڵادەست کردووە. ئەم ئاگادارییە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی کۆتایی بە نابەرپرسیاری سەبارەت بە چییەتی پرسی کوردستان دەدات. بایەخە باڵاکانی ئەم پرسە نەک وەک لەوەپێش، جۆرێک خۆڕاگرییەکی بێ ئامانج لەژێر سێبەری پاراستنی هێما کولتوورییەکان بەڵکوو پۆتانسێلی بەرهەمێنانەوەی ئیمکانی دووبارە پێناسەکردنی پەیوەندییەکانی نێو جیهانبینی کوردستانییە. ئەم توانستە نەک تەنانەت وەک گەشەیەکی کولتووری بەڵکوو لەگەڵ لەژێرمەترسیبوونی ناسنامەی کوردی هاوکاتە. ئەم ئاگاییە مێژووییە بەجێی پەنابردن بۆ خۆنامۆییەک کە لە بەراوردی ڕواڵەتە کولتووری و سیاسییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، زێدەتر بەرهەمهێنانەوە و لە قاڵبی ئاسایی لابردنی جۆرەکانی ژیان و تەنانەت تەجربەی زمانەوانی کوردییە. ئەم ئاگاییە بە پێچەوانەی سەردەمیی ئۆتۆریتەی مەیدانی ڕێکخراوە سیاسییەکان و پاراو مانەوەی ڕێژەیی زمان و هەڵسوکەوتی پەیوەندیدار لەگەڵ نەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، بەر هێرشێکی تەواویی دامەزراوە پەرەسەندووەکانی داگیرکەر کەوتووە.
لە دوو دەیەی ڕابردووەوە ناسنامە و تەجربەی باڵای کوردی سەدان قات زۆرتر لە سەردەمی خەباتی مەیدانی و سیاسیی، لەژێر هێرشی داگیرکەرانە. بە بۆنەی زەقبوونی ئەم هێرشە فرە چەشنە و شەڕی سایکۆلۆژیک بۆ ناڕێککردنی هاووڵاتی کورد، لانیکەم دەبووایە هەر لە قۆناخەکانی دوای شکستی نیزامی لە بەرامبەر دەوڵەتی ئێرانی، چاوی ڕێکخراوە سیاسییەکان بەر بە بنیاتی پرۆژەی دەوڵەتی ئێران دەکەوت و ئەم ڕاستییە ئاشکرایە کە بەرژەوەندیی نەتەوەی داگیرکەر باڵاترین بایەخی هەر حکومەتێکی سیاسییە دانی پێدا دەنرا. بەڵام لەخۆنامۆیی و هەڵاتن لە ناسنامەی کوردی وەک بابەتێکی بێ بریقە لە بەرامبەر بچکۆلەیی گەورەکراویی کولتووری بیانی ڕێگەی بە وەفادارمانەوەی سیاسییانی کوردی نەدا. ئەم فیشەکە دوایینە دەرخەری ڕیشەیی بوونی قەیرانی بیرنەکردنەوەی ئێمەیە.
خودی کوردبوون هۆکاری داگیرکردنی وڵات لە لایەن داگیرکەرانەوە نەبوو، هیچ شتێک کوردمانەوەی ئەوەندە پێ مەترسیدار نەبوو کە سامانی وڵاتێکی بۆ تواندنەوەی تەرخان بکات. ئەمە تەنیا خەیاڵێکە کە بە پێی دەتوانین جۆری تێگەیشتنی گشتی کۆمەڵگای کوردستان لە سەردەمی پێش شکستی گەورەی پێ پێناسە بکەین. ویستی بەشداریی سیاسی و بە بەشێک لە کێشەی ئێران دەربڕاندنی خود یان خود زۆرتر لە ئێران بە ئێرانی زانین هەمووی هێمای ئەم ڕاستییەن کە پرسی کوردستان لەبەر هەڵکەوتێکی مێژوویی و ڕووداوێکی ناپەیوەندیدارەوە بووە بە پرس. لەم ڕوانینە خاوەوە، ناسنامەی کوردستانی و کوردبوون وەک چەقی پرسی کوردستان نابینرێت، بەڵکوو ناسنامە وەک عەدەت دەبێتە هۆی ئەوە چەمکگەلێک وەک مافخوازیی، دیموکراسیخوازی و خەباتی سیاسی بەرز ببێتەوە. هۆکاری هەرە سادەی ئەم هەڵە مێژووییە کە پێزانین پێی وەک تووشبوون بە شکستێکی گەورەیە لە کرچ و کاڵی و پێنەگەیشتووی لە ڕووبەڕووبوونەوە سەبارەت بەم ڕاستییەیە کە کورد هاوکێشەکانی دەرەوەی بازنەی سیاسی خۆی بە بەشێک لە کێشەی خۆی نەزانییەوە بەڵکوو جموجۆڵی ئەم لەسەر پاشخانێک ڕوو دەدات کە ئەم پاشخانە دەرەنجامی دوایین ئەندازیارییەکانی داگیرکەران لە دەرەوەی چالاکی ئەمدایە. بەم شێوە شکست و خەساری گەورەی سیاسی کە نەتەوەی ئێمە تووشی بوو نەک ڕووداوێک کە دەرەنجامی دیتێرمینیزمێکی مێژوویی کە گوایە دەبوو هەروا ببووایە، بەڵکوو لاوازییەکی گەورە لە چۆنیەتی دیتنی پرسێک بە ناو پرسی کوردستان بوو.
ئەم لاوازی و سستییە ئەندێشەییە تا ئەمڕۆ هەموو جۆرەکانی ڕوانینی تەنیوە، لە ڕوانینەکانی دەرەوەی پرسی کوردستان کە ڕوانینی ڕێکخراوەیین تاکوو ڕوانینە ڕەخنەییەکان سەبارەت بە مێژووی بزاوتی کۆمەڵایەتیی کە پرسی کوردستان بە پرسی سیاسی و ڕوانینی سیاسی دادەشکێنێت. داشکاندنەوەی پرسی کوردستان بە پرسێکی تەنیا سیاسی خۆی یەکێک لە نیشانەکانی لاوازیی ئەندێشەیی و دەربازنەبوون لە چاویلکەیەکی داگیرکراوە. ئەگەر کێشەی کورد وەک ئەنجامی هەڵکەوتێک کە لە دواییدا ئێمەی چالاک بەسەریدا دێینەوە و ڕۆڵی دەستەبەرکردنی ماف لە ئەستۆ دەگرین ببینین؛ هەر لەوێدا بە بێ مانایەکی ساغکراو و سیاسەتێکی تەنانەت عورفی لە بەرامبەر سیاسەت و پرۆژە زەبەلاحەکانی دوژمن وەستاوین.
بەڵام ئەگەر ئەم جلە ماقووڵە لەگەڵ کڵاوی بیرنەکردنەوە لەبەر نەکەین، ئەوە ڕاستییەکی فورمولە نەکراو کە بۆ هەمووان ئاشکرایە توانای دەرکەوتن پەیدا دەکات؛ ئەویش پرسی کوردستانە کە تەنیا کوردبوون هۆکاریەتی. تەنیا ناسنامە و کوردمانەوە، داگیرکەر و خاکێکی داگیرکراوی خولقاندووە.
بە پێچەوانەی ڕوانینگەلێکی پێنەگەیشتوو، ناسنامەی کوردستانی شتێکی وەرگیراو و بەدەستگەیشتوو وەک سیفەت نییە بەڵکوو وەک جیهانێکی تەجربی بنەمای هەموو جۆرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەیە لەنێو بوونی مرۆڤی کورد. هەر بۆیە ڕوو بە خود هاتنەوەی تەجربەی کوردی لەنێو تەجربەی کوردی ئەو ئاشنایەتییە مێژووییەی مرۆڤی کورد لەگەڵ نیشتمان و چارەنووسی کۆمەڵایەتی دەناسێتەوە، بە ئاسایی و وەرگیراو نایخوێنێتەوە و لێی هەڵنایەت. بەم شێوەیە سەربەخۆییخوازی، سەربەخۆبوون لە جۆرە دیتنەکانی داگیرکەرانی کوردستانە. سەربەخۆییخوازیی بێجگە لەوەیکە بە ئامانجی واقعییەتێکی سیاسی بە ناو سەرەوەری نەتەوەیی پێناسە بکرێت، پرۆبلماتیک دیتنی ناسنامەی کوردییە کە دەرفەتێک لەسەر نمامی کاڵی سەربەخۆییخوازیی دەخولقێنێت، دەرفەتێکی ئەندێشەیی و بانگهێشتێکی بەرپرسیارانەیە بۆ ڕانەکردن لە خود و تایبەتمەندییە دژ بە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە بەرامبەر نەتەوە داگیرکەرەکان.
سەربەخۆییخوازی لە بنەمایدا ئاوا سەربەخۆبوونێکە سەبارەت بە هەموو جۆرە هاوکێشەکانی پەیوەندیدار بە ناسنامەی کوردییەوە. داخوازیی سەروەری نەتەوەیی خۆیەتی چونکە سەربەخۆیە و توانایی خۆیی کردنی پرسی ناسنامەیی خۆی هەیە. بۆ تێگەیشتن لە پرسی خۆی پێویستییەکی لە دووربوونەوەیەک لە خۆی و چاویلکەیەکی سیاسی نییە. بەم شێوە هەڵسوکەتێکی ئۆتۆنۆمیک لە نێو ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هاوکێشە و بابەتە جۆراوجۆرەکان یەکەم نیشانەی خواستی سەربەخۆییخوازیی بەرەی نوێیە. ویژدان و بەرپرسیارەی سەبارەت بە پرسە خۆییەکانی ناسنامە و تەجربەی کوردی دەرەنجامەکەی دەبێت بە پابەندی بە بەرژەوەندی و ڕێسای گشتی، بەڵام لە بنیاتی خۆیدا ئەم بەرپرسیارەتییە بەرپرسیارەتی و ڕاستگۆییەکی تاکییە کە لە قۆناخی یەکەم لەبەر کۆمەڵایەتیی بوون و کەموکۆڕیی سیاسیی سەربەخۆ نییە بەڵکوو لەبۆ کراوەیی بنچینەیی خۆی ڕوو بە تەجربەی کوردی و ئاشنایەتی لەگەڵ خۆفامکردنێکی تاکەکەسیانە سەربەخۆیە. لەبەر ئەم بابەتە دوایینە، لەدایکبوونی ئیندیویدوالیەتی کوردی لەگەڵ یەکەم نیشانەکانی پێناسە کردنەوەی سەرلەنوێی بایەخ و ئەخلاقیاتی کۆمەڵگای کوردستان پێک بەستراوەتەوە.
وەرچەرخانی مێژوویی لەخۆگرتوویی گۆڕانێکی فرەچەشنە؛ بۆیە سەربەخۆییخوازیی لە بناغەدا تەوەرێکی سەرووی ئایدیالۆژی و سەرووی سیاسەتە. ئەم تایبەتمەندییە بەم خواستە وەک جۆرێک لە ئاگایی نەتەوەیی توانای ئەوەی هەیە کە شوێنکەوتوو و بەرهەمی پێکهاتە زاڵەکانی نێو سیاسەت و کولتوری نزم نەبێت. بەڵکوو ڕوو بە پێکهاتە زاڵەکان خاوەن کەشێکی نامێژوویی بێت. نامێژوویی بوونی سەربەخۆییخوازیی حەقیقەتیی وەرچەرخانێکی مێژووییە کە پێکهاتە زاڵەکان لە ئاستی خولقاندنی ئەوەدا نەبوون. نامێژوویی بوونی سەربەخۆییخوازیی تایبەتمەندیی گەوهەری ئەوە بۆ بەرهەمهێنانەوەی مێژوو و هەروەها وێنای حەقیقی ڕابردوویەک کە بتوانێت بۆ داهاتوویەکی هاوبەش ڕێگە پێشاندەر بێت.
20 April
[1]. بۆ خوێندنەوەیەکی شیکارانە سەیری ئەم وتارە بکەن: ڕێناس، ٢٠٢٠، قەیرانی ناسنامەی نەتەوەیی لە بزووتنەوەی کوردستاندا.
- از رشید یاسمی گورانی تا گردآورندگان شاهنامه گورانی - 10/06/2024
- به یاد سپردن فاجعه؛ سنندج در دو دوره از سرکوب - 10/06/2024
- بابەکر ئاغای ژیر - 10/01/2024