هەستن لە خەو کوردە ئێستعمار هەڵتان ئەلووشێ!

برایم فەڕشی


لە ساڵی ١٩٨١ و ٨٢ دوای هێرش بردنە سەر ماڵەکەمان لە تاران و ڕاپێچکردنی برایەکم بۆ زیندانی ئەوین، بە نیوەنهێنی دەژیام و دوا دیدارم لە گەڵ کۆمەڵێک لە دۆستان لە سنە و کرماشان بوو، دۆست و هاوکاری بواری هزر و هونەر بە تایبەت شانۆ. لە “قاوە”خانەیەک کە تەنیا چایی تێدا دەخورایەوە دانیشتبووین، لە مێزی تەنیشت ئێمە چەند سەربازێک بە زاراوەی ئیسفەهانی قسەیان دەکرد، دۆستێکم لێیانی پرسی” لە کوردستان چ دەکەن” وڵامیان داوە، بە “مەئموریەت” لێرەین. دۆستەکەم پێیانی گوت”سنە بۆتە موستعمێرەی ئیسفەهان”!
دەیان ساڵ لەو ڕۆژانە تێپەڕیوە، نەک سنە، سەرجەم کوردستان بە خاک و خەڵک و “نوخبەکانیەوە” موستعمرەیە، تا ئەو جێگایەی ڕەفتاری “ئیستعمارگەر” لە گەڵ خەڵک و خاک دڕندانەترە لە موستعمەرەچییەکانی سەدەی شازدە هەتا بیست کە ئاسیا و ئافریقا و ئامریکایان ڕووتاندەوە. ئاوی سنە گواستراوەتەوە بۆ قووم، ئاوی بۆکان بۆ تەورێز. گەنم و دەغل و دانی کوردستان، نانی تاران دەدات. هەرچی کارگا و کارخانە و تیجارەتی کوردستانە، بە فێڵی حکوومەتی و زەبروزەنگی ئەمنیەتی و نیزامی لە کورد ئەستێندراوە و دارودەستەی نیزامی و ئەمنیەتی و سیاسی حکوومەت بە هاوکاری ” تێکنۆکرات، بروکرات”ی کورد، هەڵیانلوشیوە.
دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە گەڵ کەسێک بە تەلەفوون قسەم دەکرد، پییگوتم دەزانی هەر ئێستا دەنگی کێ لە بڵیندگۆی مزگەڤتەوە دێ، خۆی وڵامی داوە” دوکتور…”! ئەو ڕەفیقی سەردەمی مێرمنداڵی و سەردەمی لاویتەی و یەکێک لە کەسانی سیاسی و خاوەن ئیدئۆلۆژیی بوو. چالاکێکی بواریی دێمۆکراسی، مافی مرۆڤ، بەرابەری ژن و پیاو، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و لایەنگریی مافی نەتەوایەتی خەڵکی کورد هەتا جیابوونەوە و سەربەخۆیی.


نەک دوکتور، دۆستانی تر کە زۆرینەیان پلەی باڵای خوێندنیان هەیە و هەبوو، لە کوردستان و دەرەوەی سنووری کوردستان، بوون بە خاوەنی کارخانە، شیرکەت و دامودەزگا و هاوکار و هاودەستی حکوومەت. سەمەد گوتەنی بوون بە”چۆخ بەختیار” و لە نیزامی ئیسلامی ئێراندا پلە و پایەیان پەیدا کرد.
هەر لە سەر پێوەندی پێشتر چەند کەسێکیان لە ئووروپا بوون بە میوانم. جەرگبڕ ئەوە بوو، خۆیان باسی کارەکانی خۆیان دەگێڕایەوە و هەرچی کردبوویان لە چوارچێوەی سەرزەمینی ئێران، بۆیان ئاسایی بوو، ئەوان ئێرانی بوون و لە سیستەمی ئێراندا ڕۆژانە کاری  “ئاسایی” خۆیان دەکرد.
ئەوە درۆیە کە ئیستعمار لە ڕێگای لەشکرکێشی، دەمێنێتەوە. هیچ ئیستعمارگەرێک لە ڕێگای نیزامی، نەیتوانیوە بۆ درێژخایەن بمینێتەوە. ئیستعمار لە ڕیگای <<کڕینی نوخبەوە، جێگیر دەبێت>> و دەمێنێتەوە. پسپۆر و ئاکادمی و نووسەر و هونەرمەند و بوروکرات و تێکنۆکرات و پسپۆڕەکانی نەتەوەی داگیرکراو، دەبنە ستوون و کۆڵەکەی مانەوەی ئیستعمار.
لە ساڵی ١٣٥٧ هەتا ١٣٥٩ ڕژێمی ئیران لە کوردستان دامودەزگای جێگرکراویی نەبوو، بە دەگمەن جگە لە چەکداری پارەوەرگر، نوخبەی کوردی لە گەڵ نەبوو.
ئێستا بە هەزاران هەزار نان و ئاوی سیستەم دەخۆن و باوەڕمەندانە لە هەموو بوارێکدا دەوری موستەشار و مۆرەی حکوومەت دەگێرن، هەر لە مێدیاوە هەتا شانۆ و سینەما و کاری هونەریی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووریی، ئیداریی، نیزامی، پەروەردە و زانستی.
ئەو کەسانەی بۆ وەرگرتنی دوو قڕان چەکیان بۆ حکوومەت هەڵگرتووە، حکوومەتیان لە کوردستان ڕانەگرتووە، ئەوانەی بوونەتە دەست و لاق و چاو و مێشکی ئیستعمار لە کوردستان، نوخبەکانن. نازییەکان کاتی گرتنی پاریس لە پیشدا سەری نوخبەکانیان ژێ کرد، لە کوردستانیش سەری ئەو کەسانە ژێ کران و دەکرێن، کە نوخبەی نەتەوەکەی خۆیانن، نەک نوخبەی “ئیستعمار”گەران.
چارەڕەش ئەو کۆمەڵگایەی کە کەوتبێتە ژێر سوڵتەی ئەو چەشنە “نوخبانە”ی خۆی. ئەو دەم سنە بە چەند سەت کەسێک ئیسفەهانی، تارانی و قووم و مەشەدی کرابووە مستعمرە، ئێستا کوردستان لەم سەر تا ئەوسەری بە دەستی “نوخبە”ی کورد خۆی، موستعمرە کراوە. ئەوەش یانی تڕاژێدی فکریی، سیاسی نەتەوەیەک، کە لە داگیرکەرەکەیدا، خۆی دەبینێتەوە.

برایم فەڕشی
یەکی دیسامبر ٢٠١٩