وڵامی سەرۆک عەشیرەتی سوورپیستەکان بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا

وڵامی هەست بزوێنی سەرۆکی عەشیرەتی سوورپێستەکانی(سیاتل)ی ئەمریکا بۆ “فڕانکلین پیرس” سەرۆکی ئەو سەردەمی ئەمریکا لە ساڵی ١٨٥٤ دا ” کە داوای کردبوو سوورپێستەکان خاکەکەیان بە دەوڵەتی ئەمریکا بفرۆشن، ئەو نامەیە هەلگرێ هێندێک خاڵی بەرچاوە لە ڕوانگەی مرۆڤییەوە کە چلۆن لە جیهان دەڕوانێ. نامەکەی سەرۆک کۆماری شتێک نییە کە باس بکرێ ،بەڵام ناوەرۆکی وڵامی سوورپێستە ژێر و دڵگەوەرکە تەنانەت بۆ ئەوڕۆش هەڵگری بیر لێکردنەوە و جوان و ڕازاوەیە ….کە دەڵێ :چلۆن دەکرێ بە سەرۆکی مەزنی دانیشتووی واشینگتۆن ،ئاسمان و زەوی بفرۆشرێ؟ کاتێک ئێمە خاوەن سەروی ئازاد و گیان لاوێن و بریقەی ئاو نین، چلۆن دەتوانم ئەوانە بەتۆ بفرۆشم ؟ بست بە بستی ئەو خاکە بۆ خەڵك موقەددەسن ،گڵای باریکی و درەوشاوەی سەروەکان ، چۆم وکانیاوی قەراخ پڕ لەڕڵم، مژی سەر ئاسمانی لێڕەوار.دەعبا و باڵەندە ڕەنگاوڕەنگەکانی دەنخۆش و بەجریوە ، بەڵێ ئەوانە لە بیرەوەری و ئەزموونەکانی خەلکی مندا، پێرۆز و موقەددەسن .ڕێواق و چۆڕاوەیەک کە لە دارەستانەکانەوە دەڕژێنە خوار، ،هەڵگری بیرەوەرییەکانی خەڵكی سوورپێستن.خاکی ئێمە لە ئێمەدا جێی گرتووە ، ئێمە بەشێکن لە زەوی و زەوی کوتێک و ئەندامیێکی لەشی ئێمەیە .گوڵە بەرامە خۆشەکان دایک و خوشکی ئێمەن ، ئاسک ومامز و ئەسپ و هەڵۆ بەرزەفڕەکانی چاو جوان، باب وبرای ئێمەن.قووللە بەردینەکان ، زۆنگ ومێرگەکان، تینی لەشی ئەسپەکان و ئینسانەکان، هەر هەموومان سەر بە یەک بنەماڵەین، ئەو ئاوە ڕوونە کە بە جۆگە و چؤمەکاندا خوڕ دێنەخوار ، هەر ئاوی تەنیا نین ، بەڵکوو خوێنی باب وباپیر ودایک وداپیرانی ئێمەن کە لە خۆڕدان.ئەگەر ئێمە خاکەکەمان بە ئێوە بفرۆشین، دەبێ لەبیرتان بێ کە، ئێرە بۆ ئیمە پیرۆز و موقەددەسە وئەو وێنانەی وەک سێبەر کە لەو ئاوەڕوونەدا دێن ودەچن ودەلەڕێنەوە ، ڕووداوەکان و بیرەوەرەییەکان و بەسەرهاتەکانی ڕابردووی ئێمە دەگێڕنەوە، کە بە سەر خەلكی ئێمە چ هاتووە و چ هێنراوە.خوشەی ئاو، زایەڵەی دەنگی باب و باپیر وداپیران ئێمەن .چۆمەکان براکانی ئێمەن ، ئەوان تینوێتی ئێمە دەشکێنن ، بەلەمەکانی ئێمەیان پێدا دێن ودەچن ،و منداڵەکانی ئێمە دەژێنن.ئەگەر خاکی خۆمانتان پێ بفرۆشین، دەبێ لەبیرتان بێ و بە منداڵەکانی خۆشتان دەبێ فێر بکەن کەئەو چۆم و جۆگانە براکانی ئێوەن و لەمەوەدواوە ئەوە ئێوەن کە هەر بەزەیی و دڵنەرمییەک کە شیاوی برا بێ ، دەرحەق بە چۆم وجۆگانە بتانبێ .لە شارەکانی سپی پێستەکاندا ،شوێنی هێور و بێ هەرایان تێدا نییە.جێیەک نییە کە بەتوانرێ دەنگی لەسەرەخۆی ورشەی گڵاکانی بەهاری و شەقەی باڵی باڵەندەکانیان لێ ببیسرێن .ڕەنگبێ ئەو قسانە سەبارەت بەوە بێ، کە ئێمە، خەڵکێکی کێوی و سەرەتاییەکان بین ، بەلام کاتێک مرۆڤ ناتوانێ جریوەی تەنیا مەلی شەو و زایەڵەی قڕەی بۆقەکانی نێو زۆنگەکان بێدەنگی شەوی بۆ بشکێنێ .ئیتر لە ژیان چی بۆ دەمێنێتەوە؟ سوورپیستەکان شنەی ڕووح لاوێنی سروەی بەیانان کاتیک بە سەما بە سەر ئاوی شەپۆلاوی چۆمەکاندا ڕادەبرێ و بەرامەی خۆشی شنە، کاتیک ئاوێتەی بۆنی گڵی بە بارانی نێوەڕۆیانەی ئاودراو دەکا و بێر بەوێدای دەپژێنێ ، هەڵمژینی ئەوتۆ هەوایەک بۆ سوورپیستان بە بایەخە وئاوێتەی مەزنایەتییە .چونکوو هەموو شتێک لەوێوە هەناسە دەکێشن.ئەگەر ئێمە خاکی خۆمان بە ئێوە بفرۆشین ، دەبێ لەبیرتان بێ کە هەوا بۆ ئێمە ژیان بەخشە و بە بایەخ. وڕووح و وزەی ژیان بە بوونایەتی ئێمە دادەکەن .ئەو شنە بایە کە ئیمکانی هەناسەکێشانی دا بە باب وباپیرمان ، دوایین ئاهی ماڵاوایی ژیانیشیانی لێ ئەستاندۆتەوە ، ئەگەر ئێمە خاکەکەمان بە ئێوە بفرۆشین .ئێوە دەبێ دەگەڵ ئاژەلانی سەر ئەوخاکەبرایانە هەڵسوکەوتیان دەگەڵ بکەن ، بەڵێ : کێوی و سەرەتایین و ناتوانین کوشتاری هەزاران کەڵ وگامێش بسەلمێنین ، ئێوە دەبێ فێڕی منداڵەکانی خۆتان بکەن کە زەوی ژێر پێی ئەوان ، خۆڵەمیشی داپیر وباپیرانی ئێمەن. کەوابێ دەبێ ڕێز لە خاکی خۆمان بگرین وکڕنۆشی بۆ بەرین و منداڵەکانی خۆمان فێر بکەین کە زەوی دایکیانە، ئەوەی لەو زەوییە دەقەومێ، لەمنداڵەکانی سەر ئەو زەوییەش دەقەومێ، ئەگەر مرۆڤ تف لە زەوی بکا، تفی لە خۆی کردووە، نابێ لەبیر بکرێ کە ئەوە مرۆڤ نییە هەودای زەوی هۆنیوەتەوە ، بەڵکوو خۆی هەودایەکە لە هەموو ئەوەی کە ژیان هۆنیونێوە.

بژی ئازادی ، ئاوەدان کوردستان

+ posts