ڕاگەیەنراوی کۆمەڵێک ئاکادیمیسیەنی کورد دەرەوەی کوردستان

ڕاگەیەنراوی کۆمەڵێک ئاکادیمیسیەنی کورد دەرەوەی وڵات سەبارەت بەبەڕێوەچوونی کۆنگرەی ناودارانی کورد لە سنە

هاونیشتمانیانی بەڕێز!
هەروەک ئاگادارن کۆنگرەی ناودارانی کورد لە ڕۆژانی ١١ و ١٢ ی پووشپەڕی ١٣٨٩ ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢ و ٣ ی جوڵای ٢٠١٩ لە تالاری مەولەویی زانکۆی کوردستان لەشاری سنە لە ژێر چاوەدێریی پارێزگاری ئەو شارە دا بەڕێوە چوو.

لێدوانەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، سەپاندن و گونجاندنی ناوی کۆمەڵێک بەرپرسی گەندەڵی سیاسی و تەنانەت لەشکری بەناوی ناوداری کوردەوە لە پێکهاتەی ئەندامانی ڕێزلێگیراوی کۆنگرەکە دا، بانگەشە کردنی کولتووری بوونی ئەم کۆنگرەیە لەلایەن بەڕێوە بەرانی بە مە بەستی پاساودان و سڕینەوەی ڕووی سیاسییانەی کۆنگرەکە ناڕەزایەتییەکی گشتی و ئاگایانەی نەتەوەکەمانی بە دوا دا هات.
لە لێدوانەکانی بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی ناودارانی کورد دا شوناسی کولتووریی کورد وەک پاشکۆیەکی شوناسی ئێرانی، له ڕاستی دا “فارسی”، لە ئاستێکی بەرفراوانتر لە جوگرافیای سیاسیی ئێران جەختی لێکراوەتەوە. لەهەمان کاتدا، لە پەیامی حەسەنی ڕووحانی، سەرکۆماری ئێران دا سەرەڕای ئەوەی ڕێز لە خزمەتی شایانی هێندێک نووسەر و ئەدیبی کورد بە زمان و ئەدەبی فارسی گیراوە، حاشا لە بوونی هەر جۆرە جیاوازیدانان و هەڵاواردنێکی نەتەوە بێدەسەڵاتەکان و نەتەوەی کورد لە ئێران دا کراوە. هەروەها، پێداگریی دەسەڵاتدارانی تاران لەسەر “کولتووری بوونی” کۆنگرەکە، دەریدەخات کە ئەمە پرۆژەیەکی سیاسیی نەتەوەی فەرمانڕەوا لە ئێرانە بۆ حاشاکردن و پەردەپۆشکردنی ناوەرۆکی سیاسییانەی بزاڤی نەتەوەیی کورد.

ئەم کۆنگرەیە لە کاتێک دا بەڕێوە دەچێت کە مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ منداڵانی نەتەوە زۆرلێکراوەکان لە پەروەردەی ڕەسمیی ئێران دا بە یاسا قەدەغە کراوە و لە هەمان کاتیش دا مامۆستایەکی خۆبەخشی فێرکاریی زمانی کوردی وەک “زارا موحەممەدی” لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی لەشاری سنە دا بەند کراوە، یان شاعیرێکی پیری بەتەمەنی وەک “ڕەسووڵ کەریمی” بە زۆر ڕاپێچی ئیتلاعاتی شارستانی مەهاباد کراوە و ئەشکەنجە دراوە و ئێعدامی چالاکانی سیاسی بەردەوامە، ڕۆژانە کۆڵبەرانی کاسبکار و بێ چەکی کوردیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکوژرێن وبریندار دەکرێن. بەگشتی، ئەم ڕەفتارانەی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران بەرانبەر بە نەتەوەکەمان لە چوار ئاست دا، وەک: دەرهاویشتنی کورد و بێبەشکردنی لە سەرەوەریی سیاسی دا، بندەستکردن و پەراوێزخستنی لە کەرتی ئابووری دا، بە پاشکۆکردن و گۆڕینی زمان و کولتورەکەی هەروەها شکاندنەوە و بندەستکردنی دەروونی، کوردستانی کردووە بە کۆلۆنییەکی تەواوی خۆی.

هەر بۆیە، ئێمە وەک کۆمەڵێک ئاکادیمیسیەنی کورد کە ئەم ڕاگەیەنراوەمان بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووەتەوە و لەخوارەوە ناومان هاتووە، وێڕای ئەوەی کە ڕێز دەگرین لە ناودارانی گەلەکەمان ودڵنیاین کە بە نیازپاکییەوە لەو کۆنگرەیە بەشدار بوون، ئەم پێکناکۆکییە لە سیاسەت و هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گەلی کوردستان، مافەکانی و بەکارهێنانی ئامرازییانەی کولتوور، زمان و ناودارانی کورد بە ئامانجی داپۆشینی ڕیشە ی سیاسیی “پرسی كورد”، بەتایبەتی لەم دۆخە ئەمنییە زاڵکراوە بەسەر کوردستان دا لەقاو دەدەین. هەروەها دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی هەموو ئەوانەی بەشێوەیەکی لۆژیکی و لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد دژی سیاسەتی جیاوازی دانەرانە، سەرکوتکەرانە، و بەکارهێنانی ئامرازییانەی شوناسی کوردی وەک پاشکۆیەکی شوناسی ئێرانی دەنگیان هەڵبڕیوە و ئەوسیاسەتە دووفاقیانەیەی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەین.

 

پروفسور عباس ولی
دکتر برزو الیاسی
دکتر بابان الیاسی
دکتر پژواک کوکبیان
ساسان امجدی (پژوهشگر)
دکتر خالد خیاطی
دکتر آلان حسنیان
دکتر مجید حقی
حسام دست پیش (پژوهشگر)
دکتر پرویز رحیم
دکتر هژار رحیمی
دکتر مسعود رستمی
ریزان صالح (پژوهشگر)
دکتر کمال سلیمانی
دکتر مغدید سپان
دکتر رحیم سرخی
دکتر منصور سهرابی
دکتر بهروز شجاعی
دکتر آوات علیار
دکتر آلان فتوحی
فراز فیروزی (پژوهشگر)
آلان گوران (پژوهشگر)
دکتر احمد محمدپور
دکتر کامران متین
دکتر ابراهیم ملازاده

 

Website | + posts