میدیایەکی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵات

“ئازاد مستەوفی”

لەم کۆمەڵگە مۆدێڕنەی کە تەکنۆلۆژیا زاڵە بەسەر زۆربەی بەشەکانی ژیانی ڕۆژانەماندا، میدیا یەکێکە لەو کەرەستانەی کە هەر تاکێک بەپێی سەلیقە و حەزی خۆی بەرنامەیەکی دیاریکراو لە تەلەڤزیۆن یان ڕادیۆ یاخود ستوونێک لە لاپەڕەیەکی ڕۆژنامەیەکدا دیاریی کردووە و بەدواداچوونی بۆ دەکا. ئیتر ناچمە سەر سۆشیالمێدیا کە بەهۆی ئەپڵیکەیشێنە جۆراوجۆرەکانی نێو موبایلەکانمانەوە، کەسمان نییە بتوانێ دوورەپەرێز بێت لە بەداواداچوونی هەواڵ و بابەتەکانی ڕۆژ لە ڕێی مۆبایلەکەیەوە. هەرچەند «کاغذ اخبار»ی میرزای شیرازی پاش 260 ساڵ ئێرانی بردە نێو جیهانی ڕاگەیاندن، بەڵام هەنووکە ئەم وڵاتە بەهۆی تەرخانکردنی بووجەیەکی خەیاڵی بۆ کاری میدیایی بە زۆربەی زمانەکانی دنیا، زیاتر لە دەیان تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی و سەدان ئاژانسی هەواڵ و ڕۆژنامە و گۆڤاری هەیە کە یارمەتیی دەوڵەتیی وەردەگرن و سیاسەتی هیلالی شیعەی ئێران بە ڕەنگ و ڕوویەکی فریودەرانەوە لەبەرچاوی بینەر، سەرنجڕاکێش دەنوێنن.
میدیا ڕووبارێکی بەردەوام و هەمیشەیی لە زانیاریی دەبەخشێتە خوێنەر و بینەر و بیسەری خۆی و کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر جۆر و شێوازی هەڵوێستوەرگرتنی تاکی کۆمەڵگە بەرامبەر دەسەڵات و چین و توێژەکان دادەنێ و هەم دەتوانێ شەپۆلخوڵقێن بێ و هەمیش دەتوانێ شەپۆلەکان دابمرکێنێتەوە. من لەم پێناسەیەدا «ڕووبار»م بەکار هێنا، ڕووبار دەکرێ ئاوی خاوێنی هەبێ و بەپێچەوانەکەشی درووستە. میدیا دەتوانێ ڕۆڵی هەبێ لە ڕوونکردنەوەی بەردەنگەکەی لەو دۆخەی کە تێیدایە و هەروەها دەشتوانێ بەردەنگەکەی بە لاڕێدا ببا و لە ڕاستییەکان دووری بخاتەوە. ئەوەی لێرەدا نابێ لێی خافڵ بین سەرچاوەی ئەم ڕووبارەیە کە سیاسەتداڕێژەری ئەسڵییە و کلیلی وشیاریی و زانیاری وەرگرتنی کۆمەڵگەی لایە.
تایبەتمەندیی سەرەکیی میدیا ئەوەیە کە لە هەموو شوێنێک هەیە و فرێکانسێکی تەلەڤزیۆنێکی ئاسمانی یاخود پەخشە ئانلاینەکەی دەتوانێ میلیۆنان کەس لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانە بینەری هەبێ و شەپۆلی خوازراوی خۆی، ڕێک بخا. ستوارت هال Stuart Hall (١٩٣٢ کینگستۆن، جامائیکا. ٢٠١٤ لەندەن بریتانیا) لە تیۆریسیەنە بەناوبانگەکانی بواری کولتوور، سەبارەت بەکاریگەریی میدیا لەسەر کۆمەڵگە، کۆمەڵگە بە بازنەیەکی داخراو وەسف دەکا کە ڕاگەیەنە گشتییەکان وەکوو شاڕێیەک لە پڕۆسەی دانی شوناس بە کۆمەڵگە دەور دەگێڕن.

“نەبوونی میدیایەکی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

بێگومان بوونی جۆرەها میدیای سەردەمیانە و تەلەڤزیۆنی ئاسمانی و وێبلاگ و ماڵپەڕ ئەو کۆسپەی بەردەم دەسەڵاتێکی پاوانخوازی وەکوو ئێران هێناوەتە ئاراوە کە ئەو جۆرەی دەیەوێ، نەتوانێ لەم بوارەدا ڕمبازێن بکا و بیروڕای گشتیی بەدڵی خۆی هەڵسووڕێنێ؛ بەڵام ئەوەی لەم نێوەندەدا بۆشاییەکەی دیارە نەبوونی میدیایەکی نەتەوەییە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند لایەنەوە میدیاکان بەهەموو شێوەیەک هەوڵی بەلاڕێدابردن یاخود کەمتر زانیاری گەیاندیان دەدەن کە ئەگەر بمەوێ بەپێی دەرفەتی ئەم وتارە بەکورتی باسیان بکەم بەم جۆرە دابەشیان دەکەم:

1) میدیاکانی کۆماری ئیسلامی:

ئەو تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامەی ناوەندەکەی لە تارانە و بەهەموو ئێراندا پەخش دەبێتەوە، بێگومان سیاسەتی ئێران بەجۆرەها فیلم و دراما و کارتۆن و شانۆ بڵاو دەکەنەوە و هەروەها لە بواری هەواڵ و ڕاپۆرتیشدا ئەو داڕشتنە لە فیلتەر دەردەچێ کە دەسەڵاتدارانی ئێران دەیانەوێ. سەبارەت بە سیاسەتی سانسۆر لە دەسەڵاتی ئێران هەر ئەوندە بەس کە دەتوانن سەرنجی ئەو ئیدانەکردنە بەدوای یەکانەدا بدەین کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانیی نێودەوڵەتی لە بواری میدیاییدا ڕایدەگەیەنن.

2) میدیا فارسییەکانی دەرەوەی ئێران:

ئەم بەشە لە میدیا بە چەند بەش دابەش دەکرێن کە بەکورتی باسیان دەکەم:
ئا: ئەو تەلەڤزیۆنە ئاسمانیانەی کاری هەواڵ و ڕاپۆرت دەکەن و هەرچەند بەڕواڵەت خۆیان وەکوو میدیایەکی سەربەخۆ و پرۆفێشناڵ پێناسە دەکەن، بەڵام بووجەی دەوڵەتێکیان لەپشتەوەیە و زۆربەی کارمەندانی بەشی هەواڵ و سیاسەتیشی هەر ئەوانەن کە تا دوێنێ لە دامودەزگەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئێراندا بوون و سەلیقەی شەخسیی خۆیان زاڵ دەکەن بەسەر کاری ڕۆژنامەگەریاندا و؛ بەنیسبەت کوردەوە مانشێتەکانیی میدیاکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ دەستکاری، دەگوازنەوە. ئەگەریش لەو میدیایانەدا کەسێک پشتگیریی کورد یان هەر نەتەوەیەکی ستەملێکراوی ژێردەستیی ئێران بکا بەجۆرەها تاوان گوناهباری دەکەن بەڵام ڕووتووشکردنی سیاسەتی ئێران بۆیان شتێکی ڕەوایە و هیچ گوناهێکیان نەکردووە!…

Website | + posts