کۆنترین نووسینی کوردی لەسەر مۆسیقا کە بە زاراوەی کرماشانییە

سۆران حەمەڕەش

دۆزینەوەی کۆنترین نووسینی کوردی لەسەر مۆسیقا کە بە زاراوەی کرماشانییە و لەلایەن یارسانییەکەوە نووسراوە
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
من پێم وایە زۆرینەی ئەوانەی مێژووی کوردیان نووسیوە، پێش ئەوەی کە قەڵەم بخەنە سەر کاغەز، بێ بڕوا بوون بە بوونی مێژوویەکی کوردیی، بۆیە هەر هەقایەتێک هاتبێتە ڕێیان و خۆش بووبێت، گورج بێ پرسیارکردن خۆیان پێوە بەستۆتەوە. لە ئەنجامدا ئەمڕۆ لەبری مێژووی کورد لە زانکۆکانیشدا ئەفسانەی “ئاریەکان” باس دەکرێت و وەک بەشێک لە مێژووی کورد مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەو ئاڕاستە کارکردنە وای کردووە کە دوای ئاینێک بکەوین کە ئاینی خۆمان نەبووە کەچی بۆ ئەوەی کە لە ئاینی ئێزدی و یارسانی کوردی بگەیت، دەبێت پەنا بۆ لێکۆڵینەوەی ئەوروپی بەریت لەبەرئەوەی کە کورد هەتاوەکو ئەمڕۆ هەوڵێکی ئەوتۆی نەداوە لەو بوارەدا کە شایانی باسکردن بێت. چەند خوێنەوار و تایبەتمەند لە بواری ئەدەبی کوردیدا کڵامەکانی عابدینی جاف یان باوە یادگاریان خوێندۆتەوە؟
هێشتا چەند لێکۆڵینەوەیەکی زانستیمان لەسەر دابوونەریتی ئاینیی ئەو ئاینانە نەکردووە کەچی بەپەلە دەیانکەینە زەردەشتی و میترایی… لەبری تێگەیشتن، بەپەلە هەوڵ دەدەین کە ئاینەکانمان بە زۆر بکەینە شتێکی تر، لەبەر ئەوەی کە هێندە بێ بڕواین بە خۆمان ناتوانین مامەڵە لەگەڵ ئاینەکانمان بکەین وەک خۆیان و ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە بیانکەینە ئاینێکی تر بۆ ئەوەی کە بتوانین بە ئاینیان دابنێین. ئەوە بەشێکە لە بڕوانەبوون بەخۆ و خۆ بە کەم زانین. وەک ئاماژەم پێکرد لێکۆڵینەوەی زانستیی کوردی لەسەر ئەو ئاینانە دەگمەنە بەڵام دەوڵەتێکی وەک ئەرمینیا کە دانیشتوانی سێ ملیۆنە، لێکۆڵینەوەی زانستیی زیاتری لەسەر ئاینی ئێزدی کردووە وەک لە کورد خۆی.
جگە لەوە نووسینەوەی مێژووی کورد کاریگەری ناوچەیی زۆر پێوە دیارە بە تایبەت کاریگەریی باشوری کوردستان. بۆیە ناوچەیەکی فەرهەنگیی دەوڵەمەندی وەک کرماشان و لانکەی مانەوەی یارسانیەکان، زۆرینەی کورد لە مێژوو و فەرهەنگی ناوچەیی بێ ئاگان. لە ئەنجامدا زۆر جار ئەوانەی کە لە بواری مێژووی ئەدەبی کوردیدا کاریان کردووە، بایەخێکی زۆریان بە پلەی یەک بە زاراوەی سۆرانی (کرمانجی ناوەند) و کرمانجی سەروو داوە بەجۆرێک کە هەورامی/گۆرانی و کوردی خوارو/کرماشانی بە تەواوی پشتگوێ خراون. لە ڕاستیدا نائاشنا بوون بەو زاراوانە بەتایبەت هەورامی کاریگەریەکی زۆر نەرێنی هەبووە لەسەر تێگەیشتنمان لەسەر مێژووی کورد و زمانەکەی.
ئەم بەڵگەیە کە بابەتی ئەم وتارەیە، دەری دەخات کە زاراوەی کرماشانیش هەندێک جار بابەتی زۆر گرنگی پێ نووسراوە کە بە هیچ زاراوەیەکی تر بابەتی لەو جۆرە وەک بەڵگە لەبەردەستدا نیە. بەڵگەکە لەسەر مۆسیقا و ئامێری تەمیرە/تەمبورەیە. دەبێت ئەوە بزانرێت کە مۆسیقا بەشێکی گرنگی ئاینی یارسانیە و یارسانەکان ئامێری تەمیرە بە پیرۆز دەبینن و زۆربەی جار ماچی دەکەن. تەنانەت لە چیرۆکی دروستبوونی مرۆڤدا، یارسانەکان پێیان وایە کە کاتێک خودا ئادەمی دروستکرد ویستی ڕۆح بەبەریدا بکات بەڵام ڕۆح نەیدەویست بچێتە لەشیەوە. ئەمجا خودا دوای لە جوبرائیل کرد کە لە ناو لەشی ئادەمدا خۆی بشارێتەوە و تەمبور لێ بدات. مۆسیقاکە سەری لە ڕۆح شێوان و ڕۆحی بۆ خۆی ڕاکێشا. ڕۆح ویستی بزانێت کە ئەو مۆسیقایە لە کوێوە دێت. بەو مەبەستە ووردە ووردە لە لەشی ئادەم نزیک بووەوە هەتاوەکو مۆسیقاکە ڕۆحی ڕاکێشایە ناو لەشی ئادەمەوە. هەروەک لە چیرۆکی ئادەمی یارسانەکاندا دەردەکەوێت کە مۆسیقا لە میتۆلۆجی کوردیدا لە بناغەوە بە ڕۆحەوە گرێدراوە و هەمیشە بەشێکی گرنگی بۆنە ئاینیەکان بووە و هەروەها لە کوردەواریدا مۆسیقا بۆ شینکرد، سەما، مردن… لێ دەدرێت و ئامیڕەکانی تەمبور و دەف ئەو ڕۆڵە گرنگەیان بینیوە.
ئەم بەڵگەنامەیە بریتیە لە نووسینێکی کورت لەسەر مۆسیقای کوردیی یارسانی و ڕۆڵی ئەو مۆسیقایە و پەیوەندی بە دەربڕینی فیکر و فەلسەفەی یارسانیەوە. نووسینەکە لە ساڵی ١٨١٢ دا لەلایەن شێخ حاتەم – ەوە نووسراوە. شێخ حاتەم کەسایەتیەکی یارسانی بووە و بەم شێوەیەی خوارەوە لەسەر مۆسیقای یارسانی دەدوێت:

“بزانن ک خوڵام خوداوەن دوو عالەم، حاتەم، ئۊشێ: یان چەن قسە لە که‌ڵام بنیامین ک ئڕا خه‌ڵک گوران و ئەوان کە تەمیرە و دەسگرن نۊسم. بزانن ک تەمیرە بازان دوو قسمن: یەکی عەوامن و یەکی خەواس. هه‌ردێگیان تەمیرە خاس بزانن وەلێک عەوام هەر وه‌ دەسەڵات جسمان بکوتن. تەمیرە وە زەواڵ جسم بێدەنگ نەود وە خەواسەن ک جسمان بێ زەواڵ بوود. دۊایی خەواس ته‌میرەباز یەعنی ئەوانه‌ ک دەنگ تەمیرە وە مەدەد دڵ نە وە دەس دیاری بکەن. یە نە هەر یە دەنگی ئەمانەنی بۊە ، دەنگ دین حەق سوڵتانە یە دەنگ ملائێک و هەفتەن و یارانە. علم موسیقی و که‌ڵام ئێلاهی سوڵتان و هەفتەن و مەعرفەت ئیلاهی واتە ئه‌وانە ک گشت کەمیەت و نەو ئەسواتە حاسڵ بیە. دۊای یە علم ئەسڵی تەریقە و دینمانە کە خەواس زانن و ئەو موسیقیه‌ ک عەوام زانن لە دین ئیمە نیە. وە ئاخر قسه‌میش بزانن ک موسیقی ک بێ که‌ڵام سوڵتان بۊ، هەر کاخەزی چه‌رمینە کە نەنۊسیاس. کاتی ک وە گه‌رد که‌ڵام دینمان وە دەسەڵات ڕه‌وحانی نەقش بکەن ئەرزشی چۊ خەزێنە ئەسرار سوڵتان دێری و ئەگەریش و گه‌رد قسەی دون قسەی سوڵتان نەقشی بکەن ئەرزش دون لە ئاگر سوزانن نەیری.”
نووسینەکە لەوێدا کۆتایی دێت. تێیدا شێخ حاتەم دەیەوێت بێژێت کە بۆ نووسینی ئەو ئامۆژگاریە سوودی لە کڵامی بنیامین وەرگرتووە و ئامۆژگاریەکە بۆ گۆران و تەمور ژەنەکانیانە. شێخ حاتەم دەڵێت کە تەمبورژەنەکان دووجۆرن خەڵکی سادە و خەڵکی تایبەت. ئەوان هەردووکیان دەتوانن تەمیرە خاس لێبدەن، بەڵام خەڵکی سادە بەهێزی لەش تەمورە دەژەنن نەک بە ڕۆح. تەمیرە بە نەمانی لەش بێدەنگ نابێت و تایبەتەکان لەشیان لەناوناچێت. ئەو تەمیرە ژەنانەی کە تایبەتن ئەوانەن کە بە هێزی دڵ تەمیرە دەژەنن. ئەمەیان دەنگی دینی هەقی سوڵتانە و ئەو دەنگە دەنگێکی ئاساییە نیە بەڵکو دەنگی ئاینی دروستی سوڵتانە، ئەوە دەنگی فریشتەکانی حەفتانە و مەعریفەتی خوداییە کە بڕێکی لەگەڵ دەنگەکە ئاوێتەکراوە. ئەمە مەعریفەتی دروستی ڕێچکە و ئاینی ئێمەیە کە تەمیرەژەنە تایبەتەکان دەیزانن و ئەو زانینەی مۆسیقا کە خەڵکی ئاسایی دەیزانێت لە ئاینی ئێمە نیە. دوایەمین قسەم ئەوەیە کە بزانن ئەو مۆسیقایەی کە کڵامی سوڵتانی تێدا نەبێت وەک کاغەزێکی سپی وایە کە هیچی لەسەر نەنووسراوە. کاتێک ئەو کاغەزە هەر وشەیەکی لەسەر بێت جگە لە وشەکانی سوڵتان، ئەوە شایەنی هیچ نیە جگە لە سووتان.
مۆسیقا لە ناو کورد و فەرهەنگی کوردیدا جێیەکی گرنگی هەبووە. چەندین زانای مۆسیقاناسی کورد هەن کە هێشتا کورد لێیان بێئاگایە. بەندە شیعرێکی تەمەن نزیکی حەوت سەد ساڵەی هەیە کە بە زمانی عەرەبی لە شاری هەولێردا نووسراوە کە بنەچەی هەموو مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی تێدا خراوەتە ڕوو ( لە داهاتوودا بڵاوی دەکەمەوە). هەروەها چەندین زانای وەک زریاب و سەفیەدینی ورمێیی هەبوون کە لە بواری مۆسیقادا کەسایەتی جیهانی بوون لە بوارەکەیاندا. بەڵام گرنگی ئەم نووسینە لەوەدایە کە ئەو بۆچوونە کۆنانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە زمانی کوردی بە زمانی نووسینی زانست و مەعریفەت دانانێن. دڵنیام سەدان و هەزاران کتێبی زانستیی کوردی لە ڕابردوودا هەبوون. نەپاراستنیان دەگەڕێتەوە بۆ لە ناوبردنی دەسەڵاتە کوردیەکان لەلایەن تورک و عەجەمەوە بۆیە ئەوانەش کە ماون زیاتر لە باوەشی گەرمی فەرهەنگیی ئێزدی و یارسانیدا دەدۆزرێنەوە. ئەم بەڵگەیە دووپاتی دەکاتەوە کە تێگەیشتنمان لە کورد وفەرهەنگەکەی زۆر سادەیە. ئەمڕۆ بێ تێگەیشتنی قوڵمان لە ئێزدی و یارسانیەکان، باسکردنی مێژوو و فەرهەنگی کوردی هەوڵێکی بێ هودەی نەزۆکە.
تێبینی:

  • سوپاسی کاک کیاڕەش دەکەم کە یارسانیەکی خەڵکی کرماشانە و بۆ چاکردنەوەی ڕێنوسە کرماشانیەکە و لێکدانەوەی نووسینەکە هاوکاری کردم.
  • وێنەکەی لای ڕاست کۆمەڵێک تەمبور ژەنی یارسانین و وێنەکەی لای چەپ نزرگەی پیرۆزی سوڵتان سەهاکە لە هەورامان
    سەرچاوە:
  • Dehqan, M., An Ahl-i Haqq Kurdish Folio on the Music, Wiener Zeitschrift für die Kunde des Morgenlandes, Vol. 101 (2011), pp. 69-74, Department of Oriental Studies, University of Vienna, Austria.
    -Spat, E., Late Antique Literary Motifs in Yezidi Oral Tradition: The Yezidi Myth of Adam, Journal of the American Oriental Society, Vol. 128, No. 4 (Oct. – Dec., 2008), pp.663-679, American Oriental Society, USA.
Website | + posts