زار و زمان

د.ئاران ئەمینی

زمان و زار: ئایا شتێک هە یە بەناوی زمانە کوردییەکان، لە کاتێکدا زمانی کوردی لە چەندان زار و بنزار و دەڤۆک پێکهاتووە؟

لە ڕاستیدا پۆلێنکردنی زمان و زار ئەرکێکی زۆر قورسە بەڵام بۆ زۆر کاروباری زمانیش وەک پەروەردە، زمانی ستاندارد، ئامادەکردنی کاتالۆگی زمانەکان، پێدانی کۆدی تایبەت بە زمانەکان، پەرەدانی تەکنۆلۆژییەکانی زمان و هتد بابەتێکی گرینگ و پێویستە. ئەگەر ئێمە ئیدیعا دەکەین کە زمانە کوردییەکانمان هەیە نەک زمانی کوردی بە چەند لق و زار، دەبێت بەر لە ئیدیعاکە پێوەر و پێوانەی ئەو قسە ڕوون بکەینەوە. بە گشتی دوو ڕێباز هەیە بۆ ئەوەی لە ڕووی چەندایەتییەوە سنووری نێوان زمان و زار دیاری بکەین کە یەکەمیان تێگەیشتنی هاوبەشە لە نێوان ئاخێوەراندا و دووەمیان پێوانەی پەتیی زمانناسییە وەک جیاوازیی دەنگسازی، وشەسازی، ڕستەسازی، وشەدان یان تێکەڵەیەک لەوانە. چونکە زمان لە ئاستی کۆمەڵایەتی و جڤاکیدا دەور دەگێڕێت، زۆر جاران پێوەری تێگەیشتنی هاوبەش بە تەنیا ناتوانێت سنووری نێوان زمانەکان دیاری بکات. بۆ نموونە تۆ هەرچی جیاکاری لە نێوان دوو زاری کوردیی ناوەندی و کوردیی ژووروودا بکەیت، بە دەگمەن کەسانێکت دەست دەکەون کە بڵێن زمانەکەی ئەوان کوردی نییە، بەڵکوو هەموویان بە تایبەتمەندیی زارەکەیانەوە خۆیان بە ئاخێوەری کوردی دەزانن. ئەمە بۆ زاری کوردیی خوارووش ڕاستە. بۆ دوو زاری هەورامی و زازاکی بارودۆخەکە جیاوازترە. لە ڕاستیدا تێگەیشتنی هاوبەشیش لە نێوان ئاخێوەرانی ئەو دوو زارە لەگەڵ کوردیی ناوەندی و سەروو ڕەنگە کەمتر بێت. چەند توێژینەوەیەک لەسەر تێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان ئاخێوەرانی کوردیی ناوەندی لەگەڵ خواروو، هەروەها کوردیی ژووروو لەگەڵ زازاکی کراوە کە پیشان دەدات تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان ئاخێوەرانی زارەکانی کوردیدا زۆر بەرز نییە. ئەو توێژینەوانە سنووردارن و هەروەها ئەوپەڕی دوو زاریان لەبەر چاو گرتووە و هەوڵ دراوە توندترین حاڵەت لەبەرچاو بگیرێت کە ئاخێوەرانی ئەو زارانە بە هەر هۆکارێک پەیوەندییان لەگەڵ‌یەکتری نەبووە. بەڵام پێدەچێت لەم سەردەمەدا کە میدیای کوردی گەیشتووەتە هەموو شوێنێک، ئاستی تێگەیشتنی هاوبەش زۆر زیاتر بووبێت. ئەوە بۆ کوردیی ناوەندی و کوردیی سەروو ڕەنگە بەرچاوتر بێت، چونکە زۆربەی میدیای کوردی بۆ ئەو دوو زارە تەرخان کراوە.

بەپێی بۆچوونی دووەم کە دانانی کۆمەڵێک پێوانە و پێوەری زمانناسییە، تا ئێستا توێژینەوەیەکی گشتگیر و ئۆبژێکتیڤی وامان لەبەر دەستدا نییە کە بڵێت بەم پێوەر و بەو پێوەر زمانە کوردییەکانمان هەیە نەک زمانی کوردی. بەپێچەوانەوە، توێژینەوەکان زیاتر داکۆکی لەسەر هاوبەشی و لێکچوونەکانی نێوان زارەکان بە تایبەت لە ئاستی فۆنۆلۆجیدا دەکەن. ناوهێنانی زمانی کوردی بە ناوی زمانە کوردییەکان و بەکارهێنانی زاراوەی کوردیک یان بۆ مەبەستی سیاسی و دابەشکاریی زیاتری کوردستان بووە و پرسێکی سیاسی بووە. یان خود پشتی بە بۆچوونێکی ئیدیۆلۆژیک بەستووە کە پێی وایە لایەنگری لە مافی زمانیی یەکسان دەکات. لە وتاری چەند کەسدا دیتوومە کە کەڵک لە زمانە کوردییەکان، زمانی چەتر یان زمانی کوردیک وەرگیراوە بەڵام لە ڕاستیدا هەر لەو کەسانە هیچ وتارێکم لەسەر پۆلێنبەندیی و ئاستی تێگەیشتنی هاوبەش یان لێکچوویی و جیاوازیی زارەکانی کوردی نەدیتووە. بۆیە پێم وایە بەر لەوەی کەسێک ئەو وشانە بە کار بهێنێت، پێویستە پیشانی بدات کە بە کام پێوەری زمانناسانە و لەسەر کام توێژینەوە شتی وا دەگوترێت! من وەک خۆم پێم وایە زمانی کوردی چەند لقی سەرەکی هەن کە بریتین لە کوردیی سەروو، کوردیی ناوەندی، کوردیی خواروو، کوردیی زازاکی، کوردیی لەکی و کوردیی هەورامی. وێڕای ڕێزگرتن لە هەموو جیاوازییەکانی نێوان زارەکان و پێداگری و هەوڵ بۆ بەخشینی پێگەی یەکسان بە زارەکان، پێم وایە هەموو ئەوانە کوردین و لە وتارە زانستییەکانمدا لە گەڵ هەرکام لەو زارانە کەڵک لە وشەی کوردی وەردەگرم.

زمان و زار: ئایا زمانی کوردی هێشتا له سنووری ترسناکی مان و نه‌مان‌ دایه، یان ئه‌م سنووره‌ی به‌ره‌و پانتاییه‌کانی ژیانی هه‌میشه‌یی به‌زاندووه؟

زمان بەردەوام پێویستی بە هەوڵی ئاگایانە و تایبەت هەیە بۆ ئەوەی بپارێزرێت و گەشە بکات. بەو شێوە نییە کە بڵێین چون هەندێک دەستکەوتی چاندیمان بوون، ئیتر لە خەم ڕەخساوین. زمان ئاوێتەی بیر و ئاوێنە و دەرخەری هزری مرۆڤە. مادام تا مرۆڤ هەیە و بیر دەکاتەوە، نوێبوونەوە لە زماندا ڕوو دەدات. ئەرکەکانی زمان دەگۆڕێن. هەندێک ئەرکی کۆن دەمرن و ئەرکی نوێ‌ لە دایک دەبن. بۆ وێنە تەنیا بیست ساڵ لەومەبەر ئەرکی نووسین بە تەکنۆلۆژیی ژیریی دەستکرد بۆ زمانەکان شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو. بە شێوەی پیشەیی و بەسوود ئەو ئەرکە هەموو چەند ساڵێکە هاتۆتە ئاراوە کە داوا لە ژیریی دەستکرد بکەین دەقێکمان بۆ بنووسێت. کەواتە ناتوانین قەت بێخەم بین لەوەی کە زمانەکەمان زیندووە و پەڕیوەتەوە، هەروەها قەت نابێت ئەوەندەش ڕەشبین بین کە پێمان وا بێت زمانەکەمان دەمرێت. زمانی کوردی هەم لە ئاستی جیهانی و هەم لە ئاستی ناوچەییشدا هێشتا زۆر مەترسی لەسەرن کە پێویستە کار بکرێت ئەو مەترسییانە تێپەڕێنین.

زمان و زار: مه‌ترسییه سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌ر ئه‌م زمانه لەسه‌رده‌می ئێسته‌دا کامانه‌ن؟

گەورەترین مەترسییەکانی سەر هەر زمانێک سنووردارکردن، بێکەڵککردن و قەدەغەکردنیەتی. هەروەک دەزانن، تا ئێستاش لە دوو پارچەی گەورەی کوردستان واتە لە باکوور و ڕۆژهەڵات زمان بۆ ئەرکی ئاستبەرز و گرینگ وەک فێرکاری، زانست، پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی بە تەواوەتی قەدەغەیە. هەروەها بۆ میدیاش زۆر سنووردار و تێکدەرانە کەڵک لە زمانی کوردی وەردەگیرێت. گەورەترین مەترسیی سەرزمانی کوردی لە ئێستادا بە بۆچوونی من خوێندنی فەرمی و داسەپێنراو بە زمانەکانی تورکی و فارسییە. قەبارە و ئاستی کاریگەریی ئەو داسەپاندنە زۆر بەربڵاوە. ئێمە تەنیا لە شوێنێکی وەک پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە سێسەد هەزار خوێندکارمان هەیە کە بە زۆر بە فارسی پێیان دەخوێنرێت؛ لە کاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی هەلی ئەوەیان هەیە یان پاڵنەری ئەوەیان هەیە بە شێوەیەکی سنووردار و تەنیا بۆ بوارێکی تایبەت وەک خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی و فۆلکلۆر کەڵک لە زمانی کوردی وەربگرن لە چەند هەزار کەس تێپەڕ ناکات.

مەترسییەکی دیکەی سەر زمانی کوردی پشێوی و نەبوونی سیاسەتێکی زمانیی دیار و شێلگیرانە لە باشووری کوردستانە. هەرچەند لەو پارچەیە قەت بە تەواوەتی زمانی کوردی قەدەغە نەبووە و ئێستا زمانی فەرمییە، کەچی لە زۆر بواراندا کارێکی ئەوتۆی بۆ نەکراوە و پلانەکانی حکومەت تەنانەت لە دژی بەرژەوەندییەکانی زمانی کوردین. بۆ نموونە خوێندن لە ئاستی بەکالۆریۆس و تەنانەت ماستەریش بۆ بوارەکانی زانست و ئەندازیاری لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو بە زمانی ئەو وڵاتەیە، کەچی لە کوردستان بە بیانووی پێشکەوتن و تێکەڵبوون لەگەڵ جیهان بە زمانی ئینگلیزییە کە بە ڕاستی تا ئێستاش نازانین چەندە لەو ئامانجە نزیک بوونەتەوە. بەڵام بە ئاشکرا کاریگەریی ئەو چەشنە بڕیارانە لەسەر زمانی کوردی دەبینین کە بەرچاوترینی ئەو کاریگەرییانە هەژارییەکی سەیر و قووڵی کتێبخانەی کوردی لە بوارەکانی زانستدایە. وەک نموونە لە وڵاتی فەڕانسە کە من لێی دەژیم زمانی خوێندن لە ئاستی ماستەریشدا بە زمانی فەڕەنسییە. ئەگەر زمانەکەیان بەباشی نەزانیت بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی وانەگوتنەوەت نادەنێ. بوارێکی زۆر گرینگی دیکە بازاڕە کە بە داخەوە تا ڕادەیەکی زۆر زمانی کوردی بۆ بازاڕ وەلا نراوە. زۆربەی کۆمپانیاکان تەنانەت زمانی کوردییان لەسەر ماڵپەڕەکانیشیان نییە. بەرهەمەکان بە دەگمەن بە کوردی لەسەریان دەنووسرێت. لە کاتێکدا هەر وڵاتێک کاتی هاوردەکردنی بەرهەمی بیانی یەکێک لە مەرجەکانی ئەوەیە کە نووسراوەی سەر بەرهەمەکان بە زمانی ئەو وڵاتە بێت. پێویستە ئەو کێشەش بە دەستوەردان لە ئاستی حکومەتیدا چارەسەر بکرێت.

زمان و زار: چۆن ده‌توانین زمانی کوردی له‌‌م مه‌ترسییانه دوور بخه‌ینه‌وه‌ و هاوکاتیش به‌رەو گه‌شه کردن و به‌خشینی توانای ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه‌ نوێیەکانی سه‌رده‌می ببه‌ین و له باری فورم و ناوه‌ڕۆکه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندتری بکه‌ین؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە لە خۆمان بپرسین لە کوێ دەمانەوێت مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی دوور بخەینەوە؟ ئەگەر باسی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان بکەین، بێ‌ یەک و دوو دەڵێم خستنەگەڕی هەموو تواناییە سیاسی و جڤاتییەکان بۆ فەرمیکردنی زمانەکە. ئەگەر باسی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان بکەین، دەتوانین ئاماژە بە گونجاندنی زیاتری زمانەکە لەگەڵ‌تەکنۆلۆژی، یەکدەستکردن و ستانداردکردنی نووسراوەی کوردی، نوێکردنەوەی زمانەکە لەگەڵ ناوەرۆک و بابەتی سەردەم، پەرەدانی ئاقار و مەیدانەکانی کارپێکردن بە زمانەکە، ڕەخساندنی هەلی کار و بازاڕ بۆ بەرهەمە چاندییە کوردییەکان و هتد بەشێک لەو کارانەن کە بۆ لە خەم ڕەخساندنی زمانی کوردی پێویستە جێبەجێ بکرێن.

زمان و زار: چۆن ده‌توانین توانسته‌کانی ئه‌م زمانه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ زانست و دیارده مودێرنه‌کاندا فراوانتر بکه‌ین؟

وەڵامی ئەم پرسیارە دابەش دەکەمە سەر دوو بەش. سەرەتا باسی زانست و زمانی کوردی دەکەم. پاشان باسی گونجاندنی زمانی کوردی لەگەڵ تەکنۆلۆژییەکانی زمان دەکەم. لە پەیوەندی بە زمانی کوردی و بڵاوکردنەوەی زانستی زۆر گرینگە بە دروستی دەستنیشانی بکەین کە لە کوێدا بەباشی کارمان کردووە و لە کوێدا بۆشایی هەیە.

لە دابەشکردنێکی گشتیدا دەتوانین بڵاوکردنەوەی زانستی بکەینە سێ پۆل. پۆلی یەکەم بابەتی ڕۆژنامەوانیی زاستی، واتە بابەتی زانستی گشتییە. زمانی کوردی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان کەم تا زۆر بایەخی بە ڕۆژنامەگەریی زانستی داوە و زۆر وشەی زانستیش هەر لەوێوە ساز کراون و بڵاو بوونەوە. تەنانەت لە ڕۆژنامەی تێگەیشتنی ڕاستی لە ساڵی 1918 وردە بابەتی زانستی و پەروەردەیی دەبینرێت. واتا ئێمە لەو ڕووەوە سەد ساڵ ئەزموونمان هەیە. خۆشبەختانە لە دەرەوەی باشووریش، واتە لە تاراوگە، لە ڕۆژهەڵات و باکووریش نموونەی زۆر سەرکەوتووی ڕۆژنامەگەریی زانستیمان هەیە.

ئاستی دووەمی بەکارهێنانی زمان بۆ بوارەکانی زانست باسی پەروەردەی گشتییە. ئەم هەلە تەنیا لە باشووری کوردستان و لەم دواییەدا لە ڕۆژاوای کوردستان بۆ ئێمەی کورد ڕەخساوە. هەروەک لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشووشدا ئاماژەم پێکرد، بە پێویستی دەزانم کە لە باشووری کوردستان زمانی پەروەردە بۆ بوارەکانی زانست و ئەندازیاری ئەگەر تەواویش ناکرێتە کوردی، لایکەمی کوردی و ئینگلیزی پێکەوە بێت. ئەوە ناچارمان دەکات کە بەرەو وەرگێڕانی کەرەستە فێرکارییەکان وەک پەرتووک و وانەکتێبەکان (Textbook) بچین کە دەتوانێت زۆر لە گەشەی زمانی کوردیدا کاریگەری ببێت.

دوا ئاست بەرهەمهێنانی زانستە بە زمانی کوردی. لە ئێستادا بەشی زۆری بەرهەمهێنانی زانست لە جیهاندا بە زمانی ئینگلیزییە. هەروەها وڵاتان هەوڵ دەدەن ژورناڵ و کۆنفرانسی زانستی بە زمانی خۆیان بەڕێوە ببەن. لەم ڕووەوە من ئەزموونی ئەکادیمیای دوو وڵاتی ئێران بۆ زمانی فارسی و فەڕەنسا بۆ زمانی فەڕەنسیم هەیە. ئێرانییەکان زۆر داخراوترن و هەوڵ دەدەن کە زۆر ژورناڵ و کۆنفرانس بە زمانی فارسی بڵاو بکەنەوە و بەڕێوە ببەن. فەڕەنسییەکان هەوڵ دەدەن کە ئەو بابەتانەی بە ئینگلیزی بڵاوی دەکەنەوە هاوکات بە هەندێک دەستکارییەوە لە بۆنە زانستییەکان و ژورناڵە نەتەوەییەکاندا بە زمانی خۆشیان بڵاوی بکەنەوە. لە ڕاستیدا ئەم ئاستەیان لە بەکارهێنانی زمان بۆ زانست زۆر بە پێویست نازانرێت. کەم تا زۆر بەدواداچوون بۆ وڵاتانی دیکەی باکووری ئەورووپا دەکەم. ئەوان زیاتر بایەخ بە ئینگلیزی دەدەن. هەروەها لە کۆنفرانس و بۆنە زانستییەکان لەگەڵ مامۆستایان و پرۆفسۆرەکانی وڵاتانی وەک کۆریای باشوور و ژاپۆن ئەم باسەم کردووەتەوە. بە شێوەیەک یەک نەخش و یەک شێوەی کارکردن لە هەموواندا هەیە. ئەویش ئەوەی کە هاوکات لەگەڵ زمانی ئینگلیزی لە ئاستی نەتەوەییشدا کۆنفرانس و و ژورناڵ بە زمانی خۆیان بڵاو دەکەنەوە. چونکە تەنیا ژمارەیەکی کەم لە پسپۆڕانی هەر بوارێک وتارێکی زانستی دەخوێننەوە و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر زمانەکە لە ئاستێکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتیدا نابێت، بەرهەمهێنانی زانست بە زمانی کوردی زۆر لە ئەولەویەتدا نابینم. ئەوەی کە لە قۆناغی ئێستای زمانی کوردیدا زۆر گرینگە بەکارهێنانی زمانەکە بۆ پەروردەی زانستی لە زانکۆکانی کوردستانە. بەرهەمێنانی زانست بە کوردی دەتوانێت لێکەوتەیەکی پەروەردەی کوردی بێت.

بەشی دووەمی وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ گونجاندنی زمانی کوردی لەگەڵ‌تەکنۆلۆژییەکانی سەردەم تەرخان دەکەم. هەروەک دەزانن لقێکی سەرەکی و گرینگی ژیریی دەستکرد پەرەدانی تەکنۆلۆژییەکانی زمانە وەک ناسینەوەی ئاخاوتن، هەڵەگری ڕێنووس. گۆڕینی دەق بۆ دەنگ، پەرەدانی نەرمامێرەکانی نووسین بە کوردی، پەرەدانی تەکنۆلۆژیی بەرهەمهێنانی دەق، وەرگێڕانی ماشین، داڕشتنەوەی دەق، پوختەکەری دەق و هتد. ئەم بوارە بەشێکی گرینگی ئەکادیمیای هەر وڵاتێک پێک دەهێنێت. ئەم بوارە کە بە ناوەکانی تەکنۆلۆژییەکانی زمان، پێواژۆی زمانی سروشتی، پێواژۆی ئاخاوتن و زمانناسیی کۆمپیوتەر دەناسرێت بەشێک لە دێپارتمانی زانستی کۆمپیوتەر، زمانناسی یان زۆر جاران بەشێکی تەواو سەربەخۆ پێکدەهێنێت. لەم ڕووەوە ئێمە لە ساڵی 2014ەوە گرووپی توێژینەوە و پەرەدانی ئاسۆسۆفتمان دامەزراندووە. جگە لە ئێمەش کەسانی دیکە هەوڵی تاکەکەسییان داوە. هەروەها لەم دواییانەدا کۆمپانییاکانیش بایەخیان بە زمانی کوردی داوە. هەوڵی زیاتر لەم بوارەدا، دامەزراندنی کۆنسێرسیۆمەکانی هەڵگرتن و پاراستنی دەیتاکانی زمانی کوردی، ناوەندەکانی پەرەدانی دەیتاکان، هەروەها دامەزراندنی لقی تایبەت لە زانکۆکانی کوردستان بۆ ئەم بوارە دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت. وەک دەڵێن سەد حەکیم ئەوەندەی دەردەدارێ نازانێت. کۆمپانیا جیهانییەکان هەردەم بەباشی پێداویستییەکانی زمانی کوردی نازانن و کێشە تایبەتەکانی زمانی ئێمە نازانن. بۆیە چالاکیی خۆمان لەم بوارەدا دەتوانێت زۆر زمانەکەمان لەگەڵ جیهانی سەردەم بگونجێنێت و لە کاراوانی زمانە پێشکەوتووەکان دانەبڕێین.