شاهین کەریمی
سەرەتا پێویستە ئاماژە بکەم خۆت بۆ خوێندنەوەی وتارێکی تاڕادەیەک درێژ ئامادە بکە، چوونکە وەڵامدانەوەیە و پێویست بە بەڵگەهێنانەوە و شیکردنەوە دەکات.
بەر لە دەستپێکردنی وتارەکەم، شیاوە ئەم خاڵانەش ئاماژە پێ بکەم.
من کەسێکم حەزم لە دەمەدەمە، شکاندنی کەسەکان و درووستکردنی ئاژاوە نییە. من پۆستی خۆم دەنووسم، پێوەندییەکی باشم لەگەڵ هاوڕێیان و خوێنەرانم لێرە هەیە. زۆر زۆر بەکەمی وەڵامی خەڵک دەدەمەوە، تەنانەت ئەگەر هێرشیش بێت بۆ سەر خۆم. ئەگەر کەسێک لە ژێر پۆستەکانی مندا زانیاری ناڕاست بڵاو بکاتەوە، ڕاستی دەکەمەوە، ئەگەر کەسێک بێڕێزی بکات، داوای لێدەکەم بۆچوونەکەی هێور بکاتەوە و نووسینەکەی چاک بکات. ئەگەر هەر گوێ نەدات، لە هاوڕێیەتی بێبەشی دەکەم.
بەڵام هەرگیز ئازادی، ڕەخنە و ڕەتکردنەوەم بەربەست نەکردووە. هیچ کات کەسم سانسۆڕ نەکردووە و بۆچوونی دژ بە خۆمم سانسۆڕ نەکردووە.
هەمیشە هەوڵم داوە ئەم پڕەنسیبانە لە نووسین، هەڵسوکەوت و چالاکی فەرهەنگی و نووسینمدا ڕەچاو بکەم و ئەمانە بەشێکن لە کەسیەتی من.
سەرەڕای ئەم پڕەنسیبانە، هەندێ جار مامەڵەیەکی هەڵەی جێکەوتوو دێتە پێشەوە، کە پێویست بە ڕاستکردنەوە دەکات. ئەم ڕاستکردنەوەش تەنیا لە سەر خۆدی من نییە، بەڵکوو وەک جێخستنی ڕێچکەیەکی درووست لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنی ئێمە سەبارەت بە کاری نووسین، بەپێویست دەزانم.
بەڵام خودی پرسەکە/کێشەکە.
چەند ڕۆژ لەوە بەر پۆستێکی ساڵی پارم سەبارەت بە خواروخێچییەکانی زمانی فارسی بڵاو کردەوە. لەو نووسینە کورتەدا، سەرەڕای ئاماژە بە ناتەواوییەکانی زمانی فارسی، لە کۆتاییدا ئاماژەم بەوە کرد بوو کە ئێمەی کورد نابێت وەشوێن زمانی فارسی بکەوین و وشەی عەرەبی و فارسی بکوردێنین، بەڵکوو باشترە وشە ڕەسەنەکانی خۆمان وەک مامۆستا(بەجێی موعەلیم) و بێژە(بەجێی تەلەفوز) بەکار بێنین، یان ئەگەر وشەمان نییە، زمانی کوردی وشەی خۆی درووست بکات.
ئەم بۆچوونە بە تامی دەمی یەکێک لە بەڕێزان خۆش نەبوو. لە ژێر پۆستەکەی مندا هەندێ خۆهەڵکێشان و سەرزەنشتی نووسیبوو، لە کۆتاییشدا نووسیبووی باشترە واز لە زمان بێنم و خەریکی شتێکی تر بم.
لەم، پۆستەدا هەوڵ دەدەم، وەڵامی ئەو بەرێزە بدەمەوە و هەروەها وەڵامی ئەو بۆچوونە و ئەو کەسانە بدەمەوە کە وەک بەڕێزیان بیر دەکەنەوە، واتە کەس کاری بە زمان نەبێت مەگەر ئەوەی زمانەوان بێت.
یەکەم
بەڕێزیان لە کۆمێنتە کورتەکەی خۆیدا، هەندێ خاڵی ئاماژە پێکردبوو، کە بەتەواوی هەڵەن. نووسیبووی، من ٣٠ ساڵ لەوە پێش ئەو شتانەم نووسیوە. ئەو پێی وایە، ئەگەر شتێک بۆ یەک جار نووسرا، ئیتر پێویست ناکات باسی بکرێتەوە و ئەو شتەی ئەو وتوویەتی، یەکجار بۆ هەمیشە بەسە.
ئەمە درووست نییە، چوونکە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان، زۆر جار پێویستیان بە وەبیرهێنانەوە هەیە. لەڕاستیدا پرۆسەی فێرکردن، لە دووپاتە و وەبیرهێنانەوەدا جێبەجێ دەکرێت.
ئێمە ئێستە دیاردەیەکمان هەیە لە زمانی کوردیدا، کە وشەی فارسی زۆر بەکاردێنن، یان وشە فارسییەکان بە بێژە و نووسینی کوردی دەنووسن(وەک موعەلیم). ئەگەر نووسینەکەی ئەو ٣٠ ساڵ لەوە پێش تەواو(کافی)ە، ئیتر نەدەبوو ئەو شتەی ئەمڕۆ هەبێت. دیارە نووسینەکەی ٣٠ ساڵی لەوە پێشی ئەو لە سەر کاغەز بووە(ئەو دەم دونیای دیجیتاڵ و تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئەپ نەبوو). بۆیە کەس نازانێت ئەو نووسینە ئێستە لە کوێ گیرساوەتەوە و چەند کەس خوێندوویەتەوە، چەند کەس لەبیری ماوە و چەند کەس کردەکی دەکات؟
دڵنیام ئەو ژومارە لە ٢-٣ کەس تێناپەڕێت، بەڵام ئێستە ملوێنان کورد بەکوردی دەنووسن و وشەی فارسی بەکار دێنن، بۆیە شیاو نییە تەنیا دڵخۆش بین بە تەنیا بە نووشتەیەکی پیرۆزی ئەو ٣٠ ساڵ لەوە پێش، لە بەرانبەر ئەو هەموو خراپنووسینە لە زمانی کوردیدا. بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ من یان هەر نووسەرێکی تر، وشیاری بدات، ئاماژە بکات و بنووسێت کە ئاگامان لە زمانی کوردی بێت، وشەی کوردی بەکار بێنین و زمانەکەمان نەکەوێتە ژێر هژموونی زمانی فارسییەوە، نەک خراپ نییە، بەڵکوو ئەرک، پێویست و خزمەتە بە زمان و کێیەتی نەتەوەییمان.
دووهەم
بەڕێزیان دەنووسێت، مامۆستا وشەیەکە گشتییە(عام) و کورد لە هەر شوێنێک بۆ ناوی کەسێک دابمێنیت، دەڵێ مامۆستا. باشترە ئێمەی کوردیش وەک عەرەب و فارس بڵێین موعەلیم و خۆمان جیا نەکەینەوە.
ئەم تێگەیشتنە زۆر هەڵەیە و بەپلەی یەکەم نیشانەی نەناسینی مانا و ڕەگی وشە کوردییەکانە، لە هەمان کاتدا نەبوونی وشیاری و بەخەبەربوونی هزرییە. مامۆستا یەکێکە لە وشە هەرە ڕەسەنەکانی زمانی کوردی. لە وەستا، لێهاتوو، بەئەزموون و زاناوە هاتووە. وشەی مامۆستا لە نووسینە هەرە کۆنەکانی کوردیدا هاتووە و لە هەر شوێنێک کەسێک زانا بووە، جا چ بە مەعریفە و زانست و گوتار، یان لە کاری دەست و خێرایی و کارجوانیدا، پێیان وتووە مامۆستا. بۆ وێنە کەسێک بەنایەکی باشە، دەڵێن مامۆستای کارەکەیە، کەسێک قەسابێکی باشە دەڵێن مامۆستایە. واتە جگە لەوەی کارەکەی باش دەزانێت، دەتوانێت خەڵکی تریش باش فێر بکات و هیچ عەیب لە کارەکەیدا نییە.
بۆیە من هیچ تێگەیشتن و ڕێزم بۆ ئەو بۆچوونە نییە کە وشەیەکی ڕەسەنی کوردی وەلا بنێین و وەک فارس و عەرەب بڵێین موعەلیم.
سێهەم
بەڕێزیان دەڵێت، واز لە زمانی کوردی بێنە و خەریکی شتێکی تر بە (وەک لە کوردیدا دەڵێن نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب). ئەگەرچی ئەم بۆچوون و پەندە درووستە، بەڵام بەتەواوەتی درووست و سەد لە سەد نییە. ئەم پێشنیار/حوکمە هەندێ هەڵەی هەیە، لێرەدا شییان دەکەمەوە.
ئا – دیاریکردنی ئەوەی کێ باسی چی بکات و کێ باسی چی نەکات، نازانستی، زۆرداری و بازاڕییە. دەکرێ لێرەدا ئەو پرسیارە بکەین، کێ ئەو ڕەوایەتی(صلاحیت)ەی داوە بەو کە بە من یان هەر کەسێکی تر، پێشنیار/حوکم بکات، کە چی بنووسم و چی نەنووسم، لە سەر چی بنووسم و واز لە چی بێنم؟
ب- بەرێزیان باس لە پیشەیبوون دەکات و خۆی بە پسپۆڕی زمانی کوردی دەزانێت، بەڵام هاوکات لە لاپەڕەی خۆی، سەبارەت بە هەندێ شت نووسیویەتی کە پسپۆڕی ئەو نییە. بۆیە بەپێی لۆژیک و ستاندارد، کاتێک خۆی شتێک دەکات (نووسین سەبارەت بە شتێک کە تایبەتمەندی ئەو نییە)، نابێت هەمان حوکم و پێشنیار بە کەسی تر بکات.
ج- ئێمە سەبارەت بە هەر شتێک دەتوانین لە دوو ڕووەوە دەربارەی بدوێین یان بنووسین. یەکەم لە ڕووی زانستی، تێکنیکی و پسپۆڕییەوە، دووهەم لە ڕووی گشتی، سیاسی و قازانجەوە.
بۆ وێنە سەبارەت بە دەستشۆردن لە پاش تەوالێتچوون، کەسێک دەتوانێت وەک زانایەکی پزیشکی و پاکوخاوێنی بنووسێت بۆچی دەستمان بشۆین باشە و ئەگەر نەیشۆین، چۆن باکتری و میکرۆبەکان دەگوازرێنەوە بۆ ئێمە و نەخۆش دەکەوین، هەروەها دایکێکیش دەتوانێت وەک زانیارییەکی گشتی بە منداڵاکەی بڵێت ڕۆڵە پاش ئاودەست، دەستت بشۆ. لێرەدا دایکەکە پێویست ناکات زانیاری وردی تاقیگەیی، ناسینی باکترییەکان و نەخۆشییەکانی هەبێت.
یان لە سەر بەستنی قایش لە کاتی ئاژووتنی ئۆتۆمبێلدا. کەسێک دەتوانێت بەوردی لە ڕووی فیزیکی و هاوکێشە زانستییەکانەوە شی بکاتەوە کە بەستنی قایش چەندە گرینگە و چۆن پێشگیری لە برینداری و مردن لە کاتی بەریەککەوتندا دەکات. هەروەها کەسێکیش کە لە پەنا دەستماندا دانیشتووە، دەتوانێت پێمان بڵێت قایشەکەت ببەستە، وا باشترە.
بەگشتی ئێمە دەتوانین لە ڕووی زانست و پسپۆڕییەوە لە سەر شتێک قسە بکەین یان لە ڕووی قازانج و زانیاری گشتییەوە. واتە لە سەر زانستی شتێک یان لە سەر سیاسەتی شتێک.
سەبارەت بە پۆستەکەی منیش، من قەت خۆم بە مامۆستا و پسپۆڕی زمانی کوردی نەزانیوە و ئەو ناسناوەم لە خۆم نەناوە، قەتیش بانگەشەی ئەوەم نەکردووە. ئەوەی من لە سەر زمانی کوردی دەنووسم، سیاسەتی زمانی کوردییە. واتە چەندە زمانی کوردی گرینگە، چۆن یارمەتی ئێمە دەدات نەکەوینە ژێر هژموونی زمان و ئەدەبیاتی فارسی و تورکی و عەرەبی، بۆچی بەکارهێنانی وشە کوردییەکان باشترە و چما ئاسیمیلەبوون خراپە.، و …
کەواتە ئەو بەڕێزە یان هەر کەسێکی تر کە حوکمێکی لەپێش ئامادەکراوی هەیە، دەبێت ئەو جیاکارییە لە نێوان زانستی زمان و سیاسەتی زماندا بزانن و دایبنێن. واتە زانستی شتێک لەگەڵ سیاسەتی ئەو شتە جیاوازە. ئەگەر من وتم وا باشە پاش ئاودەست دەستمان بشۆین، بەو مانا نییە کە من خوێندن و پسپۆڕی پزیشکیم هەیە، بەڵکوو وەبیرهێنانەوە، درووستکردنی وشیاری و پارێزگارییە.
ئەوەی لەم بەشەدا ماوەتەوە بڵێم ئایا ئەو زانیارییە گشتییە(دەستشۆردن، قایشبەستن و بەکارهێنانی وشە کوردییەکان) هەڵە، درۆ و خەسارمەندن؟ ئایا زانیاری هەڵە و چەواشەکاری تێدایە؟ ئەگەر بەو شێوەیە، ئەو بەرێزە هەقیەتی بە من یان هەر کەسێکی تر بڵێت کە ئەو کارە خراپە، بەڵام کاتێک ئەو شتانەی سەرەوەی تێدا نییە(هەڵە، چەواشەکاری و خەسار)، دانی حوکم و فرمان و دیاریکردنی سنوور، بێئەخلاقییە.
چوارەم
کاتێک پۆستێک دادەنرێت(ئەگەر هەڵە بێت)، ڕێگەی ئەوە هەیە کە تۆ ڕاستی بکەیتەوە. ئەم کارەش بە دوو شێوە دەکرێت. شێوەی یەکەم، لە ژێر ئەو پۆستەدا کۆمێنت(سەرنج، تێبینی) بنووسیت و خاڵە ناڕاستەکان دیاری بکەیت و ڕاستی و زانیارییەکان بخەیتە ڕوو. شێوەی دووهەم ئەوەیە کە لە هەژماری خۆت و لە دیواری خۆت، یان لە هەر ماڵپەڕ و شوێنێکی تر، بنووسی، زانست و مەعریفە بڵاو بکەیتەوە و ناڕاستی و هەڵەکانی من یان کەسانی وەک من ڕاست بکەیتەوە، خزمەت بە خوینەرانی خۆت و زمانی کوردی بکەیت.
کاتێک بەڕێزیان هیچ کام لەم کارانە ناکات وە تەنیا بە حوکمێکی کورت، فرمانێکی لەخۆباییانە و ڕوانین لە سەرەوە ئەمر دەکات کە من چی بکەم و چی نەکەم، وە زەحمەتێک ناداتە بەر خۆی کە لە هەژماری خۆی شتێک بنووسێت و مەعریفە زیاد بکات، ڕەفتارێکی ئەخلاقی نییە.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی، هەر وەک لە سەرەتا ئاماژەم پێکرد، من هیچ کات ڕێگەم لە بۆچوون و ڕەخنەی خەڵک نەگرتووە و قەت کەسم سانسۆڕ نەکردووە. ئەگەر ناڕاستییەک لە پۆستەکەی مندا هەبێت(ئێستەش بڕوام وایە هیچ هەڵەیەک لەو نووسینەدا نییە و ٩٩٪ لە هاوڕێیانی منیش کە سەرنجی خۆیان لە ژێر پۆستەکەدا نووسیبوو، لەگەڵ من تەبا بوون)، دەیتوانی ڕاستی بکاتەوە و من و دۆستان دەوڵەمەند بکات، بەجێی حوکمدان.
پێنجەم
ڕوانگەی بەڕێزیان وایە، مادام ٣٠ ساڵ لەوە پێش ئەو ئاماژەی بە شتێک کردووە، ئیتر پێویست نییە کەسی تر لە سەر ئەو شتە بدوێت.
ئەگەر ئەم ستانداردە درووست بێت، کاناڵێکی تەلەفزوێنی ٣٠ ساڵ لەوە پێش بەرنامەیەکی لە سەر پاکوخاوێنی، هونەر، ئابووری یان هەر شتێکی تر پێشکەش کرد، ئیتر پێویست ناکات دووبارە لە سەر ئەو تەوەرە بەرنامەیەکی تری هەبێت، هەروەها پێویست ناکات کەسی تر لە سەر ئەو شتە قسەیەک بکات، چوونکە ٣٠ ساڵ لەوە پێش بۆ یەک جار ئەو شتە وتراوە و ئیتر بەس و تەواوە.
ئەگەر پۆلیس ٣٠ ساڵ لەوە پێش جارێک ئاگاداری دا، یان پزیشک ٣٠ ساڵ لەوە پێش شتێکی ڕوون کردەوە، ئیتر نە پێویست دەکات خۆی شتێکی تر بڵێت و بنووسێت، وە نە کەسی تر، چوونکە ٣٠ ساڵ لەوە پێش وتراوە و ئەوە بۆ هەمیشە بەسە.
بەڕاستی مەنتق و حوکمدان بەپێی ئەم ستانداردە، تەنیا جێگەی پێکەنین و گاڵتەجاڕییە. من کێشەم لەگەڵ ئەوە نییە کە کەسێکی نەخوێندەوار وا بیر بکاتەوە و لە سەر ئەو بنەمایە حوکم بدات، بەڵکوو کێشەکە لەوەدا دەبینم کە دەستەبژێر و کەسێک کە دەڵێ PhD م هەیە، بەو شێوە بیر دەکاتەوە و فرمان دەر دەکات.
ئاکام
ئێمە هەر کاممان ئازادین لە سەر هەر شتێک بنووسین و بدوێین، بەڵام کاتێک دەتوانین وەک سەرچاوەیەکی زانستی، یاسایی و باوەڕپێکراو بانگەشەی بۆ بکەین، کە خوێندن و پسپۆڕیمان لەو بوارەدا هەبێت، هەروەها بابەتەکەی ئێمە پشتئەستوور بێت بە بەڵگەی زانستی، سەلماندن و تاقیگەیی.
ئێمە دەتوانین لە ڕووی زانستی، تێکنیکی و تاقیگەییەوە سەبارەت بە وردەکاری، خەسار و قازانجی شتێک بنووسین، بەڵام هاوکات دەتوانین وەک زانیاری گشتی، وەبیرهێنانەوە و درووستکردنی وشیاری لە سەر ئەو بابەتە بنووسین و بدوێین، ئەمە جگە لەوەی خراپ نییە، باش، پێویست و ئەرکە.
حوکم و ئەمرکردن بە مرۆڤەکان چی بکەن و چی نەکەن، نائەخلاقییە.
- به یاد سپردن فاجعه؛ سنندج در دو دوره از سرکوب - 10/06/2024
- بابەکر ئاغای ژیر - 10/01/2024
- حکومت جعل بزرگی است که همه در تلاشاند تا از طریق آن به هزینهی دیگران، زندگی کنند - 09/26/2024