بەریتانیا، کەنەدا، و فەرەنسا دەبێت دانی بە دەوڵەتبوونی کوردستاندا بنێن

د. لوقمان ڕادپەی

کەنەدا و فەرەنسا دەڵێن پلان دادەنێن لە ئەیلوولی ٢٠٢٥ دانی بە فەڵەستیندا بنێن وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆی تەواو. حکومەتی بەریتانیاش هەمان ڕێگە دەگرێتە بەر، مەگەر ئیسرائیل “هەنگاوی بەرچاو” بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی مرۆیی لە غەززە، بە ڕازیبوون بە ئاگربەستێک و پابەندبوون بە ئاشتییەکی بەردەوام. سیاسەت ئاڵۆزە. بەڵام ئەوەی جێی تووڕەیییە ئەوەیە کە چۆن هەمان وڵاتان پشتگوێی کورد دەخەن و هەوڵدانیان بۆ مافی چارەنووس، کە زیاتر لە سەد ساڵە بەردەوامە.

بە پێچەوانەی فەڵەستینییەکانەوە، کورد – کە لە نێوان ئێران، عێراق، سووریا، تورکیا و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوودا دابەشبوون – تەنانەت هیچ قسەیەکی دیپلۆماسییشیان بۆ ناکرێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی دۆزەکەیان ناکات، باسی گفتوگۆکردن یان دانیپێدانەکەشی ناکەم. بەریتانیا و فەرەنسا – کە ڕۆڵیان لە دابەشکردنی کوردستاندا هەبووە – مافی کورد بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ پشتگوێ دەخەن.

مامەڵە لەگەڵ فەڵەستیندا وەک شتێکی تایبەت دەکرێت. بۆچی؟ وەک کارن نۆپ، زانای کۆچکردووی یاسای نێودەوڵەتی، جارێک گوتی: “ئەمە بەهۆی ئەوەوەیە کە دۆزێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.” کەچی کوردستان لە هەمان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. کەواتە، بۆچی بێدەنگی؟

وڵاتانی ڕۆژاوا هەرگیز – تەنانەت لە ژێرلیژنەیەکیشدا – پڕۆژە بڕیارێکیان پێشنیار نەکردووە بۆ پشتگیریکردنی مافی چارەنووسی کورد.

لە دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، تەنها یەک بڕیار ئاماژەی بە کورد کردووە: بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایش، کە لە ساڵی ١٩٩١ دەرچوو. بڕیارەکە ئاماژەی بە “ناوچە کوردنشینەکان” کرد و سەرکوتکاریی عێراقی سەرکۆنە کرد. هیچ پاڵپشتییەک بۆ سەروەریی کورد بەدوایدا نەهات. هەمان ئەم وڵاتە ڕۆژاواییانە هەرگیز – تەنانەت لە ژێرلیژنەیەکیشدا – پڕۆژە بڕیارێکیان پێشنیار نەکردووە بۆ پشتگیریکردنی مافی چارەنووسی کورد، باسی وروژاندنی بابەتەکەشی ناکەم لەبەردەم کۆڕبەندی گشتی یان ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، یان لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتیی دادپەروەری یان لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیان ساڵ نکۆڵیکردن، پاکتاوکردنی ڕەگەزی، هێرشی کیمیایی، ئاوارەکردنی زۆرەملێ، سەرکوتکردنی زمان، و تواندنەوەی زۆرەملێی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیای بە بێباکی ڕووبەڕوو کردووەتەوە.

لەکاتێکدا، داوای کورد بۆ دەوڵەتبوونی کوردستان لەسەر ئەو بنەما ئەخلاقی و یاساییانە دامەزراوە کە ڕۆژاوا بانگەشەی پاراستنیان دەکات. بەندی ١ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە شارستانی و سیاسییەکانی ساڵی ١٩٦٦ دەڵێت مافی چارەنووس هی “هەموو گەلانە”.

ئەم دووڕووییە وێرانکەرە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ەوە حوکمڕانیی ناوچەکانی کوردی لە عێراقدا وەک قەوارەیەکی خۆبەڕێوەبەر کردووە. دوای ڕووخانی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، وەک نیمچە دەوڵەتێک سەریهەڵدا، کە هەموو پێوەرە ستانداردەکانی سەروەری تێدابوو. بە بوونی زیاتر لە ٤٠ نوێنەرایەتی و نێردەی دیپلۆماسی لە پایتەختەکەیدا، و ڕێککەوتنی فەرمیی سیاسی و بازرگانی لەگەڵ حکومەتە بیانییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەوڵەتێکی “دی فاکتۆ”یە لە هەموو شتێکدا جگە لە دانپێدانانی نێودەوڵەتی. لە ساڵی ٢٠١٧ ڕیفراندۆمێکی سەربەخۆیی ئەنجامدا، کە تێیدا زیاتر لە ٩٢%ی بەشداربووان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. لە وەڵامدا، بەغدا کاردانەوەی هەبوو. تورکیا، ئێران و سووریا ڕێوشوێنی سزادەرانەی ئابووری و سیاسییان سەپاندووە. و دیموکراسییەتەکانی ڕۆژاوا بێدەنگ ماونەتەوە، ئەگەر نەڵێم دوژمنکارانە بوون.

پاشان ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، حکومەتە کوردستانییەکەی سووریا. لە ساڵی ٢٠١٢ەوە، کورد لەوێ یەکێک لە پێشکەوتووترین، فرەنەتەوەییترین، و یەکسانیخوازیترین پێکهاتە حوکمڕانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بنیات ناوە – لەکاتێکدا شەڕی داعشیان کردووە و شکستیان پێهێناوە. پاداشتیان سەرەڕای خۆبەڕێوەبەرییەکی کاریگەر و هێزێکی سەربازیی ڕێکخراو، هێزەکانی سووریای دیموکرات؟ داگیرکاری و داگیرکای تورکی و تورکاندنی دواتر لە ساڵی ٢٠١٨ەوە، گۆشەگیری، و بێدەنگی لەلایەن وڵاتانی وەک شانشینی یەکگرتوو، فەرەنسا، کەنەدا، ئیسپانیا و ئێرلەنداوە. تەنانەت مافی بنەڕەتییان بۆ خۆبەڕێوەبەریی ناوخۆیی – فیدراڵیزم یان کۆنفیدراڵیزم لەناو سووریادا – وەک “ناقبووڵ” ڕەت دەکرێتەوە.

هەردوو حکومەتە کوردییەکە ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتین دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). ڕۆژاوا ئاهەنگ بۆ شەڕڤانانی کورد دەگێڕێت کاتێک لە شەڕی تیرۆریستان و جیهادیستەکاندا دەمرن، بەڵام کاتێک کورد داوای مافی ژیان لە ئاشتیدا لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆیان دەکەن، هەمان حکومەتەکان خۆیان لێ گێل دەکەن. پەرلەمانتاران، کۆنگرێسمانان، و شیکەرەوە سیاسییەکانی ڕۆژاوا دەبێت ڕووبەڕووی ئەم ستانداردە دووڕووییە ببنەوە: بۆچی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە هەڵبژاردە جێبەجێ دەکرێن؟ بۆچی دەوڵەتبوونی فەڵەستین پرسێکی دادپەروەریی نێودەوڵەتییە، بەڵام دەوڵەتبوونی کوردستان کێشەیەکی سیاسییە؟ بۆچی کورد سەرەڕای ئەوەی هەمان پێوەرەکانی سەپێنراو بەسەر نەتەوەکانی تردا جێبەجێ دەکەن، بێ دەوڵەت دەمێننەوە؟

ڕەنگە ٤٥ ملیۆن کورد – کە ڕەنگە زۆر زیاتریش بن، چونکە هەرگیز سەرژمێریی نەتەوەیی ڕێگەپێدراو نەبووە – دەبێت واز لە یاری کردن بە یاساکان بهێنن. دوای بەختکردنی زیاتر لە ٢٥,٠٠٠ گیان لە شەڕی تیرۆر و توندڕەویدا، دوای دەیان ساڵ پشتگوێخستن، ڕەتکردنەوە، و نکۆڵیلێکردن، ڕەنگە کورد دەبێت ئەو سیناریۆیە پەیڕەو بکەن کە وا دیارە سەرکەوتووە: خۆیان بدەنە پاڵ ئیسلامیزم، هەڕەشە لە شارەکانی ڕۆژاوا بکەن، ئاڵا بسووتێنن، و تووڕەیی و ئایدۆلۆژیا بکەنە چەک. ڕەنگە ئەوکات کەنەدا، شانشینی یەکگرتوو، و فەرەنسا گرنگی بدەن. کورد ئاشتیخوازن و دوور دەکەونەوە لە تیرۆر. تەنانەت لە تورکیاش، هەڵمەتی سەربازیی کورد زیاتر شۆڕش بوو وەک لە تیرۆر، وەک دادگاکانی ئەوروپاش دانیان پێداناوە. غەرب دەبێت پاداشتی ئاشتی، پێشکەوتنخوازی، و بنیاتنانی توانای دەوڵەت بداتەوە.

سەرچاوە

https://www.meforum.org/mef-observer/the-united-kingdom-canada-and-france-must-recognize-kurdistans-statehood