ئەو لووتبەرزیی و رەفتارە ملهوڕانەییەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکومەتە فشۆڵەکەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەیکا، راستیی و رەوایی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێ، ئاخر یەکێک لە هۆیەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەوەبوو کە عێراق مامەڵەیەکی ستەمکارانە لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەکات و سیاسەتەکانی بەغدا هەمان سیاسەتە دوژمنکارانەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقە لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا ئەمڕۆ.
ئەگەر بێدەنگی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی نەبێت، بەغدا و عەبادی ئەو دەسەڵاتە بەهێزە نین ئاوا سووکایەتی بە خەڵکی کوردستان بکەن کە تەنانەت عەبادی، وەستانەوەو رێگریکردن لە ریفراندۆم کە دەنگدانێکی دیموکراتیانە بوو، بە تێکشکاندنی داعش بچوێنێ و شانازی پێوە بکات.
لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا کە بە ئاشکرا دەڵێن ئەوان ئامادە نیین فشار لە حکومەتی عێراق بکەن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان، مانای وایە بەغدا بەمزووانە ملنادات بۆ دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە بەرپرسانی ئەمەریکا لە عێراق بەتایبەتی باڵيۆز دۆگلاس سولیمان بەئاشکرا پشتگیریی لە بەغدا دەکات و بێلایەنی خۆی لە دەستداوە، بۆیە پێویستە بەرپرسانی کوردستان واز لەو زمانە نەرم و نیان و پاڕانەوەیە بێنن بەرامبەر عێراق و چیتر وا خۆیان نیشان نەدەن وەک ئەوەی بە هۆی ریفراندۆمەوە تاوانێکی گەلێک گەورەیان ئەنجامدابێت.
دوای نزیكهی دوومانگ پاڕانەوە لە عەبادی بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆ و وەڵامنەدانەوەی بەغدا، ئێستا کاتی ئەوەیە وەڵامێکی تووندی ملهوڕییەکانی عەبادی بدرێتەوە و لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوە، بە خۆپێشاندان و رێپێوانی ناڕەزایی، سیاسەت و رەفتارە شۆڤینییەکانی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان ریسوا و شەرمەزار بکرێت .
حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێ چیتر خۆی بخەڵەتێنی و چاوەڕێی ئەوە بێت عەبادی و حکومەتی عێراق پێشوازیان لێدەکەن و فەرشی سووریان بۆ رادەخەن، ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەش ئامادەنیین فشار لە بەغدا بکەن. بۆیە دەبێ هەرێمی کوردستان دەست بە کەمپینێکی گەورە لە دژی عێراق بکات و لەو ناوچانەی لە لایەن حەشدی شەعبیشەوە داگیرکراون، سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکان و سووکایەتییە بەردەوامەکانیان بەرامبەر کورد دابنرێت، پێویستە بەغدا و ئەمەریکا و هەموو دنیا تێبگەیەنین کە حکومەتی عێراق ئەو دۆخەی هەروا بۆ ناچێتە سەر و کوردیش چیتر دەستەوەستان نابێت .
نابێت هەرگیز خیانەتی تاقمی خۆفرۆشی 16 ئۆکتۆبەریش لە یاد بکرێت. کە لە سەر سینییەکی زێڕین، کوردستانیان رادەستی حکومەتی شۆڤێنیست و تایفەگەری بەغدا کرد، ئەو بەغدایەی تەنانەت ئامادە نییە پاداشتی خیانەتەکەشیان بداتەوەو ئەگەر هەر بۆ ناویش بێت رەزامەندی لە سەر کاندیدەکەیان بۆ پارێزگاری کەرکووک بدات.
- هەڵبژاردنه پووچەڵەکەی باشوور - 10/26/2024
- ئاغاشڕەی ئیناخی کێ بوو؟ - 10/20/2024
- برخی اصول جدایی طلبی - 10/16/2024