یەکەم جووتیار لە کوێ بووە


خەلیل پشدەری

لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە، زۆرترین گەڕان بە دوای شوێنەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تورکیا بووە. بەڵگەی کۆنی کشتوکاڵکردن لەوێ ئەوەندە زۆر بووبوو، باس لەوە دەکرا ئەناتۆلیا یەکەمین چاندنی لێ کرابێ. لە دوای ٢٠١٠ەوە، بەرەبەرە ئەو بۆچوونە سووڕاوە. لە نێوان ١٠ بۆ ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر، کۆمەڵە ڕاوچییەکان کەوتنە دووڕیانی مانەوە وەک ڕاوچی، یان نیشتەجێبوون، لە گەڵیدا ماڵییکردنی ئاژەڵ و چاندن. کشتوکاڵ و ماڵییکردن لە کاتی جیاجیادا لە زۆر شوێنی جیهان دەرکەوت، ئوسترالیا نەبێ، تا سەدەی ١٩ کشتوکاڵی لێ نەکرابوو.
زانستی جینناسیی زۆر لەو گرفتانەی بەرەو کۆتا هێناوە. شییکاری DNA هەندێ کەسی مردووی کۆن، پەردەی لەسەر هەندێ زانیاریی نوێ هەڵداوەتەوە. نموونەی ٦ کەسی ناتوفییەکان لە ئیسرائیل بەر لە ١٣٠٠٠ ساڵ ژیاون و نموونەی دوو کەس بەر لە دەرکەوتنی کەلتووری گڵسازیی واتا ٩٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر هەر لە ئیسرائیل مردوون، وەرگیراون. ٣ نموونە لە دوورگەی قوبرس، کە بەر لە ١٠٠٠٠ ساڵ ژیاون، جگە لە ٤٩ نموونەی ئەناتۆلیا، لە ناویاندا سێ گۆڕی دۆزراوەی نوێ لە شوێنەواری زەوی بە موروو (بە کرمانجی ZEVIYÊ BI MORÎ، بە سۆرانی زەوی بە موروو. تورک ناویان ناوە بۆنجوکلو تارلا، هەمان واتای ناوە کوردییەکەی هەیە) لە نزیک ماردین و دوو نموونەی دیکە لە شوێنەواری نەمریک لە عێراق نموونەی دیکە لە بێستانسوور و شانەدەر، دوایینیشیان دوو نموونەی دیکە لە ئەرمەنستان کە بەر لە ٨٠٠٠ ساڵ ژیاون، وەرگیراون.
ئەنجامی پشکنینەکانی DNA و بەراورد لە نێوانیاندا دەڵێ تێکەڵەی جینەکانی میسۆپۆتامیا لە دانیشتووانی ئەناتۆلیادا دۆزراونەتەوە. بەڵام ئەوانەی تەمەنیان سەروو ١٥٥٠٠ ساڵە، ئەو جینانەیان نەبووە. کشتوکاڵ لە باشووری تورکیای ئێستە لە دایک نەبووە. دوو کۆچ لە دوو کاتی جیادا لە باکووری میسۆپۆتامیا و ناوچەکانی لێڤانتەوە بەرەو ئەناتۆلیا هەبووە. یەکەمیان بەر لە دەرکەوتنی کەلتووری گڵسازیی، واتا نزیکەی٠٠٠ ٩ تا ١١٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە میسۆپۆتامیاوە ڕوویداوە. کۆچی دووەم بەر لە ٩٠٠٠ ساڵ لە ناوچەی لێڤانتەوە بووە.
کۆچکردووەکان لەگەڵ دانیشتووانی ئەوێ تێکەڵ بوون، بۆیە یەکەمین جووتیارەکانی ئەناتۆلیا سێ ڕەچەڵەکی کۆمەڵەی ڕاوچی جیایان هەیە. ئەوانەی لە ئەناتۆلیا وەکو کۆمەڵە ڕاوچییەکان لەوێ بوون، ئەوانەی لە میسۆپۆتامیاوە کۆچیان بۆ کرد و ئەوانەی لە لێڤانتیشەوە چوون. نەک هەر ئەوە، بەڵکو هەموو ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشکنینیان بۆ کراوە هەر لەو سێ ڕەچەڵەکە بوون. وەرگرتنی نموونەی DNA لە نێژراوەکانی بەر لە ٩٠٠٠ ساڵ ئاسان نییە، چونکە زۆربەی نێژراوەکان لە نزیک ڕووی زەوی بوون. بۆ چەقەڵ ئاسان بووە هەڵیانکۆڵێ و گۆڕەکان بەتاڵ بکات.
کۆچکردنەکان چەند گەورە و واڵا بوون، دیار نییە. بە هەمان شێوە دیار نییە ئەو کۆچانە لە ناکاو بوون یان بەرەبەرە لە ماوەی هەزار ساڵێکدا ڕوویانداوە. بەڵام لە ناوچەی لێڤانت (ئیسرائیلیش دەگرێتەوە) بەر لە ٨٠٠٠ بۆ ٩٠٠٠ ساڵ جارێ گڵسازیی نەبووە، کەواتە ئەوانەی گڵسازییان کردووە لە باکووری میسۆپۆتامیا و ئەناتۆلیاوە، بەرەو لێڤانت چوون. کۆچەکان بە دوو ئاراستە بوون. ئەو نموونانەی DNA لە ئەشکەوتی پێکین لە باکووری ئیسرائیل دەرهیندران، پاشماوەی جینەکانی ئەناتۆلیایان تێدایە و بۆ ٦٠٠٠ ساڵ دەگەڕێنەوە. بەڵام کێشە ئەوەیە لە نێوان ٦٠٠٠ بۆ ٤٠٠٠ ساڵ بۆشاییەک هەیە، نە لە لوبنان و نە لە سوریاش هیچ زانیاریی ئەو کاتە نییە.
ئەو سێ کۆمەڵەی مرۆڤەکان پێوەندییان لەگەڵ یەکتریدا هەبووە، بەڵگە بۆ ئەوە دۆزینەوە بەردەشووشەی ئەناتۆلیایە لە شوێنەواری مۆتزای تەمەن ٩٠٠٠ ساڵ لە نزیک ئۆرشەلیمی ئیسرائیل. لە ئیسرائیل سەرچاوەی ئەو جۆرە بەردە نییە، بەڵکو لە ناوچەی دەریاچەی وان، بۆ ئەوێ چووە. تەنانەت ئەو جۆرە بەردە لە سعودستانیش دۆزراوەتەوە. هەڵبەت مەرج نییە پێوەندی ڕاستەوخۆ هەبووبێ، بەڵام دەستا و دەست و نەوە بۆ نەوە ماوەتەوە، دەکرێ زۆر لەسەرەخۆ ئەو بەردە ئەو کۆچە درێژەی کردبێ. چونکە ئەو جۆرە بەردە تەمەنی درێژە و هیچی لێ نایەت. ٣ لەو نموونانەی لەسەرەوە باسکران لە مۆتزا و کفر هۆریش وەرگیرابوون و لێکچوونی زۆر لەیەک نزیکیان لەگەڵ خەڵکی عین غزالی شاری عەممان لە ئوردن نیشانداوە.
گرفتی شوێنەوار ئەوەیە نە کاتی دەرکەوتن و نە کاتی پووکانەوەی ئەو شوێنەوارەنەمان پێ ناڵێن. گری مرازان، گردی کاراهان و ١٤ شوێنەواری دیکەی کوردستانی باکوور بە نزیکەی ١٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر سەرەتای دەرکەوتنیان بووە، ڕەنگە لەلایەن کۆمەڵە ڕاوچییەکانەوە دروست کرابن. جارێ کشتوکاڵ دەرنەکەوتبوو. کۆمەڵەی بچووک بچووک نەبوون. لادێیان هەبووە و کۆمەڵگەی گەورە بوون. دوای ئەوەی یەکەم پەرستگا و چەندان پێکهاتەی ئاڵۆز و قورسیان دروستکردووە، تەنیا پاش١٥٠٠ ساڵ ئیدی پووکاونەتەوە. هیچ بەڵگەی کشتوکاڵیشیان لێ بە جێنەماوە.
ئەوەی لەو توێژینەوەیەدا ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کشتوکاڵ لەو خاکەی ئێستە بە تورکیا ناسراوە، دەرنەکەوتووە. یەکەمین جووتیارەکان لە میسۆپۆتامیای باکوورەوە بەرەو باکوور کۆچیان کردووە و لەگەڵ خۆیاندا، شارەزایی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییان بردووە.
سەرچاوە:

https://www.haaretz.com/archaeology/2022-08-25/ty-article/genetic-study-detects-unexpected-origin-of-worlds-first-farmers/00000182-cf26-d35f-a9ea-cf26bf8b0000

Website | + posts