گفتوگۆ لە تەک فەیلەسووفێک!

ساڵی ١٩٩٢ ئەم پرسیارە لە ناو یەکیەتی شانۆپێداگۆگەکانی ئاڵمان هاتە ئاراوە کە “ئایا مناڵ فەلسەفی بیر دەکەنەوە و وڵامیان بۆ پرسیارە فەلسەفییەکان هەیە؟” ئەم پرسیارە دواتر بوو بە پڕۆژەیەک و یەک لە بەرهەمەکانی دەرکەوتنی کتێبێک بوو. فەلسەفە و فەلسەفەی مناڵ و لاوان، بابەتی کۆنگرەی ناونەتەوەیی بووە و کۆنگرەی داهاتوو لە حەوت هەتا دەی مانگی نوامبر لە ئوسترالیا بەڕێوە دەچێ!
ئەو کەسانەی کە ئاگاداری کەسایەتی منداڵ هەن، دەزانن کە منداڵ زۆرترین پرسیار لە ڕۆژدا دەهێنێتە گۆڕێ، مندالێکی سێ، چوار ساڵان ڕەنگە لە ڕۆژدا زیاتر لە سێسەت پرسیار لە کەسانی دەور و بەری بکات، ئەو کەسەش کە پرسیار دەکات، خۆی لە فەلسەفەدا دەبینێتەوە.
منداڵ کە هێدی هێدی لە گەڵ خۆی و ئەندامانی لەشی ئاشنا دەبێ، لە گەڵ دەوروبەری ئاشنا دەبێ، خۆی لە باخچەی منداڵان، خوێندنگە بە تەنیا لە گەڵ کەسانی دی دەبینێتەوە، ئەو پرسیارانە دەکات بۆ ئەوەی خۆی لە ناو کەسانی تردا بناسێتەوە. پرسیاری من کێم، لە کوێوە هاتووم، پرسیارەکانی سەرەتایی هەر منداڵێکە، کە یان ولام دەدرێنەوە، یان هاوڕێی دەکرێن کە خۆی وڵام پەیدا بکا، یان کورد گووتەنی وستکووت دەکرێ و بە گووتنی”ئەو هەموو پرسیارە چییە دەکەی؟” پیش بە پرسیارکردنی دەگیرێ. دوێنێ گوێبیستی قسەکانی یەک لەوان بووم، ئەو قسەکانی بە پرسیار دەست پێکرد.
“ئایا دەزانی ڕەنگە جیهانی ئێمە ئیلیزیۆن بێ، دەستکردی هێزێکی بانتر لە هێزی ئێمە ؟” پێشتر هێندێک شتم لە سەر ئەم بۆچوونە خوێندبووە، بەڵام بۆچوونەکەی ئەو لە شتێکی ترەوە سەرچاوەی دەگرت، لە گەمەی کامپیۆتێر و کەسایەتییەکانی ناو گەمەکان.
ئەو بۆ کردنەوەی بۆچوونەکەی گووتی ” گەر لە ڕێگای KI، لێهاتوویی دەستکرد، هەست بە بوون، تێگەیشتن لە خۆ، بدرێ بە فیگۆرەکانی ناو گەمەکان و خۆیان بڕیار بدەن کە چی دەکەن و چۆنی دەکەن، ئەو جیهانی مەجازیییەی کە ئێمە پێکمان هێناوە، بۆ ئەوان دەبێتە جیهانی واقع. بۆ سەلماندنی قسەکانی وێنەی ،سمارتگلاس، ئەپلگلاس Smart Glass” دەهێنێتەوە، ئەو چاویلکانەی کە مرۆڤ بە جولانەوەی ئەندامانی لەشی، هەست دەکا خۆی بە سەر شاخەکاندا دەڕوا، دەفڕێ، یان لە سەدەکانی ناوەڕاست پیاسە دەکا.
دەپرسم باشە ئەو جیهانە جیهانی دەستکردی ئێمەیە و ئێمەی ئینسان دامانڕشتووە و گەر کامپیۆتێرەکە بکوژێندرێتەوە، باتری تەواو بێ و کارەبا نەمێنێ، ئەو جیهانەش نامێنێ.
دەلێ “ڕاستە، بەڵام ئەوەش هەر هەمان شتە کە لە ژیانی ئێمەدا هەیە، کارەبا ئێنێڕژییە، وزەیە، بۆ بوونی ئەو جیهانە مەجازییە، جیهانی ئێمەش بە بێ ئینرژیی هیچی لێ نامێنێتەوە. کە وایە ڕەنگە ئەو جیهانەی ئێمەش دەستکردی هێزێکی دیکە بێ، کە لە سەرووی ئێمەوەیە”! هەر خۆی درێژە دەدا و دەلێ” ڕەنگە لە سەرووی ئەو جیهانە، جیهانی تریش هەبێ.” دەپرسم یانی بێ کۆتایی بوون ، بەردەوام دەبێ؟
کە شک و گوومان لە مندا بەدی دەکا، بۆ سەلماندنی قسەکانی، درێژەدەدا و دەلێ” ئەو کاتەی گالیلە گووتی، گۆی زەوی خڕە، گاڵتەیان پێکرد، ئەو کاتەی داروین وتی ئینسان و مەیموون و زۆربەی زیندەوران لە یەک دەچن و پرۆسەی بوونیان هاوچەشنە، گاڵتەیان پێکرد. داوینچی کاتێک وێنەی دەیان کەرەسەی کێشایەوە کە لە سەردەمی ئەودا بوونیان نەبوو، کەس باوەڕی پێنەکرد، هەمووی ئەوانە بە فانتێزی دەستی پێکرا، فانتێزییەکانی ئەوان ئێستا واقعیەتی ژیانی ئێمەیە، فانتێزییەکانی ئەمڕۆش کە پشتیان بە زانست و بۆچوونی زانستی بەستووە، دەتوانێ وابێ.”
باسەکەمان زۆر درێژە بووە و لە کۆتاییدا گووتی” من تئۆری تایبەت بە خۆمم هەیە، کە کاری لە سەر دەکەم”
بێدەنگ بووم، وەبیر ئەو سەردەمە کەوتمەوە، کە هاوتەمەنی ئەو بووم.
برایم فەڕشی
ڕۆژێک لە رۆژان
+ posts