کۆڵبەری پیشەیە یان کۆیلەتیی داسەپێندراو؟

سیروان ڕێناس

یەکێک لە پرسیارە کۆن و سەرەکییەکانی فەلسەفەی سیاسی ئەوەیە کە سنووری ئازادیی مرۆڤ وەک تاک چۆن دیاری دەکردرێ؟ یەکێک لە وەڵامە سەرەکییەکان لە دونیای نوێدا هەتا ئەمڕۆ ئەمە بووە کە چ شتێک پێوەندی بە تاک خۆیەوەیە هەیە و چ شتێک پێوەندی بە کەسانی ترەوە هەیە. واتە، چ شتێک دەکەوێتە ناو بازنەی خۆکەسی و چ شتێکیش دەکەوێتە ناو بازنەی گشتییەوە. دیارە بەپێی جیاوازی لە کولتووری کۆمەڵگەکان و نەتەوەکاندا جیاوازی لە پێناسەکردنی پانتایی خۆکەسی و پانتایی گشتیدا هەیە. بەم حاڵەشەوە، لە هەر بەستێنێکی کۆمەڵایەتیدا و بە هەر جۆرە پێناسەیەک چاو لەم پرسیارە بکەین پرسیارێکی بنەڕەتیتریش دێتە گۆڕێ ئەویش ئەمەیە: چ بڕیارێک هەیە کە مرۆڤەکان وەک پرسی تایبەتی خۆیان لەوانەیە پێناسەی بکەن وەلێ لە بنەڕەتدا دژایەتی لەتەک ئازادیی خۆیاندا هەبێ.

لە ڕوانگەیەکی گشتییەوە، وەک باس کرا، مرۆڤ ئازادە لە ژیانی خۆیدا هەر پڕۆژە و پلانێک هەڵبژێرێت، تا کاتێک کە خەسار بە کەسانی تر نەگەیەنێ. پرسیارێکی گرنگیش کە دێتە ئاراوە ئەمەیە کە ئایا مرۆڤ ئازادە کە دەست لە ئازادیی خۆی هەڵبگرێ؟ میناک، ئایا مرۆڤ دەتوانێ بە ڕەزامەندیی خۆی ببێتە کۆیلەی کەسێکی تر؟ ئەگەر مرۆڤ بە ڕەزامەندیی خۆی بڕیار بۆ کۆیلەبوونی خۆی بدات ئەوە دژایەتی لەتەک ئازادیی خۆیدا دەکات، چۆن کاتێک مرۆڤ بڕیار دەدا کە ئازادیی خۆی بداتە دەستی ئیرادەی کەسێکی تر چیتر ناتوانێ ئازاد بێ. بۆیەش، بژاردەی کۆیلەتی بژاردەیەک نییە کە مرۆڤ مافی ئەوەی هەبێ هەڵیبژێرێ. لە حاڵەتی هەڵبژاردنی ئەم بژاردەیەدا ئازادی دژی خۆی دەوەستێتەوە.[١] بەم بەڵگاندنەوە، ئاراستەی پرسیارەکە دەگۆڕدرێ بۆ پرسیارێکی تر؛ چ کردەوەیەک وەک کۆیلەتی پێناسە دەکردرێ؟

ئەزموونی کۆیلەتی لە مێژوودا شێوازی جیاجیای کۆیلەتیمان بۆ دەردەخات. جۆری پێناسەکردنی کۆیلەتییش تا ڕادەیەک پێوەندی بە جۆری بیرکردنەوە و ڕامانی مرۆڤەکان لە قۆناغێکی مێژوویی تایبەتدا هەیە. واتە کۆیلەتی لە زۆر قۆناغی مێژووییدا وەک کۆیلەتی نەبینراوە و شتێکی دانپێدانراو بووە. دواتر مرۆڤەکان بە هۆشیاری بەرەو پێشکەوتن لە ئەخلاقدا هەنگاویان ناوە و ئەم دیاردەیەیان وەک کۆیلەتی پێناسە کردووە و خستوویانەتە لاوە. لە دونیای نوێدا شێوازی جۆراوجۆری تر لە کۆیلەتی لە هەندێک شوێندا هەیە. لەسەر پێناسەی کۆیلەتییش لە هەموو حاڵەتەکاندا کۆدەنگی نییە. بۆ نموونە، لە پرسی قاچاغی مرۆڤ بە مەبەستی کۆچکردن، زۆر کەس بە شێوەی کاتی ناچارە ژیانی خۆی بەتەواوی بداتە دەستی قاچاغچییەکان هەتا دەگاتە شوێنی مەبەست. بەڵام لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەمە دەکەوێتە خانەی کۆیلەتییەوە یان نا کۆدەنگییەک نییە. لە نموونەی بە دیلگرتنی ژنانی کوردی ئێزدی لە لایەن داعشەوە کۆدەنگی هەیە کە ئەمە جۆرێک بوو لە شێوازی بەکۆیلەگرتنی مرۆڤ.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆڵبەری بە شێوەیەکی سیستەماتیک پەرەی ستاندووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەردەمی هەبوونی سەدان جۆری بارهەڵگر و ئۆتۆمبێل چ حەوجە بەمە ناکات کە مرۆڤ بخرێتە دۆخێکەوە کە بۆ بژیوی ژیانی ڕۆژانەی خۆی بار بکرێ. بە ساڵانێکی زۆریش مرۆڤی کورد هەر لە ئاژەڵ و مەکینەی گواستنەوە کەڵکی وەرگرتووە. لێ ئێستا ئەوەی کە هەموومان بە بەڵگە و ڤیدیۆ دەیبینین دەریدەخات کە شێوەی کاری کۆڵبەری جیاوازییەک ناخاتە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵەوە. کارکردێککە ئاژەڵ و مەکینە دەتوانێ هەیبێ گواستراوەتە بۆ مرۆڤی کورد. لە سەردەمی هەبوونی تەکنۆلۆجیای گواستنەوەدا بەکارهێنانی ئاژەڵیش بۆ ئەم مەبەستە کارێکی ناڕەوایە. هەر بەم مەبەستەشەوە تەنانەت کۆمەڵێک تێزی گرنگ لە فەلسەفەی سیاسیی مافەکانی ئاژەڵاندا نووسراون. [٢] ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە ئەقڵییەتی سیاسیی هاوچەرخ بەرەوە ئاقارێک دەروا کە تەنانەت کۆڵبەری بە ئاژەڵانیش ڕەوا نابینێ.

گرنگە بزانرێ کە گریمانەکە لێرەدا ئەوە نییە کە کۆڵبەر کۆیلەیە بەڵکوو ئەوەیە کە کۆڵبەری کۆیلەتییەکی داسەپێندراوە لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەرەوە. گومان لەمەدا نییە کە مرۆڤ بە بڕیار و ڕەزامەندیی خۆی «کۆڵبەری» هەڵنابژێرێ و کۆڵبەرەکان زۆربەیان لە هەژاریدا بوونەتە کۆڵبەر. وەلێ ئەمە نابێتە پاساو بۆ ئەوەی کە دان بەمەدا بندرێ کە کۆڵبەری پیشەیە بەڵکوو دەبێ بۆ جێگرەوەی تر بگەڕێین، واتە بۆ پیشەگەلێ کە کەرامەتی مرۆڤ تیایاندا پارێزراو بێ. ئەم پاساوە کە خەڵکی کورد لە بێکاریدا هیچ پیشەیەکی تری نییە پاساوێکی گونجاو نییە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەریکە نەتەوەی کورد بەرەو ئاقارێکی مەترسیداری لەمرۆڤخستن (dehumanization) دەبات. بێکاری لە زۆر شوێنی تری جیهان و تەنانەت لە ناو نەتەوەی فارس و نەتەوە بندەستەکانی تریش لە ئێراندا هەیە. بەس کۆڵبەری هەر لەناو کورددا هەیە. ئەگەر کۆمەڵگەیەک هۆشیار بێ و مل نەدا بەوەها دۆخێکی نالەبار بێگومان هەر سیستەمێکی سیاسی هەرچەندێکیش ستەمکار بێ ناتوانێ کۆڵبەری بەسەر نەتەویەکدا بسەپێنێ.

          بۆیە لە جێگەی پاساوی ئابووری پێویستە وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە کە گەلۆ کۆڵبەری پیشەیە یان نا؟ ئایا کۆڵبەری لەتەک کەرامەتی مرۆڤدا تەبایە یان نا؟ ئەوەی کە پێوەندی بەم یادداشتەوە هەیە ئەم گریمانەیەیە کە کۆڵبەری لە جیهانی ئەمڕۆدا یەکێک لە فۆرمەکانی کۆیلەتییە، جا چ بە زۆرەملێ داسەپێندرێ چ بە ڕەزامەندی. لەبەر ئەوەی کە کاری کۆڵبەری بە ئاژەڵ و بە بارهەڵگر جێبەجێ دەکردرێ. ئەوەی کە مرۆڤی کورد ئازادیی ئەوەی لێ دەستێندرێتەوە کە لە ئاژەڵ یان هەر ئامرازێکی گواستنەوە کەڵک وەربگرێ بۆ گواستنەوە، لە کاتێکدا ئەم بژاردانەی بەسانایی لە بەردەستدایە، بەڵام ناچار دەکردرێ کە خۆی هاوشێوەی ئاژەڵ لە نالەبارترین دۆخدا کاری گواستنەوە بکات، ئەمە ئاماژەیەکە بەوەی کە کۆڵبەری فۆرمێکە لە کۆیلەتی. لە ڕاستیدا، دەوڵەتی داگیرکەر ئەم بژاردانەی لە مرۆڤی کورد بە شێوازی سیستەماتیک زەوت کردووە و خستوویەتییە دۆخێکەوە کە تەنیا دەبێ لە جەستەی خۆی بۆ کارێک کەڵک وەربگرێ کە لە کۆمەڵگەیلێ تردا مرۆڤەکان لە ئاژەڵ و ئامێر و ئامرازی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە کەڵک وەردەگرن. لەم سۆنگەوە، کۆڵبەری شێوازێکە لە شێوازەکانی کۆیلەتیی مرۆڤ. هەر بۆیەش، لەسەر بنەمای ئەم بەڵگاندنە نابێ کۆڵبەری وەک ماف و ئازادییەک بۆ مرۆڤ دانی پێدا بندرێ. بە وشەگەلێ تر، کۆڵبەریکردن دژی ئازادیی مرۆڤە. بەکورتی، مرۆڤ نابێ ئازاد بێ کە ببێتە کۆیلە و دژی ئازادیی خۆی بوەستێتەوە. کۆڵبەرییش لەم سەردەمەدا شێوازێکە لە کۆیلەتی. بەم پێیەش کۆڵبەری نابێ وەک ماف و ئازادییەک پێناسە بکردرێ.

هەروەها لە دەرەوەی ئازادی تاکەکەسیشەوە پێویستە دیاردەی کۆڵبەری وەک پرسێک لە ڕوانگەیەکی بەربڵاوترەوە و لە پێوەندی لەتەک ناسنامەی گشتیی کۆمەڵگە و هەروەها پێناسەی گشتی لە کەرامەت (dignity)ی مرۆڤ لێک بدرێتەوە. بڕگەی یەکەمی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ باس لەمە دەکات کە هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی و یەکسانی لە کەرامەت و مافەکاندا لە دایک دەبن [٣].

وەک زۆربەی تێگەکانی ناو زانستە مرۆییەکان بۆچوونی جیاواز لەسەر واتای کەرامەت هەیە، بەڵام بەگشتی دەکرێ بڵێین کە کەرامەت بە واتای بەهای مرۆڤبوونە. واتە مرۆڤ تەنێ بە مرۆڤبوونی خاوەن بەهایە. لەم واتایەدا، مرۆڤ خۆی ئامانجە نەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێک. ئەم ڕامانە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە سەر بۆچوونی ئیمانوێل کانت کە پێی وایە مرۆڤ خۆی خاوەنی بەهای ئەخلاقیی کۆتاییە و پێویستە لەتەک مرۆڤدا وەک ئامانجێک مامەڵە بکرێ نەک وەک ئامرازی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو [٤]. بەم پێناسەوە، هەر هەڵسوکەوتێک لەتەک مرۆڤدا کە کەرامەتی مرۆڤ بشکێنێ دەکەوێتەوە ناو خانەی لەکەرامەتخستنی مرۆڤەوە(The violation of human dignity). ئەگەر کردەوەیەکی دیاریکراو دژی کەرامەتی مرۆڤ بێ ئیتر گرنگ نییە کە ئەم مرۆڤە کە کەرامەتی دەشکێنرێ خۆی ڕەزامەندیی لەسەر ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەدا هەیە یان نییە. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە جۆرێکە کە مرۆڤە دەخاتە ناو پرۆسەی لەمرۆڤخستن (dehumanization). لە پرۆسەی لەمرۆڤخستندا، مرۆڤێک یان گرووپێکی مرۆیی تایبەت بەهاکەی دادەبەزێندرێ بۆ ئاستی ئاژەڵ یان ئاستێکی نزمتر لە مرۆڤەکانی تر. میناک، هەڵسوکەوتی ئاڵمانی نازی لەتەک جوولەکەکاندا.

لە دیاردەی کۆڵبەریدا، هەر وەک لە پێشتر باس کرا، کۆمەڵێک مرۆڤی سەر بە لایەنێکی نەتەوەیی تایبەت کە کوردن دەکەونە بەر جۆرێک هەڵسوکەوتی سیستەمێکی سیاسی کە لەگەڵیاندا وەک ئاژەڵ مامەڵە دەکردرێ. لێرەدا بە سێ هۆکات کۆڵبەری دەکەوێتە ناو بازنەی لەکەرامەتخستنەوە؛ یەکەم، کۆڵبەری لە کۆمەڵگەی کوردستان و لە کۆمەڵگەی مرۆییدا، بەتایبەت لە سەدەی هاوچەرخدا، وەک کاری ئاژەڵان ناسراوە. دووەم، لە کۆمەڵگەیلێ تردا دیاردەیەکی بەم شێوەیە نابیندرێ. واتە ئەم دیاردەیە تایبەتە بە کوردستان. میناک، لە ئێراندا تەنیا نەتەوەیەک کە ناچار بە کۆڵبەری کراوە نەتەوەی کوردە. لە ئاستی جیهانیشدا وێناچێ دیاردەیەکی سیستەماتیک بە ناوی کۆڵبەری هەبێ کە وەک پیشەیەک ڕەچاو کرابێ. سێیەم، دۆخی کۆڵبەری ویژدانی مرۆڤ و بەتایبەت مرۆڤی کورد دەهەژێنێ. واتە بە دیتنی کۆڵبەری یەکەم شت کە مرۆڤ هەستی پێ دەکات هەست بە ڕووشانی کەرامەتی مرۆڤە کە باندۆر دەخاتە سەر قووڵایی ویژدانی مرۆڤ.

ئەم سێ تایبەتمەندییە سێ هۆکارن کە نیشانی دەدەن کۆڵبەری پیشە نییە، بەڵکوو جۆرێک هەڵسوکەوتی داسەپاوی سیستەمێکە بەسەر نەتەوەیەکدا بە مەبەستی لەکەرامەتخستنی نەتەوەیەک. لە ڕاستیدا، چەمانەوەی مرۆڤی کورد لەژێر باردا تەنیا چەمانەوەیەکی فیزیکی نییە کە بەشێک بێ لە کارێکی پیشەیی، بەڵکوو شوبهاندنیەتی بە ئاژەڵ، و هەروەها چەمانەوەی دەروونی و چەمانەوەی ئیرادەی مرۆڤێکە لە بەرامبەر ستەمکاری و زۆرداریدا. ئەم مرۆڤە ڕۆح و کەرامەتی تێکدەشکێندرێ و کاریگەرییەکانی ئەم ژیانە نالەبارە هەتا کۆتایی ژیان لە ناخی ئەم مرۆڤەدا دەمێنێتەوە. ئەم مرۆڤە چیتر ناتوانێ مرۆڤێک بێ کە لە بەرامبەر نادادپەروەریدا دەنگ هەڵببرێ و بۆ هەمیشە ڕۆحی ئازادی لە ناخیدا دەمرێ. بەم پێیەش ئەم مرۆڤە لە مرۆڤبوون دەشۆرێتەوە، لەبەر ئەوەی چیتر ناتوانێ بۆ ئازادیی خۆی دەنگ هەڵبڕێ.

لەمەش زیاتر، کۆڵبەری تەنیا پێوەندی بە لەکەرامەتخستنی کۆڵبەرانەوە نییە، بەڵکوو پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە لەکەرامەتخستنی نەتەوەی کوردەوە هەیە. مرۆڤی کورد لە هەر شوێنێ بێ و هەر پیشەیەکی هەبێ بە دیتنی دۆخی ژیانی کۆڵبەری ئەقڵ و ویژدانی دەهەژێ. لەم سۆنگەیەشەوە، کۆڵبەری تەنیا دیاردەیەکی تاکەکەسی نییە بەڵکوو ئاکام و دەرئەنجامەکانی هەموو نەتەوەی کورد دەگرێتەوە. بۆیەش، وێنەیەک لە کورد چێ بووە خەریکە هاوتا دەکرێ بە وێنەی کۆڵبەر. ئامانجی سیاسیی پشتی وەگەڕخستنی سیستەماتیکی کۆڵبەری سەپاندنی ئەم وێنەیەیە بەسەر نەتەوەیەکی بێدەوڵەتدا کە خەریکە بە ئاستێک لە هۆشیاریی مێژوویی دەگات و ڕەوایی دەوڵەتە باڵادەستەکانی دەخاتە ژێر پرسیار. فرانتس فانۆن بە باشی لە باندۆری ئەم جۆرە وێناکردنە ئاگادار بوو، کاتێک لە کتێبی «دۆزەخییەکانی سەر زەوی» بەم دەرئەنجامە گەیشت کە بەهێزترین چەکی کۆلۆنیالیستەکان ئەوەیە کە ئەو وێنەیەی کە خۆیان دەخوازن بەسەر مرۆڤە کۆلۆنیکراوەکاندا بسەپێنن. کۆڵبەریش هەمان ئەو وێنەیەیە کە دەوڵەتی داگیرکەر وەک میناکی مرۆڤی کورد خەریکە وێنای دەکات.

ئەگەر ئەم دوو گریمانەیە قەبووڵ بکەین کە یەک، هەر مرۆڤێکی کورد ویژدانی بە دیتنی دۆخی کۆڵبەران دەهەژێ؛ و دوو، دەوڵەتی داگیرکەر خەریکە بە مەبەستی تێکشکاندی شکۆی نەتەوەیەک وێنەی مرۆڤی کورد تێکەڵ بە وێنەی کۆڵبەری دەکات، ئەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامە کە کۆڵبەری خەریکە ناسنامەی نەتەوەیی کورد دەشێوێنێ و دەیڕووشێنێ. لێرەوە کۆڵبەری لەکەرامەتخستنی نەتەوەیەکە.

دەرئەنجام

کۆڵبەری پیشە نییە بەڵکوو فۆرمێکە لە کۆیلەتیی مرۆڤ کە دەوڵەتی داگیرکەر بەسەر خەڵکی کوردیدا سەپاندووە. مرۆڤ نابێ ئازاد بێ لەوەی کە کۆیلەتی هەڵبژێرێ، لەبەر ئەوەی کە مرۆڤ نابێ ئازاد بێ کە دەست لە ئازادیی خۆی هەڵگرێ. هەروەها، کۆڵبەری بەهای مرۆڤبوونی مرۆڤ دەخاتە ژێر پرسیار و بەم پێیەش کەرامەتی مرۆڤ و نەتەوەی کورد دەڕووشێنێ. ئەمەش وا دەکا کە کۆڵبەری ببێتە ئامرازی لەکەرامەتخستن و لەمرۆڤخستنی کورد. کاریگەرییەکانی کۆڵبەری لەسەر ناسنامەی تاکەکەسیی کۆڵبەران و ناسنامەی نەتەوەیی کورد دەمێنێتەوە، بە جۆرێک کە لە ئێستادا خەریکە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسیی داگیرکەرەوە وێنەیەک لە مرۆڤی کورد دروست دەکرێ کە کورد دەکاتە هاوتای کۆڵبەر. لەم نێوانەشدا بەشێکی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، نووسەر و «ڕۆشنبیری» کورد ناهۆشیارانە خەریکن ئاو دەکەنە ئاشی دوژمن و کۆڵبەری وەک وێنەیەک لە کوردبوون وێنا دەکەنەوە. پێویستە کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی و بە شێوەی هەرەوەزی بە هۆشیارییەوە لە دژی دیاردەی کۆڵبەری هەڵوێست بگرێ، بە جۆرێک کە لەپێناو پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و کەرامەتی نەتەوەی کورددا کۆڵبەری بۆ هەمیشە بنبڕ بکردرێ.

ژێدەرەکان:

[١] بۆئارگیومینتێکی بەهێز لەمبارەوە بڕوانە:

Mill, John Stuart. On Liberty. London: John W. Parker and Son, West Strand, 1859.

[٢]بۆ چەند ئارگیومێنتی بەهێز لە لایەنگریکردنی مافەکانی ئاژەڵان بڕوانە ئەم سەرچاوانە:

Singer, Peter. Animal Liberation. New York, N.Y.: New York Review of Books, 1990.

Donaldson, Sue, and Will Kymlicka. Zoopolis: A Political Theory of Animal Rights. Oxford: Oxford University Press, 2011.

Charlotte E. Blattner , Kendra Coulter  and Will Kymlicka (Eds.). Animal Labour : A New Frontier of Interspecies Justice? Oxford: Oxford University Press. 2019

[٣] Universal Declaration of Human Rights, Articles 1

بڕوانە؛ https://www.un.org/en/udhrbook/pdf/udhr_booklet_en_web.pdf

[٤] بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی تێگەی کەرامەت لە لای کانت بڕوانە ئەم وتارە؛

Johnson, Robert and Cureton, Adam, “Kant’s Moral Philosophy”, The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Spring 2019 Edition), Edward N. Zalta (ed.), URL = <https://plato.stanford.edu/archives/spr2019/entries/kant-moral/>.

[٥] Fanon, F. (1963). The wretched of the earth. New York: Grove Press.

ئەم وتارە لە ماڵپەڕی وێژماندا بڵاو کراوەتەوە

http://www.wejman.net/456/

Website | + posts