مەولوود ئافەند
ئاھەنگە ڕازاوە ڕووناکەکەی خەڵاتی قەڵەمی ھەژار” لە سنە، کە بە پشتیوانی ڕێکخراوە حکومییەکان بەڕێوەچوو، تەنیا چالاکییەکی کولتووری نییە، بەڵکو ئامرازێکی سیاسییە بۆ کردنەوەی ڕێگەی کۆنتڕۆڵی ڕابردوو و مێژوو و داھاتووی بزاڤی شوناسخۆازی کورد. دەسەڵات بەم جۆرە بۆنانە ھەوڵدەدات ڕووناکبیرانی کورد بخاتە ناو بازنەیەکی تەسکی خۆیان و ئەو کەمینە بچووکەی بەناوی جەمسەری ڕۆشنبیری و نوێبوونەوەی کەلتووری و ڕۆشنبیری کوردستان کە بەساڵانە خۆیان لەناو بازنەی فەرھەنگ و زمان و ئەدەب و ڕووناکبیری کوردی ـ فارسی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەنوێنەری ڕەھا دزانن بۆ گۆڕانکاری و نوێبوونەوە.
خەڵاتی قەڵەمی “ھەژار” لەو سات و کاتەدا من بە قەڵایەکی ڕووخاو بۆ زمانێکی زیندووی دەبینم و پێموایە ئەوانەی لە ڕۆژی یەکەمەوە خۆیان بەو بیرۆکەیە سەرقاڵ کردوە، کۆمەڵێک ئامانج و پرۆژەی سیاسی ئاناڵیزکراویان بۆ داھاتوو لەبەر چاو گرتووە و ئێستەش وەک ھەموومان بینیمان دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی خەڵاتی قەڵەمی ھەژار لەناو ڕای گشتی خەڵکی کوردستاندا، ھەتا ھەڵوێست و بۆچوونی ھەندێک لە نووسەر و ڕووناکبیر و شاعیرانی بەشداربوو. دیارە ئەوان بە ڕەخنە و گڵەیی لەھەندێک بەشی ناچاڵاکی فێستیڤاڵەکە دەستیان پێکردوە؛ وەک نەبوونی بەشی شیعر و سیاسەت و جۆگرافیا و مێژوو و ….،بەڵام من لێرەدا بەجیاواز ئەو بابەتە چاو لێدەکەم، چۆن ئەو خەڵاتە بەناوی مامۆستا “ھەژار” دابەشکراوە و ئەوانەی وەک بەڕێوەبەر و بەرپرسی سەرەکی ڕێکخستنی فێستیڤاڵی خەڵاتی قەڵەمی ھەژار بوونە لە شاری سنە و توێژینگەی کوردستان، کە بەدەستی دەسەڵات خەڵاتێکی زێڕین پێشکەش دەکەن، و لە پشتەوە بە دەستێکی تر گوللەیەکی تەقێنراویان ڕاگرتووە.. گوللەیەک بۆ بەئامانج گرتنی ناسنامەی کوردی و خەڵاتێکی دەسەڵات بۆ کوشتاری زمانی کوردی.
ئەو “ئاھەنگە ڕەنگاوڕەنگانە” تەنیا خەتەنایەکی کەلتورین کە دەسەڵات بۆ شاردنەوەی بێدەنگی ڕەسەن بەکاریدەھێنێت، چۆن دەسەڵات ناتوانێت کورد بەجەستە بکوژێت، بۆیە ھەوڵدەدات بیخاتە خەوێکی قوڵەوە. ئەرکی ئێمەش ئەوەیە کە پێویستە بەردەوام خەڵات و فێستیڤاڵەکانمان وەک چەکێک بەکاربھێنین، نەک تەنیا وەک ڕازاندنەوەی سیمای ناشیرینەکانی دەسەڵات ، کە ھەوڵدەدات نەتەوەی کورد بخاتە خەوێکی قوڵەوە.
ئەم وتارە تێڕوانینێکی ڕاست و توندە لەسەر ئەو ڕاستییە تاریکەی کە ڕووبەڕووی نەتەوەی کورد دەبیێتەوە. داگیرکەران لە کوردستان لەو ڕاستیەی تێگەیشتوون کە کوژرانی ڕاستەقینەی کورد وەک نەتەوە ناکرێت، چونکە کورد نەتەوەیەکی زیندووی ناو قووڵایی مێژووی سیاسەتی سڕینەوە و تووناکردن بووە،بەڵام بەردەوام گەورەتر بووە بەھۆی ئەو سیاسەتە. و دەسەڵات بەردەوام دەیەوێت شوناسی ئێرانیبوون وەک نیشانەیەکی مێژوویی پیشان بدرێت لەناو بیروھزری تاکی کورد، نەک زمان و شوناسی کورد وەک کۆمەڵگایەکی زیندوو و چالاک.
ئەمرۆ کەلتوری کوردی دەکرێتە فێستیڤاڵ و نمایشی مۆزەخانەیی، بەبێ ھیچ کاریگەرییەکی ڕاستەقینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا و وەک بابەتێکی ئارەزووی خوێندن دادەنرێت، نەک وەک زمانێکی زیندوو و پەیوەندیدار بە ژیانی ڕۆژانە و سەردەم. و مێژووی کورد بەچەواشەکاری پیشان دەدرێت، بۆ ئەوەی نەوە نوێ ھەست بە بێڕەگەزبوون بکەن. بۆیە خەڵات و ناساندنی کۆنتڕۆڵکراو وەک ئەوەی لەشاری سنە پەیمانگەی کوردستان بەناوی “خەڵاتی ھەژار” دیاری دەکرێت بۆ ڕەوایەتیدان بەو ئیدیۆمە زاڵەی زمانی دەسەڵات و سیاسەتی توانەوە لەناو بۆتەی ناسیۆنالیزمی فارسیدا. ھەندێک خەڵات و فێستیڤاڵ بەکاردەھێنرێن بۆ ئەوەی کورد بڵێن “ئێمەش ناسراوین!”، بەڵام بە شێوەیەک کە ھیچ گۆڕانکارییەکی سیاسیان نەکردوە لە ئاراستەی بەرژەوەندی نەتەوەیی. و بۆ زیندووکردنەوەی زمان و ناسنامە – نەک تەنیا پاراستنی وەک پاشخانێکی مێژوویی. و بۆ دروستکردنی بۆچوونی سیاسی – کە کورد تەنیا “فۆلکلۆر” نییە، بەڵکو کۆمەڵگایەکی چالاک و خوازیاری مافەکانییەتی.
“قەڵەمی ھەژار” لە سنە، کە بە پشتیوانی دەزگاکانی حکوومەت بەڕێوەچوو، تەنیا بۆنەیەکی کەلتووری نەبوو، بەڵکو پیشاندانێکی ستراتیژییەکی ژیرانەیە بۆ دروستکردنی ڕەزامەندی ڕابردوو لە نێو ڕێبواران و لادانی گەرمی گەل لە داواکارییە مێژووییەکانی. لە پشت ئەم جۆرە پڕۆگرامانە، میکانیزمێکی ئاڵۆزی دەسەڵاتی نیشانەیی و کۆنتڕۆڵی قسەکردن چالاکە. ژووری بیرکردنەوەی دەزگا سانسۆرچیەکان و ئەکادیمیای زمانی فارسی بە بەکارھێنانی چەند کورد و ھێزە پەیوەندیدارەکانی چاڵاکە، کە ھەوڵدەدەن ئەم جۆرە بۆنانە وەک “مەدەنی” و “جەماوەری” پیشان بدەن، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا ئەم پڕۆگرامانە ئامرازن بۆ شاردنەوەی دەسەڵات، کۆنتڕۆڵ و کڕینیەوەی قەڵەمە ناسراوەکانی کورد لە ھەموو بەشەکانی کوردستاندا. و ئەگەر نەتوانین ئەمانجی ئەو پڕۆژە
کەلتوورییە ئاشکرا بکەین، لە بەرامبەر پێکھاتەی ئاڵۆزی چەواشەکاری و گۆڕانکاری شکست دەخۆین. کاتی ئەوە ھاتووە کە بە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە ئاشکرا بکرێت و پێویستە بڵێین کە خەرجییە گەورەکان لە ڕاستیدا وەبەرھێنانن بۆ لاوازکردنی داواکارییە سەرەکییەکان.
پەیمانگای کوردستانناسی لە شاری سنە، وەک ناوەندێکی زانستی سەربەخۆ نییە، بەڵکو وەک باڵی سیاسەتی نەرمی دەزگا سانسۆرچییەکان کاردەکات. ئەم دەزگایە، لە جێگەی ئەوەی ببێتە شوێنێک بۆ بیرکردنەوەی دووبارەی ناسنامە و زمانی کوردی، بووەتە “بینای ژمارە ٢ی وەزارەتی …..، شوێنێک بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕانکاری لە ڕێگەی بانگھێشتکردنی کەمینەیەکی بچووکی ڕۆشنبیر و نووسەران بۆ پڕۆژە پلاندارەکانی داھاتووش، کە ئەرکیان دووبارەکردنەوەی ڕێکخستنی دەسەڵاتە لە ژێر خێوەتی “لێکۆڵینەوە” و داھێنان و پێشکەوتنی زمانی و ئەدەبیاتی کوردی.
بۆیە زانکۆی سنە ھەوڵدەدات زمانی و کەلتوری کوردی لە بەستەری بەرگری و سیاسەتەوە بۆ بەرەی بێ مەترسی مووسیقا و پێشانگە و کتێبە بێ خوێنەرەکان بگوازێتەوە؛ شوێنێک کە چیتر ھیچ جێگەیەکی لە شەڕ و بەرگری تێدا نەبێت، بەڵکو تەنیا لەگەڵ شێوازە بێ نیشانەییەکان ڕوبەڕوو بین. ئەمە بە تەواوی ھەمان ستراتیژی سڕینەوەی ناوەڕۆک و بەتاڵکردنە لە مانا.وەک جیھانێکی وێرانکراو دەردەکەوێت کە تیایدا شەڕ و بەرگری ڕاستەوخۆ جێگەیان بۆ نەماوە، چونکە ستراتیژییە نوێیەکەی دوژمن کاریگەری خۆی لەسەر ناوەڕۆک و مانا کردووە. ئەم جیھانە زیاتر لە بۆشایییەکی سیمبولیک دەچێت کە تیایدا شەڕە کلاسیکەکان گۆڕاون بە شێوازە نادیارەکانی نەھێشتنی ڕاستی وەک سڕینەوەی بیرۆکەکان، داڕمانی زمان، یان حتی بەتاڵکردنی مێشک لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە.وەک ئەوەی مێژووێک بسڕیتەوە یان زمانێک بە شێوەیەکی سیستەمی بێھێزە بکەیت، تا کەس نەتوانێت بیری لە شتەکان بکاتەوە یان بیانگەیێنێت. ئەمە لە ڕێگەی پڕۆپاگەندەی بێکۆتایی، یان سانسۆرکردنی ھەر شتێک کە مانایەکی ڕاستەقینەی ھەبێت، دەبێت.
لەم شوێنەدا، شەڕەکە نابێتە «بردنەوە یان دۆڕان»، بەڵکو دەبێتە بوون یان نەبوون. چۆن تۆ ناتوانی بەرگری بکەیت، چونکە ھیچ دوژمنێکی ڕاستەقینە نییە کە دیاریکراو بێت،تەنیا سیستەمێکی بێ ڕەنگ ھەیە کە خەڵک دەخاتە ناو بۆشاییەکی بێ کۆتایی. شەڕەکە نابێتە تەقەکردن، بەڵکو خوێندنەوە، بڵاوکردنەوەی کتێب، وتار، یان شانۆگەری و فێستێڤاڵی سیمبووڵی و خەڵاتی باشترینەکان.
لە کۆتاییدا، خەڵاتی ئەدەبی قەڵەمی ھەژار لە جیھانێکدا کە “ڕاستی” و “مانا” بە شێوەیەکی سیستماتیک دەسڕدرێنەوە، ئەو خەڵاتە بەشێوەیەکی خۆکار دەبێتە ئامرازێک بۆ نەھێشتنی جوانیەکانی ھونەر،نووسین و قەڵەمە بوێر و ھەقبێژەکانی کورد لە ئێران، نەک پێزانین و ڕێزڵێنان، بەپێچەوانەی ڕێچکەی بیروھزری مامۆستا ھەژاری نەمر…ئەگەر ئەمرۆ مامۆستا ھەژار لەژیاندا بووایە بێگومان ڕێگای نەدەدا خەڵات و فێسیڤاڵی لە وارێکی کوردستان بۆ ئەنجام بدرێت کە لەپشت دیوارەکانی باڵاخانەی کوردستانناسی زیندانییەکی سیاسی لە پێکەوەگرتنی دەست و پێیدا چاوەڕوانی ئازادی دەکات،لەسەر وشە و زمانی کوردی سزا دراوە،منداڵێک بە گەریان کتێبی فارسی دەخوێنێتەوە، پۆلیسێک کتێبخانەیەکی کوردی دادەپۆشێت و کلۆم دەکات..یارییەکەی دەسەڵات کە لەسەرەوە تابلۆیەک نوسراوە “خەڵاتی قەڵەم ھەژار – پشتبەستن بە زمان و کەلتوری کوردی”
لە خوارەوە، دەسەڵاتدارێک لەسەر شاشەیەکی کۆنتڕۆڵی زمانی کوردی ڕاوەستاوە…قەڵەمی ھەژار تەنیا بۆ نووسین نەبوو،بەڵکوو بۆ شکاندنی ھەموو کۆسپ و تگرەکانی بەردەم زمان و شوناسی کوردی بووە.