ئابورى قەیران

دوکتور محەمەد گەناویی

ئابورى قەیران واته ( ڕەوشى ئابورى به هەموو ڕەهەندەکانیەوه لەکاتى قەیرانه ئابورى – دارایى – سیاسى – کۆمەڵایه تى ) وه هەتا قەیرانه فکرى و فەرهەنگیەکان ، لەگەڵ قەیرانى ئابورى که بە هۆکارێک بێت ڕوو دەدات ، جیاوازیان هەیه لە بنەمادا وه ئامڕازى چارەسەڕ .
قەیرانی ئابوری بەشێوەیەکی گشتی لەسەرخانی ئابوریدا ڕوودەدات ، لەئەنجامی سستی یان نەبونی چالاکی بەھەرھۆکارێک بێت ، کە مەرجە بۆ ئابوریەکی تەندروست . بۆنمونە لێرە دامەزراوەیەکی تۆکمەی ئابوری ھەیە ، بەڵام بەھۆی ھەندێک پێشھاتی چاوەڕوان کراو ، یان چاوەڕوان نەکراو کار دەکاتە سەر . چالاکی ئەم دەزگا ئابوریە ، لە بواری کارکردن و بەرھەمھێناندا ، بۆنمونە بەھۆی ھۆکاری دارایی لەئەنجامی چالاکی دارایی بازاڕی دارایی و دراوەکان ، یان سیاسەتی نوێی بان کۆک وە بازاڕی کار ، لەسەر ئاستی سنوری نیشتمانی بێت یان ناوچەیی و جیھانی . وەھەندێکجار دەشێت بەھۆی ھەندێک ڕووداوی ھەتا مێژوویی بێت ، کە لەبواری سیاسی و ئابوریدا ڕوویان دابێت نمونە پاش زیاترلە 25 ساڵ لە داگیرکردنی عیراق بۆ کوەیت تا ئێستاش ئاکامە ئابوریەکانی بونیان ھەیە .
واتە کاتێک قەیرانی ئابوری دروست دەبێت ، کە ژێرخانی ئابوری ھەبێت وە بۆ چارەسەریش دەبێت سیاسەت و ئامڕازی نوێ – ڕێکخستنی نوێ – وە نوێ کردنەوەو ئاڵوگۆڕ بەکاربھێنرێت بۆ چاککردنی سەرخانی ئابوری ، بەڵام ئابوری قەیران واتە لەم کاتەدا کە قەیرانەکان ھەن پێویستە ئاوڕ بدرێتەوە لەژێرخانی ئابوری وە ئامادەسازی بۆبکرێت و ئاڕاستەبکرێن ، کە بتوانرێت بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بین .
ھەڵبەتە لەقەیرانی ئابوریدا دەبێت ژێرخانی ئابوری لەبەرچاو بگیردرێت ، بۆ ھەر ھەوڵێک بۆچارەسەری قەیرانی ئابوری بەم جیاوازیە کە دروستکردنەوە ( نوێ کردنەوە ) ، وە چاککردن گشتگیرنیە ، بەڵام بۆ ئابوری قەیران دەبێت تا ئەوپەڕی ھەوڵەکان وه کارەکان گشتگیربن ، بۆنمونە ئەم قەیرانانەی کە لە کوردستان و عیراق و زۆرێک لە وڵاتانی جیھانی سێ یەم ھەن ، پێویستیان بە چارەسەری گشتگیرھەیە ، لە ھەموو لایەنەکانی ( سیاسی – فکری )، بۆدروستکردنی ژینگه و ژێرخانی ئابوری .
ئابورى قەیران بەشێوەیەکی گشتی و کورت لەم خاڵانەدا پێناسە دەکرێت وەک سیاسەت ، میکانیزم وه ئامراز بۆ چارەسەر .
١ – دروستکردنی ئەنجومەنی شورای شار و ناوچەکان ، کە کار لەسەر کایەکانی ئابوری بکەن ، بێ خۆبەستنەوە بە بەرژەوەندیەکانی حزب و خێڵ و خێزان ، ئەم حاڵە لەسەر ئاستی حکومەتیش ھەر دەبێت وابێت ، کەپێی دەڵێین حکومەتی تەکنۆکرات وەک سەرەتا بۆ دامەزراندنى ئابوورى نیشتیمانى .
٢ – ھەموو کەرتە ئابوریەکان ، بخرێنە ژێر چاودێری ئەنجومەنەکانەوە ، دادپەروەرانە بەکاربێن بۆ پڕکردنەوە پێداویستیە ھەنوکەییەکانی خەڵک ، بۆ فەراھەمکردنی موچە و خۆراک و پێداویستیە سەرەکیەکانی ژیان و بەڕێوەبردنی دەزگاکانی وڵات .
٣ – دانانی نەخشە و جوگرافیای ئابوری نیشتمانی وە دەستکردن بەدروستکردنی دامەزراوەی ئابوری کە ھەم بۆ کاتی ئێستا بتوانێت ئیدارەی قەیرانەکان بکات ، ھەم بۆداھاتوو ببنە ژێرخانی تۆکمە .
٤ – پەره پێدانى سستەمى هەرەوەزى له کەرتەکانى ئابوورى له بوارەکانى کشتوکاڵ – پیشەسازى – خزمەتگوزارى ، وه کەرتى نیشتەجێ بوون بەمەبەستى فەراهەمکردنى دیمکراتى ئابوورى تا زۆرترینى خەڵک راستەوخۆ بەشداربن ، هەم له بوارى بەرهەمهێنان و هەم لە بوارى بازار و قازانجا .

+ posts