سێ فیشەک تا ئازادی

نووسەر:دوکتور پژواک کەوکەبییان

ستڕاتیژی سێ قۆناخی بۆ ڕزگاری لە ئیستیعماری ئێران

سەرەتا

کوردستان موستەعمەرەی ئێرانە ، کوردستان مستەعمەرەی فەرهەنگی ، ڕامیاری ، نیزامی ، ئابووری ئێرانە .دڕێژەکێشانی ئەو ئیستیعمار و چەوساندنەوە سەقامگیرە، هێژمۆنی پێکهاتەکانی ئیستیعماری ئەوانی بە دامەزراوە و هاسایی کردۆتەوە، زەین و لەشی کوردستان، شەکەتی زوڵم و داگیرکاری وئیستیعمار و تاڵانە .

سێ شێوەی لە ئیستیعمار : ئیستیعماری زەین ، ئیستیعماری لەش و ئیستیعماری دامەزراوەیی ، کۆڵەواری وبێدەرەتانی کوردستانیان لێکەوتۆتەوە.

ئێران بە زەبر و زۆر موستەعمەرەیەک ئیدارە دەکا و سیاسەتێکی تێدا بەڕێوە دەبا کە لە ڕیاکاری و دەغەڵکاری وچەواشەکاری و وەحشیگەری دا لەجیهان بێ وێنەیە، ئێران بە شەرمەزارییەکی تەواو دەستی بە سەر خاک و وڵاتی زاگڕۆس و کوردستان دا داگرتووە و یاساگەل و ڕێساگەلێکی وەدی هێناوە کە هیچ پەیوەندییەکی دەگەڵ بیر وبۆچوونی دانیشتوانی کوردستاندا نییە هیچ، بەلکوو دژایەتییەکی بەرچاو و زەقی دەگەل هەموو ئەوداب ونەریت و فەرهەنگەیە کە بە درێژایی مێژوو لە کوردستاندا ڕەچاو کراون و دەکرێن و جێی ڕێزن بۆ کوردەواری .چونکوو لەمەڕ ئەو یاسا و وڕێسایانە هیچ پرسێک بە نەتەوەی کورد نەکراوە و هیچکامیشیان هیچ بەرژەوەندییەکیان دەگەڵ هێچ لایەنێكی کورد دا نییە وتەنیا شتێکن داسەپاو و نامۆ لە کوردەورایدا.

چۆنیەتی هەنووکەیی زاگڕۆسییەکان وەک ئەوانە دەچێ کە، لە گرتووخانەکانی ئێراندا دەست بەسەرن .کوردەکان ڕزگار کردنی خاک و وڵاتی خۆیان بە مانای داماڵینی کۆت و زنجیری دەست و پێیان و نیری دیلی لە ملیان دەزانن کە بە سەروەری ومەزنایەتی سەرلەنوێی خۆیان بە سەر وڵاتی خۆیاندا لێکدەدەنەوە . لەبواری مێژووییەوە ئێران وەک ئاغایەک بە سەر زاگڕۆسەوەیە کە، هەر خەریکی زوڵم و ستەم بووە و هەر دەستکەوتێک کە بە هۆی شۆڕش و سەرهەڵدان و سەربزێوی نەتەوەی کورد بۆ ئازادی و خۆڕزگار کردن لەو ئیستیعمارە، لە چاو لوتف و مەرحەمەتی ئەوئەربابەوە نابێ سەیر بکرێ ، بەڵکوو لە مەرگ و نەمان و فەوتانی ئەو داگیرکەرە دا مسۆگر دەبێ . هەووەڵین دەستکەوت ، کاتێک دەستەبەر دەکرێ کە زانیاری و وشیاری و چاوکراوەیی کورد لەڕاست بوونی داگیرکەر و ئیستیعمارگەر و تاڵانچییەکی بە نێوی ئێران لە سەر خاك و زێدی باب وباپیرانیدا هەست پێبکا و خاک و خۆی بەداگیرکراو بزانێ .

واقیعییەت ئەوەیە کە هەرکات نەتەوەکانی داگیرکراو و موستەعمەرە، ئیدارە و بەرێوەبەرایەتی سیستیمی ماڵی و سەروەت و سامانی خۆیان بە دەست خۆیانەوە بێ ، هاوسەنگی داگیرکەری ڕابردوو لەگرێژنە دەچێ.چونکوو هەر ئاڵوگۆڕێکی ئابووری و گەشەی سەنعەتی کە سەرەتای ئەو بە مەوادی خاو دەست پێدەکەن کە لە کوردستان دەبرێن و بەتاڵان دەچن، دەبێتە هۆی ئەوەکە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لەلایەن مەستەعمەرەکانی پێشوو هەرزانتر لە جاران دەستەبەر بکرێن و ڕەقابەت بۆ ئێرانی ئیستیعمارگەر نەک زۆر دژوارە ، بەلکوو تەنانەت نەلواو دەبێ .

ئێمە ئاگادارین کە لە هەنگاوی هەووەڵدا ئەوەیکە بۆ ئیستیعماری ئێرانی گرینگە ، بانکەکانی دامەزراو، سەرەتەکانی قازانج، کەلک وەرگرتن لە مڵک و خاکی داگیرکراو  و شاڕەگی تاڵانی ئاو ، زەوی ، کرێکاری بێ حەقدەست ، ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و سەرچاوە ژێر زەوییەکانن ، ئەگینا باقی شتەکانی تری بەلاوە، هەرهەمووی بۆ فریو و هەلخڵەتاندنن.

بەڵێ کوردستانییەکان دەبێ بزانن کە ، بە دەست لە سەر دەست دانان ناتوانن چاوەڕوانی هیچ ئاڵوگۆڕێک بن ، تەنیا سەروەتێکی کەیلانی وەتەنی”وەتەن دۆستان” زاگڕۆس هەیانە ، تینوێتی ئەوانە بە ئازادی وخۆڕزگارکردن لە کۆت و زنجیری ونیری ئیستیعمار وداگیرکاری ئێرانییە وبەس .تا کاتێک ئاڵای بێگانە لە وڵاتی ئێمەدا بشەکێتەوە و خاکی ئێمە لە ژێر چەکمەڕەقانی داگیرکەردا بمێنێتەوە ، کوردستان لە بواری نیزامی هەر لەژێر داگیرکەردایە و لە بواری ئابوورییەوە ئیستیعمارکراوە و لە بواری فەرهەنگییەوە پاکتاوی پێناسەکراو و ئاسمیلە وهەڵاواردە و حەشا لێکراوە.

ڕێچارەی هەرسێک لەو سێ بوارە ئیستیعمارییانە، تەنیا یەک فیشەکە ، بۆیە ستڕاتیژی سێ قۆناخی بۆ ڕزگاری لەو نهامەتییانە بە پێویست دەزانین.

ئیستیعماری هەووەڵ

زەینی کوردستان دیل و لەژێر کارتێکەری و پاپۆکەی ئێرانییەت و ئێرانی بوون دایە. تا زەین و پێناسەی کوردستانی لەو پاپۆکە ئیستیعمارییەی ئێرانی ڕزگار نەکرێ ، لەشی ئەو زەینە ئازاد نابێ، لێکجوێکردنەوەی پێناسەی کوردستانی لە پێناسەی ئێرانی، لە پێداویستییەکانی قۆناخی هەووەڵ دەزانین ، فام و قبووڵی ئەو بنەمایە کە پێناسەی کوردستانی جوێ لە پێناسەی ئێرانی یە، هەنگاوی هەووەڵە لە قۆناخی هەووەڵدا.

فیشەکی هەووەڵ دەبێ بە سەرخۆماندا هەڵتۆقێنین ، تا خۆمان لە خەوی غەفڵەت ڕاچڵەکێنین .ئەو فیشەکە هەر ئەو وەخۆ هاتنەوە لەمەڕ ئاسمیلاسیون و دەستەڵاتی زەینی ئێران لەهەموو بوارەکانی ژیانی ئێمەدایە، کە ئەوفیشەکە جارێک بۆ هەمیشە، لەو خەوە هەڵمانهەستێنێ .

مەرجی هەووەڵ بەئاگا بوونەوەی تاک و گەیوی فکری شارۆمەندان و ناسینەوەی پێناسەی کوردستانی و دەرکەوتن لە کۆت ونیری زەینییەتی ئێرانی بوونە . تاکێکی زاگڕۆسی دەبێ ئەو ترسە داسەپاوەی زەینی بەو فیشەکە کە ئاڵقەی هەووەڵی زنجیری بە کۆیلە بوونمانە، لەبەر یەک بترازێنێ و بقەلشێنێ. لە ڕاستیدا تاکیکی کورد ئەوفیشەکە بە زەینی کۆیلایەتی  وژاراوی پێشووی و بەسەرچووی خۆیەوە دەنێ و پێناسەی کۆیلە و ژێردەستی و چەوساوەیی خۆی، جارێک بۆ هەمیشە دەکوژێ ، ئەوئینسانە سەرلەنوێ لەدایک دەبێتەوە وەک تاکێکی بە تەواوی جوی لە کەسایەتی پێشووی خۆی .ئینسانێكی ئازاد ،شۆڕشگێڕ ، بەکەلک  و بە بەرهەم ، باوەڕمەند بە خۆی ، بنەماڵەکەی، شارەکەی، نەتەوەکەی و وڵاتەکەی . ئەو فیشەکەی دەستپێک، دەبێتە هۆی ئەوەیکە چیتر هەست بە خۆی وەک ئینسانێكی داپلۆسراو ، بچووک کراو ، داگیرکراو و ئیستیعمارکراو نەکا و ئیستیعمارگەر و داگیرکەر بە چاوێكی سووک سەیر بکا نەک وەک هێزێكی لەخۆی بەهێزتر.ئەو زەینییەتە ژاراوییەی ئێرانی بوون دەبێ لە لەش و گیانی کورد و وکوردستاندا هێڵانەی کردووە، جاریک بۆ هەمیشە بسڕێتەوە و خاوێن بکرێتەوە، مائۆ تسەتۆنگ قسەیەکی هەیە دەڵێ : (فکر و پرسیارێک کە لە ناخی خەڵکدا، چەکەرە بکا، چەکێکە بە هێز، کە فەوتانیان نالوێ و کە گشتگریش بوو، نە دەفەوتێ و نە دەمرێ ).

فیشەکی دەستپێک بە ئاڵقەی کۆتی زەینی “خۆبە ئێرانی” زانینە.

ئیستیعماری دووهەم

ئیستیعماری دووهەم داگیرکاری خاک و وڵات ، لەشی شەکەت و دەستبەسەرکراوی زاگڕۆسە. داگیرکاری نیزامی و دیلی پێکهاتەکانی ئیستیعماری یە. بوونی فیزیکی ئەودامەزراوانەن کە خەریکی تاڵانی سەروەت و سامان و فەرهەنگین .کە خۆی بەڵگەی بەرچاوی تاڵان و دزینن ، سیستیمی ڕاهێنان وپەروەردە ، ڕیکخراوەکەکانی ئیداری و وڵاتی ، دامەزراوەکانی بەرێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئابووری هەرهەموویان وەک قشڵە (پادگان) ن کە درێژە بە ئیستعمارگەری ئێرانی دەدەن .قۆناخی دووهەم، جووڵانەوەیەکە بەرەو ئازادی ، سڕینەوەی خاکی کوردستان لەو ئیستیعمار و داگیرکارییە یە. پێویستە کۆتایی بە بوونی داگیرکەر بهێندرێ .

دەستدرێژکەر بە سیستیمی برۆکڕاسییەکەی ،ماڵی ئێمەی بڕیوە ، بە چەک و چەکمە خەریکی تاڵانە ، جا لێرەیە کە دەبێ فیشەکی دووهەم باوێن ، بە گوێرەی یاسای جیهانی ، گرتن و دەستبەسەرکردنی دەستدرێژکەر لە ساتی دزی و تاوانکردندا ، دیفاعێکی مەشرووعە ، ئەوە خۆڕزگارکردن لە ژێر زەختی ئەو چەکمەیە، کە لە سەر قوڕقوڕۆچکەی میللەتی کورد دانراوە و بڕستی هاوار و داوای هانای خۆڕزگارکردنی لێبڕیوە و ئیزن بە پشوودان و هەناسە کێشانی نادا.

ئیستیعماری سێهەم

دز لە ماڵێ دەرکراوە و ماڵ دەبێ دەستێکی بە سەر و گوێلاکی دابهێندرێ وڕێک وپێک بکرێ.پیویست بە بەرنامە وداڕشتنی پڕۆژە ئابووری و بەرێوەبەرایەتی هەیە ، ئەندامانی ئەو بنەماڵە و دانیشتوانی بڕیار دەدەن کە کارەکان چلۆن بە سەر خۆیاندا دابەش بکەن، پسپۆڕان و لێزانان، هەر کام لە بواری تایبەت بە زانستی خۆیاندا بەشداری ئەو پڕۆژەیە دەبن. هەر دەنگێک کە ئەندامان و دانیشتوانی ئەو ماڵە لە سندووقێ دەنگی داوێن .ئاستەنگێکە لە سەر گەڕانەوەی سەرلەنوێی ئیستیبداد .

گرفتی کلاسیک و کۆنی وڵاتانی ئێمەی جیهانی سێهەمییەکان ، نەبوونی ڕێکخراوەگەلێکن کە لەژێڕ چاوەدێری جەماوەری خەڵکی ئەو وڵاتانەدا بەڕێوە بچن.ئیستیبدادی ناوەندگرایی بە شێوەیەکی ناوهاخنکراو و تێخزێندراو لە زەین و مێشکی خەڵکی ئەو وڵاتانەدا سازماندراوە. بۆیە نەبوونی هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە وڕاستەوخۆ لەبەستێنێکی گونجاو بۆ حکوومەتێكی خەڵک بە سەر خەڵک دا ، بنەماییترین گرفتە لە دوای ڕزگار بوونیان لەژێر زەخت وستەم دا. بۆیە ئیستیبدادێکی ناوخۆیی و خوماڵی نابێ جێگای ئیستیبدادی بێگانە بگرێتەوە ، بۆیە پێکهێنانی ڕیکخراوەگەلی بەڵێنمەند بە یاسا ، پێکهاتە ولێژنە و پاڕڵمان و دەوڵەتی کوردستان ،یەک لە پێداویستییەکانی بەر‌هەڵستکاری لە مەر ژیاندنەوەی ئیستیبدادی ئێرانی و ڕەت بوون لەقۆناخی سێهەمە، قۆناخی سێهەم ، ڕیفڕاندۆمی گشتی، دامەزراندنی پێکهاتەکانی دیموکڕاتیک ، لێژنەسازی و مۆدێڕنیزاسیۆنی ڕێکخراوەکانی ناوخۆییە.

ئەوە فیشەکی سێهەم وفیشەکی کۆتایییە، لە لەشی کەلەلا و نیوەگیانی ئیستیبداد ، ئیستیعمار ، زوڵم و ستەم  وداگیرکاری و دەستدرێژی دەدرێ .

بەشداری لە دەنگدان ،ڕێفڕاندۆم ودەربڕینی بیر وبۆچوون لەڕاست پرسگەلێک کە پەیوەندییان بە زاگڕؤس و کوردستانەوە هەیە ، ئەرک و مافی هەموو کوردێکە، نێلسۆن ماندێلا هەمیشە دووپاتی دەکردەوە کە : “تا قانوونی داگیرکەر لە پاڕڵمانی خاکی وەتەنی خۆمدا پەسەند نەکراوە بە فەرمی نایناسم و لای من ئیعتیباری نییە”. کوردستانیش هیچ قانوونێکی ئێران تا لەپاڕڵمانی زاگڕۆس و کوردستاندا پەسەند نەکراوە، بەرەسمییەتی ناناسێ ، پاڕڵمانی نەتەوەیی کوردستان سەرچاوەی یاسا و ڕێسای حاکم بە سەر کوردستانەوەن وهیچ قانوون و دەستوری کار و ئاییننامەیەک کە لە دەرەوەی پاڕڵمانی خاکی کوردستان دا پەسەند کرابێ بە فەرمی و ڕەسمی ناناسێندرێ  و هەڵگری هیچ ئێعتیبارێک نییە و شیاوی بەڕێوەبردن نین.

فیشەکی سێهەم،  کارتی دەنگدانە، کە کۆتایی بە سیستیمی داگیرکاری ، پێکهاتەکانی ، یاساکانی ، برۆکراسییەکەی و ناوەندگراییەکەی دێنێ و وەک تیری خلاس لە مێشکی ئیستیعمار و ئیستیبداد و داگیرکاری دەدا .

بژی ئازادی – ئاوەدان کوردستان

+ posts