دیموكراسی راستەوخۆ لەشەقامەوە

بەماناكەی، دیموكراسی واتە دەسەڵاتی خەلك، لەبواری كرداریدا مادام داسەڵات هی خەلك بێ، ئەبێ خەلكیش بریاربدات لەسەر سەرنەویشتی ژیانی خۆی وەداهاتووی خۆی لەهەموو روویەكەوە.
لەگەڵ دەستپێكردنی سەردەمی رێسانس لەسەدەی 14 لەرۆژئاوا لەبواری فەرهەنگی، زانستی، فكری‌و فەلسەفی، ئەمجار دروستبوونی جوڵانەوەی فكری سیاسی‌و چالاكی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی، شۆڕشی پیشەسازی‌و وەدەورانی رۆشەنگەری بەرههمهێنا، كەئەمەش لەخۆیدا جوڵانەوەی كرێكاری‌و چینایەتی‌و وشیاری كۆمەڵایەتی‌و سیاسی لێكەوتەوە .
لەگەڵ شۆرشی پیشەسازی گۆڕانكاری گەورە لەبواری چینایەتی دروستبوو لەوانە دروستبوون‌و بەهێزبوونی چینی بۆرژوازی شاری‌و چینی كرێكار كەشێلگیرانە لەخەباتی سەختدا بوون بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لەبواری سستەمی سیاسی، ئابووری‌و كۆمەڵایەتی، هەرئەم خەباتە شێلگیرانەی چینی بۆرژوا، كرێكارو برسیەكان بوو كەبووە هۆی دروستبوونی شۆرشەكانی بۆرژواو جوڵانەوەی چاكسازی لەهەموو ئەوروپا كەبووە هۆی پەیدابوونی پارتی سیاسی، هەر چینێك پارتیكی سیاسی خۆی دروستكرد تارەنگدا‌نەوەی دنیابینی خۆی بێ بۆ پارێزگاری لەبوون‌و بەرژەوەندیەكانی خۆی.
.شۆرش‌و شەپۆلەكانی چاكسازی لەرۆژئاوا بوە هۆی گۆڕانی سستەمی سیاسی لەپاشایی تاكرەوییەوە بۆ سستەمی دیموكراسی پارلەمانی كەتائێستاش بەردەوامی هەیە.
یەكترقبوڵكردن، ئازادی بیروڕا، ئازادی تاك‌و بەشداری تاك لەبریاردان لەڕێگەی دەنگدان لەسەر ئاستی دامەزراوە دەولەتیەكان لەگەڵ مافی خاوەنداریەتی بنەما سەرەكیەكانی دیموكراسی رۆژئاوان، هەروەها چەمكی دەوڵەتی خۆشگوزەران (Welfare state) بۆ سستەمی دیموكراسسی زیادكرا، چونكە دیموكراسی بەبێ دادی كۆمەڵایەتی ناتوانێ بەردەوام‌و پایەداربێ، هیچ كەسێك ناتوانێت تەنها بەئازادی قسەكردن بژی ئەگەر لایەنی هەرەكەمی ژیانێكی شەرەفمەندانەی بۆ فەراهەم نەكرێت . یەكەمجار لەئیمپراتۆری ئەڵمان باس لەدەوڵەتی خۆشگوزەران كراوە هەروەها لەساڵی(1889) بۆ یەكەمجاریش باس لەئاسایشی كۆمەڵایەتی كرا. ‌لەسەدەی بیست كەم یان زۆر دەوڵەتی خۆشگوزەران بووبەناسنامەی سستەمی سیاسی لەئەوروپای رۆژئاواوە ئاسایشی كۆمەڵایاتی كەلەبەخۆرایی خزمەتگوزاری تەندروستی‌و خوێندن‌و فێركردن لەهەموو قۆناغەكانی خوێندن هەتا زانكۆش لەگەل هاوكاری دارایی لەكاتی بێكاریدا بەرجەستە ئەبێ بوو بەمیكانیزمی دەوڵەتی خۆشگوزەران. ئەم دادی كۆمەڵایەتیەی بەشێوەیەكی رێژەیی كەتائێستا لەئەوروپا هەیە، جگە لەرەهەندە سیاسیەكەی رەهەندی فەرهەنگی، شارستانی، مێژوی شێوە هەتا ئاینیشی هەیە، بۆنمونە بوونی رێكخراوە خێرخوازیەكان لەوڵاتانی ئەوروپا مێژویەكی درێژی هەیە بەڵام لەسەدەی بیستەمدا لەبەر گەلێك هۆكاڕ كەباسی بابەتی ئێستامان نیە رەهەندێكی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی وەرگرت، بەهەرحاڵ هۆكار هەرچیەك بێت ئەوەی ڕاستیە ئەمەیە كەتائێستاش یاسای ئاسایشی كۆمەڵایەتی نەك هەر خەلكی ئەوروپی لێی سودمەند بووە بەڵكوو بەدەیان ملیونان خەڵكی تریش كەلەدەرەوە هاتوون سودمەندبوون.
سۆسیال دیموكراتەكان كەخۆیان بەپارێزەری دەوڵەتی خۆشگوزەران ئەزانن لەرۆژئاواوە لەم ڕێگەوە رۆڵی سەرەكیان بینی لەسنورداركردنی گەشەی جوڵانەوەی سۆسیالیستی‌و كۆمۆنیستی رادیكاڵانە بەتایبەت لەسەردەمی یەكێتی سۆڤیەت، بەڵام دوای هەرەسی یەكێتی سۆڤێت‌و رەواج بوونی ئابووری لیبرالی لەرێگەی بازاری ئازاد، بەردەوامی دەوڵەتی خۆشگوزەران كەوتۆتە ژێر پرسیار بەتایبەت لەكاتی ئێستادا كەرۆڵی دەوڵەت كەمترو كەمتر ئەبێت، كەم ئەكرێتەوە لەئابووریدا بەتایبەت لەلایەن پارتە لیبرالەكانەوە.
لەكۆتایی سەدەی نۆزدە‌و سەرەتای بیست، بزاڤی دیموكراسی‌و دادخوازی گەشەیەكی مێژوویی بێوێنەیان بەخۆوەبینی كەلەهەموو مێژووی مرۆڤایەتی وێنەی نەبوو بەڵام لەهەمان كاتدا دیموكراسی پەڕ‌لەمانی‌و دەوڵەتی خۆشگوزەران چارەی هەموو گرفتەكانیان نەكردوە ‌و ناكەن، نمونەش قەیرانە گەوەرەكانی ساڵانی سیەكانی سەددەی رابردوو هەروەها بزوتنەوەی خوێندكاران لەساڵانی شەستەكاندا دژی دەسەڵات‌و هەروەها بزوتنەوەی ژنان لە شەستەكان‌و حەفتاكانی سەدەی رابردوو .
بەهۆی گۆڕانكاری لەسستەمی سیاسی‌و ئابووری‌و هەروەها لەجیۆستراتیجی‌و جیۆسیاسی لەسەرئاستی جیهان لەم بیست بۆ سی ساڵەی دواییدا گۆڕانكاری لەسەر رەوشی دیموكراسی‌و دادخوازیدا كردوە، بەجۆرێك وردەوردە پەرلەمانەكان‌و نوینەرانی خەڵك لەپەرلەمان بێدەسەڵاتترو دەستەوەستانتر ئەبن لەمەڕ چارەی گرفتەكان، لەبەر گەلێك هۆكار نوێنەران لەپەرلەمان ناتوانن ئەوەی خەڵك راسپاردەی بۆكردوون بەئەنجامی بگەیەنن، هەرلەبەرئەمەشە كەخەلك بێهیوا ئەبێ لەكاری بریكاران ناچار خۆیان دێنە شەقام نمونەی تازەش بۆئەمە بزوتنەوەی هێلەك زەردەكانی فەرەنساو ئێستا لەلوبنان‌و عێراق، كە بەدلنیایی سبەینێ زۆرشوێنی تریش هەمان ڕەوشی عێڕاق‌و لوبنان دوبارە دەبێتەوە. واتە نوێنەران لەپەرلەماناكان تەنها وەك بریكاری دەنگدەران كارئەكەن هەتا ئەگەر باشترین نوێنەریش بن ئەمجار ناتوانن نوێنەرایەتی هەموو خواست‌و ئارەزوەكانی دەنگدەران بكەن جگەلەوەی كەنەكەونە ژێر كاریگەری لۆبی بەرژەوەندیە جۆراوجۆرەكانەوە..
دیموكراسی ناراستەوخۆ لەبریارداندا لەڕێگەی بریاكارەكانەوە ( نوینەرانی پەڕلەمان) لەدابەزینی بەردەوامی متمانەدایە بەهۆی سەرگەرمی هەندێك وەلەهەندێك شوێن زۆربەی بریاكارەكان بەبەرژەوەندی خۆیان‌و تێوەگلانیان لەلۆببازی، لەبیركردنی ئەم پەیامەی كەپێراسپێراون، هەرلەبەرئەمەشە لەهەموو شوێنێك لەدنیا ئەم وتەیە ئەوترێتەوە: سیاسیەكان راست ناكەن… لەهەر شوێنێك بریاكارەكان بەناو نوێنەرانی خەلك لەپەرلەمان نەتوانن بەئەركی خۆیان رابگەن بەپیادەكردنی بنەماكانی دیموكراسی كەبریتیە لەدەسەڵات بۆ گەل‌و برایار لەلایەن گەلەوە، ئەوا گەل راستەوخۆ لەشەقامەوە داوای پیادەكردنی بنەماكانی دیموكراسی ئەكات هەروەك ئێستا لەگۆرەپانەكانی شارەكانی عێراق‌و لوبنان ئەبینرێ، كەئەبێ دەسەلات بۆ گەل بێت‌و بریار لەگەلەوە بێت لەسەر هەموو لایەنە چارەنوسسازەكانی ئێستاو داهاتوو تائاسایش بەهەموو رەهەندەكانیەوە بۆوڵات‌و گەل فەرراهەم ببێ.
لەم كاتانەدا كەشەقام ئەبێتە بریاردەر ئەوا دەسەڵات، دوو ڕێگەی لەبەردەمە بۆ مامەڵەكردن، یان ملكەچی بریارەكانی شەقام بێ‌و ئامادەی گواستنەوەو رادەستكردنی دەسەڵات ‌بێ بەشێوەیەكی ئاشتیانەوە لەشەقامەوە حكومەت دروست ‌بێت، یان ئەوەتا دژی داخوازی دیموكراسی راستەوخۆی شەقام ئەوەستێتەوە، لە ئەگەری دوەمدا ئەوە لەشەقامەوە شۆڕش دروست ئەبێ یان شەڕی ناوخۆ بەتایبەتی لەوڵاتانی جهانی سێ، بەتایبەتتریش وڵاتانی عەرەبی‌و اسلامی كەدامەزراوەی دیموكراسی‌و دەولەتییان هەرنیە یان لاوازە.
بەهەرحاڵ بۆ دۆخی عێراق، عێڕاق بەرەو ئاراستەی دۆخی دوەم دەروات كە شۆرش یان شەڕی ناوخۆ ، مەگەر موعجیزەیەك لەو ئەگەرە لایبدات‌و ئاراستەكە بگۆڕێ.

+ posts