بەرکوڵێک لەبارەی ناوی زمانی سۆمەری

زمانی سۆمەری (ئێمێ-گیر(ر) “لیشانوم شومێریتوم”)

د. ئاسۆس محه‌مەد مەلا قادر

کاتێک لە دیمەنی بە سامی نووسینە سۆمەرییەکان ورد دەبوومەوە پەندێکی سۆمەریم بە بیردا هاتەوە، کە  دەڵێت ئەو نووسەرەی زمانی سۆمەری نەزانێت چ نووسەرێکە ( dub-sar eme-gir15 nu-mu-un-zu-a a-na-am3 nam-dub-sar-ra-ni)[1] ئینجا تاسام و کەڵکەڵەی ئەوەم کەوتە کەلەوە، کە مێژوو ڕەوڕەوەی خۆی ناگۆڕێت ئەگەر هۆشیارانە بەهەندی وەرنەگرین. دەبینین ئەم پەندە سۆمەریە ئێستا بۆتە بەشێک لە شوێنەوار و ئەو نووسەرانەی زمانی سۆمەری دەزانن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن. تەنانەت لە هەزارەی یەکەمی پێش زایندا زمانی سۆمەری بە زمانێکی چەتن و قورس هەژمار دەکرا. ئەوەتا خودی ئاشور-بانیپاڵ لە نووسینێکیدا دەڵێت سۆمەری زمانێکی قورس و ناڕونە (بڕوانە دواتر). ئینجا زمانێک سەردەمێکی درێژی مێژوویی ئەوەندە جێگەی شکۆ بووبێت و تینی بۆ نووسەرانی ئەو دەم هێنا بێت و بە توانجەوە گوترابێت ئەگەر نووسەرێک زمانی سۆمەری نەزانێت، چۆن وەرگێڕانێک دەخاتە بەردەست ( dub-sar eme-gir15 nu-mu-un-zu-a inim bal-e me-da ḫe2-en-tum3)[2] دەرگای هەواری خەیاڵی بەڕودا واڵا کردم و هێزم دایە بەرخۆم کورتەیەک لەبارەی بنەڕەت و ناوی سۆمەری لە ڕۆژگاری کەونارادا لە ژێر تیشکی نووسینە مێخییەکاندا بنووسم و چاوی خوێندەواری کوردی پێ ڕونبکەمەوە.

زمانی سۆمەری شانبەشانی نووسینی میسری کۆن بە کۆنترین زمانی نووسراو دادەندرێت. کۆنترین خشتە نووسراوەکان دەگڕێنەوە نێوان هەزارەی چوارەم و هەزارەی سێهەمی پێش زاین. زمانی سۆمەری هەتا سەدەی یەکەمی هەزارەی دووەمی پێش زاین وەک زمانی ئاخاوتنی سۆمەریەکان بەردەوامبوو بەڵام ئیدی لەو دەمەوە گڵۆڵەی کەوتە لێژییەوە و تەنها وەک زمانی نووسین و تۆمار خۆی پێ ڕاگیرا و بەم شێوەیە هەتا سەدەی یەکەمی هەزارەی یەکەم بەردەوامبوو[3].  سۆمەریەکانی زمانەکەی خۆیان بە ئێمی-گی (eme-gi ) و ئێمێ-گیر١٥ یان ئێمێ-گیر٧ (
eme-ĝir15 (eme-gi7) ) ئەم زاراوەیە هاوبەرامبەری زاراوەی ئەکەدی شومێریتوم / شومێروم ( šumeritumšumerû)[4] ه و واتا زمانی سۆمەری. کۆنترین ئاماژەپێدانی زمانی سۆمەری ئێمێ-گی لە دەقێکی سەردەمی ئەکەدی کۆن چەرخی فەرمانڕانی بنەماڵەی سارگۆنی ئەکەدیدا ئاماژەی پێدراوە[5]. شولگی دووەمین پاشای بنەماڵەی ئوری سێهەم بە شێوەیەکی ڕاشکاو زمانی سۆمەری لە هەریەکە لە زمانی عیلامی و ئاموری جیادەکاتەوە و لە سرودێکیدا پێمان دەلێت کە

هۆنراوەی پەسنی شولگی (شولگی سی)A praise poem of Šulgi (Šulgi C)[6]
لەوەتەی دەزانم و ئەو پەڕی زیرەکم دەدوێم …سۆمەر …چارەنووسی سۆمەر زمانی ئاموری دەزانم خەڵکی شاخ دەچنە گرد و…. بە زمانی ئاموری سڵاو دەکەن منیش بە زمانی ئاموری وەڵامیان دەدەمەوە. هەروەها زمانی عیلامی و زمانی سۆمەریش دەزانم. …لە عیلام…. بە زمانی عیلامی سڵاوم لێدەکەن منیش بە زمانی عیلامی وەڵام دەدەمەوە.115. kug-zu! ĝeštug2 daĝal in-ga-me-na-[ta] 116. […] X dug4-ga ḫe2-ni-ĝal2 [X] 117. [X X] X KA×X X X X teš2-bi i3-[X] 118. [X X] /ki\-en-gi-ra X X […] 119. [X X] X ki-en-gi-ra nam-tar-/ra\ […] 120. [X X] X KU a2 X BA A-A BA /DU\ […] 121. [eme] [mar]-tu niĝ2 eme-gi-ra-gin7 ḫe2-[en-ga-zu-am3] 122. [X X] X lu2 kur-ra ḫur-saĝ-ta du X 123. [silim] /ḫa\-ma-ne2-eš2 eme mar-tu-a inim ḫu-mu-ne-ni-/gi4?\ 124. /eme\ elam niĝ2 eme-gi-ra-gin7 ḫe2-en3-ga-zu-am3 125. X X elamki-ma nidba X X-bur10-bur10-re-eš2 126. silim ḫa-ma-ne2-eš2 eme elam-ma inim ḫu-mu-ne-ni(source: ni-ne)-gi4

لێرەدا شولگی بە ڕاشکاوی زمانی سۆمەری لە هەریەکە لە زمانی ئاموری و زمانی عیلامی جیا دەکاتەوە. هەروەها شولگی ئەوەمان بۆ تۆمار دەکات، کە لەسەدەمی لاویەتیدا لە رێگەی خشتە نووسراوەکانی سۆمەر و ئەکەدەوە فێری نووسین و خوێندنەوە بووە. شولگی دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم نووسینەوە پێمان بڵێت، کە زمانی سۆمەری خوێندووە[7]. بەرنامەی خوێندنی خوێندنگە و قوتابخانەکان، کە لە دەقەکانی خوێندنەگەدا توۆمارکراون و بە ئێ-دوبا ( بڕوانە وێنەی ژمارە یەک) ناسراون و لە هەریەکە لە شاری ئور و نیپوری سەردەمی بابلی کۆن و زمانی سۆمەری سەردەمی بابلی کۆنەوە بۆ ئێمە ماونەتەوە، ئەم ڕاستیە دەسەلمێنن. بە گوێرەی بەرنامەی خوێندنی ئەو سەردەمانە پێویستبوو وێژەی زمانی سۆمەری لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێت و هەروەها دەبوو قوتابی/ خوێندکار لە ڕێگەی خوێندنەوە فێری قسەکردن و دوان و خوێندنەوەی زمانی سۆمەری ببێت. دەقە وێژەییە سۆمەرییەکانی سەردەمی بابلی کۆن ئاگاداری بوونی نووسینە جووت زمانەکیەکان بوونە و ئاگایان لەوە هەبووە، کە نووسەر و ئاخێوەرەکان دوو زمانیان زانیووە. هەر لەم سۆنگەیەشەوە بە ڕون و ڕاشکاوی ئاماژە بە زمانی تەواوکەر ( ) دراوە و ئەم ڕاستیەش لە فەرهەنگۆک و وشەدان و دەقە ڕێزمانیەکانی ئەو سەردەمدا ڕەنگ دەداتەوە.  هەربۆیەشە دەبینین مامۆستایەک بە خوێندکارەکەی دەڵێت تۆ بە زمانی ئەکەدی دەدوێی. واتا زمانی خەڵکی ئەو سەردەمە ئەکەدی بووە و دەبوو لە قوتابخانەدا فیری سۆمەری ببن[8]. خشتە نووسراوێکی سەردەمی بابلی کۆن نیشانی دەدات، کە مامۆستایەک دەیەوێت قوتابیەکەی تاقیبکاتەوە و ناوەڕۆکی تاقیکەدنەوەکەشی ئەوەیە، کە ڕاستەوخۆ زمانی ئەکەدی بە زار بۆسەر زمانی سۆمەری وەربگێڕێت. ئەم جۆرە نموونانە لە دەقەکانی ئەزمون و تاقیکەدنەوەی هەزارەی یەکەمدا برەو دەسێنن[9]. یەسمەخ- ئادەدی کوڕی شەشمی-ئادەد، کە وەک جێنشینی باوکی فەرمانڕانی ماردی دەکرد، تکا لە باوکی دەکات، کە کەسێکی بۆ ڕەوان بکات بۆئەوەی فێری زمانی سۆمەری بکات، بەڵام باوکی لە وەڵامدا خۆت فێری سۆمەری مەکە بەڵکو لە جیاتی ئەوە فێری زمانی ئاموری ببە[10].

لە هەزارەی یەکەمی پێش زایندا زمانی سۆمەری (ئێمێ-گی٧ر  ) بەو دەقانە دەوترا، کە پەیوەندیان بە هەڵبست و گۆرانی و نوشتە و کشتەکەوە هەبوو[11]. ئاشوربانیپال (٦٦٩-٦٣١ ب.ز) لە نووسێنێکیدا دەڵێت زمانی سۆمەری زمانێکی ئاڵۆز و قورسە (صوللولو) )[12]aš-ta-si kam-lu nak-lu ša šumeri ṣu-ul-lu-lu ak-ka-du-u

لەم سۆنگەیە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی، کە زمانی سۆمەری هەر بۆ ئێمە ئەستەم و زەحمەت نیە بەڵکو تەنانەت لە ڕۆژگاری ئاشوربانیپالیشدا چەتن بووە. گرفتی هەرە سەرەکی ئەم گرفت و ئالؤزیەش لەبەرئەوەیە، کە زمانی سۆمەری هەر لە ڕۆژگارێکی زووەوە بە هۆی بڵاوبوونەوەی زمانی ئەکەدی پێگەی خۆی وەک زمانی ئاخاوتنی خەڵک لەدەستدا و زمانی ئەکەدی خۆی خزاندە جێگەی سۆمەرییەوە (بڕوانە پێشووتر). هەربۆیە زۆربەی هەرە زۆری ئەو دەقە سۆمەریانەی گەیشتوونەتە دەستی ئێمە هی ڕۆژگارێکن، کە زمانی سۆمەری تەنها بۆ نووسین بە کارد دەهات[13].


[3] D. O. Edzard, „The Sumerian Language”, in: Sasson, Civilasation of Ancient Near East, IV, 1995, 2107.

[5] Ignance J. Gelb, MAD 4, 161: 3.

[7] J. S. Cooper, Sumer, RlA 13 (2011–2013) 293

[8] بەراوردی بکە لەگەڵ: J. S. Cooper, Sumer, RlA 13 (2011–2013) 293.

[9] J. S. Cooper, Sumer, RlA 13 (2011–2013) 293.

[10] Charpin / Ziegler, WZKM 97 (2007) 69-72.

[11] J. S. Cooper, Sumer, RlA 13 (2011–2013) 293.

[12] M. Streck, die Inschriften Assurbanipals und der letzten assyrischen Könige, VAB 2, Leipzig 1916, 256, i: 17; vgl. CAD, [Tsade], vol. 16, 239; AHw, II, 1110.

[13] Marie-Louise Thomsen, The Sumerian Language, An Introduction to its History and Grammatical Structure, Mesopotamia 10, 2001, 15.

دەقێکی سۆمەری ئاماژە بە قوتابخانە/خوێندنگە دەدات
Gadd, Cyril J. & Shaffer, Aaron
1963, 1966, 2006
 Civil, AuOr 05, 018
RIME 4.01.05.04, ex. 055; Stephens, JAOS 52, 1932, 182-85 (C, T, Tr); YOS 09, 026

: ١١لیپیت-عەشتار خۆی بە شوان و پاشای سۆمەر و ئەکەد ناو دەبات

Website | + posts