ئایا شیرین دەگەڕێتەوە کرماشان و نیزامی ماد

جەلیل ئازادیخواز

جوگرافیا و ڕووداو و ئازارستانی نەتەوەیەکی هەپرون هەپرونکراو بەقەد مێژووەکەی بەربڵاو زەمەن ویستە، تا سووکە ئاورێکی لێبدریتەوە. ئەم خاک و مێژوو و کوولتورە دزرا و دابەشکراوە ، لەهەر لایەکەوە دەستی بۆ بەری قسەیەکی نەوتراو و رازێکی نەدرکراو و گەنجێکی دزراوی سەرهەڵدەدات ، تا بۆ خانەخوێیەک و گوێگرێکی وریاو شارەزایەکی ڕێ خۆیان بەرجەستەکەنەوە و بگەڕێنەوە ماڵی مێژووی خۆیان. سەردەمانێک هەلێک رەخساو ماوەیەکی درێژ لەناوچەکانی سەئەنە و ونسنگوری کرماشان هاتوو چۆم بوو. لە هەمووشت گرنگتر و سەرنج ڕاکێشتربۆ من لەم دەڤەراندا ناوی چەم و چیا و کانی و شوێنەوارەکان بوو. ئەم دوو ناوچە دەکەونە رۆژهەڵات و تا ڕادەیەک سنگور دەکەوێتە باکوری رۆژ هەلاتی [تاقە وسان]ی کرماشان. بەرێگای بێستون بەرە و سەئەنە کە دەچووم هەمیشە دوو ناوی گوندەکانی [ سەمەنگانی باڵاو سەمەنگانی خوارین] سەرنجیان رادەکێشام. دواتر هەر لە سەئەنە ئاشنابووم بە گوندەکانی [ ئەرمەنی جان و گوندی چووینەو تەختی شیرین و گاودان بوار و گوندی خەسرەو] .لە رێگای سنگور کۆ ناوێکی وەک {چەشمە خەسرەو \کانی خەسرەو و چەشمە زۆراو. هەروەها کۆمەڵە ناوێکی دیکەی وەک؛سۆرن، شاپوور ئاوا و دەرمەڕان و بابان ئاوا، تاوێران و هەرموڵەو داڵەخانی و ….هتد بۆم بوو بوونە جێگای پرسیار. دەزانین کە فیردووسی کاتێ بەخشکە رۆستەمی مادیی دەخزێنێتە کوولتوری ئێران چێتی، باسی شاری سەمەنگان و تەهمینەو ئەوینی رۆستەم دەکات. پاشان زۆراو لە دایک دەبێت و هەموومان چارەنووسە تراژیکەکەشی دەزانین.کۆبەندی ئەم ناوانە لەم دەڤەرەدا و چیای و دارستانی بوونی ناوچەکە و باڵادەستی کوولتوری شانامەی کوردیی و شەوانی شانامە خوێنی ئەم دەڤەرە لە گوندەکانی قەزوێنەو دەوروبەری، بەرێکەوت نییە و چیرۆکێکی بزرکراومان بۆ دەگێرنەوە. عیمادەدینی دەوڵەت شای شەڕی رۆستەم و زۆراو دەگێڕێتەوە بۆ چیای پەڕاوی کرماشان و لەسەر مادبوونی رۆستەمیش زۆرینە هاوڕان. هەرچەندە رایەک هەیە کە سۆرینی ئەشکانی هەر رۆستەمە و خزاوەتە ناو خودای نامەکان و دەقەکانی تری سەردەمی ساسانی و ئەشکانی. کۆی ئەم بابەتانە نە رێکەوتە و نە بە وتەی ئێران خوازەکان و پەڕگیرە فارسەکان کاری ساسانیەکان .جوون ئەوان دەبێژن ساسانیەکان لەبەرئەوەی ناوەندی دەسەلاتیان رۆژئاوای وشکارۆی ئێران بووە ، ناوی ناوچەکانی رۆژهەلات و باکوری ئێرانیان گوێزاوەتەوە بۆ رۆژئاوا. ئەم برگە بە چەند هۆ یەکسەر هەڵەو نازانستیانەیە. یەکەم هەندنێک لەم ناوانە ناوی تایبەتی کوولتور و شارستانیەتی ساسانیەکان خۆیانە و ئافرێنراوی خۆیان. دووهەم هەندێک لەم ناو و نەریت و کوولتورانە پاش ساسانیەکان دەرکەوتوون و بەرجەستە بوونەتەوەوە ،بەکّۆیەک هەڵەو پەڵە و دزینەوە،وەک ئەوەی فیردووسی بە ئەنقەست و پاشان چەند هۆنەر ونووسەر نا وشیارانە کردویانە و کەسانێکیش کەوتوونەتە هەڵەکەی ئەوانەوە، بە ئەرمەنستانی ناساندنی شیرین و بە چینی کردنی فەرهاد .ئیحسان نوری پاشا باسی چۆنیەتی سەرهەڵدانی شانامەی فیردووسی و پاشان گۆرینی ناوی جوگرافی شوێنەکانی ناو ئەو دەقە بەوردی دەکات، کاتێ کە ئەمیری تەبەرستان لەساڵ ٣٦٠ خوازیاری وەرگێرانی دەقەکانی خودای نامە دەبێت و کۆیەکەس بەواتەی خۆیان لە پەهلەوییەوە دەیکەنە فارسی . چوون زمانەکە نازانن ئەم دەقانە بە تەواوی وێران دەکەن . لەم وەرگێڕانە شتێ دەخولقێت بەناوی نامەی دلاوەران، کەهەر ئەم نامەیە دەبێتە بنەمای شانامەی دەقیقی و مەسنوریی و پاشان فیردووسی لەسەرئەم بنەمایە شانامەکەی خۆی دەهۆنێتەوە.بیرمان نەچێت ئەمە هەر لە زەمەنی کۆندا نەبووە و هەموو ئەڤێستا نووسان و زاناکانی فارس لەسەردەمی تازەشدا ئەم کارەیەکان کردووە. دەوڵەت شای زۆر بە باشی و وردی ئاماژە بەم بابەتە دەکات،لە خوگرافیای رۆژئاوای ئێراندا. سەرەرای هەموو ئەمانەش هەنووکە و بە بەرچاوی خۆمانەوە ئەم بەفارسکردن و دزیە دەکەن. ئەوانەی ناوی سەر تابلۆکانی هەنوکەی پارێزگای کرماشان و دەڤەرەکانی تریان دیبێت بێگومان ئەم تاڵانە بە بەرجەستەیی دەبینن. بۆنموون لە سەر تابلۆی شارەدێی [ڕێژاو ] نووسراوە{ ریجاب] بەحەوت خواش نایەتەوە سەر مانا رەسەن و بنەماییەکەی خۆی.زۆربەی زۆری فارسان و ژیاننامە نووسانیان و ئەوانەیان کە نیزامی گەنجەوی دەناسن دەڵێن؛ نیزامی لەبنەڕەتدا سەر بەناوچەی[ تەفرش و قومە]، بەڵام دانسقەش هەیانە کەراستیەکەی دەلێت. ڕوونیشە کە لەبنەچەدا خەڵکی وەک خۆیان دەلێن؛ رۆژئاوای وشکەرۆی ئێرانە، واتەکوردستان. کۆمەڵێک هۆ و بەڵگەش هەن بۆ ئەوەی ئەم بۆچوونە ڕاستکەنەوە، کە نیزامی لەبنەچەدا و بە رەسەنایەتی کوردستانییە. نیزامی خۆی دەلێ دایکم یەکێ لە خاتوونە مەزن و سەرکردەکان و ئەشرافەکانی کووردە.”[ مادر من رئیسە کرد ] واتە دایکم خاتوونێکی سەرکردەو مەزنی کوردە. زۆر لە فارسان دەڵێن؛ رەئیسە ناوی دایکی نیزامییە ،کە شتی وا ناتوانی ڕاست بێت ، بەڵکو ئەوە هاوەڵناوە و واژەیەکی عەرەبییە بەمانای سەرۆک و مەزنە کە بۆ رەگەزی مێ بەکاردێت . نیزامی کۆی تەمەنی خۆی لە ئازربایجاندا ژیاوە و زمانی ئازەریشی زانیوە[ ئازەری تورکی نییە] و فڕی بەسەر توریکیشەوە نییە. لەباکۆ لەدایکبووە هەرلەوێش مردووە . دەزانین کە لە ئارانی کۆن ژیاوە شوێنێ کە مادی بجوکەو بەدرێژای مێژوو هەر لە ئیمپراتۆری مادەوە تا سەردەمی مەلکشای سەلجوقی هەر سەربەخۆ بووە و دەسەڵاتدرای کورداندا بووە، بەڵام لە ودەمەڕا دەکەوێتە ژێردەستی تورکانی خەزو کۆتای بە دەسەلاتی هەردوو میرنشینی \ شەدادی و رەوادی\ دێت کە فەرمانرەوای ئەم دەفەربوون بە هەردوو دیوی ئازربایجانەوە. نیزامیش رێک لەسەردەمی سەلجوقیوکاندا بووە. دایکی خاتوونی مەزنی کورد ، خۆی گەوورەبووی سەرزەمینی مادی بچووک. گۆشکراو بە کوولتوری کوردانە. کۆی ڕاو بۆچوونی نیزامی ناسانیش لەسەر نیزامی ئەوەیە،کە لە شاکان دوور و تاراەیەکیش بێزار بووە. نیزامی چۆن ئاشنای چیرۆکی خەسرو و شیرین بووە؟ مادی بچوک یا ئاترۆپاتن هەرلەدێرزەمانەوە و تەنانەت پێش رسکانی مادی مەزن خاوەنی شارستانی و دەسەڵات و کۆمەڵگای پێشکەتووی خۆی بووە . خاوەنی هەندێک هاوپەیمانی و کۆیە میرنشینی خۆی بووە، ئاستی شارستانی و باری گوزرانەوە ئابووریەکی پێسکەوتووی هەبووە، کە پارچەو شەراب و هەندێ کانزاو پیشەسازی خۆی هەبووە،هەر بۆیە بووەتە مەکۆی سەرنج و تاڵانی داگیرکەران بەتایبەتی ئاشووریەکان. پێ دەچێت دایکی نیزامی سەربەیەکێ لە میرنشینەکانی ئەم دەڤەرە بووبێت. ڕوونە کەسایەتیەکی وا و لەبنەماڵەیەکی وا مەزندا گەوورەبوون ئاوەزی کراوە و ئەندێشەی گۆشکراوی بە مێژوو و کوولتوری کوردانەی خۆی هەیە.. گریمانەکان پێمان دەڵێن؛ کۆی ئەم گەنجینەیە لەدایکیەوە گوێزراوەتەوە بۆ نیزامی. چیرۆکی شیرین و خەسرەو بێگومان دەتوانێ یەکێ لەم گێرانەوە و گوێزانەوانە بێت کە دایکی بۆ نیزامی گێڕاویەتیەوە. دەقەکە خۆی زۆر ئاماژە و رەگەزی کوردانەی تیادایەو زۆرجارانیش خۆی کەدەلێت\ سەرزەوینی ماە یا ولاتی ماە\ دەقاو دەق مەبەستی ولاتی مادە. هەرچەندە پاش هاتنی ئیسلام و عەرەب بەشێکی زۆری وڵاتی ماد کە لەنێوان هۆزە ئیسلامەکاندا دابەشکرا بوو یا باجی بەوان دەدا بەپێی جوگرافیای ئەو هۆزانە ناو دەبرا وەک [ماە کوفە وماە بەسرە]ڕەنگە هەرگیانی کوردانەی شیرین و خەسرەو بێت مەزنە هۆنەری وەک خانای قوبادی ڕادەکێشێت و ئەو شاکارە نەمرە بەکوردی دەخولقێنێ. خانا لەو کەسانەیە کە ئەندەێشەیەکی بڵند و هزرێکی کراوەی کوردانە و ڕوانینێکی ئازاد و سەربەستی ئاسانگیر و مرۆڤانەی هەبووە. لە پەنچەرەی ئەم ڕوانینەوەیە کە هەموو ڕۆنانەکانی کوردانەو لە سەر رسکان و بیچم بەخشینە بە بوونێکی کوردانە. بیرمان نەچێت دەلێن ؛ خانا یەکەم کەس بووە دەستی بۆ وەرگێرانی قورئان بەکوردی بردووە و هەرلەسەر ئەمەش دووچاری گرفت و تەنگەژە دەبێتەوە کۆچ دەکات بۆ سنەو دەرباری ئەردەڵانی. ئەگەرچی تەبەری و کریستیان و زۆری تریش شیرین بە عیسەوی و خەڵکی ناوچەی \سوزان\ خوزستانی ئێستا دەزانن. پێ دەچێت بە پێی ئەو بەڵگەو شوێنانە و ئەو هەموو وێرانکاری و تاڵانییە، کە لە کورد و شارستانیەت و مێژووەکەی کراوە بتوانین وەک گریمانەیە بلێن ؛ شیرین لەڕاستیدا خەڵکی گوندی ئەرمەنی دەڤەری سەئەنە یە. بەتایبەتی کە دوو بابەتی گرنگی تریش دەتوانن یارمەتیمان بدەن بۆ بەهێزبوونی ئەم ئەگەرە. یەک زۆربەی مێژوو نوسان دەڵێن ؛ شیرین لە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای زەمانی خۆی بووە ، خەسرەو بۆ شکانی کاستی چینایەتی ساسانیان و رازیکردنی موغان و ئەشرافی ساسانی هەوڵ و باجی زۆریداوە تا توانیویە لەگەڵ شیرین هاوسەری بکات. ڕەنگە لەبنەرەتدا بە ئەرمەنی کردنی شیرین هەر هەوڵێکبوو بێت بۆ دروستکردنی ڕەچەڵەکێکی چینایەتی و ئەشرافی بۆ شیرین وتابە شازادەکردنی بتوانن ئەشرافی ساسانی دەم بەست بکەن .دوو لە هیچ دەق و نووسراوەیەکدا بە روونی و دیاریکراوەی ئاماژەیەک بە بنەماڵەو هۆز و رەچەڵەکی شیرین نابینین، جگە ئەوەی کەدەلێن ؛عیسەویی و خوزستانیە. لێرەدا دەکرێت بپرسین کەسایەتیەکی وەک شیرین کە خاتوونی یەکەمی دەرباری ساسانی و کەسایەتیەکی بە دەسەڵات و یەکجار کاریگەری تەنانەت سیاسی و دینیە ،کە خەسروە تارادەیەکی زۆر پێ مل قسەو ویستەکانی بووە، چۆنە هیچ ڕەچەڵەکی دیارنییە.؟ شیرین توانیویەتی مریەمی هاوسەری خەسرەو کە کچی ئیمپراتۆری رۆمە وەلاخات وخۆی بێتە تاکە خاتوونی بریادەری ساسانیان چۆن دەکرێت ڕیشەو ڕەچەڵەکی وا لە تەم و مژدابێت؟ دەنگۆیەک هەیە هەتا شیرین کەسێکە کە شێرۆیەی کوشتوە، جگە ئەمانەش ئاسەوارەکانی تاقەو سان و کۆسکی شیرین لە کرماشان و گوندەکانی تەختی شیرین و ئەرمەنی جان ، کە دەکرێ ئەرمەنی گیانیش بووبێت، هەروەها گوندی چوینە و سرووشتی ناوچەکەش کە پڕاوپڕ لەگەڵ سرووشتی چیرۆکە شیعریەکەی نیزامی دێتەوە دەتوانن نیشانەی راستیەکی تا ئستا دزراو شاراوەبن. گوندی چوبینە یا چێوینە ناتوانی لە ڕەقیبی خەسرەو پەروێز بارام چوبینە یا لە ڕاستیدا چووین نەگیرابێت. سەرچاوە:جوگرافیای ڕۆژئاوی ئێران ، یا چیا نەناسراوەکانی ئاڤەئستا دەوڵەت شایمێژووی ڕەگ و ڕەچەڵەکی کورد ئیحسان نوری پاشاتاریخ ماد ایقرا علی ایفایران در زمان ساسانیان ارتور کریستین سن رۆستەم و زۆراو. دەوڵەت شای

جەلیل ئازادیخواه
+ posts