شەڕی گاز یاخود دابەشكردنەوەی جیۆستراتیژی جیهان؟

د. كامەران مەنتك

گاز وەك سەرچاوەیەكی گرنگی وزە، خەریكە رۆژ بەرۆژ بایەخی زیاتر پەیدا دەكات، ئەمە وایكردووە، كار لەسەر ئەوە بكرێت، هەموو سەرچاوەكانی بەرهەمهێنانی گاز بە بازاڕە هەرێمی وجیهانیەكان ببەسترێتەوە، چۆن لەسەرەتای سەدەی بیستەم نەوت رۆڵی بەیەكەوە بەستنەوەی ئەو ناوچانەی بینی، لەسەرەتای سەدەی بیست ویەكەمەوە، خەریكە گاز ئەو رۆڵە دەگێڕێتەوە، بۆیە چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنانی جیهانی گاز لەناوچەكەدا سەریان هەڵداوەو ولەململانێدان، وەك پڕۆژەی ناڤۆكۆ وبلوستیرم وساوث ستیرم ودەیانی تر، ئەمە وایكردووە بەشێك لە شرۆڤەكاران هۆكاری سەرەكی ململانێكانی جیهان، بەتایبەتی ئەو ناوچەیە، بە وزەو سەرچاوەكانی وزە، بەتایبەتیش گاز ببەستنەوە، كە خەریكە شوێن بە نەوت وەك سەرچاوەیەكی گرنگی وزە لەماوەی سەدەی بیستەمدا لەق دەكات!.

ئەو جۆرە شیكردنەوەیە نوێ نیەو لەسەرەتای سەدەی بیستەمیش، كاتێك ململانێ لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی جیهان دەكرا، هۆكارەكەی بۆ نەوت دەگەڕێنرایەوە، زۆر لەكتێبە مێژوویی ونووسینە كوردیەكان، راشكاوانە ئاماژە بەوە دەكەن، كە نەوت بووە هۆكاری دابەشكردنی كوردستان لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانی، نەوت بووە هۆكاری روخانی كۆماری مەهاباد، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی ووەك دەڵێن یەكێتی سۆڤیەت كۆماری مهابادی بە بۆڕیەكی نەوت فرۆشتە قەوامولسەڵتەنەی سەرۆك وەزیرانی ئێران! لەكاتێكدا گواستنەوەی نەوت بۆ روسیا زۆر گرانتر دەوەستێت، لەوەی روسیا بەشێوەیەكی ئاسایی نەوتی لە بازاڕەكانی جیهانیدا بەدەست بهێنابوایە، لەبەرئەوەی ئەو وشكاییە جوگرافیەی لەنێوان تاران ومۆسكۆدا هەیە، ناوچەیەكی شاخاوی سەختەو ناتوانرێت بەئاسانی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی تیادا دابمەزرێت، ئەگەر توانراش ئەو كارە بكرێت، ئەوا تێچوونەكەی زۆر زیاتر دەبێت لەوەی ئەو وڵاتە نەوت لە بازاڕەكاندا بكڕێت!

ئەو شیكردنەوانە لە راستیدا شیكردنەوەیەكی روكەشانەیە ولاسایكردنەوەیەكی كوێرانەی ئەو نووسەرە رۆژئاواییانەیە، كە لەروانگەیەكی هەواڵگری وسیخوڕییەوە شیكردنەوەكانیان دەكەن وبە هەموو توانایەك هەوڵدەدەن رووی راستەقینەی ململانێ جیهانیەكان لەسەر بنەما جیۆپۆلەتیكی وداڕشتنەوە جیۆستراتیژیەكان بشارنەوە، دەتوانین زۆر نمونە بۆ شیكردنەوی ئەو بۆچوونەمان پێشكەش بكەین، ئەگەر نەوت هۆكاری دابەش بوونی كوردستان بوایە، ئەوا دەبوایە ویلایەتی مووسڵ بدرێتە توركیا، لەبەرئەوەی توركیا ئامادەیی خۆی بۆ بەریتانیەكان نیشان دا، كە هەموو نەوتی ویلایەتی موسڵیان بداتێ، بەرامبەر ئەوەی خاكی ئەو بەشەی كوردستان بۆ ئەو بێت، بەڵام ئەو داوایەی توركیا لەگەڵ ستراتیژی راستەقینەی بەریتانیەكان نەدەگونجا، كە دەیانویسست ناوچەكە لەسەر جۆرە هاوسەنگیەك داڕێژنەوە، بتوانێت باڵا دەستی ئەوان لەسەر ناوچەكە بپارێزێت. لەسەردەمی نوێدا، شەڕی سوریا وبە تایبەتیش داگیركردنی عەفرین بە داڕشتنەوەی نەخشەی بۆڕی گواستنەوەی گاز دەبەستنەوە، گوایە بۆ ئەوەی جێگرەوەیەك بۆ گازی روسیا بدۆزنەوە، هەوڵدەدەن لەو رێگەیەوە گاز بۆ ئەوروپا دابین بكەن! ئێستاش هەمان قەوان دووبارە دەكەنەوەو دەڵێن ململانێ لەباشووری كوردستان، بەتایبەتیش لەنێوان پارتی ویەكێتی ململانێیە لەسەر گاز، كە ئەمە هیچ راستیەكی تێدا نیە!

بەر لەهەموو شتێك ئەوروپا نایەوێت دەست بەرداری گازی روسیا بێت، لەبەرئەوەی بەرژەوەندیەكانی ئەوروپا لەگەڵ روسیا گاز تێدەپەڕێنێت وپەیوەندی بەقووڵایی جیۆپۆلەتیكی وئاسایش و زۆربابەتی تری گرنگی بازرگانیەوە هەیە، ئەمە جگە لەوەی ئەوروپا ئەو گازەی بەو نرحەی لەروسیا دەستی دەكەوێت لەهیچ شوێنێكی تر دەستی ناكەوێت. ئەو هەڕەشانەی لەمیدیاكاندا دەكرێت، كە ئەوروپا نایەوێت چیتر پشت بەگازی روسیا ببەستێت، لەشەڕێكی میدیایی زیاتر نیە! فەرامۆشكردنی گازی روسیا واتە بڕینی قووتی خەڵكی روسیا، كە بێگومان ئەمە جەنگی گەورەی لێدەكەوێتەوە روسیا لەقوژبنێك داخنێت وناچاری دەكات رێگەی تر بگرێتە بەر. ئەو شێوازە لەسوكایەتیكردن لە سیاسەت وپەیوەندیە نێودەوڵەتیەكاندا بێزراوە ومێژووێكی تاڵی جێهێشتووە، بۆ نمونە كاتێك ناپیلۆن لەساڵی (۱٨۰٦) سوكایەتی بەئەڵمانیا كرد، پڕۆسەی یەكێتی ئەڵمانیای لێكەوتەوە وئەڵمانەكان لەساڵی (۱٨۷۱) لەناوكۆشكی ئەلیزێ یەكێتی وڵاتەكەیان راگەیاند، كاتێكیش فەرەنسا لەساڵی (۱۹۲۳) سوكایەتی بەئەڵمانیا كردو دوو شار، كە ململانێیان لەسەریدا هەبوو داگیری كرد، بووە هۆی سەركەوتنی نازیەكان ودواتریش دایسانی جەنگی دووەمی جیهانی!

دەربارە شەڕی سوریاش بە هەمان شێوە، هێندەی ئەو شەڕە شەڕێكی جیۆستراتیژیە ولەسەر دابەشكردنەوەی ناوچەی باڵادەستیە، شەڕێك نیە لەسەر گاز، ئەمە واتای بێبەهاكردنی گاز نیە، بەڵكو واتای ئەوەیە گاز جگە لە فاكتەرێك لەنێو فاكتەرەكانی تر زیاتر نیەو كۆی فاكتەرە سەرەكیەكە داڕشتنەوەی دیمەنە جیۆستراتیژیە گەورەكەیە!

روسیا شەڕی گواستەوە سوریا لەبەر گاز نەبوو بەڵكو لەبەرئەوەبوو دەیویست شوێن پێی خۆی لەسەر دەریایی سپ ناوەڕاست بپارێزێت، كە ئەمریكاو ناتۆ بە هەموو شێوەیەك بۆئەوەی لەسنوورەكانی باشووریدا ئابڵووقەی بدەن، دەیانویست لەو كەنارانەی دووربخەنەوە، داگیركردنی نیمچە دورگەی كریم لەساڵی (۲۰۱٤) دوای ئەوە هات، كاتێك ئۆكرانیا ویستی ببێتە ئەندام لەناتۆو دەروازەی دەریای رەش، تاكە دەروازەی دەریایی لەباشوورەوە لەبەردەم روسیا دابخات، ئەو هەنگاوە روسیای ناچار كرد ئەو نیمچە دورگەیە داگیر بكات، هەروەك چۆن ئێستا دەیەوێت كەنارەكانی تری ئەو دەریایە كۆنتڕۆڵ بكات ومەترسی ئابڵووقەدانی ناتۆ لەخۆی دوور بخاتەوە.

بە هەمان شێوە ئەوەی لەباشووری كوردستانیش دەگوزەرێت، بەناوی ململانێ لەسەر گاز، لەبنەڕەتدا هەوڵێكی دزەكردنی هاوپەیمانی ناتۆیە بۆ بن دیوارەكانی ئێران وهاوپەیمانی روسیا! ئەمەش واتای ئەوەیە ئێران چیتر ناتوانێت گۆڕەپانی شەڕ بگوازێتەوە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی، هاوكات هەوڵێكە بۆ تێكشاندنی كەوانەی شیعی ودوورخستنەوەی دەستی ئەو وڵاتە لەسوریا، هاوكات لەلایەكی تر كێشە بۆ روسیا دروست دەكرێت، هەروەك چۆن ساڵی پار هەوڵیاندا هەمان كێشە لەكازاخستان، لەئاسیای ناوەڕاستدا دروست بكەن!.

ئەو ململانێیەی بەناوی ململانێ لەسەر گاز لەهەرێمی كوردستان دەگوزەرێت هەوڵێكە بۆ دابەشكردنەوەی ناوچەكە و دەرهاویشتەی زۆر مەترسیداری لێدەكەوێتەوە، ئەگەر توركیا لەباكوور ودەڤەری زەردەوە داگیركاریەكانی درێژەپێبدات وهەوڵبدات لەرێگای پڕوپاگەندەی گازەوە خۆی بگەیەنێتە ناوچەكانی ژێر باڵادەستی ئێران، ئەوە حكومەتی ئێراق، كە ئێستا تارادەیەكی زۆر لەژێر كاریگەری ئێران وروسیادایە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەویش لەباشوورەوە و بەبیانووی دەست بەسەرداگرتنی بیرە نەوتەكان وجێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی پەلاماری كوردستان بدات، بەم چەشنە هەرێمی كوردستان دەبێتە گۆڕەپانی شەڕو هەر لایەی هەوڵدەدا بەشێكی داگیر بكات وحالەتێكی دیفاكتۆ بۆ خۆی بچەسپێنێت.

Website | + posts