مێژووی کێلەشین

ئەو کێلە بەردە ناوی (کێلەشین)ە و دەکەوێتە سەر زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لە سنووری نێوان شاری هەولێر ـ ناحیەی سیدەکان لە باشووری کوردستان و شاری ورمێ ـ ناحیەی شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
.
ئەو کێلە بەردە ناوی (کێلەشین)ە و دەکەوێتە سەر زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لە سنووری نێوان شاری هەولێر ـ ناحیەی سیدەکان لە باشووری کوردستان و شاری ورمێ ـ ناحیەی شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەو بەشە چیایەی زاگرۆس هەر بەناوی ئەو بەردەوە پێ دەڵێن (کێلەشین).
.
زۆر کەس وا تێگەیشتوون ئەو کێلە بۆ دەستنیشان کردنی سنووری هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری عێڕاق و ئێران دانراوە!
.
لە ڕاستیدا ئەو کێلە بۆ پێش دوو هەزار ساڵ زیاتری پ.ز دەگەڕێتەوە کە ئەو دەم هیچ سنوورێک لەو شوێنە بوونی نەبووە.
.
دەقی وەرگێڕدراوی سەر بەردی کێلەشین:
.
کاتێک “ئیشپوینی” کوڕی “ساردور”
پاشای گەورە، پاشای بەھێز،
پاشای جیھان،
پاشای وڵاتی “نایری”
سەروەری گەورەی شاری “تووشیباشار” و “مەنوا”ی کوڕی،
بۆلای خودای “خالیدی” لە شاری “مووساسیر” و
بۆ ئەم پەرستگە بەرزەی کە بۆ خودای “خالیدی” بینا کرابوو ھاتن،
“ئیشپوینی” کوڕی “ساردور” ئامرازی بە نرخی شەڕ و رەوەی جوانی ھێناون،
“ئیشپوینی” کەل و پەلی مەفرەغی و دەفری مەفرەغی ھێناون.
“ئیشپوینی “ڕەوەی زۆری ھێناون،
ھەمووی ئەم دیارییانەی دووبارە بۆ پەرستگە داناون.
“ئیشپوینی” تەواوی ئەم دیارییانەی لە بەرامبەر دوازدە “خالیدی”
بۆ بەردەوامی ژیانی خۆی، پێشکەش بە خودای “خالیدی” دەکا…
“ئیشپوینی” بە نیشانەی خێر، ۱۱۱۲ مانگا،
۹۱۲۰ مەڕی قەڵەو و ۱۲٤۸۰ بزنی قەڵەوی بۆ بەخشین ھێناوە.
کاتێک “ئیشپوینی” کوڕی “ساردور”
پاشای گەورە، پاشای بەھێز،
پاشای جیھان،
پاشای وڵاتی “نایری”
سەروەری گەورەی شاری “تووشیباشار” لە بەر خودای “خالیدی” پاڕایەوە،
بۆ بەزەیی خودای “خالیدی”
ئەم…
دواتر “ئیشپوینی” ئەم ئاژەڵ و کەلوپەلانەی لە رێگای دەروازەکانی پەرستگەی خودای “خالیدی” دانا.
لە “مووساسیر”، پاسەوانەکان ڕەوەکانیان بەردابوون یان لە پاراستنیان کۆتاییان کردبوو،
لە بەر دەرگای خودای “خالیدی” دزیان و فرۆشتیان.
ئەوەیکە لەم کاتەدا کە “ئیشپوینی” کوڕی “ساردور” و “منوا” کوڕی “ئیشپوینی” بۆ پاڕانەوە ھاتنە شاری “مووساسیر”
ڕەوەیەکیان پێشکەش بە خودای “خالیدی” کردو ئاوایان گوت:
ھەر کەس ئەو رەوانە لە بەر دەرگای خودای “خالیدی” بدزێ، ھەر کەس ببینێ کە دەیاندزن و خۆیان لە تاریکیدا ون دەکەن،
ھەرکەس کە لە ناو شاری “مووساسیر” دەژی و دەبیسێ کە ئەو ڕەوانە لە بەر دەرگای خودای “خالیدی” دەدزرێن و لەگەڵ خۆیانیان دەبەن و پێی ناڕەحەت نابێ، خودای “خالیدی” ھیچ بەزەییەکی بۆ ئەو کەسانە نییە و وەچەی لە سەر زەوی ھەڵدەگرێ.
ھەر کەس ئەم نووسراوەیە لێرە ھەڵگرێ، ھەرکەس ئەم نووسراوەیە بشکێنێ، ھەرکەس کە بە کەسێکی تر بڵێ: بچۆ ئەم نووسراوەیە بشکێنە، تەواوی خوداکانی شاری “مووساسیر”، خودای “خالیدی”، خودای “ھەوا” و خودای “ھەتاو” وەچەی لەسەر زەوی ناھێڵن.
بەداخەوە زۆر شوێنی ئەو ئەو کێلە بەردە بەفیشەک زیانی پێ گەیشتبوو ئەویش لەلاین ئەرتەشی ئێرانەوە کاتی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق ـ ئێران کە ڕێگای هاتووچۆی سوپای ئێران بوو وە بارەگایان لە نزیکی دانابوو دیارە بۆ نیشانشکێنی تەقەیان لێ دەکرد .
دواتر دوای کۆتای شەڕەکە ساڵانی ۱۹۸۹ ـ ۱۹۹۰ دەوڵەتی داگیرکەری ئێران (کێلەشین)ی بەتاڵان برد و لە مۆزەخانەی شاری (ورمێ)ی دانا و کردی بە موڵکی خۆی.
بەڕاستی پێویستە بە هەر شێوەیەک بێ ئێرانی داگیرکەر ناچار بکرێ ئەو کێلەبەردە بگەڕێنێتەوە بۆ شوێنی خۆی چونکە موڵکی ئەو نیە و دزیویەتی ئەگەر بە دادگای نێودەوڵەتیش بێ.
لە ڕاستیدا هەر بەشێکی ئەم کوردستانە پڕە لە مێژوو و فەرهەنگی دێرین، هەندێک جار ئەو دێرینیە لە چیرۆک و داستانەکان و جاری تر لە ناوی شوێنەکاندا دەردەکەوێت. جا بابزانین باوباپیرانمان کەی ناوی ئەو شوێنەیان ناوە (کێلەشین) و بۆ ئەو ناوەیان پێ بەخشیوە؟
یەکەم جار لە مێژوودا کە باسی ئەو شوێنە کرابێت، زیاتر لە دوو هەزار ساڵ
لەمەوبەر لەلایەن جوگرافیناسی گەورە، سترابۆوە بووە. سترابۆ ناوی (کێلەشین) ی وەک خۆی هێناوە و دوایی نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر پلینی و هەزار و نۆسەد ساڵ لەمەوبەر لەلایەن پتۆڵمی و چەند سەرچاوەیەکی تری یۆنانیەوە باسکراوە.
ئەوەی کە دڵنیای دەکات کە مەبەست لە هەمان (کێلەشین) ی ئەمڕۆیە، یۆنانیەکان ئاماژە بەو شوێنە دەکەن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر و لە هەمان کاتدا سەرچاوەکان وەک شوێنێکی نزیک لە شارۆچکەی (سیدەکان) باسی دەکەن، کە ئەوە دووپاتی دەکاتەوە مەبەستیان هەمان کێلەشینی ئەمڕۆیە.
زەینەفۆن نزیکی دووهەزار و چوار سەد ساڵ لەمەوبەر ئاماژەی بە شارۆچکەی (سیدەکان) ی نزیک کێلەشین کردووە، وەک شارۆچکەیەکی مەزن و قەرەباڵەغ. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئەو نەشارەزا بووە بە ناوچەکە، زیاتر ناوی ئەو شارۆچکانەی هێناوە کە پێیاندا تێپەڕیوە، بۆیە ئاماژەی بە (کێلەشین) نەکردووە، دەنا دڵنیام ئەو کاتەش هەر هەمان ناوی هەبووە.
واتە وەک دەرکەوت زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر ئاماژە بە ناوچەی (کێلەشین) کراوە و بە دڵنیایی مێژووی ئەو ناوە زۆر دێرینتر بووە و دەشێت هاوسەردەمی کێلە بەناوبانگەکەی بێت کە تەمەنی نزیکی دوو هەزار و هەشت سەد ساڵە. بەڵام وەک بەڵگە زیاتر لە دووهەزار ساڵە ناوەکەی وەک ناوێکی کوردی ڕەسەن تۆمار کراوە و ئەمڕۆش نەگۆڕاوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا بۆ کورد لەو سەردەمە دێرینەوە ناوی ناوە کێلەشین؟
لە ڕاستیدا هەتاوەکوو جەنگی عێراق- ئێران کێلێکی نایاب لەو ناوچەیەدا هەبوو، کە مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ نزیکی ٢٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر. ئەو کێلە نووسراوێکی لەسەر بوو کە باسی ئیشپونی کوڕی ساردوری پاشا و خودای خالدی پەرستگەی (موساسیر) ی کردووە کە ئەمڕۆ پاشماوەکانی ئەو پەرستگە گرنگە لە گوندی (مجێسەر) ماون و لەم دواییەدا ئەو پەرستگەیە دۆزرایەوە. نووسینی سەر کێلەکە لەسەر هەردوو دیویەتی و لە دێوێکی ٤١ دێڕ و لە دیوەکەی تری ٤٢ دێڕە. ئەورووپیەکان لە سەدەی هەژدەیەمەوە ئاماژەیان بە کێلەکە کردووە، بەڵام ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا چەند دێڕی کۆتایی کێلەکەیە کە هەڕەشەیەکی زۆری ئاینی دەکات لە دەستکاریکردنی ئەو کێلە و لەبەشێکی هەڕەشەکاندا دەڵێت:
“هەر کەس ئەم کێلە نووسراوە لە شوێنەکەی لابەرێت یان بیشکێنێت یان هەر کەس هاوکاری کەسێک بکات کە ئەو کارە بکات، ئەوا خودای خالدی وەچەکانی لەناودەبەن”.
لە ڕاستیدا کورد تا سەدەی بیستەم ئەو کێلەی پاراستبوو و دەستکاری نەدەکرد، بە دڵنیایی ئەو هەڕەشە ئاینیەی سەرەوە کاریگەری هەبووە و جگە لەوە وا دەردەکەوێت کە لە ڕابردوودا خەڵک دەستکاری ئاسەوارەکانی نەکردبێت و جۆرێک لە ڕێز بەرامبەریان هەبووبێت.
وا دەردەکەوێت کە زیاتر لە سەدەی بیستمەوە زۆر لە وێرانکاریەکان دەستیپێکردبێت، بە تایبەت لەگەڵ ئاسان دەستکەوتنی چەکی نوێ و گولەدا. ئەوەتا لە ساڵی ١٩٥٢ دا کاتێک کە کارتەر زێڵزینک وێنە لەگەڵ کێلەکەدا دەگرێت (بڕوانە وێنەکەی لای ڕاست)، ئاماژە بە جێی گولەکانی سەر بەردەکە دەکات و دەڵێت خەڵک بۆ نیشانەگرتنەوە بەکاریدەهێنن.
لە کاتی جەنگی ئێران وئێراقدا ئەو کاتەی سوپاسی ئێران دەستیان بەو ناچەیە گەیشت، چیتر هەڕەشەی ئاینی سەر کێلەکە کاریگەری لەسەر ئەو سوپایە نەبوو، بۆیە بەردەکەیان لە شوێنەکەی هەڵکەند و بردیانە مۆزەخانەی ورمێ و ئێستاکە لەوێ پارێزراوە. لە ڕاستیدا کێلەبەردێکی تری نووسراویش هەبووە لە نزیک دێی “تۆپزاوا” کە هاوسەردەمی کێلە بەردەکەی کێلەشینە و ئەمڕۆ لە مۆزەخانەی هەولێر پارێزراوە.
واتە ئەو ناوچەیە بە ناوی ئەو کێلە مێژووییەوە ناو نراوە و دڵنیام کە دوو هەزار و هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر و لە کاتی دانانی ئەو کێلەدا، باوباپیرانمان وەک بۆنەیەکی گەورە لەو ناوچەیەدا گردبوونەتەوە و ئەو بەردە بەجۆرێک کاریگەری لەسەر باوباپیرانمان بەجێهێشتووە، وایلێکردوون کە ناوی کێلەکە ببەخشنە هەموو ناوچەکە.
ئەوەی کە ڕوونە، کورد بۆ هەزاران ساڵە هەندێک لە ناوەکانی وڵاتی خۆی پاراستووە و هەندێک لە ناوەکانمان بە هەمان مانا هیچ گۆڕانێکیان بەسەردا نەهاتووە. لە هەمان کاتدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە شارۆچکەیەکی وەک سیدەکان، دوو هەزار و چوار سەد ساڵ لەمەوبەر بە شارێکی گەورە و قەرەباڵەغ باسکراوە. ئەمڕۆ لەسەر ئەو خاکەدا، دوای هەزاران ساڵ نەمانتوانیوە لە باوباپیرانمان بگەین و ئەو ئاسەوارانە بپارێزین و دەریان بهێنین.
تێبینی:
وێنەکەی لای ڕاست لە ساڵی ١٩٥٢ دا گیراوە. وێنەکەی ناوەراست لە سەدەی نۆزدەیەمدا کێشراوە و وێنەکەی لای چەپ بەراوری لەسەر نەبوو و دەشێت لە ساڵی هەشتاکاداندا گیرابێت.
سەرچاوەکان:
نووسینی: Zerak S Hamad
نووسینی: سۆرانی حەمەڕەش
-Hamawandy, A. J. H (undated) Musasir in Cuneiform Sources, University of Saladin, Kurdistan.
– The Religious Tract Society (1841) History of the Egyptians: From Rollin and Other Authentic Sources, Both Ancient and Modern, Oxford University, UK.
-Maspero (1903) History of Egypt, Chaldea, Syria, Babylonia, and Assyria, Grolier Society, London.
– Sale et al. (1747) An Universal History, from the Earliest Account of Time, Volume 4, University of Michigan, USA.
-Brill, E.J.(1913) First Encyclopedia of Islam, Brill, Leiden.
– Solecki, R.S. (1971) Shanidar: The First Flower People, Alfred A. Knopf Incorporated, USA.

بە سوپاسەوە وەرگیراوە له ماڵپەڕی مێژووی کورد

Website | + posts