ئایا کورد قەومە یان نەتەوە؟

شاهین کەریمی

ئەگەر کورد قەومە، فارسیش قەومە. ئایا ئەمە پێناسەیەکی درووستە؟
ئەم وتارە هەوڵ دەدات، لەسەر ئەم خاڵە بدوێت و وەڵام بەم پرسیارانە بداتەوە.

دیاریکردنی شوناس و پێناسەی هەر کەس، هەر کۆمەڵەیەک و هەر پێکهاتەیەک لە ئەستۆی ئەو خەڵکەیە و مافی سەرەتایی ئەو کەسەیە.

بۆ وێنە ئەگەر کەسێک بە خۆی بڵێت پیاو، یان یەکێک خۆی بە مێ بزانێت، یان یەکێک تر بە ڕگەزی سێهەم، ئەم مافانە مافی سەرەتایی تاکن و کەس ناتوانێت شوناسی کەسێکی تر دیاری بکات.

ئەگەر خەڵکێک بەخۆیان بڵێن تورک نەک ئازەری، بڵێن پەشتوون نەک هەزارە، مافی ئەو خەڵکەیە چۆن ناسنامەی خۆیان دیاری دەکەن.

سەبارەت بە نەتەوەبوونیش، جگە لەوەی پێناسە و پێوەری زانستی و ئاکادیمی هەیە بۆ نەتەوەبوون یان نەبوونی خەڵکێک، کە ٩٩٪+ کورد وەک نەتەوەیەک دەگرێتەوە، دیاریکردنی شوناسی نەتەوەیی یان قەومی مافی ئەو خەڵکەیە(لێرەدا کورد) کە ئایا خۆیان بە نەتەوە دەزانن یان قەوم و لایەنێکی تر(لێرەدا فارس/داگیرکەر) مافی ئەوەی نییە کە شوناسی ئێمە دیاری بکات.

دوو وشە و دەستەواژەی قەوم و نەتەوە، یەکێکە لە خاڵە هەرە بنەڕتییەکانی ئێمە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ فارسەکان و بەردەوام لەسەر ئەم چەمکانە و بەکارهێنانی مشتومڕمان بووە و لەسەرگوێلاکی یەک دەدەین.

وشەی نەتەوە، هەڵگری کێشی مافی دیاریکردنی چارەنووسە و قەوم وەک کۆمەڵە و کەمینەیەکی کولتووری و سنووردار بە زمان(زارەکی) و جلوبەرگ و موزیک، لە ئاستێکدا نین کە ڕەوایەتی داوای مافی چارەنووس، لێرەدا سەربەخۆییان هەبێت.

فارسەکان بەردەوام هەوڵیان داوە نەتەوەی کورد بە قەوم پێناسە بکەن و لە زۆر شوێندا وەک جنێو و سووکایەتی بەکار هێنراوە(بڕواننە ئەدەبیاتی کۆمۆنیستی کرێکاری – قەومگەرایی و قەومپەرەستی).

سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی خەڵکی ئێمە و سیاسییەکان و دەستەبژێری کورد، بەدرووستی داکۆکی لەسەر نەتەوەبوونی کورد دەکەن و هەوڵیان بۆ داڕشتنی نەتەوەیەکی سیاسی خۆسەروەر داوە، بەڵام لە ناو خودی کورددا هەندێ کەس پەیدا بوون، بۆ ڕاگرتنی دڵی فارسەکان و بۆ سازنەبوونی دەمەقاڵێ، پاشەکشەیەکی وێرانکەری نالۆژیکیان لە چەمک و پێناسەی نەتەوە کردووە.

نموونەی زەقی ئەم کەسایەتیانە، کاک خالێد عەزیزییە کە لە دوو شوێندا (مێزخڕی تەلەفزوێنی ئێران ئینترناشناڵ و کۆبوونەوەی کڵاب‌هاوس)، وتی: ئەگەر کورد قەومە، فارسیش قەومە، ئەگەر فارس نەتەوەیە، کوردیش نەتەوەیە. یان دەڵێت من کێشەم نییە هەر چییەکی پێ دەڵێن، لە سەر ناو و پێناسە ناوەستم.
ئەم تێڕوانین و وشانەش، لە چاوپێکەوتنی کاک شۆڕش شاباز لە کورد کاناڵ لەگەڵ حیشمەتۆڵا تەبەرزەدیش دووبارە بووەوە.

ئەمە هەڵەیەکی کوشندە و ناسیاسی و نائەقڵانییە. هەموو هەوڵی فارس ئەوەیە کە شتێک بەناوی نەتەوەی کورد نەبێت و لێرەوە مافێک و خواستێک و ئیرادەیەک بۆ سەربەخۆیی نەبێت.

فارس لای گرینگ نییە کە پێی بڵێی قەوم، پێی بڵێی قرژاڵ، پێی بڵێی قەل و قومارچی و قاڵتاخ و قەرەچ و قزقاپان، ئەو ئامادەیە هەر شتێک بکات، دۆستایەتی و دوژمنایەتی بکات، فێڵ و جینایەت بکات، بەڵام ئێران لێک هەڵنەوەشێت.

هەتا ئێستە بەدی نەکراوە کە بە فارسێک بڵێی ئێوە قەومن، هەڵبەزێتەوە، بەڵام کە کورد وەک نەتەوە ناو دەبەیت، ئەوپەڕی کاردانەوەی دەبێت، هەر وەک لە کۆبوونەوەیەکی تر گیلەکییەک وتی نەتەوەی کورد، ژنێکی فارس هاتە سەرێ وتی “حەرامزادە نەتەوەی کورد چییە، ئەوانە قەومن و تەواو”.

لە پاش چاوپێکەوتنەکەی کاک خالێد، لە ژوورێکی تردا، کەسانێک هەبوون کە زۆر گەش بوون بەوەی کاک خالێد وتویەتی و ئەگەر کورد قەومە فارسیش قەومە. ئەمەیان بە سەرکەوتن و سیاسەتێکی ژیرانە و دەنگێکی بوێرانە دەنرخاند.

کۆتایی
سەرەڕای ڕەخنەم لە شێوە ئاخافتنی کاک ئاسۆ ساڵح لە هەمان مێزخڕی تەلەفزوێنی ئینترناشناڵ، بەڵام بەدەنگی دلێر و ئازایەتی بێ وێنەوە داکۆکی لە نەتەوەبوونی کورد کرد.
هەروەها دڵنیام ئەگەر کەسێکی تر بۆ وێنە دۆکتۆر ئاسۆ حەسەن زادە، لەگەڵ موراد وەیسی چاوپێکەوتنی بکردایەت، ئاستی چاوپێکەوتنەکە و وشەکان هێندە لاواز و پاشەکشێکەرانە نەدەبوون.

باشترین ڕێگە ئەوەیە، فارس وەک ئەوەی کە هەن، واتە نەتەوەی فارس، وەک نەتەوەیەکی جیاو و سەربەخۆ پێناسە بکرێن و کوردیش بەهەمان شێوە.

گەڕانەوە و نەرمبوون لەسەر کاکڵی پێناسە و خەباتی کورد، لێرەدا نەتەوە-قەوم هەڵە و نەزانینە. ڕاگرتنی دڵی فارس بە چ قیمەتێک؟

Website | + posts